Skip to Content

207 Views

نیگاری كاریكاتێری له‌ رۆژنامه‌گه‌ری منداڵاندا …. به‌شی -3- هه‌ندرێن خۆشناو

نیگاری كاریكاتێری له‌ رۆژنامه‌گه‌ری منداڵاندا …. به‌شی -3- هه‌ندرێن خۆشناو

Closed

چه‌ندین شت هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت هونه‌رمه‌ندی كاریكاتێریست له‌ رۆژنامه‌گه‌ری منداڵانه‌وه‌ ره‌چاویان بكات له‌وانه‌ش:

1- وێناكردنی شته‌كان:

2- جێبه‌جێكردنی نیگاره‌كان:
چه‌ند شتێك هه‌یه‌ له‌م بواره‌دا كه‌ نیگاركێش له‌ رۆژنامه‌گه‌ری منداڵاندا ده‌بێت پابه‌ند بێت پێیانه‌وه‌، ئه‌مانیش:

روونی و نیشانكردنی سنووره‌كان، هه‌ڵبژاردنی ره‌نگه‌كان كه‌ هه‌موویان په‌یوه‌ستن به‌یه‌كه‌وه‌، ئامانجی سه‌ره‌كی له‌ نیگاره‌كان له‌ رۆژنامه‌كانی منداڵاندا گه‌یاندنی بیرۆكه‌كه‌یه‌، نه‌ك پیشاندانی كارزانی و ده‌ستڕه‌نگینی، بۆیه‌ هێڵ و هێڵكارییه‌كان له‌ نیگاره‌كاندا ده‌بێت روون و دیار بن، ئه‌و ره‌نگانه‌ی كه‌ به‌كاردێن له‌ نیگاره‌كان ده‌بێت جیاواز بن له‌و ره‌نگانه‌ی كه‌ له‌ باكگراونده‌كان به‌كارهاتوون، هه‌روه‌ها ئه‌و ره‌نگه‌ به‌كارهاتووانه‌ ده‌بێت ره‌نگی كراوه‌بن بۆ حه‌سانه‌وه‌ی چاوه‌كان و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ڵێڵی و چوونه‌ناویه‌كی ره‌نگه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵ به‌ ئاسانی بتوانێت شته‌ نیگاركێشراوه‌كان له‌یه‌ك جیابكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها واباشتره‌ هێڵی ره‌ش به‌كاربێت بۆ دیاریكردنی سنوری ورده‌كاری شته‌كان، بۆ نمونه‌ گوێ و چاو و لووت و كراس و پانتۆڵ و كاتژمێر و قۆپچه‌ و شته‌كانی تر دیار و ئاشكرابن، ورده‌كارییه‌كانی دیكه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌، وا په‌سندتره‌ كه‌ هه‌موو ورده‌كارییه‌كان به‌ هێڵێكی ره‌ش دیاربكرێت، هه‌تا منداڵ كۆششێكی زۆر نه‌كات بۆ ناسینه‌وه‌ی گه‌وهه‌ری شته‌كان، په‌سه‌ندیش نیه‌ كه‌ نیگاره‌كان به‌ ره‌ش و سپی پێشكه‌ش به‌ منداڵان بكرێن، چونكه‌ چاوی منداڵ تام و چێژ له‌م ته‌كنیكه‌ وه‌رنارگرێت، و به‌رده‌وام وێنه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگی لا په‌سه‌ندتره‌ له‌ ره‌ش و سپی، شتێكی تریش كه‌ ده‌بێت باسی بكه‌ین له‌ رۆژنامه‌گه‌ری منداڵاندا كێشه‌ی هاوسه‌نگی نێوان نیگار و وشه‌یه‌، كه‌ كێشه‌یه‌كی گرنگه‌ و ده‌بێت باسی بكرێت، قۆناغی منداڵی له‌ نێوان چوار پێنج ساڵیدا تا پازده‌ ساڵی درێژه‌ ده‌كێشێت، بۆیه‌ ئاڕاسته‌كردن به‌ره‌و منداڵان له‌م بواره‌دا زۆر مه‌ترسی له‌خۆده‌گرێت، و پێویستی به‌ وریابوونه‌وه‌ هه‌یه‌، كاتێك كه‌ ئه‌و چیرۆكانه‌ی ئاڕاسته‌كراون بۆ منداڵانی ته‌مه‌ن پێنج ساڵی بۆ نمونه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌واو پشت به‌ شێوه‌كاری ده‌به‌ستن، كه‌چی ئه‌و چیرۆكانه‌ی كه‌ ئاڕاسته‌كراون بۆ منداڵانی ته‌مه‌ن حه‌وت ساڵی، ده‌بێت چه‌ند رسته‌یه‌كی ساده‌ی هاوشان بێت، كه‌ به‌ ئاسانی تێیبگه‌ن و بخوێندرێنه‌وه‌، و له‌ ته‌مه‌نی ده‌ ساڵیشدا، ده‌بێت رسته‌كان قورستربن، و له‌ ته‌مه‌نی پازده‌ ساڵیشدا ده‌بێت ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیه‌كه‌ ته‌واو و كامڵ بێت، و پشت به‌ گفتوگۆی پچڕپچڕ و تاكه‌ رسته‌ نه‌به‌ستێت، و شێوه‌كاریش ماوه‌ی ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیه‌كه‌ بدات و نه‌ختێك بچێته‌ دواوه‌، لێره‌دا باس له‌سه‌ر گرنگترین جۆره‌كانی هونه‌ر نیه‌، به‌ڵكو رۆژنامه‌گه‌ری منداڵان به‌ پله‌ی یه‌كه‌م كار بۆ پێشخستنی عه‌قڵ و هزری منداڵان ده‌كات، ئامرازه‌ پێویسته‌كانیش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌كارده‌هێنێت، كاتێك له‌و چیرۆكانه‌ی كه‌ ئاڕاسته‌ی منداڵانی ته‌مه‌ن پێنج ساڵی ده‌كرێن، وشه‌ تێیاندا وه‌لا ده‌نرێن، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م منداڵانه‌ هێشتا توانای خوێندنه‌وه‌یان نیه‌‌، له‌و چیرۆكانه‌ش كه‌ ئاڕاسته‌ی ته‌مه‌ن پازده‌ ساڵیدا ده‌كرێن، نیگار دێته‌ دواوه‌، مانای بێ بایه‌خی نیگار نیه‌، به‌ڵكو بواردانه‌ به‌م منداڵانه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی هزر و خه‌یاڵیان و پشت به‌خۆ به‌ستن، كاتێك كه‌ نیگار كولێره‌یه‌كی ئاماده‌كراو پێشكه‌ش به‌ منداڵان ده‌كات، ده‌قی ئه‌ده‌بی ته‌نیا هه‌ویره‌كه‌ی پێشكه‌ش ده‌كات، و بواری ده‌دات به‌خۆی كولێره‌كه‌ ئاماده‌بكات، نیگار پاڵه‌وانێك پێشكه‌ش به‌ منداڵان ده‌كات به‌ هه‌موو ورده‌كارییه‌كانیه‌وه‌ جلوبه‌رگ و ره‌نگی چاو، ده‌وروبه‌ری پاڵه‌وانه‌كه‌ و ئه‌و باكگراوندانه‌ی كه‌ رووداوه‌كان باسی لێوه‌ده‌كه‌ن، بوار به‌ منداڵ نادات كه‌ له‌ هزری خۆیدا وێنه‌كه‌ دروست بكات، ده‌قی ئه‌ده‌بیش وێنه‌ گشتیه‌كه‌ پێشكه‌ش به‌ منداڵ ده‌كات، بۆ نمونه‌ ئه‌و داره‌ی كه‌ پاڵه‌وانه‌كه‌ له‌ ژێریه‌وه‌ دانیشتووه‌، له‌وانه‌یه‌ له‌ هزری منداڵێكدا داری سنۆبه‌ر بێت و له‌ هزری یه‌كێكی دیكه‌ داری به‌ڕوو بێت، له‌ یه‌كێكی دیكه‌شدا داری سێو بێت و به‌مجۆره‌، پاڵه‌وانه‌كه‌ش له‌وانه‌یه‌ به‌ كراسێكی شین یان سوور بێت، منداڵه‌كه‌ زیاتر هزر و خه‌یاڵی خۆی به‌كاردێنێت، هۆیه‌كه‌ش لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ منداڵ له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌دا پێشوازی خه‌یاڵكردن به‌كاردێنێت، كه‌چی له‌ رێگای نیگاره‌كانه‌وه‌ پێشوازی بینین به‌كاردێنێت، ئه‌وه‌ی كه‌ زانراویشه‌ له‌ رێگای پێشوازی بینینه‌وه‌، شته‌كان وه‌كو خۆی له‌ هزردا ده‌مێننه‌وه‌، و ئه‌سته‌مه‌ گۆڕانكارییان به‌سه‌ردابێت، ئه‌گه‌ریش بوو ئه‌وا گۆڕانكارییه‌كی زۆر ساده ده‌بێت، بۆیه‌ له‌ ته‌مه‌ن پێنج ساڵیدا پشت به‌ستن به‌ ده‌قی ئه‌ده‌بی هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌بێت، هه‌روا له‌ ته‌مه‌نی پازده‌ ساڵیشدا پشت به‌ستن به‌ نیگار، ده‌بێته‌ هۆی نانه‌وه‌ی زیانێكی زۆر، له‌م روانگه‌یه‌وه‌ ده‌بێت هاوسه‌نگی له‌ نێوان وشه‌ و نیگاردا هه‌بێت له‌ بابه‌تی پێشكه‌ش كراودا، به‌ گوێره‌ی ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی كه‌ بابه‌ته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی ئاڕاسته‌ ده‌كرێت، له‌ ساڵانی دوایی ته‌مه‌نی منداڵیشدا، نیگار ده‌توانێت ببێته‌ هۆكارێكی یاریده‌ده‌ر بۆ تێگه‌یشتن و پێكهێنانی وێنایه‌كی سه‌ره‌تایی بابه‌ته‌كه له‌ خه‌یاڵی خوێنه‌ردا، بۆ بواردانی بۆ سه‌ره‌تایه‌ك، و دواییش بۆ ده‌رچوون به‌ تواناكانی خۆیه‌وه‌.

له‌م روانگه‌یه‌وه‌ش نیگاری كاریكاتێری له‌وانه‌یه‌ به‌شێك بێت له‌ كاریكاتێری زنجیره‌یی، له‌ ساڵانی سه‌ره‌تای قۆناغی منداڵیدا، به‌شێكیش بێت له‌ كاریكاتێری كۆمیكس، له‌ ساڵانی دوایی قۆناغی منداڵیدا هه‌روه‌ك باسمان كرد، واته‌ له‌ یه‌كه‌میان واز له‌ وشه‌ دێنێت، و له‌ دووه‌میشدا به‌ شێوه‌یه‌كی ساده‌ وشه‌ به‌كاردێنێت، له‌ ساڵانی پێشكه‌وتووی قۆناغی منداڵیشدا كاریكاتێر ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ كاریكاتێری هاوشان، كه‌ ڕۆڵی یاریده‌ده‌ر ده‌بینێت، نه‌ك بنه‌ڕه‌تی له‌ بابه‌تی رۆژنامه‌وانیدا، له‌وانه‌شه‌ به‌ شێوه‌ی دیكه‌ش بوونی هه‌بێت وه‌كو كاریكاتێری سه‌ربه‌خۆ، كه‌ جیاوازی له‌گه‌ڵ كاریكاتێرێكی ئاساییدا نیه‌، ته‌نیا له‌ ساده‌یی و روونی گونجاو بۆ تێگه‌یشتنی منداڵان، ئه‌م جۆره‌ نیگارانه‌ش ده‌توانرێت له‌ زۆرێك له‌ گۆڤاری منداڵاندا ببینرێن، تاكه‌ شت كه‌ ده‌بێت ره‌چاوی بكرێت كاتی پێشكه‌شكردنی ئه‌م جۆره‌ نیگارانه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت گونجاو بێت له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی ده‌روونی منداڵ و ئاستی وه‌رگرتنی بۆ شته‌كان، هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌بێت توانای به‌ پێكه‌نینهێنانی منداڵیشیان هه‌بێت، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێن له‌و نێوه‌ندانه‌ بن كه‌ منداڵ تێیاندا ده‌ژیت، وه‌كو ماڵ و خوێندنگا و ئه‌و یاری و وازیانه‌ی‌ كه‌ منداڵ ده‌یانكات و هاوشێوه‌كانیان، بۆ نمونه‌ ئه‌و نیگاره‌ كه‌ وێنای چۆنیه‌تی فڕینی پێڵاوی یاریزانێكی تۆپی پێ ده‌كات، و به‌ربوونه‌وه‌ی به‌سه‌ر سه‌ری ناوبژیوانه‌كه‌، له‌وانه‌یه‌ وێنه‌یه‌كی بێ بایه‌خ بێت بۆ كه‌سێكی پێگه‌یشتوو، به‌ڵام بۆ منداڵێك له‌وانه‌یه‌ بابه‌تێكی پڕ له‌ پێكه‌نین بێت، بۆیه‌ كاتی ڕوو له‌ منداڵ كردن نابێت نیگاركێشه‌كه‌ خۆی ماندووبكات له‌ گه‌ڕان به‌دوای بابه‌ته‌كه‌ی له‌نێو سیاسه‌ت و ئابووری و هاوشێوه‌كانیاندا، چونكه‌ عه‌قڵی منداڵ هێشتا توانای تێگه‌یشتنی ئه‌م جۆره‌ شتانه‌ی نیه‌، به‌ڵكو ده‌بێت بگه‌ڕێت به‌دوای مێشێك كه‌ له‌سه‌ر لووتی مامۆستایه‌ك نیشتۆته‌وه‌، په‌ڕاوه‌كانی خوێندنگای منداڵان و بابه‌ته‌ هاوشێوه‌كانی تر، كه‌ گونجاون بۆ عه‌قڵ و هزری منداڵ، بابه‌تی پێشكه‌شكراویش له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌نده‌وه‌، ده‌كرێت ساده‌تر بێت یان ئاڵۆزتر، به‌پێ ته‌مه‌نی منداڵه‌كه‌.

پێویسته‌ ئه‌وه‌ بگوترێت كه‌ رۆژنامه‌گه‌ری منداڵان پێویستی به‌ پسپۆریی هه‌یه‌، چونكه‌ كرداری گه‌یشتن وگه‌یاندن له‌گه‌ڵ منداڵاندا، به‌ یه‌كێك له‌ ئاڵۆزترین كرداره‌كانی گه‌یاندنی نێوان مرۆڤه‌كان ده‌ژمێردرێت، له‌به‌ر ئه‌و جیاوازییه‌ زۆره‌ی رێگای تێگه‌یشتن له‌ شته‌كان‌، و په‌یدابوونی به‌رده‌وامی پێوه‌ری نوێ له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌ نه‌وه‌یه‌ك بۆ نه‌وه‌یه‌كی تره‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌لای نه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ چێژی لێوه‌رده‌گیرا، له‌وانه‌یه‌ له‌لای نه‌وه‌ی داهاتوو بێزاركه‌ر و نا تێگه‌یشتوو بێت، ئه‌و شێوازانه‌ی بۆ په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ به‌كارده‌هات، له‌وانه‌یه‌ بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو كۆن بێت، چونكه‌ مرۆڤ له‌ پێشكه‌وتنی به‌رده‌وامدایه‌، و ئامرازه‌كانی گه‌یاندنیش هه‌روا، نه‌وه‌ گه‌نجه‌كانیش ئاستی زانینیان زیاتره‌، له‌چاو هاوته‌مه‌نه‌كانی خۆیان له‌ نه‌وه‌كانی پێشووتر، بۆیه‌ پێویستیان به‌ به‌ڵگه‌ی زیاتر و به‌هێزتر هه‌یه‌ بۆ قایلبوون، له‌ نه‌وه‌كانی پێشووتر، بۆیه‌ ململانێی نێوان باوكان و كوڕان جێگایه‌كی گرنگی هه‌یه‌ له‌ ئه‌ده‌بی جیهانیدا، له‌به‌رئه‌وه‌‌ پێویسته‌ تووشی سه‌رسوڕمان نه‌بین، كاتێك منداڵێك پێكه‌نینی به‌ رووكه‌شیانه‌ی زانیاریه‌كانی باوكی بێته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت شێوازی خۆمان په‌ره‌پێبده‌ین تاوه‌كو له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی منداڵه‌كانمان گونجاو بێت، سه‌ختی و دژواریه‌كه‌ش لێره‌دایه‌.

Previous
Next