Skip to Content

مێزگردێک لە ژێر سەردێڕی: کڕۆنا واوەتر لە نەخۆشی و بەرفراوانتر لە قەیرانی تەندروستی

مێزگردێک لە ژێر سەردێڕی: کڕۆنا واوەتر لە نەخۆشی و بەرفراوانتر لە قەیرانی تەندروستی

Closed
by June 22, 2020 General, Opinion

ئەم مێزگردە هەوڵدەدات پەتای کۆرۆنا، لەگۆشەی نیگای جیاواز و بوارە جۆراوجۆرەکانی ئابووری و سیاسی و فەلسەفی و تەندروستی و کۆمەڵاتەتی و ئاینی و فەرهەنگی لێکبداتەوە. هەوڵدەدات تیشک بخاتەسەر ئەم دیاردەیە لە ڕوانگەی کەسایەتی جۆراجۆر و لە تاقیکردنەوە و ژینگەی جۆراجۆرەوە، هەروەها دەیەوێت لەنێو تەوژم و ڕەوتە فکری و سیاسی و فەلسەفیە جۆراجۆرەکانەوە، بەدەستکەوتی تیوری دیاریکراو تر و بەرجەستە تر بگات، و لە پراتیکی شۆڕشگێڕانەدا تواناییەکی پتەو بە ڕەوتی ئاڵوگۆڕ و شۆڕش بدات. سوپاس بۆ هەموو ئەو هاوڕێ بەڕێزانەی کە وەختی خۆیان بەخشی بۆ بەشداری لەم دۆسیەدا.

جەمال کۆشش ئامادەکاری دۆسیەکە.
• بەستەری فەلسەفی و ئایدیۆلۆژی، ڕەوشت و نۆرم


پرسیار: زۆرێك لە فەیلەسوفە ناسراوەکان لەبارەی کۆرۆناوە، لێدوانی جیاوازییان داوە، سڵاڤۆی ژیژەک، جۆرجیۆ ئاگامبێن، چۆمسکی و هابرماس، …سڵاڤۆی ژیژەک، جۆرێک لەگەڵ دەوڵەتێکی جیهانیدایە کە مافە جیهانیەکان دەستەبەر بکات و تەندروستی ئینسانەکان وەک کێشەیەکی هاوڵاتی جهیانی بناسێنرێت، ئاگامبێن، لەبەرامبەر ژیانی ڕووت، دەستشۆردن لە دەستکەوتەکان بەمەرجی مانەوەی بایۆلۆژی، وەک کارەسات دەناسێنێ. چۆمسکی دەرفەتێک دەبینێت بۆ ڕاوەستاندنی سیاسەتی نیولیبرالیزم، بەگشتی، وە بەگشتی دەڵێت کۆرۆنا تێدەپەڕینین، بەڵام دەبێت بێینە شکستپێهنانی نیولیبراڵیزم. فەلسەفە خۆی کە زانستێکە بۆ پێکەوە گرێدانی دیالەکتیکی پرۆسەکان، چ بۆ چوونێکی تایبەتیت لەسەر کۆرۆنا هەیە؟

هاوار محەمەد: ئاگامبێن لەو خاڵە جەوهەرییەدا دروست پێکابووى کە دەشێت دۆخى قەیران، بۆ نموونە ڤایرۆسى کۆرۆنا، فرسەتى زیاتر بداتە دەسەڵاتداران بۆ ڕاگەیاندنى دۆخى ئاوارتە و درێژکردنەوەى ئەم دۆخە. بە گوێرەى خوێندنەوەکەى ژیژەک، ئاگامبێن بەهەڵە مەسەلەکەى دیارییکردووە: بۆچى دەوڵەتان، کە خۆیشیان تۆقیون، دەبێ قەیرانەکە گەورەبکەن و تۆقین بڵاوبکەنەوە، لە کاتێکدا ئەمە بی متمانەیى لاى خەڵک بەرامبەریان بەرهەم دەهێنێت؟
بە بڕواى ژیژەک بە پێچەوانەوە، لەم دۆخەدا دەوڵەتان ناچارن دەستکاریى داتاکان بکەن و بیشارنەوە، لە قەوارەی خۆى قەیرانەکە بچووکتر نیشان بدەن؛ دواجار پێویستە هەوڵى شێلگیرانە و هاوبەش بدەن تاوەکو چارەسەرێک بدۆزنەوە و بەمەیش خۆیان لە مەترسى داتەپین بپارێزن. ئەرگومێنتەکەى ژیژەک بۆ ئەوەیە ڕێکارەکانى ئەم قەیرانە لە پارادایمى چاودێرى و کۆنترۆڵدا کورت نەکرێنەوە کە پارادیمى زاڵى شیکارییەکانى فۆکۆ و ئاگامبێنە؛ بەڵام بە ڕوونى دیارە ژیژەک دیوە پێچەوانەکەى ئەم ئەرگومێنتەى هەڵنەسەنگاندووە: ئەى ئەگەر دەوڵەتان وەها نیشان بدەن، لە ڕێگەى ڕێکارەکانییانەوە، فریادڕەسى قەیرانێکى “ئێجگار” گەورە بوون و مرۆڤایەتییان لە کارەساتێکى ڕەبەق قووتار کردووە؟ لێکەوتەى ئەمە چى دەبێت؟ ئاگامبێن مەترسییەکانى ئەم دۆخەى لە دەرەنجامەکانیدا دەبینى.
وەک فۆکۆ باسى دەکات هەر گەڕێکى قەیران، هەر تاعونێک و پەتایەکى گشتگیر بەلایەنیکەمەوە دوو ئەگەر ئاوەڵا دەکات: یان دەبێتە ساتى کایۆس و بێ نەزمى کە ئیمکانى لابەلابوونەوەى کۆمەڵایەتى و سیاسى دەهێنێتە پێش، یانیش دەبێتە ساتى بەهێزتربوونى نەزم و سەپاندنى زیاترى کۆنترۆڵ و دیسپلین ڕێک بە گوێرەى پێویستییەکانى پاراستنى خودى ژیانى کۆمەڵگە. ژیژەک شتێکى تر پێشنیار دەکات: هاریکاریى دەوڵەتان. بۆ ژیژەک دەشێت ئەم پەتایە لەڕێگەى هەوڵێکى کۆلێکتیڤ و گشتگیرەوە کە هەموو دامەزراوە و دەزگاکانى دەوڵەتان بگرێتەوە و لەسەر بنەماى هاریکارى و هەماهەنگییەکى بە کۆمەڵ بێت لەگەڵ یەکتریدا، لەنێو بچێت. بەم جۆرە ژیژەک دووبارە ئومێدەکە بە دەوڵەت و کۆدەزگاکانیدا هەڵواسێتەوە، پاشانیش هاریکاریى و هەماهەنگییەکەى دەوڵەتان وەکو فۆڕمێکى نوێى “کۆمۆنیزم” لێک دەداتەوە. هەڵبەت گەر کۆمۆنیزم مانایەکى هەبێت ئەوا ئەوەیە کە لە غیابى “دەوڵەت”دا کارا دەبێت؛ بە گوێرەى تیۆرى مارکسیزم باشترین کارێک کە دەوڵەت بیکات ئەوەیە لە ماوەى قۆناغى گواستنەوەدا بەرەو کۆمۆنیزم بە هەڵوەشانەوەى خۆى دەیکات نەک خۆى فۆڕمى کۆمۆنیزم بەرجەستە بکات. بۆچوونەکەى ژیژەک بە تەواوى یۆتۆپییە (گەرچى ژیژەک خۆى نکوڵیى لێ دەکات) وەختێک پێیوایە دەوڵەتان دەتوانن دەستبەردارى ویست و کەڵکەڵەکانى خۆیان بن و لە ناکاو هەمووان دەستبکەن بە هەماهەنگى و ئاڵوگۆڕى زانیارى و پێداویستییەکان. بنچینەى ئەم خۆشباوەڕییە ئەوەیە کە ژیژەک بە “زەرورەت”ـى دادەنێت، واتە وەک ناچارییەک کە لە بەرژەوەندیى هەموواندایە بچنە ژێرى. بەڵام دەوڵەتان بە گوێرەى مەسڵەحەت لە زەرورەتدا مامەڵە دەکەن، نەک بە گوێرەى زەرورەتێک کە مەسڵەحەتى تێدایە؛ واتە لە زەرورترین ساتەکانیشدا هەندێ لە دەوڵەتان بەرژەوەندییە ئابووریى و هەژموونگەرییەکانى خۆیان لەبیر ناکەن؛ چین هاوکارییەکانى خۆى گەیاندۆتە زۆربەى وڵاتانى جیهان، بەڵام لەمەدا مەرامى هەیە. هەر یەک دوو ڕۆژ دواى وتارەکەى ژیژەک ئەمریکا و بەریتانیا هەڕەشەیان لە چین کرد کە دواى کۆتاییهاتنى قەیرانە پاکانەحیسابێکى لەگەڵ دەکەن؛ لەلایەکیتر لە ئیتاڵیا ئاڵاى یەکێتیى ئەوروپا داگیرا و ڕەخنەى تووند لە ئەڵمانیا و یەکێتییەکە گیرا کە بە هانایانەوە نەچوون؛ بەشێکى وڵاتانیش سنوورە نەتەوەییەکانى خۆیان تووندتر کردەوە و چوونەوە ناو قاوغى خۆیان. بێگومان ساتى قەیران دەلاقەى زۆر ئومێد و ئیمکان دەکاتەوە، بەڵام زۆر بە دەگمەن ئیمکانەکانى گۆڕانى کۆمەڵایەتى بەرەو کۆمەڵگەیەکى باشتر لە خودى دەوڵەتەوە ڕیاڵیزە دەکرێن.
فیکرى مارکسیزم لە مارکسەوە تاوەکو قۆناغى یەکەمى ئاڵتوسێریش ئومێدێکى زۆریان بە گرتنەدەستى دەوڵەتدا هەڵواسیوە و گوایە دواى بەجێهێنانى ئەو ئەرکەى کە لەسەرییەتى بەرە بەرە زەمینەى هەڵوەشانەوەى خۆیشى خۆش بکات. بەڵام لەو هێڵەى فیکرى چەپدا کە من کارى تێدا دەکەم، “دەوڵەت” ناوەندێکى سەرەکیى و جێگاى ئومێد نییە، بەڵکو گۆڕانەکان ڕێک لەو ڕووبەرەنەوە دێن کە فۆڕمێکى ترى ڕێکخستن و پەیوەندیى نا-دەوڵەتى تاقیى دەکەنەوە و پەرەى پێ دەدەن؛ نموونە سیاسییەکەى ئەمە زاپاتیستەکان و ڕۆژئاڤایە (وێڕاى ئەو کێشانەى هەیانبووە). هاوپەیمانیى دەوڵەتان، گەرچى دەشێت لێکەوتەى پۆزەتیڤى هەبێت، بەڵام تاوەکو دەوڵەتى سەرمایەداریى بێت تاکە خەمى ئەوەیە قەیرانەکە بە کەمترین زیان تەواو بکات و پێویستییەکانى چاکسازى کەشف بکات، واتە ئومێدى هەرە دوور لەم هاریکارییەدا ئەوپەڕى دەشیت ڕیفۆرمێکى جددى بێت، وەک ئەوەى چەندجارێک سەرمایەداریى کردوویەتى: گۆڕانى ئابووریى تایلەرى، فۆردى، کینزى، پۆستفۆردى، نیولیبراڵیزم و هتد. خۆ ئەگەر بە شۆڕشیش دەوڵەت وەربگرێت، هێشتا ناتوانین چاوەڕوانى ئەوە لەم دەوڵەتە نیازپاکە بین کە کۆمۆنیزم بهێنێتە دى؛ سەدەى بیستەم سەدەى شکستى ئەم ڕوانگەیە بوو. بۆ چۆمسکى قەیرانەکە دەرفەتێکە، دەلاقەیەک ئاوەڵا دەکات بۆ تێپەڕین لە نیولیبراڵیزم، بەرەو چى؟ هیچ کەس حاڵى حازر نازانێت، لە مێژوویدا سەرمایەدارى بەردەوام مۆدێلەکانى خۆى تێپەڕاندووە. بادیۆ ئومێدى زۆرى بەوە نییە ئەم قەیرانە ببێتە مایەى هیچ گۆڕانێکى سیاسى، وەک ئەو دەڵێت قسە و باسەکان بانگن بۆ ھاتنی شۆڕشێکی بنچینەیی نەبینراو، کە نازانین پێوەندییەکەی لەگەڵ نەھێشتنی ڤایرۆسێک چییە و “شۆرشگیڕانیش”مان شتێکی نوێیان بۆ کردنی نییە، لەبرى ئەوە بادیۆ وەک زەرورەتێک دەیبینێت بۆ بیرکردنەوە لە حەقیقەتى زانستى و گەڕان بەدواى ئاسۆى سیاسەتێکى نوێ و پەرەدان بە ئەزموونە لۆکاڵییەکاندا. لەو سەریشەوە مەترسى گەڕانەوە بۆ لیڤیاسان باس دەکرێت، لەم بارەیەوە کەڵکەیەکى گەڕانەوە بۆ زەبرى دەوڵەت و ئابووریى کینزیزم هەیە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەمە دووپاتکردنەوەى پوختى کینزیزم نابێت.

بەستەری کلتور

پرسیار: مێژووی پەتاکان، بۆ مێژووی ئینسانیەت دەگەڕێتەوە، ترس لە مەرگ، ترس لە تیرۆرێکی بەکۆمەڵی نەبینراو، ڕەنگە کلاسیکترین رۆمانی بۆکاچیۆ جۆڤانی کە هاودەم وپاش پەتای (١٣٤٠) بێت، لە ڕۆمانی (دە یمکانا)، لە زاری (١٠) پاڵەوانەیەکەیەوە کە خۆیان بە جۆڕیک کەرەنتینە دەکەن لەدەرەوەی شار و لە پەتاکە دەدوین، لەوێدا زۆریك لە نۆرم، دونیابینی، ڕەوشت، ژیان و کارەساتی چاخەکانی سەدەی نێوەڕاست، دەیان ڕۆمانی تر وەک خۆشەویستی لە زەمەنی کۆلێرای مارکیز وتاعونی ئەلبیرت کامۆ، وە ئەوە بەهەمان شێوە بۆ هونەری وێنەکێشان پەڕیوەتەوە، خۆی حاڵەتی سەرنجدان لە کۆمەڵگا لەمۆدیلی پەتادا، وەک ئەو گریمانە فیزیایە کە لێکۆڵەر لە حالەتی نمونەییدا بەرجەستەی دەکاتەوە. ئەدەبی واقعی ، ئەو چاویلکەیە دەداتە نوسەر ونوسەریش ئەو هێزە دەداتە کتێبەکانی کە لە ڕۆژگارە تەنگانەکاندا خەڵک بۆی بگەڕێتەوە؟ پێتوایە نوسین دەتوانێت بەسەر ترس ومەرگ دا زاڵبێت وژیان بباتەوە؟

چاو لە خەرەند

هاوار محمد: ئەدەب و هونەر بەر لەوەى واقیعى بن مەجازیین؛ لە سەردەمە جیاوازەکاندا کە واقیع لەلایەن دەسەڵاتە ملهوڕەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، لەلایەن بازاڕەوە داگیر دەکرێت، لەلایەن میدیاوە تەزویر دەکرێت، ڕەخنە و ئازادى و گەڕان بەدواى دنیایەکى باشتردا، خۆى دەخزێنێتە نێو پانتایى ئەدەبیاتەوە وەک پانتاییەکى مەجازیى کە دەسەڵاتەکان، وێڕاى هەموو ئەو دەزگایانەى سانسۆر و هەموو ئەو فیلتەرانەى کە دایاندەنێن، کەمتر دەتوانین کۆنترۆڵى بکەن. نموونەى نزیک ئەو هەموو سانسۆر و چاودێرییەیە کە لە ئێران لەسەر چاپەمەنى هەیە. بێگومان زۆرجار ئەدەبیش وەک بەشێک لە بەرهەمهاتووى واقیع ساختە و کۆنترۆڵ دەکرێت، لە دنیاى ئەمڕۆیشدا واقیع و مەجاز پێکەوە لەلایەن ماتریکسى تەکنۆلۆژیاى زانیارییەوە داگیرکراون؛ وێڕاى ئەمە هێشتا ڕادیکاڵیزمى ئەدەبیات بە تەواوەتى هەڵنەوەشاوەتەوە. بۆیە من دەمەوێت پەیوەندییەکى ناسازگار لەنێوان هەردوو چەمکى واقیع و حەقیقەتدا دابمەزرێنم. بە بڕواى من حەقیقەت ئەوە نییە کە لە واقیعدا هەیە، واقیع یان ساختە کراوە، یان کۆنترۆڵ کراوە، یان لەکارخراوە، یان بە دەربڕینى بۆدریار لە فەزاى مەجازیى تەکنۆلۆژیدا بۆتە زێدە-واقیع. حەقیقەت ئەوەیە کە لە واقیعدا نییە، ئەوەیە کە دوورخراوەتەوە، ئەوەیە کە لە نەزمى باو کراوەتەوە دەرەوە، لەم دۆخەدا حەقیقەت پەنا دەباتە بەر پۆشاکى مەجاز، مەجاز دەبێتە شوێنى حەقیقەت. هیچ حەقیقەتێک نییە بێ پۆشاکێک، بێ پەردەیەک کە خۆى لێیەوە ئاڵاندبێت، بەڵام وەها پۆشاکێک هیچ شتێکى حەشاردا نەداوە، بەڵکو حەقیقەت لە صیرورەى خۆیدا دەبێتە پۆشاکى خۆى، دەبێتە تاریکیى خۆى. هەر لەبەرئەمەیە نیچە لاى وایە حەقیقەت پۆشاکەکەیەتى و پۆشاکى پۆشاکەکەیشیەتى؛ حەقیقەت تەنیا پۆشاکەکەیەتى، بەڵام نایشهێڵت وەک پۆشاکەکەى بیبینین. هەڵبەت دەسەڵاتەکان و هێزەکانیش نەوەستاون لە بەرهەمهێنانى حەقیقەت؛ بە تایبەتى گەر حەقیقەت وەک “مانا” وەربگرین، بۆ نموونە “خودا”، “ئامانجى بوون”، “بەختەوەرى”، “نەزم”، “ڕزگارى”، “پێشکەوتن” و هیتر. لە سەردەمى نوێدا هەندێ لە ئایدیۆلۆژیاکان خۆیان لکاند بەم مانایانەوە بەڵام بەرەو نیهیلیزم ملیان نا. وێڕاى ئەمە گەر حەقیقەتێک هەبێت هێشتایش زیندوو بێت، ئەوا ئەوەیە کە نییە، ئەوەیە کە غیابە، واتە بە جۆرێک بڵێین: ئەوەیە کە پتر لەنێو رووبەرە نا-ئایدیۆلۆژییەکان، لەنێو ڕووبەرە فێرچواڵییەکانى تێکیستە ئەدەبیەکان و فیکر و فەلسەفە و هونەردا دەژى. ئەم ڕووبەرە بۆ ئەوە نییە بە گوێرەى ڕوانینە کلاسیکییەکەى پەیوەندیى تیۆر و پراکتیک لە بیرۆکەوە بکرێت بە واقیع، پتر بۆ ئەوەیە وەک تابلۆکەى پییەر بۆرێڵ دێکاسۆ نەهێڵێت ئەندێشە بە سەردەم و واقیعى خۆیەوە قفڵ ببێت؛ ئەدەبیات تەنیا ئیشى ئەوە نییە ئیمکانەکان بپارێزێت تا لە وەختى گونجاودا ببن بە ئەکچواڵ، بەڵکو خۆى یان سەرزەمینى ڤێرچواڵى ناکۆتایە، یانیش سەرزەمینى مەحاڵەکانە. هەرچۆن هەیە ئەدەبیات دەتوانێت وەک چاڵێکى بەتاڵ لەنێو دڵى واقیعدا هەبێت و پانتایى لە دەسەڵات بگرێت، وەکو پنتگەلى بەرگرى و ڕووبەرى بەرەنگارى لەنێو دۆخى باو و دژ بە دۆخى باو ئیش بکات.
وێڕاى ئەمە، ئەدەبیات ناتوانێت بەسەر ترس یان مەرگدا زاڵ بێت و نایشیەوێت وا بێت، پتر سەروکارى لەگەڵ ئەو شتەدا کە هەمە مۆریس بلانشۆ بە “مەحاڵیى مەرگ” ناوى دەبات. بە بڕواى بلانشۆ ئەدەبیات/هونەر هەوڵە بۆ گرتنى بەردەوامى ئەو تاریکییەى کە بەرهەمى ئەدەبى، یان کارى فیکرى، لە ساتى گرتنیدا لەدەستى دەچێت. بە گوێرەى زمانە چەمکییە-ئەدەبییەکەى بلانشۆ ئەدەبیات و هونەر لە چەقى شەو دەڕوانن بۆ ئەوەى خودى شەو، خودى غیاب، ئەویترى ڕەها کە لە قەڵەمڕەویى ‘من’دا فۆڕم وەرناگرێت ببینن. دەتوانین ڤایرۆسى کۆرۆنا وەک ئەم ئەویترە نا ئاشنا و نامۆیە، وەک غیاب، مەرگ، شەو لێکبدەینەوە، ئەوەى کە دەسەڵاتێکى ئەوتۆمان بەسەریدا نییە و فۆڕمێکمان لە ڕۆشناییدا بۆ پێنادرێت و لە ڕێگەى میکرۆسکۆبەکانەوە چەند لێى وردبیتەوە لەدەستمان دەخزێت. ئەدەبیات (یان هونەر) لەم دۆخەدا نابێتە دۆکیومێنتێکى مێژوویى ڕووت تاوەکو باسى دۆخ و ژیانى گشتى خەڵکى لە دۆخى کۆرۆنادا بۆ سەردەمانى دواتر بنوسێتەوە؛ لە ئێستادا دەزگاى زۆروزەبەند و لقە زانستى زۆروزەبەند هەن ئەم کارە بکەن؛ ئەدەب ئاوێنە نییە خۆمانى لەبەردا ببینین، داواى دیکۆمێنتکردن و ئاوێنەنوێنى لە ئەدەب بۆ زەرورەتى ئەم سەردەمە بوونەتە چاوەڕوانیى بەسەرچووى تەقلیدى و نا-ئەدەبی لە ئەدەبیات. ئەدەبیات پتر سەرنج لەو جیهانانە دەدات کە لە ناو ژیانە گشتییەکەدا نابینرێن، کە دەرکراون، سەرنج لەو جوزئانە دەدات کە لە تاریکیدا نەبێت لە هیچ کوێدا دەرناکەون، ئەوانەى خۆیشیان بە جۆرێک لە جۆرەکان تاریکایین و لەناو تاریکیدان. ڕەنگە بۆ دۆخى کۆرۆنا نموونەکەى بادیۆ گونجاو بێت: “بێ سەرپەناکان”، ئەوانەى ماڵ و حاڵیان نییە. لێڤیناسیش باسى هەتیوان، بێوەژنان، دەربەدەران، کۆچبەران (کە لەنێو کەمپەکاندا بە درێژایى ئەم ماوەیە هەڕەشەى جددییان لەسەر بووە) و هیتر دەکات. ئەدەبیات هیچ وەزیفەیەکى دەروونناسییانەى نییە، وەک دکتۆرى دەروونى ترسى کۆمەڵایەتى ناڕەوێنێتەوە و ئارامى سایکۆلۆژى دروست ناکات، بەڵکو سەرنج لە ڕووبەرە تۆقێنەرەکان دەدات و چاو لە خەرەند دەبڕیت.

پێشڕەو محمەد: لەوەڵام بە پرسیارەکەی بەستەری کلتور
بەگشتیی لەنێو چەپدا، گفتوگۆیەكی زۆر لەسەر ڕێكخستن، حزب، دەوڵەت و یەكێتییە كرێكارییەكان كراوە و دەكرێت. لە گۆشەنیگای سیاسییشەوە زۆر باسی ئیمپریالیزم و فاشیزم لەناو سەرمایەدارییدا دەكرێت، لە ئەمڕۆشدا فاشیزمی دۆناڵد ترەمپ و یاوەرانی بووەتە مقۆمقۆی زۆربەی سۆسیالیستەكان، بەڵام لە استیدا خودی چەمكی فاشیزم هێندە مەترسیدار و ئایدیایەكی شەیتانیی هێندە جددیی نییە. ئەوەى زۆر مەترسیدارە، بەكارهێنانی چینی ناوەڕاست و وردەبۆرژوازییە بۆ ڕاماڵینی چینی كرێكاری ڕێكخراو، نەزۆككردنی ئایدیای چینی كرێكار و پەراێزخستنی فیكر و فەلسەفە و ئەدەب و هونەری ئەم چینە لەلایەن چینی ناوەڕاستەوە. ئەمەش وایكردووە دیسان ڕێكخەرانی كۆمۆنیزم لەم گۆشەنیگایەوە وەڵام بدەنەوە. ئەى كێشەكە لە كوێوەیە؟
ماركسیستەكان نابێت كولتوور بكەنە شتێكی بناغەیی و جەوهەرێكی بنچینەیی پێببەخشن، وەك پۆستمۆدێرنیزم حەزدەكات وابكات، ئابووریی، سووڕی سەرمایە و بەرهەمهێنانی قازانج هێشتاش بڕبڕە و مەكینەى سەرەكیی سیستەمەكەیە، بڕێكی زۆری زیادەى بەرهەمهێنان و قازانجیش تەرخاندەكات بۆ دروستكردنی دەزگا ئایدیۆلۆژییەكانی بۆ پارێزگاریكردن لەخۆی. بۆ نموونە دەوڵەتی مۆدێرنی سەرمایەداریی دەزانێت بە تەنها ناتوانێت بە تۆپ و تەیارە و سەرباز و پۆلیس خۆی بۆ ماوەیەكی زۆر بهێڵێتەوە، لەبەرئەوە پێویستی بە بەرهەمهێنانی كولتوورێكە تا لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە قەناعەت بە چینە چەوساوەكان بكات كە ئەم سیستەمە باشترین سیستەمی ئەڵتەرناتیڤە هەبووبێت و گۆڕانكارییش لەم سیستەمەدا یان مەحاڵە یاخود فەوزا دروستدەكات، بۆ ئەم كارەش، چینی ناوەڕاستی میلیتاریزە كردووە بە ئایدیۆلۆژیا تا ئەم ئەركەى بۆ ڕابپەڕێنێت.
چەپەكان ئەم لایەنەیان فەرامۆشكردووە: خەبات بۆسەپاندنی هەژموونی بزووتنەوەى جەماوەریی و كرێكاریی. ئەم خەباتە هەژموونییەش پێویستمان بە دامەزراندن و زەقكردنەوەى دووبارەى بزووتنەوەى هونەریی و ئەدەبیی و فیكریی ئاڤان-گاردی جەماوەریی هەیە، ئاڤان-گاردێكی ڕادیكاڵ كە خاوەن سینەما، شیعر، هونەر، فەلسەفە، ئەدەب و فۆرمەكان و تەكنیكەكانی دیكەى نواندنەوەیە، لە شانۆوە بیگرە تا هۆڵەكانی سینەما و هونەری گرافیتیی سەرشەقامەكان. خەبات بۆ گوتاری هەژموونیی چەپ، پێویستی بە سەرهەڵدان و ڕێكخستنی ڕۆشنبیرانی ناو چینی كرێكار هەیە، كە لەوانەیە لەم خەباتەدا بتوانن بەشێك لە ڕۆشنبیرانی چینی ناوەڕاستیش ببنەوە و بیانكەنە هاوپەیمانی چینی كرێكار. لە مێژوودا ئەمانە ڕوویانداوە و ڕووشدەدەن، زۆرجاریش لەم خەباتەدا، بەشێكی هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و ئەدیبانی چینی ناوەڕاست نەك تەنها بوونەتە هاوپەیمانی چینی كرێكار لە خەباتدا دژی سیستەمی سەرمایەداریی، جەنگ و ڕاسیزم، بەڵكو خۆشیان لە پەیوەندییاندا بە چینەكەوە، هاتوونەتە نێو خودی چینەكەوە، لە نواندنەوەى بارودۆخی چینی كرێكار لە تەكنیكەكانی ئەدەب و هونەردا، بۆ بەرهەمهێنانی خودی ئەدەب و هونەری كرێكاریی ڕادیكاڵ.
لە وتارێكمدا گوتبووم: هونەرمەندان تا ئێستا بەرهەمی هونەرییان بۆ بازاڕ دروستكردووە، بەڵام خاڵەكە بریتییە لە ڕادیكاڵكردنەوەى هونەر لە پێناوی بەشدارییكردن لە گۆڕینی دونیادا. مێژووی چەپ و ماركسیزم پڕییەتی لەم خاڵە گەشانەى ئەدەب و هونەر و سینەما. ئەگەر ئاوڕێكی كورت لە قۆناغێكی مێژوویی سەرەتای سەدەى 20 بدەینەوە: كولتووری ڕادیكاڵی سۆڤێت و كولتووری چەپی ڕادیكاڵی كۆماری ڤایمار. بەرهەمەكانی ئەم قۆناغە كورتەى مێژووی مرۆیی، بەڕادەیەكە تا ئێستا مێژوو نەیتوانیوە بەرهەمی پڕشنگدارتر لەم قۆناغە بەرهەمبهێنێت. لە سینەماوە بیگرە تا دەگاتە فۆرمەكانی دیكەى ئەدەب و هونەر. ئەگەر نموونەیەكی بواری سینەما بهێنیننەوە: فیلمی کەشتی جەنگی پۆتەمکینی سێرگی ئایزنشتاین، لە ساڵی 1926دا بە كەمێك سانسۆركراوییەوە دێتە ئەڵمانیا و نمایش دەكرێت، لەو ڕۆژگارەدا كۆى دیمەنی كولتووریی و سیاسیی ئەم وڵاتە دابەشی سەر بەرەى چەپ و ڕاست دەكات. لەو ڕۆژەوە پرۆلیتاریا دەگاتە ئەو متمانە بەخۆبوونەى كە سینەمای خۆی دابمەزرێنێت و بەهێزترین و كاریگەرترین قۆناغی مێژووی سینەماش، بریتییە لە سینەمای پرۆلیتاریی دەیەى 1920ی كۆماری ڤایماری ئەڵمانیا. كاریگەریی فیلمەكەى ئایزنشتاین بەڕادەیەك بوو، تەنانەت یۆزێف گۆبڵز لە 1933دا بە هیتلەر دەڵێت: خۆزگە ئایزنشتاین ئەڵمانیی بوایە و لە نامەیەكی دیكەشدا دەڵێت: ئەگەر بمانەوێت هەژموونی جیهانیی ئایزنشتاین تێكبشكێنین، پێویستە ئایزنشتاینێكی ئەڵمانیی دروست بكەین.
هەڵبەت ئەمانە مشتێكن لە خەروارێك، و خوێنەر بۆ زیاتر ئاشنابوون بە پەیوەندیی هونەر و ئەدەب و ئێستاتیكا و سیاسەت، دەتوانێت بۆ كتێبەكەم بگەڕێتەوە بەناوی: “دیالەكتیكی هونەری سێیەم: دەربارەى مۆدێرنیتە، شار، سینەما، فۆتۆگرافیی، تەكنیك”.


• بەستەری مێژوویی و ئایینی

پرسیار: لەشاری بێنی بیرکی نزیک تەل ئەبیب، نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەسی تێدا دەژین، زۆرترین ڕێژەی توشبوانی پەتای کۆرۆنای تێدایە، ٥ جار لەهەموو جێگاکان زیاترە، چەقی بڵابونەوەی پەتاکەیە و لە هەمانکاتیشدا مۆڵگەی یەهودییە توندڕەوەکانە و سەرۆکی شاروانی (ئەبرەهام روبناستاین) کە خۆی یەكێک لەوانە، ئاهەنگێکی گەورەی رێکخست لەبەردەم ماڵەکەی (کە دواتر خۆی وژنەکەی توش بوون)، وە ڕابینەکان ڕێگایان نەدا قوتابخانەکان دابخەن و لە ناشتنی ڕابینێکدا، ٣٠٠ کەس بەشداربوون لە پرسەکەیدا، ئەوان پێێاوانوایە، ئەمە پەتایە خودا چی نوسیوە لە چارەنوس، بەندە هیچ دەسەڵاتیکی تێدا نیە. لە نێو مەسیحیەکانیشدا، بەمجۆرەیە، لە ١٧ کەنیسەی گەورەی ئەڵمانیدا، ١٠ یان باوەڕییان بەوە هەیە کە بەڵای خودایە. پۆلیس کەنیسەیەکی لە ئەمەریکا بەزۆر داخست، چونکە قەشەکە ئامادە نەبوو کەنیسەکەی دابخات، چاوەڕێی “زیندوو بونەوەی” عیسای دەکرد، لەگەڵ بڵاوبونەوەی کۆرۆنا، کۆمەڵێک لە مەلا ئاینیەکان و شێخەکان و زانایانی فەتوادەر، (کورۆنایان وەک سەربازێکی خوا ناساند. (وما یعلم جنود ربک الا هو)، هانی خەڵکە هەژارەکەیان دەدا کە سەردانی مەزارگاکان بکەن، بۆ نمونە لە یادی ئیمام موسای کازمدا، خەڵکیکی زۆر کۆبونەوە بە نێو بازاردا و سەردانیان دەکرد، وەهایان بڵاودەکردەوە کە سەر گۆڕێ ئیمام موسای کازم خاوێنە و ئەگەر کەسێک بەو پەتایە بمرێت ئەوا شەهیدە. لە کوردستانی عیراقیش، لەسەرەتای شوباتدا، فەتوا درا کە کۆبونەوەی موسڵمانان لە نوێژی هەینی دا، ناىێتە هۆی بڵاوبونەوەی زیاتری پەتاکە، ئەگەر بشمرێت ئەوا شەهیدە، (خۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پانزەیەم کاتێک یەهودییەکان بەکۆمەڵ دەمردن لە کەمپەکاندا لە مەغریب). ئەم “سەربازی خودا و نەفرەت و بەڵا و تۆڵەکردنەوە”یە، بە جۆرێک لەهەموو دینەکاندا خۆی لە فۆرمی ئەم نەخۆشیەدا دەرخستەوە، هۆکاری بنەرەتی ئەم پەیوەندییە چییە؟

عەبدوڵا ساڵح: بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ت سه‌ره‌تا ده‌بێ بڵێم كه ئاینه‌ “ئاسمانیه”‌كان، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن كتێبن، له‌وانه‌ش كتێبی زه‌بوره‌ بۆ داود‌، ته‌ورات‌ بۆ موسا‌، ئینجیل‌ بۆ عیسا و قورئان‌ بۆ محه‌مه‌د، هه‌مویان كۆپی یه‌كترن، ته‌نیا به‌ده‌ستكاریه‌كه‌وه‌ نه‌بێ كه‌ له‌گه‌ڵ بارو دۆخی ئابوری سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كتێبه‌كه‌ی تێدا هاتۆته‌ خواره‌وه، هه‌روه‌ها‌ له‌گه‌ڵ شوێنی هاتنه‌خواره‌وه‌كه‌، واتا ناوچه‌ جوگرافیه‌كه‌، بگونجێ. په‌یڕه‌وانی ئه‌م چوار كتێبه‌، وه‌ك نمونه‌، هه‌مویان باوه‌ڕیان وایه‌ له‌ته‌ره‌ف (خوڵقێنه‌رێكه‌وه‌) هاتونه‌ خواره‌وه‌ كه‌ هه‌رچی له‌و گه‌ردونه‌دا هه‌یه‌ و ده‌گوزه‌ری هه‌مووی له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه‌یه‌ و ده‌ستكرد و ئیراده‌ی ئه‌وه‌‌.‌
ئه‌رك و فه‌رمانه‌كانیش كه‌ تێیاندا هاتوون زۆر له‌یه‌كده‌چن، بۆ نمونه‌، له‌هه‌ر چوار كتێبه‌كه‌دا نوێژ هه‌یه‌، ڕۆژو هه‌یه‌، حه‌ج هه‌یه‌، شوێنی پیرۆز و په‌رستگا هه‌یه، چیرۆكی زوربه‌ی په‌یامبه‌ران لەهەر چواریاندا هاتوه، بۆ نمونه‌ ئاده‌م و حه‌وا، هاتنه‌وه‌ی محه‌ممه‌دی مه‌هدی له‌ “ئاخیر زه‌ماندا” وه‌ك شیعه‌كان باوه‌ڕیان پێیه‌تی گوایه‌ نه‌مردوه‌ په‌یدا ده‌بێته‌وه‌ و له‌لای مه‌سیحیه‌كانیش په‌یدابوونه‌وه‌ی عیسا. باوه‌ڕێكی تر لای هه‌موو په‌یڕه‌وانی ئه‌و چوار كتێبه‌ هه‌یه‌ كه‌ قه‌ده‌ریه‌ته، “مشيئة الله” واته‌ ویستی خوا، شتێك یا ڕوداوێك یا كاره‌ساتێك یا هه‌رچی له‌ وورده‌كاری ژیانی هه‌ر بونه‌وه‌رێكدا له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌ویه‌ و ئه‌م گه‌ردونه‌ به‌گشتی ڕوده‌دا، ئه‌وا له‌ته‌ره‌ف ئه‌و خوڵقێنه‌ره‌وه‌یه و پێشتر له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دراوه ‌و له‌ سه‌ر بۆردێك نوسراوه‌، وه‌ك له‌ قورئاندا هاتوه‌،‌ پێی ده‌ووترێ “لوح المحفوظ” و هیچ فرسه‌تێك نیه‌ بۆ خۆپاراستن یا ده‌ربازبوون لێی، هه‌ربۆیه‌ هیچ نامۆ نیه‌ كه‌ هه‌لوێستی په‌یڕه‌وانی ئه‌و ئایینانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌یه‌ك بچن. لێره‌دا، له‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌دا من فۆكۆس ده‌كه‌مه‌ سه‌ر ئیسلام و سه‌ر كتێبه‌كه‌ی كه‌ قورئانه.
قورئان كتێبێكی پڕاوپڕه‌ له‌ ده‌سته‌واژه‌ و هه‌ڵوێستی دژه‌ یه‌كتر،‌ چونكه‌ ‌هه‌ر له‌ناو ده‌قه‌كانی خۆیدا به‌ سه‌دان ووته‌ و فه‌رمانی پێچه‌وانه‌ به‌یه‌كی تێدایه‌، من نامه‌وی چه‌ندین نمونه‌ له‌و جۆره‌ فه‌رمانه‌ پێچه‌وانانه‌ بێنمه‌وه‌ و بچمه‌ ناو زۆرێك له‌و وورده‌كاریانه‌وه‌، به‌ڵكو تیشك ده‌خه‌مه‌ سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی موسڵمانان ‌ ده‌ریانبڕیوه‌ به‌رامبه‌ر وه‌بای كۆرۆنا و چۆن له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ده‌قه‌ دژ به‌یه‌كانه‌ ئه‌وان بوون‌ به‌ دوو به‌ش و دوو هه‌ڵوێستی جیاوازیان گرتۆته‌ به‌ر.
یه‌كه‌میان- ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆ له‌ پرسیاره‌كه‌تدا باسی ده‌كه‌ی. سه‌ره‌تا با بێینه‌ سه‌ر هه‌ندێك لۆژیك كه‌‌ ڕۆژانه‌ له‌ سه‌ر زمانی كه‌سانی موسوڵمانه‌ وه‌ك: (هه‌رچی خوا نه‌یكا نابێ، كاری خوایه‌ و ڕازین پێی، هه‌رچی له‌ چاره‌نووس نوسرابێ ده‌بێ بێته‌ دی، كه‌ ئه‌جه‌لت هات ده‌بێ بڕۆی به‌ده‌ست خۆت نیه ‌و خوا له‌ چاره‌ی نوسیوی، مردن حه‌قه‌ و ناتوانین لێی ڕاكه‌ین، كه‌ی ڕۆژمان ته‌واو بوو ده‌مرین و خوا هۆكارێكمان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێ)، و زۆرێكی تریش له‌و‌ فاكته‌ نه‌گۆڕانه‌ی موسوڵمانان باوه‌ڕیان پێیه‌تی. ئه‌و لۆژیك و فاكتانه‌ له‌ خۆڕا نه‌هاتوون به‌ڵكو ئایه‌تی قورئان پشتڕاستیانده‌كاته‌وه‌، بۆ نموونه‌ له‌ سوڕه‌تی ته‌وبه‌ ئایه‌تی 51 دا ده‌ڵێ (قُل لَّن يُصِيبَنَا إِلَّا مَا كَتَبَ اللَّهُ لَنَا هُوَ مَوْلَانَا ۚ وَعَلَى اللَّهِ فَلْيَتَوَكَّلِ الْمُؤْمِنُونَ) واته‌ (ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر بڵێ هیچ شتێكمان تووش نابێ جگه‌ له‌وه‌ی خوا له‌ چاره‌ی نوسیوین، هه‌ر خۆی سه‌ردار و گه‌وره‌مانه‌ و با ئیمانداره‌كان پشت به‌ خوا ببه‌ستن) به‌ واتایه‌كی تر هه‌ر له‌ ڕۆژی له‌دایكبوونته‌وه‌ هه‌رچی به‌سه‌رت بێ، چاك یا خراپ، خۆشی یا ناخۆشی، ده‌رد و به‌ڵا و موسیبه‌ت، له‌وانه‌ش په‌تای كۆرۆنا، نه‌داری و هه‌ژاری، دارایی و سه‌روه‌توسامان له‌ له‌وحی مه‌حفوزدا له‌ چاره‌ت نوسراوه‌ ئیتر پێویست به‌ ڕاكردن و خۆلادان ناكا له‌ به‌ری.
ده‌رباره‌ی مردنیش له‌ سوره‌تی ئه‌لئه‌عراف ئایه‌تی 34 دا ده‌ڵێ: (فإذا جاءَ أجَلهم لا يستأخرونَ ولا يَستَقدمون) واته‌ (هه‌ركاتێك نۆبه‌ی مردنیان هات، ئه‌و نۆبه‌یه‌ نه‌ دوا ده‌كه‌وی و نه‌ پێشده‌كه‌وی و له‌و كاته‌ی بۆیان دیاری كراوه‌ ده‌مرن). كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر بۆت نوسرابێ به‌ كۆرۆنا بمری ئه‌وا دڵنیابه‌ هیچ شتێك فریات ناكه‌وێ!
له‌‌ ئایه‌تێكی تریشدا بۆت ڕوونده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێ چ هه‌ڵوێسێك بگریته‌به‌ر له ‌بارودۆخێكی ئاوادا وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا مرۆڤایه‌تی به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنی كه‌ ده‌ڵێ: (وأُفوضُ أمري إلى الله إن الله بَصيرٌ بالعِباد- سورة غافر الآية 44) واته‌ (خۆم و چاره‌نوسم ده‌ده‌مه‌ ده‌ست خوا، ئه‌و بۆ خۆی له‌به‌رامبه‌ر به‌نده‌كانیدا چاوی كراوه‌یه‌ و ده‌یان بینێ).
به‌ گوێره‌ی ئه‌و چه‌ند ئایه‌ته‌ی سه‌ره‌وه‌‌ بێت، نابێ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان پێیه‌تی گوێ بۆ هیچ فه‌رمان و ڕێنوێنیه‌كی تر شل بكه‌ن، چونكه‌ قورئان كتومت هه‌موی بۆ ڕوونكردونه‌ته‌وه‌ و ڕێره‌و و ڕێباز وهه‌لوێسته‌ دروسته‌كه‌ی بۆ دیاری كردون كه‌ ده‌بێ چی بكه‌ن. به‌ گوێره‌ی ئه‌و تێڕوانینه‌، مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی بێ ئیراده‌یه‌ و چاره‌نوسی له‌ شوێنێكی كه‌ دیاریكراوه‌.
دوه‌ومیان- با بزانین هه‌ر هه‌مان قورئان دژ به‌ په‌یام وهه‌ڵوێستی یه‌كه‌م چ دژه‌ هه‌ڵوێستێكمان ده‌خاته‌ به‌ر ده‌م. له‌ سوره‌تی به‌قه‌ڕه‌ ئایه‌تی 195 دا ده‌ڵێ: (لا تَلقوا بأيديكم الى التَهلُكَة) واته‌ (به‌ده‌ستی خۆتان خۆ فڕێمه‌ده‌نه‌ ناو شوێنێك كه‌‌ بزانن تێدا ده‌چن، ده‌فه‌وتێن!!) واته‌ كه‌ ده‌زانی كۆرۆنا به‌ره‌و مردنت ده‌با خۆتی لێبپارێزه‌!
هه‌ر بۆ خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا ڕێبازی ترمان ده‌خاته‌ به‌رده‌م كه‌ ئه‌ویش نزا و پاڕانه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێ: (خوا ووتویه‌تی لێم بپاڕێنه‌وه‌ نزاو پارانه‌وه‌كانتان وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه)‌، وه‌ك له‌ سوره‌تی غافر ئایه‌تی 60 دا هاتوه‌: (وقالَ رَبُكُم أدعوني أستَجيبُ لكم)، یا له‌ ئیه‌تێكی تردا ده‌ڵێ: (وإذا سألكَ عِبادي عَني فإني قَريبٌ أجيبُ دَعوةَ الداعي إذا دَعان- سوره‌تی به‌قه‌ره‌ ئایه‌تی 186)، واته‌ (ئه‌ی پێغه‌مبه‌رئه‌گه‌ر به‌نده‌كانم پرسیاریان ده‌رباره‌ی من لێكردی، ئه‌وا من نزیكم وه‌ڵامی نزاو پاڕانه‌وه‌یان‌ ده‌ده‌مه‌وه‌ ئه‌گه‌ر داوام لێبكه‌ن).
لۆژیكێكی تر بۆ خۆپاراستن په‌نابردنه‌ به‌ر “ڕه‌حمه‌ت”ی خوا، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێ : (لَا تَقْنَطُوا مِن رَّحْمَةِ اللَّهِ – سوره‌تی زوممه‌ر ئایه‌تی 53 ) واته‌ (له‌ ڕه‌حمی خوا نائومێد مه‌بن) داوا لا خوا بكه‌ن ڕه‌حمتان پێبكا و له‌و به‌ڵایه‌ بتانپارێزێ و زۆر ئایه‌تی تریش له‌و باره‌وه‌.
پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌؛ به‌گوێره‌ی ئه‌و ده‌قه‌ قورئانیانه‌ موسوڵمانان ده‌بێ په‌یڕه‌وی له‌ كام بژارده‌ بكه‌ن؟ له‌ بژارده‌ی یه‌كه‌میان كه‌ قه‌ده‌ر بۆی ‌نوسیون له‌ له‌وحی مه‌حفوزدا‌ به‌ڵای كۆرۆنا دێ و ته‌ڕووشك پێكه‌وه‌ ده‌سوتێنێ و كاره‌ساتێكه‌ هه‌ر ده‌بێ ببێ و ڕوبدا موسوڵمانانیش با خۆیان بده‌نه‌ ده‌ست خوا!
یا له‌ بژارده‌ی دووه‌میان، كه‌ دروست ڕێبازێكی پێچه‌وانه‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م ئه‌ویش به‌كار هێنانی هۆشه‌ كه‌ كاتێك سوور بزانی به‌ره‌و فه‌وتان ده‌چی كه‌واته‌ مه‌چۆ! و په‌نا به‌ره‌ به‌ر نزاو پاڕانه‌وه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌و به‌ڵایه‌ لات بداو بڕیاره‌كه‌ له‌ له‌وحی مه‌حفوزدا بكوژێندرێته‌وه‌!
ئایینی ئیسلام، وه‌ك هه‌موو ئه‌و ئایینانه‌ی تر، یه‌ك پاكێجه‌، گوایه‌ هه‌موو شتێكی تێدا باسكراوه‌ بۆیه‌ هیچ فرسه‌ت و مه‌جالێك ناهێڵێته‌وه‌ بۆ بیر كردنه‌وه‌، مرۆڤ پێویست ناكا خۆی ماندووبكا، له‌سه‌ر هه‌موو بابه‌تێك و گرتنه‌ به‌ری هه‌ر كردار وهه‌ڵوێستێك پێویسته‌ بگه‌ڕێته‌وه‌‌ بۆ قورئان، خۆ ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ له‌ قورئاندا نه‌بوو بگه‌ڕێته‌وه‌‌ بو ووته‌كانی په‌یامبه‌ر (حه‌دیس)، حه‌دیسیش به‌گوێره‌ی ووته‌ی شاره‌زایانی ئیسلام زۆرێكی هه‌ڵبه‌ستراوه‌.
لێره‌دا هه‌ردووك هه‌ڵوێست پشت به‌ یه‌ك كتێب ده‌به‌ستن كه‌ ووته‌كانی له‌ یه‌ك سه‌رچاوه‌وه‌ هاتوون ، ئه‌م دژه‌ ده‌سته‌واژانه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هاتنی ئایینی ئیسلام شه‌ڕ و كوشتار و ماڵوێرانی و كاره‌ساتی زۆرگه‌وره‌یان لێپاشه‌كه‌وت بووه‌ كه‌ دانیشتوانی ووڵاتانی ناسراو به‌ ئیسلامی و ته‌نانه‌ت غه‌یره‌ ئیسلامیش باجه‌كه‌یان داوه‌، كرده‌وه‌كانی جمهوری ئیسلامی ئێران و داعش وه‌ك دوو نمونه‌ی نزیك.
٢٤-٤-٢٠٢٠

• بەستەری نەخۆشی، تەکنۆلۆژیا و سیاسەتی تەندروستی

پرسیار: دۆناڵد ترامپ، دەوڵەتی چینی تاوانبار کرد بە بڵاوکردنەوەی فایرۆسی کۆرۆنا/ سارسی ٢، بڵاوبونەوەی پەتای کۆڤیدی ١٩ . چین تۆمەتی گوستنەوەی فایرۆسەکەی گەڕاندەوە بۆ تیمە سەربازییەکانی ئەمەریکا کە سەردانی شاری وەهانیان کردوە و لەوێ ماونەتەوە … بەپێی لیکۆڵینەوە زانستیەکان و دکتۆرەکان بێت، ڤایرۆسەکە لە بازاڕیکی خۆماڵیەوە سەری هەڵداوە کە گۆشتی شەمشەمە کوێرەی تیا فرۆشراوە لە ناوەڕاستی مانگی (١٢/٢٠١٩)ەوە، تا ئەوە بوو بەجهیاندا بڵاوبوەوە. لە ڕاستیدا ساڵی پار تیمە پزیشکەکانی چین هەر لە هەمان شار لەمانگی ٣ دا ڕاپۆرتێکی زانستیان لە مەترسی بڵاوبونەوەی فایرۆسێکی لەو بابەتە و توشوبنی ئینسانیەتی لەو نەخۆشیە بڵاوکردبوەوە. ئێستاش هەیە لە ئەرشیفدا ماوە. بەشێکی تر لە دکتۆرەکان لەکۆبونەوەکانی ڕێکخراوەی تەندروستی جهیانی سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکان هۆشدارییان دابوو بە (پەتای ئیکس /ناویان بردبوو) کە بە ئەگەری زۆر بڵاودەبێتەوە ئەگەر ڕێوشوێنە پێویستیە تەندروستیەکان نەگیررێتە بەر، تۆ ئەم سیناریۆیانە چۆن لێدەدەیتەوە؟
شیرین عەبدوڵا: ئەم سیناریۆیانەی ئەمریکا و چین کە هەر یەکەیان تۆمەت دەخاتە پاڵ ئەوی تر لە ڕاستیدا ڕاکردنە لە واقیعەتەی کە بۆیان دروست کردوین، وەڵام دانەوە بەو پرسیار و نیگەرانیانەی خەڵک بەرامبەر دەسەڵاتەکانیان لە ڕوبە ڕوبونەوەی ئەم پەتایەدا بەشێکن لەو مەئەساتانەی کە (٧.٣) ملیار بەشەر بە دەستیانەوە ئەناڵێنێت. ئایا ڤایرۆسەکە دروست کراوی چینە یان ئەمریکا ئەوە بۆ ئێمە هیچ لەوە ناگۆڕێت کە وەکو سەربازی بێ چەک کتوپر خراوینەتە ڕیزی پێشەوەی ڕوبە ڕووبونەوە لەگەل نەخۆشیەکی کوشندەدا کە زانیاری زۆرمان نیە لەسەری وەڕێنماییەکانی پێمان دەدرێن ناڕۆشن و سەر لێ شێوێنەرن وە خستونیەتە بەردەم مەترسی داهاتویەکی ئابوری تاریک و ترسناک. هەر وەک ئێوە ئیشارەتتان پێدا لایەنە پزیشکیەکان بروایان وایە ڤایرۆسەکە لە پرۆسەیەکی سروشتیدا دروست بوە و ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکان و زانایانی تەندروستی گشتی لە ڕۆژی (١٩-٢-٢٠٢٠) لە گۆڤاری لانسیتی بریتانی کە یەکێکە لە گۆڤارە بەناوبانگە پزیشکیەکانە نامەیەکی پشتیوانیان بڵاوکردەوە بۆ پزیشکان و زانایانی چین کە پێ دادەگرن لەسەر سەرچاوەی سروشتی ڤایرۆسەکە و نیگەرانیان دەربڕی کە ئەم جۆرە پروپاگەندانە بێجگە لە دروست کرنی ترس و بێ متمانەیی دەبنە ڕێگرێک لە بەرامبەر هەوڵە جیهانیەکانمان بۆ کۆنترۆڵ کردنی پەتاکە. ڕاپۆرت و بەڵگە زانستیەکانیش کە ئەمە دەسەلمێنێت هەیە و بە ئاسانی دەست دەکەوێت. بەڵام هۆکارەکانی سەر هەڵدانی ئەم ڤایرۆسە و چەندین کارەساتی سروشتی ترچیە ئەمە شوێنی پرسیارە و ئێستا ئەوە ئاشکرایە کە تێکدانی بێ سنوری ژینگە و سروشت بۆ ڕاو و بازرگانی بە مەبەستی قازانج لە سستەمی سەرمایەداری نیولیبرالیدا بەشەریەتی خستۆتە ژێر مەترسی توش بون بە ڤایرۆسە ئاژەلیەکان کە ئەمە دەلیلی بێ بایەخی تەواوی ئەم سیستمەیە نەک هەر بە ژیان و باشبژێوی دانیشتوانی سەر زەوی بەڵکو بە ژینگە و سروشتیش و درک پێ نەکردنیەتی و بەڵکو بێ باکیشیەتی بە زیانەکانی ئەم جۆرە پراتیکانە.
https://www.thelancet.com/journals/lancet/article/PIIS0140-6736(20)30418-9/fulltext

پرسیار: ئایا سیاسەتی تەندروستی جهانی کەمتەرخەمە؟

شیرین عەبدوڵا: لە ٣١ دیسەمبر ٢٠١٩ چین هەوالی “چەند کەیسێکی التهابی قورسی سنگ لە ووهان” ی بە رێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕاگەیاند کە دواتر ناسرا بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تازە. لە (١١-٣-٢٠٢٠)دا حالەتی پاندەمیک- پەتای جیهانی- راگەیاندرا … هەتاکو ئیستا کە زیاتر لە (٤) مانگە زیاد لە (٢٦٠٠٠٠) کەسی کوشتوە و (٣.٨) ملیون توش بوە، ئەمە دەکرا وا نەبێت.
بێ گۆمان سیاسەتی تەندروستی وولاتەکان کەم تەرخەمن و دەنگی نارەزایەتی بەرامبەریان لە جیهاندا بەرز بۆتەوە.
پێش ئەوەی بێمە سەرچۆنێتی مامەڵە کردنی ووڵاتەکان لە گەڵ کۆرۆنا ئەمەوێت ڕوونی کەمەوە کە زۆربەی ولاتانی جیهان لە بناغەدا ئامادە نەبون بۆ ئەمە و یەکێک لە هۆ سەرەکیەکانی ئەوەیە کە سیستەمی تەندروستی و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی گشتیان یەکجار لاواز و بایەخ پێ نەدراوە. لەگەڵ ئەوەدا کە سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تيدروس گيبريسوس لە کۆنگرەی ئاستانادا (٢٠١٨) رای گەیاند کە نیوەی ئەو (٧.٣) ملیارەی دانیشتوانی زەوی دەستی ڕاناگات بە خزمەت گوزاری تەندروستی بناغەیی لەوانە نەخۆشی گوازراوە و نەگوازراوەکان و تەندروستی مناڵان و دایکایەتی و مناڵ بون و تەندروستی جنسی و دەروونی وهتد … نەک هەر ئەمە بەڵکو لەم ساڵانەی ڕابوردودا دەبینین لە زۆر وولاتی دنیادا کە تا ڕادەیەک ئەم خزمەت گوزاریانەی تیایە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و بەردەوام هێرشی کراوەتە سەری و لاواز کراوە بە بەهێز کردنی کەرتی تایبەت و هێنانە ناوەوەی بازار و قازانج و کەمکردنەوەی ڕۆڵ و بەرپرسیەتی دەوڵەت لە دابین کردنی ئەم پێداویستیە سەرەکیانەی کۆمەڵگا. ئەمە وای کردوە کە سیستەمە گشتییەکان زیاتر و زیاتر لاواز بن و توانای بەرگەگرتنی هیچ جۆرە شۆکێکی لەم بابەتەیان نەبێت. زانا و شارەزا تەندروستیەکان زەنگی ئەم مەترسیەیان لێ داوە و هاوارەکانیان پشت گوێ خراوە.
بۆ نمونە لە (٢٠١٤) دا دوو دکتۆری شارەزا لە تەندروستی کۆمەڵدا لە بریتانیا ئاماژەیان بەوەدا کە پاندەمیکی داهاتو ڕووی دا (نەک ئەگەر) کە لەوانەیە ئەنفلوەنزای تەیر بێت یان شتێکی کە تەنها چەند هەفتەیەکمان بە دەستەوە دەبێت، ئەمە مانای وایە پاندەمیک لە لیستی سەرەوەی مەترسیەکاندا بوە لە ولاتەکەدا، وە ئەم دکتۆرانە تیشکیان خستە سەر ئەوەی کە چاکسازیەکانی دەوڵەتی (٢٠١٢) ی سیستەمی تەندروستی گشتی بریتانیا ئەم مەترسیەی زۆر زیاتر کردوە. سیستەمی تەندروستی بریتانیا بە یەکێک لە سەرکەوتوترین سیستەمەکانی ووڵاتە پێشکەوتوەکان ناسراوە کە بە خۆڕاییە بۆ هەموو دانیشتوانی وڵاتەکە. لە ماوەی (٣٠) ساڵی ڕابوردودا حکومەتە جۆراوجۆرەکانی بریتانیا هێرشێکی توند و بەردەوامیان کردۆتە سەر ئەم سیستەمە بە مەبەستی بە بازاڕکردنی و دەرهێنانی وردە وردەی لەدەست کەرتی گشتی بۆ کەرتی تایبەت و چنینەوەی قازانج. ئەوە بو چەندین خزمەت گوزاری تەندروستی داخران وە یان کەم کرانەوە و ژمارەیەکی زۆر لە کرێکار و کار بە دەستەکانی دەرکراون و ئەم هێرشە نەک تەنها کەرتی تەندروستی بەڵکو هەمو خزمەت گوزاریە گشتیەکانی وەکو خوێندن و هاتو چۆ خزمەت گوزاریە کۆمەڵایەتیەکان و سیستەمی بەنەفیت و خانو بەرە و…هتد گرتۆتەوە بە ڕادەیەک کە ڕێژەی هەژاری لە وڵاتەکەدا یەک جار زیادی کردوە و بۆتە کێشەیەک بۆ ڕێکخراوە خێەرخوازیەکان کە خۆشیان بە هەمان شێوە ئەم ‌پرۆسەیە گرتونیەتەوە. ئەم واقیعەتانە زۆر بە جوانی لە فلیمی (ئای دانیەل بلەیک)ی دەرهێنەری سۆشیالیست (کێن ڵۆخ)دا ئاشکرا کراوە.
هاتنی کۆرۆنا:
کەواتە کەم تەرخەمیەکان لە ئێستادا دەستی پێ نەکردوە و درێژ خایەنە و ئەم سیستەمە خۆی بەشێکە لە کارەساتەکە. لە گەل سەر هەڵدانی کۆرۆنادا ئەم کەم تەرخەمیانە یەک جار زەق بونەوە نەک هەر لە بریتانیا بەڵکو لە زۆر لە ووڵاتانی بە ناو پێشکەوتو.
هەر وەک دەزانن رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە (٣٠-١-٢٠٢٠) حاڵەتی تەندروستی گشتی بە پەلەی ڕاگەیاند لە سەر تا سەری جیهاندا و پێشتر لە (١٠-١-٢٠٢٠) دا پاکەجێکی ڕێنمایی بۆ هەمو وولاتەکان ڕاگەیاند بە پێی ئەو زانیاریانەی لەو کاتەدا هەبون لە سەر نەخۆشیەکە. ئەو ڕەخنانەی بە گشتی لە ووڵاتەکان هەیە ئەمانەن:

  • دەبینین لەباتی کارکردی هاوئاهەنگ لەگەڵ یەکا بۆ لەناو بردنی نەخۆشیەکە وڵاتانی جیهان بەفردی و تێروانینێکی ناسیۆنالیستانەی بەر تەسک مامەڵە دەکەن.
  • پلانەکانیان خاووخلیچکی و بێبایەخی پێوە دیارە بە پشت گوێ خستنی پرۆسەی تێستا وبە دوادا چونی کەیسەکان و پەیوەندیەکانیان و ڕانەگرتنی خێرای کۆبونەوە گشتیەکان وەک مراسیمی ئاینی و وەرزشی و ئاهەنگ و کۆڕ و کۆبونەوە گەورە کۆمەلایەتیەکان و دانە خستنی سنورەکان و کارەنتینە نەکردنی هاتوانی وڵاتەکان و کار نەکردنی خێرا بۆ دابین کردنی پێداویستی خۆپاراستن لە ماسک و دەست کێش و ئامێرە تەندروستیەکان (کە دەکرا زۆربەی وڵاتان لە ناو خۆدا دروستی بکەن، یان ئەو زەخیرە ئامێرانەی لە مەخزەنەکاندا تەرخان کراوە بۆ سوپا بەکار بهاتایە!). مانگەکانی ٢ و٣ فرسەتێکی یەکجار گرنگ بو کە دەبوا ووڵاتەکان بەکاریان بهێنایە بۆ خۆ ئامادە کردن بۆ ئەو پەتایەی کە ڕۆژ بە ڕۆژتەشەنەی دەکرد بە بەرچاوماندا.
  • بییر نەکردنەوە لە چینە پشت گوێ خراوەکانی کۆمەڵگە وەک پەناهەندە و زیندانی و بێ خانە و لانەکان و دانیشتوانی کەمپەکان وماڵەکانی پەک کەوتەکان…
  • ژنان وقوربانیانی توندو تیژی خانەوادەیی لە پلانەکاندا نەبون ئەوەبو دەنگی نارەزایەتی ڕێکخراوەکانی ژنان لە زۆربەی وڵاتانەوە بەرز بوەوە بە هۆی زیاد بونی توندوتیژی ئەوانەی کە لە کەرەنتینەن لەگەڵ هاوسەرەکانیاندا و دەست رانەگەیشتنیان بە خزمەت گۆزاریەکان و قورسی پەیوەندیەکان.
  • زۆربەی وڵاتان سیاسەتی بەرگری مێگەل (مناعة القطیع -Herd immunity) یان پیادەکرد کە ڕەخنەیەکی زۆری هاتە سەر لە لایەن شارەزایانی تەندروستی و کۆمەڵایەتیەوە کە سیاسەتێکی شیاونیە. هەندێک وڵات لەمە پاشەکشەیان کرد بەڵام هێشتا سیاسەتەکانیان لە باشترین حالەتدا ناڕۆشن و سەرلێشێوانی دروست کرد لای خەڵک.
  • کرێکارانی کارە بناغەییەکان وەک: کارمەندانی تەندروستی و گواستنەوە و رێگەوبان و پۆست و کرێکارانی شارەوانی و ئەوانەی لە سوپەرمارکیتەکان و لە ئامادەکرن و پاکێجکردنی خواردن کار دەکەن … و رینماییەکانی لە ماڵەوە مانەوە نایانگرێتەوە. لەبەر ئەوە ئەمانە زۆرترین ڕێژەی ئەگەری توشبونیان بە نەخۆشیەکە هەیە. لەگەل ئەمەشدا دەبینین وڵاتەکان کەم تەرخەمیەکی یەک جار زۆریان بەرامبەر ئەم گروپانە کردووە بە تایبەتی لە دابین نەکردنی پێداویستیەکانی خۆ پاراستن لە توش بون بە کۆرۆنا و ناڕۆشنی ئامۆژگاریەکان ئەوەتا دەبینین ژمارەیەکی بەرچاو لە ستافی تەندروستی و رێگەوبان و کرێکاری تری ئەم کارە بناغەییانە گینایان لە دەست داوە و گیان لە دەست ئەدەن. ئەمە لە کاتێک دایە کە لە سەرتاسەری جیهاندا نوقسانیەکی یەکجار زۆر هەیە لە ستافی خزمەت گۆزاری بەتایبەتی لە کەرتی تەندروستیدا بە پێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی.
  • پاکێجی یارمەتیە ئابوریەکان ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران ناگرێتەوە و ئەمانە هیچ زەمانەتێکی ئابوریان نیە لە بەر ئەوە لەکاتی توشبونی خۆیان یان ئەندامانی خانەوادەیان بە نەخۆشیەکە بە ئاسانی ناتوانن دەست لە کار هەڵگرن و لە ماڵەوە دانیشن. ئەمە بۆتە رێگرێک لەبەردەم کۆنترۆل کردنی بلاو بونەوەی ڤایرۆسەکە. ئەمە جگە لەوەی کە ووڵاتانێک وەکو عیراق هیچ یارمەتیەکی ئابوریشی دانەناوە.

    پرسیار: تێبینییەکی گرنگت هەیە لەسەر ئەو ڕێوشوێنانەی دەوڵەتان گرتویانەتە بەر بۆ بەرتەسککردنەوەی پەتاکە؟ ئایا مۆدیلی چینیت پێ سەرکەتوو بوو یان سویدی؟ کۆریات لەگەڵ ئەمەریکا پێ چۆن بوو؟ ئایا بۆچی ئیتالیا سیستەمی تەندروستیەکەکەی لەتەواوی ئەوروپا پەککەوتەتر بوو؟

    شیرین عەبدوڵا: بەراورد کردنی راستەوخۆی وڵاتەکان و کاریگەری پەتاکە لەسەریان کارێکی راستەوخۆ نیە وە هەر وڵاتە و سیستەمێکی جیاوازی هەیە بۆ تۆمار کردنی کەیسەکان. بەڵام چەند نمونەیەکی سەرکەوتو هەیە لە جیهانداکە ئومێد بەخشە و نیشان دەدەن کە کارکردنی بە پەلە و هاوئاهەنگ دەتوانێت تارادەیەکی زۆر بەر بە ڤایرۆسەکە بگرێت وە لانی کەم لە خراپترین نتیجە بمانپارێزێت بۆ نمونە کۆریای باشوور کە زۆر بە چڕی تێست و بە دواداچونی کرد وەیان المانیا کە بە پەلە ڕێژەی تێستیان زیاد کرد و نیوزیلەندە بە هەمان شێوە ستراتیژی لە ناو بردنی پیادە کرد. بە پێچەوانەی ئەمانەوە دەبینین وولاتانی ئەمریکا و بریتانیا و برازیل بۆ نمونە بە جولانەوەی خاوەخاو و ناڕۆشنی و سەرلێشێواوی ئامۆژگاریەکانیان و ڕاکێشانی پەنجەی تۆمەت بۆ ئەم و ئەو و بیرکردنەوەی تەسک لە سنوری جۆگرافیای وڵاتەکاندا بۆ مەبەستی ناوخۆیی لەباتی هاوئاهەنگی لەسەر ئاستی جیهان بوە هۆی ڕێژەیەکی یەکجار زۆر لە تووش بوان و مردنیش. ئەم جۆرە بێ بایەخی و کەم تەرخەمیەی وولاتەکان بۆتە شوێنی نارەزایەتیەکی بەرفراوانی خەلک و ڕۆڵی دەوڵەتەکانی جیهان لە پاراستنی بەرژەوەندی هاوولاتیانیانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە.

پرسیار: بەدڵنییاییەوە، هەرکەس ولایەن وگروپ وحزبێکی سیاسی جددی پاش کۆرۆنا دەبێت پرۆژەیەکی گرنگی سیاسەتی تەندروستی گشتی لە بەرنامەکەیدا بگونجێنێت؟ ئاڵوگۆڕێکی گرنگ بەسەرسەرجەم جومگەکانی سیستەمی تەندروستی وڵاتدا بێت؟ لە ڕوانگەی تۆ چ بەرنامە وپرۆژەو ستاندەردیکی زانستی پیویستە بۆ کۆمەڵگای ئەمڕۆ؟

شیرین عەبدوڵا: بە رای من ئەم پەتایە دوو کێشەی ئەمڕۆی خستە ڕوو کە مرۆڤایەتی گەیشتۆتە شوێنێک کە چارەسەرکردنیان بۆتە پێداویستیەک قابیلی دواکەوتن نیە. یەکەمیان نایەکسانیە و دووەم نەبونی خزمەت گوزاری تەندروستی گشتی بۆ هەموان وە بە خۆڕایی.
کۆرۆنا کێشەی ئەو بەشانەی کۆمەڵی زەق کردەوە کە دەسەڵاتداران نایانبیستن و نایابینن و لە پلانە ئابوری و کۆمەلایەتی و سیاسیەکانیاندا حیسابیان بۆ ناکەن. کۆرۆنا هەمو جیهانی بە ئاگاهێنایەوە کە نایەکسانیەکی خەیاڵی دەورو بەری داوین. (کۆڤید-١٩) چالەنجێکی بایۆلۆجیە کە جگە لە باری فیزیکی و دەرونی ئاکامەکانی کۆمەلایەتی و ئابوری و درێژ خایەنن. دەتوانم بڵێم کە بە لێکۆڵینەوە لە بایۆگرافی توشبوەکاندا و ئەو گروپانەی کەزیاترین زیانیان پێ گەیشتوە ڕێگای چارەسەر و بەرگرتن بە پەتا و کارەساتی تری لەم جۆرە مان بۆ دەردەکەوێت.
ماڵپەری بی بی سی نیوز رۆژی (٨-٥-٢٠٢٠) دەڵێت کە دانیشتوانی ناوچە هەژارەکان دووقات ئەگەری مردنیان بە کۆرۆنا هەیە (٥٥/١٠٠٠٠٠) وەک لە ناوچە دەولەمەندەکان (٢٥/١٠٠٠٠٠).
هەچ پرۆژەیەکی تەندروستی گشتی کاتێک دەتوانێت خزمەت بە کۆمەلگا بکات کە هەمو توێژەکانی کۆمەڵ بە خۆڕایی و بە بێ هیچ جیاوازیەک دەستیان پیا ڕابگات.
ئەوەی کە پێویستە لە هەمو وڵاتەکاندا سیستەمێکی تەندروستی و چاودێری کۆمەڵایەتی گشتی یە بە ستانداردێکی بەرز لە فێرکرکردن و راهێنان و ئامراز و دەزگای کواڵیتی بەرز و بە هەلومەرجی کارکردن و موچەیەکی باش بژێوی شایستە بۆ هەمو کارمەندان کە بتوانێت خزمەتگوزاریەکان پێشکەش بە کۆمەڵ بکات بە یەکسانی و بە بێ جیاوازی و پارێزراو بێت لە دەست تێوەردانی کەرتی تایبەت و بازاڕ و سیاسەتە ئابوریە نیولیبرالیەکان.
٩-٥-٢٠٢٠
-*
• بەستەری پەتای کوڕۆنا و زیادبونی توندوتیژی دژ بە ژنان

پرسیار: (رین بنت محمد هارون)، وەزیری خێزان و کاروباری پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی مالیزی لە تویتەر و فەیسبوک و ئیستگرام بە بۆنەی کەرەنتینەوە ئامۆژگاریەکی لە سەرەتای ئەپریلدا، بۆ ژنان بڵاوکردەوە کە پێویستە ژنان بەجلی جوان و سوراوسپیاو و خۆڕاڕازاندنەوە خۆیان بخەنە بەردەم پیاوەکانیان. ئەوە بوو دوای ناڕەزایەتی ڕێکخراوەکانی ژنان، داوای لێبوردنی کرد و کۆمێنتەکەی سڕیەوە، هەروەها ئەنتۆنۆ گۆتریس، سەرۆکی ڕێکخراوەی یوئین (UN)، پەیامێکی فیدیۆی لەدژی توندوتیژی خێزانی لەسەر ژنان بڵاوکردەوە، کە تیایدا هاتبوو کە ڕێژەی دوو بەرابەر زیادی کردووە لە ئاستی جیهاندا. لە فەرەنسا توندوتیژی (٪٣٠) زیادی کردووە، دەوڵەت (٢٠) هەزار ژووری لە هوتێلەکان بۆ داڵدەدانی ژنان بە کرێ گرتووە، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، جەستۆن تۆردو، (٥٠) ملیۆنی بۆ ڕووبەڕووبونەوە تەرخانکردووە. فایرۆسی کۆرۆنا، ئەو بەخشندەییە بایۆلۆژییەی هەیە کە ڕیژەی مەرگ و توشبوون لەناو ژناندا کەمترە، بەڵام ئەو تاوانە کۆمەڵایەتیەی پەرەپێدایەوە. نەک هەر ئەوە بەڵکە بەگشتی ڕەگەزی مێ، لە بەردەم ئەرکێکی یەکجار قورسدا وەستاند. (٪٧٠) کارمەندی پەرستیاری ژنانن، کە یەکسەرە لەبەردەم مەترسیەکەدان، سەڕەڕای ئەوەش بەپێێ ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی کاری نێودەولەتی (ILO) لە ساڵی (٢٠١٨) دەدا، ئەو کارانەی ماڵداری، ئاگاداری گەورە ساڵان و بەخێوکردنی مناڵان، کە زۆربەی لەلایەن ژنانەوە ئەنجامدراون وەک کاری (بێگاری، بێ کرێ)، بەئەندازەی تێکرای کاری پیاوانە. کۆبونەوەی خێزانە گەورە عیراقیەکان لە ماڵەوە، هەموو ئەمانە پێکەوە کۆ دەکاتەوە، توندوتیژی نێو خیزان و کاری گەورەی ماڵداری و چاودێری نەخۆش و پەککەوتەکان و لە نێو دەسەڵاتدارییەکی کۆنەپەرستدا گیرکردووە، ئاڵتەرناتیفی تۆ بۆ قورتارکردنی ژنان لەم هەلومەرجەدا چیە؟

یەنار محمەد: ئەڵبەتە بنەبڕکردنی یەکجاری ستەم لەسەر ژنان پەیوەستە بە ئازادی کۆمەڵگە و نەمانی بارودۆخی چەوسانەوەی ئینسان کە سیستمی چینایەتی و دەسەڵاتی ئەو چینەی کە بەرژەوەندی هەیە لە پاراستنی بەرهەمی دەهێنێت. لێرەشەوە ڕزگاری ژنان و چارەسەی ناعەدالەتی و نایەکسانی و بێمافی ژنان پەیوەستە بەو خەباتەوە کە ئەم سیستمە و ئەم دەسەڵاتە ڕادەماڵێت و لە جێگەیدا سیستمێکی یەکسانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و یاسایی لە نێوان ئینسانەکاندا جێگیر دەکات بەجیا لە ڕەگەزی نێرینە و مێینەیان وەیا ڕەنگی پێست و نەتەوە و ئاینیان. بۆیە خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان بەشێکی جیا نەکراوەی ئەو خەباتە گشتیە و ئەو ئاڵتەرناتیڤە ڕزگاریخوازانەیە بۆ ئازادی کۆمەڵگە لەدەست سیستمی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازی و ڕژێمە کۆنەپەرستەکانی.
بەڵام ڕۆژانەش دەبێ لە خەباتدا بین بۆ وەلانانی بێمافی و بەدەستهێنانی هەتا ڕیفۆڕمێکیش بچوکیش لە بوارێکی سنورداریشدا کە بەمە نەک هەر زوڵم و نابەرابەری و کوێرەوەریەکان کەم دەکەینەوە، بەڵکو هێز و تواناش دەگرین و مەشق و ڕاهێنان و ئەزمون وەردەگرین بۆ خەباتە سەرتاسەری و گشتیەکەمان بۆ ڕزگار بوونی یەکجاری.
تا ئەو شوێنەش پەیوەستە بە بارودۆخی ئێستاوە، ئێمە بەبەردەوامی ژنان پەیوەندیمان پێوە دەکەن کە دەیانەوێت ڕزگارییان بکەین لە گوشاری دەروونی و ئازاری جەستەیی کە لەلایەن نێرینەی نێو خیزانەکانینەوە، بەرەو ڕوویان دەبێتەوە. تێبینی ئەوەمان کردووە، پاش ئەوەی بڕیاری قەدەخەکردنی هاتوچۆ ڕاگەیانرا، ژمارەیەکی زۆرتر لە ژنان پەیوەندیان کردوە و داوای یامەتیان کردوە، ئەمەش چونکە ئەو پیاوانەی توندوتیژی دەنوێنن کاتێکی زۆرتر لەماڵەوە دەبن و ژنەکانیش زیاتر دەکەوتنە بەردەستی ئەو کەسانەی ئازارییان دەدەن، بۆیە ئێمە ڕۆژانە گوێ بیستی خۆکوژی و خۆسوتاندن و کوشتن دەبین. ئێمە هەستمان بە گوشارێکی زۆر دەکرد لەکاتی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنادا، بەڵام جگە لە ڕێنماییە تەندروستیەکان کە کۆسپی بۆ دروستکردبوین، حکومەتیش ئێمەی خستۆتە ژێر فشاری یاسایی و دادگاییەوە و دەزگای موخابەرات و دوژمنانمان لە نێو دەسەڵاتدا بە بەردەوامی چاویان لەسەرمانە، ئەمە هەوڵەکانی ئێمەی سنوردار کردەوە لە داڵدەدانی کەسانی تازە لە پەناگاکانمان، سەرەڕای ئەوەی مەترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکەش گوشارێکی تری بۆمان دەهێنا.
ڕوداوی خۆسوتاندنی کچە گەنجەکە “مەلاک زوبێدی”، تڕاژیدیایەکی دڵتەزێن بوو. ئێمە پێشبینیمان دەکرد کە ژمارەی ڕووداوەکانی کوشتار و توندوتیژی ژنان زیاد دەکات، بێ ئەوەی ژنان هیچ دەرفەتێکی خۆ ڕزگارکردنیان هەبیت و لەو کاتەشدا کە ڕووداوەکە پێشهات، دەرگای ڕێکخراوەکەمان بۆ پێشوازی داخرابوو. بۆیە کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا لەگەڵ کادرەکانی ڕێکخراوەکەماندا لە بەغدا و پارێزگاکانی تر لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە، وە بڕیارماندا دەستبکەینەوە بە چالاکیەکانمان بۆ وەرگرتنی ئەو ژنانەی کە لەژێر هەڕەشەی ئازاردان دان و ئارامی و دڵنییاییان بۆ دابین بکەین، هاوڕای پەروەدەکردن بە ڕۆشنبیرییەکی ژنانەی شۆڕشگێڕانەوە تا نەک هەر مەسەلەکە ڕزگار کردنی خۆیان بێت، بەڵکو فرسەتیشان بۆ بخوڵقێت تا لە کەسێکی قوربانیەوە ببنە کەسێکی ڕزگارکار و بێنە مەیدانی خەبات بۆ بەرگریکردن لەژنانی زوڵملێکراوی تری ناو کۆمەڵگە.
سەبارەت بەکێشەکەمان لە دادگا، وەک هەموو کێشە هەڵواسراوەکانی تری ئەمڕۆی عێراق، کە دیار نیە بەکوێ دەگات و چۆن یەکلا دەبێتەوە. بەڵام بەردەوام دەبێن لە تێکۆشانمان، لە پارێزگاریکردن لەژنانی عێراق و هەوڵدەدەین ڕووەو ئاڵوگۆڕی شۆرشگێڕانەیان بەرین کە ببنە هەڵسوڕاوانی یەکسانیخوازی ژنانە و سۆشیالیستی، کە بزانن چۆن بەرگری نەک هەر لەخۆیان بەڵکە لەتەواوی کۆمەڵگاش بکەن.
-*
ئەسیل ڕەمماح لە وەڵام بە پرسیاری دۆسیەی توندوتیژی دژ بە ژنان

ئەوەی وەزیری ژنانی مالیزی وتویەتی شتێکی ئاوارتە نیە، زۆرێک لە دامەزراوەکان و دەسەڵاتەکان بەتایبەت لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست کە ژنان دەچەوسێنەوە و تائەوپەڕی توندوتیژی و پەراوێز خستن و دەیخەنە ژێر کۆنترۆڵەوە. بەهاتنی پەتای کۆرۆنا توندوتیژی دژی ژنان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ژمارەی ژنانی خۆکوژ بەتایبەت ئەوانەی کەرەنتینەش دوبارە چەوسانەوەیە بسەریانەوە زۆر زیادی کردووە.
ئەڵبەتە پێش کەرەنتینەش ژنان لە عێراقدا بە شێوەیەکی بەرباد هەر چەوسێنراونەتەوەوە. ژنان لە ژێر باری دەسەڵاتی دابونەریتی خێزانی و عەشایەری دواکەوتووانەدا ناڵاندویانە کە دەستی پیاوی ئاوەڵا کردۆتەوە بۆ داسەپاندنی بێ مافی و چەوسانەوە بەسەر ژنان و ئازاردان و تەنانەت کوشتنیشیان، وەهیچ ڕێکار و یاسایەکیش نیە بۆ پاراستنیان و بەرگریکردن لە مافەکانیان. وە تا ئەو شوێنەش دەگەڕێتەوە سەر باری ئابووری نایەکسانیەکی گەورەش هەیە لە کرێ ژنانی کرێکار.
ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر توانی ئاڵگۆڕێک لە هەلسوڕانی ژنان دروست بکات و ئاسۆیەکی پرشنگداری بەڕوودا کردنەوە، بەشداری ژنان لە خۆپێشاندانەکان و ڕاپەڕینەکەدا زۆر بەرچاوبوو بەڕاددەیەک کە لە مێژووی عێراقدا یەکەمجار بوو کە ڕێپێوانی ژنانە لە پارێزگا جۆراجۆرەکانی عێراقدا سەر هەڵبدات بەتایبەت لەو پارێزگایانەدا کە ڕەوت و هێزە ئایینی و عەشایرییە کۆنەپەرستەکان دەستیان بەسەردا گرتووە. بەم شێوەیە بەشداری ژنان ڕۆڵێکی کاریگەری گێڕا لە پێشڕەوی ڕاپەڕین و قوڵبونەوەی، ئەمەش مەترسی جددی لەسەر ژیانی ژنانی هەڵسوراو دروستکرد، بەجۆرێک هەندێک لایەنی حکومەتی و هێزە میلیشیا سەرکوتگەرەکانیان هەڵسان بە گرتن و فڕاندنی ژمارەیەکی زۆر لە بەغدا و پاکتاوکردن و ترۆر کردنیان.
توندوتیژی ئاراستەکراو لەدژی ژنان لە حاڵەتی زیادبوون دایە و هیچ گۆڕانێک لە سیستەمی کۆنەپەرستی لە عێراقدا ڕووینە داوە. هیچ مافیکی ژنان چ لەسەر کار و چ لە نیو خێزان دا بەدەست نەهاتووە. بە نسبەت ژنان ئەو کارانەی لە نێو ماڵەوە ئەنجامی دەدەن، دەتوانین بە کۆیلەی کار ناویبەرین، چونکە بە جۆرێک زۆربەی ژنان ناچارکراون ئەو کارە بەشیوەی ڕۆژانە بکەن هەر لەبەیانی یەوە تا ئێوارە کە بەردەوام لەژیر زەبری ئازاری جەستە و دەرونی دان بەهۆی دەرهاویشتەی ئەم کارەوە کەلەبەرامبەریدا هیچ کرێ یەک وەرناگرن.
هیچ جۆرە چاکسازییەک لە هەلومەرجی ژنان لەعێراقدا سەرناگرێت و دەستڕاگەیستن بە ئازادی و یەکسانی بەبێ ڕوخاندنی ئەم ڕژێمە سیاسیە دواکەوتووە و دامەزراندنی دەسەڵاتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و لە شوێنیدا و هێنانەدی سۆشیالیزم..

پرسیار: لەژێر گوشاری جەماوەری ناڕازی و ئاپۆڕەی خۆپیشاندەرانی گۆڕەۆانەکان، چینی سیاسی دەسەڵاتدارلە عێراقدا بە قەیرانێکی قووڵدا بۆ دوبارە بیناکردنەوەی دەوڵەتدا تێدەپەڕێت. ئیسلامی سیاسی لەکاتی پەیدابوونیەوە لەنزمترین ئاستی نفوزی سیاسی لە نێو جەماوەردایە و لەنێو نەفرەت و بێزارییەکی گشتیدایە و لە پوکانەوەی بەردەوامدایە. بەشبەشێنەیی تائیفی و نەتەوەیی کە پێکهێنەر و شوناسی دەوڵەت بوو، لەگەڵ فەساد و گەڕانەوە بۆ دواوە و کوشتار و وێران بوون و شەڕی نێوخۆیی پێکەوە فرچەکەیان گرت. پێش کۆرۆنا ئەوان گرەوییان لەسەر کات دەکرد، کۆرۆنا دەرفەتێکی بەنرخی بۆ سازدانەوەی هەیکەلیان پێدان، وەک دیاری ئاسمانی بۆیان و بەهەلەداوان دەیانەوێت خۆیان لە شێوەی دەوڵەتدا ڕێکبخەنەوە. بەبۆچوونی تۆ چینی دەسەڵاتداری ئێستای عێراق، لەگەڵ و دوای کۆرۆنا دەتوانیت جەماوەر لەئامانجی ڕوخاندنی سیستەمی سیاسی و تێکوپیکدانی بنچینەکانی کاری سیاسی (١٧) ساڵی ڕابردوو پاشەکشە پێبکات و سەرکوت بکات و جەماوەر بە هەندێک چاکسازی ئابووری و سیاسی و خزمەتگوزاری ڕازی بکات؟ وە چ هەنگاوێک گرنگە بۆ ئەوەی ئەم سیناریۆیە پێش نەیەت و شۆڕش بەرەوپێش بڕوات؟

ئەسیل ڕەمماح: بەڵێ، بەکردەوە قەیرانی پەتای کرۆنا کاتێک هات دەریچەیەکەکی ئومێدی کردەوە بۆ تاقمی دەسەڵاتدار و ڕژێمی سیاسی بەغدا کە لەسەر بنچینەی پشکپشکێنەی تائیفی و نەتەوەیی ڕاوەستاوە. پاش ئەوەی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر گورزێکی کوشندەی وەشاندە ئەو پڕۆسە سیاسیەی کە لەلایەن ئەمریکاوە بەڕێخرابوو بۆ ئەم تاقمەی کە پێکهاتووە لە حزبەکانی ئیسلامی سیاسی و هاوبەشەکانیان لە ناسیونالیزمی کوردی و عەرەبی پڕۆ ئەمریکی و هەر خەریکی تاڵانی سەروەتوسامان و کوشتاری جەماوەر بوون، وە پاش ئەوەی هەموو هەوڵە سیاسیەکانیان بە بونبەست گەیشت و قەیرانەکانیا قوول بونەوە بەشیوەیەکی زۆر گەورە، وە دوای ئەوەی کە هەموو وەرەقەکانی ئەم توێژە لە دەستیاندا سوتان و بێتوانابوون لەسەر کوتی جەماوەر لەڕێگای هێزە ئەمنیەکانیان و میلیشییاکانیانەوە، هاتنی کۆرۆنا بووە بوو بە نیعمەتک بۆیان.
لەبەرامبەردا گەڵیک کار و ئەرکی گەورە چاوڕیی جەماوەری ڕاپەڕیووە کە پێهەڵسن لەپێناو سەرکەوتنی ڕاپەڕینەکەدا و هەڵەکانی پێشوویان تێپەڕێنن و بەسەر کەموکورڕیەکانی ڕابردوویاندا زاڵبن کە گرنگترینیان، ئەوەیە کە جەماوەر بەو شێوەیە ڕێکخراو نیە کە بتوانێت ڕووبەڕووی ئەو دەسەڵاتە ببیتەوە کە سەرکوتیان دەکات. سەرەڕای بانگەوازیش بۆ ڕێکخراو بوون لە ناوخۆی گۆڕەپانەکانەوە لە لایەن بڵاوکراوەی (ژنانی ڕاپەڕین) و (دەنگی ڕاپەڕین) و ڕۆژنامەی الغد الاشتراکی بۆ پێکهێنانی دامەزراندنی شورای جەماوەری شۆڕشگێڕ، بەلام کاریگەری ئەم بانگەوازانە لە ئاستی داواکراودا نەبوون. ئەگەر ئەم شورایانە لەسەر ئاستی پارێزگا ڕاپەڕیوەکاندا لە ناوەراست و خواروودا پێک بهاتبا، ڕاپەڕین بەم ڕۆژە نەدەگەیشت.
بەهەرحاڵ، دەرفەتی مێژوویی لەبەردەم جەماوەردا هەر لە ئارادایە چونکە قەیرانی دەسەڵات بەردەوامە و ڕۆژانە قووڵتر دەبێتەوە. لەگەڵ دابەزینی نزخی نەوت و زیادبوونی ژمارەی بێکارکردنی کرێکاران و پەرەداربوونی قەیرانی ئابوری لەهەردوو ئاستی جیهان وعیراقیدا، کۆتایی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە نزیکتر دەکاتەوە، بۆیە پێویستە لەسەر جەماوەر خۆیان ئامادە بکەن و دەستبەکار بن بۆ خۆڕێکخراو کردن لە شورا شۆڕشگێرییەکانیاندا لە سەر ئاستی پارێزگاکاندا، بەتایبەت وا چاوەڕوان دەکرێت خۆپیشاندانی گەورە دەست پێبکرێتەوە لە دوای کۆتایهاتنی کەرەنتینە. بەڕاستیش ئێمە ئێستا شایەدی هۆشیاری بونەوەیەکی زۆرتری جەماوەرین بە ئەزمون وەرگرتن بە درێژایی شەشی مانگی ڕاپەرینەکە.

Previous
Next