Skip to Content

چەند تێزێک لە بارەی خۆپیشاندان و شۆڕش … ستیڤان شەمزینی

چەند تێزێک لە بارەی خۆپیشاندان و شۆڕش … ستیڤان شەمزینی

Closed
by حوزه‌یران 19, 2020 General, Opinion

-1-

*من رەخنەم لە حکوومەت نییە، چوونکە کار دەکەم بۆ گۆڕینی. جنێو بە دەسەڵات نادەم، لەبەرئەوەی گەشتنە دەسەڵات ئامانجمە، بۆیە بیر لە پڕۆژەیەکی سیاسیی دەکەمەوە بۆ دروستکردنی دەسەڵاتێکی بەهێزی کوردستانی. هەجونامە دژی سەرکردە سیاسییەکان نانووسم، لە سۆنگەی ئەوەی هەوڵی فۆرمۆڵەی سیستمێکی باشتر دەدەم. رەخنەم لە کارەکتەرەکان نییە، بەڵکو دەمەوێت دنیابینی ئەکتەرەکان بۆ پرسی حکومڕانیی بگۆڕم.
*نە باوەڕم بە خۆپیشاندانە، نە بە خەباتی سەندیکالیستی، نە ریفۆرم، نە راپەڕینی جەماوەریی، بەڵکو تەنیا شۆڕش رازیم دەکات. شۆڕشێکی لە پێشدا فیکریی کە جیهانبینی تاک بگۆڕێت پێش قووچەکی فەرمانڕەوایی. مارکس وتەنیش هەموو شتێک قۆناغ بە قۆناغ. لەم روانگەوە ئاژیتاتۆرە پۆپۆلیستەکان دوا کەسن سەرنجم راکێشن بۆ ئەو دیسکۆرسە تەقیلدییەی لەسەرشەقامەکانەوە بانگەوازی بۆ دەکەن.
*دەسەڵات مەڕوخێنن لە پێشنۆرەدا سیستم بگۆڕن. گۆڕینی فیگۆر و کاراکتەرەکانی دەسەڵات بەپێی گۆڕینی سیستمی سیاسیی و جیهاندیدی تاک بۆ پرسی دەسەڵات و دامەزراوەکان خولانەوەیە لە بازنەدا، لە هەمان کاتدا پرۆسەیەکی تاقەتپڕوکێن و نیهێلیستیشە.
*بارەگا سووتاندن خزمەتی دەسەڵات دەکات،! بەڵام چۆن؟ دامرکاندنەوەی تووڕەیی خۆپیشاندان و راپەڕیوان لە ئاگر تێبەردانی بارەگاکاندا خۆی لە خۆی خزمەتێکە بە دەسەڵات، بەو پێیەی ئەم کردەیە دەبێت دەرچەیەک بۆ خاڵیکردنەوەی هەڵچوون و کەفوکوڵی خەڵک. ئەوەی زیانی پێ ناگات لە کۆتاییدا ئەو سیستمەیە بەرپرسیارە لە نەهامەتییەکانی خەڵک. گۆڕینی ریشەیی چارەسەرە نەک سووتاندنی بارەگاکان کە دواجار موڵکی گشتین.
*کاتێک خۆپیشاندان دەکەین، دەبێت ئەوەمان لەلا روون بێت، گەندەڵی یەک دیاردەی گەردوونییە و ئیفرازاتی سیستمی سەرمایەدارییە. لە هەر شوێنێک مەچەکی کاپیتالیزم ئەستوور بێت گەندەڵیش هەیە. لەم سۆنگەوە گەندەڵی فینۆمینێکی یونیڤرساڵە نەک دیاردەیەکی لۆکاڵی. بەڵام من پێش پانزە ساڵێک لە چاوپێکەوتنێکمدا وتم: تەحەدا دەکەم لە کوردستان گەندەڵی بوونی هەبێت. ئەوەی لێرە روودەدات لە دەرەوەی پێناسە باوەکانی گەندەڵییە، لە دەرەوەی ستاندارەکانی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتییە لە بارەی گەندەڵییەوە. ئەوەی هەیە جۆرێک لە کولتووری تاڵانی و جەردەیی. لەم روانگەوە دەبێت بەرچاومان رۆشن بێت.
*پێشنیاری من بۆ نەسلی تازەی کوردستان ئەوەیە لەودیو دوکەڵ و غوباری سیاسەتی کلاسیکی و باوی کوردییەوە ئاسۆیەکی تر ببینن. ئەگەر ئاسۆیەکیش دیار نییە ئەرکی خۆیانە دروستی بکەن بە کەرەستەی نوێ و بە دابڕان لە نەریتی سیاسیی باو. راکردنی بە کۆمەڵ لە سیاسەت خراپترین جۆری ممارەسەی سیاسەتە، باشترین تایپیشی تێپەڕاندنی ئەو پارادایمە باڵادەستەی سیاسەتی ئێستایە، کە هەموو قەیرانە گەورەکان لە منداڵدانی ئەوەوە لە دایکبوون. هەر خودی ژیان جۆرێکە لە ململانێ و تێکۆشان، خەبات هەر ئەکشنی خێرا نییە بۆ گۆڕینی قوچەکی فەرمانڕوایی بەڵکو خەبات لە پێشنۆرەدا جەنگە لەدژی ئەندێشە نەریتییەکان و هەر جۆرە چەقبەستنێک.
*هەر وتن و دروشمدان بەس نییە، بەڵکو دەبێت بوارێک بۆ پراکتیکی ئەو دروشمانە پەیدا بکرێت. بەڵام نابێت لە بیری بکەین دۆخەکە تراژیدیای وتنە. تۆ ببینە یەک وشە لە سەردەمی بەعس دەیبردیتە بەردەم پەتی سێدارە، چوونکە وشە بەهای هەبوو و حیسابی لەسەر دەکرا. ئەمڕۆ ئەو هەموو چەنەبازییەش ناتوانن گوێ و مێشکی هیچ کەس بکەنەوە. لەو سۆنگەیەی وتن و نووسین بایەخیان نەماوە لە جڤاتی کوردییدا. بەپێچەوانە پرۆسەکە لە کاریگەریی دانانەوە گۆڕاوە بۆ کردەیەکی میکانیکی ماندووکەر. دەبێت پێش کردار سەنگ بۆ وتن بگەڕێتەوە، چون هەمیشە وتن پێش کردارە.

-2-

*ئەو دەسەڵاتەی لە خۆپیشاندان بترسێت بێگوومان دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریی و خۆسەپێنە.
*حکوومەتی گەندەڵ دەبێت بگۆڕدرێت، بەڵام بەپێی نەخشەی داگیرکەران نا.
*حکوومەتی هەرێم تەنیا ناونیشانێکە بۆ کۆمەڵە جەردەیەک. پێموایە هێشتا دڵنەرمم بەرامبەر حکوومەت.
*رۆشنبیری کورد تاوانبارە چەندین ساڵە نەیتوانیوە ئەڵتەرناتیڤێک بۆ شێوازی حوکمڕانی باو فۆرمۆڵە بکات.
*کوردبوون لەبەردەم مەترسیدایە و ئاوابوونی کوردایەتی نزیکە. دەبێت فریای ئایندێنتی خۆمان بکەوین.
*خۆپیشاندەران دەبێت کارنامەی رۆشنی خۆیان هەبێت نەک هەر هێزێک ویستی بیانکاتە ماتریاڵێکی خاو بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن. پۆپۆلیستەکان دەرفەتەکان بە فیڕۆ نادەن لەم رووەوە.
*شەق تێهەڵدان لە خۆپیشاندەر شەق هەڵدانە لە پەیکەری حکومداریی نەک تەنیا شکاندنی شکۆی مرۆڤێک.
*لای من خۆپیشاندەری شەق تێهەڵدراو هەزار جار شکۆی زیاترە لەو دەسەڵاتەی شەقوەشێن پەروەردە دەکات.
*نابێت شەق قبوڵ بکەین چ لە دەسەڵاتی بێگانە چ لە دەسەڵاتی خۆماڵی. ئەمە دەبێت وەک پرنسیپێکی هەمیشەیی قبوڵ بکەین.
*بۆئەوەی خۆپیشاندان سەنگی خۆی لەدەست نەدا نابێت ئامانجی دژ بەستراتیژی نیشتمانی بخرێتە رۆژەڤەوە.
*ئەو دەسەڵاتەی ئەمڕۆ شەق لە خۆپیشاندەر هەڵبدات ناتوانێت سبەی داوا لە هاووڵاتیانی بکات بەرگریی لێ بکەن لە کاتی مەترسییدا.
*ئەو خۆپیشاندەرەی پاکێجەکەی بریتی بێت لە وێرانکردنی وڵات، هەرچی و هەر کەس بێت تێکدەرە.
*خۆپیشاندەران دەبێت ئاگایان لە هاوکێشە سیاسییەکان بێت و رەچاوی نیەتی داگیرکەرانی کوردستان بکەن.
*حکوومەت نابەرپرسیارە، دەبێت خۆپیشاندەر لێپرسراوانە مامەڵە بکات.
*حکوومەتی هەرێم دەبێت بگۆڕدرێت یان بڕوخێت بەڵام دەبێت جڵەوی حوکمڕانیی لە دەست کورد خۆیدا بمێنێتەوە.
*گەلەکۆمەکییەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە دژی کورد، پێویستە دەسەڵات و گەل ئەو مەترسییە ببینن.
*کورد لە قۆناغێکدایە لە رووی سیاسیی و سەربازییەوە رووی لە شکستە، بۆ ئەوەی ئەم شکستە نەبێت هەرەسی یەکجاریی پێویستە خۆمان رێک بخەینەوە.
*خۆرێکخستنەوە لەسەر گیرفانی بەتاڵی هاووڵاتیان و بێباکی دەسەڵاتداران دروست نابێت، لەسەر دادی کۆمەڵایەتی رۆ دەنرێت.
*حکومەتی کوردیی خۆی یارمەتی مەرگی خۆی دەدات ئەگەرنا سادەترین ماف کە بەرامبەر بە ئەرکە ئەویش موچەیە دەکرا دابین بکرێت.
*هەر کوردێک خۆپیشاندان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومداریی کوردیی بکات نەک حکومەتی هەرێم، ناپاکە و ئەجیندای دەرەکی جێبەجێ دەکات.
*نیشتمان هی هەمووانە ناکرێت بە بیانووی دژایەتی دەسەڵاتێکی گەندەڵەوە وێرانی بکەین.

———————————————————————

تێبینی:
ئەم نووسینە بەبۆنەی خۆپیشاندانەکانی مانگی ئازاری ساڵی 2018ەوە نووسراوە و لە رۆژی 25ی مارس لە ماڵپەڕە کوردییەکان و تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکراوەتەوە. بە پێویستم زانی دووبارە لەم دۆخەشدا بڵاوی بکەمەوە

Previous
Next
Kurdish