Skip to Content

ئەكتەری كورد بۆ بێ‌ هەڵوێستە؟ … حه‌یده‌ر عه‌بدولره‌حمان

ئەكتەری كورد بۆ بێ‌ هەڵوێستە؟ … حه‌یده‌ر عه‌بدولره‌حمان

Closed
by حوزه‌یران 14, 2020 General, Literature


بەگشتی ئەكتەری كورد بۆ بژاردەی بەشداری كردن یا نەكردن لەكارە شانۆیی و درامی و سینەماییەكاندا هەمیشە كەسێكی بێ‌ هەڵوبَستە و ئامادەیە بەچاو بەستراوی گرێ‌ بەست لەگەڵ بەرهەم هێنەرو دەرهێنەرەكاندا مۆر بكات، بێ‌ ئەوەی باكی بەهەر ئەنجامێك هەبێت كە لەئاكامی ئەو گرێ‌ بەستەدا روو بەرووی دەبێتەوە.
ئەو دیاردەیە تەنیا ئەو ئەكتەرە لاوانەی نەگرتۆتەوە كە بەپەرۆشی كاركردنن و بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێن بۆ دەركەوتن، بەڵكو زۆر لەو ئەكتەرە ناسراوانەش دەگرێتەوە كە خاوەن ئەزموونی هونەرین و پێگەی دیارو بەرچاوی خۆیانیان هەیە لەبواری كار كردندا.
ئەو دیاردەی ئامادەباشی ئەكتەران بۆ بەشداری بوون وەك كاری كرێكارانی لێ‌ هاتووە لەمەیدانی كرێكاراندا، ئەگەرنا ناكرێت ئەكتەرێكی خاوەن ئەزموون بێ‌ بینینی دەق و سیناریۆ گرێ‌ بەست لەگەڵ دەرهێنەرێك مۆر كات، چەند ئەلقەیەكی سەرەتایی بخاتە بەردەم ئەكتەر، دواتر بۆ ئەلقەكانی تر بەدەست نووسی رۆژانە نواندن بكات، نە شتێ‌ لە ئامانج و فەلسەفەی نمایش تێ‌ بگا، نە ئاگای لە رووداوو كاراكتەرەكانی تر بێت .
ئەگەر ئەكتەر حیساب بۆ رابووردووی خۆی بكات و هونەرەكەی خۆی خۆش بوێت، ناكرێ‌ ئاوا بەئاسانی هونەرەكەی خۆی وەك كالایەكی بازاڕی بكڕدرێ‌ و بفرۆشرێ‌، هیچ پرسیارێكیشی نەبێ!
ئەكتەر نەك هەر گوناهێكی هونەری گەورەیە بەبێ‌ بینینی دەق و سیناریۆ بە چاو بەستراوی بەشداری لە بەرهەمێكدا بكات، بەڵكو پێویستە حیساب بۆ ئاست و توانستی دەرهێنەریش بكات و لەوە دڵنیا بێت ئەو دەرهێنەرە تا چەند دەسەڵاتی ئەوەی هەیە شكۆی هونەریی ئەو ئەكتەرەو هونەرەكەی بپارێزێ‌، تا چەند ئەو كاراكتەرەی بۆی دیاری كراوە كاراكتەرێكی ئەكتیفەو دەرفەتی بۆ دەڕەخسێنێ‌ سەركەوتن بە دەست بێنێ‌؟
هەندێ‌ جار ئەكتەری ناسراو، خاوەنی هونەریی باڵاو ئەزموونی دەوڵەمەند بەتەنها بەشداربوونی دەبێتە سەرمایە بۆ دەرهێنەرو زۆر جاران پێوەرو هاوكێشەكانی بەرهەم بەهۆی بەشدار بوونی ئەو ئەكتەرە دەگۆڕیِت لەرووی بازاڕو راكێشانی بینەرو تیشكی میدیایی.
بۆیە ئەكتەر مافی خۆیەتی وەك عوملەیەكی گران بەها مەرجی خۆی هەبێت بۆ بەشداری كردن لەهەر بەرهەمێكدا، بەر لە هەموو شتێ‌ چوار خاڵی گرنگ لەبەرچاو بگرێ‌ :
.1ئاستی دەق و سیناریۆ.
.2ئەزموون و توانستی دەرهێنەرو ستافەكەی .
.3كاراكتەرو ناوەرۆكی كاراكتەر .4مافی دارایی ئەكتەر .
دوای دابین بوونی هەموو ئەو خاڵانەو بڕوا هێنانی ئەكتەر پێیان، ئینجا قۆناغی گرێ‌ بەست ئەنجام دەدرێت، نەك لەخاڵی سفرەوە گرێ‌ بەست واژوو بكرێت و مەرجەكانی تر بە پەراوێز بكرێن و ئامانج تەنیا پارە بێت.
دواتر لە ناوەڕاستی ئەنجام دانی بەرهەمەكە÷ ئینجا ئەكتەر بكەوێتە بارێكی سەرلێ‌ شێوان و پەشیمان بوونەوەو دەست لەكار هەڵگرتن و راكردن..
كارەكە بگاتە ئەو ئاستەی دەرهێنەر بكەوێتە پەلە قاژەیەك نەزانێت چۆن بۆشایی راكردنی ئەكتەرەكان پڕ كاتەوەو چ وەڵامێكی بەرهەم هێنەرو سپۆنسەرەكانی بداتەوە، ناچاری ئەوە بێت چارەسەری درامی كۆتایی بەرهەم لەبۆشایی دەست هەڵگرتنی ئەو ئەكتەرانەدا بە حیكایەت و نووسین ،بۆ بینەر بگێڕێتەوە نەك بە وێنەو دراما.
ئەم شكستە هەر تەنها شكستێك نیە بۆ دەرهێنەر، بەڵكو چەندین شكستی دیكە لەگەڵ خۆیدا دێنێ‌:
.1شكستێكە بۆ دەرهێنەر، دوای دۆڕاندنی ئەو متمانەیەی پێی درابوو لەلایەن بینەرەوە.
.2شكستێكی دارایی و مەعنەوی و میدیاییە بۆ ئەو دەزگا بەرهەم هێنەرەی متمانەی بەدەرهێنەردا.
.3شكستێكە بۆ ئەو ئەكتەرە باش و خراپانەی بەشدارییان لە بەرهەمەكەدا كرد بە تێكڕایی 4.شكستێكی گەورەیە بۆ بینەر كە زۆر بە حەسرەتەوە تەماشای زنجیرەكە دەكاو لەئەنجامدا روخانێكی هەرەمی بەرهەمەكە بەچاوی خۆیەوە دەبینێت.
.5 شكستێكە بۆ درامای كوردی و گەڕانەوە بۆ سەرەتا بێ‌ ئومێدەكانی.
بێگومان هەموو ئەو شكستانە هۆكاری خۆیان هەیە :
.1دەرهێنەرێكی بێ‌ ئەزموون كە دەسەڵاتێكی سنوور داری هەیە و ناتوانێت لە كون فە یەكونێك ئەو بارە قورسە بگرێتە ئەستۆ، بە شێوەیەكی رەمەكی بێ‌ نەخشەو پلان .
.2پەلەپروزێ‌ لەكار كردن لەپێناو قۆرخ كردنی دەرفەتی بەرهەم هێنان و دەسكەوتی ماددی
.3نەبوونی دەق و سیناریۆ ( دەرهێنەرێك لەلایەك سەرپەرشتی دەرهێنان بكات و لەلایەكی دیكە بە پەلە پروزی رۆژانە دەست نووسی سەرپێیی بنووسێ‌ )
.4 نەبوونی میكانیزمێكی پوخت بۆ كار كردنی رۆژانە.
.5بەجێ‌ هێشتنی ژمارەیەك لە ئەكتەرە بەشداربووەكان و پەك كەوتنی وێنەگرتن و مۆنتاژ.
ئەكتەر كە دەچێتە ناو ئەو هەموو كێشانەو دەبێتە پارچەیك لێیان، دەبێ‌ بزانین هۆكار چیە بەو چاو بەستراوەییە ئامادەیی خۆی نیشان دەدا بۆ بەشداری بوون ؟
.1بێ‌ بازاڕی بەرهەمی هونەریی و درامی و دەست بە تاڵی درێژ خایەن .
.2 هەلومەرجی سەختی ئابووریی و نەداری هونەرمەندان.
.3پەرۆشی هونەرمەندە كۆنەكان بۆ گەڕانەوە بۆ باوەشی دراماو ئیسپات وجود.
.4ئارەزووی زۆری ئەكتەرە لاوەكان بۆ كاركردن لەئەنجامی قەیرانی دراما.
.5نا هوشیاریی هەندێك لەوان و بەنرخ نەزانینی ئەنجامەكان.

ئەنجام :
وا چاكترە ئەكتەرانی ئێمە هەمیشە سوود لەئەزموونە شكست خواردوەكانیاندا فێری رێزلێنان لەهونەرەكەیان بن، ئەوە بزانن كە هەر تەنها دەركەوتن بەس نیە بۆ ئەكتەر، بە تایبەت بۆ هەندێ‌ لەوان كە مێژووی پڕ لە سەروەرییان ، ناكرێت بەنرخێكی هەرزان بەهەدەر بدەن، ئەو خۆشەویستیەی لەدڵی هەوادارانی خۆیان كە بەنرخترین سەرمایەی ئەوانە بەخۆڕایی دروستیان نەكردووە تا بەو هەرزانیە بەهەدەری بدەن.
دووهەمیان : وا پێویست دەكات بۆ قەرەبوو كردنەوەو راست كردنەوەی ئەو شكستانە لە ئەزموونی هونەری دا بەكاری جوان و پڕ لە داهێنان پڕ كەنەوە، بۆ هاوسەنگ راگرتنی بەلانسی هونەرییان .
هیچ كارێكی هونەریش كۆتایی نیە، بەڵام هەر یەك لەوان ئەزموونێكە پێویستە ئەكتەر بۆ بونیاتی ئایندەی هونەریی خۆی و پاراستنی متمانەی هەوادارەكانی بە ئاگاییەوە هەنگاوی بۆ بهاوێژێ‌.

Previous
Next
Kurdish