Skip to Content

ناوچەى باڵەکایەتی لەنێوان ھۆلاکۆ و کۆرۆنادا … موحەممەد گەڵاڵەیی*

ناوچەى باڵەکایەتی لەنێوان ھۆلاکۆ و کۆرۆنادا … موحەممەد گەڵاڵەیی*

Closed
by حوزه‌یران 24, 2020 General, Opinion


باڵەکایەتیی؛ ناوچەیەکی خاوەن تایبەتمەندی ھەمەلایەنەی ژیاری، ئابووری، کۆمەڵایەتی و خوێندەوارییە لە مێژووی تۆمارکراوی کورد دا، بەڵام لە چاوی داگیرکەرانی کوردستاندا، ناوچەیەکە گرنگی جیۆستراتیژی سەربازی ھەیە..!
ھێرشی مەغۆلەکان بەسەرکردایەتی جەنگیزخان(١١٦٥-١٢٢٧) و دواتر نەوەکەی ھۆلاکۆ (١٢١٧-١٢٦٥) لە سەرەتای سەدەی سیانزەھەم ١٢٠٠ زائینی دا بۆ سەر خۆرھەڵاتی ئیسلامی کە لە جێۆگرافیای ئێستادا بە باشووری خۆرئاوای کیشوەری ئاسیا ناسراوە دەستی پێکرد، بۆ ساڵی ١٢٥٨ زائینی بەسەرکرادیەتی ھۆلاکۆ گەیشتنە شاری بەغداد و کۆتاییان بە خەلافەتی عەباسی ھێنا..!
مێژوونووس و پسپۆری خۆرھەڵاتی کەونار خوالێخۆشبوو: پرۆفیسۆر دکتۆر جەمال رەشید، لە چاوپێكه‌وتنێكی گۆڤاری كوێستان دا له‌ ژماره‌(25-26)ی ئایار-حوزەیرانی 2010 ی لاپه‌ڕه‌كانی 10 و 11 دا، بەمشێوەیە باسی ھاتنی مەغۆلەکان بۆ سەر ناوچەی خانێ خۆرھەڵاتی کوردستان و حاجی ئۆمەرانی باڵەکایەتی لەباشووری کوردستان دەکات:(لەبەرئەوەی ئێرە[مەبەستى باڵەکایەتییە] ناوچەیەکی ستراتیژییە، زۆر خەڵک ویستویەتی داگیری بکات..چ لەسەردەمی مەغۆل، بۆ نمونە مەغۆلەکان کە ھاتن ھەر لە دەرگای ناوچەی خانە و حاجی ئۆمەران شەش ساڵ مانەوە و نەیانتوانی بەھۆی سەختی شوێنەکە بپەڕنەوە و ھەتا چوونەوە خوارتر لە ناوچەی خانەقینەوە چوون بەغدایان داگیرکرد)، بۆماوەی شەش ساڵ سەربازگەی مەغۆلەکان لە حاجی ئۆمەران و خانێ دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی ناوچەی باڵەکایەتی داگیر بکەن و دواتر بە ڕێگەی دەشتی دیانا-ھەریر-ھەولێر دواتر بۆ دەشتى کەرکوک-موصڵ گەیشتن بە شارى بەغداد، بەڵام دوای شەش ساڵ واتە لە ١٢٥٢-١٢٥٨، پرۆژەی مەغۆلەکان شکست دەھێنێت و ڕوو لەناوچەى کرمانشاه لە باشووری رۆژئاوای ئێران دەکەن، بەناوچەی خانەقین لە خۆرھەڵاتی بەغداد دا دەگەنە ناو دڵی دەسەڵاتی خەلافەتی عەباسی، کە مەغۆلەکان توانیان بە دوانزە ڕۆژ بەغداد بگرن، ئەمەریکیەکان لە ٢٠٠٣ بەم ھەمو تەکنەلۆجیایە پێشکەوتوە شاری بەغدادیان بە ٢١ ڕۆژ لە چنگی حکومەتى بەعس(١٩٦٨-٢٠٠٣) رزگارکرد.

ھۆکاری سەرەکی شکستی مەغۆلەکان کە نەیانتوانی باڵەکایەتیی داگیر بکەن بۆ رووخاندنی بەغداد، کە ھەرچەندە ئەوان لەوڵاتی چین و ماچینەوە ھاتبون و وڵاتان و خاکێکی زۆریان داگیرکردبو، بەڵام دوای ناردنی چەند گروپێکی سەربازی تایبەت بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر تەواوی ناوچەکە، بەتایبەتی لە ڕووی جێۆگرافی و سەربازی و پێکھاتەی دانیشتوانەکەی، بڕیاڕی پاشەکشە دەدەن، چونکە بونی شاخی بەرز بەرز کە بەسەر ڕێگەکانی دەڕوانی و زۆر بەئاسانی لە دۆڵە سەختەکانی باڵەکایەتیی دەرباز نابون، نەیاندەویست ھەمان شکستی گەورەی یۆنانیەکان کە بەھێزی دە ھەزارەکە لە مێژووی کۆندا ناسراوە، کە لە ساڵى ٤٠١ى پێش زائینى لە شەڕگەى (کۆناکسا: لەخواروى شارى مەدائین) کە تێیدا کۆرشى بچوک کوژرا، کە لەهەمانکاتدا دە هەزار سەربازى یۆنانى پشتیوانیان دەکرد بۆ لادانى براکەى ئەردەشێرى دووەم، کە ئیمپراتۆرى ئەخمینى بو، کە کۆرشى بچوک داواى عەرشى ئیمپراتۆریەتى دەکرد، هێزەکانى یۆنانى کە بە دە هەزارەکە لە مێژوودا بەناوبانگن بەخاکى کوردستان بەسەرکردایەتى گەزنەفۆن(٤٣٠-٣٥٤ پێش زائین) تێپەڕبون، بەڵام لەسەر دەستی کاردۆخییەکان توشی نەھامەتیەکی زۆر ھاتن هەتا گەیشتن بەسەر دەریاى ڕەش لە شوباتى ساڵى ٤٠٠ پێش زائین، هەڵمەتەکە پێنج مانگى خایاندوە، بۆ زانیارى خوێنەران دواتر گەزنەفۆن مێژووى ئەم شەڕ و بەسەرهاتانەى لە کتێبب بەناونیشانى(ئاناباسیس) نووسیى، واتە: ( ڕێڕۆیشتنى سەربازى یان کشان بەناو وڵاتێک دا)، کە لە ساڵى ٢٠١٣ ئەم کتێبە لە زمانى یۆنانى کراوەتە کوردى، لێرەدا مەغۆلەکان نەیاندەویست تووشى هەمان چەرمەسەرى و پێکدادان ببن، چونکە لە باڵەکایەتى هۆزى زەرزاییەکان نیشتەجێ بونە، لە دامێنى شاخى مامەڕووت شارێکى گەورەى زەرزاییەکان هەبوە، ئەو هۆزە بە شەڕکەر و ئازا ناسراون، بۆیە مەغۆلەکان ڕێگەی باشووری خۆرائاوای ئێرانی ئێستایان بۆ گەیشتن بەشاری بەغداد ھەڵبژارد، چونکە دواى هێرشى مەغۆلەکان بۆ سەر وڵاتانى خۆرهەڵات و ناوەڕاستى ئەوروپا، لەوانەیە ئەو سەرچاوانەى باسیان لە ڕێڕۆیشتنى هێزى دە هەزارەکەى یۆنانى کردوە، یان کتێبی دە هەزارەکەیان چنگ کەوتبێت و لەڕووى زانستى سەربازى ئەوکاتەوە تەتەڵەیەکى باشیان بۆ ئەنجامدابێت، بە کورتى نەیانویستبێت هەڵە سەربازییەکان دووبارە بکەنەوە..!
ئەم تۆمارە مێژووییە خۆڕاگری خەڵکی باڵەکایەتیی و قایمی ناوچەکە و چیاسەرکەشەکانی دەردەخات، کە شکستی بە ئامانجی داگیرکاری مەغۆلەکان ھێناوە، لەھەمانکاتیشدا بۆتە بەربەستێک لە ڕوودانی کارەساتی کوشتار و تاڵانکاری مەغۆلەکان، کە پێش ئەوەی مەغۆلەکان بگەنە باڵەکایەتیی لە شاری دیاربەکر و باکووری کوردستان کوشتار و تاڵانییەکی زۆریان ئەنجامدابو.. ھەروەھا باڵەکایەتیی لە مێژوودا ئەوەی پێبڕاوە کە داگیرکردنی زۆر ئاسان نییە، بەتایبەتی ئیمپراتۆریەتی مەغۆلی بەم ھەمو ھێزەی ھەیبو چۆکی لەبەر داد، کەواتە؛ ھەر شاری ھەولێر ھۆلاکۆ بەزێن نییە، بەڵکو باڵەکایەتیش ھۆلاکۆ بەزێنە، بەپێی ئەم تۆمارە مێژووییەی لەسەرەوە نووسیمان.
ئەمرۆژانە دیسان پەتای کۆرۆنا بە مەملەکەتی باڵەکایەتی دا بڵاوبۆتەوە، کە سەرچاوەی ئەم پەتایە وڵاتی باب و باپیرانی مەغۆلەکانە یان ئەو وڵاتەی مەغۆلەکان لێیوەی ھاتن بۆ ئەوەی باڵەکایەتی داگیر بکەن، ئەوان نەیانتوانی باڵەکایەتیی داگیر بکەن، بەڵام کۆرۆنا باڵەکایەتی خستە نێو بازنەی پەتاکە، بەڵام ھەروەک ئەو سەدانەی پێشوو باسمان کرد، کە چۆن باڵەکایەتی بۆماوەی شەش ساڵ خۆی لەبەردەم ھێرشی بەربەریترین ھێزی دونیا گرت، لەھەمان سەردەم دا بەغداد کە ناوەندی خەلافەتی عەبباسی و دەسەڵات بو، بە دوانزە ڕۆژ کۆتایی ھات، خەڵکی ئێمە لە ناوچەی باڵەکایەتیی بەورەییەکی بەرزی سەربەرزی و نەمری وەک لە مێژوودا تۆمارکراوە، ئەم ناخۆشییە تێدەپەڕێنێت، چۆک بەو پەتا جیھانیە دەدات بە پشتیوانی خودا و خۆراگری خەڵک وەک بەفری سەرچیا سەرکەشەکانی دەیتوێنێتەوە و دەیکات بە تۆمارێکی زیندووی تێکۆشان لە دژی پەتایەکی جیھانی دا.


*مامۆستا لەبەشی مێژووی فاکەڵتیی ئاداب لە زانکۆی سۆران.

Previous
Next
Kurdish