Skip to Content

نۆستالیژیا لە نێو گێڕانەوەی مێژوودا … عەلی مستەفا

نۆستالیژیا لە نێو گێڕانەوەی مێژوودا … عەلی مستەفا

Closed
by حوزه‌یران 24, 2020 General, Literature


خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی سەرەتاتکێی سەربردان: ئارێز عەبدوڵڵا



دەریچەیەک:
ڕۆمان، یان گێڕانەوەی یادەوەری؛ هووردبوونەوە لێیان ئارامی و لەخۆ کۆبوونەوەیەکی باشی دەوێت، تا بگەینە ژێر سێبەری ڕەزامەندی و داکردنی پۆلی خەیاڵ و ڕووداوەکانی ژیان و گرتە جوداکانی ئەزموون لە دوو توێی کتێبدا. هەڵبەتە گەلان ناسنامەی گەورەیان هەڵگرت و گرێژەنی هیشکیان لە تۆقەوە کردەوە، ئەو هەناسە ساردانەی دەمێک بوو بەرۆکی گرتبوون، بە ئاڕاستەی نیشتمانی و چارەنووسی گشتی وەرچەرخاند. ئیتر هەموو تێکۆشانێک و ئەزموونێک داچاندنی باخێکە تا دەگات، چەرمەسەری زۆر دێتە ڕێگاوە، بەڵام گرنگی ئەم تێکۆشانە چنینەوەیە، کام چنینەوە؟ ئاخر بەڕاستی ناکرێت دوای هەوڵ و تێکۆشانێکی بێ ئامان، دوای دیتن و تێپەڕینی کێفەڕات بەسەر کێفەڕاتەوە ئەزموون لە بازنەی بیرەوەرییەوە باس بکرێت و ئامانجێک هێشتان هەمووان لە کانییەکەی ناخۆنەوە.
ئەم کتێبە (سەرەتاتکێی سەربردان) نووسەر لەباتی ڕۆمان ناوی بردووە، دەکرێ ناولێنانێکی جوان بێت. بۆ؟ کاتێک کتێبەکە دەخوێنیتەوە زۆر لە ئەدەب دوور ناکەویتەوە، بەو واتایەی بنەماکانی ڕۆمان و هونەری گێڕانەوە بە تەواوی خۆی دەرخستووە. بەم پێودانگە ئەدەبییە بێت، دەتوانین ناوی بنێین رۆمان. ڕووداو، شوێن، کات، گێڕانەوە… هەمووییان زەمینەی لە بارن بۆ ئەوەی وەک ڕۆمان ڕەفتاری لەگەل بکرێت و سەرنجی زانستی و شرۆڤەی ڕەخنەیی وردی لە بارەوە بکرێت. لە لایەکی ترەوە لە بەردەوامی خوێندنەوەدا تەواو هەست بە نووسەرێکی سیاسی زاڵ دەکەیت. نووسەر واقیعی نێو تەواوی ئەو ڕووداوانەیە کە لە نێو کتێبەکەدا بە هورد و درشتەوە شەنی کردووە، زۆر جار زمانی سیاسی و زمانی ئەدەبی لە کاتی گێڕانەوەدا بە تەواوی دەردەکەون، جیاوازی نێوانیشیان زۆر زۆرە، چونکە هەر یەکەیان خاوەنی زمان و ئەدەبێکی سەربەخۆن، لە گێڕانەوە و گەیاندنی پەیامەکان. ئەگەر لە زمانی نووسەر لە داڕشتنی کتێبکە دوور بکەوینەوە، دەتوانین ناوی بنێین ڕۆمانی مێژوویی. بۆ؟ چونکە من پێموایە شایەتحاڵێک لە نێو ئەم ڕووداوانە دێت و دەچێت و تەواوی زانییارییەکانی لە سەر بنەمای دیکیۆمێنتی بیرەوەری و پشت بەستن بەو ساڵانەی لە نێو گێڕانەوەکاندا زۆر ورد و هاوکات لەگەڵ سەرچاوە زانیاری و مێژووییەکانی تر هاو ئاهەنگن. کەواتە دەتوانیین بڵێین نووسەر وەک کارەکتەرێکی سیاسی باس لە ڕووداو و بەسەرهاتەکان دەکات. بۆیەشە من پێموایە دەکرێت لە زاویەی مێژوویی وەک سەرچاویەکی زانستی سوودی لێوەربگیرێت. (ئەگەر ئەدەب بریتی بێت لە گوزارشتکردنی هەست، بیر و ئەزموونی مرۆڤەکان، ئەوا لەو کاتەوەی مرۆڤ هەیە و گوزارشتی لەخۆی کردووە، ئەوا بە ئەدەب هەژمار دەکرێت. کاتێک داستانەکانی سەردەمی بابلی، سۆمەری، میسری و یۆنانییە کۆنەکان دەخوینینەوە، لەوێوە دەزانین ئەدەب هونەرێکە لە هونەرە ئێستەتیکییەکان، کە کاریگەری لەسەر دەروون و چەشەی خوێنەر هەیە.ئەم کاریگەرییە دەبێتە پنتی جوایەزی ئەم هونەرە لە هونەرەکانی دیکە چونکە کەرەستەی ئەدەب وشە و زمانە، وشەکانیش لە ئەدەبدا دەلالەتی فرە و جوایەز هەڵدەگرن)١ یادەوەری لە هەر گۆشەیەکی دەستپێکەوە بۆی بڕۆین خەیاڵ و دیکیۆمێنت بەشی گرنگن لە تۆمارەکاندا، نووسەر بە زمانی ئەدەبی و وشەی کارییگەر ئەوەی مەبەستە دەگێڕێتەوە، چونکە زمانی نووسین تەواو کاریگەری دەخاتە سەر پرۆسەکە و دەبێتە ڕایەڵێکی گرنگ لە نێوان دەق و خوێنەردا، واتە کەناڵی سێیەم (دەق) گرنگە بە کەرەستە و پێویستییە جوان و خەیاڵی مەودا ئاڵۆزەکان بچنرێت. لەم کاتەدا خوێنەر دەقێکی واقیعی و ئەدەبی دەخوێنێتەوە. تەنانەت وەک سەرچاوەیەکی زانستی مێژووییش دەیخاتە بەر باسەوە.
ئەم کتێبە لە زاویەیەکی تری ڕووناکتر دەتوانین بۆی بە ژوور بکەوین، ئەویش بیرەوەری و سەرەتاتکێکانە. نووسینەوەی بیرەوەری هونەرێکی کەم بایەخ نییە، بگرە زۆریش بەرزە و تەنانەت لە خوێندنەوەی بیروەری هەر کەسایەتی و کۆمەڵگەیەک، ئامانجێک زووتر و شۆڕشێک خێراتر سەردەکەوێت. ئەم کتێبە پڕ پڕە لەو بیرەوەرییە تاڵ و شیرنانەی کە لە ژێر هەژموون و ناچاریدا درووست بوون، نووسەر وەک خۆی دەڵێت لە تەمەنێکی وا دابووە، کە سەردەمی هەڕەتی و سەرەتاتکێ کردنی بووە، هەڵبەتە ئەم قۆناغەش لەم دۆخ و لاسەنگیانەی ژیان و لاهاتنی کایەی سیاسی و غەریبی کردنی ئازیزان و نیشتمانی زێد و هەستی نیشتمانی و نەتەوایەتی و… هەموو ئەمانە هێوێنی دەیان نووسینی دەقی ئەدەبی و سیاسی و مێژوویین.. بگرە لە ڕووی زانستی تریشەوە دەرفەتی لێنووسینی هەیە.

نۆستالژیا:
ئەوەی مەبەستە لێرە سەرنجی مەبەستی بخرێتە سەر، توێژینەوەکە خۆی لە گۆزەیەک دەبینێتەوە، ئەویش نۆستالژیایە لە نێو واقیعی ئەم کتێبەدا. نۆستالژیا لە ڕووی وشەییەوە لە دوو بەش پێکدێت، بە مانای گەڕانەوە بۆ ڕابردووی ئازار و خەمەکان دێت. ئەم وشەیە بنەڕەتەکەی بۆ یۆنانی کۆن دەگەڕێتەوە، (nostos) واتە گەڕانەوە، (algos)واتە ژانی حەسرەت و دووری لە هەرچی هەیە. ئەدیبان پێیان وایە ئەم وشەیە لە ڕووی زاراوەییەوە فەڕەنسییە و بە هەمان شێوەی واتا وشەییەکەوە بە واتای خەم و ئازار و دووری دێت٢. کۆمەڵگەی ئێمەش هیچ بەدەر نییە لەو بارە، چونکە لەوەتەی کورد و نیشتمان کەوتۆتە ژێر چەپۆکی نەیاران و دوژمنانی خۆشەویستی مرۆڤ و مافەکانی، کورد بەردەوامە لە خەبات و تێکۆشانی بێ بێن، کێفەڕات بەسەر کێفەڕاتەوە، شەپۆل دەدات، ئافات نەما کورد باوەشی بۆ نەکاتەوە، جا هۆکار و سەرچاوەکانی لە کوێوە هاتووە، ئەوە باسێکی ترە. لەم بار و دۆخەدا نۆستالژیا دەبێتە بەشێکی گەورەی نێو مرۆڤی کوردی، چونکە لە دەرنجامی هەموو بادارەکانی جەنگ و نەهامەتییەکانی ئاوارەیی و ماڵئاوایی بەرۆکی مرۆڤی کوردی گرتووە، ئەمەش زەمینەیەکی ناخۆش و پەرتییەکی یەکجار زۆر لە هەستی تاکی ئاوارە و بێشوێن دروست دەکات. (ناشوێن بێشوێنی نییە، بەڵکو شوێنێکە بەردەوامی شوێنی دەرەوە دەشکێنێت، شوێنێکە ڕوخساری خۆی ماکیاژ دەکات، خۆی لە جێگاکانی دەرەوە ڕادەپسکێنێت، بۆ ئەوەی ڕوخسارێکی دی بداتە خۆی)٣ لەم دۆخ و بارەی ڕاگواستنی بە زۆرەملێ و ملنان لە ناچاری، ئەوپەڕی خۆ گونجاندنە لە ڕوخساری نوێدا، تۆ کە ئارەزووی خواردنی قەسپ و خورمات نەبێت، ئیتر ناچارییە لە ژێر باری ئازار و نا ئومێدیدا بیری گوڵە بەیبوون و گیابەند بکەیت. ئەو شوێنە ماڵ نییە، هەر شوێنێک ماڵ نەبێت، هەستی نیشتمانیت بۆ دروست ناکات، ئاخر چۆن قەسپ و بادامی نیشتمان دەبن بەیەک، ئێمە هەر فێر بووین بادام و مێوژ بەیەکەوە بخۆین، بۆیە خورما خواردن دەبێتە ئەوپەڕی ناچاری و گونجان لەگەڵ ڕوویێکی تری ژیان. (لە ڕاستیدا ئەگەر مرۆڤ ڕێبدات خۆی و بوونی بخرێتە ناو نەخشەیەکی ئۆرگانییەوە، یان سیستەمێکی فیکری ئەقڵانییەوە، ئەوا لە بەهای بوونی مرۆیی خۆی دەهێنێتە خوارەوە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ کاتی بوونی خۆی وەدی دەهێنێت کە وەکو بوونێکی مرۆیی هەبێت و وا دەرکەوێت کە کەسێکی دانسقەیە و سەرسەختانە ئەوە ڕەت بکاتەوە کە بخرێتە ناو سیستەمێکەوە)٤ کۆمەڵگەی کوردی تاڵی و سوێری و هەوراز و نشێوی ئاوارەیی و هاڕاوەی نێو بەرداشی کوردایەتی زۆر ئەزموون کردووە، ڕاستە لە کۆمەڵگا زۆرەملێکان نیشتەجێکراون و بازنەی سیاسییان لێداخراوە، بەڵام هەمیشە خەسڵەتی کۆمەڵگەی کوردی وابووە هیچ کات لە ئەوپەڕی نائومێدی و بێماڵیشدا، ڕەزامەند نەبووە بە زۆر بخرێتە نێو ئۆرگان و بازنەی نەخوازراوەوە، جونکە هیچ کات ئامادەی خۆبەدەستەوەدان نەبووە. لەم کتێبەشدا ئەم ئالییەتە زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت.
لەم کتێبەدا زۆر وێستگە هەیە کە بە ئۆرگانیزە کردنی شوێن و خواردن و خوێندن و برادەرایەتی کردن لەگەڵ ئەوانی تری جگە لە کورد ڕەتدەکرایەوە، تەنانەت ژن لێخواستن و ژن پێدانیشیان لێ شورەیی بووە. دواجار لە نێوان ڕادەست نەبوون و ئازاد نەبووندا، تەنها شتێک کە بمێنێتەوە هەڵچنینی ئەو بیرەوەرییانەن لە نێو قاوغی ڕووداوە مێژووییەکاندا، بۆیە نۆستالژیا وەک باسێکی زانستی ئەدەبی ئاهەنگێکی بەش ڕەنگینە لە جوانکردنی تۆماری بیروەری.

نۆستالژیای تاک:
ئەم بارە سوڕانەوەیە لە ڕەهەندی تاکە کەسێک، هەرچی بیرەوەری هەیە تایبەتمەندییەکەی تەنها بۆ کەسێک دەگەڕێتەوە. هەر ڕووداوێکی ناخۆش و کەوتن و غەریبیکردنێک هەبێت تەنها لە هەست و شعوری کەسێکدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەم کتێبەش کە نووسەر خۆی کارەکتەری ڕاستەقینەی نێو ڕەهەندەکانە، پڕییەتی لەم باری نۆستالژیایە. (بەشێکی گەورەی ژیانی من ئەوە ئەزموونەیە کە تۆ مەبەستتە، بە هۆی هەڵومەرجەکانەوە بە میراتی بۆم بەجێماوە. تۆ دەزانی هەر لە منداڵیمەوە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ دابێت، گرمەی تۆپ و بۆردومانی فڕۆکە لە خەوندا دەبینم؟ ئەو کات هێندە لەو دەنگانە ترساوم و هێندەم بیستوون، هێشتا شەوانە کابوس و مۆتەکە گیانم ئازار دەدەن……… بۆردومانەکان خەونن نەک ڕاستی. منداڵی پێشمەرگە باوکی بە جل و تفەنگی پێشمەرگایەتییەوە دەبینێ و گوێی بە دەستەواژەکانی خەبات، شەهید، قوربانی، گەل، نیشتمان پڕ دەکرێن و ئەنجام فرچکییان پێوە دەگرێ…..) [ڕۆمان لا٥٥] نووسەر لە ڕێگەی گێڕانەوە بۆ کەسێکی تر دەستپێدەکات، باسی منداڵی و دیمەنەکان دەکات، ئەوە ئەو واقیعە کفت و تاڵەیە کە زۆرینەی کۆمەڵگەی کوردی بەخۆیەوە بینیوە، ئاخر ئەم کابووسە تەنها جارێک و لە ساڵێکدا ڕووی نەداوە، لەوەتەی ساڵ هەیە مێژووی تەپوتۆز دەنووسرێتەوە، لەوەتەی قەڵەم هەیە بیرەوەری کفتی کوردی دەچنە دیوانەوە. ئەم دەقە درامییە، لە ڕێگەی خەونەوە ئازار و چەرمەسەرییەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە، نووسەر خەون و واقیع دەناسێت، بەڵام ئەوەی هەیە ئەو دەروونە شڵەژاوەیە کە ساڵانێک تێیدا بینییوە. شۆڕش بەشێکی لێنەکراوەی کوردە، بەو واتایە بێت پرۆسەی کێفەڕات بەردەوامە. بۆ؟ چونکە یەکێک لەو خەمە گەورانەی تا ئێستا نەیهێشتووە کورد بگاتە یەکێتی بوون و دەسکەوتی گەورەتر، نەبوونی هەماهەنگی و ئاشتەوایی نێو ماڵی کوردبووە٥، دواجار هەموو ئەم دیمەنانە دەبنە گرتەی بەر ڕۆشنایی نۆستالیا، وەک بیرەوەری کفت و تاڵ دەخوێنرێتەوە.
نووسەر گەمەی زەوەندی هەیە لە گێڕانەوە، بەڵام بە زمانێکی سادە، کە هەموو چینێکی خوێندەوار دەتوانێت هەزمی بکات.
پێم وایە بۆ نووسینی یاداشت و تۆماری هەستە نۆستالییەکان، هەر ئەم جۆرەی پیویستە، چونکە ڕێژەی زۆری کۆمەڵگەی کوردی هاوبەشن لەو ئازار و دەردەسەرییانە و، دەتوانن لە خوێندنەوەیاندا زووتر بگەنە بەتاڵبوونەوەی هەست و دەروونی هەڵچوو. (ڕۆژی دواتر دایکم خۆشترین کفتە دروست دەکا و بۆ دواجار لە خوار حللە و سەماوەوە لەگەڵ خێزانی مامۆستا شەریف بەیەکەوە دوا ژەم دەخۆین. لەو ڕۆژەوە هەموو شتێک لەبەر چاوی من گۆڕا، ڕەنگی دار خورماکان، زۆنگاوەکان، کۆڵان و جادەکان هەموویان گۆڕان. دەڕۆم و لە خۆشییان قاچەکانم زەوی ناگرن، هەست دەکەم دەفڕم، ئاخر گەڕانەوە کەم نییە براینە) [ڕۆمان لا١٥٥] نووسەر نائاگایەنە خەریکی گێڕانەوەیە، بە دەربڕینی ئێستا لە ڕابردوویەک دەدوێت، کە بارودۆخ ناچاری کردبوون. (هەست دەکەم دەفڕم) ئەم ڕستەیە بۆ دەمکاتی ئێستایە، خۆی دەبوایە بگوترێت (هەستم دەکرد دەفڕم)، دیسان ئەمە نابێتە کێشە لە سەر ئاستی گێڕانەوەکە، بەڵکو دەتوانیین بڵێین نووسەر نوقمی گێڕانەوەیە و لە بارێکی هەستیار بەدەم بیرەوەرییەوە دەدوێت، ئاخر کفتەیەک لە ساڵانی حەفتاکان بێت و بە دەستی مەخلوقێکی مەزن کە دایکە، لێنرابێت و بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ نیشتمان خانەوادەی مامۆستا شەریف ئامادەی خوانەکە بن، ئاخر بەڕاستی دەبێت هەمیشە بە ئاسمانەوە بیت و لە فڕین نەکەویت، تا دەتوانی بڕۆیت، بە فڕین و خەیاڵ بچیتەوە هەموو کۆڵانەکانی هەستەوە.

گەڕانەوە بۆ زێد، بۆ ماڵ، بۆ نیشتمان، خەون و ئامانجی هەموو تاکێکی ئاوارە و دەربەدەرە، خەونی ئەو ڕۆژانەیە کە لە هەوەل ڕۆژەوە پێ دەنێنە خاکی غەریبی، سەر دەکەنە لم و زیخی بیابان، دەبنە نیشتەجێی شوێنێک ماڵ نییە، ئارامگای هیچ کوردێکی دڵسۆز نییە. ئەمە گێڕانەوەی ئەو هەموو ئافات و غەریبییانەن، تا ئێستاش دەروون ناسۆریی دەردەبڕێت لە ئاست ئەم بێباکییانەی هەنووکە بە دەستییەوە دەناڵێنین. (بە درێژایی یەکەم زستان چوار دەوری ماڵمان قاز و قورینگ بوون. ئەو قاز و قورینگانەی بەهاران و پایزان بەسەر سەری ئێمەدا گەرمیان و کوێستانییان دەکرد لەوێ دۆزیماننەوە، ڕەوەکانییان بە هەزاران بوون، ڕۆژانە ئەوەندە لێیان نزیک دەبووینەوە تا تێر تێر بۆنی نیشتمانمان لێدەکردن) [ڕۆمان لا١٠٣] نووسەر لە ئەوپەڕی نۆستالیدا هاوتەک لەگەل هاوڕێ و ئەوانی تر بۆنی نیشتمان لە هەرچی غەریبی هەیە دەیکەن، قاز و قورینگ هێمای کۆچەریین، ئەو کۆچەرییانەی لە دامێنی نیشتمانەوە لە وەرزی گەرمدا هەڵدەکشان بۆ ناوچە فێنک و کوێستانەکان، کاتێک قاز و قورینگ دەگەڕێنەوە دامێن، ئەوە وەرزی پایز و سەرما و سۆڵە دەست پێدەکات، ئەمەش نیشاندانی سسەرتای گەڕانەوەی کۆچەرییانە لە کوێستانەکانەوە بۆ دامێن. ئاخر بەڕاستی بۆنی نیشتمانت دەداتێ کاتێک تۆ لە غەریبیدای، ئەوانە کە لە کۆچ دەگەڕێنەوە، ئاو و هەوای نیشتمانییان لە سییەکانیاندا هەڵگرتووە. لە چاوەکانییاندا دیمەنەکانی نیشتمان دەبینرێن.

نۆستالژیای کۆ:
ئەم جۆرەیان ڕەهەندێکی تری گێڕانەوە یان تێدا مانەوەی غەریبی کردنە، نۆستالژیایە لە ڕەهەندی ڕووداوە مێژوویی و فراوانتر بۆ بابەتی تریش، بەڵام لێرەدا تیشک دەخەمە سەر ئەو ڕووداوە مێژووییانەی مرۆڤی کوردییان گەیاندە کەناری نائومێدی، ورەی کوردییان گەیاندە لێژی. مرۆڤی کوردییان ڕادەستی هستریا و خەمۆکی کرد، ئاخر مێژووی ئێمە لە ساڵنامەی ئەم کتێبەدا پڕیەتی لە تەریق بوونەوە، لە نائومێدبوون و کوژانەوەی ئاسۆ. نووسەر لە پاڵ پریاسکەی نۆستالژیاکانی خۆی (تاک) دا، پەرۆشی بۆ کۆی یادەوەرییەکانی تر دەسووتێت.
ئەم کێبە باس لەو مێژووە دەکات کە پێیدەڵێن ١٩٧٤ و هیتر، بەڵام لە گێڕانەوەیەکی ئەدەبیدا، گرنگە سیاسییەک زمانی ئەدەبیش لە بیر نەکات، ئەگەرچی شیمای سیاسی پێوە دیارە. ئەم مێژووە تەنها بەکەڵک گێڕانەوە دێت، ئەگەر نا هیچ ئومێدێک و چارەنوسێکی بۆ نەکردینە دیکیۆمۆنت و بنەما، واتە ئەم یادەوەرییە گشتییە هەرەسی بنیاتی کۆمەڵگەی کوردییە، ساڵی پەرتەوازەیی و ڕاگوزەری سیماکانی تاکە لە مێژووی گەلێکدا. (کاتێک دوژمن گەلەکەت لەسەر خاکی خۆی ڕادەگوێزێ، کاتێک بە زۆر دەیکاتە عەرەب و بەعسی، کاتێک دێ عەرەب لە نیشتمانەکەت نیشتەجێ دەکا، کاتێک میژووی نەتەوەکەت دەسڕێتەوە، کاتێک مێژووی چەواشەکارییەکانی خۆیانت پێ دەخوێنن، کاتێک خەڵکت لێ لە سێدارە دەدەن و نەفی دەکەن….) [ڕۆمان لا٤٤] دەپرسین دوژمن بۆ توانی هەموو ئەمانە بکات؟ ئیمانێکی لاسەنگە کاتێک وەک ئەدیبێک، سیاسیێک، شۆڕشگێڕێک یان هەر خەسلەتێکی تر پەنجەی نیشان نەخەینە سەر هۆکار و دەرئەنجامی ئەم تاوان و دەستدرێژییانەی دوژمنانی کورد.
ناپاکی و یەکتر نەخوێندنەوە وەک پەیڕەوێکی باو لە نێو ئەدەبی هەندێک بیر و بۆچوونی سیاسی، چ لەسەر ئاستی تاک و کەسی یان دەستە و ڕێکخراوەیی، ئەزموون و خەباتی ڕزگاری خوازی کوردییان گەیاندۆتە ئاستی بەتاڵ بوونەوە و نامۆیی، دواجار لە بیرو زهنی هەر تاکێکی بە پەرۆش و دڵسۆزدا دەبێتە خەمێکی لەبیر نەکراو و تەنها وەک نۆستالێکی تاریک و داخدار دێتەوە سەر پایەی بیرەوەرییەکان. (دوای ئەوەی لەو هەوارە نوێیە جێگیر بووین، باوکم و ڕەزاقی خاڵم و هاوڕێ پێشمەرگەکانییان بەرەو کوردستان گەڕانەوە. ئەو ڕووداوە هێندەی تر نیگەرانی زیاتر و باری دەربەدەری گرانتر کردین….) [ڕۆمان لا٧٩] ئەمە بارێکی گشتییە لە زاویەی ئەو هەموو خەموو ناسۆرییانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵگەی کوردی بوونەوتەوە، چونکە شۆڕش لەو ساتەدا ڕوو لە لێژی و ناسۆری بوو، بۆچوونەکان نەدەخوێندرانەوە، تەنها خەڵکێک کە پێشمەرگە و خەباتگێڕ بوون بە ئومێدی بەردەوامی درێژەیان بە خەباتی چەکداری دەدا، ئەگەرنا بڕیاری لە ناکاوی شۆڕش نائومێدی تەواوی خستە هەست و بیرەوەری هەموو کۆمەڵگەی کوردییەوە. (کاتێک باوکم و هەموو ئەو پێشمەرگانەی بە بڕیار لە بەرەکانی شەڕ کشابوونەوە نەک بە شکان دەیانگوت: ئەو شۆڕشەش بوو بە هەبوو نەبوو!.. ئامینەی پورم بە باوکمی دەگوت: ئەوەی سەرکردایەتی شۆڕش کردی من بەو نەخوێندەواری و نەزانی خۆشمەوە هەرگیز کارێکی وا ناکەم، پێم ناڵێی ئەوانە بۆ وایان کرد؟) [ڕۆمان لا٧٧] ئەوەی شۆڕش بە بڕیارێکی تاک لایەنە و بە پرسە خەسووانە بە سەرکردایەتی شۆڕش کردی لە داماڵینی ئومێد و هیوای گەلێک زیاتر نەبوو، پەراوێز خستنی کێشەی کورد بوو لە تەواوی ناوچەکەدا. ئەم دیمەنە تراژیدیاییەکی یەکجار گەورە بوو بەسەر کۆمەڵگەی کوردی داهات، چونکە کاریگەری نەرێنی بەسەر تەواوی بابەتەکاندا دروست کرد و لە دیدی نەیارانی کورد بووە هۆی گۆشەگیر بوونی هەستی ڕزگاری خوازی. ئەم ئاشووبە بەردەوام لە هەست و نەستی کۆمەڵگەی کوردی وەک بارێکی ناخۆش و کەشێکی ماتەم وەک فیلمێکی ناسۆری لێدەدرێتەوە.

سوودەکانی نۆستالژیا:
لەبارەی سوودەکانی نۆستالژیا دەتوانین بە دوو ڕەوت ئاماژەی بخەینە سەر، ڕەوتی نوێ پێیوایە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و بیرەوەرییەکان کارێکی باش نییە، چونکە کۆمەڵگەی داهاتوو دەخاتە بەر سێرەی دارووخان و پەرتەوازەیی، دەبێتە بەربەست لە بەردەم پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگە، ئەمەش خاڵێکی خراپ و تاریکە بەسەر ڕەوتی هاوئاهەنگی جیهانیدا. ڕەوتی دووەمییان بە تایبەتی ڕۆمانسییەکان پێیان وابوو دەبی کۆمەڵگە لەگەڵ ڕابردوو دانەبڕێت و بەردەوام پەیوەندی بە کلتورە کۆنەکانەوە هەبێت، بۆ ئەوەی ئاگاداری هەموو بار و دۆخێکی ڕابردوو بێت، لەگەڵ جیهانی نوێشیدا شەن و کەوی بکات. ئەلس چاندلەر دەڵێت: (زیندوو کردنەوەی چاخی نێوەند، کە وردە وردە ئامادەییەکی چاکی بە خۆوە دەگرێت، لە لایەن خۆیەوە هەستێکی دروست کرد، کە بە گشتی مایەی قبووڵکردن بوو، هەروەها جیا بوو بەوەی کە لەسەدەی ناوەڕاست هەبوو، بەوەی دامەزراندنی ڕابردوو کیانێکی خەیاڵی سەربەخۆ و بە ژیانی تایبەت دروستکرد، ئیدی کۆچی خەیاڵ بۆ ڕابردوو لە زەینی ڕۆمان و ئەدەبدا ئەنجامدرا…)٦ دابڕان لە ڕابردوو، بەجێهێشتنی ئەزموونێکە، یان بیرەوەرییەکە، دوور و نزیک پەیوەندی بە هەست و کەسایەتییەکەوە هەیە. بۆیە ناکرێ دابڕێین و بە شتێکی کەم بایەخ تەماشای بکەین. چونکە بابەتی بیرەوەری، یان نۆستالژیا سوودی هەیە دەتوانیین ڕەنگی تۆخ کردن بخەینە سەرچوار خاڵی سوود.
یەکەم| گێڕانەوە، یان هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی بیرەوەری پێویستییەکی رۆحی و دامرکاندنەوەی تەوژمەکانی دەروونە، چونکە کاتێک مرۆڤ بە نێو دەیان سەختی و ڕووداودا دەگاتە تەمەنێکی درەنگ و هەڵکشاو، پیویستی بە بیر هێنانەوە و گەڕانەوە هەیە بۆ ڕابردوو، بۆ ئەوەی ڕەسەنایەتییەک لە ڕابردووەوە بە ئێستاوە گرێبدات.
دووەم| سوودیکی تری نۆستالژیا، خاڵی بوونەوەی نووسەرە لە هەست و دەروونە هەڵچووەکان، لە ڕێگەی وشە و دستەواژەی بیرەوەری.
سێیەم| سوودێکی تر، بە دەق کردنی چەمک و بابەتەکانی نۆستالژیایە، چونکە خەیاڵ باشتر و غەریبتر بەسەر تەواوی بابەتەکانی نۆستالژیادا بڵاو دەبێتەوە و لە نێو دەق و ژانرە جوداکاندا وێنەی پڕ سەرنج دروست دەکات.
چوارەم| پێموایە، نۆستالژیا سوودێکی بەرچاوی دەبێت لە بنیات و گەشەی ئەدەبی و ئەو چەمکانەی لە ڕێگەی خەیاڵەوە دروست دەبن، بۆیە وابەستە بوون بە ڕابردوو دوورکەوتنەوە نییە لە تازە بوونەوە و داهێنان.
لەم توێژینەوەیەدا لەگەڵ هەبوونی کۆمەڵێک تێبینی زمانەوانی و سەرنجی ڕەخنەیی، دەرفەتێک بۆ دەرخستنی دوو باس، یان دوو ئەرک دەردەکەوێت، ئەوانیش نۆستالژیا و کتێبی (سەرەتاتکێی سەربردان)ە، نۆستالژیا وەک باسێکی زانستی و میتۆدێکی تیۆری گرنگی و ماهییەتی خۆی هەیە لە نێوەندی شرۆڤەکاری و ڕەخنگەریدا. بۆ ئەم مەبەستەش بە سوود بینین لە خوێندنەوەی زانیاری زیاتر لە جەوهەری بابەتەکە، دەگەینە سوودی زیاتر و گرنگی نۆستالژیا.
کێبی(سەرەتاتکێی سەربردان) دەریچەیەکە بەسەر کۆمەڵێک زانیاری گشتی و کەسایەتی نووسەردا دەکرێتەوە، بەڵام ئەم کتێبە دوور نەکەوتۆتەوە لە هوونەری گێڕانەوە و پەراوێز خستنی خاسیەتەکانی ئەدەب، ئەگەرچی لایەنی پراکتیزە کردنی مێژوویی بە شێوەیەک لە شێوەکان لە هەندێک شوێندا زاڵ دەردەکەوێت، ئەمەش ئاگەرێکی کراوە دەبێت، کاتێک کتێبێک بخوێنیتەوە و بۆ نێو ئاهەنگی بیرەوەری ڕاتبکێشێت. ئەم کتێبە دەکرێت بکرێتە بەشێک لە میژووی گێڕانەوە، یان پەنایەک بۆ ئەوەی جۆرێک زنیاری مێژوویی لێدەرخستە بکەین.



عەلی مستەفا\ ٢٠٢٠
شەقڵاوە

———————————————————-

سەرچاوەکان:
1- د. حەمە مەنتک، چەشە و چەشنە ئەدەبییەکان،چاپخانەی مەم و زین،٢٠١٩ هەولێر، لاپەڕە ٩.
2- سۆران مامەند عەبدوڵڵا، نۆستالژیا لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا، تاران ٢٠١٦،لاپەڕە ١٥.
3- بەختیار عەلی، ناشوێن، ٢٠١٨ سلێمانی،لاپەڕە ١٥٠.
4- فەلسەفەی بوونگەرایی (ووجودیەت)، و. ئازاد بەرزنجی، ناوەندی غەزەلنووس، چاپی سێیەم، سلێمانی ٢٠١٩، لاپەڕە ١١١
5- سوود بینراوە لە کتێبی مێژووی جوڵانەوەی نەتەوەیی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە باشوری کوردستان ١٩٧٥- ١٩٩١، و. دلێر ئەحمەد حەمەد، ٢٠١٩ سلێمانی.
6- کەریم دەشتی، ئەدەب و فەلسەفە، چاپی دووەم، هەولێر ٢٠١٣، لەپەڕە ٥٠.
7- ئارێز عەبدوڵڵا، سەرەتاتکێی سەربردان، لە باتی ڕۆمان، بەرگی یەکەم، ٢٠١٩.

Previous
Next
Kurdish