Skip to Content

182 Views

کوردایەتی چییە؟ …. کاوە جەلال – بەشی یەکەم

کوردایەتی چییە؟ …. کاوە جەلال – بەشی یەکەم

Closed
by June 12, 2020 General, Opinion


1
هەموو گەلێک بەتایبەتی لەنێو قەوارەیەکی دەوڵەتیدا دەتوانێت تا ڕادەی شیان پێبگات و خۆی بپارێزێت، جا ئەوە دەوڵەتێکی تاک-نەتەوەیی یان فرە-نەتەوەیی بێت. لێ دەوڵەت پرۆژەیە وەک دامەزراوەی نیشتمانێکی سەرهەڵداو، کە بێگومان نابێت لەواتایەکی تەسکدا وەک بەڵێندەرایەتی، فیرمای دروستکردن یان بازرگانی لێی تێبگەین، بەڵکو پرۆژە نەخشەکێشانە بە دوو ئاڕاستەی پێچەوانەی یەکدییەوە: بە ئاڕاستەیەک بریتییە لە ڕەخنەی جڤاک و کولتوور، کە گومانی تێدا نییە یەکێک لە کارە کرۆکییەکانی بریتی دەبێت لە ئاشکراکردنی ڕاستینەی کوردایەتی پێکەوە لەتەک شۆڕەسوارانی دوێنێ و ئەمڕۆیدا، ئەوجا لەوێوە بنیاتنەرانە بە ئاڕاستەی بەرەڤار هەڵدەچێت بەرەو کاری سیاسیی ڕێکخراو.
ئاڕاستەی پرۆژە وەک ڕەخنە لەو داواکارییەوە دێت کە “ئەمڕۆ پێویستە هەموو شتێک سەرلەنوێ ڕەخنەییانە ڕوونبکرێتەوە”. ئاخر بەتایبەتی لە سەردەمە داڕزاوەکاندا شێوەی هزرین و ڕەفتاری سوننەتی بێڕیشە دەبن، ئەوجا پێویستییەک بۆ نرخاندنەوەی سەرجەمی ترادیسیۆن سەرهەڵدەدات، ئەگینا مرۆ تەنیا درێژەپێدەرێکی ترساوی هەیەپارێز دەبێت کە لە داماوییەوە مەمنوونە هەر کارێکی دەستبکەوێت تاکو زگی خۆی تێربکات، یان بەڕاستی جەبانێکی خۆمەڵاسداوە و خواستی چەوساندنەوە ئاگای لە ژینگە و مێژووەکەی پێنەهێشتووە.
لێ ئاڕاستەی بەرەڤاژی بنیاتنەرانە بریتییە لە ڕێکخستنی بەپلانی سیاسی، کە بێگومان لەم سەردەمەی کوردەکانی ئێراقدا نایەتەگۆڕێ، بۆیە دەیخەینە دۆخی پشوودانەوە و ڕووی تێناکەین – بێگومان ئەو جۆرە هەوڵە لە روانگەیەکی دیاریکراوەوە لای “تەڤگەری ئازادی” هەیە.

2
کوردایەتی بە شێوەی جیا بەرجەستە دەبێت، وەک خەباتی ڕێکخراو، وەک خەباتی هۆزانڤانیانەی خوێندەوارانی شارنشین، وەک دەسەڵاتخوازیی شێخەکانی تەریقەت و تا ڕادەیەک سەرۆکهۆزان بەناوی کوردچێتییەوە، وەک کرداری پڕسۆز و ئەندێشاویی خەباتگێڕانی گەلخواز.
بێگومان کوردایەتی دەرهاویشتە نییە لە ئاگایی ڕۆشنی کوردییەوە، بەڵکو پەرچەکرداری داماوە و وەک سەرجەم پێشنموونەیەکی هەیە کە سوننەگەریی ئیسلامییە. واتا کوردایەتی وەک بێ-هۆش، شێوە هۆنینەوەی ئیسلامییانە تەرجومە دەکات بۆ پەیوەندیی مێژوویی کوردی. ئاخر شۆڕەسوارانی کوردایەتی زۆر قووڵ بە هەستی کەمبەهایی (شعور بالنقص) بەرانبەر ئارەب تەنراون و لە دێرزەمانەوە چاویان لە هەر شێوەیەکی خۆدەربڕینی پەخشانی و ڕێکخستنی سیاسی ئەوان بووە، بەڵێ تەنانەت واژەی کوردایەتییان لە شێوەی پەرچەکرداردا بەرانبەر ئارەبگەری زیتکردۆتەوە.
ئیسلام کە لە بنەڕەتدا تیۆریی دەوڵەتی تیۆکراتییە، بەپێشیانی لە دووانەی چاکە و خراپەوە بە تیۆریی پیلانگێڕی بارگاوی بووە، جا ئەوە شەیتانێک بێت کە هەر کارێکی نالەبار بە کەسان دەکات، یان خائینەکانی نێو ئیسلام خۆیان بن کە گورزیان لەو ئایینە چاکە خوداییە وەشاندووە، یان دامەزراوە موخابەراتییەکانی وڵاتانی ناحەز بن کە لە نێوخۆی جڤاکدا ئاژاوە دەگێڕن و نایەڵن ئەو موسڵمانە دڵساف و لەخوداترس و بەویژدانانە ژیانیان بە ڕێبەریی نوێنەرەکانیان بەڕێوەبەرن. بە هەمان شێوە نوێنەرانی کوردایەتی حیکایەتی مێژوویی دەهۆننەوە و ڕاڤەی هەر تێکەوتنێکی خۆیان دەکەن: یان لە دەرەوە پلانی هەڵدێریان بۆ کێشراوە، یان شوێنی جیۆگرافیی وڵاتەکەیان ڕێی نەداوە لە گشت لا سەرکەتنی مەزن بەدیبهێنن، یان ئەوانی نێوخۆ خەتابار بوون، چونکە گۆیا ملکەچی ئەوان نەبوون و شوێنیان نەکەوتوون.
نوێنەرانی کوردایەتی هەروەها لە هەمان بنەمای سوننەگەرییەوە، لەسەر نموونەی پێشوێنە ئیسلامییەکەیان، نازناوی شەهید لە کوژراوانی خۆیان دەنێن، لێ ئەمیش، هاوشێوەی پێشوێنەکەی، هیچ ڕێزێکی بۆ مرۆڤێتیی کوژراوەکان دانەناوە و دانانێت، بەڵکو بەسووکی وەک شایانی بەکوشتدان، وەک “بەرخی نێری گونجاو بۆ سەربڕین”، بینیونی. هاوکات چۆن ئیسلامگەرایان ی کۆن و ئەمڕۆ نەک تەنیا دڵسۆزانی هەرە کەمینەی محەمەدییان بەدووی کوژرانیاندا وەک شەهید ڕاگەیاندووە، بەڵکو هەروەها نازناوی سەحابەی شەهیدیان بە سەرجەم تاڵانیخوازان و سەبایا-پەرستان و شەیدایانی ماڵی جیهانی داوە، بە هەمان شێوە نوێنەرانی کوردایەتی نەک تەنیا ئەو نازناوەیان لە خەباتگێڕانی گەلخواز دەنا و لێی دەنێن، بەڵکو هەروەها شێخ و ئاغا و دەرەبەگ، عەسکەری فیرار و چەقۆکێش و مرۆڤکوژان و هتد بە کوژرانیان دەکران و دەکرێن بە شەهیدی گەل و وڵات.

3
کوردایەتی کە خۆی بە حیکایەت (و تیۆریی پیلانگێڕی) لە ژیاندا دەهێڵێتەوە، ئەندێشەییانە “کوردەواری”یەکی تا ڕادەی شیان هۆنیوەتە، لێ تەنیا بە هۆنینەوەی نەوەستاوە، بەڵکو هاوکات تا ڕادەی شیان ئارایشتی کردووە. لەم حیکایەتەدا جڤاکی کوردی چاک بووە و چاکە، بەڵگەی چاکێتییەکەشی ئەوەیە کە گۆیا ژنانی کورد لە ژنانی گەلانی دراوسێ ئازادتر بوون (!!)، کە بێگومان هۆکارەکەی بۆ چاکیی پیاوی کورد دەگەڕێتەوە. لێ ئەوە پرسیار نییە کە داخۆ کوردەواری خۆی لە ڕووی سۆسیۆلۆژییەوە چی بووبێت، واتا: کوردەواری وەک نێوەندێکی پڕ لە چەوسانەوەی چینایەتی، توێژایەتی، لاسایی گەلانی دی، دانانی پیاو بە سەروەر و ژن بە کۆیلە، کە “پیاو” دوای مارەکردنی هاوشێوەی دۆڵاب و کورسی “دەیگوازێتەوە”، ئەوجا لە ماڵەوە “سواری دەبێت”، ئەویش وەک ژن “دەیداتێت”! یان کوردەواری وەک ئەو ژیانە سروشتییە پریمیتیڤە کە گوندییەکانی لە دەرەوەی گوند دەچوونە “سەرئاو” و لەوێ “دەستیان بە ئاو دەگەیاند”، یان پیاوەکانی زوو عەسەبی دەبوون، ئەوجا تەنانەت بە تەلاق سوێندیان دەخوارد، یان پیاوانی سادە و ساویلکە بوون و هەروا ئاسان خۆیان بە حیکایەتی کوردایەتی بەکوشت دەدا.
بێگومان ئێمە مەبەستمان لێرەدا ئەوە نییە کە کوردەواری لە گشت ڕوویەکەوە نەفرەت لێ بکەین، ئاخر فرەڕەنگی و ڕەشبەڵەکی گوندی (ئەوە نەک وەک لاساییکردنەوەی شارنشینان) دڵگیرن، یان لە زۆر دەڤەر و ناوچەدا دیاردەی یاخی و مرۆڤدۆستانەی تێدا بوو، کە خەماویترتان بریتی بوو لە یاخیبوونە قبووڵکراوەکەی “ڕەدووکەوتن” / “هەڵگرتن”، بەڵێ تەنانەت بە مایەی شانازی دادەنرا. لێ ئەوە کوردایەتی بوو کە ناوەرۆکێکی دیکەی بەم ئازادیخوازییە هەرە سادەیەی کوڕان و کیژان دا: وەریگۆڕی بۆ مایەی سووکایەتی بە نامووس و شەرەف، بەوەش بە هۆکارێک بۆ لەناوبردنی یاخیبووەکان. کەواتە کوردایەتی بە تەرجومەکردنی بنەماکانی ئیسلام لە بنەڕەتەوە لەناوبەری ڕووە یاخی و مرۆڤدۆستەکانی خودی کوردەواری بووە، بەڵێ گەر تەنانەت “ئستیعراب” لە سەردەمی شانشینی و “تەعریب” لە سەردەمی بەعسدا لە دەرەوە ئاڕاستەی کوردەکان کرابن، ئەوا کوردایەتی بە تەرجومەکردنی بنەماکانی ئیسلامی سوننی، دەستەبرای ئەوانە و فاکتەرێکی پڕمەترسیتری بەئارەبیکردنی کەسێتیی کوردە.

4
کوردایەتی وەک خۆڕاگرتوو بە حیکایەتەوە گەورەترین دوژمنی مێژوو و سۆسیۆلۆژییە.
بێگومان مێژوو هۆنینەوەی ئەندێشەیی نییە، حیکایەتی مەزنییەکان نییە، داتاشینی ناونیشانی زەبەلاحی وەک “دەروازەی ڕاپەڕین” و “سەرۆکی نەمری گەل” نییە، بەڵکو هەڵسەنگاندنی ڕەخنەییانەی ڕووداوەکانە، یان هۆکار و سەرەنجامی یاخیبوونە کوردییەکان لە ئیستەنبول و تاران و درەنگتر بەغداد ئاشکرا دەکات بەبێ ئەوەی بە هەستی هۆزانڤانی ناویان بنێت “شۆڕشەکانی کورد”، یان کەسانی خاوەن بڕیاری سیاسی دەهێنێت بۆ ژێر پرسیار، کە ئیدی وەک مەزنی گەل پێیاندا هەڵنادرێت، بەڵکو ئەم ئێستا هەقیقەتیان بۆ کەسانی سەردەم و ئایندە دەردەخات، کەواتە شێوەی ڕاڤەکردنی ئیسلامییانەی محەمەد ناکات بە بنەڕەتێک بۆ ڕاڤەکردنی ئەوان.
هەروەها سۆسیۆلۆژی حیکایەتەکانی کوردایەتی لەکاردەخات. ئاخر ئێستا پەیوەندییە جڤاکییەکان دەهێنرێنە ژێر دیدی پرسیارکەرەوە: خواستە چینایەتییەکان، پێشبینیکردنی شێوەی ژیانی خۆیی و جڤاکی، ڕەفتاری ئەخلاقی بەرانبەر زارۆک و ژن، لێ هەروەها بەرانبەر سروشت بە بەشەکانی نێوییەوە، وەک ئاو و ئاژەڵ و ڕووەک و هتاد، ئەوجا نرخاندنی کار و پێناسەکردنی لە ئاگایی سادەی خەڵکدا و زۆری دیکە ئەو زەمینانە خۆش دەکەن کە بەڕێیانەوە هەڵچووی نێو کوردایەتی یەکسەر دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
لێ لەبەر ئەوەی دامەزراندنی دەوڵەت هەمیشە سۆسیۆلۆژییەکی بەو چەشنەی گەرەکە و کوردایەتی دوژمنی سۆسیۆلۆژییە، ئەوا هاوکات سەرسەختترین دوژمنی دەوڵەتدارییە. ئاخر کاتێک دەوڵەت بەبێ سۆسیۆلۆژی دانامەزرێت، ئەوا کوردایەتی بەگوێرەی کرۆکی تەنیا دەسەڵاتدارییەک دەناسێت و دەتوانێت بناسێت کە دەسەڵاتدارانی دێرین لە دیوەخان و تەکیە و خانەقاکاندا پیادەیان کردووە، بۆیە توانای بۆ ژیان و کارکردن لەنێو دەوڵەتدا نییە. ئەو زەبری دەوڵەتی (state power) کە بە یاسا بناغەی ڕێژرابێت، ناناسێت، واتا ئەو زەبرە کە هەردەم ئامادەیە (هەموو کردارێکی پێچەوانەی یاسا لە پرۆسەی دادوەریدا سزا دەدرێت، جا گەر ئەوە کرداری سەرۆکی پارت بێت)، بەڵکو تەنیا کرداری عەسابانە دەناسێت (بە تۆپز ئەم دادەمەزرێنێت و ئەو لەکار دەردەکات)، یان وەک خێڵەکییەکی گوندی و شارنشین دابەشکردنی سامان بەسەر نەوەکانی خۆیدا وەک ڕەوا دەبینێت.

5
ئێمە بۆ نزیککەوتنەوەی کۆنکرێت لە کرۆکی کوردایەتی چاک دەکەین لە “سەرەمی هەنووکە”دا نموونەی ریال وەربگرین، بەتایبەتی خۆزگە و هەڵوێستی سیاسیی زۆر کورد بەهەند وەربگرین کە لە کانگای ناخیانەوە خویا دەبن. لێ ئێمە ئێستا لێرەدا بەر پرسیارێکی زۆر ناڕەحەتکەر دەکەوین کە بریتییە لە: ئایا چەند کوردی ئێراق ئەمڕۆ ئاواتەخوازی گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەند-ی / فیدرالی بەغدادن بۆ نێو “وڵاتەکەیان”؟ یان هەمان پرسیار بە شێوەیەکی دیکە و کەسێنراو دەکەین کە لەم شێوەیەیدا زۆر ڕاچڵەکێنەرە: ئایا چەند کوردی ئێراق ئەمڕۆ بەشانازییەوە لە “سەدام حسێن” دەدوێن؟
ئەم ڕەوشە زۆر جێی سەرنجە، چونکە هەڵوێستێکی ڕەسەنی کوردییە و کەسی هەڵوێستنوێن خۆی بەئاشکرا وەک هاوڵاتییەکی “ئێراق”ی ڕادەگەیەنێت! لێرەدا حیکایەتەکانی کوردستانی دابەشکراو و لکێنراویی زۆرەکیی کوردستان بە ئێراقەوە لەکارکەوتوون! ترس لە کوردایەتی ڕەویوەتەوە! پێدەچێت کەسی هەڵوێستنوێن بۆ یەکەم جار لەژێر ستەمی نوێنەرانی کوردایەتیدا “ئێراقی-بوون”ی خۆی ئەوها ڕۆشن ئاشکرا کردبێت!
لێ ئێمە بە هێنانی ئەم نموونەیە بۆ ژێر پرسیار مەبەستێکی دیکەشمان هەیە: ئێمە دەمانەوێت هاوکات ببێژین، کە کوردایەتی ناڕەوایە لە تۆمەتبارکردنی کەسانی دیکەی دژبەر یان دوژمنی خۆیدا، چونکە تۆمەتەکانی لە دووانەی لەگەڵ-لەدژەوە ڕادەگەیەنێت، واتا: “یان لە خزمەتی ئامانجەکانی مندایت و هەنگاو بە هەنگاو شوێنم دەکەویت، یان تۆ دوژمنی گەل و وڵاتی خۆتیت!”. لێ ئێمە دەبێت بەڕاستی لەم پەیوەندییەدا بوێریمان بۆ پرسیارێک هەبێت، واتا: ئایا لەبەر چە هۆیەک دەبێت زێبارییەکان کە هاوڵاتیی ئێراقین، جاش بووبن؟ ئەی ئایا نوێنەرانی کوردایەتی خۆیان (بە هەموو لایەنەکانیانەوە) چین کە لەنێو خاکی ئێراقدا پێش سوپای بێگانان کەوتوون و دەکەون؟
بێگومان مەبەستی ئێمە ئەوە نییە کە خیانەت لە گەل و وڵاتی خۆ بە ڕەوا دابنێین، بەڵکو دەمانەوێت ببێژین، کە تۆمەتبەخشینەوەکانی نوێنەرانی کوردایەتی نەک تەنیا ناڕەوان، بەڵکو هەروەها پڕمەترسیترن لە هەڵوێستی ئەو کەسانە / گرووپانە کە بەئاشکرا خۆیان وەک هاوڵاتی دەوڵەتی ناوەندی / فیدرالی (ڕاگەیاندبوو و) ڕاگەیاندووە و ئامادەن خزمەتی دەوڵەتی خۆیان بکەن. جگە لەوە و زۆر بەتایبەتی لەم پەیوەندییەدا سەرلەنوێ کرۆکی درۆزنانەی کوردایەتیمان بۆ ئاشکرا دەبێت، چونکە ئەو خۆی لە کرۆکییەوە شەڕکردن بووە بۆ بەشداریکردن لە دەسەڵاتی ناوەندیدا کە ئاشکرایە دەسەڵاتدارییەکی چەوسێنەر بووە، هاوکات شۆڕەسوارانی ویستوویانە لە ناوچەکانی خۆیاندا درێژە بە دەسەڵاتی چەوسێنەری خێڵایەتی و شێخایەتییان بدەن، بەڵێ مڕ و شاناز لەنێو دیوەخاندا دابنیشن و حیکایەتی مەزنییەکانی باب و باپیریان (تەنیا ئەوان) بگێڕنەوە.
بەم شێوەیە خویا دەبێت کە کوردایەتی هیچ پەیوەندییەکی بە خەباتی ڕزگاریی نیشتمانییەوە نەبووە و نییە، بەڵکو لە کرۆکییەوە نوێنەری چەوسانەوەیە، ئەوە بێگومان لە هەردوو ڕووی خێڵەکی-گوندی و شارنشینی-مۆدێرنیزەکراویدا، جا گەرچی گەرەکە هاوکات ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە کوردایەتی لە ڕووی دووەمەوە پتر ئەدگاری عەسابانەی وەرگرتووە. ئەمە بێگومان واتایەکی ئەوتۆ ناگەیەنێت کە عەسابەیەتی لە نێوەندی دەسەڵاتداری خێڵەکیانەی گوندیدا نەبێت، لێ لەوێ سەری عەسابەکان بە خێڵەکییانی گوندی گیراوە، بە پێچەوانەوە لای شارنشینانی مۆدێرنیزەبوو سەربەست بووە – خۆی لە مەیداندا سنگی دەرپەڕاندووە.

6
کرۆکی کوردایەتی هەردەم ئاشکرا بووە، لێ بەتەواوەتی لە گشت لا پێزانراو نەبووە. ئەمیان بۆ یەکەم جار دوای ڕاپەڕینی 1991 ڕووی دا، واتا ئەو کاتە کە دەرفەتی کاری دامەزراوەیی بۆ ڕەخسا. ئیدی بۆ هەموو کەسێک ئاشکرا بوو کە چۆن شۆڕەسوارانی تێهەڵدراوی کوردایەتی دوای گەڕانەوەیان لەسەر شێوازی دیوەخانییانەی (واتا پان-بۆوەی تەمەڵی) باب و باپیرانیان جێی خۆیان لە دەسەڵاتدا پتەوکرد و ئەمڕۆش درێژەی پێدەدەن، کە بێگومان هاوکات تاکە مۆدێلی سیاسەتکردنی عەسابەکانیش بوو. جگە لەوە ئەوانی تێهەڵدراو و ڕاونراو بۆ ئەودیو یان سەر سنوورەکانی ئێراق دوای ڕەخسانی دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ نێو ئێراق زۆر چاک لەوە بەئاگابوون و هاوکات بەلایانەوە ئاسایی بوو کە لە دەرەوە شەڕی نێوخۆی کوردان بەپرۆگرامکراوە. ئاخر شۆڕەسوارانی کوردایەتی لەسەر نمووونەی شێخەکان، کە زۆریان باب و باپیری خۆیان و مۆدێلی سیاسەتکردنیان بوون، هەمیشە مرۆڤی کوردیان وەک سووک و دەستوێژی مەرامەکانی خۆیان بینیوە، کەواتە بەلایانەوە ئاسایی بوو ئەو شەڕە بەپرۆگرامکراوە بهێننە سەر خاکی خۆیان و لەوێ گەنجانی کورد بەکوشت بدەن! لێرەشدا سەرلەنوێ بەڵگەیەکمان دەستگیر دەبێت بۆ ئەوە کە کوردایەتی لە کرۆکییەوە توانای دەوڵەتداریی نەبووە، بەڵکو یاخیبوونی کوردانی سۆزمەند و خێڵەکییانی گوندی و شەقاوە خوێندەوارە سیاسییەکان بووە. ئاخر ئاگایی دەوڵەتداری لە ڕەوشی ئەوهادا شیمانەکانی شەڕی نێوخۆ دەکوژێنێتەوە، ئەوە گەر تەنانەت بە کودەتای لایەنێک بەسەر لایەنەکەی دیکەدا بێت. بەڵێ لە ئاگایی دەوڵەتداریدا هەموو دەستوێژێک بۆ پاراستنی گرووپ (گەلی خۆ) ڕەوایەتی وەردەگرێت.
گومانی تێدا نییە کە کوردستان بۆ شۆڕەسوارانی کوردایەتی تەنیا خاکە نەک وڵات، ئەوجا دەبێت دەمارگیرانە لەسەر ئەو خاکە شەڕی پاراستنی دەسەڵات بکرێت کە لە زۆر ڕووەوە میراتیی باب و باپیرانیانە و دەیانەوێت بیپارێزن. لێ شۆڕەسوارانی کوردایەتی لە بنەڕەتدا شەڕیان هێنایە نێو “ماڵان”ی کوردانەوە و هاوکات لە “ماڵ”ی کورد دەدوان، زۆر چاک بەئاگا لەوە کە کوردان هەرگیز “ماڵ-ێک”یان نەبووە، بەڵکو هەردەم لە فرەماڵدا دراوسێیانە (بەئاشتی یان دوژمنانە) ژیاون. بەڵێ دەستەواژەی “ماڵی کوردی” یەکێکە لە گەورەترین درۆکانی کوردایەتی، یان بەگشتی ڕەوانبێژییەکی خۆخۆشەویستکەرە و لە ئەوروپییەکان وەرگیراوە، کە بەزۆر بەسەر داکەوتی ناتەبا و فرەماڵی کورداندا دەسەپێنرێت. ئێمە هاوکات لەم پەیوەندییەدا جەبانێتیی نوێنەرانی کوردایەتی دەبینین کە فرەماڵی ناناسێنن و وەک هەرێمی سەربەخۆ بەرجەستەیان بکەن. لێ لە بنەڕەتدا، سەربەخۆ لە ئەوان، تەنیا بەدامەزراوەییکردنی ماڵەکان دەرفەت دەڕەخسێنێت کە لە ئایندەدا بە کاری کولتووری و ئیجرای سیاسی و ئابووری ماڵێک لە ئەوان پێکبهێنرێت.

7
کوردایەتی سەر بە کولتووری (سەقافەی) نزمە، وەک ئەوەش دژی یان تەنانەت دوژمنی کولتووری باڵایە، ئەوجا ئەمڕۆ وەک باڵادەست کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی جڤاکی و کولتووری نواندووە و بەردەوام دەینوێنێت، کە گرنگترینیان بریتین لە: ساویلکەکردنەوەی خەڵک و فێرکردنیان بۆ تێربوون بە دەربڕینی سادە، بەمەش دەمەوەرکردنی ساویلکەکان کە لە خۆیانەوە لەسەر هەموو شتێک قسان دەکەن؛ ئەوجا فراوانکردنی بوارەکانی رواڵەتگەری و فشەکەرێتی لە پێناوی خۆهێشتنەوەیدا، لێرەشدا بەدجۆرترین و بەدئەخلاقترینی ناکەسانی کۆمەڵ لە میدیاکاندا کاری پرۆپاگەندەیی بۆ دەکەن؛ هەروەها لەناوبرنی خەون یان مەبەست یان هەوڵی دەوڵەت لەنێو هەناوی کوردانی ئێراقدا، چونکە نوێنەرەکانی مەمنوون بوون کە ئارەبی برا گەورەیان دیدێکی ئەرێنییان تێبگرێت یان بە “عافیە کەکە” بە شانیاندا بکێشێت، و هتاد.
کوردایەتی ڤایرۆسێکە کە جەستە تووشی شەلەل دەکات و هۆش بە خورافیات دەتەنێت. ئەمڕۆ کورد بەهۆی ئەم دوو نەخۆشییەی نێو لەش و هۆشی خۆیەوە زۆر لە هەنگاوی دامەزراندنی دەوڵەت دوورکەوتۆتەوە. مەگەر سێ کوردستانەکەی دی بە داگیرکردن فریای کوردەکانی ئێراق بکەون، کە پاشان بەهێزی چەک هەڵوێستمەندان و کەرامەتدارانی نێویان بهێننە سەر دەسەڵات، لێرەشدا گومانی تێدا نییە کە لەبەر ئەوەی ئەمانیش تەمەڵ و نەشارەزای سیاسین، ئەوا دەبێت هەرسێکیان پێکەوە دارەدارەیان پێبکەن و هاوکات لەبەر ئەوەی کەمینەن، دەستیان بەرنەدەن.

ماویەتی ….

Previous
Next