Skip to Content

نیهیلیزمی کامۆیی لە شیعری (یەکانە)ی شێرکۆ بێکەسدا … بەرەڤان

نیهیلیزمی کامۆیی لە شیعری (یەکانە)ی شێرکۆ بێکەسدا … بەرەڤان

Closed
by ته‌مموز 2, 2020 General, Literature


شێرکۆ بێکەس(١٩٤٠-٢٠١٣ز)، بە شاعیرێکی هاوچەرخی کورد دادەنرێت. بەرهەمێکی زۆری هەیە و شیعری نێونەتەوەیی و خۆشەویستی و نیشتیمانی… هتد، هەیە. بە کێشی ئازاد و خۆماڵی دەنووسێت. لە ساڵی (١٩٧٠)دا، لە گروپی ڕوانگە هەوڵی نوێکردنەوەی شیعری کوردی داوە، لە ڕووی ڕووخسار و ناوەڕۆکەوە. شێرکۆ بێکەس لە وێنەی ئەو شیعرەدا، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ژیان زۆر بێمانا و پوچ و وەڕەزکەرە. بە حەسرەت و هەمەڕەنگییەوە، دەرگای مردن دەکاتەوە. زەنگی مردن بۆ هەموو لایەنەکانی ژیانی وەکو هەوڵدان، هزر، بیر و جوانیە ڕەنگاوڕەنگەکان، لێدەدات. هەوڵدەدەین، لە ڕوانگەی نهیلیزمی کامۆییەوە ئەم دەقە شیبکەینەوە و ئەم بێهودەییەی شاعیر دەگاتە کوێ و چی بەرهەم دەهێنێت. هەروەها ئەو بێهودەییەی شاعیر دەتوانێت مانا بداتەوە بە ژیان و ببێتە هۆی یاخیبوون؟.

نیهیلیزم لای کامۆ:
ڕەنگە ئەلبێر کامۆ(١٩١٣-١٩٦٠ز) دیارترین هیچخواز بێت، کارەکانی لە دەوری بێهودەیی و یاخیبووندا، دەسوڕێنەوە. کامۆ پێیوایە مرۆڤ ئازادە لەوەی ژیان بەبێ بەهایی و پوچی بباتە سەر، بەڵام دەبێ بە دوای زیندوو کردنەوەی ژیاندا بگەڕێت. هەروەها کامۆ زیاتر لایەنگری ئەدەبە و سیاسی نییە، سیاسی بەو مانایەی کە حەق و ئەرک و ماف بێت. چونکە لە ئەدەبدا ”ئەو ئازادییەی دۆزییەوە کە سیاسەت نەیتوانی پێی ببەخشێت” . کامۆ لە کتێبی ”ئەفسانەی سیزیف” و ”نامۆ”دا، دەگاتە ئەوپەڕی بێهودەیی. بەڵام ئەم پوچخوازییە کەمۆ دەگەیەنێتە یاخیبوون و ئازادی و ئالوودەبوون . ئەم بێهودەییە لەلای کامۆ بە مانای ئەوە نییە لە ژیان هەڵبێیت و پەنا بۆ خۆکۆشتن ببەی، بەڵکو ئەو لە ناو ئەم پوچییەدا بە دوای مانایەک دەگەڕێت بە ژیان بدات.
لەلای کامۆ هەرچەندە یاخیبوون لەلای تاکەوە سەرهەڵدەدات، بەڵام ئەم یاخیبوونە لە خزمەتی هەموو مرۆڤدایە و دەبێتە هۆشیاری گشتی. واتە ”من یاخی دەبم، کەواتە ئێمە هەین” یاخیبوون هەڵوێستە دژی عەدەم و زوڵم و ئەو ستەمەی کە هەیە. هەروەها خۆکۆشتن نیشانەی لاوازی مرۆڤە و ملکەچبوونە بەم پوچییە، بۆیە لەلای وی مرۆڤی بێهودە هەرگیز دەستبەردار نابێت و هەر لە هەوڵ و کۆششدا دەبێت. بۆ نمونە لە ئەفسانەی سیزیفدا، هەرچەندە سیزیف دەزانێت ژیان بێمانایە و خوداوەندەکان ئەویان ڕاسپاردووە، کە ئەم بەردە بباتە سەر چیایەکە و دواتریش هە خلۆر دەبێتەوە خوارەوە، بەڵام ئەو بە زەردەخەنەوە سەیری دەکات و دەستپێدەکاتەوە. واتە کەمێک نیهیلیست بە و هەمیشە لە جەنگدابە بۆ ژیان. ئەگەر سیزیف مانیفێستی پوچی بێت ئەوا مرۆڤی یاخی مانیفێستی یاخیبوونە. لەم کتێبەدا، کامۆ دووجۆر یاخیبوون وێنا دەکات. یەکیکیان یاخیبوونی مێتافیزیکییە و ئەویتر یاخیبوونی مێژووییە .

فەلسەفەی هونەر لای کامۆ:
کامۆ هونەری بە تیۆرییەکەی خۆی کە بێهودەیی و یاخیبوونە، وابەستەکردووە. لە دەقە ئەدەبییەکانی ڕەنگیان داوەتەوە. کە باسی موسیقا، نیگارکیێشی، پەیکەرتاشی و ڕۆمانی …هتد، کردووە. هەروەها هونەرمەند لە ڕێگەی هونەرەکەی خۆیەوە بوونایەتی خۆی دەسەلمێنێ، واتە هونەر و هونەرمەند دووشتن لەیەکدانەبڕوان. هونەرمەند بەوپەڕی ئازادییەوە بە یاخیبوون و ئافڕاندنەوە، دژی بێهودەیی دەوەستێتەوە. هەر لەبەر ئەم بێهودەییەیە کە هونەرمەند سەیری ژیان دەکات، ئەو هەموو بێهودەیی و ناعەقلانییەی هەیە جگە لە یاخیبوون هیچی تر شک نابات. بە مانایەکی تر، هونەرمەند لە بەرهەمەکەیدا ژیان درووست دەکاتەوە. ئەو جیهانەی تیدایە ڕەتدەکاتەوە و جیهانێکی تر دەخولقێنێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ هونەرمەندێک نییە بەتەواوی دەستبەرداری واقیع ببێت چونکە ”هونەر هەمووی ڕەتکردنەوە و یاخیبوون نییە، بەڵکو قەبووڵکردن و ڕازیبوونیشە” . ئەمەش لەبەر ئەوەیە کامۆ پێی وایە، یاخیبوون ڕەهایی نییە، بەڵکو ڕێژەییە. چونکە ژیان هەندێک لایەنی حەقیقی هەر تێیدایە، بە مانایەکی تر، ژیان مانایەکی هەر هەیە. بۆیە لەم ڕوانگەیەوە دەبێ هونەریش مانایەکی هەبێت. ئەگەر یەک لایەنی ژیان مانا و جوانییەکی کەمیشی هەبێت، پێویستە هونەرمەند لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە ئەو جوانی و مانایە بە هەموو لایەنەکانی تری ژیانیش بدات. مرۆڤ نابێ لە واقیع و ژیان ڕابکات، بەڵکو پێویستە باوەشی پیدا بکات.

ڕەنگدانەوەی بێهودەیی لە شیعرەکەدا
پارچەیەک لە شیعری یەکانە
من تەلیسمی بێهودەیی،
جادویی بێ هۆش و گۆشیی، ڕێ نوماییم ئەکەن!.
من ئاوەزم
لەسەر مەشقکردنێکی سەختی
بیرنەکردنەوەی درێژخایەن ڕاهێناوە.
بە سەبری تەوەزەللی.
بە چاوەڕوانیی بێکۆتایی.
بە پێشوازیی کوتوپڕی مردنی هەمەچەشن
هەمەڕەنگ.. ڕاهاتووم.
خوویەکی نەگۆڕم بە دروونی کفن و،
داتاشینی تاتەشۆرو، هەڵکەندنی
گۆڕی خۆمەوە گرتووە!.
خوویەکی نەگۆڕم بە لەسەر پشت پاڵکەوتن و
ئەبڵەق بوون و تێڕامانی هیچەوە گرتووە. ( )

شاعیر لەم شیعرەدا، دەگاتە ڕادەیەکی زۆری ئەبسێردییەت. ئەو ژیانەی ئەو تێیدایە و دەژیت، پڕە لە پوچی و بێبەهای و نائومێدی. ئەوەش وای لە شاعیر کردووە بڵێت(من تەلیسمی بێهودەیی، جادویی بێ هۆش و گۆشیی، ڕێ نوماییم ئەکەن)، ئەم بێهودەییە، تەنگی پێهەڵچنیوە و هۆش و عەقڵیشی لە دەستداوە. واتە ناتوانێت بە عەقڵ دژی ئەم پوچییە بوەستێتەوە، خۆبەدەستەوەدانی شاعیر لە نیوە دێری یەکەمدا، دەردەکەوێت. شاعیر لە نیوە دێری دواتردا، مەرگی هزر و بیر و عەقلیشی رادەگەیێنێت، بە دەست ئەم عەدەمەوە. وەکو دەڵێت(من ئاوەزم لەسەر مەشقکردنێکی سەختی بیرنەکردنەوەی درێژخایەن ڕاهێناوە)، ئەو ئاوەزەی هەیەتی، هەرگیز بیرناکاتەوە و توانای ئەوەی نییە دژی ئەم ئەبسێردییەتە بوەستێتەوە، چونکە ڕاهاتووە بە بیرنەکردنەوەوە. ئەمە دەرخەری ئەوەیە، کە شاعیر ناتوانێت شتەکان جوان بکات و مانا بداتەوە بە ژیان، ئەوەی کامۆ دەیکات و دەڵێت جوانکردنی ژیان و دۆزینەوەی حەقیقەت لە لایەنەکانی دیکەی ژیاندا ئەرکی هونەرمەندە لەم ژیانەی پوچی دەورەیداوە، ئەنجامی بدات. کەچی شاعیر، هەموو لایەنەکانی تریش دادەڕمێنێت.
لە دێری دواتردا، ئەم بێهودەییەی شاعیر جگە لە قوڵترکردنەوەی بێهودەیی و بێهودەتربوون، هیچی تر بەرهەم ناهێنێت. وەک دەڵێت(بە سەبری تەوەزەللی. بە چاوەڕوانیی بێکۆتایی. بە پێشوازیی کوتوپڕی مردنی هەمەچەشن هەمەڕەنگ.. ڕاهاتووم)، لێرەدا، شاعیر ئەو هەموو چاوەڕوانی و ئارامییەی هەیەتی، بە پێشوازیکرنێکی هەمەڕەنگ و هەمەجۆر و ڕاهاتن چاوەڕێی مردن دەکات. واتە شاعیر هەموو جوانییەکی سروشتی و مرۆڤی و دونیایی هەیە، دەیفەوتێنێ. نەیتوانیوە، جوانی بە ژیان بداتەوە و لە ناو ئەو هەموو بێماناییە، مانایەک بە ژیان بداتەوە. لە هامانکاتدا، ئەلبێر کامۆ لە بەرهەمی ئەو بێهودەییەی وێنای دەکات و پێی گەیشتووە، یاخیبوون و ئازادی و ئالوودەبوون، دەدۆزێتەوە. کەچی شاعیر، ناتوانێت نە ئازاد بێت و نە یاخی ببێت و دژی ئەم عەدەمە بوەستێتەوە و ژیان لە ناو شیعرەکەیدا وێنای زیندووێتی و جوانی پێی ببەخشێتەوە.
خووگرتنی شاعیر بە مەرگەوە زیاتر دەردەکەوێت و هەموو شتێک وێران دەکات. وەک لێرەدا دیارە(خوویەکی نەگۆڕم بە دروونی کفن و، داتاشینی تاتەشۆرو، هەڵکەندنی گۆڕی خۆمەوە گرتووە)، شاعیر، مەرگی خۆیشی ڕادەگەیێنێت و ملی کەچ دەکات بۆ مەرگ. کەچی کامۆ پێی وایە یاخیبوون دژی مەرگە و سەرەڕای بێهودەییش مرۆڤ پێویستە دژی مەرگ بجەنگێت و ململانێ بکات. چونکە مردنە درێژە بەم بێهودەییە دەدات و مرۆڤ نابێت لاوازانە و بێدەسەڵاتانە خۆی ڕادەستی مەرگ بکات. پێویستە، مرۆڤ ئیڕادەی ژیان وژیانکردنی لە ناخیدە پەرەپێبدات، تا جوانی و حەقیقەتیش لە ناخیدە چەکەرە بکەن. لەلای شاعیر، ئەم هیچ و پوچیەی ژیان یەخەی لێگرتووە و بێتوانایی خۆی دووپات دەکاتەوە، وەک لێرەدا دیارە(خوویەکی نەگۆڕم بە لەسەر پشت پاڵکەوتن و ئەبڵەق بوون و تێڕامانی هیچەوە گرتووە.)، ئەم خوویەی شاعیر لە ناخیدا هەر گەشە دەکات و بەبێ جوڵە درێژ دەبێت و توانای جولەیشی لەدەست دەدات. ئەوەی ئەو دەیکات، تەنها تێڕامانە لەم پوچییە. ئەو ژیانە بێمانایەی شاعیر دەیخولقێنێت و هیچ بەدیلێکی بۆ نادۆزێتەوە نە لە خەیاڵ و نە بە درووست کردنەوەی ژیان لە شیعردا، لەلای کامۆ هونەری بێمانا دەهێنێتە کایەوە. چونەک ئەگەر ژیان یەک مانای بچوکیشی هەبێت هونەریش ئەو مانایە بچوکەی هەیە، بەڵام لێرەدا، ژیان مانای نییە و شاعیر مەرگی هەموو شتێکی ڕاگەیاند و هەتا مەرگی خۆیشی. هەربۆیەشە ئەم جۆرە هونەرە لەلای کامۆ مانای نییە.

ئەنجام:
کەواتە، شاعیر مەرگی خۆی و هەموو جونیەک و مانایەک و خودی ژیانیش، ڕادەگەیێنێت. واتە نیهیلیستییەکی خۆکۆژی و ئەویتر کوژییە. چونکە نەیتوانیوە مانا بداتەوە ژیان و یاخی ببێت و دژی ئەم بێهودەییە بجەنگێت. شاعیر، لەبەر ئەوەی نەیتوانیوە ژیان جوان بکاتەوە و زیندوو بکاتەوە، هونەرەکەی خۆیشی بێمانا دەکات، لە ڕوانگەی کامۆوە. چونکە ئەو لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بوونایەتی خۆی دەردەخات و شیعر و بەرهەم بوونی ئەون. شاعیر لە ئەنجامی ئەم بێهودەییەدا، جگە لە بێهودەییەکی تر هیچی بەرهەم ناهێنێت.

پەراوێزەکان:

کای فالکمان، و.هەندرێن، کامۆ لە ناو خەیاڵاندنی ئەدەبیدا ئازادی دۆزییەوە، ٢٠٠٩. www.svd.se/kulturnoje/understrecket
ئالوودەبوون: بۆ ژیانکردن لە بێهودەییدا پێویستی بە ئالوودەبوونە، بۆ ئەوەی هەمیشە بەرەنگاری جیهان ببینەوە. (بوونگەرایی، زنجیرە دۆسیەکانی سەردەم ١، چاپی یەکەم ٢٠١٦، ل٤٧).
ئەلبێر کامۆ، و. ئازاد بەرزنجی، مرۆڤی یاخی، چاپی دووەم ٢٠١٧، لxvi.
مێتافیزیکی: ئەم یاخیبوونە دژی هەموو مرۆڤ و گێتی و ئایندەیە، لە پێناو مرۆڤدا. کە شەیتان و نیتشە و …هتد، نمونەی ئەم یاخیبوونەن. (ئەلبێر کامۆ، و.ئازاد بەرزنجی، مرۆڤی یاخی، چاپی دووەم ٢٠١٦، ل ٣٧)
مێژوویی: ئەم یاخیبوونە دژی دەرەبەگ و ئاغایەکانە، سپارتاکۆس و شۆڕشی فەڕەنسای ١٧٨٩ نمونەی ئەم جۆرە یاخیبوونەن. (ئەلبێر کامۆ، و.ئازاد بەرزنجی، مرۆڤی یاخی، چاپی دووەم ٢٠١٦، ل ١٩٤)

بوونگەرایی، زنجیرە دۆسیەکانی سەردەم ١، چاپی یەکەم ٢٠١٦، ل88
دیوانی شێرکۆ بێکەسpdf، بەرگی چوارەم ١٩٩٣-١٩٩٨، ساڵی چاپ ٢٠٠٦، ل٧٤

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish