Skip to Content

دوو دزیی لە دەنگەکان … فاروق عەبدوڵا قادر

دوو دزیی لە دەنگەکان … فاروق عەبدوڵا قادر

Closed
by حوزه‌یران 14, 2020 General, Opinion, Slider


جوانی رۆشنبیر لەوەدایە راسپاردە پارێز بێت، مافی کەسانی تر پێشێل نەکات، درۆو چاوبەست لە کەس نەکات، لە هەوڵی جدیدا بێت بۆ خۆ رۆشنبیرکردنی بەردەوام و پەیڕەوکردنی هەموو پرەنسیپە جوانەکانی مرۆڤایەتی کە لە چیرۆکی یەکەم مرۆڤ لەسەر زەویەوە بەردەوامی هەیەو تا دواهەمین مرۆڤ هەروا دەمێنێتەوە.
گومان لەوەدا نیە بە شێوەیەکی ڕەهایی ناتوانین باس لەوە بکەین کە سەرهەڵدانی دیاردەیەکی سلبی رووی هەموو قەڵەم بەدەستان دەگرێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا زەنگێکی بێدارییە بۆ هەموو ئەوانەی کە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانەدا دەکەن کە بە کاریی دزینی بەرهەمی فیکریی خەڵکانی تر هەڵدەستن و دەبێت هیچ ئیعتبارێکی لایان نەمێنێت، لەمبارەدا گەرهەریەکێك گەشتێك بکات بە دونیای مەجازیی نووسین و ئەدەبی کوردیدا دەتوانێت سەدان نموونە ریز بکات، کە بە داخەوە نەدەبوو ئاوها بێت، چونکە گەر دزیی لە موڵکی خەڵك و پارەو داهاتی موچەخۆر و هاوڵاتی کوردا بکرێت ئەوا رەنگە ڕێی تێبچێت و جێی بڕوا بێت کە گیرفانبڕ زۆر هەن، کە دەبوو لەم کاتەشدا هەموو خاوەن ویژدانێکی زیندوو هەڵوێستی وەربگرتایەو هەوڵی جدی بدایە هەتا ئەو دیاردەیەی نەهێشتایە، چونکە بە داخەوە ئێستا لە حاڵەتێکەوە تەشەنەی کردووەو بووەتە دیاردە و هەموو بوارەکانی ژیانی تەنیوەتەوە.
لێرەدا بە کورتی هەر یەك نموونە دەهێنینەوە تا بزانین چۆن وا بە ئاسانی و بە بێدەنگی ئەم کارە لە ناو ئێمەدا تێپەڕ دەبێت و کەس باسی ناکات، تا لە ئەنجامدا هەمووان دەبێت ئازارەکەی بچەژن کاتێك خۆیان گیرۆدەی دەبن، کێشە سەرەکیەکەش ئەوەیە لای ئێمەی کورد هیچ دادگایەك نییە داکۆکی لە مافی مەعنەوی و تەنانەت مادی خەڵکیش بکات، ئەوەش کە هەیە تەرازووەکەی لاسەنگ بووەو حیزب هەموو روویەکی جوانی ژیانی ناشرین کردووەو ئاوی بۆ هەمووان ڕشتووە و هانیان دەدات تا دەتوانن کۆپی دەسەڵاتدارەکان بکەن لە دزی و گەندەڵی و نایاسایی و زوڵم و ستەم، چونکە ئەوان لەو ژینگەیەدا هەناسەی تەواو دەدەن و ترسی جێ لەقبوونیان نییە لەو کورسیەی بە زۆریی زۆردارەکی داگیریان کردووە.
پێش ماوەیەك ویستم ئەو سەرچاوانە کۆبکەمەوە کە بە کوردی لەسەر نووسەرو شاعیری ئەمەریکی سەدەی بیستهەم (ریچارد براتیگان) نووسراون، کەچی توشی شۆك بووم کە بینیم کەسانێك بابەتی یەکتر کۆپی دەکەنەوەو ناوی خۆیانی دەخەنە سەر وەك ئەوەی حساب بۆ هیچ خوێنەرێکی زیرەك و ویژدانی خۆشیان نەکەن.
نموونەیەك لەو نموونانەی کە سەرنجمداو بەدویدا چووم ؛ دووجارو بە دوو شیوەی جیاواز دزی لێکراوە بابەتێك بوو لە لایەن نووسەر سۆران محمەمەدەوە بۆ یەکەمجار لە ماڵپەڕی دەنگەکان لەسەر ریچارد براتیگان وەرگێڕدرابووە سەر زمانی کوردی کە ئەمە لینکەکەیەتی:
https://dengekan.info/archives/8475
https://dengekan.info/archives/8504
کە چی مستەفا عوسمان ناوێك هەستاوە بە تۆمارکردنی شیعرێک تیایدا لە یوتیوب بە ناوی (بەلەمێك)و نووسیویەتی وەرگێڕانی مستەفا عوسمان، کە ئەمە وێنەو لینکەکەیەتی:
https://www.youtube.com/watch?v=99j3Rm_DDXQ

هەر هەمان بابەت جارێکی تر لە رۆژنامەی سیروانی کاغەزیی ٢٠ ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ ژمارە ١٠٠٦ دا کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەردەچێت ناوی نووسەر لابراوەو ناوی رۆژنامەی سیروانی خراوەتە سەر و بەس ناونیشانەکەی کورتکراوەتەوە، بێ ئاماژەدان بە سەرچاوەی بابەتەکە کە سایتی دەنگەکانەو وەرگێرە راستەقینەکەی کە سۆران محەمەدە وچەندان نموونەی تریش… ئەمەش کۆپی ئەو بابەتەیە لە رۆژنامەی سیروان:

لێرەدا جێی باسە باسی وتەی نووسەرێکی کورد بکەم کە پێش ماوەیەك لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لە گەڕەلاوژەی دنیای ئەدەب و کێشەی خوێنەران کردبوو و گوتبووی: نازانم بۆ کێ بنووسم؟ ئەوەتا یان بێ بایەخ تەماشا دەکرێت یان خراپ سوودی لێ وەردەگیرێتەوە.
ئیتر کاتیەتی هەر یەك لە لای خۆیەوە ئاماژە بەم دیاردەو ئەو نموونانەی دزی بکات کە کەسانێکی دەروون ناساغ پێی هەڵدەستن و وا دەزانن کەس پەی پێیان نابات، تاکو هەر یەکێکمان لە لای خۆیەوە ئەو گۆمە پاکبکاتەوە کە هەموومان پێشتر وەكو کانییەك ئاومان لێ دەخواردەوە و ئێستا لێڵ بووە، تا بە هەموومان بتوانین باری کەوتوو و نەخۆشی ئەدەبیات و رۆشنبیریی راست بکەینەوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish