Skip to Content

ئاخووندەکانی کۆماری سێدارە دژایەتی زمانی کوردی دەکەن … رەزا شوان

ئاخووندەکانی کۆماری سێدارە دژایەتی زمانی کوردی دەکەن … رەزا شوان

Closed
by ته‌مموز 5, 2020 General

زمان بنەمایەکی سەرەکی و گرنگترین کۆڵەکەیە لە کۆڵەکەکانی پێکهاتەی نەتەوەیی. بەڵکو زمان ناسنامەی نەتەوەیی لەسەر بنیاد نراوە. هەر نەتەوەیەکیش زمانی تایبەتی خۆی هەیە. بۆیە زمان فاکتەرێکی سەرەکی و گرنگە بۆ پێناسەکردنی هەر نەتەوەیەک.
کەواتە زمان مایەی ژیان و مانی هەرنەتەوەیەکە. هەرنەتەوەیەکیش گەر زمانـەکەی خۆی فەرامۆش بکا و لە بیری بکا، یا لە لایەن داگیرکەرانەوە لێی داگیربکەن، ئەو نەتەوەیە بەرەو توانەوە و لەناوچوون دەچێت.. گەر چاوێک بە مێژوودا بگێڕین ئەم راستییەمان بۆ دەردەکەوێت، کە چەندین نەتەوە و زمانی دێرین لەناوچوون و تەنیا ناویان ماونەتەوە. هەر نەتەوەیەکیش گەر خاوەنی قەوارەی سیاسی سەربەخۆش نەبێ، گەر زمانەکەی خۆی بەکاربهـێنێ و بیپارێـزێ و منداڵەکانیان فـێری زمانەکەیان بکەن، هەرگیز ئەو نەتەوەیە نامرێت و بە زیندوویی دەمێنێتەوە. (فـریدریك هـۆڵـدرلین) دەڵێ: “زمـان دوا شتە کە بمێنێت بۆ ئەو کەسەی کە نیشتمانی لێ داگیرکراوە”
زمان سامانێکی کولتوورییە و هەڵگـر و پارێزەری هەزاران داب و نەریت و بەها و ئەزموونی سەردەمە جیاوازەکانە. رۆڵی لە ژیانی رۆژانەی هەر کۆمەڵگایەکدا هەیە.
زمان بە شێوازی قسەکردن و گفتوگۆ یا بە نووسین بێ، گرنگترین کەرەستەی دەربڕین و گۆزارشتکردن و تێگەیشتنی مرۆڤە، هۆیەکی گرنگە بۆ گەیاندنی هـزر و ئەندێشە و خەون و بیرۆکەکانی مرۆڤ بە کەسانی دیکە. کەرەستەیەکی گرنگیشە بۆ دروستکردنی پـردی پەیوەندی و لە یەکگەیشتن و لە یەکوەرگرتن لە نێوان نەتەوکاندا.
هەر زمانێک، بایەخی پێبدرێ و خزمەت بکرێ، هەروەکو چۆن بە خزمەتکـردن و راهـێنان ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ بە دروستی دەڕسکێن و گەشەدەکەن و بەهـێزتر دەبن. بە هەمان شێوەش گەر زمان هەمیشە بەکاربهـێنرێ و بە باشی خزمەتبکرێ، پەرەدەستێنێت و گەشە دەکات و تەمەندرێژ دەبێت، بە زاراوە و بە وشە گەلێکی تازە، فەرهەنگی دەوڵەمەنتر دەبێت. ئەو زمانە نامرێت و هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
بە پێی ئاماری رێکخراوی یۆنسێف، زیاتر لە (٧٠٠٠) زمان لە جیهان دا هەیە. هەندێ لەم زمانانە تەنیا (١٠) کەس پێ دەدوێن. تەنیاش لە سەدەی بیستەمی رابردوەدا زیاتر لە (٤٠٠) زمان لەناوچوون. بۆچوونەکانیش وا دەگەیەنن، کە تا کۆتایی ئەم سەدەیە، نیوەی زمانەکانی جیهان کە تا ئەمڕۆ ماونەتەوە، لەناودەچن و دەبنە هەواڵی هەبوون.
زمانی شیرین و دێرین و رەسەنی کوردی، زمانی نەتەوەی کوردمانە، کە لە ئەمڕۆدا نزیکەی (٥٠) ملیۆن کورد لە کوردستان و لەو وڵاتانەی کە رەوەندی کوردیان لێ دەژین، بە زمانی کوردی دەدوێن.. شانازیش بە رەسەنایەتی زمانەکەمانەوە دەکەین.
زمانی کوردی یەکێکە لە هەرە زمانە کۆنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان. زمانی کوردی یەکێکە لەو زمانانەی کە سەر بە بنەماڵەی زمانەکانی (هیند و ئەوروپییە) بەڵکو کوردستان بە لانکەی سەرهەڵـدانی زمانەکانی هـیندو ئەوروپی دانراوە. سروشتیە کە کۆمەڵێک زاراوە و وشەی هـاوبەش و نزیک لە یەکتری، لە نێوان زمانەکانی ئەم نەتەوانەدا هـەن.
زیادەڕۆیی ناکەین کە دەڵـێین، (مێژووی زمانی کوردی) بۆ (١٥) هەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە. ئەمەش قسەی رووت و بێ بەڵگە و بێ بنەما نییە، بەڵکو بە بەڵگە و بە لێکۆڵینەوەی زانستی ئەم راستییە مێژووییە ساغ بۆتەوە.
بۆ نموونە (لای لایه‌) یەکمان به‌ زمانی كوردی هه‌یه‌، كه‌ دایكانی كوردمان دایان ناوه‌ و به‌ دەنگ و ئاوازه‌وه‌ بۆ كورپه‌كانیان وتوویانە، مێژووی ئه‌م لای لایه‌ كوردییه‌مان، بۆ زیاتر له‌ (١٤) هەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە کە کۆنترین لای لایەیە لە هەموو جیهان دا. نووسەری ناسراوی کوردمان پرۆفیسۆر (فاروق سه‌فی زاده‌ بۆره‌كه‌یی) ده‌قی ئه‌م لای لایه‌ كوردییه‌ی به‌ رێنووسی ئارامی كوردی له‌ ژماره‌ (٥) ی ساڵی (٢٠١١) ی گوڤاری (ئاناهـیتا) دا بڵاوكردوته‌وه‌. پروفیسور فاروق بۆرەکەیی ئاماژەی بەوەش داوە، کە ئه‌م لای لایه‌ کوردییەی‌ له‌ ده‌می کۆچکردوو دایكه‌ (میـنا ئێزدیمهـر بـۆره‌كه‌یی) یەوە وەریگرتووە. لە بنەڕەتیشدا لای لایەکە بە زمانی (ئـاڤـێستا) ی کۆن دانراوە و وتراوه‌، كه‌ زمانی (ماد) ی و باوباپرانی مادی و زمانی ئەمڕۆی کوردیمانە. نەوە لە دوای نەوەی کوردمان بە زاری ئەم لای لایەیەیان لە یەکترییەوە وەریانگرتووە، تا گەیشتوو بە نەوەی ئەمڕۆمان. ئەم لای لایە کوردییە لە نـۆ دێـڕ پێکهاتـووە، وەریان گێڕاوە بۆ سەر زمانی فارسیش. ئەمەش دوو دێڕی دەستپێکی ئەو لای لایـە دێرینە رەسەنەمانە. کە لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕاوە بۆ دیالێکـتی سۆرانی کوردی:
رۆڵــــە لای لایـــە ، کۆرپــــەم لای لایــــە
نـازانـــــم بـــــۆچـی دەنـگـــــت دەرنـایــــە
راســـتی و رەوا چـاکـــتریـن دیـــــــاریـیـە
ئـاکـــــــاری بـــــــاش بـەخـتـــــــەوەریـیـە
گەر سەرنج لە لای لایەکانی ئەمڕۆمان بدەین، دەبینین کە دێڕی یەکەمی ئەم لای لایە کوردییە دێرینەمان، بووە بەهەوێن و بە ئیلهام بۆ دەستپێکی زۆربەی لای لایەکانی دایکانی ئەمڕۆی کوردمان.
بێگومان رەگ و ریشەی زمانی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ سەر زمانی (ماد) کە باوباپیرانی کوردن. نەک هەر خۆمان جەخـت لەسەر ئەم راستییە دەکەیـن. بەڵکو بەشێکی زۆر لە توێژێنەرانی رۆژهەڵاتناسانی رۆژئـاوایی و روسیاش، کە بە شێوەیەکی ئاکادیمی لە رەچەڵەک و رەسەنایەتی زمانی کوردی کۆڵیونەتەوە. جەخت لەسەر ئەم راستتیە دەکەن کە زمانی کوردی ئەمڕۆ هەمان زمانی مادەکـانە.
رۆژهەڵاتناسی روسی (فلادیمێر مینۆرسكی) دەڵێ:”من دڵنیام کە رەگ و ریشەی زمانی کوردی لە زمانی مادی دایە”
پرۆفیسۆری ئەڵمانی (مه‌كـنزی) یش دەڵێ:”هەر لە یەکەم سەرنجدا، مرۆڤ هەست بەوە دەکات کە زمانی مادی و زمانی کوردی هەر یەک زمانن. مـاد، یانی هەر هەمان مەزنترین نەتەوەی ناوچەکەیە، کە ئێستا بە ناوی کوردەوە درێـژەی بە ژیان داوە..”
دکتۆر (گێرنۆت وینهۆڤه‌ر) ئەڵمانی، ئەویش پێی وایە “بەشی هەرە زۆری ئەوانەی بە زمانی کوردی دەدوێـن، بە زۆری لە رابـردوودا بە زمانی مادی قسەیان دەکـرد”
رۆژهەڵاتناسی ئەمریکی (جان لیمبرت) ئەویش لەو بڕوایە دایە” میدییەکان باوباپیرانی کوردن”
زمانی کوردی لەنێو زمانە چالاکەکانی جیهان دا، پێگە و پلەیەکی دیاری و بەرزی هەیە و بە فەرمی ناسرواوە. لە ریزبەندی (١٤٣) ی زمانە زیندووەکانی جیهانی تۆمارکراوە. لە کۆی (٨٨ ـ ١٠٠) ئەو زمانانەی کە لە (٨٠%) ی هەموو دانیشتوانی جیهان قـسەی پێدەکەن، زمانی کوردی لە ریزبەنـدی نیوەی یەکەمی ئەو زمانـانە دایە.
نووسەری کوردمان کاک (محه‌مه‌د مه‌نـده‌لاوی) لە نووسینێکی بڵاوکراوەی دا، لەژێـر ناوی (كورته‌ باسێك ده‌رباره‌ی مێژووی ناو و نازناو و وشه‌ له‌ زمانی شیرینی كوردی) نووسیوێتی:”سازمانی یۆنسکۆ کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە لە رێی راگەیاندنەوە هەموو نەتەوەکانی جیهانی ئاگـادار کـردەوە، کە (٣١٦) زمـانی کـۆن و دەوڵەمـەنـدی تۆمارکراو لە جیهان دا هەن. کە زمانی تورکی لە پلەی (٢٧٤) دا هاتووه‌، به‌ڵام زمانی كـوردی له‌ پله‌ی (٨٠) دا هـاتووه‌؟ به‌و مانایه‌، كه‌ زمانی كـوردی (١٩٤) پله‌ له‌ پێش زمانی توركی دایه‌. دیسان لەم بوارەوە لە ساڵی (٢٠٠٨) ی زاینی، گۆڤاری رۆشنبیری فەرەنسی بە نێوی (فه‌ره‌نسی له‌ جیهان) دا، کە تایبەتە بە زمـان و زمانەوانی، لە ژمارە (٣٥٥) دا، له‌ نێوان (٨٨) زمانی زینـدوو لە جیهان دا، زمانی ئینگلیزی بە پلەی یەکەم بـوو، فەرەنسی پلەی دووەم بـوو، ئیسپانی پلەی سێیەمی بە دەست هـێنا، ئەڵـمانی پلەی چوارەم بـوو. زمانی کوردی پلەی (٣١) ی بە دەست هـێنا. زمانی فـارسی بە نۆ خاڵ لە دوای زمانی کوردی یەوە هاتـووە کە پلەی (٤٠) ی بە دەست هـێناوە، زمانی … هـتد”
گەر بەراوردێک لە نێوان زمانی کوردی و زمانی تورکی و زمانی فارسی دا بکەین. لە رووی رەسەنایەتی و مێژوویی و پەتیی و پاکییەوە، ئەو راستییە حاشا هەڵنەگرەمان بۆ دەردەکەوێ، کە زمانی کوردی لە تورکی و لە فارسی دێرینتر و رەسەنترە. سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانەش، کە داگیرکەرانی کورددستان داویانە بۆ شێواندن و لاوازکردنی زمانی کوردی.. بەڵام تا ئەمڕۆ زمانی کوردی زۆر لە زمانی تورکی و فارسی رەسەنتر و پاکترە.. فارسی و تورکی لە تێکەڵەی چەنـد زمانێکی تـر پێکهاـتوون. بە هـەزاران زاراوە و وشەی کوردی لە نێو زمانی تورکی و فارسی دا هەن.. گەرچی مێزەری رەش و تەربووش (کڵاوی سوور) یان لەسەر کردوون، بەڵام مۆرکی کوردییان پێـوە دیارە.
داگیرکەرانی کوردستان لە تورک و فارس و عەرەب، ساڵەهـای ساڵە، بە ئەوپەڕی رەگەزپەرستییەوە، بە هەموو شێوەیەک و بە پیلان داڕێـژراوی، هەوڵی شێوانـدن و لاوازکرردن و سڕینەوەی زمانی کوردیمانیان داوە و دەدەن. ئەم داگیرکەرانە هـێندە فاشستی و رەگەزپەرستن کە لە جیهان دا لە وێنەیان نییە، نە دان بە زمانەکەمان و نە دان بە بوونی نەتەوەییمان دا دەنێن. نە دانیش بە کوردستانی نیشتمان دەنێن، هێندەش دڵڕەش و کۆنەپەرست و لەخۆبـایی و نەژادپەرست و دەمارگیرن، خۆیان لە سەرووی هەموو نەتەوەکانی تـرەوە دەزانـن.. ئێمە چەند جاریکی دیکە وتوومانە و دەیڵێنەوە، با تورک و فارس و عەرەب، باش ئەوە بزانن تا کوەردیش نەبێت بە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، نە تورک و نە فارس ونە عەرەبیش ناتوانن بە ئاسوودەیی و بە ئارامی و ئاشتی بژیـن، تا رۆژێ زووتر کورد رزگاری بێت و دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێنێت، لە بەرژەوەنـدی ئەم چوار نەتەوەیە دایە چونکە ئاسایش و ئاشتییان پێکەوە گرێ دراون. ئەگینا تا بێت کێشەکان گەورەتر و برینەکان قووڵتر دەبنەوە. قوربانی و ماڵوێرانی و ناسەقامگیری و شەڕ و خوێنڕشتن و رقێکی زیاتری و زیاتری لێدەکەوێتەوە. کێشەی کورد کێشەیەکی سۆزداری و بەزەیی و مرۆڤایەتی و خێرپێکردن نییە.. کێشەی ئێمەی کورد کێشەی خاک و مافەکانمانە، کێشەی کوردستانی نیشتمانی داگیرکراومان و مافە زەوتکراوەکانمانە. هەرگیز ئەم کێشانەش بە شەڕ و لەشکرکێشی و کۆمەڵکوژی و بە سەرکوتکردن چارەسەر ناکرێن.. تەنیا چارەسەرکردن ئەوەیە کە داگیرکەران دەست لە کوردستان هەڵبگرن و کورد مافی چارەی خۆنووسین بەدەست بهێنێت. ئەمەو بەپێی پرەنسیپەکان و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان مافێکئ رەوایە، کە گەلانی مافخـوراو و نیشتمان داگـیرکراو خەبات بکەن و شۆڕشی چەکـداری بەرپابکەن، لە دژی چەوسانەوە و لە دژی داگیرکەران. ئێمەی کوردیش مافی خۆمانە کە ژێردەستەیی قبووڵ نەکەین و بە هەموو توانا و بە هەر شێوەیەک بۆمان بەرگرێ، داکۆکی و پارێزگاری لە گەلی کوردمان و لە کوردستانی نیشتمانمان و لە زمانەکەمان بکەین.. سەردەم سەردەمی رزگاری گەلانی ژێـردەست و چەوساوەیە لە داگیرکەران.
بۆ مافێکی رەوایە کە منداڵانی تورک و فارس و عەرەب بە زمانی دایکیان فـێربن و بخوێنن و بنووسن، ئەی بۆ ئەم مافە بە منداڵانی ئێمەی نەتەوەی کورد رەوا نابینن؟!
وەکو لە بڕگەی (١) ی ماده‌ی (٢٩) ی جاڕنامەی مافەکانی زمان دا هاتووە، هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە بەو زمانە پەروەردە بکرێت، کە تایبەتە بەو خاکەی لێی دەژی.
بەبێ جیاوازی، هەر منداڵێک مافی ئەوەی هەیە کە بە زمانی دایکی (زمـانی زگـماكی) فێربێ و بخوێنێ و بنووسێ. ئەمە مافێکی رەوا و یاساییە. زمانی دایک ئەو زمانەیە کە منداڵان لە دایکان و باوکان و ئەندامانی خێزانەکانیان و لە کەسوکاریانەوە فێری دەبن و قسەی پێدەکەن. زمانی دایک بەشێکە لە ناسنامەی کەسێتی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری منداڵان.. زمانی دایک ئەو زمانەیە کە منداڵان لە هەموو زمانێکی کە، باشتر دەیزانن و زیاتر توانایان بە سەریدا دەشكێ. دەتوانن باشتر و شیرینتریش گوزارشت لە هـزر و ئەندێشە و خەون و خواست وبیرۆکەکانی خۆیان بکەن. فێربوون و خوێندن بە زمانی دایک گاریگەری لە بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی هەیە. کەواتە ئامانج لە فێربوونی زمانی زگماکی کوردیمان پارستنی ناسنامەی نەتەوەییمان و بەهـێزکردن و شیرینکردنی دڵسۆزی و سۆز و خۆشەویستی و هـاوبەستەبوونە بۆ کورد و بۆ کوردستانی نیشتمانی پیرۆزمان. ئەمەش نە تاوانە و مەترسیشە بۆ سەر ئۆقـرە و ئاسایشی هیچ نەتەوەیەکی تر، وەکو داگیرکەرانی کوردستان کردوویانە بە بیانوو، گوایە ترسناکترین هۆیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییان. داگیرکەرانی کوردستان، فـێربوون و خوێندن بە زمانی کوردی، بە ناپاکی و تـاوانی جـوداخـوازی دادەنێن.!
هەر چوار دەوڵەتە رەگەزپەرستە داگیرکەرەکانی کوردستان، هەر هەمان نیازگڵاوی و پیلان نەگریسییان لە دژایەتیکرنی کورد و زمانی کوردیمان هەیە. هەرچواریان فێرکردن و خوێندنیان بە زمانی کوردی قەدەغـەکردوون. چەند جارێک باسمان لەم تاوانانە کرد کە چـۆن تورکیا و سوریا و پێشتر عـێراقـیش، کە بە زۆرداری و بە تۆبـزی منداڵانی کوردیان فـێری زمانی تورکی و عەرەبی کـردن و دەکەن.
لەم نووسینەدا، بە کورتی باس لە ستەم و زۆرداری و چەوسانەوە و سەرکوتکردنی منداڵانی بەدبەخت و بێنازی کوردمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، کە لە سایەی دەسەڵاتی خۆسەپێـن و پاوەنکەری ئاخوونـدە رەگەزپەرست و مەزەهـەبـپەرست و کۆنەپەرستەکانی سەدەی بیست و یەکەمین دا، شەمشمەکوێرەکانی تارێـکی، کە لە فایرۆسی گۆڤـید نـۆزدە زۆر مەترسیدارتر و قـێزەوەنترن.
رژێمی ئیرانی فارسی رەگەزپەرست، مافی فێرکردن و خۆێندنیان بە زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا قەدەغـەکردوون، کە زیاتر له‌ (١٠) ملیۆن کورد لەم بەشەی کوردستان دا دەژین. رێش بەوە نادەن کە قوتابخانە و کۆرسی فێرکردن و فێربوونی زمانی کوردی بکرێتەوە. زۆر مامۆستای دڵسۆزمان هەیە کە ئامادە خۆبەخشانە وانەی کوردی بڵـێنەوە و منداڵانی کوردمان کە تامـەزرۆی خوێنـدن بە زمانی کـوردی، فـێری کوردییان بکەن.. رێگرتن لەم مافە، تاوانێکە دەرهەق بە مافەکانی منداڵانی کوردمان.
رژێمی رەگەزپەرستی فارسی، بە زۆرداری و تۆبـزی منـداڵانی کوردمان فێری زمان و کولتووری فارسی دەکەن. کە زمانی خۆیان نییە و نامۆیە بە لایانەوە و پێیان هەرس ناکرێت.. هەر ئەمەش بۆتە هۆی دواکەوتن و لاوازیان لە خوێندن، یا دەرنەچوونیان.
بەڵکو منداڵانی کوردمان ناچاردەکەن کە قوتابخانەکان جێبهـێڵن و واز لە خوێندن بێنن.
بێگومان مەبەست لە بە زۆر فێرکردنی زمانی فارسی، ئەوەیە کە منداڵانی کوردمان لە کوردایەتی دووربخەنەوە و سۆز و هەوبەستەبوونیان بۆ کوردوستان و خۆشەویستیان بۆ زمانی شیرینی کوردیمان کاڵبکەنەوە، داب و نەریتی رەسەنی کوردیمان لایان بێ تام و سووک بکەن. بە کورتی هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە کە منداڵانی کورد هەڵگەڕێننەوە و بیانکەن بە فارس و لە بۆتەی نەتەوەی فارس دا بە ناوی هاونەتـەوەیی ئێرانییەوە، نەتەوەی کورد بتوێننەوە.. ئەم نیازە گڵاوەشیان بە بەرنامە داڕێژراوی جێبەجی دەکەن. ئەم پیلانەش لە سەردەمی حەمەرەزا شای نەفرەتی و گۆڕبەگۆڕەوە دەستی پێکـرد، بەڵام ئاخووندە کۆنەپەرستەکان کە دژی ئازادی ودیموکراتی و یەکسانی و مافەکانی مرۆڤی کورد و مافی منداڵانی کوردن، تۆختر و توندتر سیاسەتی بە فارسکـردنی کورد جێبەجێ دەکەن. زیاتریش گەلی کوردمانیان پاروێـزکردوون و کەمتریش لە هاوڵاتی پلە دوو لە کورد دەڕوانن.. بە تاوانی بێبنەما و هەڵبەستراو بە سەدان مێردمنداڵی کوردیان بەندکردوون بە شێوەیەکی دڕندانە و نامەردانە ئەشکەنجە و ئازاریان دەدەن، تا ئێستا بە دەیان مێردمنـداڵی کوردیان لە سێدارە داون. ئێـران لە لەسێدارەدان دا بە گشتی و لە لەسێدارەدانی مێردمنداڵان و ژنان بە تایبەتی، خاوەنی پلەی یەکەمینە و باڵاترین نمرەی و ریکوردی جیهانی لە لەسێدارەدان دا تۆمارکردووە، کە لاوان و مێردمنداڵانی کوردمان پشکی شێریان لە لەسێدارەدانی کۆمارێ ئیسلامی سێـدارەدا هەبووە و هەیە.

لە مادەی (١٥) ی دەستووری ئێراندا، ئەو مافە بە نەتەوەکانی بێجگە لە فارس، دراوە کە بە زمانی زگماکی خۆیان فـێربن و بخوێنن، بەڵام وەکو دەڵێن ئەمە تەنیا مەرەکەبی سەر کاغەزە و هیچی تر نییە، نزیکەی (٤١) ساڵە، ئەم مادەیە جێبەجێ نەکراو و ناشکرێت، بەڵکو بە پێچەوانەی ئەم مادەیە، هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوەی زمانەکانی نەتەوەکانی تریـان داوە و دەدەن، بە تایبەتیش زمانی کـوردی.
لایەکی تریشەوە، بەشی کوردی لە و کەناڵە تەلەفزیۆنی و رادیۆ بەکرێگیراوانەیی کە لەژێر چاودێری و سانسۆر و ئاراستەی رژێمی ئێران دا، پرۆگةرام و بەرنامەی بە مەبەست بڵاودەکەنەوە، بە هەموو شێوە و شێوازێک هەوڵی شێواندةن و لاوازکردنی زمانی کوردیمان دەدەن، بە ئەنقەست وشەی فارسی دەخەنە شوێـن وشەی رەسەنی کوردیمانەوە.
پیلان و هەوڵێکی قێزەوەنی تری دەسەڵاتدارانی رژێمی ئاخووندەکان، بۆ دژایەتیکردن و لاوازکردنی زمانی کوردیمان، هانی قسەکردن و فـێربوون و نووسینی فـرە دیالێکـت و شێوە زاری ناوچەیی زمانی کوردی دەدەن، بۆ ئەوەی کە کورد نەبێت بە خاوەنی زمانی ستانـداردی یەکگرتووی کوردی و بە خاوەنی زمانێکی یەگرتووی ئەدەبی و فەرهەنگی. ئەمە نیازە گڵاوەیان زیانێکی گەورە بە زمان و بە یەکێتی نەتەوەییمان دەگەیەنێت. بە داخەوە کە دەسەڵاتـدارانی بەڕێوەـبردن و حکومەت لە باشووری کوردستانیش، کە نزیکەی بیست و نـۆ ساڵە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، نەک هەر نەیانویست و بەڵکو رێیان بەو هەوڵانەش نەدا، بۆ دانانی زمانی ستانداردی یەکگرتووی کوردی. تا ئەمڕۆش درێژە بە دوو دیالێکت و دوو شێوازی خوێندن و دوو میدیا و راگەیاندن دەدەن، دوو بێژەر دەدەن، دوو ئەلفوبێی کوردی دەخوێنرێ، ئەمەش ویست و خواست و جێبەجێکردنی پیلانی داڕێـژراوی داگیرکەرانی کوردستان و دوژمنانی گەلەکەمانە، لە دژ یەکێتی نەتەوەی کوردمان و لە دژی دانـانی زمانی یەکگرتووی ستانداردی کوردی.
دڵنیام بە هـۆشیاری و بە دڵسۆزی گەلەکەمان لە رۆژهـەڵاتی کوردستان دا، هەموو پیلان و نیازگڵاوییەکی ئیرانی داگیرکەر بۆ شێواندنی زمانی کورد پووچـەڵ دەکەنەوە،
داواش لە دایکان و باوکانی کوردمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم، کە لە ماڵەوە و لە دەرەوەدا، هەر بە زمانی کوردی لەگەڵ منداڵەکـانیان دا بدوێن، و زمانەکەمانیان لا شیرین بکەن. خۆشەویستی و دڵسۆزی و هاوبەستەبوونیان بۆ کورد و کوردستان، لە هۆش و دەروونیان دا بڕوێنن.. ئەمەش ئەرکێکی پێویست و پیرۆزی نیشتمانیتانە.
گەر بە هەڵەدا نەچم، وا بزانم لە پەرتووکی (چریكه‌ی كوردستان) دا خوێندمه‌وه‌، كه‌ له‌ دانانی خاتوو (میدیـای زه‌نـدی) یه‌ ده‌رباره‌ی هونەرمەند (حه‌سه‌ن زیـره‌ك). میـدیا خان نووسیوێتی ـ دەقی نووسینەکەیشم نایەتەوە یاد ـ ئەوە دەزانم کە نووسیوێتی: کە رژێمی شا باوکمیان بۆ تاران دوورخستەوە، باوکم لە ماڵەوەدا دوو شتی سەپاند بە سەرمانـدا، یەکەمیان، دەبوو هەر بە زمانی کوردی قسەبکەین، دووەمیان دەبوایە لە ماڵەوە جلی کوردیمان لەبەر بکـردایە.
زمانی کوردیمان زۆر لەوە گەورەتر و خۆڕاگرترە، کە ئاخووندە رەگەزپەرستەکان بتوانن لاوازی بکەن یا کاڵی بکەنـەوە.. زووبێت یا درەنگ ئەم ئاخووندانە گۆڕبەگۆڕ دەکرێن.. بەڵام گەلی کوردمان و زمانی کوردیمان هەردەم بە زینـدووی دەمێنـنەوە.
رەزا شوان
نەرویـج: ٣/ یۆلـیۆ/٢٠٢٠

Previous
Next
Kurdish