Skip to Content

کۆمەڵناسی سینەمایی … نیهاد جامی

کۆمەڵناسی سینەمایی … نیهاد جامی

Closed
by ته‌مموز 1, 2020 Cinema, General, Slider


خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسیانەیە بۆ دنیای سینەمایی کژیستۆف کیشلۆڤسکی


بۆ ئەوەی بتوانین لەدنیای فیلمەکانی دەرهێنەری پۆڵەندی کژیستۆف کیشلۆڤسکی نزیک ببینەوە، پێویستمان بەوە دەبێت، سەرەتا خۆی وەک سینەماکارێک بناسین و ئەوسا بەر لەوەی بێینە ناو دنیای فیلمەکانی، پێویستە هەڵوەستە لەسەر ئەوە بکەین کە بۆچی ناوی ئەو وابەستە دەکەین بە کۆمەڵناسی سینەمایی؟ ئەو کۆمەڵناسیە ئاخۆ تایبەتە یاخود سەر بە لقێکیتری کۆمەلناسیە؟
بۆ ئێمە ئەو بابەتە گرنگی تایبەتی هەیە بۆ ناسینی ئەزموونی سینەمایی دەرهێنەرێک، کە دەیەوێت لەرێی سینەماوە توێژینەوەی دیاردەی کولتووریی و کێشە کولتووریەکانی ناو کۆمەڵگا بکات، ئەو لەڕێی فیلمەکانیەوە وەک کۆمەڵناسێک لەپشت توێژینەوە کولتوریەکانی دەردەکەوێت.
کیشلۆڤسکی کە لەدایکبووی ١٩٤١ ی شاری وارشۆی پۆڵەندایە، سەرەتا وەک دەرهێنەری فیلمی دۆکۆمێنتاری دەرکەوت، سەرەتای شەستەکانی سەدەی بیستەم تەکنیکی شانۆیی خوێندووە لەقوتابخانەی ئامادەیی، لە ١٩٧٠ بڕوانامەی دبلۆمی وەرگرتووە لە خوێندنگای فیلمی شاری ئوچ، هەر لەو خوێندنگایە لەژێر سەرپەرشتی هەردوو هونەرمەند کاژیمیژا و ێرزێگۆ بۆساکا یەکەم فیلمی دۆکۆمێنتاری درووست کردووە، لەژێرناونیشانی “ئۆفیس لەشاری ئوچ”
بۆیە ئەو دەرهێنەرە ئاشنایەتی لەنێوان شانۆ و دۆکۆمێنتاری و سینەمادا هەبووە، ڕاستە ئەو بەدوای وەرگرتنی بڕوانامەی دبلۆم لەفیلمی دۆکۆمێنتاری بەتەواوی لەشانۆ دوور کەوتوتەوە، بەڵام سینەما بۆ ئەو لەنێوان فیلمی دۆکۆمێنتاری و کورتە فیلم و زنجیرەو دواتریش هەرسێ فیلمی ڕەنگ دنیای ئەویان پێکهێنا، دنیایەک لە ١٩٩٤ بەدوای فیلمی “سوور” وازهێنانی خۆی ڕاگەیاند لەدرووست کردنی فیلم، وەک ئەوەی بزانێت دەبێت ئیتر خۆی بۆ مردن ئامادە بکات، دوو ساڵ دوای وەستانی هەر لەشاری وارشۆ ماڵئاوایی لەژیان کرد.
ئەو ڕۆژگارەی کە خوێندنی لەشاری ئوچ تەواو کرد وبڕوانامەری وەرگرت، لە ١٩٧٣ فیلمێکی تەلەفزیۆنی درووست کرد بەناوی “تونێلێک لەژێر زەوی”، ئەگەرچی بەردەوام بوو لەسەر درووست کردنی فیلمی دۆکۆمێنتاری، تاوەکو ساڵی ١٩٨٣ کاریدەکرد لەگەڵ کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فیلمی دۆکۆمێنتاری لەشاری وارشۆ.
هەلبەت ئەو دەرهێنەرە لەژیانی سینەماییدا خەڵاتێکی یەکجار زۆری وەدەست هێناوە، یەکەم خەڵاتیش کە وەریگرتبێت بەهۆی فیلمی دۆکۆمێنتاری “فەرمانبەرەکان” بووە لە ١٩٧٥ لە مانهایم، هەروەها لەسەرەتای ژیانیدا لەمۆسکۆ میدالیای ئارەزومەندانی پێبەخشراوە، دیارترین خەڵاتەکانیشی بەهۆی فیلمی “سێ ڕەنگ” کە سێ فیلمە هەریەکەی لەسەر ڕەنگێکە، لەوانە بە فیلمی “شین” خەڵاتی گۆیا بۆ باشترین فیلمی ئەوروپی و لەفێستڤاڵی ڤینیسیا خەڵاتی شێری ئالتونی، فیلمی “سپی” خەڵاتی باشترین دەرهێنان لەفێستڤاڵی بەرلینی سینەمایی، هەروەها بە فیلمی “سوور” خەڵاتی سیزاری فەرەنسیی وەرگرتووە.
سەرەتا بەمەبەستی نزیکبوونەوە لەنووسینی سیناریۆ بەشداری لەگەڵ پارێزەر کژیستۆف پیشیڤیچ دەکات بۆ نووسینی فیلمنامەی “بێ کۆتایی” فیلمەکەش درووست دەکەن، هەڵبەت ئەو پەیوەندییان درێژ دەبێتەوە بۆ کاتی کارکردن لە زنجیرەی “دە وەسیەتە” کە، لەلاپەرەکانی دواتری ئەم نووسینەدا بەدرێژی لەبارەیانەوە قسە دەکەین.
بۆ ئەوەی لەدنیای فیلمەکانی تێبگەین باشترین ڕوانین ئەو بۆچونەی سینەماکاری پۆڵەندی “ستانیسواڤ زاڤیشلینیشکی” ە کە لەبارەی کارەکانیەوە ناوی دەبات “پیاوێک لەسەنتەری داهێنان” تیایدا دەڵێت “بەرکەوتنی مرۆڤە لەگەڵ کۆمەڵگا ودەسەڵات و سیستم و ژینگە و خێزان و خودی خۆشی، تێوەگلانی کەسێتیە لەناکۆکی ووابەستەبوون و ململانێ، مرۆڤ پێویستە بەردەوام وەرگری هەڵبژاردەکانی بێت لەجیهانی بەهاکاندا، بەرپرسیاریەتی ئەو بەهایانەش لەئەستۆ بگرێت، لەیەککاتدا لەناو سیاسەت دەژیێت و لەدەرەوەی سیاسەتیشدایە، ڕووبەرووی گلەییکردنی هەمیشەیی دەبێتەوە بۆ ئازادی و دادوەریی ویەکسانی، ئەوەش گەڕانە بەدوای خۆشەویستی و بەختەوەری و تێگەیشتن”
ئەو ڕوانینەی زاڤیشلینیشکی بۆ فیلمەکانی کیشلۆڤسکی لێرەدا کۆتایی نایەت، بەڵکو لەوتارێکدا لەبارەی کیشلۆڤسکی کە سایتی کولتووریی پۆڵەندی بلاوی کردۆتەوە، لەبەشێکیتردا ئەو بەشەی تری نوسینەکەی زاڤیشلینیشکی بڵاو دەکاتەوە، کاتێک دەپرسێت “چۆن بژین؟ ئەو پرسیارە ئامادەبوونی هەیە لەتەواوی فیلمەکانی کیشلۆڤسکی جا دۆکۆمێنتاریەکان بێت یان خەیاڵیەکان”
ئێمە بۆ ئەوەی لەدنیای فیلمەکانی قسە بکەین، ناتوانین کۆی کارەکانی وەربگرین، بۆیە سێ ڕەنگ و زنجیرەی دێکالۆگ دەکەینە تەوەری قسەکردنمان، بەلام بەر لەو باسە پێویستمان بەدەرخستنی ئەو ڕاستییە کە ئەو نەک تەنها لەزنجیرەو فیلمەکاندا تەنانەت لە دۆکۆمێنتاریەکانیشیدا وەکو کۆمەڵناسێک دەردەکەوێت، بۆیە سینەما و فیلمسازی بۆ ئەو دەرهێنەرە وێستگەیەکی گرنگی کۆمەڵناسی سینەماییە.
بۆ تێگەیشتن لەکۆمەڵناسی و کۆمەڵناسی سینەمایی سەرەتا هەوڵ دەدەین تێگەیشتنێکی بەرایی لەو بارەیە بخەینە ڕوو، ئەوسا بچینە ناو دنیای فیلمەکانەوە.
کۆمەڵناسی زانستێکە توێژینەوە لەبارەی ژیانی کۆمەڵگا دەکات، لەوەشدا لەژیانی گروپەکان و ژیانی کۆمەڵایەتی خێزان و تاقمەکان دەکۆڵێتەوە، دەرخستنی کێشەکان و قسەکردن لەبارەیانەوە مەبەستێکی سەرەکی ئەو زانستەیە، ململانێی کۆمەڵایەتی و کێشە کولتووریەکان و هەموو ئەو باسانەی پەیوەندی بە ژیانی کۆمەڵایەتیەوە بێت لەبارەیەوە دەکۆڵێتەوە.
کۆمەڵناسان بوارەکانی کۆمەڵناسی بۆ سەر گەلێک بوار پۆلین دەکەن، لەوانە “کۆمەڵناسی سیاسی، کۆمەڵناسی مێژوویی، کۆمەڵنسی پزیشکی، کۆمەڵناسی یاسایی، کۆمەڵناسی هونەریی، کۆمەڵناسی ئاینی، کۆنمەڵناسی ئەدەبی”
ئەگەرچی بەشێک لەکۆمەڵناسان بڕوایان وایە کۆمەڵناسی هونەری لقێکە لەناو کۆمەڵناسی ئەدەبی، بەو پێیەی کۆمەڵناسی ئەدەبی قسە لەبواری سینەما و شانۆش دەکات، بۆیە کۆمەڵناسی هونەری بوارێکی سەربەخۆ نیە، بەڵکو لقێکە لەناو کۆمەڵناسی ئەدەبیدا، ئەوەیان جێی ئەو نووسینە نیە لەبارەی جیاوازیەکانی بدوێین، هێندەی مەبەستمان تێگەیشتنێکی بەرایی کۆمەڵناسی سینەماییە، کە خۆی لەناو کۆمەڵناسی هونەریەوە هاتۆتە بوون، کە دەکرێت مناڵی ناو کۆمەڵناسی ئەدەبیش بێت.
ئەو کۆمەڵناسیە توێژینەوە ئەنجام دەدات لەبارەی ڕەنگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی لەناو سینەماو کاریگەری سینەماش بەسەر کۆمەڵگادا، لێرەدا پەیوەندی نێوان سینەما و کۆمەڵگا دەبێتە تەوەری توێژینەوەی ئەو بوارە.
ئەوە ڕينگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتیە سینەما دەکاتە پێویستیەکی ناو ژیان، لێرەدا چیرۆک کە لەبیرۆکەوە بەرەو سیناریۆ هەنگاو دەنێت دەبێتە چۆنیەتی نووسینەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی لەناو فیلمدا، سەرەنجام ئەوە سینەمایە کاریگەری بەسەر کۆمەڵگا جێدێلێت، بۆیە سینەما وکۆمەڵگا هەر یەکەیان کاریگەریان بەسەر یەکتریەوە هەیە.
ئەو کاریگەریە بنەمای خولقاندنی بوونێکی نوێیە کە وادەکات دەرهێنەری سینەمایی بتوانێت وەک کۆمەڵناسێک پەیوەندی کۆمەڵایەتی سەر لەنوێ بنیات بنێتەوە، ئەوە دیدی کۆمەڵناسیانەیە بۆ سینەما وا دەکات دەرهێنەر کار لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی بکاتەوە، بۆیە کاتێک سەیری کارەکانی کیشلۆڤسکی دەکەین، بەتایبەت لەزنجیرەی “دێکالۆگ” لەو ڕاستیە تێدەگەین، دەرهێنەر وەک کۆمەڵناسێک وێنەیەکی ڕوونی کۆمەڵگای پۆڵەندی دەخاتە ڕوو، وێنەیەکی کۆمەڵناسیانە کە نیشانمان دەدات، کۆمەڵگا خاڵی نیە لەکولتوور، بەڵکو ئامادەبوونی کۆمەڵایەتی ئامادەبوونی کولتووریی کۆمەڵگایە.
بۆ ئەوەی کولتوور بە کەلەپوور ڕاڤە نەکەین ناچارین ئەوە بخەینە ڕوو، کولتوور میراتێکی نێو ڕابردوو نیە، بەڵکو وابەستەی کۆی مێژووی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگایە، لەئێستادایە وەک چۆن دابڕاو نیە لەڕابردوو، وێناکردنە بۆ داهاتووش، کەلەپووریش بەشێکە لە کولتوور، بەڵام بەهیچ شێوەک کوولتور بەشێک نیە لە کەلەپوور، بۆ ئەوەی ووردتر لە کوولتور تێبگەین ئەو پێناسەیەی تایلۆر دێنینەوە کە کولتوور ناو دەبات بە بەو گشتە ئالۆزەی هونەرو فیکر و زانست و نەریت و ئاین و کۆی ئەوەی لەکۆمەڵگا فێری دەبین.
هەموو ئەمانەش لەناو “دێکالۆگ” بەووردی دەیبینین، هەربۆیە لەسەرەتاوە دێت، ئاین خاڵی ناکاتەوە لەو بابەتە بۆیە بیرۆکە لە تەوراتەوە وەردەگرێت، تاوەکو ئازارەکانی کۆمەڵگای پۆڵەندی بگەڕێنێتەوە ناو ئەو تێگەیشتنە ئاینیەی کە وەک کولتووری کۆمەڵگایە، لەوەشدا دەرهێنەربەناو کۆمەڵناسی ئاینی زەمینەی کۆمەڵناسی هونەری دەخوڵقێنێت، بەو پێیەی کۆمەڵناسی ئاینی پەیوەندی ئاین و گەشەی کۆمەڵایەتی دەخاتە ڕوو.
بۆیە ئەگەر مرۆڤ بوونەوەرێکە خاوەنی ئازارو نهێنی تایبەتی خۆیەتی، کاتێک ئازار دەبێت بە هونەر ئەو ساتە دەرگا بۆ گفتوگۆیەکی قوڵ لەبارەی نهێنیەکان دەکاتەوە، ئەوە کاری هونەریە دێت لەو بارەیەوە دەکۆڵێتەوە، هونەرمەند لەو ساتەدا وەک کۆمەڵناسێک لەسەر ساتەوەختەکانی کۆمەڵگاکەی خۆی کار دەکات، ئەوەش وا دەکات باشتر ئەو کۆمەڵگایە لەڕێی هونەرەوە بناسین، کیشلۆڤسکی بۆ ئەو تێگەیشتنە کۆمەڵناسیە دەگەڕێتەوە بۆ ناو تەورات و بەتایبەت بۆ دە وەسیەتەکەی موسا، بۆیە ناو لەزنجیرە دە ئەلقەییەکەی دەنێت “دێکالۆگ” کە ناوەکە پۆڵەندیە واتە دە وەسیەتەکە.
ئەگەرچی بەشێک لەڕەخنەگرانی بواری فیلمسازی بڕوایان وایە بەهیچ جۆرێک کاری لەسەر ئەو دە وەسیەتە نەکردووە، هەڵبەت دوای بینین ئەوەمان بۆ دەدەکەوێت، دە وەسیەت کە بووە بە دە چیرۆک و زنجیرەی تەلەفزیۆنی کە ساڵی ١٩٨٩ بۆ کەناڵی تەلەفزیۆنی پۆلەندی تۆمار کراوە، زیاتر خوێندنەوەی بونیادی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای پۆلەندیە، کە وێنەیەکی روونی ژیانی رۆژانەی ئەو کۆمەلگایە دەخاتە ڕوو.
کیشلۆڤسکی هەوڵیداوە مانایەکی قوڵ بەو تێگەیشتنەی موسا ببەخشێت، ئەگەر موسا لەیەکەم وەسیەتەکەدا دەڵێت “تەنیا خودای تاک بپەرستە” لە ئەلقەی یەکەمی ئەو زنجیرەیەدا دەبینین، بوون و مەرگ دەبنە تەوەری سەرەکی ڕووداوەکان، بوون وابەستەی پرسیارکردنە لەبارەی خوداوە، ئەوە ململانێی نێوان دوو دیدە لەرێی خوشک وبرایەک هەریەکەی سەر بە ئایدیایەکی بیرکردنەوەیە.
خوشک هەڵگری دیدی دینی وەسیەتەکەیە، بەڵام براکە دژە ئەو دیدە دینییە و بڕوای بە زانستە، لەو نێوەندەدا مەرگ دەبێتە پرسیاری مناڵێک بۆ تێگەیشتن لەبارەی بوون وەک مەرگ، کە سەرەنجام گەڕانی مرۆڤ لەنێوان زانستدا هیچ مانایەکی نابێت جگە لەوەی تەنیا یادەوەریەک دەخولقێنێت، وەک چۆن بۆ تێگەیشتن لەبوونی خودا خوشک کاتێک کوری براکەی باوەشی لێ دەدات، پێی دەلێت هەستت چی بوو؟ منالەکەش دەڵێت خۆشم ئەوێی، خوشکەکە پێی دەلێت خودا ئەوەیە.
ئەو دەمەی لەباوەشی کەسێکدا هەست بە خۆشەویستی دەکەیت، تێدەگەیت خودا ئەوەیە کە هەستی پێدەکەیت، دەشێت هەستکردن لەو ساتەدا خۆشەویستی بێت، بەواتای خودا خۆشەویستیە، لێرەوە ململانێی بوون و مەرگ پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و یادەوەریە، ئەوەی مرۆڤ دەیهێلێتەوە لەبوون تەنیا یادەوەریە، ئەوەش کە مەرگ لەگەڵ خۆی دەیبات ژیانی مرۆڤە.
ئەو تێگەیشتنە دەنگی کۆمەڵگایە بۆ خودا و تێگەیشتنی کۆمەلناسی ئاینیە بۆ وێنەی ڕوونی ئەو کۆمەڵگایە، بۆیە زانست لەشوێنێکدا پەکی دەکەوێت، چونکە ئەوە دیدی کۆمەڵایەتیە کە زاڵبوونی ئاین دەسەپێنێت، نەوەک دەرهێنەر ئەوەی بەسەر کارەکە سەپاندبێت، ئەو تەنیا وەک کۆمەڵناسێک ئەوە بەرجەستە دەکات.
هەر ئەلقەیەک فیلمێکی سەربەخۆیە وەک ڕووداو، هێندە هەیە هەردوو چەمکی خوداو نائومێدی لەسیناریۆکەدا کاری لەسەر کراوەتەوە، بۆ ئەوەی لەبیرۆکەی کارەکە باشتر تێبگەین، بۆیە لەهەر قسەکردنێک سەرەتا هەوڵ دەدەین وەسیەتەکەی موسا بنووسین، ئەلقەی دووەم تایبەتە بەو وەسیەتەی دەڵێت “بتەکان مەپەرستە”
لێرەدا ناراستەوخۆ دیدێک هەیە، رەخنەگرتنە لەعەشق، بەواتای عەشق مەکە بە بتێک بۆ پەرستن، ژنێکی کەمانجەژەن لەنێوان دوو پیاو گیری خواردووە، ئەوەی یەکەم هاوسەرەکەیەتی کە نەخۆشیەکی کوشندەی هەیە، لەنەخۆشخانە کەوتووە لەنێوان ژیان و مەرگدایە، ژنە بۆ خۆی سکی پڕە، بەلام ئەو مناڵەی دەیەوێت بێتە دنیاوە لەهاوسەرەکەی نیە، بەلکو لەئاوازدانەرێکی مۆسیقیە، ئەگەر مێردەکەی چاک بێتەوە، نابێت مناڵەکە بێتە ژیانەوە، گەر مناڵەکەش لەبار ببات عاشقە مۆسیقیەکەی لەدەست دەدات.
کچە کەمانجەژەنەکە لەلایان دکتۆرەکەوە ئاگادار دەکرێتەوە کە مناڵەکەی لەبار نەبات، چونکە هاوسەرەکەی دەمرێت، بۆیە دەگەڕێتەوە تیپی ئۆرکستراکە، ئەوەی چاوەروانی نابین ئەوەیە ڕوو دەدات، هاوسەرەکەی نامرێت، بەڵام ژنەکەشی لەگەڵی دەمێنێتەوە، چونکە لەدوا دیمەن دەبینین پیاوە نەخۆشەکە هەستی خۆی بۆ دکتۆرەکە باس دەکات، وەک ئەوەی تازە لەمردن گەڕابێتەوە، بەتایبەت هەستی باوکێتی و هاتنی مندالێک بۆ دنیا، لێرەوە نائومێدی دەگۆڕێت بە ئومێد، ژیان لەگەڵ مناڵێک سەرەتایەکی نوێیە مناڵێک ئەو بێ ئەوەی بزانێت هی ئەو نیە، بەلام دەتوانێت ببێت بە خەونی سەرەتایەکی نوێ بۆ ژیان.
هەمیشە هێلێک هەیە بۆ رۆنانی درامی کەوا زنجیرەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە، بێ ئەوەی دەستکاری سەربەخۆیی چیرۆکەکان بکات، ئەوەشیان دەتوانین لەدوو ئاماژەدا بخەینە ڕوو، یەکەمیان بوونی کارەکتەرێکە لەزۆربەی چیرۆکەکان دەردەکەوێت، کارەکتەرێک بەسەر پایسکیلەوە هیچ ناڵێت تەنیا وەک چاودێری رووداوەکانە، لەکۆمەلناسێک دەچێت توێژینەوە لەبارەی کۆمەلگا بکات و ڕووداوەکان بخوێنێتەوە، وێنەیەکی ڕوونی دەرهێنەرە وەک کۆمەلناسێک، ئاماژەی دووەمیش ئیشکردنەوەی هێلێکی ناو سیناریۆکەیە کە لەبەشی دواتر بەجۆرێکیتر دەردەکەوێتەوە.
لەئەلقەی سێیەمدا ئەوەی فراوان دەبیت پەیوەندی مرۆڤە بەخۆشەویستی پێشووی دوای ژیانی هاوسەری، لەشەوی کریسمدا ژنێک پەیوەندی بەخۆشەویستە کۆنەکەی دەکات کە هاوسەرەکەی وون بووە تا بەرەبەیان بەدوای دەگەڕێن، سەرەنجام دەردەکەوێت هاوسەری ئەو ژنە سێ سالە لەگەل ژنێکیتر هاوسەرگیری کردووەو منالیشی هەیە و پەیوەندی بەو نەماوە، تەنیا ویستویەتی لەشەوی کریسمدا تا بەرە بەیان لەگەل خۆشەویستەکەی پێشووی بێت، ململانێی درامی لەو شوێنەی دەگاتە لوتکە ئەوا دەرهێنەر دەیهێنێتەوە خوارەوە تاپێمان بڵێت کۆی چیرۆکەکان تەنیا گەمەی ژنێکە بۆ ئەوەی خۆشەویستەکەی پێشووی ئەمشەو لەگەل ژن ومنالەکانی ژیان نەباتە سەر، لەکاتێکدا ژنی خۆشەویستەکەشی دلنیایە کۆی قسەی مێردەکەی درۆیە و ئەوان ئەمشەو ژوانیان هەیە، ئەو درۆیە گەڕانەوەیە بۆ وەسیەتی سێیەم کە دەڵێت “بەدرۆ سوێند مەخۆ بەخودا”
بۆ ئەوەی بچینە ناو مانای پیرۆزی خێزان، سەرەتا پێویستە بگەڕیینەوە لای موسا کە دەڵێت “رۆژی شەممەت لەیاد بێت بۆ پیرۆزکردن”
چونکە چیرۆکی چوارەم قسەکردنە لەپیرۆزگەرایی خێزان، کاتێک نهێنی دەردەکەوێت ئیدی ئەفسوونی ئەو پەیوەندیە بەتاڵ دەبێتەوە، نامەیەک دەتوانێت کۆی پەیوەندیەک تێکبدات، نامەیەک گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو، رابردوویەک دەردەکەوێت ئەو پیاوەی لەماڵەوە لەگەلیدایت باوکی تۆ نیە، دایکت بەر لەسەرە مەرگ وای بۆنووسیویت، سەرەنجام مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت شتەکان دوای ئەو دۆخە چاک بکاتەوە دەبێت بچێتە ناو دنیای بەر لەئاشکرابوونی نهێنی، لێرەدا نهێنی چەمکێکە وەک پردی پەرینەوەی چیرۆکی سێیەم بۆ چوارەم.
ئەلقەی پێنجەم کارکردنە لەسەر وەسیەتی ” کەس مەکوژە” سێ کارەکتەر بەسێ ئاراستەی جیاوازدا دەڕۆن، شوفێری تاکسیەک پیشەکەی بۆ فریودانی ژن بەکار دێنێت و کارەکەی خۆی ناکات، کاتێک خەلکانێک پێویستیان بەتەکسیە و دەستی لێ ڕادەگرن بۆیان ناوەستیت.
گەنجێکی خوێندکاری یاسا کە بڕوانامەی پارێزەری وەردەگرێت، لەپاڵ کارەکتەری سێیەم هەرزەکارێکی توڕە هەمیشە کاردانەوەی توندوتیژی لەسەر شەقامەکان لێ بەدی دەکرێت، بڕیار دەدات سواری تەکسی بێت وشوفێرەکە هەر کێ بێت بیکوژێت، رقێکی گەورەی لەبەرامبەر مرۆڤەکان هەیە، سەرەنجام ئەو شوفێری تاکسیە دەکوژێت، کوشتنێک بەدڕندەترین شیوە ئەنجامی دەدات، کاتێک پارێزەرەکە لەدادگا داکۆکی لێ دەکات دۆسیەکە دەدۆرێنێت، هەڵبەت تا ئێرە ئەوەی دەمانەوێت لەبارەیەوە بیخەینە ڕوو، ئەو وێنەییە کە توندوتیژی و ڕێزنەگرتن لەوانیتر دیاردەیەکی وردە کولتوور نیە هاتبێتە ناو کولتووری پۆڵەندیەوە، بەڵکو کولتوورێکە مرۆڤگەلێک بۆ خۆیان دەیخوڵقێنن، لەجۆری هەرزەکارەکە، کە سەرەنجام توندوتیژی بەرەو کوشتن پاڵیدەنێت، کوشتنێک گەر ئەنجام نەدرێت بەدلنیاییەوە دۆخەکە دەچێتە ئاستێکیترەوە، کە بەر لەسێدارەدانی دەرهێنەر لەرێی پارێزەرەکەوە جۆرە هاوسۆزیەک لەگەل بکوژ نیشان دەدات، بەڵام سەرەنجام ئەو لەسێدارە دەدرێت، بۆ ئەوەی ئەو کۆتاییە بوونی نەبێت دەبوو تاوان نەبێت.
ئەوەی دەمانپەرێنێتەوە بۆ چیرۆکی شەشەم کارەکتەری هەرزەکارە لەکۆمەلگادا، بەلام لەم چیرۆکەدا تەواو جیاواز، هەرزەکارێک بالەخانەکەی کەوتوتە بەرامبەر باڵەخانەی خانمێک، هەمیشە چاودێری دەکات، ئەگەرچی خانمەکە لەو بەتەمەنترە بەڵام جۆرە هۆگریەک نیشان دەدات، کە هەرزەکارەکەی پێشوومان بیر دێنێتەوە، مەرگی خوشکەکەی پاڵیدەنێت بۆ رق و کوشتن، ئەو کارەکتەرەی چیرۆکی شەشەم بەدوای خۆشەویستیەکی ئۆدیبی دەگەڕێت کە لەو ژنەدا دەیبینێتەوە.
لێرەوە هەوڵەکانی گەنجەکە دەردەکەوێت بۆ ئەوەی خانمەکە هەست بەخۆسەویستی ئەو بکات، چونکە لەڕاستیدا کەوتۆتە خۆشەویستیەوە، لەکاتێکدا دەبینێت خانمەکە دۆستێکی هەیە و بۆ ماڵەکەی دێت، ئەو دەمەی دەزانێت شیر لە مارکێت بۆ خانمەکە ناچێت ئامادە دەبێت بچێت ئەو کارە بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت کارێک بکات کە خواستی دڵیەتی نەک ئارەزوی نزیکبونەوە.
ئەوە سەرەتای هۆگربوونی مرۆڤێکە بە عەشقی کەسێک کە لەخۆی بەتەمەنترە، لێرەدا ئێمە بەجۆرێک پەیوەندی ناو ئەو کۆمەلگایە ئاشنا دەبین، دۆخێک کە لەسەر شەقام دوو مرۆڤ دەبینین جیاوازی تەمەنیان هەیە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دۆخی دەروونی کارەکتەرو سۆزێک کە یەکێک لەوان لێی بێبەش بووەو دەیەوێت لەو ڕێگایەوە وەدەستی بێنێتەوە.
گرنگترین خالێک لەو عاشقبونەوەدا ئەوەیە کوڕەکە ڕاستەوخۆ بۆ خانمەکە ڕایدەگەیەنێت ئەو خۆشی دەوێت، بەلام هیچی لێی ناوێت، هیچ نەویستن خاڵی کردنەوەی عەشقە لەجەستە، پەیوەندیەکە پێویستی بە جەستە نیە، هێندەی هەولێکە بۆ خۆشویستنی ئەویتر.
کاتێک خانمەکە دەیەوێت جەستەی پێ ببەخشێت، بەڵام کورە هەرزەکارەکە ڕادەکات، هەست دەکات بەم شێوەیە خۆشەویستەکەی ناوەوەی دەکوژرێت، هەوڵی خۆکووشتن دەدات، لەوێوە خانمەکە عاشقی دەبێت و دوای دەکەوێت، بەڵام ئیدی لەو ساتەوە عەشقەکەی ناو ئەو کوژراوە، بۆیە ئەوەی پێ دەڵیت کە چیتر چاودێری ناکات.
لێرەدا دەپرسین کام وەسیەتی موسایە لەم زنجیرە کاری تیا کراوە؟ هەڵبەت ئەوە ڕووی شاراوەی ئەو وەسیەتەیە کە دەلێت “زینا مەکە” هەڵبەت نەکردن لێرەدا بۆ گەنجەکە پەیوەست نیە بە ئاینەوە، هێندەی تێگەیشتنی مرۆڤە بۆ خوشەویستی، بۆ ئەوەی خۆشەویستی مانای خۆی وەربگرێت، ناکرێت ئەوەی خەلکیتر دەیکات عاشق بیکات، بەواتای دنیای عاشق دنیایەکی جیاواز، ئەو کەسەکەیتر نیە هەر هێندەی پێیگەیشت و سێکسی لەگەڵ بکات.
بۆ ئەوەی بچینە ناو چیرۆکی حەوتەم، بەبێ تێگەیشتن لەوەسیەتەکەی موسا سەختە لەجەوهەری کارەکە تێبگەین کە بۆچی ڕووداو بەو ئاقارەدا دەڕوات، موسا دەلیت ” رێز لەدایک و باوکت بگرە”
ئێمە سەرەتا لەوەدا وا پێشبینی دەکەین کە بۆ مناڵەکان بێت کە رێز لەدایک وباوکیان بگرن، بەڵام لەڕاستیدا لەناو ئەو ڕووداوانەدا دەبێت بیرمان نەچێت مناڵەکان کە دەبن بە دایک و باوک، پێویستە دایک و باوکانیان ئەوانیش ڕێزیان لێبگرن، کچەکەیان کە کچێکی هەیە بەهۆی ئەوەی لەپەیوەندیەکی خۆشەویستی لەگەل مامۆستای خوێندنی درووستی کردووە، دایکەکە مافی دایکایەتی لەکچەکەی دەسەنێتەوەو بەناوی خۆی تۆماری دەکات، نەک هەر ئەوەش بەڵکو بەمناڵەکەش خۆی وەک دایک دەناسێنێت، بۆیە کچەکەیان ناچار دەبێت کچەکەی خۆی بڕفێنێت، لێرەوە ڕووداوەکان دەڕۆنەوە ناو یادەوەریەک کە ئەو ئێستایەی خولقاندووە، سەرەنجام پیاوێک دەناسین کە باوکی مناڵەکەیە، بەڵام دۆخێک کە لەرابردوو ڕوویداوە، هەموو شتێکی شێواندووە، سەرەنجام کە کچ و مناڵەکە لەوێستگەی شەمەندەفەر دەدۆزرینەوەو کچەکە دەچێتە باوەشی نەنکی کە بە دایکی خۆی تێدەگات، ناچار لەو کاتە کە شەمەندەفەر دێت، دایکە ڕاستەقینەکەشی بەتەنیا دەڕوات و سەفەر دەکات، هەموویان کچەکەی و دایک و باوکی نیگەرانی رۆیشتنی دەبن، بەڵام ئەوە ساتێکە نەیانتوانی لەماوەی شەش ساڵدا رێز لەدایکایەتی ئەو بگرن.
ئێمە لەم زنجیرەیەدا ڕووبەرووی چیرۆکێکی دڵرەقانە دەبینەوە، ڕووداو بەشیوەیەک لەگەڵ خۆی دەمانبات توانای ئەوەی هەیە، وامان لێبکات لەزەمەن تێبگەین، شەش ساڵ لەخۆگرتن و بێدەنگی و دڵڕەقی نابینین، بەڵام لەرێی هەستی دایکێکەوە بیر لەو بۆشاییە دەکەینەوە، کە لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوو کەوتۆتە نێوان ئێمەی بینەر وستاڤی ئەکتەرەکانی ئەم چیرۆکە.
بۆ ئەوەی لەڕابردوو تێبگەین پێویستە چیرۆکەکان بگێڕینەوە، ئەو تێگەیشتنە وا دەکات هێزێکی پتەو بە سیناریۆ بدات، لێرەوە دەرهێنەر بۆ بیرۆکە پەنا ناباتە بەر بابەتی ئالۆز، هێندەی وەسیەتەکەی موسای هێناوە وەک بیرۆکە و سیناریۆی لەسەر درووست کردووە، بیرۆکە ئەو زەمینەییە بۆ ڕووداو کە بیرۆکە لەپشتی کار دەکات، تا ئاستی ئەوەی لەسەر لایەنی دەروونی کارەکتەر کار دەکات، کە ئیدی بیرۆکە سەرەکیەکەمان بیر دەچێتەوە، وەک لەچیرۆکی هەشتەم “چاوت لەشتی کەسە نزیکەکانت نەبێت” خانمێک دەردەکەوێت تا بچێتە هۆلی وانەوتنەوەی خانمە پرۆفیسۆرێک، لەوێوە گێڕانەوەی چیرۆکەکان دەبنە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، کە چۆن پێشتر ئەوان یەکتریان ناسیووە و نەیانتوانیوە خانمی میوان کە منالکارێک بووە ڕایبگرن و لەدەستی مەرگ رزگاری بکەن.
بیرۆکەی ئەلقەی نۆیەم “بەدرۆ سوێند مەخۆ” کاتێک پیاوێک کێشەی سێکسکردنی بۆ درووست دەبێت، ژنەکەی باس لەوە دەکات ئەوە گرفتێک نیە بۆ ئەو لەگەڵی دەمێنێتەوە، بەڵام ڕووداوە ناراستەوخۆکان گومانی پیاوەکە دەبەنە ناو یەقین، کاتێک دەبینێت چۆن ژنەکەی دەستی لەگەڵ هەرزەکارێک تێکەڵ کردووە، بەلام چارەسەری درامی بۆ چیرۆکەکە ئەوەمان بۆ دەخاتە ڕوو هەڵەکردن کۆتایی شتەکان نیە و دەکرێت چاک بکرێنەوە، ئەگەر لەدواهەمین ساتەکانی ژیانیشی بێت دەکرێت مرۆڤ بەو درۆیەدا بچێتەوە کە سوێندێکی خوارد کە راست نەبوو، ئەوەش چارەسەرێکیتری پەیوەندیە، هەڵبەت لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەو دۆخە بکەین، کە گەر ئەو تێگەیشتنە لەکۆمەلگای خۆرهەڵاتی کۆتاییەکەی بە مەرگ تەواو بێت، بەڵام گوتاری ژیاندۆستی و ئومێد لەو چیرۆکەدا وابەستەی تێگەیشتنی مرۆڤی خۆرئاواییە، کە تێگەیشتنێکی ڕوونی کۆمەلگای پۆلەندی تیا دەخرێتە ڕوو.
دوا چیرۆک تەواو مانایەکی جیاواز دەبەخشێت، بیرۆکەی ئەو زنجیرەیە بریتیە لە ” دزی مەکە” مەرگی باوک و بەجێهێشتنی میراتێک کە پولی پۆستە و دەستنووسە کۆنەکانن، وەک میراتێکی کولتووریی دەمێنێتەوە، هەردوو کوڕەکەی خێرا دەیانەوێت بیفرۆشن، پەیوەندی بە ناوەندو کەسە بازرگانەکانی ئەو بوارە دەکەن، تەنانەت چاوچنۆکیان دەگاتە ئەو ئاستەی بۆ ئەوەی دەستیان بەسەر پولێکی گرانبەها بکەوێت، یەکێک لەبراکان گورچیلەیەکی خۆی دەبەخشێت، سەرەنجام بەدەستی خاڵی لێی دێنە دەرەوە، دزیان لێدەکرێت و تەواوی ماڵەکە دەدزرێت، ئەوە وا دەکات براکان شکات لەیەکتر بکەن و یەکتری تۆمەتبار بکەن، دواتر تێدەگەن دزەکان بازرگانانی ئەو بوارەن، لەیاریەکی رێکخەردا کارەکە ئەنجامدراوە.
لێرەدا چەمکی دزیکردن لەچەندین ئاستدا مانا دەبەخشێت لەلایەک مناڵەکان ویستیان میراتی کولتووریی و سی سالەی رەنج و شەونخونی باوک بەهەدەر بدەن، لەلایەکیتر جەستە وەک خود دەدزرێت و ئەوەی هەشە کەسانی نابەرپرس دەیدزن، بەلام بۆچی نایدزن، کاتێک کەسە نزیکەکان نەتوانن داکۆکی لێبکەن، لێرەدا ئەو وێنەیەی کۆمەلگای پۆڵەندی ڕووبەرووی رەخنە دەبێتەوە، وێنەیەک کە پێویستە بەر بە دزینی کولتووریی بگیرێت و ڕێگە نەدرابێت، میراتەکانی کۆمەلگا بەدەر بدرێت، بۆیە دوا چیرۆک توانای ئەوەی هەیە وێنە کۆمەلایەتیەکەی کۆمەلگا بەتەواوی بخاتە ڕوو، گەر پێشتر لەسەر ئاستی پەیوەندی خێزانی و مناڵەکان و چۆنیەتی ژیان کاری دەکرد، ئەوا لەدوا چیرۆکدا زنجیرەکە دەبێتە ڕووبەرێکی کۆمەلناسیانە بۆ خوێندنەوەی بونیادە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەلگای پۆلەندیی.
ئەگەر ئەو زنجیرەیە دەرخەری وێنەیەکی کۆمەڵناسیانە بێت بۆ تێگەیشتن لەکۆمەڵگای پۆڵەندی، ئەوا لەسێ فیلمدا کە بە سێ ڕەنگ ناسراوە، کێشەی نێوان کولتوور و ووردە کولتوور وەک بابەتێکی گرنگی کۆمەڵناسی دەخاتە ڕوو، هەموو کولتوورێک لەناو کوولتورێکی لەخۆی گەورەتردا دەبێتە ووردە کولتوور، بۆ ئەوەی باشتر لەو قسەیە تێبگەین دەبێت بڵێین کولتووری فارسی لەکوردستان ووردە کولتوورە، وەک چۆن کولتووری کوردی لەئێران دەبێتەوە ووردە کولتوور، کولتووری لەخۆ گەورەتر، ئەویتر دەکاتە ووردە کولتوور.
ئەو ئاماژە کۆمەڵناسیە بۆ دەرخستنی کۆمەڵگای پۆڵەندیە وەک ووردە کولتوور و کێشەکانی کە چۆن لەناو پۆڵەندا ئەوە فەڕەنسی و ئەویتری خۆرئاواییە دەبنەوە ووردە کولتوور، وەک لەسێ ڕەنگ دەیبینین
دەبێت ئەوەمان لەیاد بێت کاتێک دادەنیشین لەبەردەم دنیای کیشلۆڤسکی دەزانین ساتێکمان هەیە لەژیاندا بۆ هێمن بوونەوە، تاوەکو شتەکان لەماناکانی خۆیەوە بە ئاسانی ئاوەژوو بێتەوە، ئەوە ڕێک ئامانجێکی کۆمەڵناسیانەیە، ئەگەر پێشتر ئێمە بەهۆی زنجیرەی “دێکالۆگ- دە وەسیەتەکە” وێنەی کۆمەلگای پۆڵەندی وەک ڕووبەرێکی کۆمەلناسیانەی سینەما دەبینین، لەهەمان کاتدا مانایەکی قوڵ دەدات بەو دە وەسیەتەی موسا کە لەتەوراتدا هاتووە..
ئەوەی لێرەدا مەبەستی ئێمەیە.. هەرسێ فیلمی ڕەنگەکانە “شین، سپی، سوور” ئەو سێ ڕەنگە وەک ئاماژەیەک بۆ ئاڵای فەرەنسی و دروشمی شۆڕشی فەرەنسی، بەڵام ئەوەی کیشلۆڤسکی نیشانمانی دەدات، وێنەگرتنەوەی ژیانی فەرەنسی نیە، بەڵکو ئەو چیرۆکانەی ناو شۆڕشن کە خودی کۆمەلگا و کتێبەکان نەیانووسینەوە، ئەوە سینەمایە دێت چیرۆکی پەراوێزی ژیان و چەندە گرنگن دەیانخاتە ڕوو، ئەم سێ فیلمە لەماوەی دوو ساڵ درووستکراون، ڕێک لە ١٩٩٣ و ١٩٩٤
سەرەتا گەر سەیری فیلمی “شین” بکەین، کە وەک ڕەنگێک بۆ ئازادی خۆی دەخاتە ڕوو، بۆیە رەنگی شین وەک ئاماژەیەکی فرە دەلالەت ڕووبەرێکی دیاری ئەو فیلمە داگیر دەکات، ئەگەر لەروانینی سیمیۆلۆژیا “ئاماژەناسیەوە” سەیری ڕەنگ بکەین دەبێت ڕووداو کە مەرگی هاوسەر و کچەکەی کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە وەک ئەیکۆنێک سەیر بکەین، کە تیایدا دەچینە ناو ڕووداو، یەکەم دیمەن بەر لەمەرگ ئێمە ڕەنگی شین دەبینین کە کچەکەی دەیداتە دەم با، لێرەدا ئەو ڕەنگە وەک چوونە ناو بابەت پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ درووست دەکات بە کارەکتەرەوە، بۆیە مەرگی هاوسەر وکچ تاریکبوونی ئەو ڕەنگەیە، بۆ ئەوەش سەرەتا لەنەخۆشخانە هەوڵی خۆکووشتن دەدات، بەڵام ئەوە لە ئەیکۆنەوە دەچێتە سەر ئاماژە، لێرەدا ئاماژە چۆلکردنی ئەو ژوورەی ماڵە کە ڕەنگی شینە، نایەوێت ئەو ژوورە ببینێت، سەرەنجام ئەو پانتاییە فراوان دەکات لەرێگەی فرۆشتنی خانووەکە بۆ ئەوەی بتوانێت ژیانێکی نوێ دەست پێبکاتەوە.
ئێمە لەڕووی سیمیۆلۆژیەوە کاتێک لەناو ئاماژەکانداین، دەبێت درکی ئەوە بکەین ئاماژەکان بەرەو دەلالەت دەمانبەن، ئەو ساتە خۆمان ئامادە دەکەین کە دەلالەت چیە؟ دەلالەت لەم فیلمەدا فرە مانایی بەرووداو دەبەخشێت، ئەوەش لەڕێگەی شکاندنی یەکەم تەلیسمی پیرۆزی شوێن، کاتێک بانگهێشتی هاورێی هاوسەرە مردووەکەی دەکات و پەیوەندیی سێکسی لەگەڵ دەبەستێت، ئەوە دواهەمین یادەوەریە لەم شوێنە جێی دێلێت.
لێرەدا چەمکی مەرگ بۆ خۆی وەک یادەوەری جێدەهێلدرێت و ئازادی لەشوێنیدا دەردەکەوێت، ئازادی ئەگەر چەمکێکی شوڕشی فەرەنسی بوو، لێرەدا دەبێت بزانین ئازادی لای کارەکتەری فیلمەکە چیە؟ ئازادی بۆ ئەو ژنە هەوڵدانە بۆ ژیانێکی نوێ، ژیانێک دەست پێکردنەوە لەناسینی شوێنی نوێ، نەیەلێت ئەوانەی ڕابردوو تێکەلی ژیانی ببنەوە، لەم ژیانە نوێیەدا لەشفرۆشێک مانای جوانی و مرۆڤبوونی تیا دەردەکەوێت، هاورێی هاوسەرەکەی دەیدۆزێتەوەو سەرەنجام دەیەوێت مۆسیقا تەواو نەکراوەکانی هاوسەرەکەی تەواو بکات.
ئەوەی مانایەکی نوێ بەئازادی دەدات ئاشکرابوونی پەیوەندی شاراوەی هاوسەرەکەی بووە بە پارێزەرێکەوە، جگە لەوەی هەمیشە مۆسیقا و ڕەنگی شین بواری بینین فراوان دەکەن، چێژ دەبەنە ناو مانا، ئیدی جوانی قەتیس ناکرێت لەیادەوەریەوە، هیچ شتێک لەئازادی پیرۆزتر نیە و پەیوەندی سێکسی لەگەڵ هاورێی هاوسەرەکەی دەبەستێتەوە، جەستە دەبێتەوە بەشێک لەئازادی، وەک ڕەنگ و مۆسیقا بێ سنوور دەبێت، بۆیە دەتوانێت بگەڕێتەوە خانووە کۆنەکەی کەهێشتا نەفرۆشراوە، لێرەوە ئازسادی وابەستەی جوانی و ساتەوەختەکانی بوونن، مانایەک بۆ پیرۆزی ڕابردوو نیە، پیرۆزیەکان لەخودی مرۆڤدان.
هەڵبەت سیناریۆی فیلمەکە تاڕادەیەک نزیکە لەسیناریۆی یەکێک لەزنجیرەکانی دێکالۆگ، لەوێدا پیاوەکە نەمردووە بەلام لەبەردەم مەرگدایە، ژنەکەشی کەوتۆتە نێوان هاوسەر ومیوزیکژەنێکی ترەوە، بەڵام لەرووی چارەسەری درامی و بابەتەوە بەتەواوی لەیەکتری جیاوازن.
ئازادی دەبێتە دەلالەت بۆ تەواوکردنی ئەو سێگۆشە سیمیۆلۆژیە تاوەکو لەگەڵ ئەیکۆن و ئاماژەدا بتوانن دنیای نوێی ئێمە بۆ شۆڕش وئازادی بنووسنەوە، شۆڕش کە مانایەکی بە تاک بەخشی، بۆیە تاک لەو فیلمەدا لەناو ماناکانی ئازادیدا ڕووبەرێکی گرنگ بە بوونی خۆی دەبەخشێت.
ئێمە لەفیلمی دووەمدا “سپی” ئەو ڕەنگەی لەبەفر ولەژندا دەیبینینەوە، پاکیزەیی خۆشەویستی نێوان ژن و نیشتمانە، هەر ئەوەش دەبێتە ، بیرۆکەی سەرەکی ئەم فیلمە، کارەکتەری فیلمەکە هەست دەکات بەبێ یەکێکیان خۆشەویستیەکەی ناتەواوە، بۆیە دەیەوێت هەردووکیان وەک بوون و شوێن لەرووبەرێکدا بەیەکتر بگەیەنێتەوە، کەچی ئەوە سەختیەکی ڕووبەروو دەکاتەوە، دەزانێت دەبێت بەگژ ئەو سەختیانەدا بچێتەوە، تاوەکو بتوانێت یەکێک لەو دوانە لەدەست نەدات، ئێمە کە ئاشنا دەبین پێی ئەو سۆزێکی زۆری هەیە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە نیشتمان، بەڵام ژنە فەرەنسیەکەی ئامادە نیە لەگەڵیدا بڕواتە پۆڵەندا، بۆیە ژنە دەیەوێت لەهاوسەرە پۆڵەندیەکەی جیا بێتەوە، جیابووبنەوە بەواتای بێبەشبوون لەهەموو شتێک، رێک دەیکات بە پەناهەندەیەکی تەنیا، دوکان و ماڵ و کارتی بانک هەموو شتێک بۆ ژنە دەگەڕێنێدرێتەوە، ئەوەی بۆ ئەو دەمێنێتەوە تەنیا جانتایەکە، جانتایەک کە ڕەمزی مرۆڤی پەناهەندەیە وەک کەسێک کە ئیدی شوێن نایگرێتە خۆی، ئەو پەناهەندەی خۆشەویستیە، ئەوە خۆشەویستیە دەیخاتە سەر شەقامەکان خۆی و جانتایەک دەیەوێت مۆسیقای پۆڵەندی بژەنێت تا ڕێبوارەکان پارەیەکی کەمی وەک سواڵ پێبدەن، تا پیاوێکی پۆڵەندی دەناسێنێت، ئەوە دەرگایەکە بۆ ڕزگاربوونی لەشوێن و گەڕانەوە بۆ نیشتمان، بەڵام گەڕانەوەیەک بەندە بەلەدەستدانی ژن.
کاتێک هەموو شتێک لەدەست دەدەیت سەرەنجام نابێت وەک مرۆڤ بگەڕییتەوە، تەنیا کەلوپەلیت، بۆیە ئەویش دەخرێتە جانتاکەیەوە، بەڵام کاتێک دزەکان لەفرۆکەخانە کۆمەڵێک جانتا دەدزن ئەویش یەکێکە لەجانتاکان، ئیدی لێرەوە چیرۆکی ئازار و سەختی کۆتایی نایەت، بەڵام ئەو سووربوونەی بۆ کارکردن و پلان دانان بۆ دەستکەوتنی پارە و پلانی وەدەست کەوتنی هاوسەرەکەی پێشووی لەڕێی هێنانی بۆ نیشتمان پێویستی بەووردەکاریی و زیرەکیەوە هەیە، ئەوە ئەو سووربوونەیە کە تیایدا دەبێت سەرکەوێت.
ئەگەر ئەم فیلمە باس لەیەکسانی دەکات، لێرەدا ڕووبەرووی پرسیارێک دەبینەوە: ئاخۆ یەکسانی دادوەرییە؟ کاتێک لەنیوەی فیلمەکەداین هەست دەکەین هیچ دادوەریەک لەیەکسانیدا نیە، وەک کاڕۆل ئەو مرۆڤە پۆڵەندیە لەدادگای فەرەنسیدا ئاماژەی بۆ دەکات، بەهۆی ئەوەی بە فەڕەنسی قسە ناکات، بۆیە ڕێگای نادەن قسە بکات، ئەو بەکەمبایەخ بینینە بۆ زمانێک کە کولتووری ئەویتر وەک نزمە کوولتور دەبینێت، کێشەیەکی کولتووریی گرنگی ناو دنیای سینەمایی کیشلۆڤسکیە، بەردەوام وەک کۆمەڵناسێک کاری لەسەر دەکاتەوە، سەرەنجام خۆشەویستی وەک بوون و شوێن دەکەونە ناو یەک ڕووبەر، ئەوەش بۆ خۆی تێکشکاندنی جیاوازی کولتووری نێوان کولتووری فەڕەنسی وپۆڵەندیە، تاوەکو کولتوورێک نەبێت بە کولتووری سەرەکی و ئەویتریش وەک ووردە کولتوور تەماشا بکرێت.
سوور ناونیشانی سییەم ودواڕەنگی فیلمی سێ ڕەنگە، ئەم فیلمە ڕێکەوت و ڕاستەقینەیەک دەخاتە ڕوو، کە هیچ شتێک کۆتایی نیە، هەموو شتێک شایستەی ئەوەیە ڕوو بدات، ئەوانەی لەچاوەروانی ئێمەدان دۆستی ئەو خانمەی کەوا هەمیشە تەلەفۆن لەگەڵ خۆشەویستیەکەی دەکات چاوەروانین ژوانێک ببەستن، بەڵام هیچ ڕوو نادات، رێکەوتێک کە سەگێک دەپێکێت و دەچێت بەدوای خاوەنەکەی دەبینێت دادوەرێکی خانەنشینە، کە چاودێری بەسەر دراوسێکەیەوە دەکات لەرێگەی تەلەفۆنەوە، سەرەنجام پەیوەندیەک دوور لەچاوەڕوانی لەنێوان دادوەری خانەنشینی بەساڵاچوو لەگەڵ کچە گەنجەکە درووست دەبێت، خەونی پێوە دەبینێت.. خەونەکەی بۆ دەگێڕیتەوە، کچە بەڵێنی پێ دەدات کە خەونەکەی بێنێتە دی، کاتێکیش کچە بەدەریادا سەفەر دەکات کەشتیەکەیان نوقم دەبێت، لەبەخت باشی دادوەری خانەنشین دەبینین کچە ڕزگاری دەبێت، لەناو ڕزگار بووەکاندا چەند کەسێک ڕزگاریان دەبێت یەکێکیان خانمی بێوەژنی فیلمی شینە، ئەویتریش ئەو کارەکتەرەی فیلمی سپیە کە لە فەرەنساوە بەرەو پۆڵەندا دەگەڕێتەوە.
ئەو چارەسەرە درامیە وا دەکات هەرسێ فیلمەکە بەیەکەوە ببەستێتەوە، هەلبەت ئەو شێوازە لەسینەمای واقعی ئیتالیدا وەرگیراوە، کە لەفیلمی “سێ چیرۆک لە ئیتاڵیادا” دەرکەوت، ئەو فیلمەی لەسەرەتای هەشتاکان ئۆرنێللا مۆتی نواندنی تیا دەکرد، سێ چیرۆکی جیاواز هیچ پەیوەندیان بەیەکەوە نیە، کەچی لەکۆتاییدا لەوێستگەی شەمەندەفەر تەواوی پاڵەوانەکانی هەر سێ چیرۆکەکە لەوێ کۆ دەبنەوە.
بەو چارەسەرە بۆ دنیای سینەمایی، کیشلۆڤسکی کۆتایی بەو گەشتە سینەماییەی دێنێت کە بە فیلمی دۆکۆمێنتاری دەستی پێکرد و بەناو فیلمدا هات و بە دە زنجیرە دەستی پێکرد و بە سێ ڕەنگ کۆتایی هات.

نیهاد جامی- پۆڵەندا

mm

بۆ خوێندنەوەی کتێبەکانی نیهاد جامی کلیکی ئەم لینکە بکەن: http://www.dengekan.com/kteb_nihad.htm

Previous
Next
Kurdish