Skip to Content

دۆلۆز و ڕۆمانی کوردی….. پێشڕه‌و عه‌بدوڵڵا

دۆلۆز و ڕۆمانی کوردی….. پێشڕه‌و عه‌بدوڵڵا

Closed

ژیل دۆلۆز gilles deleuze، لە پێشەکی کتێبی،( تقدیم لساشر مازوخ، البارد والقاسي 1989،) دەنووسێت: هەردوو ڕۆماننووس، ساشەر مازوخ sacher masoch و مارکیس دیساد marquis de sade دوو ڕۆمانووسی گرنگن، بەجۆرێک هەردوو نەخۆشی دەروونی مازۆخیسم و سادیست، هەر بەناوی خۆیانەوە نراوە، لەکاتێکدا ئەمان دوو ڕۆمانووس بوون، نەک دەروونشیکار و پزیشکی دەروونی کلینیکی، بەڵام لە ڕێگەی نیشاندانی پاڵەوانی ڕۆمانەکانییان، توانیویانە ئەو تەرزە نەخۆشییه، بدۆزنەوە، بەمەش دۆلۆز، ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە ڕەخنەگر و ڕۆمانووس و دەروونشیکار، کاریان بەسەر یەکترەوە نەبێت، چونکە هەم ڕۆمانووس، هەم دەروونشیکار، هەم ڕەخنەی دەروونی، خەریکی وەسفی کارەکتەرەکانیان و سەمپۆتمە سەرەکییەکان دەدۆزنەوە، بۆیە دۆڵۆز بە تەواوکەر و هاوکاری یەکتر وەسفییان دەکات، تا ئەوەی تەواوی کتێبەکەی تەرخان دەکات بۆ شەرح و ناسینەوەی کەسێتی سادیست و مازۆخیست. واتە: خۆی هەردوو کارەکە پێکەوە گرێ دەدات.
ئەوەی جێگەی تێڕامانی منە، ئایا ڕۆمانووسی کورد، ئاگای لە پاڵەوانەکانی خۆی هەیە؟ دەزانێت پاڵەوانەکانی ئەو سەر بە چ تەرزە لە کەسێتی و چ دەردێکی سایکۆلۆژیین؟ ئایا ڕۆمانی کوردی، شۆڕبۆتەوە بۆ نیشاندانی بەشێکی تاریکی کەسێتی مرۆڤی کورد؟ لە ڕاستیدا، ناتوانیین بڵێین، بەڵێ! ئەو تۆزە وەسفەشی کە کراوە، پڕۆسەیەکی ناخودئاگایانەی نووسەرە و ئەم کارە سەرپەڕە لە ڕۆمانەکەدا، هەروەک (عەتای نەهایی) کە کارەکتەرەکانی خودان فەلسەفه‌ و شوناسی دیاریکراو نیین، ئاستی ڕۆشنبیری پاڵەوانەکانی دەگاتە ڕۆژنامە خوێنێکی سادە و بێ شوناس، لەسەرەتادا وادەزانی کەسێتییەکی ڕوون دەبینی، دواتر لێت بزر دەبێ و کەسێتیەکی تەماوییە.
لای (بەختیار عەلیش) پاڵەوانەکانی هەموو فوتێکراو و خاوەن قسەی گەورە و فەلسەیین، واتە فرەشوناس نیین و هەموویان بەیەک گەروو، هاوار دەکەن و نازانی لەچیدا جیاوازن ، لای (جەبار جەمال غریب) یش هەمان شت بەدیدەکرێت، کە هەست دەکەیت پاڵەوانێک هەیە هەمیشە لە ژێرەوە خەریکی پلانێکی ترە، بەڵام نازانی ئەو پلانە چییە، بۆیە ناتوانیت ئەم (تەمە پاڵەوان)انە، وەک کەسێتییەکی سەربەخۆ و گوزارشت کەر لە سایکۆلۆژیایی ئینسانی کورد، بناسیتەوە. بەشێکی زۆری ڕۆمانی کوردی، کێشەی تەمەپاڵەوانی هەیە، چونکە ڕۆمانووس، هێشتا خەریکی نەخشەی ڕۆمانەکەیەتی و ئاگایی زیاتر شکاوەتەوە بەسەر زمان و وشە و وەسفی شوێن و …تاد، کەمتر پاڵەوان و شاکەس و کارەکتەری خۆی ناسیوە. زۆربەی پاڵەوانەکانیان، بەرهەمی هەڵڕژانی نەستییانەی نووسەرن و ئاگایی تێیدا ونە.
بۆیە بەبڕوای من ڕۆمانی کوردی پێویستی، بەوەیە دادگایی بکرێت و هەموو تەمەپاڵەوانەکانی بخرێتە ژێر پرسیار و شڕۆڤەوە.

تێبینی/
١.ئەم پۆستە، لێدان نییە لەهیچ نووسەرێک، بەڵکو بانگێشتێکی مەعریفی ڕووتە.
۲. چاوێکم خشاند، بە وەرگێڕانی کتێبەکەی دۆڵۆز،( ساردی و دڵڕەقی) لەوەرگێڕانی فازیل محمود وەلی، بەڵام بەیارمەتی دەقە عەرەبییەکە توانییم تێگەیشتنی خۆم گەڵاڵە بکەم.
۳.بۆ دەقە عەرەبییەکە، بگەڕێوە بۆ، سایتی nomene. bloge spot.com

Previous
Next