Skip to Content

پێشبڕکێى نێوان ئەمریکا و تورکیا بۆ بەدەستهێنانى وزە لە دەریاى ناوەڕاست … م.ڕاستى رەسول

پێشبڕکێى نێوان ئەمریکا و تورکیا بۆ بەدەستهێنانى وزە لە دەریاى ناوەڕاست … م.ڕاستى رەسول

Closed
by حوزه‌یران 30, 2020 General, Opinion


ئایا تڕەمپ سەرۆکى وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا گڵۆپى سەوزى بۆ ئەردۆغان هەڵکردووە کە بەو شێوە بەرفراوانەى ئێستا هەنگاو بنێت؟, و نەسڵەمێتەوە، ئەگەر وانەبێت ئەردۆغان بۆ ئەو هەموو سەرکێشیە دەکات؟، و هێرش دەکاتە سەر چەندین ناوچە و ووڵات لەیەک کاتدا، ئایا تڕەمپ تەواو بێهیوا بووە لە ئەردۆغان بە هۆى سەرکێشیەکانى؟، بە تایبەتى ناردنى گروپە تیرۆریستیە چەکدارەکانى سوریا بۆ لیبیا، بۆ هاوکارى حکومەتى ویفاقى نیشتیمانى لیبى، بۆ لێدانى بەرژەوەندیەکانى میسر و سعودیە و ووڵاتانى ترى عەرەبى، و هەروەها پەلاماردانى هەرێمى کوردستان، لەهەمان کاتدا ناردنى هێزى دەریایى بۆ قوبروس دژى یۆنان، و فراوانکردنى قەڵەمڕەوى خۆى لە دەریاى ناوەڕاست، کە ئەمانە لێکدانەوەیەکى زۆر هەڵدەگرن، بە تایبەتى دەریاى ناوەڕاست بۆ ئەمریکا قووڵایەکى ستراتیژى هەیە، ئایا ئەمریکا بۆچى دەستبەردارى لیبیا بوو بۆ ئەردۆغان؟ و بۆچى لەهەمان کاتدا هێرشى کردە سەر باشوورى کوردستان؟ بۆچى هێزى لە باکورى قوبروس کۆکردەوە دژى یۆنان؟ هەموو ئەم پرسیارانە بە پێى ڕاڤەى سیاسى وەڵامەکە لە دوو ئەگەر دەرناچێت:-
یەکەمیان:- یەکێک لە ڕایەکان ئەوەیە کە پێدەچێت تورکیا لەگەڵ ئەمریکا ڕێک کەوتبێت بۆ ئەوەى ڕۆلى ئەمریکا بگێڕێت لە ناوچەکەدا، کە ئەمەش زۆر بۆچۆنێکى لاوازە، چونکە دوو لیپرسراوى گەورەى ئەمریکا (ئیریک ئیدلمان) نێردەى پێشووترى ئەمریکا لە ئەنقەرە، و هەروەها (چارلز وایەلد) لێپرسراوى سەربازى پیشووى ئەمریکى، پێیان وایە کە دەستوەردانى تورکیا لە لیبیا کێشەکە ئاڵۆزتر دەکات، بە شێوەیەک کە مەترسى لە سەر بەرژەوەندیەکانى ئەمریکا دروست دەکات لە ڕووى ووزەوە, کە ئەمەش ماناى وایە ئەم دەستوەردانە سەربازیەى تورکیا ڕاى ئەمریکیەکانى لەگەڵ نیە بە شیوەیەکى گشتى، و پیدەچێت بەشێکى زۆرى ئەمریکیەکان، لەناویشیاندا زۆرینەى ئیدارەى تڕەمپیش ڕازى نەبێت بەم کارەى توركيا، جگە لە تڕەمپ کە ئەویش بەفەرمى ڕاینەگەیاندووە ئایا پشتگیرى ئەم دەستوەردانانەى توركيا دەکات لە لیبیا، یاخود لە دەرەوەى ویستى ئەوە؟.
دووەمیان| ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە پێدەچێت ئەمریکا پێگەى سەربازى و سیاسى لە ناوچەکەدا لەدەستدا بێت و لاواز بوو بێت، بەشێوەیەک وایلێهاتووە ناتوانێت ڕێگرى لەو دەستوەردانە ئاشکرایەى تورکیا بکات لە لیبیا و قوبروس، هەتاکو ئاستى هەژموونى ئەمریکا هێندە لاواز بووە گەیشتۆتە ئاستێک کە هەندێک لە ووڵاتە عەرەبیەکان کە دۆستى نزیکى ئەمریکان، خەریکە جۆرى پەیوەندیەکانیان دەگۆڕن لەگەڵ ئەمریکا، و پەرەدەدەن بە پەیوەندیەکى پتەو لەگەڵ ڕووسیا و چین، کە ئەمەش هەژموونى ئەمریکا زیاتر لاواز دەکات، و رێگا بۆ ئێرانیش خۆش دەکات کە بە ئاسانى لاسایى تورکیا بکاتەوە و هەنگاو بنێت بە ئاڕاستەى لێدانى بەرژەوەندیەکانى ئەمریکا لە ناوچەکەدا، و ئەمەش وا لە ئەمریکا دەکات لە هاوکێشە نێودەوڵەتیەکان تەریک بکرێت، و هەروەها بەهۆى ئەمەشەوە کۆمەڵە دۆستێکى گرنگى ئەمریکا لە ناوچەکە تووشى زیان دەبن، بە تایبەتى ئیسرائیل و سعودیە.
لە نیوان ئەم دوو بۆچوونانەشدا بۆچونێکى تر هەیە کە کۆکراوەى بۆچوونى یەکەم و دووەمە، و پێى وایە ئەمریکا بەهۆى لاوازبوونى پێگەکەى ڕێگەى بە تورکیا داوە جێگاى بگرێتەوە و ببێتە ئەلتەرناتیڤ، کە ئەندامێکى کاراى هاوپەیمانى باکورى ئەتڵەسى(ناتۆ) یە، و لە هەمان کاتیشدا بەرژەوەندى زۆریشیان بەیەکەوە هەیە، ئمە جگە لەوەى ئەمریکا نایەوێت ووڵاتانى وەکو ڕوسیا و فەڕەنسا و بەریتانیا ببنە جێگرەوەى ئەو.
تورکیا بە ئاشکرا لە رۆژنامە فەرمیەکانیدا باس لەوە دەکات کە لە سنورە ئاویەکانى دەریاى ناوەڕاست لە نەوت و غاز دەگەڕێت، بە تایبەتى لە نزیک بەشە تورکیەکەى قوبروس و لیبیا، و ئەمەش ئەمریکاى زیاتر ناچارکردووە بڕیارێکى بەپەلە بدات، ئەویش بەهۆى ئەوەى ناکۆکیەکى توند کەوتۆتە نێوان میسر و ئیسرائیل و یۆنان و قوبروس لە لایەک کە زۆرترین سنورى ئاوى و هەژموونى دەریاییان لە ژیر کۆنترۆلدایە، هەروەها تورکیا لە لایەکى ترەوە.
ئەو دوو بەرپرسە باڵایانەى پیشووترى ئەمریکا نەیانشاردۆتەوە کە ئەمریکا لەسەرى پێویستە هێزى دەریایى خۆى لە دەریاى ناوەڕاستدا زیاتر بکات، و پێگەکانى خۆى بەهێزتر بکات، و ڕێگە لەو سەرکێشیانەى تورکیا بگرێت، چونکە ئەوان پێیان وایە نەک هەر بەرژەوەندیەکانى ئەمریکا، بەڵکو بەرژەوەندى ووڵاتە دۆستەکانى ئەمریکاش دەکەویتە ژێر کاریگەرى هەڕەشەکانى تورکیا، کە ئەوانیش میسر و ئیسرائیل و یۆنان و قوبروسن لە سەر دەریاى ناوەڕاست.
ئەوەى جێگەى سەرسوڕمانە ئەوەیە بۆچى تورکیا لە سەر کڕینى ئێس ٤٠٠ لەگەل ڕووسیا ڕێکەووتووە، و لە سوریاش هەمئاهەنگن، بەڵام لە لیبیا تورکیا پشتیوانى حکومەتى ویفاق دەکات، بەڵام ڕووسیا پشتیوانى سوپاى نیشتیمانى لیبى دەکات بە سەرکردایەتى خەلیفە حەفتەر، و پێدەچیت ئەم لەیەک دوورکەوتنەوەى ڕوسیا و تورکیاش لە لیبیا لە بەرژەوەندى ئەمریکا تەواو بێت، چونکە تورکیا ماوەى چەند ساڵێکە یارى لە نێوان ئەمریکا و ڕوسیادا دەکات بۆ بەدەستهێنانى دەسکەوتى کاتى زیاتر.
بەشێک لە چاودێران پێیان وایە ئەردۆغان هێزە سەربازیەکەى کە بەهۆى هاوپەیمانى باکورى ئەتڵەسى(ناتۆ) پڕچەک کراوە، لە بەرژەوەندى خۆى بۆ لێدان و داگیرکردنى ناوچە دەوڵەمەندەکانى بە نەوت و غاز بەکاردێنێت لە دەریاى سپى ناوەڕاست، کە ئەمەش ناتۆ ناچار دەکات هاوکارى و چەک و تفاقى سەربازى چیتر نەدەنە تورکیا، و تورکیاش بەمە دووچارى زۆرترین مەترسى تێکشکانى سەربازى و سیاسى دەبێتەوە لە ناوچەکە، کە ڕەنگە لە ئێستادا بەشێک لە نیشانەکانى دەرکەوتبن.

نوسینى |م.ڕاستى رەسول – ڕانیە

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish