Skip to Content

کوردایەتی چییە – 2 – … کاوە جەلال

کوردایەتی چییە – 2 – … کاوە جەلال

Closed
by June 16, 2020 General, Opinion, Slider


بەشی دووەم
1
کاتێک ئێمە ئەمڕۆ لە داکەوتی کوردەکانی ئێراق ورددەبینەوە، بەرهەمەکانی کوردایەتی لە گشت بوارەکانی ژیانی جڤاکی و کولتووری و زانستیدا دەبینین، لێ “نزیکەی پێکڕا” نیوەناچڵ، رواڵەتی، سادە، تەمەڵ، دەمەوەر و هتد پەرش بوونەتەوە، بەمەش ئێمە بەڕوونی دەبینین کە کوردایەتی هیچی دیکە نەبووە جگە لە درێژەپێدانی ڕاهاتوویەکانی ژیانی سوننەتی، کەواتە هیچ ئەفراندنێکی لە خۆ نەگرتووە (وەک بۆ نموونە یونیفۆرمی گەریلا کە تەنانەت مایەی سووڕمانی ئیندوستریی پۆشاکە!)، هەرگیز ڕەچاوی بەرجەستبوونی ئاگایی ستوونیی نەکردووە (وەک بۆ نموونە لای گەریلا و شەڕڤان کە بەنێو جیهاندا “هەڵوەستاوە”). نەخێر کوردایەتی بەگشتی بریتی بووە لە یاخیبوونی تووڕەی پیاوی بەدەسەڵاتی گوند و خوێندەواری شار، کە پاشان خودی ئەو توڕەبوونە خێرا کردوونی بە دەستکەلای ئەم یان ئەو دەوڵەت، بە عەمیل، لێرەشدا ئاشکرایە کەرەسەی کوردایەتییەکەیان گەنجان و گوندییەکان بوون، ئەوە بێگومان بە دایکان و باوکانی جەرگ سووتاوەوە (1). لەم ڕوانگەیەوە کوردایەتی هەڵقوڵاوێکی ئاگامەند نییە کە دەرک بە زەروورەی پتەوکردنی توانستە خۆییەکان بکات، بەڵکو دەرهاویشتەی هەستی کەمبەهایی کوردییە بەرانبەر دەسەڵاتدارانی ئارەب و داواکارییە بۆ ئەوە کە ئارەبەکان کورد بناسێنن، لێ لەبەر ئەوەی وەک گۆتمان هەڵقوڵاوێکی ئاگامەندی نەتەوەیی نییە، ئەوا داواکارییەکەی بۆ ناساندنی گەل لە کرۆکەوە بریتی بووە لە داواکاری بۆ ناساندنی دەسەڵاتی سوننەتییانەی نوێنەرەکانی. بەمەش کوردایەتی وەک دەرهاویشتەی کەسانی حسسی، پڕ هەست و سۆز، کە بێگومان خوێندەوارەکانیشی تەنیوە، مایەی نەهامەتی و تەنانەت کارەسات (هەڵەبجە و ئەنفال) بووە بۆ کوردەکان. ئاخر ئەوە فاکتە، کە کوردەکان لە سەردەمی شانشینییەوە دەرفەتی خوێندنیان بە زمانی دایک و چالاکیی کولتوورییان هەبووە، پۆستەکانی دەوڵەت بۆیان ئاوەڵا بوون، ئەوجا ساڵی 1958 بەفەرمی وەک گەل ناسێنران، لێ کوردەکان، یان ڕوونتر ببێژین، نوێنەرانی کوردایەتی، نەیاندەزانی یان نەیاندەتوانی مامەڵەیەکی ئاوەزمەندانە لەتەک ئەو داکەوتە لەبارەدا بکەن. لەم پەیوەندییەدا ئەوە لاوەکییە، کە یاخیبوونی چینایەتییانەی ئاغاکان لە بڕیاری ڕیفۆرمی کشتیاری کە حکومەتی قاسم دەریکرد، بوو بەهۆی تێکەوتنی کوردەکان، ئەویش چونکە مەلا مستەفا بەپیر یاخیبوونی ئاغاکانەوە چوو و بەو هۆیەشەوە “پارتی”ی ڕاکێشایە نێو شەڕەوە. ئەم لایەنە بۆیە لاوەکییە، چونکە تەنیا ڕووی میکانیکیانەی ڕووداوەکانە. ئێمە گەرەکە لە هەناوی سوننەگەریی ئیسلامییانەی کوردایەتیدا بۆ کێشەکە بگەڕێین، چونکە ئەو سوننەگەرییە تەنیا پێی کراوە بە پێشنموونە کاربکات یان بیداتەوە بەبێ ئەوەی کەمترین پرسیار لەبارەی ئەو پێشنموونە بەکارهێنراوە بکات (گومانی تێدا نییە کە هەروەها حیزبی شیۆعی هەمان دنیابینیی هەبوو). کەواتە حسسییەتی شۆڕەسوارانی کوردایەتی و پێشنموونەی سوننەگەرییان هۆکارن بۆ ئەوە کە کوردایەتی لە سەرەنجامدا وەک گێرەشێوێن لە شاخەکان بەرجەستە ببێت و سەرجەم پەیوەندییەکان لە گوند و شار بشێوێنێت، ئەوە تەنیا بۆ خاتری ئەوەی شێخزادانی دەسەڵاتخواز، سەرۆکخێڵان و نەوەکانیان بە یاریدەی خۆژێرخستووانی شارنشین لە دەسەڵاتی ناوەندیدا بەشداری بکەن، هاوکات هەر یەکە لە ناوچەی خۆیدا درێژە بە دەسەڵاتی دێرینی سوننەتیانەی بدات، بەو ڕێیەشەوە شارنشینان بە خۆیەوە پابەندتر بکات، کە ئاشکرایە بۆ ئەو مەبەستە خوێندەواری شارنشینی هەبوو و ئامادە بوون وەک خزمەتکار بەرپرسیاریی بوارە بەڕێوەبەرییەکان و فێرکاری، تەندروستی و هتد وەربگرن. ئەم داکەوتە بێگومان تەنیا ڕووە خێڵەکی-گوندییەکەی کوردایەتی ناگرێتەوە، بەڵکو هەروەها ڕووە مۆدێرنیزەکراو-شارنشینییەکەشی، لەم بەدپەیوەندییەشدا ئاشکرایە کە بەرپرسیاریی سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی ئەمیان، چونکە ئەم زیاتر دەرفەتی بۆ ڕەخسا شار بخاتە خزمەتی مێنتالێتیی گوندییەوە، بەڵێ ئەم سەرباری هەموو پرۆسەکانی مۆدێرنیزەکردن خێڵەکێتیی هێنایە نێو هەناوی دەمەزراوە دەوڵەتییەکانەوە – بە زانکۆکانیشەوە.
کەواتە کوردایەتی بە چەند شێوەیەک بەرجەستە دەبێت، واتا: کوردایەتی لای خەڵكی سۆزمەند و سادەی کۆمەڵ کە دژی چەوسانەوەن، یان دەسەڵاتی بێگانە بەسەر خۆیان و وڵاتیاندا ناخوازن و لەدژی خەبات دەکەن؛ ئەوجا کوردایەتیی سەرۆکهۆز و شێخەکانی تەریقەت و ئاغایان، لە کۆتایشدا کوردایەتیی خوێندەوارانی سوننەگەرا کە خۆیان لەنێو هەردوو تەوەرەی ناوبراودا دەبیننەوە، لێ سەرەڕای ئەوە پێویستە بەجیا ڕوویان تێبکەین، چونکە ئەوان لە ژێرخستنی شارنشیناندا دەستکەلای خێڵەکییەکان بوون.

2
شارنشینانی سۆزمەند و ناخهەژاوی سادە، ساویلکە و کەم یان زۆر دڵسافی کۆمەڵ، لێ هەروەها تا ڕادەیەکی کەمتر گوندنشینان (گەرچی ئەمان وەک لەخۆگری پێشمەرگە رۆڵیان گەورەتر بوو)، هەردەم کەرەسەی مەبەستەکانی کوردایەتی بوون بەبێ ئەوەی بزانن کە تەنیا بۆ خاتری هێشتنەوەی دەسەڵاتی ستەمکارانی کورد بەگەڕخراون، یان پەیوەند بە گوندییەکانەوە ڕاستەوخۆ ژێرخراوی کوردایەتی بوون، چونکە دەسەڵاتگەرایانی سوننەتی خۆیان و پێشمەرگەکانیان “بەزۆر لەسەر ورگی ئەوان دامەزراندبوو”، لێ ئەو کەرەسەیە لە هەردوو ڕووەوە بەسەختی هەقی سەرکەشیەکانی ئەوانیان داوە، جا ئەوە بە تیاچوون یان هەژارکەوتن یان وێرانبوونی گوندەکانیان بووبێت، یان لە کۆتاییدا خۆیان بە ناکامیی دەروونی و ڕەشبینی گەیشتبن، دوای ئەوەی بۆیان دەردەکەوت کە فریودراون و خودی کوردایەتیش تەنیا شێوەیەکی دیکەی ستەمکارییە.
لێ لەبەر ئەوەی سیاسەت کرداری ئاوەزمەندانەیە، ئەوا ئەم کوردایەتییەی خەڵکانی سۆزمەند و سادەی وڵاتخواز زیانی نەک تەنیا بە ئەوان خۆیان، بەڵکو هاوکات بە دۆزی کورد گەیاندووە، چونکە ئەمان کە دەستوێژی بەگەڕخراوی کوردایەتی بوون، بە ژیانی خۆیان تەنیا خەباتیان بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی سوننەتییانەی خێڵەکییەکان و شارنشینانی ملکەچیان کردووە، کە پێکڕا ستەمکار بوون. لەم ڕوانگەیەوە کوردایەتی بریتی نەبووە لە بزاوتی دەوڵەتگەرای ڕزگاریخوازی، بەڵکو ئامانجە سەرەکییەکەی ئەوە بووە کە پەیوەندییە خێڵەکییەکانی دەسەڵات گەر نەشێت بەهێزتر بکرێن، ئەوا هیچ نەبێت وەک خۆ بهێڵرێنەوە.

3
یاخیبوون و پەتپەتێنی سەرۆکهۆز و ئاغایان و کوڕە شێخەکان بەتەواوی ڕووی کارای کوردایەتین کە بێگومان وەک یەک سیاسەتیان نەکردووە، چونکە زەمینەکانی دەسەڵاتیان کەم یان زۆر جیاوازن لە یەکدی، جا گەرچی پێکڕا لە هێشتنەوەی پەیوەندیی سوننەتییانەی سەروەری-ژێروەریدا یەکدەگرنەوە.
سەرۆکهۆزەکان ڕەوایەتیی دەسەڵات لە پەیوەندیی مێژووییانەی خوێنەوە بەدەستدەهێنن. ئەوان لە بنەڕەتدا بەرپرسیارن لە هەر ئەندامێکی هۆز یان تیرە، یان هۆز و تیرە بە هاوکاریی سەرۆک تیرەکانیان. لەنێو ئەم بونیادە کۆمەڵایەتییەدا “ئەندام / لک”ی چالاک بۆ خاتری “سەرجەم”ێتیی هۆز لەگۆڕێیە و بڕی “دیدی ڕۆشن”ی هەر ئەندامێکیش تا سەرسنووری پەیوەندییەکانی هۆز و ناوچەکەی بڕدەکات، واتا لەو سنوورە بۆ دەرەوە ئاسۆی دید و ئاگاییان “لێڵ”ە، ئەوە بێگومان لەو کاتەشدا کە هەڵپەی دەسەڵاتی زیاتر دیدیان ئاڕاستەی پەیوەندییەکانی سەرجەم گرووپی ئێتنی دەکات. کەواتە هۆز و تیرە کە توانای بەگەل-بوونیان نییە، هاوکات بەربەستی سەختن لە بەردەم بەگەل-بووندا. ئاخر بەگەلکردن ئەکتێکی شارییە بەهێزی چەکی (شمشێر یان تفەنگی) ئاڕاستەدراو ڕووەو سەرجەم پەیوەندییەکانی گوندی خێڵەکی، نەک بە پێچەوانەوە، واتا خێڵەکێتیی چالاکبووی سیاسی تەنیا پێی دەکرێت پەرە بە مێنتالێتی و بونیادی کۆمەڵایەتیی خۆی بدات، لێرەشدا لەبەر ئەوەی داکەوتییانە بەندە بە قەوارە هۆزی دیکەی مێژوویی-کۆمەڵایەتییەوە و هاوشێوەی خۆیین، ئەوا تەنیا پێی دەکرێت کۆمەڵگەی فرەخێل ی مۆزایکی (کۆنگلۆمێراتی گەلەکی) پێکبهێنێت کە ئاشکرایە لەبەر ئەوەی پێکهێنراوی خۆیەتی، ئەوا وەک سەروەر بەسەر شاریشەوە دەیسەپێنێت. ئاخر وەک گۆتمان، شار وەک خزمەتکاری خۆی دەبینێت.
زەمینەی دەسەڵاتی ئاغاکان بەتەواوی بریتییە لە خاوەنداریی زەوی، ئەوە بێگومان بە شوێنی گوزەرانی دانیشتوانی گوندەکانیانەوە. بۆیە بەتایبەتی بەرژەوەندیی ئابووری وای لە ئاغاکان کردووە کە ببن بە هاوکاری دەسەڵاتی ناوەندی. ئاخر کێشەی سەرەکیی ئەوان بریتی بووە لە “پاراستنی ماڵ و سامانی خۆیان”، بۆیە ئامادە نەبوون بۆ خاتری کوردایەتی بەوێرانکردنی بدەن. بە پێچەوانەوە ئاغاکان بەهۆی ناهاوسەنگیی هێزەوە لە نێوان حکومەتەکان و یاخیبوونەکانی کوردایەتیدا هەڵوێستێکی ڕیالیستییان وەرگرتووە و بوون بە پشتیوانی حکومەتەکان، لێ هەمان ڕیالیزم پاڵی بە هەندێکیانەوە ناوە کە لەژێرەوە بۆ خاتری بەرژەوەندییان پەیوەندییەک لەتەک شۆڕەسوارانی کوردایەتیدا دابمەزرێنن، بۆ نموونە چاوپۆشی لە چەکدارانیان بکەن گەر هاتبێتن بۆ ناوچەکانیان، یان کەمێک کۆمەکی ئابووری و هتد.
لێ دەسەڵاتی شێخەکان بە پێچەوانەی ئاغاکان و تەنانەت سەرۆکهۆزەکانەوە زەمینەیەکی ڕەوانیی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ تەسەوف بەگشتی و تەسەوفی ئیسلامی بەتایبەتی (یان تێکهەڵکێشبوونی هەردووکیان کە بەتایبەتی لای شێخایەتیی بەرماڵ دەیبینین و شێخەکانی گەلێک سۆفیترن لە ئەوانەی تەریقەت، بۆیە دەسەڵاتخواز نین).
کەواتە ئێمە گەرەکە هەروەها لە ڕووی سۆسیالەوە جیاوازی لە نێوان شێخەکاندا بکەین، چونکە وەک گۆتمان هەموویان داواکارییان بۆ دەسەڵات بەرزنەکردۆتەوە، بەڵکو زۆرینەیان هاوشێوەی خەڵکی هەژاری “ئۆمی” ڕەنجبەر بوون، بەڵێ تەنانەت خانەوادەی هەژار بوون و گەر نەوەکانیان هاتبێتنە نێو کوردایەتییەوە، ئەوا سەر بە چالاکبووانی سۆزمەند و لەخۆبوردووی کوردایەتی بوون.

لێ ئێمە گەرەکە هاوکات لەنێو شێخەکانی تەریقەت و نەوەکانیشاندا جیاوازی بکەن، چونکە لەنێو ئەوانیشدا لە ڕەوتی شارنشینبوون و تەشەنەی دامەزراوەی دەوڵەتیدا چەندین نەوە هەڵکەوتوون کە ئاگایی شارنشینییان، بەڵێ تەنانەت ئاگایی بەشاریبوونیان، وای لێکردوون بەشانازییەوە ڕەفتار و لەقەبی “شێخ” ڕەتبکەنەوە، هاوکات ڕێزمەندانە ناوی باوکی خۆیان هەڵبگرن و ناوببەن، بەمەش وەک خەباتگێڕی شارنشین یان شاری چالاک ببن.
کەواتە کاتێک لە شێخەکان دەدوێین، دەبێت مەبەستمان لە کەمینە هەر بچووکە دەسەڵاتخوازەکەی شێخایەتیی تەریقەت بێت. جگە لەوە بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە کە پرسەکانی کوردایەتییە، پەیوەندییەکانی دەسەڵات لەنێو ئەو قەوارە بچووکەی شێخایەتیدا گرنگن، واتا بوونی ئەو پەیوەندییە تاکڕەوییانە بە مەدرەسەی سیاسەتکردن لای نەوەکانیان کە لەنێو کوردایەتیدا پێگەی دیاریان تەنانەت لە شێوەی سەرۆکایەتی یان سکرتێری پارتدا پچڕیوە، ئەوجا لە سەرەنجامدا دەسەڵاتی دێسپۆتییان بەسەر شار و گونددا زیتکردۆتەوە. ئاخر ئەوان لە زایینەوە لەنێو ئەو پەیوەندییە سەروەری-ژێروەرییانەی شێخایەتیدا سۆسیالیزەکراون (بەکەسکراون)، کەواتە تەنانەت لە کاتەکانی بانگەشەی لێنینیزم و ماویزم و سۆسیالیزم و هتد-دا هێشتا هەر لە شێوەکانی کاری سیاسی و شەڕی مۆدێرنیزەکراویاندا پەیوەندییەکانی شێخ-موریدیان بۆ پەیوەندیی پارتایەتی تەرجومە کردووە و دەکەن. ئاخر لێنینیزم یان ماویزم لە بنەڕەتەوە مۆدێرنێتیی کەس زەروور دەکەن کە بە هەڵوەشاندنەوە و لەکارخستنی کەسێتیی سۆسیۆ-کولتووریانەی خۆ و بنیاتنانی کەسێتییەکی نوێی لێنینیستی یان ماویستی دەهێنرێتە گۆڕێ (ئێمە بۆ ئەم گۆڕانە نموونەی کوردیمان هەیە کە هێنانەگۆڕێی کەسێتیی ئاپۆجییە لە کەسێتییە گوندی یان شانشینییە کوردییەکەی نێو تورکیاوە، ئەمەش بەڵگەیەکە کە تێروانینەکەمان دانەوەی سوننەگەرییانەی گۆڕانەکانی خۆرئاوا نییە).

لە بنەڕەتدا هەر سێ تەوەری ناوبراوی کوردایەتی لە ئامانجێکی کرۆکیدا یەکدەگرنەوە کە درێژەدانە بە دەسەڵاتی خێڵەکی-گوندی یان دانانی وەک بنەڕەتی دەسەڵاتی خێڵەکی-شارنشینی، جا گەرچی گەرەکە لەم پەیوەندییەدا تا ڕادەیەک کارایی ئاغاکان لەبەر ئەو هۆ ناوبراوانەی سەرەوە وەک لاوەکی وەربگرین. بە هەر حاڵ، نوێنەرانی کوردایەتی بۆ خاتری دەسەڵاتی سوننەتییان ڕێگەی ئەوپەڕی دڕندانەیان گرتە بەر کە دەتوانین ناوی بنێین “شەڕکردنی لەڕادەبەدەر یاخی”. بە پوختی مەبەستمان لەم تێگەیە ئەوەیە کە ئەوان بەلایانەوە ئاسایی بوو و تا ئەمڕۆ ئاساییە لەدژی ئێراق بچنە خزمەتی ئامانجە سیاسەتییەکانی دەوڵەتانی دراوسێی ئێراقەوە، بەڵی تەنانەت بییانهێننە نێو ئەو دەوڵەتەوە کە ئەوان خۆیان هاوڵاتی ئەون، بەوەش هەموو بەهانەیەک بە دەسەڵاتە ناوەندییەکانی ئێراق بدەن بۆ ئەوەی شێتگیرانەتر شەڕی ناسیۆنالیستانەی خۆیان لەدژی کورد پراکتیزەبکەن، بەڵێ تەڕ و وشکی کوردستان بسووتێنن و تەنانەت شار و گوندی بە چەکی کیمیایی لەناوبەرن. بەکورتی یاخیبووانی دەسەڵاتخوازی کورد ئامادە بوون بۆ خاتری مەرامەکانیان هەر تاکێکی کورد بکەن بە قوربانی، بەوەش خۆیان ئەرگومێنت بە سیاسەتی نێودەوڵەتیی وڵاتان بدەن ئەو جۆرە تاوانانەی حکومەتە ناوەندییەکانی ئێراق ئیهمال بکەن، چونکە ئاگایی دەوڵەتداریی دەوڵەتان بەڕێزەوە هەیبەتی دەوڵەت دەنرخێنێت، بە پێچەوانەشەوە پێشڕەویکردن بۆ سوپای بێگانان لەنێو وڵاتی خۆدا بە نیشانەی ئەوپەڕی سوکایەتی و بێکەرامەتی دادەنێت و ڕێبەرەکانیشی بەئاشکرا ناودەنێت “قەحبە”!


ماویەتی ….

(1) بێگومان پێویستە بەلاوەکی ئاماژە بۆ سەربازی فیرار و شەللاتییەکان، بۆ کوڕانی تۆراو لە باوکی خۆ یان بۆ گەنجانی موغامیر بدەین کە حەزیان لە جەولەی نێو شاخەکان و گۆڵمز و حیلکە حیلکی برادەریانە بوو، لێ رۆلیان بەڕاستی لە کوردایەتیدا لاوازە. لە بنەڕەتدا مۆتۆڕی ڕاستەقینەی کوردایەتی خەڵکی / گەنجی وڵاتپارێز و گەلخوازی سادە یان سۆزمەند بوون نەک ئەو ناوبراوانە، بۆیە گەرەکە لە پەراوێزدا ناوببرێن. بێگومان پێویستە بەجیا و تایبەت ڕەچاوی شەقاوەکان لەنێو هەردوو لایەنی مەلایی و جەلالیدا، بەڵێ تەنانەت لە سەرکردایەتیی “کۆمەڵە”دا بکەین، چونکە ئەمان بەڕاستی بەهۆی جەبانێتیی کەسێتییانەوە رۆڵی یەکجار نێگەتیڤیان گێڕاوە و ئەمڕۆش دەگێڕن.

Previous
Next