Skip to Content

چوار کورتە شیعر… کۆشش محەمەد

چوار کورتە شیعر… کۆشش محەمەد

Closed
by حوزه‌یران 30, 2020 General, Poems

هەڵنایەین ئاوادەبین
لەم مەوتنەدا
لەناو تاریکیدا چاوەکان داخراون
ناترووکێت
ڕەنگمان پەڕیووە
بەبێ ڕەنگی ماوەتەوە،
لەچاوەڕوانیدا
پەشیمان دەبینەوە،
لە پەرێشانیدا
دەپاڕێینەوە
دەڕشێینەوە
دەردمان هیچ لە درووستکراو ناچێ
هەر دەڵێی زگماکییە.

هەورەکان نزیکن لێمانەوە
فۆبیای ئێمە ئاوابوونە،
لەئاوابووندا
ژیانی پڕ لە کارەساتی ئێرە
خەبەرمان دەکاتەوە،
قەدەرمان بەرلەوەی هەڵبێت
ئاوابووە.

———————————————-

بەو نەختە هەناسە ساردە
بەو ڕوخسارە ڕاونراوەمەوە
کە لەشوێنەکان کەوتووە
چیتر گەرم نابمەوە،
ڕوانینەکان کۆنابنەوە
دەستەکان درێژنابن
تا پێتەوە گیربن،
ئەوەتا
من چیتر ئامادەنیم
لە جەنگی شوێنەکان
شەرمەزاربم،
تا نەچمەوە بەگژ خۆمدا
جەنگەکە دوایی نایەت،
بەر لەوەی ڕاوبندرێم
من لەشوێنەکان نابم
شوێنێک
کە هەتیوی منی تیا گەورە دەبێ،
بەرلەوەی ئازار بمچێژێت
دەمەوێ ئازار چێژدار بکەم،
خەریکە لەخۆم دەبمەوە
شوێنەکە جێدێڵم،
من لەستایشی ئەوانیتر
تۆم بەخۆم ناساند،
ڕۆژی من و تۆ یەک بوو
بەڵام
بەر لەوەی ئاوابێت
ڕشامەوە.


زۆرجار شەوان بەدیار ئەو ئەستێرانەوە
شەوان بەدیار تاریکییەوە
کە بەرامبەر ئەستێرەکان دانیشتووم،
بەدیار حیکایەتی مێشەوە
ئەو مێشانەی
کە وەک کەسێکی بێزارکەر لەمن دەڕوانن
زۆرجار بە بێهوودەییەوە
بە سەرمەستیەوە
بە نائارامی
ئاوەژوو دەبمەوە
خەتمی حیکایەتی مێشەکان دەکەم.

لەخۆم دەگەڕێم چی دەکا با بیکات،
بە تیلە چاوێک سەیری ئەستێرەکان دەکەم،
ئەستێرەکان خەریکن بخەون و ناخەون
باوێشک دەدەن،
منیش بێ ئەوەی زەینم لەخۆبێت
گرمۆڵەبوومە،
ڕۆژم لێ دێتەوە لەچاوەڕوانیتدا خەبەرم بۆوە.

————————————

پەلە لەخۆم دەکەم
خۆم
کۆدەکەمەوە
تا غیرەت بمگرێت و
خۆم پڕکەم لە تەنیایی،
خەریکە
دڵ لە دڵ دەدەم و
بەدڵ دەڵێم
لەم هەمووە فەرامۆشیەدا
جمەم دێت لە پەشیمانی.


mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish