Skip to Content

زنجیرە درامای دوا شەو و چەند سەرنجێک … عەتا عوسمان

زنجیرە درامای دوا شەو و چەند سەرنجێک … عەتا عوسمان

Closed
by June 8, 2020 General, Literature

دوای تەواوبوونی سەرجەم ئەڵقەکانی زنجیرەی تەلەفزیۆنی دوا شەو، بە پێویستم زانی چەند سەرنج و تێبینیەک و خوێندنەوەیەکی زانستی و شیکردنەوەیەکی ئەکادیمیانە بۆ ئەم کارە تەلەفزیونیە بکەم. بەوپێیەی دەرھێنەر و زۆرێک لە بەشداربووان و ئەکتەرەکانی ئەم زنجیرە تەلەفزیۆنیە دەرچوو و مامۆستای ئەکادیمیا و پەیمانگە ھونەریەکانن و خاوەن ئەزموونێکی دور و درێژن لە کاری ھونەریدا چ لە بواری شانۆ، تەلەفزێون و سینەمادا. ھەر بۆیە بە پێویستم زانی دوای تەواو بوون و نمایشکردنی سەرجەم ئەڵقەکانی ھەروا بەبێ خوێندنەوەیەکی زانستیانەو ئەکادمیانە بەسەر بینەراندا تێپەڕ نەبێت. لێرەدا بە خێرای و ووردبینانە خاڵە بەھێز و لاوازەکانی دیاری بکەم.
دیارە ئەنجامدانی ھەمووکارێکی ھونەری کارێکی سەخت و پڕ کێشمەکێشە و دەردەسەری و ئەرک و ماندبوونی زۆری دەوێت، چ جا ئەوکارە کاری تەلەفزیۆنی یان سینەمای بێت و لە ووڵاتێکی وەک و کوردستانەکەی خۆشمان بەرھەمبھێنرێت. لەم ڕوانگەیەوە بەرھەمھێنانی کارێکی بیست ئەڵقەیی تەلەفزیۆنی بۆ خۆی کارێکی تاڕادەیەکی سەخت و گران و لێوان لێوە لە ماندوو بوون و سەرئێشەی لابەلا.
گەر بەشێوەیەکی گشتی سەیری زنجیرە تەلەفزیۆنی دوا شەو بکەین دەبیبنین و دەزانین ماندوو بوون و شەونخونی و ھەوڵی جدی پێوە دیارە. ھەر بۆیە جێگای خۆیەتی لێرەوە دەست خۆشی و پیرۆزبایەکی گەرم ئاراستەی دەرھێنەر و سەرجەم ستافی ئەم بەرھەمە بکەم و دەستی یەک بەیەکیان بە توندی دەگوشم بۆ بەرھەم ھێنان و ئەنجامدانی ئەم کارە تەلەفزیۆنیە، کە بە دڵنیاییوە ھەموو کارێکی جدی ھەنگاوێکە بۆ بەرەو پێشچوون و بونیاد نانی ھونەری تەلەفزیۆنی و سینەمای کوردی و جێگای دلخۆشی و دەست خۆشیە. بەڵام ئەمەش مانای ئەوەنیە کە ئەم کارە بێ کەم و کورتی و بێ ھەڵەیە و بەکارێکی سەرکەتوو و پێرفێکتی ئەژماربکەین. بۆیە ئەم بەرھەمەش (دوا شەو)بەدەر نیە لە ھەڵەی زەق و گەورەی نامەنھەجی و پێویستی بەوورد بوونەوەی وورد و خۆێندنەوەی جدی و ڕەخنەی بونیادنەر ھەیە و نابێت ھەروا سەرپێی بەسەر بینەراندا تێپەڕبێت. لە کاتێکدا ئەوەندەی من ئاگاداربم کاکە کاروخ دەرھێنەری ئەم بەرھەمە یەکەم ئەزموون و کاری تەلەفزیۆنی درامی درێژیەتی. من لێرەدا ھەوڵدەدەم بەشێوەیەکی ئەکادیمیانە لە چەند لایەنێک و پێکھاتەکانی کاری تەلەفزێۆنی ئەم بەرھەمە بدوێم و ڕەخنەیەکی جدی و مەنھەجیانە بخەمە ڕوو تاکو لە کار و ئەزموونی داھاتویاندا سوودی لێوەربگیرێت.

١- سیناریۆ

من لێرەدا بەشێوەیەکی زۆر خێرا و سەرپێیانە لە (سکرین پلەی) سیناریۆ و بونیادی درامی ئەم بەرھەمە دەدوێم. ڵێکۆڵینەوەی قوڵ و درێژ تر بۆ کەسانی تایبەتمەند و پرۆفیشناڵی بواری نوسین و سیناریۆ بەجێدەھێڵم.
ھەموو کارێکی ھونەری ستراکچەر و بونیادی خۆی ھەیە کە پرۆسەیەکی ئاڵۆز و تێکئاڵاوە و دەبێت بە زیرەکانە و پرۆفیشناڵانە بھۆنرێتەوە، ئیتر ئەو کارە لە ھەر بواەێک لە بوارەکانی ھەونەردا بێت.
سیناریۆ بریتیە لە گێڕانەوەی چیرۆک بە وێنە، کە بنەما و پێکھاتەی ئاڵۆزی ھەیە و نەخشە ڕێگای گێڕانەوەی بابەتەکەتە، لە ڕێگای دیالۆگ و کارەکتەرەوە کە دوو بنەمای سەرەکی سیناریۆن چیرۆک بە وێنە و جوڵە دەگێڕدرێتەوە. سیناریۆ کاری تەلەفزیۆنی لە کاری ڕدیۆی جیادەکاتەوە و وێنە و جوڵە گێڕەرەوەی سەرکی چیرۆکە و دیلۆگ تەواکەری ئەو کردەیەیە کە تا لە توانادا بێت کەمتر پەنای بۆ ببرێت. بەڵام ئەگەر سەرنج بدەی لە زنجیرەی درامی دوا شەو بەتەواوی پێچەوانەی ئەم پرۆسەیە دەبینین، گەر بێت و ئێمە لە زنجیرەی یەکەمەوە تاکو کۆتای تەنھا گوێ لە دیالۆگ بگرین و یان لە ڕێگای ڕادیۆیەکەوە ئەم بەرھەمە پەخش بکرێت پێدەچێ تاڕادەیەکی باش بەتەواوی لە چیرۆکەکە تێبگەین، تەنھا دیالۆگ بمانگەیەنێتە کۆتایی و وێنە ڕۆڵێکی ئەوتۆی نەبێت جگە لە چەند دیمەنێکی دراماتیکی زیادە و وەڕسکەر، بەتایبەتی لە دیمەنی ئاھەنگی ھاوسەرگیری ڕەوێن و ھەوری، ھەروەھا دیمەنی پرسەی ڕەوێن لە کۆتایی دراماکەدا. ئەم دوو دیمەنە زۆر لە ئاستی خۆیان زیادەڕۆی تیادا کرابوو، بووبوونە مایەی بێزارکردنی بینەر، کە دەکرا لە جیاتی ئەم دیمەنە زیادانە سود وەبگیرا یە لەو کاتانەی بەفیڕۆدرا تیایاندا،بۆ تەواوکردنی دیمەنەکانی کۆتای کە تەنھا بە نوسینی چەند سەب تایتڵێک و نوسینێکی کورتەوە زۆر بەشێوەیەکی لاواز بێ ئەرزشانە چارەسەری رووداوەکان و گرێ درامیەکانی درا بە ڕووی بینەردا و بەیانکرا وەک بەیان نامەیەکی ھەواڵ ئامێز.
لە زنجیرە تەلەفزێۆنی دوا شەو دا ئەوەی کە بەدرێژای زنجیرەکان بەدی دەکرا لاوازی سیناریۆ و بونیادی درامی و گرێی درامی بوو. چونکە ھێڵی درامی و ستراکچەری کۆی کارەکە بە دوو ئاراستەی جیاواز ھەڵدەکشا کە زۆر جار نوسەری دەرھێنەر دەگەڕا بە دوای دروستکردنی کێشمەکێش و ئاڵۆزکردنی کێشەکان کە بەتەواوەتی شکستی ھێنابوو لە دروستکردنی گرێیەکی درامی تۆکمە کە وا لە بینەر بکات پرسیارگەلێکی مەنتیقی و گونجاو لای دروستبێت و زیاتر بە ئاراستە چیرۆکەکە ڕاکێشی بکات. ململانێ و بەریەک کەوتنی کارەکتەرەکان بە پێچەوانەی ئاراستەی ڕوودوەکان ھەنگاوی دەنا، کە ھەستت دەکرد بە زۆر دروستکراون و ھەمیشە توشی شکست و بچڕانی درامی دەبوو، بەشێوەیەکی زۆر سادە و ساکار و نا لۆژیکیانە نوسەر ھەوڵی ئەدا ئەو دوو ئاراستەیەی ڕووداوەکان بەرەو خاڵێکی ھاوسانگ و ھاوتا بەرێت کە بەداخەوە نوسەری دەرھێنەر نەیتوانی بوو سەرکەوتووبێت لەو ئەرکەیدا و بینەر بە ڕوونی ھەستی بە دووری و نەگونجانی ھەردوو ئاراستەکە دەکرد و گرێ و ململانێ و بەرکەوتنە درامیەکانی ئەو دوو ئاراستە درامیە ھەڵتۆقی و بە زۆر دروستکرا و نا تەواو بوون.

٢- دەرھێنان

لە ھەموو کاێکی درامیدا دەرھێنەر سەرۆک و بڕیاردەری سەرەکیە، گەر دەرھێنەر نوسەریش بوو لە ھەمان کاتدا ئەوە یارمەتی دەدات زیاتر دەستکراوە بێت و مەودای بیر و داھێنانی زیاتر و فراوانتر بێت و بتوانێت سەرجەم پێکھاتەکانی کارەکەی کۆنترۆڵ بکات، ئەمە وای لێدەکات ڕوون تر لە ئامانجەکانی بنواڕێت و دەستەڵاتی بەسەر ھەموو پێکھاتەکانی تردا بسەپێنێ، ئەوەی مەبەستێتی بیپێکێ و دونیابینی و ڕوئیای فراوانتر بکات. دەرھێنان بریتی نیە لە کاری پۆلیسی ھاتوچۆ کە تەنھا جوڵە و ئاراستەی ئەکتەر و کامێرا و ڕوناکی و بنەماکانی تری نواندن دیاری بکات، وەک زۆرێک وا لێی تگەیشتوون، بەڵکو دەرھێنان پرۆسەیەکی ئاڵۆز و تاقەت پڕوکێنی فیکری قوڵ و دونیا بینی پڕ لەداھێان و ئەفراندنە کە پێویستی بە مەعریفە و تەئەمول و ڕامان و لێکدانەوەی ووردی قوڵ ھەیە، کە بتوانێت وای لێبکات ڕاڤە و خوێندنەوەی فەلسەفی بۆ سەرجەم بونیادەکانی کارەکەی بکات. دەرھێنەری تەلەفزیۆنی بەتەوای ئەرکێکی ھەیە کە سەد دەر سەد جیاوازە لە دەرھێنەری شانۆی، چونکە لە شانۆدا دەرھێنەر تا ئەو ساتە باڵا دەستە کە نمایشەکە دەگەیەنێتە ساتەوەختی نمایش دواتر ھیچ باڵا دەستیەکی نامێنێ و ئەکتەر باڵا دەست و تەواوکەری نمایشە لە سەر ستەیج. بەڵام لە کاری سینەمای و تەلەفزیۆنی دا دەرھێنەر تا دوا ساتەکانی نمایش توانا و باڵا دەستی خۆی پیادە دەکات. لە دوای وێنەگرتن کاری فیلم بە کۆمەڵێک پرۆسەدا تێپەڕ دەبێت کە تەنھا دەرھێنەرە تا کۆتایی خاوەن بیر و بڕیاری کۆتایەو لە دوا ساتەکانی پێش نمایشیش دەستەڵاتی گۆڕین و دووبارەکردنەوە و لابردن و زیادکردنی کارە درامیەکانی ھەیە . ھەر بۆیە دەرھێنەر تەواوی دەستەڵاتی بەسەر پرۆسەی بەرھەمھێناندا ھەیە لە کاتی پری پرۆدەکشن و پڕۆدەکشن و پۆست پرۆدەکشنیشدا.
گەر لەم پێشەکیە کورت و سەرپێییەی کاری دەرھێنان بنواڕین ئەو ڕاستیەمان بۆ ئاشکرادەبێت کە لە زنجیرە درامی دوا شەو دا پرۆسەی دەرھێنان کارێکی ڕوکەش و شانۆی و پیشە ئاسای پۆلیسی ھاتوچۆ زیاتر ھیچی تر نیە. چونکە دەرھێنەر لەگەڵ ئەوەی باکگراوندێکی شانۆیی ھەیە خوێندنەوەیەکی سادە و سەرپێی بۆ کاری دەرھێنانی تەلەفزیۆنی یان سینەمایی ھەیەو نەیتوانیوە ڕۆبچێتە ناو کایە ئاڵۆز و زانستیەکانی پرۆسەی دەرھێنانی تەلەفزیۆنی، ھەروەھا بە سوودوەرگرتن لەو ڕەگەز و بنەما و پێکھاتە گرنگانەی کە لە بەردەستیدا ھەبوون برەو بە کارەکەی بدات و سەریبخات و کارێکی ناوازە و سەرکوتومان پێشکەش بکات.
زۆر بە داخەوە دەرھێنەر سەرکەتوو نەبوو لە کۆنترۆڵکردنی ڕەگەزەکانی کاری تەلەفزیۆنی و بەکارھێنانی زمانی سینەمایی، ھەر لە نواندنەوە تا کامێرا و ڕوناکی و دەنگ و ڕەنگ و مۆنتاژ… بە ڕوونی ئەو کەلێنە ئیستاتیکی و درامی و تەکنیکیانە لە کارەکەدا بەدی دەکرا کە دەرھێنەر نەیتوانی بوو لێھاتوانە و پڕۆفیشناڵانە جڵەوی کارەکەی پێبگرێتە دەست و شکست خواردوو نەبێت. دەرھێنەر بێ ھیچ ڕووئیا و دونیا بینیەک، بە سود وەرگرتن لە زنجیرە دراما تورکی و بیانیانەکان، بێ شیکردنەوە و ڕاڤەیەکی زانستیانە و ئەکادیمیانەی ھونەری، زۆرێک لە دیمەن و ڕووداوەکانی بونیاد نابوو، کە دوور یا نزیک پیوەندی بە بینین و تێگەیشتنی ئەوەوە نەبوو . دەرھێنەر زۆر خاڵی بوو لە ھەموو بینینێکی فیکری و فەلسەفی قوڵ کە بتوانێت بونیادی درامی و ئیستاتیکی کارەکەی و پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و خێزانی کۆمەڵگەی کوردی بەشێوازێکی واقعیانە و بەدەر لە موبالەغە و زیادەڕۆی و نالۆژیکی بگەیەنێتە وەرگر کە بینەری کوردە.

٣- کامێرا و ڕووناکی

کامێرایە بە سیحر و جیھانە ئەفسوناویە خەیاڵیەکەی ھونەری سینەما و تەلەفزیۆن لە سەرجەم ھونەرەکانی تر جیادەکاتەوە و بینەر دەخاتە ناو دونیایەکی پڕ لە ئەندێشە و خەیاڵ و سەفەرێکی پڕ لەخەون و فەنتازیای پێدەکات لەودیو واقعەوە. کاتێک (تۆماس ئەدیسۆن) یەکەم کامێرای داھێنا بازدانێکی گەورە و ھەڵگەڕانەوە و ساتەوەختێکی مێژووی بوو لە دونیای ھونەری جوڵاوەو ھونەری بینرا و بەتایبەتی و جیھان بەگشتی. دواتر (برایانی لومییر) لە فەڕەنسا لە کۆتای سەدەی نۆزدەھەم و بە تەواوەتی لە کۆتایی ساڵی ١٨٩٥ بۆ یەکەم جار لە ڕێگای سینەما تۆگرافەوە ئەو سحرەیان خستە ڕوو لە نمایشی دیمەنی کورتی ڕۆژانە. ئیدی دونیای ھونەری جوڵاوە بە دروست بوونی کامێرا و ھونەری جوڵاوە چووە قۆناغێکی باڵا تر و جیھان و سەردەمێکی نوێ ھاتە ئاراوە.
ھونەری وێنەگرتن و کامێرا لە یەکەم ساتی سەرھەڵدانیەوە تاکو ئەمڕۆ گرنگی و جوانکاری خۆی ھەبووە لە ھەموو کارێکی بینراو و سینەمای و تەلەفزیۆنی دا. ئەوە کامێرایە بە دونیای خەیاڵ و واقعدا گەشتمان پێدەکات، جوانی سروشت و دراما و ھونەرمان لەڕێگای تیڤیەکانەوە بۆ دێنێتە ناو ماڵەکانمان بە دیمەنی سەرسوڕھێنەر و گرتەی نزیک و دوور و گۆشە نیگای جیاواز و فۆرم و شێوازی جیاواز ئاشنامان دەکات. ئەم ھونەرە باڵا و پڕ لە سەلیقە و جیاوازە کە لە ڕێگایەوە چیرۆک و ڕوداوەکان دەگێڕدرێتەو، ڕەگەزێکی سەرەکی و گرنگە لە ھونەر و زانستی سینەما و تەلەفزیۆندا، بۆیە ھەر ھەڵە و ناحاڵی بوونێک لەم ھونەر و زانستەدا بەسەر کۆی کارە ھونەریەکەدا ڕەنگ دەداتەوە. دیارە ئێستا بەھۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجی و زانستی کامێراوە قاڵ بوون و پڕۆفیشناڵی زیاتری دەوێت، کە کەم تا زۆر لە کوردستان خەڵکانی خاوەن سەلیقە و ھونەرمەندی دەست ڕەنگین ھەیە. لە زنجیرە درامی دوا شەو دا بە پێی کواڵیتی وێنەکان دیار بوو کە تازەترین تەکنەلۆجی سینەمای و تەلەفزێونی بەکار ھاتبوو کە جێگای دەستخۆشیە و ھەر دوو کامێرامان (DOP) کە کارەکەیان ئەنجام دابوو خاوەن سەلیقەیەکی باشی ھونەری و تەکنیکی بوون و جێگای دەست خۆشین. بەڵام دیسانەوە کامێراش ھەندێک ھەڵەو جوڵەی ناڕێک و نادروست بەسەریاندا تێپەڕ بوو بوو، کە دەکرا باشتر جێبەجێبکرایە، چونکە جوڵە و گرتە ھونەریەکان کەم تازۆر پەیوەندیەکی سایکلۆجی و دەلالی لەگەڵ ڕودا و حاڵەتی سایکۆلۆجی کارەکتەرەکاندا نەبوو، نەتواندرا بوو ھەوڵبدرێ بۆ بەرھەم ھێنانی مانا و دەلالەتی درامی کە خزمەت بە کارەکە بکات. لە زنجیرەی ١٥ و لە دیمەنێکدا کاتێککارەکتەری ئارام (شەماڵ عەبە ڕەش) لەگەڵ کچەکەی کارەکتەری ڕاوێژ (کەنارسەرچڵ) گفتو گۆیانە. ئەم دیمەنە لە بەردەم ئاوێنەیەکدا وێنەگیراوە و لە گرتەیەک ھەردوو ئەکتەر پێکەوە دیارن و لەگرتەی دواتر لە ئاوێنەکەوە ئارام وێنەگیراوە، بەھۆی پێچەوانە بوونەوەی وێنەکە لە ئاوێنەکەدا جۆرێک لە ڕۆنگ دایرەکشن دەردەکەوێت، کە دەکرا گۆشەی گرتەی ئاوێنەکە بە جۆرێک بوایە ئارام ھەم لە ئاوێنەکە و ھەم بەشێک لە جەستەی لە دەرەوەی ئاوێنەکە دەربکەوتایە، تا وێنەگر خۆی لەو حاڵەتی ڕۆنگ دایرەکشنە قورتار بکردایە، کە ئەمە ئەلف و بێی کاری وێنەگرتنە.
سەبارەت بە ڕووناکی لەم کارەدا وەک زۆرێک لە کارە تەلەفزیۆنیەکانی کوردستان، وەزیفەی ڕووناکی تەنھا ڕووناک کردنەوەی دیمەنەکان بوو، بەبێ دروستکردن و خولقاندی کەشێکی درامی و ئیستاتیکی لە ڕێگای ڕووناکیەوە. ھەر بۆیە نەتونرابوو ڕووناکی وەک پێویست سوودی لێوەربگیرێت. گەر سەیری سەرتاپای دیمەنەکان بکەیت ھیچ ھەوڵێک نەدرابوو لە نێوان ڕووناکی و تاریکیدا حاڵەتێکی درامی یان سایکۆلۆجی ئیزافەبکاتە سەر ڕەوتی ھونەری یان درامی ڕوداوەکان. تەنھا لەیەک دیمەندا کاتێک ژیا لەلایەن عومەر دەڕفێنرێت و دەبەسترێتەوە سێبەری پانکەیەک لە دیمەنەکەدا جۆرێک لە قەلەقی و نائارامی دروستکردبوو کە ئەمەش جۆرێک لە ناڕێکی و زیاد لە پێویست بوو. بەدەر لە ھەندێک کەموکوڕی کەم لە کاری (DOP) بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کامێرا یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکیەکانی ھەموو کارێکی سینەم و تەلەفزیۆنە کە تاڕادەیەکی باش لەم بەرھەمە سەرکەوتو بوو.

٤- نواندن

کارەکتەر یەکێکە لە گرنگترین بنەماکانی کاری درامی و ئەکتەر لە ڕێگای نواندنەوە بە کارەکتەرمان ئاشنا دەکات. ئەکتەری باش دەتوانی زۆر ڕووی خراپی کاری درامی بشارێتەوە و بەپێچەوانەشەوە ھەر ڕاستە. نواندن بریتیە لە گێڕانەوەی چیرۆک لە ڕێگای جوڵەو و ھەست و سۆزوە. ئەکتەر ئەتوانێ لە ڕێگای جوڵە و دەنگەوە کۆنترۆڵی ھەست و ھەڵچونە درامی و سایکۆلۆجی و عاتفێکانی خۆی بکات و لە ڕێیەوە بەسەر بینەردا زاڵ بێت و کۆنترۆڵی ھەست و سۆزیان بکات و ئەو گوتارەی کە دەرھێنەر مەبەستیەتی بیگەیەنێت بە وەرگر. یەکێک لە کێشە سەروکیەکانی ئەکتەری ئێمە لە کوردستان زاڵبوونی ھەڵچوونی زیاد لە پێویست و نەتوانینی کۆنترۆڵکردنی ھەست و جوڵە و ھەڵچونەکانیەتی. ئەویش لەبەر ئەوەی زۆرێک لە ئەکتەرەکانی دونیای ھونەری ئێمە لە ناوەندی شانۆوە دروست بوون و پەروەردەی شانۆییان ھەیە، کە زۆر گران و قورسە لەو گرێ کوێرە شانۆییە ڕزگاریان ببێت. ئەم حاڵەتە بۆ زۆرێک لە ئەکتەرە جیھانیەکانیش ھەر وایە، ئەو ئەکتەرانەی لە ناوەندی شانۆییەوە دروست بوون ستایل و نەمەطی شانۆیی لە نوادن و ئاکار و جوڵەی ھونەری بەرکامێرەیاندا ڕەنگیداوەتەوە. چونکە نواندن لەسەر شانۆ پڕا و پڕ جیاوازە لە نواندنی بەردەم کامێر. لە شانۆدا ئەکتەر پێویستی بە زیادەڕۆی و جوڵە و دەنگی بەرز و ھەڵچونی سایکۆلۆجی و فیزیکی زیاترە، تاکو دوا کەس لە ھۆڵی شانۆدا بەباشی جوڵە و دەنگ و ھەڵچوون و نواندنەکەی ببینێ. بەڵام لە بەردەم کامێرادا ئەکتەر بەتەواوی پێچەوانەی ئەم ئاکتە شانۆیی یە. ئەکتەری بەردەم کامێرا بە بچوکترین جوڵەی بەشێک لە جەستەی ( چاو، دەست و پەنجەیەک، دەم و لێوەکانی…) دەتوانێت گەورەترین مانا و حاڵەتی درامی بەرھەم بھێنێت کاریگەریەکی ئەرێنیشی لەسەر بینەر ھەبێت. ھەروەھا لە ڕێگای تەکنیک و تەکنەلۆجیا و پکھاتەکانی تری زمانی سینەما و تەلەفزێونەوە دەتوانرێت زۆر لە کێشەکانی نواندن چارەسەربکرێت کە لە شانۆدا مەحاڵە، بۆ نمونە ئەكتەری بەردەم کامێرا پێویستی بە دەنگێکی زوڵاڵ و گەورە نیە، بەڵکو تەکنیک ئەوکارەی بۆ جێبەجێ دەکات.
زۆرێک لە ئەکتەرەکانی زنجیرە درامی دوا شەو خاوەن ئەزموونی شانۆین و دەرچوی بەشی شانۆی پەیمانگە و ئەکادیمیای ھونەرە جوانەکانن، پێشتر وەک ئەکتەری شانۆیی ناسراون، ھەر وەک ووتمان زۆرێک لە ئەکتەرانی کوردستان لە شانۆوە پەروەردە بوون. جا بۆیە زۆر بە ئاسانی ئەتوانین کاریگەری نواندنی شانۆیی بەسەر جوڵە و دەنگ و ھەڵچونەکانیاندا ببینین. بەشێوەیەکی گشتی نواندنی زۆرێک لە ئەکتەرەکان لە دوا شەو دا زیادەڕۆیی و زیاد لە پێویست ھەڵچوون و دەنگ بەرزکردنەوە و دەنگ گۆڕینی شانۆی لە خۆگرتبوو.
دیارە لەم درمایە کۆمەڵێک ئەکتەری پڕ ئەزموون و پڕۆفیشناڵ و دیاری بواری درامای کوردی ڕۆڵ دەگێڕن، کە تەمەنێکی ھونەریان لە نواندندا گوزەراندوە و خاوەنی خەسڵەت و ڕێچکەی خۆیانن لەو بوارەدا و جێگای ڕێز و تەقدیرن. بەڵام ھەندێک لەو ئەکتەرانە لەگەڵ کارەکتەرەکاندا نەداھاتنەوەو لە ڕووی سایکۆلۆجی و کۆمەڵایەتی و فیزیکیەوە بەتەواوی دوربوون لە کارەکتەرەکان. بۆ نمونە ئەکتەرێکی دیار و سەرکەوتوی خاوەن ئەزموونی پڕ لە کاری داھێنانی وەک مامۆستا (شەماڵ عەبە ڕەش) لەگەڵ کەسایەتی ئارام زۆر دوور و نەگونجاو بوو، ھەرچەند کاک شەماڵ زۆر ھەوڵیدابوو تاکو لەگەڵ گرێ دەروونی و کێشە کەسی و کۆمەڵایەتیەکانی کارەکتەری ئارامدا خۆی بگونجێنێ، بەڵام بەداخەوە ھەڵچون و دەنگ بەرزکردنەوە و جوڵەکانی زۆر لە خۆکردنی تاکو لە کەسایەتی ئارام نزیک تر بێتەوە، زیانێکی گەورە و تەواوی بە ئاکت و نواندن و ھەڵسوکەوتەکانی گەیاندبوو، زیاتر شانۆیانە و دورتر لە کارکتەری ئارام دەردەکەوت.
ھونەرمەند (یونسی حەمەکاکە) دەست کراوە تر، سەرکوتوانە تر، لێھاتوانە و پڕۆفیشاڵانە کۆنترۆڵی جوڵە و ھەڵچونە ناوەکیەکانی کارەکترەکەی کردبوو. ئەو توانی بووی ڕۆڵی ئاراس بەرجەستە بکات و بەتەواوەتی جیاواز تر لە ڕۆڵەکانی پێشوو تری دەر کەتبوو کە جێگای ڕێز و دەست خۆشی و پیرۆزباییە.
ھونەرمەندی بەڕێز و خۆێن شیرین و کۆمیدی کاک (ئیبراھیم حەکیم) ھەوڵ و ماندوبوونەکانی جێگای دەست خۆشی و ئافەرینە و توانی بووی لە ڕێگای دیاڵۆگ و جوڵە کۆمیدیەکانیەوە گۆڕانێک لە ئاراستەی کارەکە دروستبکات. بەڵام بە داخەوە ئەویش ھەمان کێشەی زیادەڕۆی و لەدەستدانی کۆنترۆڵی جوڵە و دەنگ و ھەڵچونی نا پێویست و نابەجێ و نەگونجاوی ھەبوو کە لەگەڵ باری کۆمەڵایەتی و دەرونی کارەکتەرەکەی دا نەدەگونجا و وایلێکردبوو ھەندێک جار لە بەھاو قورسایی کارەکتەرەکەی دەھێنایە خوار.
ھونەرمەند خاتوو (خەرمان ھیرانی) خانمێکی دیار لە بواری نواندنی شانۆ و درامای تەلەفزیۆنی. ئەو جێ دەستی دیارە لە بوارەکەی خۆیدا. ئەم جارە بە کەسایەتی ئەسمەر لەم درمایەدا بەشدار بوو بوو، ڕۆڵی خانمێکی بەھێزی ھەبوو کە لە نێوان کێشە و گیر و گرفتی براکانیدا دەیویست ڕۆڵێکی پۆزەتیڤ و کارامەی ھەبێ، لەھەمان کاتدا لە کێشە لاوەکی و لابەلاکانی خیزانەکەی خۆشیدا وەک ژنێکی خاوەن ئەزموون و بەتوانا یاری بکات. سەرکەتوانە و بە ووزەیەکی ھونەری کاریگەرەوە زۆر لێھاتووانە کارەکتەری ئەسمەری وەکو خۆی پێناساندین. لە زۆرێک لەو دیمەنانەی دەردەکەوت ئامادەگی خۆی بە تەواوی ووزەی نواندنەوە لە پانتای دیمەنەکەدا پەخش دەکرد، بێ سڵمینەوە و بە ھێمنی و لێھاتووی کۆنترۆڵی ھەست و دەنگ و جوڵە و ھەڵچونە عاطفیەکانی خۆی دەکرد، جێگای ڕێز و تەقدیر و دەستخۆشییە.
سەرجەم ئەکتەرە بەشداربووەکانی تر کەم تا زۆر نواندن و ئاکتی شانۆی و زیادەڕۆیی و ھەندێ جار نەشاز و بێ ئحساس و سارد و سڕ، بەکۆی کارەکەوە دیا بوو. بۆ ماوەی ٢٠ ئەڵقە کە نزیکی زیاتر لە دە سەعات دەکات بۆ چەند چرکەیەک ھیچ کام لە ئەکتەرەکان (بەوانەشی باسمانکردن) نەیان توانی کاریگەری و کۆنترۆڵی ھەست و سۆز و بیری بینەر بکەن و توشی شۆک و سەڕسوڕمانی بکەن و بتوانن لە بیرەوەریماندا بۆ چەند ساتێکی کەم بمێننەوە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و ھیوا بەخشە، دەرکەوتنی کۆمەڵێک گەنجی جوانی بەتوانا و پڕ ووزە بوون کە ھەندێکیان کەم تا زۆر پڕ توانا دەردەکەوتن. بەڵام بەردەوام نەدەبوون و پێویستیان بە دەرھێنەرێکی لێھاتوو و پڕ ووزەی وەکو خۆیان بوو، تاکو ئەو ووزە شارەوەیەی نواندیان وەک داینەمۆیەک کار پێبکات.

٥- مۆنتاژ

دەرھێنەری گەورەی ڕوسی (بۆدۆفکین) دەڵێت بناغە و ستراکچەری ھونەری فیلمسازی مۆنتاژە ، بە مۆنتێر دەوترێ دەرھێنەری دووەم. ھەر لەم ڕوانگەیەوە تێدەگەین لە گرنگی و کاریگەری پرۆسەی مۆنتاژ و جێ دەست و پەنجەی مۆنتێر بەسەر فیلم و دراماوە. ھەر دوای دروست بوونی ھونەری فیلمسازی بە چەند ساڵێک و بەتەواوەتی لەساڵی ١٩٠٠ ھونەری مۆنتاژ گەشەی سەند، بووە ھونەرێکی سەربەخۆی فرە لایەن و قەشەنگ. ھونەرمەندی ئەمریکی (دەیڤد وارک گرێفث) کە بە باوکی فیلم ئەژمار دەکرێت، سەرقافڵە و ڕەچە شکێن و داھێنەری ئەم بوارە بوو . کە بە کارەکانی بازدانێکی گەورەی لە ھونەری فیلیم سازیدا بەگشتی و ھونەری مۆنتاج بەتایبەتی ئەنجامدا و توانی بەردەوامی بە ڕووداوەکان بدات لە ڕێگەی بەستنەوەی گرتە فیلمیەکان بە یەکەوە و مۆنتاژکردنیان بەشێوەیەکی ھاوسەنگ و ھاوتا لە دوو شوێن و کاتی جیاوازدا. ئەو بڕوای وابوو یەکەی سەرەکی ھونەری فیلم سازی گرتەیە و بە گرێدان و بەستنەوەی گرتە جیاوازەکانەوە بەیەکەوە دەتوانرێت دیمەنەکان بە شێوەیەکی نەرم و نیان پێشکەش بکرێت. دواتر ھونەری مۆنتاژ لەسەر دەستی گەورە دەرھێنەر و بیرمەندی ڕوسی (سێرجی ئیزنشتاین ١٨٩٨—١٩٤٨) پەرەسەندنی گەورەی بەخۆیەوەبینی، ئەو فەلسەفی و بیرمەندانە لە ھونەری دەڕوانی و بە درێژکراوەی سروشتی دادەنا. مونتاژ لای (ئیزنشتاین) بریتی بوو لە گەشەسەندنێکی ڕەھای شانەیەکی وورد داڕێژرا، کە ھەموو بڕین و گرێدانێکی گرتەکان وەک تەقینەوەیەکی خانەکانی ئەو شانە فیلمیە کە بریتی بوو لە گرتەی فیلمی و مانا و تێگەیشتنی فکری و فەلسەفی و ئیستاتیکی نوێ لە ڕێگایانەوە بەرھەم دەھێنرێت. لە ھەمان کاتدا گرێدانی کۆی گرتەکان ڕیتم و ئیقاع و ستراکچەری فیلمەکەمان بۆ دیاری دەکات.
دوای ئەم پێناسە کورت و پوختە سەبارەت مۆنتاژ، لامان ڕوون و ئاشکرا دەبێت کە لە زنجیرە درامی دوا شەو دا شتێک نیە بەناوی مۆنتاژ و تەنھا بەستنەوەیەکی کوێرانەو ناڕێک و بڕینی بێسەر و بەری گرتەکان زیاتر ھیچی ترنیە. کە ئەمە تەنھا کێشەی ئەم درامایە نیە، بەڵکو زۆرێک لەکارە ھونەری و فیلم و دراماکانی ئێستا ھەمان کێشە و گرفتیان ھەیە و بە نەفەسی کلیپ ئاسا مۆنتاژ دەکەن. گەر لە دیمەنەکانی ئەم درامایە وورد بینەوە دەبین نە دەرھێنەر و نە مۆنتێریش ھیچ زانیاری و شارەزاییەکیان لەو بوارەدانیە، مۆنتاژ بە مەقەستکاری تێگەیشتوون. ھەڕەمەکیانە گرتەیەک بەبێ ھیچ ھۆکار و مانایەکی لۆژیکی و نەزانانە بە گرتەی دواتر دەبسترێتەو، کە تێیدا ھیچ ئەژمارێک بۆ (قەبارە و گۆشەی گرتەکان و جوڵەی کامێرا و ئەکتەر) نەکراوە و ھەندێ جار سوکە بازدانێکی بابەتی لەمونتاژدا ھەستی پێدەکرا.
لە ھونەری مۆنتاژدا چەندین جۆری مۆنتاژ و حاڵەتی جیاواز ھەیەبۆ گوستنەوە و پێکەوە بەستنەوەی دیمەنەکان وەک (تاریکبوون «فەید»، تێکەڵ بوون «میکس») تاکو لەو گوستنەوانەوە تەعبیر لە گۆڕانی زەمەنی و شوێندا بکرێت و ھۆش و بیری بینەر لەگەڵ ئەو گواستنەوانەدا ئاوێتە و ھاوتا بکرێت و ھەست بەو گۆڕانە شوێن و کاتیە بکرێت. بەھەمان شێوە بەدرێژایی بیست ئەڵقەی دوا شەو زۆر بە دەگمەن یاخود ھەر نەبووە یەکێک لە ھۆکارەکانی گواستنەوەی کات و شوێن و ڕووداو بەکاربھێنرێت.

٦- دەنگ و میوزیک

سێ جۆر دەنگ لە فیلم و دراما دا بەکار دەھێنرێت کە بریتین لە (میوزیک، زمان «دیالۆگ»، کارلێکە دەنگیەکان ) کە ھەریەکێک لەمانە کاریگەری خۆی ھەیە لە سەر بینەر و بیستەر . لە پاڵ دەنگدا بێدەنگی ھیچی کەمتر نیە لە کارلێک و تونای بەرھەمھێنانی مانای نوێ لە فیلمدا ھەر وەک چۆن دەنگ و میوزیک ھەیەتی. کاتێک ساڵی ١٩٢٧ یەکەم فیلمی دەنگدار (گۆرانی بێژی جاز) بەرھەمھێنرا زۆرێک لە فییلمسازان و دەرھێنەرەکان دژی ھەبوونی دەنگ بوون، وایان ئەژمارکرد کە دەنگ زیان لە ھونەری فیلمی بێدەنگ دەدات و دەیگەڕێنێتەوە بۆ دواوە و دەیکاتە ھونەری شانۆ. بەڵام ئێستا دەنگ و کاریگەریە دەنگیەکان و میوزیک پانتایەکی فراوان و کاریگەریان لە بواری فیلم سازیدا داگیرکردوە و بەشێکی گرنگ و زانستێکی ڕەھایە لەم بوارەدا، کە بە نەبوونی زانست و زانیاری تەواو لە زانستی تۆمارکردنی دەنگی میکسین ھونەری فیلم و دراما توشی ئیفلیجی و ناڕێکیەکی زۆر دەبێت. دەنگ و میوزیک وەک زۆرێک لە پێکھاتە سەرەکیەکانی فیلم و دراما، بەھەمان شێوە لە درامای دوا شەو دا ڕاگوزەر و سەرپێییانە کاری لەسەر کراوە. سەبارەت دەنگ و کارلێکە دەنگیەکان، تەنھا ئەو دەنگانەی وەک کەشی گشتی ھەبوون لە کاتی وێنەگرتندا دەبیسترا و ھیچ ئیزافەیەک لە دانان و پاکردنەوەو ماسترلینگدا نەکرابووو. ھەروەھا نەتوانرا بوو بێدەنگی وەک دەنگێکی زیادە تەوزیفبکرێت و سوود لە ساتە بێدەنگو وەستاوەکان وەربگیرێت. دەنگ تەنھا بریتی بوو لە دیالۆگ و ئەتمەسفێری گشتی پڵەس میوزیک. میوزیک وەک باگراوندێک لە درامای دوا شەو دا لە زۆربەی کاتەکاندا بەکار ھاتبوو، بۆ پڕکدنەوەی بێدەنگی. لە ھەندێک دیمەن و کێشە و ململانێکاندا میوزیکی چاودێریکەر یان گومان و ترس بەکارھێنرابوو کە زۆرێک لە تەرکیز و بیرکردنەوەی دەبرد و قەرەباڵەغی و ژاوەژاوی دەخولقاند. میوزیک لە بەشێکی زۆر لە دیمەنەکاندا ھەبوو تەنھا وەک ھاوتای وێنە کە لە زۆر کاتدا بە زیان دەشکایەوە بۆ کارەکە، چونکە میوزیکی وێنەی دەبێت لە زۆربەی کاتدا بینەر بەگوێکانی نەیبیستێت و زیاتر ھەستی زیادەی لا دروستبکات. بەشێوەیەکی گشتی میوزیکێکی دراماتیکی چاودێریکەر و ھاوتەریب لەتەک ڕووداوەکاندا ئامادەی ھەبوو.
لە کۆتایدا پێویستە ئەوە بڵێین کە ھەموو کارێکی ھونەری بەدەر نیە لە ھەڵە و کەم و کورتی، بەڵام لە درامای دواشەو دا کەم و کورتی زەق و گەورە و ناڕێک ھەبوون کە بینەری ئاسایی بەئاسانی ھەستی پێدەکردن و دەیبینین، کە من لێرەدا ئەو کەم کورتی و ھەڵە زەقانەم باس نەکردوە و بۆ بینەر خۆیم بەجێھێشتووە. ئەوەی کە
ماوەتەوە بیڵێین کۆتای دراماکە و تەواوکردنیەتی بە ناتەواوی و نیوە ناچڵی، کە جێگای پرسیار و دیارترین گرفت و ناتەواوی درامای دوا شەو بوو .

بەھیوای سەرکەوتن و کاری باشتر ئەم تێبینیانەم خستۆتە ڕوو، دووبارە دەست خۆشی و ڕێزم بۆ ھەمووان

———————————————–

سەرچاوەکان
٠فهم السينما………………. لوي دي جانيتي
٠السيناريو ………………… سيد فيلد
٠السينما آلة و فن………. البرت فولتون
٠THE ART OF THE FILM……. ERNEST LINDGREN

عەتا عوسمان
سیدنی – ئوسترالیا ٢٠٢٠/٥/١٩

Previous
Next