Skip to Content

شیعر: كتێبه‌كان … سمكۆ محه‌مه‌د

شیعر: كتێبه‌كان … سمكۆ محه‌مه‌د

Closed
by June 14, 2020 General, Poems


كتێبی ره‌ش
ره‌شێتی ئه‌م كتێبه‌ له‌تونی حه‌مام ده‌چوو
چیرۆكی كۆمیدیه‌كه‌ بۆ پاشایه‌كی هه‌وه‌سباز
بیرمدێ‌ به‌فیتی رۆژنامه‌نووسێك چه‌كیان كردن و تفه‌نگێكی پیریان پێدان
له‌گه‌ڵ پژمینی هه‌ر پیره‌مێردێك ده‌ته‌قی
قه‌تره‌یه‌ك ئاویان له‌ماڵه‌كانتان حه‌رام كرد و ناردیانن بۆ سه‌رابستان
له‌ترسی یه‌كتریش ده‌ستتان به‌په‌ڕمه‌نگه‌نات ده‌شۆری
بیرمدێ‌ وێنه‌كانتان ده‌برد بۆ تیاترۆ و شه‌وانی سوور
شه‌وانی ڤێللا و پاره‌ و ویسكی و ته‌لیفۆن و مه‌سج
كوڕ وكچه‌كانتان شێت ده‌بوون به‌شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن
واشێت بووبن دڵیان به‌سێكسی به‌كۆمه‌ڵیش ئاو نه‌خواته‌وه‌
وه‌ختێك خۆیان ده‌بینی
گریانیان بۆ قسه‌كانی “نیچه‌” ده‌هات
كه‌ مردنیش له‌سه‌ر گۆڕه‌كانیان نووسرا
“كل نفس ژائقه‌ العشق”
هه‌ر ئه‌م كتێبه‌یه‌
ئه‌و نوسه‌رانه‌ی كرد به‌پاڵه‌وان
كه‌ په‌ندی پێشینانیان ده‌دزی و ده‌یانكرد به‌شیعر
كاپتنێكی فاشل بۆ كه‌شتیه‌ شكاوه‌كه‌تان ناردرا تا نوقم بن
هه‌ر كه‌سێك بۆ ماڵی حه‌بیبه‌ سه‌فه‌ری كردبا
ده‌یانگه‌ڕانه‌وه‌ ماڵی پاشا
كه‌سێك یاخی بوایه‌ و سه‌ری بله‌قاندایه‌ بۆ لاوكێ كه‌پاڵه‌وانه‌كه‌ی خائینه‌
ده‌یانخه‌سان و ده‌یانكرد به‌مه‌یموونێكی برسی
بیرمدێ‌ ره‌ش ده‌بوون وه‌كو ره‌شه‌با هه‌ڵده‌گه‌ڕان


كتێبی زه‌رد
زه‌ردێتی ئه‌م كتێبه‌ له‌زه‌ردوویی منداڵ ده‌چوو
چیرۆكی راوچیه‌كی درۆزنه‌ بۆ سوپاسالارێكی گێل
بیرمدێ‌ له‌ترسی تۆڵه‌ی رۆژئاوا كه‌رۆژێك له‌رۆژان مرواریتان لێدزی بوو
مینا ئاڵاكه‌ی سه‌لاحه‌دین زه‌رد ببوون كه‌هه‌رچی كچه‌ كورد بوو به‌خه‌مه‌وه‌ قه‌یره‌ی كردن
ده‌ستان ده‌برد بۆ له‌ته‌ مانگێك و ده‌تانبرد بۆمه‌زاری پیاوچاكێك كه‌باپیرتان سه‌نگه‌ری لێگرتبوو
دوو ته‌خته‌داری راست و چه‌پ به‌بزمار له‌سه‌ر پشتی باوكتان داده‌كوتی
پیاوه‌تی خۆتان له‌سه‌ر رۆحی سپی كچاندا تاقیده‌كرده‌وه‌
مۆمێكی گه‌شتان له‌سه‌ر ده‌ستی خۆتان و ژنه‌كانتان ده‌كوژانه‌وه‌
شاخه‌ گایه‌كتان له‌هینده‌وه‌ هێنا و له‌به‌رده‌م ماڵه‌كانتان كردتان به‌مۆنۆمێنت
ئه‌سپێكی دارینتان زینكرد بۆ ئه‌و بوكه‌ی به‌ر له‌ماره‌كردنی
به‌خوێنی خۆی نوسی تف و نه‌فره‌ت له‌ئاسمان
هه‌موو جومعانی پایزێك چاوه‌ڕێی ئایه‌تێكی نوێ‌ بوون
زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕان له‌شه‌رما


كتێبی سه‌وز
سه‌وزێتی ئه‌م كتێبه‌ له‌داری كوفر ده‌چوو
چیرۆكی قاچاخچییه‌كه‌ بۆ مه‌لای كوێره‌ گوندێك
بیرمدێ‌ كه‌سێك هاتبوو پێی ده‌گووتن ئاین له‌هه‌موو شتێك باشتره‌
هه‌مووتانی كرد به‌ئیبراهیمی پاڵه‌وان و په‌ڕۆیه‌كی سه‌وزی له‌ملتان ئاڵان و كردتانی به‌برای فیرعه‌ون
دڵی سارای پێ‌ زویر كردن و ئیسماعیل و ئیسحاق له‌بری هابیل و قابیل تان پێكه‌وه‌ ناشت
له‌خه‌وتانا مریه‌م ئه‌مجاره‌یان كچێكی ببوو و مه‌سیحی ده‌ركرد له‌مه‌له‌كوت
محه‌مه‌دیش له‌بیابانێك بێكه‌س
مامۆستایه‌كی بۆهێنان
زانستی له‌هه‌موو مناڵه‌كانتان سه‌نده‌وه‌ و هه‌رچییان ئه‌زبه‌ر كردبوو بیریان چووه‌وه‌
ژنه‌كانتانی فێركرد له‌گه‌ڵ سه‌گێكدا به‌مه‌جاز قسه‌ بكه‌ن
هاوڕێتی سه‌گ له‌تامی پیاو خۆشتره‌
فێری كردن شه‌رم نه‌كه‌ن و له‌رادیۆكاندا ناوتان بگۆڕن بۆ ناوی جانه‌وه‌ر
هێنده‌ باوه‌ڕی پێكردن به‌ هه‌واڵی درۆ
چل ساڵی رێك تووشی ئه‌نفله‌وه‌نزای به‌راز و مریشك و ئیدز و ره‌بۆ و دڵه‌كوتێ بوون
بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر سنوور ده‌ست بۆ دراوسێكانتان پان بكه‌نه‌وه‌
به‌ریز ده‌رمانی مشك و سیسركه‌ وه‌ربگرن
سه‌وز بوون وه‌كو دارێكی بێبه‌ر


كتێبی سوور
سوورێتی ئه‌م كتێبه‌ له‌خۆرئاوابوون ده‌چوو
چیرۆكی پیاوێكی كاغه‌زییه‌ بۆ مه‌جلیسێكی كه‌ڕ
بیرمدێ‌ ده‌نگۆیه‌كتان بیستبوو كه‌هه‌مووتان ده‌بنه‌ ئیمبراتۆری مه‌زن
له‌كونفه‌یه‌ كونێكدا وه‌رزی ئازادیتان سڕیه‌وه‌ له‌ساڵ
له‌چه‌په‌وه‌ یاداشتی گیڤاراتان بۆ مناڵه‌كانتان ده‌خوێنده‌وه‌ و ده‌تانبرد بۆ مۆزه‌خانه‌ دزراوه‌كه‌ی به‌غدا
هه‌ر ئه‌م كتێبه‌
فێری كردن ئه‌ستێره‌كه‌ی نێوچاوانتان بسڕنه‌وه‌ و به‌ راست و چه‌پ
سه‌ر لووتی خۆتان ره‌ش بكه‌ن
لافیته‌كانی سه‌ر دیوار بدڕێنن و به‌رو پشت هه‌ڵیواسن
له‌بابه‌ نوئێل تووڕه‌ بن و له‌بری نه‌فره‌ت له‌زه‌مه‌ن
وه‌كو من فێربوون به‌سه‌رخۆشی هه‌موو سه‌ره‌ ساڵان
له‌داخی بێقیمه‌ت بوونی زه‌مه‌ن
سه‌عاتێك بشكێنن و له‌به‌رده‌م باره‌گای حیزبه‌كان تووڕی هه‌ڵده‌ن و چه‌كداره‌كانیش ته‌ڵفیزیتان پێبكه‌ن
ده‌ستی چه‌پتان ده‌بڕیه‌وه‌ كه‌ رۆژێك ویستبووتان به‌حه‌رامیی مه‌مكی ژنێك بگرن
خۆتان به‌درۆ خسته‌وه‌ كه‌ گوتبووتان رۆژێك دێت تارمایی ده‌ڕه‌وێته‌وه‌
ده‌گریان بۆ ئه‌و رۆژانه‌ی كه‌ بزه‌یه‌كتان كردووه‌ و
قاقاتان هه‌ڵگرتبوو بۆ گه‌وره‌بوون
پێده‌كه‌نن به‌و شه‌وانه‌ی كه‌ به‌دیار عاربانچیه‌كانه‌وه‌ گریابوون
له‌رۆژنامه‌كانیشدا ده‌تانگووت ژیانی شه‌و خۆشتره‌ له‌رۆژ
كه‌چی سوور هه‌ڵگه‌ڕان له‌شه‌رما


كتێبی شین
شینێتی ئه‌م كتێبه‌ له‌گۆمێكی مه‌نگ ده‌چوو
چیرۆكی ئه‌ستێره‌ناسێكی خه‌واڵووه‌ بۆ خێڵێكی خۆخۆر
بیرمدێ‌ تاقمێكتان سه‌رگرده‌كانتان ده‌گرت و ئه‌وانی دیكه‌ش به‌شه‌رمه‌وه‌ ده‌چوون بۆسه‌ر رووبار
ئیره‌ییتان به‌قه‌ولخوێنێكی لالش ده‌برد كه‌له‌سه‌ر په‌ڕۆیه‌كی شین نوسیبووی خیانه‌ت
قامیشتان ده‌كرد به‌دارشه‌ق كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێكدا ده‌چوو به‌چاوتانا
له‌رقی نه‌وه‌كانتان سمێڵی خۆتان ده‌تاشی و له‌پشتیره‌كانا ده‌خه‌وتن
له‌بری سه‌ره‌تای هه‌ر رێگایه‌ك كۆتایی تووله‌رێیه‌كتان نیشانی یه‌كتر ده‌دا
هه‌ر ئه‌م كتێبه‌ فێری كردن
به‌خۆڕایی وێنه‌ی ته‌لارێك بگۆڕنه‌وه‌ به‌ئه‌شكه‌وته‌كانی جاسه‌نه‌ و شانه‌ده‌ر و هه‌زارمێرد و په‌نجه‌ره‌كانی سه‌ر قه‌ڵا
به‌ده‌ستی خۆتان گه‌رای مار و دوپشك و تیمساحتان خسته‌ نێو كتێبخانه‌كان
به‌مشت خۆڵتان ده‌برد بۆ ئه‌و پیاوانه‌ی له‌هه‌نده‌رانه‌وه‌ به‌دیاری كلو كلدانیان بۆ ژنه‌كانتان هێناوه‌
رۆژنه‌بوو شیرینی نه‌به‌ن بۆ ئه‌و ژووره‌ی كه‌ له‌مه‌رزه‌كاندا قاچاخچیه‌كان سێكسی تیاده‌كه‌ن
شه‌و نه‌بوو مل كه‌چ نه‌كه‌ن بۆ ئه‌و داهۆڵانه‌ی كه‌ له‌بری پیاوماقوڵه‌كانتان
ته‌زبیحاتیان ده‌كرد
كه‌ئاوڕیشتان ده‌دایه‌وه‌ كیسرا و جه‌نگیزخان و هۆلاكۆ له‌سه‌ر سینگتان خه‌ریكی قومار كردن بوون
كاتێكیش وه‌خه‌به‌ر ده‌هاتن
كه‌چی وه‌كو لاشه‌یه‌كی مه‌یوو و شین بوون


كتێبی سپی
سپێتی ئه‌م كتێبه‌ له‌ كفنی مردوو ده‌چوو
چیرۆكی شاعیرێكی سه‌رخۆشه‌ بۆ گۆرانیبێژه‌ ساخته‌چییه‌كان
بیرمدێ‌ رۆژێك نیوه‌ی له‌شتان ساردو نیوه‌كه‌ی دیكه‌ ترسابوو
به‌جهانی شیعره‌وه‌ ماتڵ ده‌بوون كه‌ به‌گزی و درۆ چێژتان لێده‌بینی
ئه‌م جهانه‌ سپی ناكردنه‌وه‌ له‌گوناه
خه‌ونی ئاجڕو باجڕتان ده‌بینی و یه‌كترتان ده‌تۆقاند
به‌زۆر له‌بنمیچی ماڵه‌كانتان وێنه‌یه‌كی سوریالیتان ده‌كێشا
زگی حه‌یرانتان ده‌دڕی و قاچی چه‌مه‌ریتان ده‌شكاند
پیاوتان خه‌مۆك و ژنتان حه‌یشه‌ری ببوو
مناڵه‌كانیشتان له‌ترسان له‌به‌رده‌م دادگا بێ‌ ته‌رازووه‌كان هه‌ڵده‌له‌رزین
بۆنی شیری خاوتان ده‌گۆڕی بۆ بۆنی كلۆرۆفیل و زه‌عفه‌ران
تاپێتان كرا جلی سپیتان دڕی و بوختانتان بۆ فریشته‌ هه‌ڵبه‌ست
سپی بوون وه‌كو ئاڵای ده‌ستی دیله‌كانی شه‌ڕ


كتێبی خاكی
خاكێتی ئه‌م كتێبه‌ له‌بیابانی عه‌رعه‌ر ده‌چوو
چیرۆكی گه‌ڕیده‌یه‌كی چاوچنۆكه‌ بۆ خانه‌خوێكانی
بیرمدێ‌ له‌هه‌ر چركه‌ساتێكدا مسته‌كۆڵه‌تان ئاماده‌بوو بۆقه‌پۆزی براده‌ره‌كانتان
له‌دایكێكی ته‌پوتۆزاویدا گه‌وره‌بوون و ره‌نگی جه‌نگاوه‌رتان گرت
له‌گه‌ڵ سه‌ربازه‌كان ده‌یانبردن بۆ كه‌رنه‌ڤاڵ و بستێك زه‌ویشتان پێنادرا
له‌سه‌ر شانی هه‌ر پیاوێكی ترسنۆك خاڵێكتان بینیبا به‌سه‌رهه‌نگ ناوتان ده‌برد
نه‌خشه‌ی خاكیان پێكردن به‌ریكلامی سه‌ر دیواری باڵه‌خانه‌كان و
به‌نرخی قاڵی پێیان فرۆشنه‌وه‌
هه‌ر ئه‌م كتێبه‌ فێری كردن
دڕدۆنگ بن و له‌جیاتی شیعری رۆمانسی دروشمی قۆڕ بڵێنه‌وه‌
ئێستاش له‌به‌رچاومه‌ كراسی ژێره‌وه‌ی ژنه‌كانتان ده‌برد بۆ خۆشنووسێك
له‌سه‌ری بنووسێ‌ (خوایه‌ وه‌ته‌ن ئاوا نه‌كه‌ی)
باخه‌ڵتان پڕ ده‌كرد له‌ده‌مه‌قاچێن و به‌چاوی یه‌كتردا ده‌تانته‌قاند
خاكی ده‌بوون وه‌ك بیابان


كتێبی مۆر
مۆرێتێ‌ ئه‌م كتێبه‌ له‌خومخانه‌ ده‌چوو
یاده‌وه‌ری قه‌شه‌یه‌كی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌یه‌ بۆراهیبه‌كانی
بیرمدێ‌ مۆرهه‌ڵكه‌نێكیان كرد به‌ده‌م سپیتان كه‌ساخته‌ی له‌خۆاش ده‌كرد
مێژوویه‌كیان لێده‌كردنه‌ ماڵ كه‌سۆمه‌رییه‌كان نوسیویانه‌ته‌وه‌
رێی ماڵه‌كانی لێونكرد و ده‌چوون بۆ ژێر دیوارێكی ته‌پیو
به‌پێكێك شه‌راب سكی راهیبه‌كانتان له‌قه‌شه‌ ئاوس ده‌كرد
له‌بری ماره‌یی نۆ مسقاڵ كبریت و ده‌فته‌رێك سیغاری ژاكاوتان ده‌نووسی
له‌بری خه‌ناوكه‌ی مێخه‌كی ته‌وقی عه‌زازیلیان ده‌خسته‌ گه‌ردنتان
مۆر هه‌ڵده‌گه‌ڕان وه‌ك سه‌رمابرده‌ڵه‌یه‌ك

Previous
Next