Skip to Content

بۆڵتن ی تووڕە… تڕەمپ دەکەوێنێ؟ … ‎لە عەرەبییەوە: ئومێد بۆتانی

بۆڵتن ی تووڕە… تڕەمپ دەکەوێنێ؟ … ‎لە عەرەبییەوە: ئومێد بۆتانی

Closed
by ته‌مموز 5, 2020 General, Opinion


‎وتارێکی ‘ ممدوح المهینی’ بەڕێوبەری گشتیی هەردوو کەناڵی ‘العربیـه‌’ و ‘حدپ

‎دوای دەنگۆی دەسنیشانکردنی بۆڵتن بە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە لایەن تڕەمپەوە، ترس کەوتە نێو لایەنگرە کۆمارییە دوورەپەرێزەکانی سەرۆکی ئەمریکا. ترسان لەوەی بۆڵتن سەرۆکەکەیان پەلکێشی نێو شەڕێکی خوێناوی بکات و وای لێبکات هەڵبژاردنی داهاتوو بدۆڕێنێت. بانگەشەیان لە دژ کرد بۆ ترساندنی سەرۆکە خۆشەویستەکەیان و گاڵتەیان بە هەڵسوکەوتە سەیرەکانی بۆڵتن و ‌جلەکانی و سمێڵە زلەکەی کرد. ئەو بانگەشە و هێرشانە ترەمپیان نەترساند و بەپێچەوانە سەرسام بوو بە لێدوانەکانی بۆڵتن لە کەناڵی ‘فۆکس نیوز’ و لە سەر بڕیارەکەی سوور بوو، بەڵام پاش ١٧ مانگ لە رێگەی توویتێکەوە لە پۆستەکەی لایدا، بەڵام چی روویدا کە ئەو ناکۆکییەی نێوانیانی تەقاندەوە و بە بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی بۆڵتن کۆتاییهات، تێیدا بە هەموو شێوەیەک ئامانجی لەکەدارکردنی سەرۆکەکەی پیشوویەتی و رێگەگرتنە لە تەواو کردنی چوار ساڵی دیکە لە کۆشکی سپی؟ ناکۆکییەکانی نێوانیان سادەن، لە کەسایەتی و شوناسدا، بۆڵتن لە سیاسەتی دەرەوەدا، پیاوێکی تەواو بە پرەنسیپە، کە بڕوای بە مەنزومەیەکی کامڵی دنیابینی و رێکخستن لە سەر رۆڵی ئەمریکا لە جیهاندا هەیە. هەڵەی تڕەمپ ئەوە بوو کە لە کەسایەتی ئەو تێنەگەیشت، دانی بەوەشدا نا کاتێک لە توویتێکدا گوتی “پەشیمانم لەوەی زووتر لەسەر کار لامنەدا”. نموونەش لە سەر کەسایەتی بە پرەنسیپی بۆڵتن کە هەزمی ئەوەی نەکرد سەرۆکی ئەمریکا بۆ واژووکردنی رێککەوتننامەی ئاشتی چاوی بە سەرکردەی کۆریای باکوور ‘کیم جۆنگ ئۆن’ بکەوێت، بۆیە سەرەڕای پۆستە گرنگەکەی، کەچی خۆی بە دوورگرت، تەنانەت رەتی کردەوە بێتە سەر شاشەی تیڤییەکان و بەرگری لەو دانوستاندنانە بکات. لەو نامە دڵدارییانەی نێوان هەردوو سەرکردەکەشدا، هەستی بە غەمباری کرد. لە کۆتاییشدا سەرکەوتوو بوو لە تێکدانی رێککەوتنەکە، کاتێک بە ئەنقەست لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند “پێویستە نموونەی لیبیا لە کۆریای باکوور جێبەجێبکەین.” تڕەمپ-ی پڕاگماتیک دەیویست کۆتایی بە رێککەوتنەکە بێنێت، بۆڵتن-ی پیاوی پرەنسیپەکان لە سەرەتاوە بڕیاریدا بوو تێکیبدات، چونکە بیروباوەڕی لە کەدار دەکرد. لێرەوە ناکۆکییەکانی نیوانیان تەقییەوە کە بە دڵنیاییەوە بە دەرکردنی بۆڵتن کۆتاییدێت. بێ ئەوەی لێرە بڕیاربدەین کە كێ راستە و کێ هەڵەیە، لەڕووی پیشەییەوە بۆڵتن هەڵەی کرد، چونکە ئەرکی ئەو خزمەتکردنی سەرۆکەکەیەتی تەنانەت ئەگەر بڕوای بە بیرورای نەبێت یان دەبوا لە سەرەتاوە لە پۆستەکەی کشاباوە یاخود هەر قبوڵی نەکردبا. لە ناوەڕۆکی کتێبەکەیدا، لە سەر ئاستی کەسی، لێکترازانی گەورە لە نێوان ئەو دوو پیاوە بەدیدەکرێت، کاتێک لە گەڵ تڕەمپ بە هەمان فڕۆکە سەفەری نەدەکرد ، هاوکات لە سەر نزیکەی هەر هەموو دۆسیەکانی سیاسەتی دەرەوە جگە لە دۆسیەی ئێران نەبێت، هێرشی دەکردە سەر سەرۆکەکەی. سەرەڕای ئەوەی رەخنەی لە تڕەمپ گرت لە پاشگەزبوونەوە لە کۆتاساتەکان و وەستان لە لێدانی
‎ئێرانییەکان دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە.
‎هەمان شت روویدا لە کاتی چاوپێکەوتن لە گەڵ سەرکردەکانی “تاڵیبان” لە کامپ دەیڤد. لای بۆڵتن جوان نەبوو سەرۆکێکی ئەمریکی تەوقە لە گەڵ ئەو کەسانە بکات کە دەستیان سوورە بە خوێنی ئەمریکییەکان. چاوپێکەوتنێک کە دژی بیروباوەڕەکانیەتی، زەحمەتە پێی قووت بدرێ یان بێدەنگ بێت، بۆیە بۆڵتن، پاسەوانی پێداگری کۆمارییەکان لەسەر بڕوابوون بە رۆڵی ئەمریکا لە پاراستنی جیهان بە توندی لە دژی ئەوە وەستایەوە تا لە کۆتاییدا دوورەپەرێزخرا. کاتێک لە دژی سەرۆکەکەت دەربارەی بابەتێکی سەرەکی دەوەستی، چاوەڕوانکراوە کە رۆژەکانت سنووردارن، بۆیە ئەوانەی ئێستا کتێبەکەی بۆڵتن دەخوێننەوە دەڵێن، ئەو وا هەڵسوکەوت دەکا کە سەرۆکە، رێبازی تایبەت بە خۆی هەیە کە زۆربەی کاتەکان دژی بۆچوونەکانی دەرەکیی سەرۆکی ئەمریکایە.
‎پێچەوانەی بۆڵتن، دەبینین وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ‘مایک پۆمپەیۆ’ کە هەر لە سەرەتادا دەردەکەوێت کەسایەتییەکی خاوەن پرەنسیپ و ئایدیای بە‌هێز و روونە لە سیاسەتی دەرەوەدا. دیارترینیان گەڕاندنەوەی متمانە بۆ سیستەمی جیهانیی ئەمریکییە کە لە سەردەمی ئیدارەی سەرۆک ئۆباما لاواز ببوو. بەو دواییەش وتارێکی فراوانی لە گۆڤاری ” فۆرێن ئەفەیرز” بڵاوکردەوە، تێیدا بە روونی بیرکردنەوەی خۆی خستەڕوو، بەڵام ئەو کەسایەتییەکی پڕاگماتیکی نەرمە و لە سەرەتادا دۆسیەی دانوستاندن لە گەڵ کۆریای باکووری بەڕێوەبرد، (پێش ئەوەی تێکبدرێ)، هەروەها رۆڵی گەورەی هەبوو لە بڕواپێهێنانی تڕەمپ بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێکی توند لە دژی ئێران و هێزە پڕۆکسییەکانی لە ناوچەکە کە دیارترین سەرکەوتنەکانیشی تێکدانی رێککەوتنەکە ئەتۆمییەکە بوو.
‎بەپێچەوانەی بۆڵتن، پۆمپەیۆ بڕوای بە سۆز و ئاستی بەرپرسیارەتی هەیە، بۆیەش بۆڵتن-ی بە “درۆزن و خیانەتکار”! ناوزەدکرد کە هەوڵیداوە لەگەڵ سەرۆکەکەی تووشی لێکترازانی بکات.
‎روونە کە بۆلتن، پیاوی بەهابەرزەکان لە سیاسەتی دەرەوەدا، پێی وابوو کە ئەوە دواهەلە لە سەردەمی ئیدارەی تڕەمپ بۆ بەدیهێنانی پەیامبەرییەکەی. وەک دواهەلی بینی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەقڵی پیاوێک کە بە درێژایی تەمەنی لە جیهانی پارە و سەرمایە کاری کردووە و لای گرنگ نەبووە لە دەرەوەی سنووری ویلایەتە یەکگرتووەکان چی دەگوزەرێت. ئەو نەیدەویست لە هیچ بیرۆکەیەکی ناو مێشکی پاشگەزبێتەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ناوبانگە پاکەکەی بکات، بەڵام کۆتا هەوڵی بە شێوەیەکی چاوەڕوانکراو شکستی هێنا، بۆیەش بڕیاری بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە توڕەیەی دا.
‎ئایا ئەم کتێبە کاریگەری بە سەر دووبارە هەڵبژاردنەوەی تڕەمپ دەبێت؟ لەوانەیە نەخێر. چونکە لایەنگرانی ناوخۆی تڕەمپ، سیاسەتی دەرەوەیان لا گرنگ نییە، بۆڵتن-یش کە دژبەرییەکی توندی لەگەڵ دیموکراتەکان هەیە کە تائیستاش گلەیی ئەوەی لێدەکەن، لەو کاتەی دەیانویست تڕەمپ لە پۆستەکەی دووربخەنەوە، ئامادەنەبوو شاهیدیان بۆ بدات، بۆیە دەبێ بپرسین کێ سوودمەندە لەو کتێبە؟ لەڕووی داراییەوە بۆلتن، بەڵام زیانی بە ناو و ناوبانگە هەڵۆییەکی گەیاند کە چەندین ساڵی ژیانی وەک جەنگاوەرێکی راستەقینە دژ بە ئێرانییەکان تەرخانکردبوو. ئێستاش دەیەوێ ئیدارەی سەرۆکێک بڕووخێنێ کە ئێرانییەکانی خنکاندووە و لە هەموو شوێنێک بە دوایانەوەیە. ئا لێرەدا دەبینین پیاوی جیهانبینی سیاسەتی راست، دەگۆڕدرێ بۆ پیاوێکی بە دەنگە دەنگی تووڕەو دەبەنگ، کە تەنانەت بۆ تۆڵەسەندنەوە بۆ ناخە بریندارەکەی، لە سەر حیسابی پرەنسیپ و بەهاکانیشی، لە دزەپێکردنی نهێنییە پارێزراوەکانیش سڵ ناکاتەوه‌

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish