Skip to Content

تیرۆرکردنی “مەلەک” تاوانێکی رەگەزپەرستی تری ئەردۆگانە.. رەزا شوان

تیرۆرکردنی “مەلەک” تاوانێکی رەگەزپەرستی تری ئەردۆگانە.. رەزا شوان

Closed
by حوزه‌یران 10, 2020 General

لە رۆژی یەکشەممەی (١٨/ ئادار/٢٠١٨) دا، كه‌ سوپای دڕنده‌ و خوێنرێژی توركیا و جاشه ئیسلامییە ‌به‌كرێگیراوه‌كانی شاری (عەفرین)ی رۆژئاوای کوردستانیان داگیرکرد، لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ.. چەندین تاوانیان بەرانبەر بە گەلی کوردمان لە شاری عەفەرین و شارۆچکە و گوندەکانی سەر بە عەفرین ئەنجام داون و دەدەن. بە هەزاران کوردی سفیلی ئەم شارە کوردستانییەمان کە جێی هەزاران ساڵەی باوباپیرانیانە، لە ترسی دڕندەیی و بێڕەوشتی و نامەردی سۆپای تورکیا و جاشە بەکرێگیراوەکانیان، شارەکەیان و ماڵ و سامان و زەوەییەکانی خۆیان بەجێهـێشتوون و ئاوارەبوونە و لە ژیانێکی زۆر سەخت و کوێرەوەریدا دەژین. ئەو کوردانەش کە لە عەفرین دا ماونەتەوە، لە لایەن سوپای تورکیا و جاشە بێڕەوشتەکانیانەوە ستەمێکی زۆریان لێدەکەن، تا ئێستا بە دەیان لاوی کوردی بێتاوانیان شەهیدکردوون. بە سەدان لاو و کچ و ژنانی کوردیان بردوون و تا ئەمڕۆش چارەنووسیان نادیارە. دەسترێژیان کردۆتە سەر چەند ژن و کچی کورد، بە ئاشکرا و بێ شەرمانە ماڵ و دوکانەکانی کوردیان دزی و دەدزن، بە زۆرداریش پارە لە خەڵکی عەفرین وەردەگرن. ترس و تۆقینێکی زۆریشیان خستۆنەتە ئەم شارەوە. گەلێ لە شوێنەوارە مێژوویەکانیان وێران کرد و شتە دێرینەکانیان دزی، رووبەرێکی زۆریش باخی زەیتوون و میوە و چەمی ناوچەکەشیان سووتاند، بە زۆریش دەیانەوێ زمانی تورکی بسەپێنن، و لە هەموو شوێنێکيشدا ئاڵای تورکیایان هەڵکردووە.
بە هەزاران ماڵە عەرەبیشیان لە (غـۆته‌ و ئەدلەب و حەما و حومس و دێرزوور) ەوە، بۆ عەفرین هێناون و نیشتەجێیان کردوون و دیمۆگرافیای شارەکەیان گۆڕیوە.
بە شەوانیش لە عەفرین و شارۆچکەکانیدا، هەڵدەکوتنە سەر ماڵە کوردەکان و کوڕ و کچی لاو و هەرزەکاری کورد دەگرن و بێسەر و شوێنیان دەکەن، بۆ ئەوەی کە کورد ناچاربکەن کە عەفرین بەجێبهێڵن. هەموو ئەم پیلانانەش بە ئاگاداری خودی ئەردۆگانی دیکتاتۆر لە لایەن هەواڵگری تورکیا و جاشەکانیانەوە داڕێژراون و جێبەجێیان دەکەن.

رۆژی گرتنی عەفرین رۆژێکی رەشە و پەڵەیەکی قێزەوەنە بە نێوچەوانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتییەوە، تا ئەمڕۆش لە ئاستی تاوانەکانی تورکیا، دەرهەق بە گەلی کوردمان لە عەفرین و لە هەموو شار و شارۆچکە و دێیەکانی رۆژئاوای کوردستان دا، بێدەنگن. بێدەنگیان بووە بە هاندان بۆ ئەردۆگان، بۆ درێژەدان بە تاوانە دڕندەییەکانی و بە نامەردییەکانی دەرهەق بە گەلی کوردمان. رۆژ نییە کە بە قـێزەوترین و بە دڕندەترین و نامەردترین شێوە، سوپای تورکیای رەگەزپەرست و جاشە هاوپەیمانییەکانیان لە شاری عەفرین و لە شارەکانی تری کوردستاندا(جۆرج فلۆید) ێکی کورد شەهید نەکەن. کەچی کەس و هیچ دەوڵەتێک پرۆتیستۆ و شەرمەزاری تورکیا ناکەن.. کە رەگەزپەرسترین و تیرۆرسترین دەوڵەت و رژێم و نەتەوە لە هەموو جیهاندا، دەوڵەت و رژێم و نەتەوەی تورکە. زۆر لە نازییەکان نازیترن. دە رۆژ بەر لە ئێستا، لاوێکی کورد (بارش جاكان) ی تەمەن بیست ساڵانیان، لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیادا تیرۆرکرد.. هەر لەسەر ئەوەی، کە گوێی لە گۆرانی کوردی گرتبوو، زۆر بە نامەردانە، تورکە رەگەزپەرست و توندڕەوەکان بە دڕندەترین شێوە (بارش جاکان) یان تیرۆر کرد. ئایا رەگەزپەرستی و دڕندەیی وا لە کوێی جیهاندا هەیە؟؟
بە پیلان داڕشتن و بە ئاراستەکردنی راستەوخۆی هەواڵگری تورکیا، جاشە ئیسلامییە بەکرێگیراوەکانی بە ناو (سوڵتان موراد) له‌ عەفرین، لە روژی (٢٣/مای/٢٠٢٠) دا، لە گوندی (ده‌روێش) ی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی (شه‌را) ی سه‌ر به‌ عه‌فرین. ئەم دڕندە بێڕەوشتانە، کچێکی هەرزەکاری کوردیان رفاند، کە ناوی (مەلەک نەبیه خه‌لیل) ه‌ و ته‌مه‌نی (١٦) ساڵە. بێسەر و شوێنیان کرد کەس نەیزانی بکە بۆ کوێیان برد و چییان لێکرد.. تا رۆژی یەکشەمەی رابردوودا (٧/ یوونی/٢٠٢٠) تەرمی کچێکی کوژراوی فڕێدراو لە کێڵگەیەکی گوندی (فێرزی) سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی (ئه‌عـزاز) دۆزرایەوە. کە تەرمی شەهید (مەلەک نەبیە خەلیل) بوو، بەڵام تا ئێستاش هەواڵگری تورکیا خۆی لەم تاوانە گێل دەکا، بە تەرمێکی ناسنامە نەناسراو ناویان بردووە، تەرمەکەشیان برد بۆ مەیتخانەی نەخۆشخانەی شارۆچکەی ئەعـزاز. کە لەژێر دەسەڵاتی سوپای تورکیا و جاشەکانێتی. کە ئەم هەواڵە بڵاوبۆوە. هەواڵگری تورکیا و جاشەکانی سوڵتان موراد، چوونە ماڵی دایک و باوکی مەلەک و هەڕەشەیان لێکردن، کە نابێت بە هیچ کلۆجێک باسی کوشتنی کچەکەیان بکەن و ناشبێ پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن و لەم بارەیەوە قسە بدرکێنن. هەواڵگری تورکیا و جاشەکانی سوڵتان موراد دەیانەوێت بە هەموو شێوەیەک ئەم تاوانەیان بشارنەوە و خۆیانی لێ بێئاگابکەن. هەر ئەو رۆژە هەواڵگری تورکیا، دایک و باوکی مەلکیان برد بۆ مەیتخانەی نەخۆشخانەی شاری عەفرین. بۆ ناسینی تەرمی کچەکیان. لەوێ تەرمی کچێکی لاویان پێشان دابوون، بەڵام ئەوە تەرمی مەلەکی کچیان نەبوو، بەڵکو تەرمی کچە لاوێکی تری کورد بوو، کە نەیان ناسییەوە کە کچی کێیە. هێندەی تر باری دەروونی دایکی مەلەک تێکچوو. چونکە هەواڵگری تورکیا و جاشەکانیان (مەلەک نەبیە) گولەباران کردووە، بۆ ئەوەی نەزانرێ کە چیان بەسەر هـێناوە و بە چ شێوەیەکی دڕندانە و نامەردانەش، کچە کوردێکی هەرزەکاری تەمەن شانزە ساڵانیان تیرۆرکردووە، ویستیان بە زۆرداری تەرمی کچە تیرۆرکراوێکی تر بکەن بە ماڵ بەسەر دایک و باوکی مەلەکەوە.. دوایش کە مەیتی مەلەک لە مەیتخانەی نەخۆشخانەی ئەعـزاز بێ، بۆچی دایک و باوکی مەلەکیان بردن بۆ مەیتخانەی نەخۆشخانەی شاری عەفرین؟! بۆ منداڵێکی ناو بێشکەش بڕوا بەم سیناریۆیەی تورکیای بێڕەوشت دەکات..؟!
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین، جەخت لەسەر ئەوە دەکەن، کە خێزانەکەی مەلەک هەڕەشەیان لێکراوە و لەژێر چاودێری ئاشکرا و نهێنیدان، گەر پەیوەندی بە هەر کەس و لایەنێک لە ناوەوەی رۆژئاوای کوردستان و دەرەوەدا بکەن، بە دەردی کچەکەیان دەیانبەن و دەیان کوژن. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە شاری عەفرین ـ لە دەرەوەی شاری عەفرین دان ـ لە بەیاننامەیەکی بڵاوکراوەیاندا دەربارەی تیرۆرکردنی، مەلەک نەبیە، داوایان لە هەموو رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی کردوون لە سەرووی هەمووشیانەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان و موفەوەزییەی باڵای مافەکانی مرۆڤ، کە رۆڵی مرۆڤایەتی و رەوشتی خۆیان ببینن و فشار بخەنە سەر تورکیا بۆ کۆتایی هێنان بە داگیرکردن و کوشتن و رفاندن و بێسەر و شوێنکردن و ئەنجامدانی تاوان لە دژی گەلی کوردی بێتاوان لە عەفرین و لە رۆژئاوای کوردستاندا.. داواشیان کرد کە بەندکراوەکان، بە تایبەتیش کچان و ژنانی کورد ئازاد بکرێن. خێزانەکەی مەلەک نەبیەش بپارێزن، کە لەژێر هەڕەشەی کوشتندان لە لایەن هەواڵگری تورکیای رەگەزپەرست و جاشە ئیسلامییە بێڕەوشتە بەکرێگیراوەکانیان.
تاوانی تیرۆرکردنی مەلەکی هەرزەکار، نە یەکەمین تاوانی قێزەوەنی تورکیا و جاشە نامەردەکانی تورکیایە، نە دوا تاوانیشیان دەبێت.. ئەردۆگانی رەگەزپەرست، سوپای تورکیا و جاشەکانی سەرپشک کردوون کە هەچ تاوانێک بەرانبەر بەکورد بکەن.
زۆر بە توندی پرۆتیستۆی تاوانی قێزەوەنی تیرۆرکردنی شەهید (مه‌له‌ك نه‌بیه‌ خه‌لیل) دەکەین. هەزارن هەزار تف و نەفرەتیش لە تورکیای رەگەزپەرست و لە جاشەکانیان.
هاوخەمی و ماتەمینیشمان بە خانەوادەکەی (مەلەک) رادەگەیەنین. هیواداریشین ئەو رۆژە نزیک بێت، کە ئەردۆگان و رژێمەکە رەگەزپەرستییەکەی رسوا و بە پەند ببن. ئەردۆگانیش دەبێ ئەوە بزانێ، کە نزیک بێ یا درەنگ، وەکو دیکتاتۆر و ستەمکارە خوێنڕێژە گۆڕبەگۆڕبووەکانی پێشتر، کە چارەنووس و کۆتایی رەش و رسوابوون و
بە پەندبوونی لەوانەی پێشووتر باشتر نابێت.
رەزا شوان
١٠/ یوونی/٢٠٢٠

Previous
Next
Kurdish