Skip to Content

129 Views

بەفرێکی زۆر.. لە پاشخانیی شیعردا کەڵەکە بوو… نەجمەدین سادق

بەفرێکی زۆر.. لە پاشخانیی شیعردا کەڵەکە بوو… نەجمەدین سادق

Closed
by June 22, 2020 General, Literature

لەناو ئێمـەی کوردا وشە هیچ بەهایەکی نەماوە، جونکە سیاسییەکان حەیایان نەماوە. رۆژانە هەزار رەخنەیان لیدەگیرێت مێش میوانیان نییە. رۆژانە خەڵك بە ناحەق دەکوژرێت کەس نایەتە دەنگ. ئیتر چۆن زەوق و سەلیقەی خوێندنەوەو ئەدەبیان لە شوێنی خۆی دا دەمێنێت و خەڵکانێك تاقەتیان دەبێت وتوێژی بابەتی شیعری کوردی هەنووکەیی بکەن؟
من دەزانم ئەم نووسینە هەر سەریەشەو کات کوشتنی خۆمە. هەرچەندە تا ئێستا بە خزمەت شاعیری ناسراو ماردین ئیبراهیم نەگەیشتووم، بەڵام لە روانگەی نووسینەکانیەوە دەتوانم دووربەدوور وەك خوێنەرێك بڕیار بەسەر رەهەندە جۆراوجۆرەکانیاندا بدەم، ئەمەش مافێکی رەوای خۆمەو وەك چۆن مافێکی رەوای ئەویشە بێتە دەنگ و سەرنجی خۆی لەمبارەدا دەرببڕێت.
لێرەدا وەك موتابەعەرێکی شیعرەکانی ماردین ئیبراهیم سەرنجی دوا شیعری ئەو شاعیرەم دا بە ناونیشانی (بەفرێکی زۆر لە ئیگزیتەر باریبوو) لە گۆڤاری رامانی ژمارە (٢٧٤) بڵاویکردبووەوە، بەڵام دەمخواست نە بینووسیایە و نە بڵاوی بکردایەتەوە، بۆچی؟ ئەویش لەبەر هۆیەکی سادەو ئاسان کە هیچ لایەنێکی تازەی تیا نییە بە بەراورد بە شیعرەکانی تری و لێرەشدا وتوێژی ئەم حەقیقەتە دەکەین.
کەواتە وەك هەندێك ناڵێم ئەم شیعرەی ماردین کاریگەری شیعرەکەی دلاوەر قەرەداغی لەسەرە کە لە ژمارە ٥١ ی ١٤/١/٢٠٢٠ ی رۆژنامەی زەمەندا بڵاوی کردبووەوە لە ژێر ناونیشانی (بەفرێ ئەبارێ لە چیا) و تیایدا دەڵێت:
بەفر پرووشە دەکا لە چیا
دونیا دەکاتە ئێوارەی خۆی
وەك سەما بکا
بەڵکو ئەو پرسیارەم لەسەرەتادا لا دروست بوو کە بۆچی (ئیگزیتەر)؟ بەڵێ
ئیگزیتەر شارێکی مێژووییە و بە پێی نەخشە دەکەوێتە ناوچەی دیڤۆنی وڵاتی ئینگلتەراوە، لە کاتێکدا سەدان ماڵباتی کۆڵبەران رۆژانە سەد جار دەمرن و دەژەیەنەوە کە دوعا دەکەن لەسەر سنوورەکان و لە ناو بەفردا رۆڵەکانیان رەق نەبنەوە یان نەکوژرێت، ئەمە خەمێکی رەسەنی هەڵقوڵاو لە ناوجەرگەی تراژیدیەکانی میللەتی کوردەوەیە، ئایا هەموو ناوێکی نامۆ بە خوێنەران دەبێتە هۆی ئەوەی شیعر بایەخدار بکات؟ ئەمەش رەنگە لە لاوازیی کەسایەتی تاکی رۆژهەڵاتییەوە سەرچاوە بگرێت و کە هەموو هێزو پێزو پێشکەوتنێك لە رۆژئاوادا دەبینێتەوەو خۆی لەیاد دەکات.
دواتر گەر بێینە سەر بابەتێکی تەکنیکی سەبارەت (بەفر لە ئیگزیتەر) لەناو ئەم شیعرەدا، دەبێت بپرسین ئایا ئەو گرنگی و بایەخەی هەیە (وەك بەهای شیعریی) کە نەك ببێتە ناونیشانی دەقەکەو بەس، بەڵکو ١٠ جار لەم شیعرەدا بە شێوەیەکی مانددوکەر چەندپات بکرێتەوە بەم جۆرانە:
١- لە ئیگزیتەر بەفرێکی زۆر باریبوو
٢- کچەکەم دەیگوت بابە ئاگات لێیە بەفرێکی زۆر
لە ئیگزیتەر باریوە؟
٣- بەڵام من لەجیاتی هەمووان، ساڵێکیان لە جیاتی هەمووان
لە ئیگزیتەر بەفرێکی زۆر باریبوو زۆر گریام
٤- من ساڵێكیان لە ئیگزیتەر کە بەفرێکی زۆر باریبوو
بۆی گریام
٥- کچەکەم شاهیدە ئەو ساڵەی لە ئیگزیتەر بەفرێکی زۆر
باریبوو من گریام
٦- لە ئیگزیتەر بەفرێکی زۆر باریبوو
٧- کچەکەم دەیگوت بابە کێ بروامان پێ دەکات بڵێین
ساڵێکیان لە ئیگزیتەر بەفرێکی زۆر باریوە؟
٨- ئەو ساڵەی لە ئیگزیتەر بەفرێکی زۆر باریبوو زۆر گریام
٩- کچەکەم شاهیدە ساڵێكیان لە ئیگزیتەر بەفرێکی زۆر
باریبوو، بۆی گریام
١٠- لە خەونمدا زستان بوو؛ بەفرێکی زۆر لە ئیگزیتەر
باریبوو کچەکەم دەیگوت بابە چاوت لێیە بەفرێکی زۆر
لە ئیگزیتەر باریوە!
ئەمە هەموو لە لایەك، لە لایەکی تریشەوە گەر بێینە سەر ناوەڕۆكی ئەم شیعرە؛ ئەوا دەبینین لەسەر یەك خاڵ دەوەستێت و جەخت دەکاتەوە کە ئەویش ئەوەیە:(هەمووان لە یادیان کرد بەڵام من لە بیرم نە چووەوە)، ئەمە لەکاتێکدایە کە هەر زوو لە شیعرەکانی تری شاعیردا بەر ئەم واتایە دەکەوین و لامان نوێ نییە، بۆ نموونە شاعیر لە شیعری خەدیجەدا دەڵێت:
بەڵام من لە ڕۆما ئەو ڕۆژانەی وەک سەگ لە چارە نووسی خۆم هەڵدەهاتم تۆم لەیاد بوو
یان لە شیعری (نەینەوا) دا دوو بارە سەبارەت لە یادنەکردن دەڵێتەوە:
بەڵام ئه‌وه‌ی قه‌ت هێور نابێته‌وه یاده‌وه‌ریی تۆیه که وه‌ک ئه‌سپی چه‌مووش له‌ناو سه‌رماندا ده‌حیلێنێت
هەروەها خاڵێکی تری هاوبەش و دووبارەی شاعیر لەم شیعرەدا بە بەروارد بە شیعرەکانی تری ئەوەیە کە بە چەندان جۆر دەگەڕێتەوە و دووپاتی سەختییەکانی ژیانی رابردووی خۆی دەکاتەوە، بۆ نموونە لەم شیعرەدا دەنووسێت:
ترسی خنکان لە ناو بەلەمەکاندا
ترسی مەرگ لەسەر سنوورو لەناو
کێڵگەی مینەکانا بەس نەبوو؟
من بەراوردی ئەم خەمە تاکەکەسییە بچوکانە بە مەرگەساتە گەورەکانی مرۆڤەکانی دەوربەرمان ناکەم، بەڵام ئەو جارێکی تر بە نموونە لە شیعری (خەدیجە)شدا دەڵێت:
یادگاریی ئه‌و ڕۆژانه‌یه که به خه‌مناکی له کاڵاسه‌وه سه‌یری دۆڤه‌رمان ده‌کرد
له پاتراوه سه‌رنجی ئه‌و که‌شتییانه‌مان ده‌دا که به ده‌ریادا ده‌یانفیشکاند و به‌ره‌و ڤینیس ده‌ڕۆیشتن
به‌ناو کێڵگه‌ی په‌تاته‌دا ده‌ڕۆیشتین و یادی شله‌ی په‌تاته‌ی داپیره ده‌یگریاندین
هەروەها خاڵێکی تر کە لێرەدا جێی باسە ئەوەیە کە کەرەسە شیعریەکانی بە گشتی زۆر نزیکن لەیەکەوە، بە بەکارهێنانی رووداوە میژوویی و ئاینییەکان (چ بەکارهێنانی ناوی پێشەواکان یان جەنگەکان یان شوێنەکان بێت) وەك: ئۆرشەلیم و کەعبە، مەدینە، کەربەلا، کەنعان ، یوسف و ئەندەلوس، یەزید، حوسێن، قابیل ، یەهودا …تاد، لە لایەکی تریشەوە خیتابی راستەوخۆی دەق بۆ: یان کچە یان خوشك یان خەدیجە یان زوڵەیخا …کە لێرەشدا خوێنەری زیرەك هەست بە هەڵبژاردنی وردی شاعیر دەکات بە بەکارهێنانی ئەم ناوانە و کاریگەریی لەسەر سۆزو هەستی خوێنەر، چونکە بە گشتی توخمی مێینە هەستەوەرترو ناسكترن و زیاتر جێی بەزەیین کاتێك وەکو کەرەستەیەکی شیعری سوودیان لێ وەردەگیرێت، یاخود دووبارەکردنەوەی تیمای (جەنگ) و تێکەڵکردنی بەبارە سۆزدارییەکە لە زۆربەی شیعرەکاندا دووبارە دەبنەوە، هەروەك لەشیعری (نەینەوا)شدا بەر ئەم هەقیقەتە دەکەوین و کتێبێکیشی هەر بەو ناوەوە (تۆ مەچۆ بۆ شەڕ) چاپکردووە، کەواتە لێرەوە دەکرێت بڵێین زۆربەی شیعرەکان درێژکراوەی یەکدین، بەڵام ناشکرێت هەر لەسەر ئەو شێوازە هەموو شیعرەکان بهۆنرێنەوە، هیوادارم ئەم قسانە دڵی شاعیر زویر نەکات تا بە جارێك هەر سەر بکاتە رۆمان و شیعر فەرامۆش بکات، بەڵام ئەم رەخنانە بنیاتنەر دەبن گەر بە دڵێکی فراوانەوە وەربگیرێن و بخوێنرێنەوە، چونکە لەمڕۆماندا خەڵك تاقەتی خوێندنەوەشی نەماوە، چونکە هەموو شتەکان بێ بەها کراون و حەزی ژیان و داهێنان و بنیاتنان لای خەلکەکان یان مردووە یان کوژراوە.
ئەوەی جێی گوتنە دابەزینی ئاستی شاعیرە بە پێی هێڵی زەمەنی نووسینی شیعرەکان، بەوەی یان زیاتر دووبارەکردنەوەی بابەتەکانی پێشوو و دنیابینی و زاراوەکانە بە جۆری هاوشێوە، یان نووسینەوەی هەمان هەست و سۆزی رابردووە لە شیعرێکی نوێدا بە هەمان فۆرمی پێشوو، لەم حاڵەتەشدا شاعیر ناتوانێت جیاوازبوونێك بخولقێنێت و ئەو سنوورە ببەزێنێت کە کۆتی ئەندێشەو ئەفراندنەکانی تێیدا قەتیس ماوە، یاخود بە بارێکی تردا ئەوە هەر قۆناغێکی دیاریکراو بوو کە مەرگەساتەکان شیعری جوان و نوێیان بە شاعیر نووسی و ئەو زەمەنە لەگەڵ پیس بوونی رووی ژیاندا تێپەڕی و گەڕانەوەی ئەستەمە، یاخود کاریگەریی پۆلەتیک و کێشەکانی رۆژن ئەو تەمەیان خستووەتە سەر مێرگی هەلقوڵینی کانیاوی بەهرە تازەوەبووەکانی شاعیر! پرسیاری تریش زۆر هەن بەڵام ئەوە بە تەنیا هەر شاعیرە بە شیعرەکانی دەتوانێت هەموو ئەو ئەگەرانە بڕەوێنێتەوەو حەقیقەتی گومانەکان پوچەڵ بکاتەوە، ئەگەرنا ئەوا ئێمە بێ وەڵام دۆش دادەمێنین!

Previous
Next