Skip to Content

لە بيرەوەرييەكانى دەسبەسەرێك لە بەنديخانەكانى عيراق … بە پێنووسى ـ لوقمان مەنسوور

لە بيرەوەرييەكانى دەسبەسەرێك لە بەنديخانەكانى عيراق … بە پێنووسى ـ لوقمان مەنسوور

Closed
by كانونی دووه‌م 2, 2017 General

دوای ئەوەى سوپای عيرا ق لە شەڕی دووەمى كەنداو ( گەردەلوولی بيابان) بر سەرۆکایەتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمريكاو بە بەشدارى زياتر لە سى دەوڵەت لە هاوپەیمانییەكدا لە دژی عيراق بۆ وەدەرنانى لە ميرنشينى كوەيت كە عيرا ق لە 2\8\1990دا داگيري كردبوو تاڵاوى دۆڕان دەمي تاڵ كرد و شكا ، هەروەها دوابەدوای ئەوەى كە يەكەم سەربازی عيراقي لوولەي تۆپی دەبابەكەی ئاراستەى ديواری وێنەى ديكتاتۆری لەگۆڕنراوی عيراق (سەددام حوسێن) كرد ، تۆوى ڕاپەڕيني جەماوەری چێنرا كە دوای ڕووداوی لوولەی دەبابەكە دەستى پێكرد و بە خێراييەكى باوەڕپێنەكراو و لەكاتێکي كەمدا زۆربەى شارەكانی گرتەوە و چواردە پارێزگا بە شار و شارۆچکە و دێهاتەوە لە باكوور و باشووری عيراق كەوتە دەستى جەماوەری ڕاپەڕيوى تووڕەى عيرا ق .

ڕژێمی لەناوچووى عيراق بۆ لەباربردن و دامركاندنەوەى ڕاپەڕين رِێ و شوێنى گڵاوی گرتەبەر . بۆيە دوای ڕاپەڕینی سەرتاسەری كوردستان بە رِابەرايەتي هێزی پێشمەرگە و ڕزگاركردنى شار لەدوای شار و پيَش ڕزگاركردنى كەركووك واتە لە ڕۆژى 10\3\1991 هيَزةكانى بەعسی لەناوچوو بە قوات خاسە و ئەمن و ئەندامانى حيزبەوە گەمارۆى گەڕەکە كوردييەكانى شارى كەركووكيان دا و هەر بەيانى زوو هەڵيان كوتايە سەر ماڵان و ژوور ژوور بەدوای نێرينەى كورد ئەگەڕان كە تەمەنيان لە نێوان پانزة تا شەست ساڵي يە .
هەر ئەو ڕۆژە شانزە هەزار كورديان لە پير و گەنج ڕاپێچى زيندانەكان كرد كە هيچ تاوانێكيان نەبوو جگە لە كورد بوون .

بە ڕاست بیرم چوو من ناوم (لوقمان مةنسوور)ە . ئەو كاتە تەمەنم بيست و هەشت ساڵ بوو كە ئەو هێزانە هەڵيان كوتايە سەر ماڵەکەمان لە گەڕەكی ئازادی لە شاری كەركووك لە كاتژمێری يانزە و نيوی بەيانی و من و ئەو برايەم كە شەش ساڵ لە من مناڵترە (كامەران مەنسوور) و ئامۆزايەكم كە چوار ساڵ لە من مناڵترە كە لە هەمان خانوو پێكەوە لەگەڵ ماڵی مامم ئەژياين ناوی (مەحموود غەفوورە ) گيراين و لەگەڵ ئەو شانزە هەزارە ڕاپێچی زيندانەكان كراين .
ئەو هەموو ڕەشبگیرە بە بيانووی ئەوەى كە بەرپرسی نووسینگەی ڕێكخستنى باكوور (عەلی حەسەن مەجيد) وتارێك و چةند ئامۆژگارييەكيان پێ ئەڵێ و دوای پێنج خولەك ئەگەڕێنەوە. ئيسێاش ئەو هەلَمەتە لە نێو خەڵكى شارەكە بە تايبەتی كوردەكان بە هەڵمەتى پێنج دەقە بەناوبانگە بە پێی ئەو بيانووەی ئەو خەڵكەيان پێ ڕاپێچی زيندانەكان كرد .

ئەو هەموو گيراوە بە گەڵابە و و لۆری گوێزرانەوە بۆ بارەگاكانی حيزبی بەعس و لەوێوە بۆ سەربازگەی تۆپزاوە كە سێ ساڵ پێشتر ئەنفالەكانيش هەر ڕاپێچی ئەو سەربازگەیە كرابوون كە ئەكەوێتە باشوورى خۆرئاوای كەركووكەوە .
لەوێ هەموومانيان كردە هۆڵەکانەوە و دەرگايان لەسەر داخستين ، دەرگای ئەو هۆڵەى ئێمەى تيا بووين باش داناخرا و ئێمەش كەمێك هار بووين دەرگاكەمان شكاند، بەو هۆیەوە ئێمەيان گواستەوە بۆ هۆڵێکی تر كە نزيك بوو لە پاسەوانەکانەوە (يەكەم هۆڵی نزيك دەرگای سەرەكي سەربازگەكە ) و دەرگاكەيان بە ولدن لەسەرمان لەحيم كرد .

سێ شەوو سێ ڕۆژ لەو سەربازگەیە بە بێ نان و بە بێ ئاو ماينەوە . لە شەوی يەكەم كاتژمێر نۆ سي و دوو كەسيان هێنا هەموويان گەنجي كورد بوون بۆ هۆڵەکەی ئيَمە، يەكێكيان لای ئێمە دانيشت لێيمان پرسی چۆن و لە كوێ گیراون ؟! وتی لە گەڕەكى قادسيەى يەك گيراين ، وەك لە بيرم بێت ناوی سەركەوت بوو ، هەر بەيانى زوو پاسی ڕيم هاتە دەرگای هۆڵەکە و ناوی ئەو سي و دوو كەسەى شەو هێنابوويان خويَندەوە و سواری پاسەکە كران و برديانن ، دوای ئەوەى ئيَمە دەرچووين ئەوجا زانيمان هەموويان لە گەڕەكى شۆرجە گولەباران كراون ، ئێستا لە هەمان شوێن بە ناوی ئەوانەوە مۆنۆمێنتى شەهيدان دروست كراوە .

ئەو سێ ڕۆژە هيچ خوارنيان پێ نەداین ، هەندێك لە ئێمە وەك بڵێ ئەيزاني بۆ بەنديخانە ئەڕوات خواردني لەگەڵ خۆی هێنابوو ،بە دزييەوە ئەيخوارد . ئێمە واتە من و کامەران و مەحموود هيچمان پێ نەبوو .
ڕۆژی چوارەم گوازراينەوە بۆ شارەدێ ی عەبباسی ، وەريان نەگرتين چونكە ژمارەمان زۆر بوو و شوێنيان بچووك بوو ، لێرە كامەراني برام هەوڵی دا دوور بكەوێتەوە و ڕا بكات من ڕێگريم لێ كرد نەبا شتێكي بەسەر بێت ، وابزانم هەستى بە ترسناكى دۆخەكە نەكردبوو يا ئەيويست سەركێشی بكات يا دەرباز ئەبێت يا نا .

دوای ئەوەى لەوێ وەريان نەگرتين ئێمەيان گواستەوە بۆ سەربازكەی ديلە ئێرانييەكانى نيَوان تكريت و بێجي کە ساڵێك پێشتر چۆڵ کرابوو.
هێزەكانى ئينزباتى عەسكەری ئێمەيان بە ژمارە وەرگرت نەك بە ليستى ناو ، دابەش كراين بەسەر سەربازگەكان و دواتر بۆ بە ناو هۆڵەكان (چونكە لە ڕاستيدا ژوور بوو نەك هۆڵ) ڕووبەری هەر يەكەيان لە سى مەترە دووجا تێپەڕی نەدەكرد و هەر هۆڵی شەست نەفەر . ئينجا ناونووس كراين .

ماوەى دوو هەفتە لەم سەربازگانەدا ماينەوە ، تێيدا بە جۆرێك ئازاری جەستەييمان بينى كە تا هەناسة بێت و بچێ بيرم ناچێتەوە ، خواردنى بەيانيانمان شۆربای نيسك بوو نيوەڕۆ و ئيَوارە برنج و شلە بوو ، ئەوەى لە هەر ژەمێكدا پێمان دەدرا بەشی سێ يا چوار كەسی دەكرد دەدرا بە دوانزە كەس ، بە كەوچك لە ناو سينى قسعةكەدا برنج و شلە بەسەرەكەمان تەخت ڕێك دەخست و دەمانكرد بە دوانزە بەشەوە و هەر كەس بەشي خۆی، بە كوردييةكەى هەر ئەوەتا بە دەنك برنجةكەمان ناژماد و دابەش ناكرد .
ڕێگەپدانمان بۆ پشوو و سەر ئاو ڕێگەیەكى زۆر سەير بوو ، لە پشتی ئەو ڕێگەپێدانەوە قورسترين جۆرى ئازارى جەستەيى و دەروونی و بوغزو كينە خۆی دەشاردەوە . پێشتر وتم هەر شەست كەس و لە هۆڵێكى سى مەترەدووجا ئاخنرابووين ، كاتى پشووى سەر ئاو دە خولەك تەرخان ئەكرا بۆ دوو هۆڵ (واتا سەد و بيست كەس) بۆ هەشت خاڵی سەرئاو ، ڕاستتر بڵێم هەر نەفەر و نيوێك يەك خولەك كاتى هەبوو ، ئاخر بە خولەكێك فريای چی ئەكەويت ؟! . كاتيَك ئەو دە خولەكە تەواو دەبوو پاسەوانەكان بە ئەنقەست بەو ماسيحانەى كەوا ئاودەستى پێ پاك ئەكرايەوە لێیان ئەداين و بەزۆر ئەيانئاخنينە نێو هۆڵەكان . بۆ ئەوەى دە خولەكي تر يارى بە هەستى شەست كەسی تر بكەن .

دوای تێپەڕبوونى شەش ڕۆژ يا هەفتەيەك مانەوەمان لەو سەربازگەیە واتە ڕۆژێك پێش ڕزگاركردنى شاری كەركووك لە لايەن خەڵكى ڕاپەڕيو و هێزی پێشمەرگەوە ، رڕەشبگيرييەكي تر لە بازاڕەكانى كەركووك ئەنجام درابوو هەر كەسيَكيان ببينيايە ئەيانپرسی (كوردی يان نا ؟! ) بيگوتايە كوردم ئەيانگرت. هەر ئەو ڕۆژە چەند كەسێكيان لەو گيراوانە هێناو دابەش كرانە سەر هۆڵەكان . هۆڵەکەی ئيَمە دە دوانزەيەكى بەر كەوت ، لە يەكێكمان پرسی (چۆن گيران؟!) وتى خۆم و كوڕەکەم لە بازاڕ گيراين لێيان پرسين كوردن يان نا؟! وتمان كوردين گرتيانين .
هۆڵەکەی ئێمە دە دوانزەيةكى بەر كەوت ، لە يەكێكمان پرسی (چۆن گيران؟!) وتى خۆم و كوڕەکەم لە بازاڕ گيراين لێيان پرسين كوردن يان نا؟! وتمان كوردين گرتيانين .
هەموومان ڕاستتر وايە بڵێم زۆربەمان تووشی سكچوون بووين ، سكچوون بە خويَنەوە . يەکێك لە بەندكراوەكاني هۆڵەکەی تەنيشتمان بە هۆی ئەو سكچوونەوة گيانى سپارد ، ناوى (نايف عةبدولواحيد) بوو خەڵكي گەڕەكی خۆمان بوو ، ئەو سكچوونە بە هۆی ئاوى خواردنەوە بوو چونكە ڕاستەوخۆ لە ڕووباری ديجلەوە دابەش ئەكرا بە بێ پاككردنەوە و پاڵاوتن .

سبەی ئيَوارە يەكێك لە بەندكراوەكانی هۆڵەکەی تەنيشتمان ئەو كاتەى پشوو تەواو بوو (دە خولەكەكەە) لە دەرگای سەربازگەکە چووە ئەوديو دوای ئەوەى نانەواكەى خڵافاندبوو (فڕنەكە لای دەرگاكە بوو و نانەواکەش عەسکەری بوو ) بە نيازى هەڵهاتن بەلَام سەركەوتوو نەبوو گيرا .
ئەو ئێوارەيە هەموومان ژيانمان لەبەرچاو كەوت ، تفمان لەو ڕۆژە ئەكرد تێيدا چاومان هەڵهێنا . ئەفسەرێكي پلة (نةقيب) قەرماندەى پاسەوانەكان بوو ، ئازارێكی ئەو كوڕەى دا بڕوا ناكەم هيچ كامێكمان تا ئەو ڕۆژە بێويژدانى وامان بينيبيَت . ئەو ئەفسەرە كورسييەكى لە ناوەڕاستى حەوشەى بەنديخانەكە دانا (هۆڵەكان بە چواردەورى حەوشەکە بوون ) و لەسەرى دانيشت و كۆتەرەدارێكى گەورە لە حەوشەكە دانرابوو پاسەوانەكان ئاگريان دەدا بۆ خۆ گەرم كردنەوە ئاگرى داو پارچە ئاسنێكى گۆشەى هێنا و خستييە سەر ئاگرەکە ئەو داماوەيان هێنا و ڕووتيان كردەوە ، ئينجا پاسەوانەكان بەسەر هۆڵەكاندا سووڕانەوە ئەوەى دانيشتبوو بەزۆر هەڵیانساندە سەر پێ تا سەيري ديمەنەكە بكەن ، ئەزانن ئەو ديمەنە چۆن بوو؟! ديمەنى وا لە هيچ فليمێك نيشان نەدراوە .

دوای ئەوەى ئەو پارچە ئاسنە سوور بووەوە و ئەڵێن دەنووكى كەو نەخيَر زۆر لە دەنووكى كەو ئاڵتر بوو هێناى و دەستى كرد بە داخ كردنى جەستەى بە بەرچاوى ئێمەوە ، زيڕەى ئەو داماوە تەنها پەروەردگار گوێی ليَ نەبوو دەنا جەرگى ئەكرد بە ئاو چزەی لە دەروون هەڵئەساند ، شوێنێك بە جەستەى ئەو داماوەوە نەمابوو داخى بەر نەكەوتبيَت ، تەنانەت سەر چووكي هەردوو گووپی پاشووى داخ كرابوو ، ئێمە هەموو دەگرياين هيچ دەسەڵاتێكمان نەبوو تەنها ئەوە نەبێ زۆر بەزەليلى لەو دڕندە بێويژدانە دەپاڕاينەوە كە بيكات بە خاتری خوا يان بيكات بە سەدەقەى سەری مناڵەكانى يا بيكات بە خاتری پێڵاوەكانى پێى وازى لێ بێنێت . وازی لێ هێنا ، هەموو دڵخۆش بووين .

بەڵام كاژێر يەكى شەو هێنايە دەرەوە و ديسان گيانى داخ ئەكرد ، لە زيرِەى ئەو داماوە هەموو لە خەو ڕاچڵەكين (ئەوانەى خەويان لێكەوتبوو) ئەوە جەهەننەمى ڕاستەقينە بوو .
دوای ئەوەى هێزى پێشمەرگە كۆنترۆڵی كەركووكيان كرد ڕژێم و دار و دەستەكەی تووشی تۆقين و دڵەڕاوكێ بوون ، بۆيە ئێمەيان گواستەوە بۆ سەربازگەی ديلەكان لە ڕومادی ئێمەيان پۆل پۆل گواستەوە ، هەر ڕۆژە و پۆلێك و بە چەند پاسێك .
بەندكراوە سەرنشينەكاني يەكێك لە پاسەكان كە ڕۆژێك پێش ئێمە گوازرانەوە توانييان ڕاكەن ، بۆیە پاسەوانان ڕێ و شوێنى توندتريان گرتەبەر لە كاتى گواستنەوەى ئەوانى تر كە هێشتا نەگواسترابوونەوە .
ئەو كاتەى ئێمەيان گواستەوە ڕێ و شويَنى تونديان گرتبووە بەر ، چونکە پاسەوانى هەر پاسێك ئەفسەرێك و پيَنج ئينزيبات بوو ، فەرماندەي
سەربازگەکە هاتە دەرگای پاسەكە و بە دەنگێكى بەرز ئەفسەرەكەى وت :
– ئەگەر هەر يەكێك لەم بەندييانە هەڵهات ! سەرەتا هەموو ئەمانەی ناو پاسەکە گولەباران بكە ئينجا دوای هەلَهاتووەکە بكەوە .
قسەی فەرماندەكە ترسی خستە دڵمانەوە ، نەمانئەزانی كۆمەڵێك لە ئێمە توانيويانە هەڵبێن بۆيە زۆر ترساين .
ئەفسەرەکە فەرماني دا دەستمان لە پشتەوە ببەستن ، كەلەپچەيان نەبوو بۆيە بە وايەری تەلەفۆن دەستيان بەستين كە باريك بوو زۆر ئازاری ئەداين . من و كامەرانی برام لەسەر دوو كورسي تەنيشت يەكتر بووين ، گاڵۆنێكي بەتاڵی ڕۆنی ئۆتۆمبيلمان پێبوو پڕمان كردبوو لە ئاوی بۆڕی بۆ ئەوەی لەو ڕێگايە بيخۆينەوە كە نەمانئەزانی چەند دوورە ! . كامەرانی برام ووتی تينوومە ، بە پاسەوانەكەم ووت؛- دەستم ئەكەيتەوە ئاو بدەم بە براكەم ؟!
بە تووڕە يیەوە ووتی دەست كردنەوە مەمنووعە .

لەسەر كورسييەكە خۆم دانەواند و گاڵۆنە ئاوەكەم بە دان هەڵگرت و لەسەر كۆشم دامنا و قەباغەکەم هەر بە دان کردەوە و ديسان بەدان بە شێوەيەك گاڵۆنەكەم بەرز كردەوە كە براكەم بتوانێت ئاو بخواتەوە لەو كاتەی من بە دان گاڵۆنەکەم بۆی بەرز كردووەتەوە .
ديارە ئەوە ديمەنێك بوو ئەوەندە قورس و گران بوو كە لە هەموو ژيانم بيرم ناچێتەوە .
وا بزانم هەر ڕۆژە و بەندييەكانی سەربازگەیەكيان ئەگواستەوە و ڕۆژی دواتر بەندييەكانی سەربازگەیەكی تر .
بە هەر حاڵ ئەو كاروانەی لە چەند پاسێكي چل نەفەری پێكهاتبوو ئامادە كرا و چەند پيكابێکي شۆفرلێت دۆشكەی لەسەر بوو بۆ پاسەوانی كاروانەکە ئامادە كرابوو لە پێشەوە پیكابێك و لە نيَوان هەر سێ پاس و پيكابێك و لە دوادواوە پيكابێك هەبوو .
كاروان ڕووەو ڕۆژئاوا كەوتە ڕێ بەرەو فەللوجە و ڕومادی ، بە درێژايی ڕێگا بێدەنگيان ئەكردين ، بە چپەچپ قسەمان ئەكرد .

كاتێك چووينە ناو فەللووجە خەلَكي ئەو شارە وەك مشار دەستيان بە ملي خۆيان ئەهێنا و سەيريان ئەكردين ( واتا بە ئيشارەت پێيان ئەوتين هەمووتان سەر ئەبڕين ) .
يەكێك لە پاسەكان پەکی كەوت ، بەو هۆيەوە كاروانەکە لە ناوەڕاستى شار ڕاوەستا تا چاكی بكەنەوە ، ( يەكێك لە پاسەوانەكان وای ووت نەمانزانى ڕاستە يا نا ) ، لەو كاتەدا كابرايەكي خەڵكی شارەكە هاتە دەرگای پاسەکەمان و ئەيووت ( ئەبێ ثێنج كوردم بدەنێ لە ناو بازارِ بە زيمدوويي ئەيانسووتێنم )
چاوم ئەبڵەق بوو كە گوێم لە داواكەی بوو ! ئەمە چ دڕندە و دەعبايەکە ؟! ئەرێ بەڕاستي ئەمەش مرۆڤە ؟! . چيمان لێي كردووە ؟! لە كوێ ئەمانناسێت ؟! چۆن ئەم هەموو قينەی برانبەر بە ئێمە لە دڵدا كۆ كردووەتەوە ؟! ئايا بەڕاستي ئەوە دڵی هەیە ؟! .
ئەفسەرەكە زۆر پێی وت ( بە ژمارە ئێمەی وەرگرتووە بەرپرسيار ئەبێت و زۆری لێكرد كە ناتوانێت بەقسەی بكات) تا لە كۆتايی توانی قەناعەتی پێ بكات واز بهێنێت .
بە هەموو جۆرێك سووكايەتييان پێ كردين ، جۆرەها جنێويان پێداين لە ناو فەللووجە ، تەنها لەبەر ئەوەی كوردين .
دواي ئەوەی پاسە پرككەوتووەکە چاك كرايەوە كاروانەکە بەرەو شاری ڕومادی بەڕێكەوت كەوا سەربازگەی ديلی گەورەی لێبوو .

گەيشتينة سەربازگەی ديلەكان و لەوێ شمەكی دەست بەسەرە كوێتييەكانمان دۆزييەوە كە ڕژێمى حوكمرِاني عيراق دەست بەسەرى كردبوون . ئێمە نەمانئەزانی كەی و بۆ كوێيان بردوون ؟! ئەوانە بوون كە دياريكردنی چارەنووسيان يەكێك بوو لە مەرجەكانی نەتەوە يەكگرتووەكان بۆ لابردنی ئەو ئابڵووقە ئابوورييەی سەر عيراق .
وەكو بيرم بێت ئەوكاتەی گەيشتين نزيكەی چارەكە سەعاتێك بيست دەقە دوای خۆرئاوا بوو .كاروانەكە لە دەرگای سەربازگەی ديلەكان وەستا ، بە خويَندنەوەى ناو يەك لە دوای يەك دايانگرتينة خوارەوە ، سەر بەرزكردنەوە قەدەغە بوو ، پاسەواني سەربازگەکە هێزی ئينزباتي عەسكەري بوو ، هەر يەكەو كێبڵێكي بەدەستەوە بوو .
یەكێك لە پاسەوانەكانی پاسەکە ناوەكانی ئەخوێندەوە ، ناوێكي ئەخويَندەوە و چاوەڕێی ئەكرد تا دابەزێت ، كە دائەبەزی ئەبوايە مل كەچ كات و سەيری زەوييەکە بكات و لەو شوێنەی دياری كرابوو بە چينچك دانيشێت بێگومان هەر يەكەو كێبڵێکيان تيا ئەسرەوان ، ئينجا ناوێكی تری ئەخوێندەوە ، بەو شێوەيە تا هەموومان دابةزين .

ئەو شوێنەی بۆ دانيشتنمان دياری كرابوو لە تەنيشت پاسەكان بوو ، ئەبوايە بە چينچكەوە بە ڕيز دانيشين هەر ڕيزی پێنج كەس يا شەش كەس دائەنيشت ، من و كامەرانی برام و مەحموودی ئامۆزام لە رِيزي سێیەم يا چوارەم ڕیز دانيشتبووين ، كامەرانی برام سەری بەرز كردەوە بۆ ئەوەی ئەو تابلۆیە بخوێنێتةوە كە ناوی سەربازگەکەی لەسەر نووسرابوو ، پێش ئەوەی بيخوێنێتەوە پاسەوانەکە كێبڵێكی وەشاند بەر من و كامەران و مەحموود كەوت واتە لەسەر پشتی هەرسێکانی دا .
بە شێوەيەك ئێمەيان بردە ژوورەوە هاوشێوەی نەبوو لە سووكايەتی پێ كردن و ئازارداني جەستەيی و دەروونی ، دووری هۆلَەكان لە دەركای سەرەكييەوە كە ئێمەى لێبووين نزيكەی دووسەد و پەنجا تا سێ سەد مەتر دەبوو ، ئينزباتەكانيان لە ڕێگەی چوونە ژوورەوە ڕيز كردبوو هەر سێ چوار مەترو ئينزباتيَكي ليَبوو بە كێبڵێكەوە ، ئينجا ناوێكيان ئەخوێندەوە ئەبوايە لە بەردەم ئەو ئينزباتانەوە تێپەڕێت و بچيَتە ژوورەوە ، ئەوانيش كێبڵێك يا دوانيان تێئەسرەوان ، بەم شيَوەیە تا ئەگەيشتە ناو هۆڵەکە ، بؤ ئەوەی هەموو ئينزباتێك فريای كێبڵ وەشاندن بكەويێت تا ئەوەی ناوی خويَندراوەتەوە سيێ و چوار ئينزباتی تێپەڕ نەكردايە ناوێكی تريان نەئەخويَندەوە !

ناوي مەحموودی ئامۆزام خويَندرايەوە چوار ئينزباتی بە دەم كێبڵ خواردنەوە تێپەڕاند ئينجا ناوي كامەرانيان خويَندەوە و ئەويش بەدەم كێبڵ خواردنەوە سێ ئينزباتی تێپەڕاند ئينجا ناوی منيان خوێندەوە ، هەر ئەو كاتەى لەناو پاسەکە بووين هەستمان كرد يا بڵێين بينيمان بە لێدان ئەوانی تر ئەكەنە ژوورەوە بۆيە دوای ئەوەی دەستيان كردينەوە ئەوەی قەمسەلَەى لەبەر نەبوو لەبەرمان كرد هەر نەبيَت كەمێك ئازارەکە كەم ئەكاتەوە .
زۆربەي ئينزباتەكان بە هەموو هيَزێ خۆيان و زۆر بە قينەوە كێبڵيان ئەوەشان و ليَيان ئەداين ، هەنديَكيان جۆرة بەزەيي يەكيان لە دڵدا بوو قايم ليَيان نەئەداين ، من سێ جار ئازارم ئەكێشا ، ئەزانن بۆ ؟! چونكە كامەران و مەحموود لەبەر چاوی من لێدانيان بەر ئەكەوت و خۆشم لێدانم ئەخوارد .
لەسەر ڕێگای چوونە ژوورەوە بادانەوەیەك هەبوو بەلای چەپدا ، ئينزيباتةكانيش بە شێوەیەك وەستابوون ڕێگاکەی بە لای ڕاست بۆ ئێمە دياري ئەكرد ، بۆ ئەوەى بۆ لای ڕاست بڕۆين و بە زەبری لێدان بمانگێڕنەوە ، ئەم كرارەيان بۆ وەرگرتنى چێژ بوو لە لێدانمان .
مەحموودی ئامۆزام كەوتە ئەو بۆسەيەوە ڕووی كردە لای ڕاست و دوای ئەوەى چەند كێبلَێکيان تێ سرەواند ڕێگاکەی دۆزييەوە ، هەر بۆيە من و كامەراني برام نەكەوتينە ئەو بۆسەیەوە و كێبلَی زيادەمان نەخوارد . شتێكم بير چوو وابزانم سێهەم يا چوارەم ئينزيبات بوو كێبڵی ثيَ نەبوو بەڵام بە شيَوەيةكی تر چێژی لە لێدانمان وەرئەگرت ، دوو سيَ هەنگاو ئەكشايەوە و وەكو ياريزانی كاراتی بازی ئەدا و بە هەردوو قاچی ئەيكێشا بە ناوسكی يا پشتي گيراوەكان ، لە نيَوان ئەو پێچدانەوەیە و ئەو هۆڵەی بۆ ئێمە دانراابوو نزيكەی سەد مەترێك ئەبوو ، ئەو مەودايەشمان بە دەم كێبڵ خواردنەوە بڕی ، دوا ئينزيبات سەری كێبلَەکەی لەسەر شاني دانابوو سەرەكەی تری بە دەستەوە بوو لە كەسی نادا و تەنها ئەیپرسی ( لێت دەم ؟! ) .
كاتێ من گەيشتمە بەردەمی پرسيارەکەی لێم كرد منيش وتم لەسەر تۆ ماوە ؟! تۆش بەشی خۆت بوەشێنە ، ئەم چەند وشەيەم لەدەم هاتە دەرەوە و لەناخەوە پڕ بووم لە هەستكردن بە سووكايەتى پێكردن و لێوانلێو بووم لە ڕق بەرانبەر بە مرۆڤایەتی و ڕەوشت و زۆرترين ڕقم لە خوا بوو كە ئەو هەموو زوڵمەى ئەبينى و بێدەنگ بوو .

بۆ بەيانی يەکەی زانيمان كە ئەو ئينزيباتەى لە كەسی نادا دكتۆر بوو ( دكتؤري موجەننەد ) چونكە هاتە هۆڵەکەمان و دوو ئينزيباتی لەگەڵدا بوو كە لەناو كارتؤنيَكدا داوو دەرمانيان هەڵگرتبوو بۆ ئەوەی دابەشی سەر ئێمەی بکەن ، دوای خؤشؤرين بەكاری بێنين ، چۆن خۆشۆرينێك ؟! ( هەر دە كەس و ثيَكەوە و هەر دوو کەس و بە سەتڵێ ئاو) .
زۆرمان قەمسەڵەی عەسكەريمان لەيەر بوو لێیان سەندين چونكە وتيان مەمنووعە .

وەك لە مەو پێش باسم كرد پێش ئەوەى بمانگوازنەوە ( خواردنێك بەشی سێ كەس ناكات ئەدرا بە دوانزە كةس ) . دواي ئەوەى گەيشتينە بەنديخانە نوێيەکە و داوو دەرمانيان پێداين و خۆمان شۆری يەكەم ژەم خواردنيان بۆ هێناين ، هەر كە بينيمان چاومان زەفق بوو ، چونكە قسعەكان (شتێكە وةكو سينى وايە لاكێشەیە و قووڵی دە سانتيمەتر ئەبێ ) لێوان لێو بوو ، بەڵام كە نانمان خوارد هەموومان لێمان مايەوە يا باشتر وايە بڵێم هيچ دەستەيەك توانای تەواو كردنى خواردنەکەيان نەبوو ، لەبەر خراپی خواردنەکە نا ! بەڵكو لەبەر ئەوەى ماوەى ئەو چەند ڕۆژەى پێشوو هەموو لەسەر كەم خواردن ڕاهاتبووين و گەدەمان تەسك بووبۆوە و ئەو هەموو خواردنەى ناگرت .

هۆڵەکانی بەنديخانە تازەکە گەورەتر بوو هەروەها گۆڕەپانەكانى بەردەميان گەورەتر بوو ، چەند يارييەك (دوو ئامێری يارى فيشە) لە گۆڕەپانەکە هەبوو.
شتيَكى سەرنج ڕاكێش ئەويش ئەوە بوو كە بەيانيان دەريان ئەكردين بۆ سەرئاوو گۆڕەپان بۆ پشوو خواخوامان بوو زوو كاتەکەی تەواو بێت و بگەڕێینەوە بۆ ناو هۆڵەكانمان بۆ بيستنى هەواڵی نوێ بە واتايةكى ڕاستتر بۆ ئەوەى بزانين لە دەرەوەى بەنديخانە چی ڕوو ئەدات ؟! ڕەنگە پرسيارێك بێت بە خەياڵتان ( چۆن ئەمانزانى ؟! ) . گوايە يەكێك لە بەندكراوەكان ڕاديۆيەكى بچووكى لابوو سەرەڕاى ئەو هەموو ڕێ و شوێنة توندە شاردبوويەوە ، ئيَمە ڕاديۆكەمان نەبينيبوو نەشمانئەزانی ڕاديۆ هەيە يان نا ، بەڵام بە پەرۆشەوە چاوەڕێی تەواو بوونی پشوومان دەكرد بۆ بيستنى هەواڵی پشت ديوارەكانى بەنديخانە ئەگەر هيچ ڕاستييەكيش لە خۆ نەگرێت .

بيستمان حكوومەتي عيراق بۆ سەركوتكردنى ڕاپەڕين لە كەركووك هەموو گەڕەکە كورد نشينەكانی تەخت كردووە ، هەر وەها هەواڵی كۆڕەويشمان بيست بۆ ئێران و توركيا .
لە سەربازگەی ديلەكانی ڕومادی ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم نزيكەی چل و پێنج ڕۆژ ماينەوە ، ڕۆژەكان ئاسايی بەسەر ئەچوون تا ئەو ڕۆژەی هەواڵێك بەر گوێمان كەوت گوايە مفاوەزاتە لە نێوان حكوومەت و سەرۆك حيزبە كوردييەكان هەر يەك لە يەكيَتە نيشتمانی كوردستان و پارتی ديموكراتی كوردستان و پارتی گەلی ديموكراتی كوردستان و حيزبی شيوعی كوردستان .

بەو هۆيەوە شاندێك لە ئەندامانی حيزبی بەعسی لە ناوچوو سەردانی سەربازگەکەيان كرد و لە گۆڕەپانەکە كۆيان كردينەوە و پێيان وتين بە هۆی ئەو مفاوەزاتەوە هەمووتان بةر ئەبن ، بەڵام ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ كەركووك ، بەو پێية ناويان نووسين و هەريەك لە ئێمە ئەبوايە هەڵبژاردن بكات لە نێوان دوو شار يا هەولێر يا سلێماني .
من كە ئەمەم بيست ناگەڕێینەوە بۆ كەركووك و بە تايبةتی كاتێ ناوەكانيان تۆمار كرد و زۆريان لێ كردين لايەك هەڵبذێرين گريانێك لە ناخمدا پەنگی خواردەوە ڕەنگە تا دوا هەناسە كۆتايی نەيەت و پڕ بە دڵ هيوام خواست بمرين و گەڕانەوەمان بۆ ئەو كەركووكەی تيا لەدايك بووم و گەورە بووم و هەموو تەمەنم تيا بەسەر برد لێ قەدەغە نەكەن .

بە هەر حاڵ دوای ناو نووسين سۆزی بە يەكگەيشتن و باوةشكردن بە خانەوادەكەم و تيشكی هيوايەك بۆ كۆتايی هاتنی ئەم تراذيديايە سروەيەكی خۆشی ڕێگای خۆی بۆ دڵی هەموومان دۆزييەوە ، هەر بۆیە كە شەو داهات كۆ بووينەوە و سيني قسعەكانمان هێنا و وەكو ئيقاع بەكارمان هێناو دەستمان كرد بە گۆرانی وتن و چەپڵە لێدان ، يەكێك لە ئينزباتەكان هات و وتي ئەم هەرايە چيية ؟! بانگی چاودێری هۆڵەكەمانی كرد (لە هەر هۆڵێك يەكيَك لە بەند كراوەكان ئەكرا بە چاودێر ) كێ بوو هەرای ئەكرد ؟! ئەويش وتی من و چەند كەسێك لە بەندييەكان . وتی بانگيان كە لای پەنجەرەكە رِيز بن و خۆتيش لە پێشيانەوە بوەستە ، هەموو ڕيز بووين چاوديَرەکە لە پێشمانەوە و دوای ئەو من بووم و ئەوانی تریش بە دوامانەوە ، بە هيَز و توانای خۆی و بەو هەموو ڕق و قينەی لە دڵيدايە هەر يەكەو چوار زلەی پياكێشاين ، لێدانەکەی ئەوەندە بەهێز بوو ئەو ئەستێرانەم بيني كە لەسەر سەر ئەسووڕێنەوە كاتێك بەر شتێكي ڕەق ئەكەوێت وەك چۆن لە فليمی كارتۆنيدا هەيە .

ئەم يادگارييە تاڵانە برينيَكي قووڵی لە يادەوەری مندا هەڵکۆڵیوە تا ژيان مابێت و هەناسە بێت و بچێ و دڵ توانای لێدانی هەبێت بيرم ناچێتەوە ، چونكە بە جۆرێك ئازاری دەروونی و جەستەييم چێشت هيچ مرؤڤێك توانای بەرگە گرتني نييە .

كۆتايی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish