Skip to Content

باوەڕت بە خەو هەیە؟ … محمد احمد محمد

باوەڕت بە خەو هەیە؟ … محمد احمد محمد

Closed
by حوزه‌یران 10, 2020 General

چەند ساڵێك لەمەوبەر هاوڕێیەکم ئۆتۆمبێلی دزرابوو، شەوێکیان خێزانەکەی لە خەودا بینیبووی کە ئۆتۆمبێلەکە لە شارێکی تردایە
لە ئەنجامدا ئەو پیاوە چوو بۆ ئەو شارە و پاش گەڕان و لێکۆڵینەوە، دەرکەوت ئۆتۆمبێلە دزراوەکەی لەو شارەیە و دواتر دۆزییەوە و گەڕاندییەوە.

لەو کاتەدا بۆ ساتێك سەرسام بووم بەو خەوە دواتر بیرم کردووە و وتم تەنها رێکـەوتــە، هیچی تر نییە جگە لە رێکەوت.

لە سەردەمی کۆندا، خەڵك زۆر سەرسامی خەو بوون، بۆ نموونە لە میسر باوەڕیان بەوە هەبوو کە کەسانێك توانایەکی نائاسایی یان هەیە و پەیوەندییان بە خواوە هەیە لە رێی خەوەکانیانەوە.

ئەم بیروباوەڕە بە خەو بە درێژایی مێژوو ماوەتەوە و خەڵکی سەڕقاڵ کردووە، بەڵام لە سەدەی نۆزدەیەم و بیستەم دا زانایان باوەڕیان بەو بیرۆکانە نەما کە خەو دیاردەیەکی نائاسایی یە و لەتوانای مرۆڤ بەدەرە، کاتێك چەند دەروونناسێك دەستیان کردە لێکۆڵینەوە لەسەر خەو و گرنگییان پێی دا.

لە پێشەنگیاندا سیگمۆند فرۆید و کارڵ یۆنگ بوون کە لەو باوەڕدابوون خەو پەیوەندی بە کارکردنی مێشکەوە هەیە، فرۆید لە کتێبی (شیکردنەوەی خەو)دا دەڵێت لەو کاتەی عەقڵی بەئاگامان دەخەوێت عەقڵی بێ ئاگا کاردەکات و وێنەیەکی قووڵتری ناخمان پێشاندەدات.

ئێستا زاناکان پێیان وایە خەو جگە لە کاریگەرییەکی لاوەکی پرۆسە عەقڵییەکان نەبێ هیچی تر نییە، هەرچەندە خەڵکی پێیان وایە کە مێشک لە کاتی خەو دا داخراوە بەڵام زاناکان ئەڵێن لە کاتی خەو دا چالاکییەکانی مێشك بەردەوام دەبێت و هەندێ جار چالاکتریش دەبن.
زاناکان دەڵێن مێشکمان لە کاتی خەو دا زانیارییەکان و یادەوەرییەکان پۆلێندەکات و رێکیاندەخاتەوە، هەر وەکو ئامێری کۆمپیوتەر کە کاری هاردەکان باشتر دەکات بە شێوەیەکی بەردەوام.

مێشکمان بۆ ئەوەی باشتر کار بکات یادەوەرییە لاوەکی و زیادەکان لادەبات و تەنها گرنگەگان عەمباردەکات، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە پەروەردەکارەکان داوا لە خوێندکاران دەکەن باش بخەون لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا، بۆ ئەوەی خەو مێشکیان کاری مێشکیان رێکبخاتەوە.

بەشێك لەو زانایانەی کاریان لەسەر ئەم بابەتە کردووە پێیان وایە کە مێشك لەکاتی خەو دا خۆی رێکدەخاتەوە و بەدوای وەڵامێکی لۆژێکیدا دەگەڕێت کە دەبێتە هۆی تێکەڵبوونی زانیارییەکان و ئاڵۆزی درووست دەبێت و مرۆڤ بە شێوەی خەو دەیبینێت.

ئەمەش مانای ئەوەیە کە خەو لە توانایدا نییە پێشبینی داهاتوو بۆ بکات بەڵکو تەنها ئاسەواری رووداوەکانی رابردووە و تێکەڵ بەیەك بوونە.

سەبارەت بە کاتی بینینی خەو هیچ کاتێکی دیاریکراو نییە بەڵام مرۆڤ زیاتر لە کاتی ماندووبوون و تەنگاوی و نەخۆشی و حاڵەتی نائاساییدا خەو دەبینێت.

تەنها مرۆڤی بینا خەو دەبینێت، ئەو مرۆڤانەی بە زگماك نابینان خەو نابینن، چونکە خەو پەیوەندی بە وێنەوە هەیە، ئەو کەسەی نابینایە هیچ وێنەیەك لە ژیانیدا نەبینیوە تا بە شێوەی خەویش بیبینێت.

هەروەها یەکێك لە حاڵەتەکانی خەو ئەوەیە کە خەو و واقیع پێکەوە تێکەڵ دەبن، بۆ نموونە خەو بە خواردنەوە دەبینیت و کە هەڵدەسیت دەبینیت بۆنی خواردن دێت لەماڵەوە یان لەو خەودا کەسێك بانگت دەکات و کە لە خەوەکە بەئاگا دێی دەبینی کەسێك لەماڵەوە بانگت دەکات.

سەبارەت بەو کەسانەی کە پێیان وایە خەو راستە و دەبێ باوەڕمان پێی بێت بە بەڵگەی خەوەکەی پێغەمبەر یوسف.

لە راستیدا پێغەمبەران لە ڕووی تواناوە بەراورد ناکرێن لەگەڵ مرۆڤی ئاسایی، ئەوان تایبەتمەندییان هەیە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی باشتریان لەگەڵ خوا هەبێت و بتوانن باشتر قەناعەت بەخەڵک بهێنن.

پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا باوەڕت بە خەو هەیە؟!

رێژەی هەرە زۆری خەڵك باوەڕیان بە خەو هەیە، هەندێکیشیان باوەڕێکی بەهێزیان پێی هەیە.
کاتێك لە کەسێك دەپرسیت بۆچی باوەڕت بەخەو هەیە، دەڵێت
چونکە خەوەکانم بەدیهاتوون و هەندێکیان چیرۆکەکەی پێغەمبەر یوسف وەك بەڵگە دەهێننەوە.

ئەم وەڵامە وەڵامێکی تەواو نییە و واقیعی نییە چونکە هەر خودی ئەو کەسەی ئەم قسەیە دەکات دەیان و سەدان خەو دەبینێت کە هیچیان نایەنە دێ، جگە لە ڕێژەیەکی زۆر کەم نەبێ، کە بەهۆی بیرکردنەوی خۆیەوە یان لە ڕێی رێکەوتەوە هاتووەتە دی.
سەبارەت بە خەوەکەی پێغەمبەر یوسف و هاوەڵەکانی لە بەندینخانە، ئەگەر بیری لێ بکەینەوە ئەوا مرۆڤی ئاسایی بەراورد ناکرێت لەگەڵ پێغەمبەر ئەو بەخششی تایبەتی هەیە کە خوا پێی داوە، سەبارەت بە هاوەڵەکانیشی راستە مرۆڤی ئاسایی بوون بەڵام ئەو سەردەمە تایبەتمەندی خۆی هەیە و دووبارە بەراورد ناکرێت لەگەڵ ئێستادا، هەروەك چۆن لە سەردەمی مووسادا سیحر هەبوو و لە سەردەمی عیسادا چارەسەری نەخۆشییەکان هەبوو.

.

محمد احمد محمد

Previous
Next
Kurdish