Skip to Content

149 Views

لەژێر هێڵی هەژاری هۆشمەندی دا … نیگار نادر

لەژێر هێڵی هەژاری هۆشمەندی دا … نیگار نادر

Closed
by June 16, 2020 General, Opinion, Slider


سیاسەت و پرۆسەی وه‌به‌رهێنانی مرۆیی ، لە بونیادنانی دامه‌زراوه‌ی په‌روه‌رده‌یی و فێرکاریدا، خۆی ده‌بینێته‌وه، به‌مه‌به‌ستی هەبوونی سیاسەتی ئاماده‌سازی گه‌نجان، له‌ رووی زانیاری و ئاکارییه‌وه،‌ له‌ گشت بواره‌کانی، زانستی و کۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی دا بەئامانجی نەتەوەسازی و تاکی هۆشمەند، بەڵام بەداخەوە له‌ هەرێمی کوردستاندا ئەو سیاسەتە هیج بناغەیەکی بۆ ڕۆنەنراوە و بەڵکو تائیستاش بابەتێکی پشتگوێ خراوە، ئەوەش کرۆکی سەرەکی کۆی تەنگەژەو کێشەکانی وڵاتسازیە، بەتایبەتی بۆ ژنان کە هەم وەک دایک، هەم وەک بەرپرسیارو بەشداری سەرەکی، لە کۆی دیاردەو دەرهاویشتەکانی کۆمەڵگەی کوردی دا پێکهێنەرن.
کەوتنە ژێر هێڵی هەژاری” لێرەدا، تەنها بەمانا ئابووریەکەی نییە و، مەبەست لە بژێوی نییە، بەڵکو مەبەست لە کۆی ئەو هێڵە هەژاریانەیە کە رێگە لە پێشکەوتنی دەگرن و مرۆڤ لە ڕووی هۆشمەندیەوە دەکەوێتە ژێریان ، هەرێمی کوردستان کە تژی یە لە جۆرەها دژبەیەکی وتەنگژەی سیاسی و، ئابووری و کۆمەڵایەتی ، لەبەرئەوە زۆربەی بابەت و پرسەکان، دەکەونە ژێر هێڵی هەژاری هۆشمەندیەوە.

لەراستیدا نکۆڵی لەوە ناکرێ، کە کۆمەڵگەی کوردی، بەر لە بیست ساڵ، کۆمەڵگەیەکی لاچەپەک و، تژی لە جۆرەها چەپێنراوی بووە ، دۆخی ژنان لەو کۆمەڵگەیەدا، پر بوو لە ئاستنەگ و، بەربەستی کۆمەڵایەتی ، یاسایی، ئاینی و ئابووری ، بەلام لەگەڵ هاتنی تەوژمی، نیولیبرالیزمی ئابووری و بەبازاڕ بوون ، کۆی پێوەرو ئاستنەگ و بەربەستەکان گۆڕدران و، بەشێوازێکی مەترسیدار و کتوپڕ، دۆخی ژنانیان وەرگێڕاوە بۆ بەرخۆری و، بە کاڵابوونێکی تەنها مادی نا، بەڵکو مەعریفیش.

دیارترین دەرهاویشتەکانی ئەم بەبازاڕبوونەش، لە بەكاڵابوونی هۆشیاری دا دەردەکەوێت، وەکو پرۆسەکانی هاندان بۆ پیشەنگ بوونی ساختە ، هەوەسی بوون بە سەرکردە، بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەرزی ئەکادیمی ، بوون بە هونەرمەندو ئەستێرەی ناسراو، هاوتەریب لەگەڵ شەپۆلی پۆرنۆئەدگاری، لە ئاکارو لە ڕەفتاردا، لەوسۆنگەیەشەوە تێکڕای ئەو پەروەردەو دیاردانە، زەبری کوشندەی لە هۆشیاری هێزو هزری ژنان داوە.

ئەوڕۆ لە کوردستان، یەک لە ڕووەکانی، کەوتنە ژێر هێڵی هەژاری هۆشمەندی و نەبوونی سیاسەتی وەبەرهەمهێنانی مرۆیی،سەرهەڵدانی ئەو لەشکرە ژنە (رۆشەنبیر هەژارانەن)، کە بە ناو و شێوازی جیاواز، لە پێگەو پڕۆگرام و پۆستی سیاسی و، مێدیایی و رۆشەنبیری و ئەکادیمی دا، بەنوێنەرایەتی تەواوی ژنی کورد گوتار بڵاودەکەنەوە و، دەهێنرێنە سەر شاشەی تیڤیەکان ، دەبنە نمایشکەری هەرێم لە وڵاتان ، لە سیلکی دیپلۆماتی دان ، بە ئەکادیمیست و ڕاوێژکار دەناسێردرێن.
بەڵام بە پێچەوانەی ئەو پێناسانە، زۆربەیان لەژێر هێڵی هەژاری رۆشەنبیری دا، قەتیس ماون، هەڵگری چەندین تایتڵی ئەکادیمی و سیاسین، بەڵام لە ئاست پێورە زانستی و ستانداردەکانی جیهان کورت دەهێنن ، پێشگری ناوی هەمەجۆریان هەیە، بەڵام لە بەر هەژاربوونی هۆشمەندی و جیهانبینی ژنانەیان ، پیاو ڕەفتار، پیاو گوفتار هەڵسوکەوت دەکەن .
ئەگەر ورد سەرنج بدەین، لە دەساڵی ڕابردوودی کوردستاندا، ژنان ڕواڵەتیان زۆر مۆدێرن بووە ، لە ڕووی ئازادی کارکردن، بەرەوپێشچوونێكی بەرچاو هاتۆتە كایەوە، لە ڕووی سیاسیەوە، چوونەتە ناو زۆربەی جومگەكانی حوکمڕانی و، پێگەی گرنگ گرنگیان پێسپێردراوە، تا ئاستی سەرۆکایەتی کردن،بەڵام بەداخەوە لەناوەرۆکدا، نەیانتوانیوە نە هێز نە هزر ، نە جێ پەنجەیان دیاریبکەن و بەدیدێکی ژنانە، مودێلێکی نوێی خۆکردی ژن لە باشوور، لەناو سیاسەت و کۆمەڵگا و رۆشەنبیری دا دابهێنن .

کەوتنە ژێر هێڵێکی تری هەژاری هۆشمەندی، کە زۆر بێزەوەرە ئەویش ناوزەدکردنی ژنانە بە کاڵایەکانی وەکو ترۆمبێلی گرانبەها ، مۆبایل و سیتی ، گەرەک ، هوتێل ، قوماش، جۆرەها بابەت و کاڵای ناجیزەتر ، لەهەمانکاتدا شانازیکردنی ئەو ژنانەشە بەو ناوبانگانەی کە لە ئامێرەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە کردونیەتە ئایکۆن و ئەستێرەی ناسراو ،ئاشکرایە لە هەر کۆمەڵگایەکدا، کاتێک دەبەنگی ریکۆرد دەشکێنێ و، هەڵفریواندنی گشتی دەگاتە لوتکە، ئەوکات، جۆرەها کەس و بابەتی پووچ، دەبن بە ئایکۆنی مەزن و جیهانی ، لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکانیش دا،بە جۆرەها زڕە ئایکۆن کۆپیان دەکەنەوە .
ئەوەی ڕاستییە، کۆمەڵگەی کوردی ، کۆمەڵگەیەکی تازەپێداکەوتەیە، لە درزێکی بچوکەوە، هەڵڕژاوەتە ناو جیهانێکی مادی و ئەو سەرمایەداری و کەپیتالیستە تینویەی، بێڕەحمانە مرۆڤ دەهاڕێ، بۆ بەدەستهێنانی قازانجەکانی، بەتایبەتیش ژنان .
دەرئەنجامیش ئەو بەكاڵابوونە بلەزەی ئەو جۆرە ژنانەی ، سۆشیال مێدیا زۆر بە خێرایی، زۆر بەکاڵوکرچی کردونیەتە، ئەستێرە و خاوەن ناوبانگ ، بە ملێۆنان فۆلەوەرو لایک و ناوبانگی دیجیتاڵیان هەیە، وەک بوکەڵەیەکی دیجیتاڵی لە قەیرانی هۆشمەندی دا دەسوڕێنەوەو دەکرێنە سەرچاوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ.
بۆ تێڕامان لەو پرسە پێویستە، سەرنج لە ستراکتۆرو سروشتی کۆمەڵایەتی و، سایکۆلۆژی کۆمەڵگەی کوردی بدەین، ئنجا دەبینین چ تێکەڵەو تێکچڕژانێکی مادی ، مۆڕاڵی ، بەهایی ، بەناوی پێشکەوتن و کرانەوە، بەناوی هونەر ، مێدیای ئازادو ، بازرگانی ئازادەوە، لە کوردستان دروستبوون ، لەهەمانکاتدا بە پێچەوانەشەوە، کۆمەڵگا تژیە لە چەپاندن و، نەبوون و پەراوێزخستنی، پێگە و دەنگی ژنانی، بەتوانا و شارەزا لە هەر یەک لە بوارەکانی ژیان دا.
هەر لێرە دا، دەبێت لەسەر ڕاستیەک، هەڵوێستە بکەین، ئەویش ئەوەیە، هەتا ئێستاش لە هەرێمدا ئەکادیمیایەک، گەلەرێیەکی شایستە نییە، هونەری تێدا بخوێنرێ و (ئارت) هونەری تێدا نمایش بکرێت!؟ لەبەر ئەوە، دەبێت بەسەرسوڕمانەوە، سەرنچ لەو هەموو ژنە (مێکاپ ئارتیستانە ) بدەین و، بزانین دروست لەکوێوە هەڵقوڵاون و، بەرهەمی چ جۆرە بازرگانیەکن ؟! هەروەها لێرە، نە پیشەسازی جلوبەرگ هەیە، نەبازرگانی جلوبەگ ، ئەی ئەو هەموو نمایشکارە و مۆدێلانە چۆن دەتوانن، ئەو ناوبانگانە لە خۆیان بنێن.
لەگۆشەنیگایەکی ترەوە ، ئەگەر بەراوردێکی نێوان ژیانی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە و ژیانی سۆشیال مێدیای کوردی بکەین، هەست بە دوفاقیەکی ترسێهنەر دەکەین ، چونکە کۆمەڵیک ژن بوون بە مۆدیل ، مایکاب ئارتست ، لایف دروستکەر ، بلۆگەر ، فاشیۆن دیزاینەر، ئەستێرەی میدیای بەناوبانگ ، هتد،،، زۆر ناوی سەیرو سەمەرەتر، کە تەواو ناکامڵ و دژەبەیەکن، لەگەڵ ئەو پیشانەدا،
چونکە نە بەڕاستی خاوەن پسپۆریەکن، لەو پیشە و بوارانەدا، نە دەرهاویشتەی سروشتی ژیانی ئەو کۆمەڵگەیەن، کە تێدا گەورەبوون و دەژین، بەڵکو زڕە کۆپیەکی بێزەوەری، ئەو ژنە ئایکۆنانەی کەنداو، یا رۆژئاوایانەن، كە بە مەبەستێکی بازرگانی و سەرنجڕاکێشانی ژنان بۆ خۆیان، وەک کاڵاو، هەروەها بۆ ئەو کاڵایانەی نمایشی دەکەن، هەڵتۆقیون و ژنیان کورتکردۆتەوە تەنها بۆ بازاڕ.
لەبەر ئەوە، هەتا وردتر ببینەوە، بە لەشکر ژنی( رۆشەنبیر هەژاری) تر دەبینن، کە بودجەیەکی زۆری ئەو وڵاتە دەبەن و، کەس ناشیانبینێت و ناشیانناسێت، بەشێکیان لەژێر تایتڵی ، داکۆکیکەر لە جێندەر، فێمێنیزم، بانگەشەی سکۆلارێکی سەربەخۆ دەکەن، لە ناو پۆستی کارتۆنی و رێکخراوەیی دا، بەشێکیان ئەو کلاسە لە بەناو ئەستێرەو هونەرمەندن ، بەشێکی تریان، پۆستی سەرۆکی هەستیارترین دەزگا دەکەن، لەناو دەزگا هەستیارەکاندا، مووچەی بەرز بەرزیان پێبەخشراوەو ، وەکو موشەخۆرێکێش زەبر لە هاتنە پێشەوەی ژنانی بە توانا دەدەن.
هەموو ئەو ژێر هیڵە هۆشیاریانەی ئاماژەمان پێدان، ژنانێکیان پەروەردە کردوە کە بە جۆرەها تایتڵ، لەناو نەخشەی ئابووری و سیاسی و کۆمەلایەتی و دەرکەوتوون، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە(حیزببەندی) و (کالابەندی) ، کە هاشێوەی( پارێزبەندی ) یاسایی، پێیان بەخشراوە، جیاواز لەو ئەجیندا مادی و سواوانە، لەو بەكاڵابوونە قێزەوەنە، نەیانتوانیوە کۆدەنگیەکی ژنانە دروستبکەن و، لەسەر کێشە سەردەمیەکانی ژن لە هەرێمدا گوتاری هۆشمەندی و ئاوەزمەندی خۆیان هەبێت، ئەگەر سەرنج لە گوتارەکانیان بدەیت، جۆرەها ڕەگی دووبەرەکی کومەڵایەتی، دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان، رەگەزپەرستی، پاشکۆیی دەبینیەوە .

هەروەها ئەوڕۆ، ڕوویەکی تری ترسێنەری، کەوتنە ژێر هێڵی هەژاری هۆشمەندی کەوتنە ژێر هیڵی هەژاری ژنبوونە ،ئەویش لە ڕێی بڵاوبوونەوەی شەپۆلی پۆرنۆئەدگاری و نەشتەرگەری جوانکاری، جوانکاری روخسارو جەستەیە، کە لەهەرێمی کوردستان، دەرهاویشتەی سەرسوڕهێنەری لێکەوتۆتەوە، هەروەها یەکە لە بازرگانییە ڕەشەکان و، هۆکاری سەرەکی تێکچوونی ئاسایشی تەندروستی وئاسایشی کۆمەلایەتی ژنانیشە.

ئەگەر وردتر سەرنج بدەی، جیاواز لە مۆدێل و فیگەرەکانی موزیک و هونەر ، ژن لەناو زۆربەی چینەکانی مامناوەند هەژارو و خیڵەکانیش دا، هەتا بگرە ئەو ژنانەی خودان پۆستی کۆمەلایەتی و سیاسی باڵاشن، بە ڕوخسارێکی شێواوی پفدراوی بۆتۆکسی و راکێشکراو ،نیمچە هەرزەییەوە دەردەکەون ، خەریکە روخسار شێواوی و پۆرۆنۆئەدگاری ژنان لە ڕێگەی جوانکاریەوە دەبێتە دیاردە و ستاندار، بۆ بەدەستهێنانی پێگەو پۆست و ناوبانگ و هەروەها ئەو پۆرنۆئەدگاریە بەهێزترین پێودانگە بۆ چوونە ناو سیاسەت و بازرگانی و ئەکادیمیاو کۆی ستراکتۆرەکانی کۆمەڵگە.
ڕووی لەوەش سەمەرەتری، کەوتنە ژێر هێڵی هەژاری ژنبوونەوە، رۆژئاوا ئەدگاریە، لە شێوەی دەرکەوتنی نەوەیەکە، لە کیژە گەنجەکان ، کە بە شێوەزارێکی نیمچە ئینگلیزی دەئاخفن و، رۆژئاوایانە دەهزرن و، بە ستایلێکی پرۆ رۆژئاوایی، رەفتاردەکەن !
ئەوان سەرەڕای روخسار شێواوی ، زمان شێواوی ،ئاکار شێواویشن، زۆربەی زۆریشیان، پەروەردەو دەرچووی زانکۆ و قوتابخانە، ئینگلیزی و بیانیەکانن، کە بەشێوەیەکی گشتگیر، لە سوشیال میدیادا، بەزمانی ئینگلیزیەکی هەندێک جار تیكەڵکراو بەکوردی، نوێنەرایەتی هزری ژنانی کۆمەڵگاو، ئاوەزمەندی ئەوڕۆی ژنانی کوردستان دەکەن .
ئەوانە، نائاگایانە دەر هاویشتەی ئەو کولتوورە ئەمەریکیەن، کە بیست ساڵێکە، بەسەر کوولتووری کوردی سەپێنراوە، بەتایبەت لە ڕێگەی خوێندن، لە زانکۆ ئەمەریکیەکان و، بەڕواڵەتیش، لەهەوڵی دەستگرتن بە کوولتووری کوردیەوەن ،بەلام لە بنەڕەتدا تەواو رۆژئاوا هزرن و لە کەسایەتیان دا، هەست بەو بۆشاییە گەورەیە دەکەی، کە لە نێوان ئەوان و نەوەی پێش خۆیاندا دروستبووە.

کۆی ئەو ئاماژانە دەرئەنجام و گەواهین بۆ هەبوونی کەلینێکی گەورەی وەبەرهەمهێنانی مرۆیی و سیاسەتی وڵاتسازی و گەندەڵی ، لەوانەش زۆر ترسەناکتر ئەوەیە ، کە کۆمەڵگا بەتەواوی بکەوێتە دەست مێدیا ، مێدیا نوێنەرایەتی هەموو ڕەهەندە مەعریفی و زانستی و ئیتیکیەکانی بکات ، میدیا رۆڵی هەموو دەزگایەکان بگێڕێت ، مێدیا لەبری دادگا ، تاقیگە وئەکادیمیایەکان بڕیاربدات، دروست وەک ئەوەی ئەوڕۆ لەکودستان ئەزموونی دەکەین، ئەگەر ورد سەرنجبدەین، لەو دونیایەدا زۆر بە دەگمەن دەبینین، کەسێک ناهێنرێتە سەر شاشەی تەلەفزێۆنێکی سەتەلایت، ئەگەر بە ستاندارە جیهانیەکان، پێوانە نەکرابێ و، بە ڕۆشەنبیر نەناسرابێ!

بەڵام بە پێچەوانەوە، لەو کۆمەڵگەیەدا، لەو زەلکاوی مێدیاو سوشیاڵ مێدیایەی ئەورۆدا، هەموو پێوەرەکان بەلاوە نراون، تەنها بەمەبەستی، پەیداکردنی بینەری زۆرتر و، لایک و شێری زیاتر ، رۆژانە دەبینین کەسانێک ، ژنانێک، کە لەترۆپکی هەژاری رۆشەنبیری دان، لە تیڤیەکاندا پیشاندەدرێن ، دواتر رێژەی ئەو هەموو بینەرە و، لایکانەی لەسەر ڤیدۆکانن ، وەک هاوبەش و هاوڕا دەژمێردرێن، هەروەها ئەو مێدیاو سۆشیال مێدیایانەی، سەدان جار پەخشیان دەکەنەوە، زۆر زیاتر کارەساتبارترن لە دیمەنەکان.

ئەوەی جێگای تاسانە ، هەرێمی کوردستان لە سی ساڵی ڕابروودا ، سیاسەتی فێرکردن خاڵی بووە لە سیاسەتی پەروەردە زۆر بە لاوەکی ئەژمارکراوە ، بەتایبەت بۆ ژنان هەم لەڕووی زانستی هەم لەڕووی هۆشیاریەوە لەژێر هێڵی هەژاری ستانداردەکانی جیهان دایە ، بەدەگمەن نەبێ قوتابیە کیژەکان بارگاویکراون بە بەكاڵابوونێکی گشتگیر بۆنموونە، بوون بەو هونەرمەند و ئەستیرانە یان کۆپیکردنەوەیان ، بڕوانامەی بەرز ، هەبوونی سامان و ناوبانگ، نەشتەرگەری جوانکاری ، شووکردن بە کەسانی ساماندار ، بەدەستهێنانی پۆست و پێگە.

ژ دووماهیەدا ئەوەی گوومانی تێدانیە ئەوەیە هەر کۆمەڵگەیەک، پرۆسەی وەبەرهێنانی مرۆیی، تێیدا شکستی هێنابێ، گەندەڵی و ڕوکەشکاری لەناویدا رەگیان داکوتابێ، ئەوا حەتمەن لە لایەن ژنانی هزر شێواو ، روخسار شێواو ، زمان شێواو ،ئاکار شێواوەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، هەروەها كاتێک ئەو جۆرە ژنانەش نیوەو دایکی کۆمەڵگەکە بن ، ئەوا بەدڵنیایەوە، کۆمەڵگایەکی داماڵدراوە، لە ڕەسانەیەتی و کۆمەڵگەی هەوەس و هەرەسە و جگە لە هەوەس و هەرەس، زیاتر هیچی تری لێ چاوەڕێ ناکرێت و ژنەکانی هەمیشە لەژێر هێڵی هەژاری ژنبوون دا دەمێننەوە ، هەروەها ئەو کۆمەڵگەیە لە هەژارترین ئاستی ئاسایشی تەندروستی و کۆمەڵایەتی دا دەمێنێتەوە هەرگیز ناکارێ تاکیكی هۆشمەند پەروەردەبکات.

٢٠٢٠\٥\٢٠

Previous
Next