Skip to Content

قه‌ندیل سه‌نگه‌ری ئابڕووه …‌ستار ئه‌حمه‌د

قه‌ندیل سه‌نگه‌ری ئابڕووه …‌ستار ئه‌حمه‌د

Closed
by June 22, 2020 General, Poems

لەچوار تەرمی تەنی سستما
هۆبەی بزاڤیان هەڵواسی
دڵم قورس و
مێشكم تەپیوو
دەستی راستم
پەنجەی چەپمی نەدەناسی
لەم كەینوونەی كورد خنكانا
لەم شاگەشكەی
نەوەی تورك و ئەردۆغانا
بەنەمانی
پارچەكانی دیكەی لەشم
ئامەدیان خستە تەڵەوە
.رێگەی ئاگریان پێكهێنا
قەندیلیان پڕ كرد لەبۆمب و
سلیمانی بەكیژی دهۆك نامۆ بوو
كەركوك بووە شانۆی گورگ و
شێخان بەر ورژمی گڕ كەوت
داعش هات و
لەسەر دڵی سنجار لێی خەوت
گلێنەی دیاربەكرو
ئامەدو عەنتابیان برژان
هەر چۆن بەرێكەوتن نامەی
لۆزانی شوم
كوردستانیان
چوار پارچەكرد
ئێستاش ئارەزوویان وایە
باكورو باشوور لێك وەردەن
رۆژهەڵات و رۆژئاوا
لێك بترازێنن
بەم رۆژگارە كوردستانم
بەناپاڵم دەسووتێنن
هەروا جەستەی رۆڵەی كوردە
لەنێو ئاگرا گیان دەدات
جامانی پیاو
دەرپێی ژنان
بەدەم باوە سەما دەكات
میرەكانمان
بێ دەنگ و سەنگ
لەپێشوازی شای عوسمانی و
ئاغای ئێرانی چاوبازن
تەماشاكە سنگی باكور
لەپێناوی جەرگی باشوور
خەڵتان خوێنە
هێشتا دەكرێن بەتیرۆریست
لەنێو دڵی واری خۆیان
بەدەردەنرێن
قەندیل سەنگەری ئابڕووەو
بەكابووڵ و
ئەفغانستانی دەچوێنن
دەیانەوێ
بیكەنە سەحرای عەرعەرو
نوگرە سەلمان
دەستی جەندرمەكان دەگرن
لەگەڵ ژەهری كۆنە قینا
ئەنفالێك دی
دەكەن بەدیاری كوردستان


ستار ئه‌حمه‌د

Previous
Next