Skip to Content

هۆلۆکۆست حکایەتی لەناوبردنی گەلێک … ئەردەڵان عەبدوڵڵا

هۆلۆکۆست حکایەتی لەناوبردنی گەلێک … ئەردەڵان عەبدوڵڵا

Closed


هەتاوەکو نەچووبومە ئەڵمانیا، وامدەزانی ئەوەی پێی دەڵێن هۆلۆکۆس و لەناوبردنی جوولەکان، درۆیەکی گەورەیە کە لە لایەن ئیسرائیلەوە دروستکراوە. لێ کاتێک لە ئەڵمانیا هەندێک کەسی چەپی ئەڵمانی باشـم ناسیی و دواتریش چ لە رێگەی کتێب و چ لە رێگەی فیلم و تیڤییەوە، هەروەها ناسینی کۆمەڵێک برادەری باشی جوولەکە، بۆم دەرکەوت کە من و هەزاران کەسی تر لەم رۆژهەڵاتەدا، بە هەڵە لە حکایەتی لەناوبردنی جوولەکەکان گەیشتووین. دیارە لەمەشدا گوناحی ئێمەی تێدا نییە، چونکە ئێمە لەناو جوگرافیایەکی تەسکدا زیندانی کراوین، هەتاوەکو زمانێکی ئەوروپیش نەزانیت، زۆر کەم شارەزاییت لە بارەی ئەم کارەساتەوە دەستدەکەوێت، چونکە عەرەبەکان بە حوکمی کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل، بەهەموو شێوەیەک هەوڵیانداوە، کارەساتی هۆلۆکۆس لەبەرچاوی خەڵكی ناوچەکە بچووک بکەنەوە یان نکوڵی لێبکەن،چونکە ئەوان دەیانەوێت هەمیشە جوولەکە وەکو تاوانبار سەیری بکرێت، ئێمەش لە ژێر کاریگەری ئەو کولتوورە عەرەبی و ئیسلامییەدا بووین، هەربۆیە ئێمەش هەمان هەڵوێستی خراپمان بەرامبەر بەو کارەساتە هەبووە.
بەڵام لە ئێستادا بەهۆی تەکنەلۆژیا نوێوە، هاوڵاتی کورد کەمێک زانیاری باشتر لە بارەی ئەم کارەساتەوە پەیداکردووە، بەتایبەتی لەرووی فیلمەوە، چونکە لە ماوەی پێشوودا کۆمەڵێک فیلمی گەورەی جیهانی ، باسی ئەم کارەساتەیان کردووە.
بەداخەوە لەناو کتێبخانەی کوردیدا، زۆر بەکەمی باسی ئەم کارەساتە گەورەمان کردووە، لێرەشدا نووسەران کەمێک لەم بوارەدا کەمتەرخەم بوون،چونکە ئەوە ئەرکی ئەوانە کە لە بارەی ئەم کارەساتەوە، زانیاری بە خوێنەری کوردی بددەن.
ئێمە لەم هەوڵە بچووکەماندا، دەمانەوێت کەمێک زانیاری لە بارەی ئەو کارەساتە و مەسەلەی چەوسانەوەی جوولەکەکان لە ئەڵمانیا و جیهان باس بکەین، لەهەمانکاتیشدا تیشک بخەینە سەر پرۆسەی هۆلۆکۆس” لەناوبردنی جوولەکەکان” و چۆنێتی دروستبوون و هۆکار و دەرهاویشتەکانی باس بکەین.
بەڵام لە سەرەتادا دەبێت وەکو هەموو رووداوێک یان کارەساتێک، لە رەگوریشەی ئەم کارەساتە بکۆڵینەوەو بە دوای پێشینە مێژووییەکەی چەوسانەوەی جوولەکەکان لە ئەوروپا بگەڕێین، چونکە گەر لە مێژووی چەوسانەوەی جوولەکەکان تێنەگەین، ئەوا ناتوانین بە باشی لە کارەرساتی هۆلۆکس بگەین. لەلایەکی ترەوە پرۆسەی لەناوبردنی جوولەکە لە ئەڵمانیا بە چەند قۆناغێک تێپەڕیوە، سەرەتاش لە رێگەی کۆمەڵێک یاساوە دەستیان کردووە بە دژایەتیکردنیان و پاشان بە لەناوبردنی تەواوەتییان. لەکۆتایشدا باسی دەرئەنجامەکانی ئەم کارەساتە دەکەین.

مێژووی چەوسانەوەی جوولەکەکان

رەگوریشەی جوولەکەکان دەگەڕێتەوە بۆ حەزرەتی پێخەمبەر ئیبراهیم و بە نەوەی ئەو دادەنرێن، ئەو پێخەمبەرەی کە یەکەمین چرای ” تاک خوادیی” راگەیاند و دژی بتپەرستی وەستایەوە. ئەوان باوەڕیان بە پەیامی حەزرەتی پێخەمبەر ” موسا” یە، کە یەکێکە لە پێخەمبەرە مەزنەکان و خاوەنی پەیامێکی پیرۆزی ئاسمانییە کە خۆی لە کتێبی ” تەورات” دا دەبینێتەوە. موسا ئەو پیاوەی کە شۆڕشێکی گەورەی لەدژی فیرعەون کرد، کە خۆی بە خودای سەر زەوی دادەنا، هەرئەمەش وادەکات کە خۆیی و هاوەڵەکانی رووبەروی سزا و راوەدوونان بکەون.
لەپاش دەرکردنیان لە میسر لەسەردەستی فیرعەون، لە ئیسرائیلی ئێستا بەتایبەتی لە ” ئۆرشەلیم، قودس” جێگری دەبن و یەکەمین دەوڵەتی ئیسرائیلی دروست دەکەن. بەڵام پاشان لەسەر دەستی “نەبوخوزنەسر” ئیمپراتۆریەتی بابلی لە ساڵی 606 پێش زاینن،ئەم مەملەکەتە دەرووخێت، لێرەشەوە تراژیدیای گەلی جوولەکە دەستپێدەکات و بەناو جیهاندا بڵاودەبنەوە. یەکەمین کۆچی زۆرەملێش لەسەر دەستی نەبوخوزنەسر ئیمپراتۆری بابلی دەسپێدەکات و بە زۆر لە ماڵو زێدی خۆیان دەردەکرێن و دەیانهێنن بۆ بابل و وەکو کۆیلەی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
پاشتریش لەسەر دەستی ئیمپراتۆری فارسی و ئاشووریی و بێزەنتیش، رووبەروی چەوسانەوە زیاتر دەبن، هەتا دەگاتە قۆناغی بڵاوبونەوەی مەسیحی لە ئەوروپا، ئیتر لێرەشەوە تراژیدیاکانی گەلی جوولەکە زیاتر دەبێت.

تراژیدیای جوولەکە لە ئەوروپا لە سەدەی ناڤینەوە تاوەکو هیتلەر

جوولەکان لە ئەوروپادا هەمیشە رووبەروی چەوسانەوەو جوداکاری گەورە دەبوونەوە، هۆکاری ئەمەش زیاتر بۆ جیاوازی ئایینەکەیان دەگەڕایەوە، ئەوان یەکەم کەمینەی ئاینی بوون لە ئەوروپا. لە سەدەکانی ناڤیندا رەوشی ژیانی جوولەکەکان بە تەواوتی خراپ بوو، زۆر لە کار و پیشە لە جوولەکەکان قەدەغەکرا، هەروەها دەستیشکرا بە ستەمکاری لەسەر جوولەکەکان و بەشێکی زۆریشان لەبەر زوڵم و ستەمی مەسیحییەکان، ناچار ئاینی خۆیان بۆ مەسیحی دەگۆڕی.
ئەم چەوسانەوە لەلایەکەوە رەگوریشەیەکی ئایینی هەبوو، چونکە زۆرجار مەسیحییەکان جوولەکەکانیان تاوانبار دەکرد بەوەی، کە ئەوان بوون حەزرەتی مەسیحیان لە سێدارە داوە، دەبێت ئێستا تۆڵەی مەسیحیان لێبکەنەوە، ئەمەش لە کاتێکدا حەزرەتی مەسیح خۆی پێشتر جوولەکە بووە.
هۆکارێکی تریش پەیوەندی بە لایەنی ئابووریەوە هەبوو، جوولەکەکان بە حوکمی ئەوەی بۆیان نەبوو زۆر پیشە و بازرگانی بکەن، ناچار تەنها خەریکی بازرگانیی و ئاڵتون فرۆشی یان پارە بە سوودان بوون ” سووخۆری” بوون، تاڕادەیەکیش بازرگانی زیرەک بوون، ئەمەش وایکرد کە لە تەواوی کۆمەڵگەکاندا بە ڕق و کینەوە سەیریان بکڕێت و هەمووکاتێکیش هەوڵدرا بیانووییەک بدۆزرێتەوە، تاوەکو پەلاماریان بددەن و دەست بەسەر سەروەت و سامانیان بگیرێت. ئەمەش لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا دووبارە بۆتەوە.

دادگاکانی پشکین و یەکەمین کۆمەڵکوژی دژی جوولەکە

لەپاش بەهێزبوونی کڵێسای پاپایی و زاڵبوونی هەژموونی بەسەر بەشێکی زۆری کیشوەری ئەوروپا، رۆژ لە دوای رۆژ ژیانی جوولەکەکان خراپتر دەبوو. لە کۆتایی سەدەی 12 دا پاپا “لویسی سێهەم” فەرمانێکی پاپایی دەرکرد، بۆ دروستکردنی دادگاکانی پشكنین، ئەمەش بە بیانووی لەناوبردنی هەندێک بۆچوونی دژە ئایینی کە زیاتر لە باشووری فەرەنسا بزووتنەوەی “کاتار” هێنایە کایەوە.
بەڵام پاشتر لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، ئەم دادگای پشكنینە سەریهەڵدا و لە هەموو کاتێکیشدا زیاتر جوولەکەکان دەبوونە قووربانی ئەو دادگایانە، بەڵام لەهەموویان خراپتر دادگاکانی پشكنینی ئیسپانیا بوو.

دادگاکانی پشکنینی ئیسپانیا

لە پاش رزگاربوونی ئیسپانیا لە چنگی عەرەبە داگیرکەرەکان لە ساڵی 1492 ، لە تەواوی مەملەکەتی ئیسپانیا دەستکرا بە راونانی جوولەکەکان، لەوکاتەدا ئەوانیان بەوە تۆمەتبار دەکرد، کە هاوکاری عەرەبە داگیرکەرەکان بوون. هەر لەوکاتەدا پرۆسەی ” پاککردنەوەی خوێنی ئیسپانیا” دەستیپێکرد، کە ئامانج لێی دەرکردنی جوولەکەکان بوو، لە ئەنجامدا نزیکەی 200 هەزار جوولەکە لە ماڵو زێدی خۆیان دەرکران و دەستیشیان گرت بەسەر سەروەت سامانیان. ئەمەش یەکەمین پرۆسەی لەناوبردنی گەلی جوولەکە بوو لە وڵاتێکی ئەوروپیدا.
ئەوەی جێگەی گاڵتەجارییە، ئەم دادگایە تەنها جوولەکە و موسڵمانەکانی نەدەگرتەوە، بگرە ئەوانیشی دەگرتەوە، کە ئایینی خۆیان لە جوولەکەوە کردووە بە مەسیحی، چونکە گوومانیان لەوە هەبوو کە بە تەواوەتی بووبێتن بە مەسیحی.
لە کاتی ئەنجامدانی دادگاکانی پشکنین لە ئیسپانیا و ئەوروپادا، بە چەندین شێوازی نامرۆڤانە و دڕندانە ، ئازاردان و ئەشكەنجەدانیان دژی خەڵکی بێ تاوان دەستپێکرد، تەنانەت لەو قۆناغەشدا، دەتوانین بڵێین قۆناغی ” داهێنانی توانا و تەکنیکی ئازاردان و ئەشكەنجەدانی مرۆڤ دەستیپێکرد. “
ئەم پرۆسەیە هەتاوەکو کۆتایی ساڵی 18 ش بەردەوام بوو. لەمەشدا جوولەکەکان قووربانی سەرەکی ئەو دادگایانە بوون.

دژایەتیکردن و لەناوبردنی جوولەکە لە روسیا

لە روسیا گەورەترین ژمارەی جوولەکەی تێدابوو، ئەمانیش وەکو هەموو جوولەکەکانی جیهان، چەندینجار رووبەروی پرۆسەی لەناوبردن و دژایەتیکردن و ستەمکاری دەبوونەوە، بەتایبەتی لە سەردەمی قەیسەر نیکۆلای دووەم، رووبەروی چەوسانەوەی زۆر بوونەوە، بە پێی ئامارەکان بێت لە نێوان ساڵانی 1881 بۆ 1914 نزیکەی دوو ملیۆن جوولەکە، روسیایان بەجێهێشت و کۆچیان بۆ ئەمریکا کرد.
هەروەها لەناو ئەدەب و فەرهەنگی روسییشدا، هەمیشە پەلامارین دەدرا و زۆرێک لە نووسەرە گەورەکانی روسیاش بۆ نموونە نووسەرێکی مەزنی وەکو دۆستۆیڤسکی، رقێکی گەورەی لە جوولەکە هەبوو، لەبەشێکی زۆری بەرهەمەکانیدا، دژایەتییەکی زەقی جوولەکەی دەکردو وێنەیەکی ناشیرین بۆ دەکێشان.
لەکاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەری روسیاشدا، رووبەروی کێشەی گەورەبوونەوە بەتایبەتی لەکاتی جەنگی ناوخۆ و رژێمی ستالیندا، قووربانی زۆریاندا. بەڵام لە هەمووی کارەساتبارتر، داگیرکردنی روسیا بوو لە لایەن ئەڵمانیای نازییەوە، کە وەکو هەموو جوولەکەکانی تری ئەوروپا، رووبەروی ترسناکترین رژێم بونەوەو ژمارەیەکی زۆریان لە ئوردوگا زۆرەملێکان و جەنەگەکاندا، گیانیان لە دەستدا. هەروەها لەسەردەمی یەکێتی سۆڤێتیشدا، بە چاوی گوومانەوە سەیردەکران و بە سیخووری ئەمریکا و ئیسرائیل دادەنران.

مێژووی دژایەتیکردنی جوولەکە لە ئەڵمانیا

زۆرکەس دەپرسێت، بۆچی ئەڵمانەکان ڕقیان لە جوولەکە بووە؟ یان بۆچی دەستیانکرد بە پاکتاوکردن و لەناوبردنیان؟ دیارە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستیمان بە زۆر کتێب دەبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا بیڵێین ئەوەیە، پرۆسەی لەناوبردنی گەلی جوولەکە لە ئەڵمانیا، پێشخانێکی مێژوویی گەورەی هەیە، کە لە ناو ئەدەب و فکر و فەرهەنگ و مێژوویی ئەڵمانیدا، پانتاییەکی گەورەی هەیە. هەروەها پرۆسەی دژایەتیکردنی جوولەکە تەنها لە سایەی حوکمی هیتلەر دەستیپێ نەکردووە بەڵکە مێژووییەکی زۆر کۆن تری هەیە.
دژایەتیکردنی جوولەکە لە مارتین لۆتەر کینگەوە بۆ ئادۆلف هیتلەر
وەکو هەموو وڵاتەكانی ئەوروپا، لە ئەڵمانیاش دژایەتیکردنی جوولەکە، رەگوریشەیەکی مێژووییی هەیە. لە کاتێکدا مارتین لۆتەر کینگ( 1483/1546) چرای ریفۆرم و چاکسازی دژایەتیکردنی حوکمی ستەمکارانەی پاپای راگەیاند، کەچی خۆشی لە پاپا خراپتر دژایەتی جوولەکەکانی دەکرد.
لە ساڵی 1540 واتە بە شەش ساڵ پێش مردنی لە وتارێکیدا بەمشێوەیە دژایەتی جوولەکەکان دەکات :
” جوولەکەکان کەسانی مووشەخۆر و خائینن، هەربۆیە پێویستە سیناگۆکەکانیان ” کڵێسا” ماڵ و قووتابخانەکانیان بسووتێنرێت و کۆمەڵگە، لێیان پاکبرێتەوە”
واتە مارتین لۆتەر بە پێنچ سەد پێش هیتلەر داوای سووتاندنی جوولەکەکانی کردووە. ئەمەش لە کاتێکدا ئەم کابرایە چرای رزگاریخوازیی و عەدالەت و دژایەتیکردنی ستەمی پاپایی هەڵکردووە.

نووسەر و فەیلەسووفانی ئەڵمانیا و جوولەکە

لە ئەڵمانیادا کۆمەڵێک فەیلەسوفی مەزن لە دایک بوون کە لە بواری فکر و فەلسەفەدا داهێنانی مەزنیان کردووە، زۆرجاریش بە حوکمی بوونی فەیلەسووفی زۆر، ئەڵمانیا بە وڵاتی فەیلەسووفان دادەنرێت.
ئەم فەیلەسووفانەش لە رێگەی کتێب و وتارەکانیانەوە، کاریگەریان بەسەر کۆمەڵگەی ئەڵمانی و جیهانیش هەبووە. دیارە لەناو ئەم فەیلەسووفانەشدا، بەشێکی زۆریان دژی جوولەکە بوون لە پێش هەموویانە نیتچە، هایدگەر ،هتد.
نیتچە پێی وابوو کە جوولەکە فکری ئەوروپی و جیرمانی پیسکردووە، چونکە ئەوان هەڵگری رۆحێکی ترسنۆکانە بوون، ئەمەش دوورە لە رۆحی شەڕەنگێزی و سوارچاکی جێرمانیی.

یەکەم جاڕدانی لەناوبردنی جوولەکە

لە سەدەی نۆزدەهەمەوە ئیتر بەشێوەیەکی ئاشكرا، رۆژ لە دوای رۆژ دژایەتیکردنی جوولەکە بووە بەشێک لە بیرکردنەوەی نووسەران و بیرمەندانی ئەڵمانیا، لە ساڵی 1879 بۆ یەکەمجار لە لایەن Friedrich Wilhelm Adolph Marr فریدریش ئادۆلڤ مار،جاڕی لەناوبردنی جوولەکەکان کرا، ئەوەش کاتێک کتێبی ” Der Weg zum Siege des Germanenthums über das Judenthum رێگای سەرکەوتنی جێرمانییەکان بەسەر جوولەکەکان ” ئەوەی جێگەی سەرنجە فریدریش ئادۆلڤ مار، کەسێکی چەپی ئانارشیستی توندڕەوبوو، هەرچەندە دەبوایە چەپەکان دژی راسیزم بن، بەڵام ئەم نووسەرە لەو کتێبەیدا داوای تەفروتوناکردنی جوولەکەکانی ئەڵمانیا دەکات و بە هۆکاری نایەکسانی دایدەنان.

رۆڵی ئایدلۆژیا بۆ لەناوبردنی جوولەکەکان

وەکو پێشتر وتمان لە سەدەی هەژدە و نۆزدە بە دواوە، ئیتر دژایەتیکردنی جوولەکە بووە، بەشێک لە بیرکردنەوەو بەرهەمی نووسەرانی ئەوروپا. لەمەشدا فکر و ئایدۆلۆژیا رۆڵێکی خراپی گێڕا، بۆ نموونە لای ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە فکری لیبڕالیزم و سەرمایداری هەبوو، جوولەکەکان وەکو کۆمۆنیست سەیر دەکران، چونکە بەشێکی زۆری سەرکردەی رەوتە چەپەکان جوولەکە بوون لەسەرو هەمووشیانەوە کارل مارکس، کە بە رابەری کۆمۆنیزم دادەنرێت. هەروەها چەپ و کۆمۆنیستەکانیش، دژی جوولەکە بوون، چونکە پێیان وابوو جوولەکە هەڵگری فکری سەرمایەدارییە، چونکە زۆربەی سەرمایەدارەکانی ئەوروپا، جوولەکە بوون. لە هەمانکاتیشدا هەڵگری فکری ئاینیش دژی جوولەکە بوون، چونکە ئەوانیان بە هەڵگری فکری ئیلحاد دادەنا، چونکە بەشێک لە فەیلەسووفە ماتریالیستەکان، جوولەکە بوون، هەروەها لە رووی ئاینیشەوە، جوولەکە بە دوژمنی مەسیحییەکان سەیر دەکران.
بەمشێوەیە بۆمان دەرەدکەوێتکە ئایدۆلۆژیا رۆڵێکی ئێجگار نێگەتیفی لە پرۆسەی لەناوبردنی گەلی جوولەکە بینی.

هاتنە سەرکاری هیتلەر و نازییەت

راستە گەلی جوولەکە چەندینجار لە سەردەستی حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی ئەوروپا و رۆژهەڵات، رووبەروی لەناوبردن بوونەتەوە، بەڵام هیچ کاتێک بەو شێوەیەی سەردەمی نازیەت، رووبەروی لەناوبردن و کارەسات نەبوونەتەوە، بگرە لەو کاتەدا نەک جوولەکەی ئەڵمانیا، بگرە لە تەواوی ئەوروپادا، رووبەروی لەناوبردنی یەکجارەکی بوونەوە. هیچ کاتێک بەو شێوەیە “بوونی” جوولەکە لە ئەوروپا و جیهان، رووبەروی نەمان نەبۆتەوە. لە هەمانکاتیشدا هیچ رژێمێکی جیهانیش، بەو شێوەیەی نازییەکان، دوژمنی جوولەکە نەبووەو لەناوی نەبردوون.
نازییەکان لە ماوەی حوکمڕانیاندا زیاتر لە 2 هەزار یاسای دژە جوولەکەیان داڕشتووە، بەناوبانگترینیان یاساکانی ” نوریبێرگ ” کە لە 15 سێپتەمبەر 1935 دا، پرۆژە یاسای نوربێرگ دەرچوو، کە بریتییە لەناوبردنی تەواوەتی جوولەکەکان لە ئەڵمانیا. دوایی بە درێژیی باسی ئەم پرۆژە یاسایە دەکەم، کە وەکو بنەمای سەرەکی بووە بۆ پرۆسەی لەناوبردنی گەلی جوولەکە لە ئەڵمانیا و جیهان.

بۆچی نازییەکان دژی جوولەکە بوون؟!

دیارە ئەمە پرسیارێکی گرنگ و پڕ بایەخە، هەتاوەکو ئێستاش مێژوونوسان و چاودێرانی سیاسی بە دوایدا دەگەڕێن، بەڵام دەتوانین لەم خاڵانەی خوارەوە کورتی بکەیەنەوە:

  1. فکری راسیزم
    نازییەت لەسەر بنەمای فکری راسیزمی ئەوروپی دارێژراوە، کە پێی وایە رەگەزی ” ئاری و سپی پێست” باشترین و زیرەکترین و ئازاترین رەگەزی مرۆڤایەتییە، تەواوی رەگەزەکانی تری مرۆڤایەتیش بە تایبەتی ” جوولەکە، خەڵکانی غەیرە ئەوروپی ” لە خوار پلەی مرۆڤییەوەن و لەناوبردنیشیان بە کارێکی باش سەیر دەکات. دیارە ئەمەش مێژوویەکی دێرینی لەناو فکری ئەوروپیدا هەیە، بەتایبەتی لە پاش هەڵمەتی کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپی، ئەمجۆرە فکرە راسیزمە نەک لە ئەڵمانیا بگرە لەتەواوی ئەوروپادا، زاڵ بووە.
  2. لایەنی ئابووری
    هۆکارێکی تری ئەم دژایتییەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە هەمیشە وەکو پێشتریش باسمانکرد، یەکێک لە هۆکارەکانی پەلاماردانی جوولەکەکان، پەیوەندی بە داگیرکردنی سەرەوت و سامانی جوولەکەکانەوە هەبووە. لەئەڵمانیا هەمیشە جوولەکەکان رۆڵی بەرچاویان لە ژیانی ئابووریدا هەبووەو کەسانی بازرگان و دەوڵەمەند و خاوەنی کۆمپانیای گەورە بوون، ئەمەش وایکردووە، هانی نازییەکان بدات، کە دەست بەسەر سەروەت و سامانی جوولەکەکان بگرن ، هۆکاری ئابووریش ، کاریگەری گەورەی هەبووە بۆ لەناوبردنی جوولەکەکان.
  3. دژایەتیکردنی کۆمۆنیست
    دیارە لەوکاتەدا جیهان بە گشتی و ئەوروپا بەتایبەتی بەسەر دوو فکری دژ بەیەک دابەشبوو بوو، کە ئەویش فکری سۆسیالیزم کە یەکێتی سۆڤێت رابەری دەکرد، لەگەڵ فاشیزم و نازیەت کە ئەڵمانیا و هیتلەر رابەرێتی دەکرد، لە ئیتالیا مۆسۆلینی فاشیست و ئیسپانیاش فرانکۆی دیکتاتۆر حوکمی دەکرد، لە تورکیاش کەمالیستە فاشیستەکان بوون. هەمیشە نازییەکانیش فکری کۆمۆنیست و بەلشەفیزمیان وا پیشانی خەڵکی دەدا، کە فکرێکی جوولەکەیە، چونکە بەشێکی زۆری سەرکردەکانی رەوتی کۆمۆنیستی و بۆلشەفییەکان، جوولەکە بوون. ئەمەش هۆکارێکی تری ئەو دژایەتییە بوو.
  4. ئایین
    وەک پێشتریش ئاماژەم پێکرد، ئایینی مەسیحی رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە دژایەتیکردنی جوولەکەکان، زۆرێک لە زانا ئایینیەکان، جوولەکەکانیان بە دوژمن دادەنا لەسەرو هەمووشیانەوە مارتین لۆتەر کینگ، هەروەها کڵێسای کاتۆلیکیش پشتگیری نازییەکانی دەکرد و دژی جوولەکەش بوو.

    پانۆرامای دژایەتیکردن و لەناوبردنی جوولەکە

    دیارە لەگەڵ دەستبەکاربوونی هیتلەرەوە لە 30،01.1933 هەتاوەکو کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی لە ساڵی 1945، پرۆسەی لەناوبردنی جوولەکە بەردەوام بوو. لێرەدا هەوڵ دەدەین بە کورتی باسی گرنگترین رووداوە گرنگەکان بکەین، بۆئەوەی بە باشی لە چۆنێتی بەرێوەچوونی ئەو پرۆسەیە تێبگەین.

    ئادۆلف هیتلەر دەبێتە راوێژکاری ئەڵمانیا

    لە 30.01.1933 ئادۆلف هیتلەر دەبێتە راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەم رۆژەش یەکێکە لە رۆژە ناخۆش و کارەسات ئامێزەکانی جوولەکە لە ئەڵمانیا و جیهان، چونکە لێرەوە پیاوێکی دڕندە دەسەڵات لە یەکێک بەهێزترین وڵاتی ئەوروپا دەگرێتە دەست، کە پاشتر بە زەبری هێزی سەربازی، هەموو ئەوروپاش دەگرێت و ژیانی جوولەکەش دەکاتە دۆزەخێکی گەورە. هاتنە سەرکاری هیتلەر، سەرەتای کارەساتە گەورەکەیە.

    سوتاندنی ” رایشتاگ ” پەرلەمان

    هیتلەر و پارتەکەی هیچ باوەڕیان بە دیموکراتی نەبوو، بگرە بۆ ئەوان دیموکراتی تەنها پردێک بوو بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، ئەوان هەموو پارتەکانی ئەڵمانیایان بە دوژمنی خۆیان دادەنا. نازییەکان تەنها مانگێکیش بەرگەی دیموکراتیان نەگرت و هەوڵی لەناوبردنی ئەو پردەیان دا، کەپێیدا پەڕینەوە بۆ دەسەڵات. لە 27.02.1933 واتە تەنها 27 رۆژ دوای دەسەڵات گرتنە دەستی هیتلەر، نازیەکان “رایشتاگ، پەرلەمانی ئەڵمانیا ” سوتاندیان، ئەمەشیان کردە بیانوییەک بۆ تاوانبارکردنی گەورەترین دوژمنیان کە پارتی کۆمۆنیست بوو، نازییەکان، کۆمۆنیستەکانیان بە سوتاندنی پەرلەمان تاوانبار کرد، ئەوەبوو بۆیەکەمجار دەستیانکرد بە هەڵمەتێکی راونان و دەستگیرکردنی بەشێکی زۆری ئەندام و لایەنگرانی پارتی کۆمۆنیست، ئەمەش سەرەتای هەڵمەتی راونانی نەیارانی نازیی بوو، دواتر خەڵکی تریشی گرتەوە.

    قەدەغەکردنی پارتی کۆمۆنیست

    هەر لە سەرەتاوە هیتلەر لە هەموو لێدوانەکانیدا، دەیوت: ” دوژمنی یەکەمی نازییەت، کۆمۆنیستە”. کاتێکیش هاتە سەر دەسەڵات، یەکەمین کاریان، دانانی پیلانێکی تۆکمە بوو بۆ راونان و دەستگیرکردنی کۆمۆنیست و چەپەکان بوو. ئەوەبوو بە فەرمی لە 8.3.1933 پارتی کۆمۆنیستی قەدەغە کرد و کەوتە راونانی ئەندام و لایەنگرانی پارتی کۆمۆنیست. لەوکاتەدا پارتی کۆمۆنیست 81 ئەندام پەرلەمانی هەبوو، ئەوانیشیان دەستگیر کرد. هەڵمەتی رەشبگیریی و راونان کەسانی چەپ و کۆمۆنیتس هەموو ئەڵمانیان گرتەوە. ئیتر لێرەوە نازییەکانی رووی راستەقینەی خۆیان دەرکەوت، لێرەشەوە هەڵمەتی لەناوبردنی نەیارانیان، بووە بەرنامەی سەرەکییان. هەربۆیە زۆرێک لە مێژوونوسەکان دەڵێن: سەرەتای کۆمەڵکوژی نازییەکان بە کۆمۆنیستە ئەڵمانیەکان دەستیپێکرد.

    دانانی یەکەمینئۆردووگایزۆرەملێ

    لەگەڵ دەستبەکاربوونی نازییەکان، چۆنێتی دەستگیرکردن و ئازاردان و ئەشكەنجەدان و کوشتنی نەیارانیان، بەرنامەی سەرەکیان بوو. سەرەتای ئەم بەرنامەشیان بە کۆمۆنیستەکان دەستیان پێکرد، کاتێک کە دەسەڵاتیان گرتە دەست، یەکسەر دەستیانکرد بە راونان و دەستگیرکردن، هێندە خەڵکیان دەستگیرکرد، کە زیندانەکان پڕکرابوون، بۆیە بۆیەکەمجار بیریان لە دروستکردنی “ئۆردووگایزۆرەملێ یان زیندانی گەورە” کردەوە، یەکەمجاریش ئەمئۆردووگای کوشتنن و ئەشکەنجەدانەیان، بۆ کۆمۆنیستەکان دانا، دواتریش جوولەکە و خەڵكی تریش بوونە میوانی ئەمئۆردووگایمەرگهێنە.
    ئەوەبوو لە 20.3.1933 ، لە شارۆچکەی داخاو لە نزیک میونشن لە باشووری ئەڵمانیا، یەکەمینئۆردووگایزۆرەملێی گەورەیان دروستکرد، کەپاشتر ناویئۆردووگای” داخاو” یان لێنا، کە ئەمیش ناوبانگێکی زۆر خراپی وەکو ئاوسشڤیتس هەبوو. ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ دورستکردنی ئورودگای هاوشێوەی، بۆ دوژمنانی تری نازیەت، لە پێش هەمووشیانەوە جوولەکەکان.

    دەسەڵاتی رەها

    خاڵێکی گرنگی تر کە زۆرێک لە مێژوونوسانی ئەڵمانیا و جیهانیش بە سەرەتای دەسەڵاتی دیکتاتۆری هیتلەری دادەنێن، بەخشینی دەسەڵاتی رەها بە هیتلەر و حکومەتەکەی لە لایەن پەرلەمانەوە. لە 23/3/1933 پرۆژە یاسای ” Ermächtigungsgesetz” لەلایەن پەرلەمانی ئەڵمانیاوە بە زۆریەنی دەنگ پەسەند کرا، تەنها سۆسیال دیموکراتەکان دژی ئەم یاسایە وەستانەوە. بە پێی ئەم پرۆژە یاسایە بێت، هیتلەر و حکومەتەکەی دەسەڵاتی تەواویان پێ بەخشرا کە یاسا و سیاسەتی حکومی بگرنە بەر، بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان و سەرۆکی وڵات، ئەمەش مانای بەخشینی دەسەڵاتی دیکتاتۆری بوو بە هیتلەر، یان وەکو مێژوونوسان دەڵێن : مەدالیایەک وا بوو، کە لە لایەن پەرلەمانتارە ئەڵمانەکانەوە کرایە ملی هیتلەرەوە. ئیتر لێرەوە هیتلەر دەسەڵاتی تەواوەتی وەرگرت، بووە میرغەزەبی ئەڵمانیا و ئەوروپا. دەتوانم بڵێم سەرەتای هەموو کارەساتەکانی ئەوروپاو جیهان، لەم بڕیارەی پەرلەمانی ئەڵمانیاوە دەستیپێکرد.

    یەکەمین هەوڵ و پەلاماردانی جوولەکە لە لایەن نازییەکانەوە

    لەپاش کۆمۆنیستەکان ئینجا هیتلەر و نازییەکان، کەوتنە گیانی دووەم دوژمنیان کە ئەوانیش جوولەکەکان بوون. سەرەتای هەڵمەتی لەناوبردنی جوولەکە بە سیاسەتی ” “Boykott-Aktionen”، بایکۆت ئەکسیۆن” دەستیپێکرد، لە 1.4.1933 ، ئەم هەڵمەتە دەستیپێکرد. مەبەست لەم سیاسەتە، بایکۆتکردنی هەموو شتێکی جوولەکە بوو، لە دوکان و بازاڕ و شـمەک، دواتریش بایکۆتکردنی دکتۆر و پارێزەری جوولەکەی گرتەوە، ئەمەش بەسەرەتای دەستپێکردنی سیاسەتی راسیزمانەی هیتلەر لە دژی جوولەکە دادەنرێت.

    دەرکردنی کارمەندی جوولەکە لە دەزگاکانی دەوڵەت

    دووەمین سیاسەتی راسیزمانەی هیتلەر بە دەرکردنی کارمەندە حکومییە جوولەکەکان دەستیپێکرد،لە 7.4.1933 واتە هەفتەیەک پاش سیاسەتی “Boykott-Aktionen”،بایکۆتکردن، ئینجا دەستی بە پاکتاوکردن و دەرکردنی جوولەکەکان لە دامودەزگا حکومییەکان دەستیپێکرد. لێ ئەوەی سەرنجە، هەر لەپاش دەرکردنی جوولەکە، ئینجا دەستیکرد بە دەرکردنی نەیارە سیاسییەکانی لە پێش هەموویانەوە” کۆمۆنیست و سۆسیال دیموکراتەکان” کە لە ناو دامودەزگا حکومییەکاندا رۆڵیان هەبوو. بەمەش هەموو دەنگێکی ناڕەزایی لەناو ئەڵمانیادا لەناوبرد و رێگا خۆشكرا، بۆ گرتنە بەری، سیاسەتی راسیزمانە بەرامبەر بە جوولەکە و هەموو گەلانی تری ئەوروپا.

    رێگرتن لە چوون بۆ لای دکتۆری جوولەکە

    هەمیشە سیاسەتەکانی فاشیست و راسیزمانە، مۆرکێکی شێتانەی پێوە دیارە، هۆکەشی ئەوەیە ئەوان تەنها بیریان لە دژایەتیکردن و لەناوبردنی نەیارانیان دەکەنەوە بەهەموو شێوەیەک، لە درێژەی سیاسەتە راسیزمەکانی نازییەکان، لە 22.4.1933 سیاسەتی رێگرتن بوو لە خەڵكی بۆئەوەی سەردانی دکتۆری جوولەکە بکەن. دیارە جوولەکەکانی ئەڵمانیا بەشێکی زۆریان خوێندەوار بوون و کۆمەڵێک پیشەی گرنگی وەکو پارێزەریی و دکتۆری زۆریان هەبوو، بەڵام نازییەکان چاویان بەهیچ شێوەیەک جوولەکەی نەدەبینی، بۆیە هەموو شتە جوانەکانی ئەوان، لای ئەوان ناشیرین بوو.

کتێب سووتاندن

لە 10.5.1933 نازییەکان لە سەعات 10 شەو نزیکەی 70 هەزار ئەندام و لایەنگری خۆیان لە مەیدانەکانی بەرلین کۆکردەوەو نزیکەی 20 هەزار کتێبیان سووتاند. دەستیانکرد بە هەڵمەتی سووتاندنی ئەو کتێبانەی کە لەگەڵ بیر و هزری نازیەت نایەتەوە، لە پێش هەموویانەوە هزری سۆسیالیزم وکۆمۆنیزم و دیموکراتی و لیبڕاڵی. هەروەها کتێبی هەموو ئەو نووسەرانەش کە جوولەکە بوون.
جێگەی ئاماژەیە لە سەدەی نۆزدەدا واتە سەدەیەک پێش هاتنی نازییەکان، شاعیری ناسراوی ئەڵمانیا ” هاینریش هاینە ” 1797 لەدایک بووەو 1856 کۆچی دواییکرد” لە وتەیەکیدا دەڵێت: لەهەرشوێنێک کتێب بسووتێنرێت، پاشتر مرۆڤیش دەسووتێنرێت”. ئەم وتەیەی ئەم شاعیرە ئەڵمانیییە لەگەڵ نازییەکان راست دەرچوو، لێ کێشەکە لەوەدابوو، لەوکاتەدا ئەڵمانەکان گوێیان بۆ شاعیرە مەزنەکەیان نەگرت، بەڵکە گوێیان تەنها وتە و قسەکانی هیتلەر و پیاوەکانی دەبیست.

لەناوبردنی جوولەکە لەناو کوولتوری ئەڵمانیا

نازییەکان پێش ئەوەی بیر لەناوبردنی جەستەیی جوولەکەکان بکەنەوە، بە هەوڵی لەناوبردنی جوولەکەیان لەناو کوولتوری ئەڵمانیا دەستپێکرد، هەمیشە جوولەکەکان لە بواری ئەدەب و فکر و فەلسەفە و هونەر و موزیک و سینەمادا رۆڵی بەرچاویان هەبوو، ئەمەش بە دڵی نازییەکان نەبوو. هەربۆیە لە 22.9.1933 پرۆسەی لەناوبردنی جوولەکە لەناو کولتووری ئەڵمانیا دەستیپێکرد. خوێندنەوەی کتێب و نووسینی جوولەکە، فیلمی سینەمایی، شانۆ، موزیک و گۆرانی، هەموو شتێکی هونەری کە سیمای جوولەکە پێوە بوایە، قەدەغەکرا، ئەمەش قۆناغێکی ترسناکی تری پرۆسەی پاکتاوکردنی جوولەکە بوو لە ئەڵمانیا.

جیاکردنەوەی منداڵانی جوولەکە لە ناو قووتابخانەکان

یەکەمین کاری راسیزمەکان، گرتنەبەری سیاسەتی جوداکارییە، یان وەکو دەڵێن سیاسەتی ” ئێمە و ئەوان” بوو، نازییەکانیش بەم سیاسەتە دەستیانپێکرد. لە 10.9.1935 نازییەکان بڕیاریاندا کە لە قووتابخانەکان و زانکۆ و پەیمانگەکان، سیاسەتی جیاکاری رەگەزی پێڕەو بکەن، ئەوانەی ئەڵمانی رەسەن نین، دەبێت جیابکرێنەوە، ئامانجی سەرەکیش جیاکردنەوەی منداڵ و خوێندکارە جوولەکەکان بوو. ئەمەش سەرەتای سیاسەتی جوداکاریی بوو.

یاساکانی نورنبێرگ


لە 15.9.1935 لە شاری نوربێرگ کە یەکێک بوو لە مۆڵگەکانی بیری نازیەت، یاساکانی ” رەگەزی ئەڵمانی” دانرا. ئامانج لەم سیاسەتانەش پاکردنەوەی خوێنی ئەڵمانی بوو لە ناو ئەڵمانیا، مەبەستی سەرەکیان جوولەکەکان بوو. بە پێی ئەو یاسایانە، نەدەبوو هیچ ئەڵمانییەک خێزان لەگەڵ جوولەکە دروست بکات، نابێت بە هیچ شێوەیەک تێکەڵاوییەک لەنێوان رەگەزی ئەڵمانیی و جوولەکە هەبێت . پاشتریش رایش تاگ ” پەرلەمان” رەزامەندی لە سەر یاساکان دەربڕی و بوو بە یاسای دەوڵەت.
ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە دواتر لەپاش رووخانی رژێمی نازی، لەم شارەدا، بەرپرسە گەورەکانی رژێمی نازی، دادگایی کران کە دواتر بە ” نوربێرگە پرۆسێس” دەناسرێت.

دەرکردنی ئەو کارمەندانەی کە خێزانیان جوولەکەیە

جوولەکە بووبوە مۆتەیەک بەسەر گیانی نازییەکانەوە، هەرشتێک بۆنی جوولەکەی لێبهاتایە، ئەمان زۆر شێتانە دەکەوتنە دژایەتیکردنی. یەکێکی تر لە سیاسەتە شێتانەکانیان دژی جوولەکە، لە 27.1.1937 دا، سیاسەتی دەرکردنی ئەو کارمەندانەی کە خێزانیان جوولەکەیە دەرکرد. هەرکەسێک مێرد یان ژنەکەی جوولەکە بوایە، لە دامودەزگا حکومییەکان دەردەکرد.

ئورودوگای زۆرەملێی بوخنڤالد

نازییەکان ئەڵمانیایان کردبووە زیندانی گەورە بۆ جوولەکە و نەیارانیان. دروستکردنی زیندانی گەورەوئۆردووگایزۆرەملێ، بووبوە سیما و ئامانجی سەرەکی سیاسەتەکانیان، دەتوانم بڵێم نازییەکان لە رووی دەروونییەوە زۆر نەخۆش بوون و کەسایەتی سادییان هەبوو، جێژێکی زۆریان لە ئازارادن و ئەشکەنجەدانی نەیارانیان دەبینی. لە 16.10.1937ئۆردووگایزۆرەملێ بوخنڤالدیان دروستکرد، سەرەتا ئەم شوێنە وەکو زیندانێکی گەورە وابوو، زیاتر بۆ کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکان بوو، دواتر جوولەکەکانیشیان بۆ هێنا. لە ساڵی 1938 دا نزیکەی 18 هەزار زیندانی تێدابوو، کە سێ چارەکیان جوولەکە بوون. لە ساڵی 1937 ەوە تاوەکو 1945 دا نزیکەی 240 هەزار زیندانی تێدابوو، هەروەها نزیکەی 45 هەزار جوولەکەش لەم زیندانەدا کوژران.

راکردن و ئاوارەبوونی جوولەکەکان

لە ساڵی 1933 ەوە هەتاوەکو ساڵی 1937 بەهۆی سیاستەکانی نازییەکانەوە جوولەکەکان هەستیان بەترسێکی گەورە کردبوو، بۆیە بەشێکی زۆریان وڵاتیان جێهێشت، بەتایبەتی ئەوەی رەوشی ئابووری زۆر باشبوو یان لە رووی هۆشیاری سیاسییەوە، زوو دەرکی بە ترسی رژێمی نازییەکان کردبوو، هەربۆیە بیریان لە بەجێهێشتنی وڵات و دەربازکردنی خۆیان کردەوە. لە ساڵی 1933 ەوە هەتاوەکو 1937 نزیکەی 120 هەزار جوولەکە ئەڵمانیای جێهێشت. لەوکاتەشدا باشترین شوێن، ئەمریکای باکوور و باشوور بوو.



جوولەکە بۆی نییە ئۆتومبێل لێبخورێت


سیاسەتی راسیزمانە هەموو کون و قوژبنێکی ژیانی گرتەوە، ئەوەبوو کەرتی گواستنەوەشی گرتەوە، لە 3.12.1938 دا نازییەکان بڕیاریاندا کە نابێت جوولەکەکان مۆڵەتی شۆفێریان پێبدرێت و ئۆتۆمبیل لێبخوورن. ئەوەشی ئۆتۆمبیلی هەبوو ، گەر شانسی هەبوایە دەستی بەسەردا نەگیرابێت، ئەوا ناچار دەبوو یان بیفرۆشێت یان بیبەخشێتە ئەڵمانییەکی مەسیحی.

جوولەکە بۆی نییە هاتووچۆی گشتی بەکاربهێنێت

هەر پاش سێ رۆژ واتە لە 6.12.1938 دا، بۆ جوولەکەکان نەبوو سواری هەموو پاس و بانێکی ئەڵمانی ببن و تێکەڵی خەڵكی ببن، ئەوەبوو بڕیاریان دا لە بەرلین تراموای” بان” تایبەت بە جوولەکەیان دانا. هەروەها دەبوو نیشانەیەک بکەنە قۆڵی راستیانەوە کە ئەستێرەکەی داوود بوو، بۆئەوەی خەڵكی بزانێت ئەو کەسە جوولەکەیە، ئەمەش زیاتر بۆ جیاکردنەوەیان لە خەڵکی و هەروەها بۆئەوەی بیانکاتە نیشانەیەکی باش تاوەکو لە کووچە کۆڵانەکاندا، نازییەکان پەلاماریان بددەن.

هیتلەر هەڕەشەی لەناوبردنی تەواوی جوولەکەی ئەورپا دەکات

بۆیەکەمجار لە 30/1/1939 لە وتەیەکیدا لەبەردەم ئاپۆرەی هەوادارانی ئادۆلف هیتلەر هەڕەشەی لەناوبردنی رەگەزی جوولەکە لە تەواوی ئەوروپا دەکات. پاشتریش ئەم وتەیەی بردە سەر و بووە دێوەزمەیەکی گەورە بەسەر ژیانی تەواو جوولەکەکان و ملیۆنان جوولەکەی ئەوروپای لەناوبرد.



دەستگرتن بەسەر ماڵی جوولەکەکان دا

وەکو لەپێشیشدا ئاماژەم پێدا بەشێکی زۆری جوولەکەکان خاوەنی سەروەت و سامانی زۆربوون، ئەمەش هاندەرێکی گەورە بوو بۆئەوەی نازییەکان دەست بەسەر خانوو موڵک و ماڵیاندا بگرن، دواتریش بووە بەشێکی سەرەکی لە سیاسەتەکانی نازییەکان نەک لە ئەڵمانیا بگرە لە تەواوی ئەوروپا پێڕەویان لەم سیاسەتە کرد. بۆ یەکەمجاریش لە 30.4.1939 نازییەکان بڕیاریاندا دەست بەسەر ماڵی جوولەکەکان بگرن، لەسەر دیواری ماڵەکانیان دەنووسی” ماڵی جوولەکەیە” لە لایەن حکومەتەوە دەستی بەسەردا گیرا. زۆرجاریش وەکو دیاری دەبەخشرایە بەرپرسە سەربازیی و سیاسییەکان. هەروەها لە تەواوی ئەڵمانیاش خانوو کرێدان بە جوولەکە قەدەغەکرا.
جێگەی ئاماژەیە ئەرمەنیەکانیش کاتێک لەلایەن دەسەڵاتدارانی توکیا هەوڵی پاکتاوکردنیان درا، سەرەتا دەستیان بەسەر سامان و موڵک و خانوەکانیان گرت. لە زۆر رووشەوە نازییەکان ئیلهامیان لە تورکەکان وەردەگرت، پاشتر زیاتر ئەم خاڵە روون دەکەمەوە.

پەلاماردانی پۆلۆنیا

پۆلۆنیا یەکێکە لە دراوسێکانی ئەڵمانیا و هەمیشە بەر هێرش و پەلاماری ئەڵمانیا و روسیا کەوتووە، داگیرکردنی پۆڵۆنیاش یەکێکە لە قۆناغە مێژووییە گرنگەکانی ئەڵمانیا و ئەوروپا و جیهانیش، چونکە ئیتر لێرەوە زەنگی جەنگی دووەمی جیهانی لێدرا. هەروەها ژمارەیەکی زۆری جوولەکەش لەم وڵاتەدا دەژیان، کە دواتر بەشێکی زۆریان لەناوبران. لە 30.9.1939 سوپای ئەڵمانیا پەلاماری پۆلۆنیای دا، لە ئەنجامدا 460 هەزار سەربازی پۆلۆنی دستگیرکرا، لەناو ئەمانەشدا نزیکەی 60 هەزرا پۆلۆنی جوولەکەی تێدابوو، هەرزوو جوولەکەکان لەوانی تر جیاکرانەوەوئۆردووگایتایبەتیان بۆ دانان و بەشێوازێکی زۆر خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکردن.

ئۆردووگای مەرگی ئاوسشڤیتس

ئۆردووگای ئاوسشڤیتس یەکێکە لە سیمبۆڵەکانی دڵرەقیی و دڕندەیی و نامرۆڤی نازییەکان. لەم شوێنەدا بڕیاری کۆتایی لەسەر مان ونەمانی جوولەکەکان دەدار. شارۆچکەی” Oswiecim ” پۆلۆنیا کە دواتر نازییەکان داگیری دەکەن، ناوەکەی دەگۆڕن بۆ ” Auschwitz ئاوسشڤیتس” لە 10 ڤیبراوەری 1940 بە بڕیاری هاینریش هیملەر وەزیری ناوخۆ و گەورە بەرپرسی نازییەکان،ئۆردووگای ئاوسشڤیتس بۆ لەناوبردنی جوولەکەکان دروست دەکرێت.

لەم ئۆردووگایەدا بەشێکی زۆری جوولەکەکان لە ئەڵمانیا و ئەوروپا کۆدەکرێنەوەو بە دڕندەترین شێوە هەوڵی لەناوبردنیان دەدەن. هەر لێرەش کوورەی سووتاندنی جوولەکەکان دروست دەکرێت، لەهەمانکاتیشدا جوولەکەکان وەکو کۆیلە کاری زۆرەملێیان پێدەکرێت و زۆرجاریش وەکو ئامڕازێک بەکاردەهێنرێت بۆ تاقیکردنەوەی چەک و دەرمانی هەمەجۆر. لەم ئۆردووگایەدا نزیکەی 1.5 بۆ 2 ملیۆن جوولەکەی ئەڵمانیا و ئەوروپا بە دڕندەترین شێوە لەناوبران.



گەورەترین ئۆردووگای لەناوبردنی مرۆڤ لە مێژوودا

ئۆردووگای ئاوسشڤیتس گەورەترین ئۆردووگای لەناوبردنی جوولەکەکان بوو، کۆی گشتی رووبەری دەگەیشتە 40 کم چوارگۆشە و لە سێ ئۆردووگای سەرەکی و 45 سەربازگەی لاوەکی پێکدەهات. لە تەواوی ئەوروپاوە بە شەمەندەفەر جوولەکەیان کۆدەکردەوەو دەیانهێنایە ئەم ئۆردووگایەوەو پاشان بە دڕندەترین شێوە لەناویان دەبردن.
ئەم ئۆردووگایەش لە کۆمەڵێک بەشی جیاواز پێکهاتبوو: ژووری گاز و سووتاندنی جوولەکە. هەروەها بەشێکی زۆری ئوردوگاکەش بۆ کاری زۆرەملێ بەکاردەهات و جوولەکەکان لە ژێرباری رەوشێکی زۆر خراپدا، وەکو کۆیلە کاری هەمەجۆریان پێدەکرا، بەشێکی زۆری کارگەکانی بواری چەکسازی و ئوتومبیل و دەرمانسازیی و ئاسن و پۆڵاش، جوولەکەیان بەکاردەهێنا و کاری زۆرەملێیان پێ دەکردن.

لەم ئۆردوگایەدا بەچەندین شێوازی دڕندانە هەوڵی لەناوبردنی جوولەکەکان دەدرا. زۆربەی مێژوونوسان پێیان وایە، لە مێژوودا وێنەی ئاوسشڤیتس نییە، هیچ کاتێک ئۆردووگایەک بەو شێوە دڕندەییە و بەو رووبەرە گەورەیە، بۆ لەناوبردنی مرۆڤ دانەنراوە.

ئاوسشڤیتس وەکو شوێنێک بۆ لەناوبردنی جوولەکەی ئەوروپا

ئۆردووگای ئاوسشڤیتس وەکو شوێنێکی سەرەکی وابوو بۆ لەناوبردنی جوولەکەی ئەوروپا، لە تەواوی ئەوروپادا بە شەمەندەفەر جوولەکەیان دەهێنایە ئەم ئۆردووگایەوە، بە پێی ئەو ئامارانەی کە پاشتر دەرکەوتن، زۆرترین ژمارە بەر جوولەکەکانی هەنگاریا کەوتوون و ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 426 هەزار کەس ، لەم ژمارەیەشدا نزیکەی 320 هەزاریان لە ژووری گازدا لەناوبراون و 110 هەزاریشیان بەهۆی رەوشی خراپی ژیانیان لە بەشی کاری زۆرەملێدا مردوون.
لە پاش ئەوانیش جوولەکەکانی پۆلۆنیا دێن و دەگەنە نزیکەی 300 هەزار، پاشان 69 هەزاری فەرەنسا، 60 هەزاری هۆڵەندا، 55 هەزاری یۆنان.



یەکەم هەوڵی بەکارهێنانی گاز بۆ لەناوبردنی جوولەکەکان

یەکێک لەو شێوازە دڕاندانەی کە نازییەکان بۆ لەناوبردنی جوولەکەکان گرتیانەبەر، بەکارهێنانی گازی کیماویی بوو، کە پاشتر بە ” ژووری گاز” ناوبانگی دەرکرد. تێیدا قووربانیان لە ژوورێکی قەباتدا دادەنا و پاشان گازیان بەسەردا دەڕشتن. لەوکاتەشدا گازی ” زیکلیۆن بی” یان بەکاردەهێنا. بۆیەکەمجاریش لە 30.09.1941، ئەم ژوورە و گازە لە دژی کۆمەڵێک دیلی جەنگی یەکێتی سۆڤێت و زیندانی نەخۆشدا بەکارهێنرا. دواتریش ئیتر ژووری گاز بووە میتۆدێکی سەرەکی، بۆ لەناوبردنی جوولەکەکان.

جوولەکەیەک گازی ژەهراوی بۆ لەناوبردنی گەلەکەی دەدۆزێتەوە

چەند کەسایەتییەکی جوولەکە لە زۆر وێستگەدا یارمەتی گەورەی نازییەکانی بکوژیان داوە، یەکێک لەو کەسانەش “فریتس هێبەرە” کە زانایەکی کیمیایی جوولەکە بوو، گازی ” زیکلۆن بی” داهێنا و دواتریش بەو گازە ملیۆنان جوولەکە لەناوبران.
” Fritz Haber، لەساڵی 1864 لەدایک بووەو لە 1934 کۆچی دواییکردووە” هێبەر،یەکێکە لە زانا گەورەکانی بورای کیمیا لە ئەڵمانیا و ساڵی 1918 خەڵاتی نۆبڵی بۆ کیمیا وەرگرت. لە ساڵانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە دۆزینەوەی گازی ژەهراویی کە سووپای ئەڵمانیا لە دژی نەیارانی بەکاردەهێنا، بەتایبەتی گازی ” زیکلۆن بی “. دواتریش کۆمپانیای ” Degesch،دێگشا” دامەزراند، ئەم کۆمپانیایەش گازی ” زیکلۆن بی” بەرهەمهێنا، کە بۆ لەناوبردنی جوولەکەکان لە ئورودگاکاندا بەکاردەهێنرا.

لەناوبردنی جوولەکەکانی ئەوروپا

لە پاش داگیرکردنی تەواوی خاکی ئەوروپا، ئینجا پرۆسەی لەناوبردنی جوولەکە بە چڕی دەستیپێکرد، ئیتر هیتلەر و هاوەڵەکانی، دەستیانکرد بە جیبەجێکردنی خەونە نەگریسەکانیان و هەڵمەتی گەورە بۆ لەناوبردنی جوولەکە لە ئەوروپا دەستیپێکرد، هەتاوەکو کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی بەردەوام بوو. دیارە هەتاوەکو ئێستا کۆمەڵێک ئاماری جۆراجۆر دەکرێت لە بارەی ژمارەی ئەو جوولەکانەی کە لە ناوبراون، بەڵام زۆربەی سەرچاوەکان باس لە کوشتن و لەناوبردنی زیاتر لە 6 ملیۆن جوولەکە دەکەن.
چوار ملیۆنیان لەناو ئوردوگا زۆرەملێکان لە ژوورەکانی گاز و کوورەی ئاگرین کوژراون، یان بەهۆی نەخۆشیی و خراپی رەوشی ژیان لە ئوردوگاکانی کاری زۆرەملێدا گیانیان لەدەستداوە. هەروەها نزیکەی 2 ملیۆن جوولەکەش بەهۆی جەنگەکەوە گیانیان لە دەستداوە. بەڵام هەندێک سەرچاوەی جوولەکە و ئیسرائیلی باس لە 10 بۆ 11 ملیۆن جوولەکە دەکەن، کە گیانیان لەدەستداوە.
بەهەرحاڵ ژمارەکە هەرچەند بێت، گرنگ ئەوەیە ملیۆنان جوولەکە تەنها لەبەرئەوەی جوولەکە بوون، هەڵمەتێکی گەورە بۆ لەناوبردن و سڕینەوەیان لە ژیان، لەلایەن نازییەکانی کراوە. هەروەها ژیانیان لە ماوەی حوکمڕانی نازییەکان، دۆزەخێکی گەورە بووەو هیچ کاتێکیش جوولەکە لەئەوروپادا، بەوشێوە دڵڕەقیی و دڕندانەیە، مامەڵەیان لەگەڵدا نەکراوە.
لەمێژووشدا تەنها کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان، دەگاتەوە ئاستی تراژیدیای جوولەکەکان، هەربۆیە زۆر لە مێژوونوسان دەڵێن: نازییەکانی ئەڵمانیا ئیلهامی کوشتنی جوولەکەکانیان لە تورکە فاشیستەکانەوە بۆ هاتووە.

نازییەکان ئیلهام لە تورکە فاشیستەکان وەردەگرن

بەپێی زۆرێک لە مێژوونوسان بێت، نازییەکان لە زۆر رووەوە هۆگری رژێمەکەی مستەفا کەمال بوون، بەتایبەتی لە بواری لەناوبردنی کەمە نەتەوەکان. بۆ نموونە نووسەر و مێژوونوسی ئەڵمانی ” سیگفرید لیشتنشتێدەر” لە ساڵی 1926 دا لە کتێبی ” Antisemitica ” دا دەڵێت: پێویستە ئێمە چاو لە ئەزموونی تورکەکەکان بکەین، چۆن ئەوان توانیان ئەرمەنەکان لەناوببەن، ئێمەش دەبێت بەهەمانشێوە، جوولەکەکانی ئەڵمانیا و ئەوروپا لەناوببەین و وئەڵمانیا پاکبکەینەوە.
هەموو سەرچاوە مێژووییەکانیش باس لەوە دەکەن، کە لە رووی شێوازی کۆکردنەوەو پاشان کوشتن و لەناوبردن، نازییە ئەڵمانەکان، سوودیان لە میتۆدی تورکەکان بۆ لەناوبردنی ئەرمەنییەکان وەرگرت.
لەلایەکی ترەوە زۆر مێژوونوس دەڵێت: گەر مرۆڤایەتی رێگری لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان لەلایەن تورکە فاشیستەکانەوە بگرتایە، بەدڵنیاییەوە جوولەکەکانیش کۆمەڵکوژ نەدەکران. هەندێكی تر پێیان وایە، کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان بە سەرەتای قۆناغی هۆلۆکس دادەنێن، چونکە جیهان لەبەردەم کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان بێدەنگ بوو، بۆیە نازییەکانیش هەمان تاوانیان دووبارە کردەوە. هیتلەرتیش لە وتەیەکیدا دەڵێت: هەروەک چۆن جیهان لەبەردەم کۆمەڵکوژی ئەرمنییەکان لەسەر دەستی تورکەکان بێدەنگ بوو، بەهەمانشێوە لەبەردەم کۆمەڵکوژی جوولەکە بێدەنگ دەبێت.

بۆچی گرنگە باسی هۆلۆکۆس بکەین

لەوانەبێت زۆرکەس بپرسێت ئێمە چ پەیوەندییەکمان بە کۆمەڵکوژی جوولەکەوە هەیە؟ یان بڵێن ئەو رووداوە 70 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە چ پەیوەندی بە ئێستاوە هەیە؟
هەموو نەتەوەیەک ئەو قسانە بکات نابێت کورد ئەو قسانە بکات، چونکە هەمووکاتێک تاوەکو ئەمڕۆش ئێمەی کورد رووبەروی جینۆساید بووینەتەوە. هەروەها ئێمەش وەکو جوولەکە و ئەرمەنییەکان، رووبەروی جینۆساید بووینەتەوە، لەبەرئەوە لەناوبردنی عەقڵیەتی کۆمەڵكوژی گەلان، سوودی بۆ ئێمەی کوردیش دەبێت،لەهەمانکاتیشدا گرنگە ئێمە بزانین چۆن گەلی جوولەکە توانی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە رووبەروی بوونەوە، سوودی لێوەربگرن بۆ داهاتووی گەلەکەیان. ئێمەی کورد هەمیشە دەبێت دژی هەموو کۆمەڵکوژییەک بین، چونکە زەرەمەندی سەرەکی بووین لەم سیاسەتە چەپەڵەی داگیرکەرانی کوردستان.

دەرئەنجامەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە

دەتوانم لە چەند خاڵێکدا، دەرئەنجامەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە بخەمە ڕوو:
1/ هیچ نەتەوەیەک چەند هێز و توانای سەربازیی و ئەمنیی و ئابووری و سیاسی بەهێزیش بێت، ناتوانێت بە تەواوەتی نەتەوەیەکی تر لەناوبەرێت، باشترین نموونەش نازییەکان بوون، کە لەو کاتەدا خاوەنی گەورەترین هێزی سەربازیی بوون لە ئەوروپادا، بەڵام نەیانتوانی بەتەواوەتی گەلی جوولەکە لەناوبەرن.

2/ دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل
زۆرێک لە چاودێرانی سیاسیی و مێژوویی، پێیان وایە، تاکە سوودی هۆلۆکۆس ئەوەبوو کە توانی دەوڵەتێکی تایبەت بە جوولەکەکان بکاتە واقیع و زەرەروورەتێکی مێژوویی و زلهێزەکانی ناچارکرد، کە دەوڵەتێک بۆ جوولەکەکان دروست بکەن. هەرچەندە ئەم دەوڵەتەش دەرئەنجامی خراپی لێکەوتەوە کە ئەویش دروستبوونی کێشەی عەرەب و ئیسرائیلە.

3/ سەرهەڵدانی کێشەی عەرەب و ئیسرائیل
بۆ نزیکەی حەفتا ساڵ دەچێت، کێشە‌ی عەرەب و ئیسرائیل دروستبووە، ئەمەش بەهۆی دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە. زۆربەی مێژوونوسانیش لەو باوەڕەدان، یەکێک لە دەرئەنجامە خراپەکانی هۆلۆکۆس دروستبوونی کێشە‌ی فەلەستین و جەنگی نێوان عەرەب و ئیسرائیلە. هەندێكی تر پێیان وایە، فەلەستیینیەکان باجی تاوانەکانی ئەڵمانەکانیان داوە، چونکە دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلی بووە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان فەلەستینی و دروستبوونی کێشەیەکی گەورە کە هەتاوەکو ئەمڕۆش چارەسەرنەکراوە.

4/ ئەو کارەساتە گەورەیە و دۆڕاندنی ئەڵمانەکان لە جەنگی دووەمی جیهانی وایکرد، کە سنوورێک بۆ سیاسەتی “ئەنتی سمیت، دژە جوولەکە” لە ئەڵمانیا بەتایبەتیی و ئەوروپا بە گشتی دابنێت. هەرچەندە لە ئێستاشدا دژایەتیکردنی جوولەکە هەیە، بەڵام بەشێوەی فەرمی و سیاسەتی حکومی نییە، بگرە بە پێچەوانەوە ئەمڕۆ پێڕەوکردنی سیاسەتی دژە جوولەکە ، سزای لەسەرە بەتایبەتی لە ئەڵمانیادا.

5/ راستە نەیتوانی کۆتایی بە سیاسەتی کۆمەڵکوژی کەمەنەتەوە و ئاینەکان بهێنێت، بەڵام توانی لە تەواوی جیهاندا سیاسەتی کۆمەڵکوژیکردنی ئیدانە بکرێت و بەکارێکی قێزەون دابنرێت.

دوا وشە

بەدڵنیاییەوە هۆلۆکۆس ترسناکترین قۆناغی مێژووی گەلی جوولەکەیە، لەهەمانکاتیشدا ناونیشانی هەڵمەتێکی نەگریسی کۆمەڵکوژی گەلێکە لەلایەن نەتەوەیەکی بەهێزەوە، تەواوی سنووری مرۆیی و ئەخلاقی بەزاندووە. زۆرجار کە مێژووی هۆلۆکۆس دەخوێنیتەوە، گوومان لە مرۆڤ بوونی ئەوکەسانە دەکەیت کە ئەم کارەیان کردووە، لەهەمانکاتیشدا بێدەنگی گەلی ئەڵمانیا لەو کارەساتە گەورەیە، مایەی پرسیارێکی گەورەیە، چونکە گەر ئەو بێدەنگییەی گەلی ئەڵمانیا نەبوایە، هیتلەر نەیدەتوانی هەموو ئەو کارە قێزەونانە بکات.
لەهەمانکاتیشدا هۆلۆکۆس پێمان دەڵێت، هەر سازشێک بەرامبەر بە رژێمە فاشیستەکان، بە کارەسات بۆ مرۆڤایەتی دەگەڕێتەو. سەرەتا زلهێزە ئەوروپییەکان سازشی زۆریان بۆ هیتلەر کرد، بەڵام ئەم سازشانە هێندەی تر هیتلەر و رژێمەکەی بەهێزتر کرد، کە پاشان سەری هەموویانی خوارد.
لەکۆتاییدا هەموو ئەوانەی بەشداری ئەم کۆمەڵکوژییەیان کرد، لە رووی مێژوویی و یاسایشەوە بە سزای خۆیان گەیشتن و وەکو تاوانی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵدا کرا، هەتاوەکو ئەمڕۆش بەشێکی زۆری گەلی ئەڵمانیا، هۆلۆکۆس وەکو خاڵێکی ناشیرین و قێزەونی مێژووی خۆیان سەیری دەکەن، ئەمەش خاڵێکی گرنگە، چونکە گرنگ ئەوەیە دووبارە هەمان کارەسات و هەڵەی پێشوو دووبارە نەبێتەوە.

———————————————————–
سەرچاوەکان:
1/ www.holocaust-chronologie.de/chronologie/uebersicht/kurzfassung
2/. Zahlen und Fakten: Die Entschädigung der Holocaust-Überlebenden. www.hagalil.com
3// auschwitz heute und gestern die wichtigsten zahlen und fakten rund um die holocaust
www.dw.com/de
4/ Andrea Löw. Arbeiten, um zu überleben. www.zeit.de
5/ Julia König. Judenfeindschaft von der Antike bis zur Neuzeit. www.bpb.de

6/ Prof. Dr. Wolfgang Benz. Antisemitismus im 19. und 20. Jahrhundert . www.bpb.de
7/ هكذا ساهمت شركة ألمانية في فظائع معسكرات الاعتقال النازية!. www.dw.com/ar
8/ هولوكوست الكتب”..عندما أحرقت أعمال أشهر الكتاب الألمان. !. www.dw.com/ar
9/ مقدمة الی هولوکوست.. US Holocaust Memorial Museum. www.ushmm.org
10/ ئەردەڵان عەبدوڵڵا. فاشیزم لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا. چاپی یەکەم. دەزگای چاپ و پەخشی ئاراس. هەولێر.

Previous
Next