Skip to Content

کوردایەتی چییە -3- کاوە جەلال

کوردایەتی چییە -3- کاوە جەلال

Closed
by ته‌مموز 6, 2020 General, Opinion, Slider



بەشی سێیەم
1


گومانی تێدا نییە کە کوردایەتی تەنانەت لە نوێترین کاتی سەردەمدا خواستی بۆ دەسەڵاتداریی میرایەتیی گونجێنراو بە سەردەم هەیە، ڕەنگە تەنانەت ئەندێشەی شانشینی (ی دامەزراوەیی) ناخی تەنیبێت. لە بنەڕەتدا خواستی بەو چەشنە تەواو گونجاوە بە سروشتی خێڵەکی-گوندی خۆی، ئەوەش بەڕوونی لە ڕەفتاری سیاسی و جڤاکیانەیدا خویادەبێت، هەروەها شارنشینانی خزمەتکاری هەرگیز ئەو خواستەیان ناشارنەوە و وەک چارەسەری پەرتەوازەیی کورد دایدەنێن، لێ گەر بەوردی بڕوانین، دەبینین کە ئەوان “میکانیستیانە” ئەو چارەسەرە دەبینن، واتا هەوڵ دەدەن سەرۆک بە هەر کلۆجێک “دروست بکەن”.
لەم پەیوەندییەدا پێویستە دانوستانی چەند کێشەیەکی کرۆکی بکەین. یەکێکیان ئەو پرسیارەیە کە “ئایا سەرۆک دروست دەکرێت؟”. کێشەیەکی دیکە پەیوەندە بە پەرەسەندنی ژمارەی دانیشتوانی شارنشینانەوە کە بەتایبەتی لە ئاشبەتاڵی 1975 بەدوواوە گوڕدەسێنێت؛ کێشەیەکی دی ئەوەیە کە تەریب بە وەرگۆڕان و دۆخگۆڕییەکانی نێو کوردانی ئێراق هاڤرکێی جۆرەکیی مەبەستمەندانە لە کوردستانەکانی دیکەوە بەرانبەر خێڵەکێتیی گوندی و شارنشینی پەیدابووە کە بریتین لە پ.ک.ک. و خوشکە پارتەکانی. ئەوجا ئێمە پێویستە لەپاڵ ئەو کێشە ناوبراوانەدا کارەکتەری ستەمکار و بێئابڕووی خودی خێلەکێتی وەک کێشەیەکی دیکە بۆ قەدەری ئەو خۆی و داکەوتی هەموو کوردان ڕەچاو بکەین.

2
کوردایەتی، کە لە هەردوو ڕووی خێڵەکی-گوندی و خێڵەکی-شارنشینییەوە بەسەر هۆش و دەروونی کوردانی سۆزمەند و ساکاردا زاڵ بووە، نەیتوانیوە لەنێو خۆیەوە دەرفەت بۆ سەر-هەڵدانی سەرۆک بڕەخسێنێت، هەروەها لە ڕووی کەسەکییەوە نەبینراوە کە کەسێتی “بەنێویدا هەڵ-بکەوێت”، چونکە سوننەگەریی خودی کوردایەتی کە پابەندبوونە بە ئاستی لێرەبوونی (وجودی) جڤاکیانەی کەس و هاوکات کارکردنە بە پێشوێنەی چەسپێنراوی ئیسلامیانە، پرنسیپی مرۆڤی ناناسێت، کە دەبێت هەموو مۆرکەکان بۆ سەر-هەڵدانی سەرۆک لەخۆبگرێت، بە پێچەوانەوە کوردایەتی لەنێو سەرجەم پرۆسەکانی مۆدێرنیزەکردندا(1) هەروەها لاساییکەرەوانە هەوڵی “دروستکردن”ی ئەمیش دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش هیچ مۆدێلێکی دیکەی جگە لە پەیوەندییە تاک-دەسەڵاتییەکانی خێڵەکێتی لە بەردەمدا نەبووە و نییە.
کێشەی خێڵەکی-گوندی و هەروەها خێڵەکی-شارنشینی لە پرسی سەرۆکێتیدا ئەوەیە کە شۆڕەسوارانیان وەک پابەند بە جیهانی سوننەتی نە لە سەردەمانی دێرینتردا توانای کەسییان هەبووە و نە لە سەردەمی ئەمڕۆدا توانای کەسی و جڤاکییان ماوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتیان لە پەیوەندیی نێوخۆییدا بسەپێنن. ڕوونتر ببێژین، لەنێو کوردانی ئێراقدا (بێگومان هەروەها ئێراندا)، لایەنی کەم لە سەردەمی دەوڵەتی ئێراقدا، “پیاوی ئازا بە ئەدگاری ‘سەرۆک’ەوە هەڵنەکەتووە”، واتا خەباتگێڕێک کە وەک بکەر بۆ مردن ئامادە بێت، هاوکات لێهاتوویی جڵەوگرتنی سیاسیی هەبێت، ئەوجا ڕاشکاوانە بۆ ئەو مەبەستە بێتە مەیدانەوە و داوا بکات کە “دەیەوێت” بەرپرسیاریی سەر-کردایەتی، سەر-ۆکایەتی، بگرێتە ئەستۆ، بەرانبەر ئەوەش ئۆتۆرێتییەکەی لە لایەن پێکڕای هاوکارانییەوە و بەڕێی ئەوانیشەوە لە لایەن هیچ نەبێت زۆرینەی کوردانەوە قبووڵبکرێت.
ئێمە لێرەدا بەڕوونی دەبینین کە “بە-سەرۆک-بوون” هەڵچوونێکی بکەریانەی خۆییە بەنێو ژیانی جڤاکی و سیاسیدا، کەواتە بریتییە لە “پێگەیشتن” لە سەرەتایەکەوە ڕووەو پێگەی بەرپرسیاری، پێشمەرجی ئەم هەڵچوونەش بریتییە لە هەڵوەشاندەوەی کەسێتیی سۆسیۆ-کولتووریانەی خۆ و بنیاتنانەوەی کەسێتییەکی نوێی شۆڕشگێڕ، کەواتە وەرچەرخانی بوێرانەیە ڕووەو کەسێتیی سوننەتیی خۆ و هەڵوەشاندەوەی بە هزرینی ڕەخنەیی، کە ئاشکرایە کەس تەنیا بەو ڕێیەوە بە ئازادی دەگات، یەکەم مۆرکی ئەم ئازادییەش یاخیبوونە لە فیگوری باوک، کە بەبێ هیچ گومانێک هاوکات یاخیبوونە لە کەسێتیی ئەندێشەییانەی محەمەد، هەر بۆیە کەسی بە ئازادی گەیشتوو دەتوانێت نەفرەت لە گۆڕی باوکی خۆی بکات گەر هاتوو ئەو باوکە خۆفرۆش بووبێت یان تەنانەت کەمترین زیانی بە یەک تاکە مرۆڤی وڵاتی خۆی گەیاندبێت. بەڵێ ئەوە نەمرییە کە ئاگایی کەسێتیی هەڵچوو بەرەو سەرۆک-بوون دەتەنێت، نەک حەزی دەسەڵات وەک مۆرکی پیاوانی سوننەگەرا کە لەتەک مردنیاندا بۆ هەمیشە مردوون، هێندە نەبێت کە نەوەکانیان، دەسەڵاتخوازانی درۆزن یان کەسانی ساویلکە وەک سەرۆکی نەمر، خاوەن مەدرەسە یان باوکی هەژاران پێیاندا هەڵدەدەن.
بێگومان ئێمە ئەوها جەختلێکراو ئەم کێشەیەی بە-سەرۆک-بوون دیاردەهێنین و پێویستە دیاریبهێنین، چونکە بەم ڕێیەوە دەرفەتی زیاترمان بۆ دەڕەخسێت کوردایەتی وەک درۆزن هەڵبماڵین. ئاخر گومانی تێدا نییە کە ئێمە لەم پەیوەندییەدا بەندین بە دۆخێکی مێژوویی ئەوتۆوە کە گەرەکە ڕزگاریخوازی بێت، ئەمەش دۆخێکە کە “پاڵەوان”ی هەمەلایەنیی بە سەرکردەی هەمەلایەنییەوە گەرەگە. ئەوجا لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە پاڵەوانە لە داکەوتی کوردان خۆیاندا هەبووە و هەیە، ئەوا دیاریکردنی بەم چەشنەی ئەدگارەکانی سەرۆک دەرهاویشتە نییە لە ئەندێشەی نێو ژووری داخراوەوە، بە پێچەوانەوە، ئەوان: پاڵەوانەکان، “لەنێو پێشمەرگەدا” هەبوون (جا گەر تەنانەت نەک ئاگامەند، بەڵکو کەم یان زۆر سادە و سۆزمەند بووبن!). لە بنەڕەتدا، گەر لە کردەکێتییەوە بڕوانین، دەبوو لەنێو ئەوانەوە، کەواتە بەلۆژیکی: دەبوو میلیتاریستییانە (عەسکەرییانە) لە نێو ئەوانەوە سەرۆک یان سەر-کردە سەر-هەڵ-بدات، نەک بەزۆر لەنێو خێڵەکێتیی شێخزادەیی گونددا هەوڵی سەپاندنی بدرێت.
لەم ڕوانگەیەوە نەشیاوە سەرۆکهۆز و کوڕە شێخان ئەو ئەدگارە ناوبراوانەی سەرۆکێتییان هەبێت، گەر هاتوو ئەوان بوێرانە کەسێتیی سۆسیۆکولتووریانەی خۆیان هەڵنەوەشێننەوە و کەسێتییەکی نوێ بنیاتنەنێتەوە، کە ئاشکرایە ئەو کەسێتییە چیدی لە سەرەنجامدا خۆی بە باوکییەوە بانادات، بەڵکو بەئاشکرا نەفرەتی لێ دەکات گەر پیاوێکی خائین: جاش یان قۆنتەراتچیی سەربازی بووبێت.
لە بنەڕەتدا سەرۆکهۆز و کوڕە شێخان وەک سوننەگەرا تەنیا پێیان دەکرێت پەیوەندییە ناسراوەکانی خۆیان بەرهەمبهێننەوە، چونکە ئەوان لە زارۆکییەوە وەک دەسەڵاتدار سۆسیالیزە دەکرێن (بەکەسدەکرێن)، لەم ڕەوتەشدا دەرککردنی کەسییان کە تێڕوانینیان بۆ ژیانی جڤاکی و سیاسی چێدەکات، خێڵەکییانە وەردەچەرخێنرێت، کە ئیدی تەنیا پێیان دەکرێت دەرککردنی خێڵەکی، یان گەر کەمێک کراوە بن، تەنیا پێیان دەکرێت دەرککردنی گەلەکییان (شەعبییان) هەبێت (ئەمە بریتییە لە ئاکولتوراسیۆن). بەڕوونی ببێژین، ئەوان لە زارۆکییەوە پێگەیەکی لێرەبوون-یانەی (وجودیانەی) دەسەڵاتیان هەیە و لێوەی بەکەسدەکرێن، هاوکات وەک زارۆک سۆزمەندانە چێژ لەو پێگەیە دەبینن، ئەوجا هەر چێژتنێکی ڕۆژانەیان لەو تەمەنەوە و لە ڕەوتی پێگەیشتنیدا، هۆبس واتەنی، لە ئەندێشەدا چێژی زۆرتری هێشتا نەبینراو بێداردەکاتەوە، ئەوانیش هاوکات وەک مرۆڤ و خاوەن پێگەی دەسەڵات لە داکەوتدا هەوڵی ڕیالیزەکردنیان دەدەن، کە ئاشکرایە زۆر جار هەوڵی ڕیالیزەکردنەکە بە حوکمی دەسەڵاتیان سەردەگرێت. ئاشکرایە نەوەکانی دەسەڵاتدارانی سوننەتی، هاوشێوەی باوکانیان، کە پێگەی “هەبوو”ی دەسەڵاتیان وەک میراتی بۆ ماوەتەوە، وەک کەسانی دیکەی کۆمەڵ بەگشتی “پێویستیان بەوە نەبووە کەسێتییان لە ململانێدا و بە پرسیار لە خۆ پێبگەیەنن”، بەڵکو ئەوان ئاستگەرایانە لە زارۆکییەوە لەنێو زارۆکاندا، لە گەنجێتییەوە لەنێو گەنجاندا، ڕێیان لە لایەن باوان و هەروەها خزمەتکارانی باوان و خۆیانەوە بۆ خۆشکراوە دەسەڵات بنوێنن و ئەوەشیان کردووە، جا گەر ئەوە تەواو زارۆکییانە بووبێت: گەر لە تۆپانێدا دۆڕاندبێتیان، ڕۆژی ئایندە لە ڕقدا ساحەکەیان بە تراکتۆر کێڵاوە. ئاستی خوازراویان ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساندوون.
لەم ڕوانگەیەوە سەرۆکهۆزی سوننەتی، یان کەسێتیی خوێندەواری شێخزادەیی، کە ئەدگارە ناوبراوەکانی سەرۆکیان نییە، ئەوپەڕی دەشێت بەزۆر وەک دەسەڵاتدار زیتبکرێنەوە، لێ لەبەر ئەوەی زیتکردنەوەکە زۆرەکییە، ئەوا کەسێتییان بەتایبەتی لە سەردەمە تەنگژاوییەکاندا دەبێت بە ئاستەنگ لە بەردەم ڕاپەڕاندنی دەسەڵاتی پێدراویاندا، بۆیە زۆر زوو بێتوانایی خۆیان بۆ سیاسەت ئاشکرا دەکەن: هەموو کردارێکی سیاسییان کورتدەهێنێت، بەڵێ شکستدەهێنێت، وڵات دووچاری قەرز و هەژاری و ئاستی زۆر جیاوازی سامان دەکەن، بەمەش تەنیا شێواوی دەخەنەوە، کە ئیدی تەنانەت شیرازە سوننەتییەکان تێکدەچن، بەڵێ لە سەرەنجامدا خودی کەسانی زیتکەرەوەی ئەوان ئیحراج دەبن و بەناچاری پەرچەکردار بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەوشەکە دەنوێنن، کە بێگومان لەبەر ئەوەی بەرژەوەندییە ماددیەکانی دەسەڵات، بۆ نموونە گەیشتنی تەمەڵی خێرا بە پارە و ڕابواردن، کەشخەیەتی و ملدانەبەر و هتد، لە پێشینەی خواستەکانیاندان، ئەوا بە ئارەزووی خۆیان و بەبێ هیچ بناغەیەک حیکایەت بۆ هەر تێکەوتنێکی سەرۆک و سەرکردەکایان دەهۆننەوە (ئەم پرسە لە خوارەوە بە نموونەی خوێندەوارەکانی کوردایەتی ڕوونتر دەبێتەوە).
3
ئاستەنگێکی کرۆکی لە بەردەم کوردایەتییەکەی خێڵەکێتی-گوندی و خێڵەکێتی-شارنشینیدا ئەوەیە کە ژمارەی دانیشتوانی شارنشین لە ئاشبەتاڵی 1975 بەدوواوە پەرەی سەندووە. بێگومان سەرەتا تەنینەوەی شارنشینی لەو کاتە بەدوواوە بەهۆی کۆچپێکردنی زۆرەملێوە نەبوو کە ڕاستەوخۆ شار (ی خۆرهەڵاتی) و شێوەی پێگەیشتنی مێژووییانەی بشێوێنێت. لێ سەرەڕای ئەوە تێکدانی ژیانی گوندی و دروستکردنی ئۆردوگای ناونراو بە “گوندی نوێ”، هەروەها تەرخانکردنی پارەی کاش وەک تەعویز بۆ ئەو جوتیارانە کە بەهۆی تێکدانی گوندەکانیانەوە زیانی ئابوورییان پێکەوتبوو، پەرەی بە ڕێژەی کۆچکردن بۆ نێو شارەکان دا، ئەوجا پرۆسەکە لە ڕەوتی جەنگی ئێراق-ئێران و سەردەمی ئەنفالەکاندا بوو بە کۆچپێکردنی زۆرەکی و ڕاونان بەرەو شارەکان. سەرەنجامی ئەم سیاسەتەی حکومەتی ناوەندی ئەوە بوو کە شارەکان شێوان و “لادێییەتی بەنێویاندا تەنییەوە”، کە هاوکات بوو بە فاکتەرێکی دیکە و کرۆکیتر بۆ بەهێزتربوونی خێڵەکێتی-شارنشینی. بە هەر حاڵ، کوردستان هەرگیز، تەنانەت دوای ڕاپەڕینی 1991 و دروستکردنەوەی گوندەکان، نەگەیشتەوە بە “توانستی ترادیسیۆنیانەی بەرهەمهێنانی مرۆڤی لە بواری کشتیاریدا پێش ئاشبەتاڵی 1975”. نەخێر، ئاوەزمەندیی گوندی لەو کاتە بەدوواوە لەنێو شاردا دەستیدایە ئابووریگەریی تایبەت بە کەسێتییە سادە و ساویلکەکەی پیاوی گوند، واتا ئابووریگەریی سادە و سەرپێیی و خانەوادەیی (بەکۆمەڵ) لە بازرگانیدا کە بازرگانانی شارنشین یان شاری بەهۆی تەنیایی بازرگانیکردنیانەوە هێندە ئاسان دەرەقەتیان نەدەهاتن، هەروەها ئابووریگەریی سادە و سەرپێیی لە پیشەی دەستیدا کە لە ڕەوتی کاتدا بوو بە فاکتەرێک بۆ پاشەکشەی وەستا “سوننەتییەکان”ی شارەکان، واتا ئەو وەستایانە کە سەرەتا شانازییان بە دەستڕەنگینیی خۆیانەوە دەکرد و لە بازاڕدا بەتایبەتی دەستوێژی دۆزینەوەی کاریان بوو، لێ ئێستا بە زەحمەتتر بەهۆی هاڤرکێی هەرزان و بەکۆمەڵی وەستا ڕەچەڵەک گوندییەکانەوە کاریان دەستدەکەوت. لێ لەبەر ئەوەی پێگەیاندنی فێرگەییانەی پیشەی دەستی بەزۆریی لە ڕەوتی پەرەسەندنی بەلادییبووندا لە شارەکان ڕووی دەدا، ئەوا ئەمڕۆ ڕێژەی نێوان وەستای سەرپێیی و رواڵەتی لە لایەک، وەستایانی دەستڕەنگین لە لایەکی دی، یەکجار ناهاوسەنگە لە بەرژەوەندیی ئەوانەی یەکەمدا. بێگومان ئاشکرایە کە ئەمە هاوکات یەکێکە لە بەدبەرهەمەکانی کوردایەتی و تا نێو خوێندنی زانکۆیی بڕ دەکات – زانکۆکان تەنیا بە ناو زانکۆن، لە بنەڕەتدا ئەو پەڕی دەشێت بە حەزەرەوە ناوبنرێن خوێندگەی باڵا.
لێ ئێمە هەر لەم پەیوەندییەدا دەکەوینە بەردەم ڕووداوێکی دیکەی سیاسی بە کاریگەریی قووڵی ئەخلاقییەوە، کە بریتییە لە “دەستمایەی بەگەڕخراوی خودی خۆ وەک جاش” و جێی بەرهەمهێنان، بەڵێ تا ڕادەیەکی زۆر جێی هەر شێوەیەکی کاسپی دەگرێتەوە. ئاخر جاشێتی زۆر ئاسانتر لە کاسپی و بەرهەمهێنان دەرامەتی جوتیارەکەی دوێنێ دابین دەکات، ئەوەش تەواو لەتەک کرۆکی فەرهودچیی گوندییە سادە و ساویلکەکاندا یەکدەگرێتەوە. بێگومان ئێمە لەم پەیوەندییەدا ناتوانین نکۆڵی لەوە بکەین کە جاشێتی هەروەها هۆکاری ناچارەکیی لە دەرەوە هەیە و ئاوەزمەندیی گوندییەکان وەک چارەسەرێکی ڕیالیستی هەڵیدەبژێرێت: پیاوی گوندی ئێستا بە جاشێتی خۆی لە جەنگی ئێراق – ئێران بەدوور دەگرێت. بەڵێ، ئەمە ئاوەزمەندییەکی سروشتییانەی گوندییە کە نەک تەنیا لە هەڵبژاردنی جاشێتیدا، بەڵکو هەروەها تا ئەمڕۆ بەو سادەیەتییە لە گشت بوارەکانی ژیانی جڤاکی و کولتووریدا کارایە: لە زانستکردنی زانکۆیی و ئابووری و سیاسەت و پیشەی دەستیدا، لە نووسینی هۆزان و چیرۆک و ڕۆماندا، لە شێوەسازی و موزیکدا، بەڵێ تەنانەت لە زۆر ڕووەوە سەروەریی سەندووە، بۆیە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی ئەم دۆخەی ئەمڕۆی کوردەکانی نێو ئێراق بدرێت، دەبێت خۆی هەروەها بەم پرسە مرۆڤییەی سادەبوون و سادەبوونەوە-وە خەریک بکات.
لێ ئێمە نەک تەنیا پەیوەند بە پەرەسەندی شارنشینییەوە، بەڵکو کرۆکیتریش لەوە پەیوەند بە ژیانی گوندیی سوننەتییەوە، بۆ کوردایەتی بەر ئاستەنگی مرۆڤی دەکەوین، هاوکات بەم ڕێیەوە کرۆکی یەکێک لە ئاشکراترین ڕەوانبێژییە درۆزنەکانی ئاشکرا دەکەین. مەبەستمان بە بەرجەستەیی لەوەیە کە ڕەوانبێژیی “خەباتی گەل” درۆیەکی گەورەیە، چونکە “زۆرینە”ی شاری و شارنشینان هەردەم بەرژەوەندیی خۆی بەهۆی کاری فەرمانبەری و کاسپیەوە لە بێلایەنیدا بینیوە – بێلایەنی وەک هەڵوێستێکی ئاوەزمەندانە، نەک سەرکز وەک دەستگرتن بە کڵاوی خۆوە کە زۆر جار شۆڕەسوارانی خوێندەواری کوردایەتی جەختی لێ دەکەن. ئەم بێلایەنییە هەروەها گوندنشینان دەگرێتەوە.
بەڵێ، هیچ گومان لەوە ناکرێت کە نەک تەنیا ئەمڕۆ (لێرەدا بەر ئەو دەنگزلانە دەکەوین کە باسی شۆڕش لەم سەردەمەدا دەکەن)، بەڵکو لە ڕابوردووشدا، بەڵێ تەنانەت لە ساڵی شەڕە دۆڕاوەکەی 1974-75دا، زۆرینەی هەرە زۆری کورد لە شار و گوند تاقەتی کوردایەتیی نەبوو، بەڵکو بەرژەوەندیی خۆی لەنێو شارەکاندا ڕەچاو دەکرد و خەریکی کاسپی یان کاری فەرمانبەریی خۆی بوو – و ئەمڕۆش ئەوها دەژی. هەروەها کەمینەیەکی یەکجار بچووکی گوندییەکان لەبەر هەر هۆیەک لە کوردایەتیدا بەشداریی کرد، ڕەنگە وەک پیاوانی ئەم یان ئەو هۆز و تیرە (لە بنەڕەتدا زۆرینەی هۆز و تیرەکان لایەنگری حکومەتی ناوەندی بوون). بێگومان ئەمە واتایەکی ئەوتۆ ناگەیەنێت کە زۆرینەی خەڵک ی سادە و سۆزمەندی کورد نەیخواستبێت دەسەڵاتێکی خۆماڵی بێتەگۆڕێ، بەڵکو ئەو واتایە دەگەیەنێت کە ئەو سادە و سۆزمەندانە لەنێو دابەکانی دێرینی خۆیاندا ڕۆنیشتبوون و بەرپرسانی خێزانیش مەمنون بوون بە هەر کارێک ژیانی خانەوادەکانیان مسۆگەر بکەن – وەک ئەمڕۆ.
بێگومان گەرەکە لەتەک پەرەسەندنی ژمارەی شارنشیناندا، هەروەها پەیوەند بە حەساری ئابووریی نەوەدەکانەوە کە تا ڕادەیەک ژیانی سوننەتیی هەڵتەکاند، ڕەچاوی ئەو دۆخگۆڕییە جڤاکی و کولتووریانە بکەین کە لە ئاشبەتاڵی 1975، لێ بە تایبەتی لە ساڵی 1991 بەدوواوە هاتوونەتە ئاراوە، ئەمڕۆش بە شێوەی جیاواز تەواو ڕۆشن خویا بوون و ئاستەنگن لە بەردەم کوردایەتیدا، بۆ نموونە: خۆخوازی لە شێوەکانی ملدانەبەر و منگەرایی و هتد کە ئاستەنگن لە بەردەم گرنگیداندا بە پرسە جڤاکی و کولتوورییەکان؛ بنیاتنانی داخراوی خێزان وەک سنووردارکراو بەرانبەر خێزانی گەورە (تایەفە)؛ پەرەسەندنی لە ڕادەبەدەری خوێندنی زانکۆیی (جا گەرچی لە زۆر ڕووەوە بەرواڵەتی) بە مەبەستی مسۆگەرکردنی سوننەتییانەی گوزەرانی خۆ؛ وەرگرتنی هەر مۆدەیەکی سەرهەڵداوی گلۆبال؛ هەبوونی پارتی جیاوازی سیاسی کە بەئاشکرا دێمۆکراتیی پەرلەمانی ئامانجیانە یان لایەنی کەم بانگەشەی ئەو شێوە دەسەڵاتدارییە دەکەن؛ بێداربوونەوەی ئاگایی بۆ خۆراکگیریی تەندروست و هتد. بێگومان گەرچی جیهانبینی و شێوەژیانی سوننەتییانەی کوردی بنەڕەتی پەیوەندییەکانی نێوان کوردانن، سەرەڕای ئەوە گۆڕانە ناوبراوەکان مۆدیفیکاسیۆنی (تەعدیلی) زۆر شێوە هزرین و ڕەفتاری سوننەتیانەی ئەوانیان کردووە و پێکڕا بە کوردایەتی ناکۆکن، ئەوەش بێگومان لە سەردەمێکدا کە هەمیشە ڕوونتر درۆ و بێدادی و ستەمکارییەکانی ئاشکرا دەبن.
لێ ئێمە لەم پەیوەندییەدا دەبێت ڕووبکەینە کێشەیەکی ئایندەشێوێنی کوردایەتی کە بێتوانایی کرۆکییانەیەتی لە مۆبیلکردنی (جووڵاندنی) خەڵکدا. ئاخر کوردایەتی یەکسەر دەمانهێنێت بۆ نێو پرسی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کە ئاشکرایە لەبەر ئەوەی “بزووتنەوە”یە، ئەوا لە کرۆکەوە جووڵاندنی خەڵکی وڵاتی لەخۆگرتووە، ئەمەش – وەک لە سەرەوە بە نموونەی بێلایەنیی زۆرینەی خەڵک پێشانمان دا – لە کوردایەتیدا نییە و بەڵگەیەکی دیکەیە بۆ ئەوە کە کوردایەتی لە کرۆکییەوە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەبووە و نییە، بەڵکو هیچی دیکە نەبووە و نییە جگە لە یاخیبوونی دەسەڵاتدارانی سوننەگەرای کورد بۆ مەرامی چینایەتییان. ئاخر هەموو خەباتگێڕانی نێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی دەکەونە بەردەم ئەو پرسیارە کە داخۆ لە کێدا وزە مرۆڤییەکان کارایی سەردەم ڕاچڵەکێنەر وەربگرن و لەنێو خەباتدا بنیاتنەرانە پتر ئاوەڵا ببن، نەک خەریکی گەلەکۆمەکێ بن و ناوی بنێن پارتی نیشتمانی یان دێمۆکراتی و هتد. بەڵێ، لە بنەڕەتدا خوێندەوارانی کوردایەتیش فڕیان بەسەر ئەم پرسە کرۆکییەوە نەبووە، هاوشێوەی هەردوو شاندی بۆ ئەوروپا نێرراوی سوڵتانەکەی ئیستانبول کە گەرەک بوو بۆی ڕوونبکەنەوە بۆچی ئەوروپا بۆڕی جیهانی ئیسلامیی داوەتەوە، ئەوانیش، بەدووی یەکدا، یەک وەڵامی بۆ دەهێننەوە: “خاوەن شکۆ، هۆکارەکەی تەکنیکە”! – تەکنیک نەک مرۆڤ!

4
تەریب بە دۆخگۆڕییەکانی کوردانی ئێراق، لای کوردانی “وڵاتانی دراوسێیان”، گۆڕانکاریی ڕیشەیی ڕوویان داوە، کە پێکڕا لە “پ.ک.ک.”وە بەرخراون و ڕاستەوخۆ هاتوونەتە نێو ئەمانیشەوە. گرنگترین مۆرکی ئەم گۆڕانکارییانە ئەوەیە کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی سەرجەم جیهانی ئیسلامیدا لەکاتی محەمەد و شۆڕشە تیۆکراتییەکەی بەدوواوە، ئیدیۆلۆژییانە بکەری ئاگامەندی سیاسی بەرانبەر کەسێتیی ئیسلامی بنیاتدەنرێت، ئەوەش بە ئامانجێکی سیاسییەوە کە دێمۆکراتیی خۆسەرییە وەک تێکەڵێک لە ئەنارکیزم و دێمۆکراتیی جەماوەری. لە بنەڕەتدا ئەمە گۆڕانێکە کە تەواو دژبەری خێڵەکی -گوندی و خێڵەکی-شارنشینییە، کەواتە تەواو دژبەری کوردایەتییە، لەم رەوتەشدا کوردەکانی ئێراق بۆ یەکەم جار (کەواتە نەک بەڕێی شیۆعی یان کۆمونیستەکانەوە) ئەزموونی ئالەنگارییەکی نێوەرۆکی دەکەن کە بریتییە لە پراکتیزەکردنی تیۆرییەکی ئاوەڵاکراوی کوردی بە داواکارییەوە بۆ گۆڕین ی ڕیشەیی ناوچەکە – ئەمە لە خۆیدا پرۆژەیە کە داکەوتییانە لەگۆڕێیە (و پرسیاری سەرگرتنی یان نەگرتنی، یان ڕەخنەکردنی، بابەتی خەریکبوونەکەی ئێمە نییە، چونکە کوردایەتی و داکەوتی هەنووکە پرسی ئێمەیە).
لێ ئەم گۆڕانە هەروەها لە ڕوویەکی دیکەشەوە ئاستەنگە لە بەردەم کوردایەتییەکەی سوننەگەرایانی خێڵەکیی شار یان گونددا: ئەوە کە پارتە کۆمونیستەکان دەیانویست بە دانەوەی سوننەگەرایانەی “سۆسیالیزم ی مارکسیستیی مۆدێرن” بیکەن، ئەمان ئێستا “بە پرۆژەیەکی کوردی” دەیکەن: ئاشتکردنەوەی گەلەکان، کارکردنی هەموویان لە پێناوی ژیانێکی چالاکی کەم یان زۆر مرۆڤدۆستدا (ئەمە لایەنی کەم ئامانجیانە و لە “ڕۆژئاڤا” سەرباری جەنگ “هەوڵ”ی پیادەکردنی دەردرێت).
5
ئاستەگێکی زۆر کرۆکی لە بەردەم کوردایەتییەکەی سیاسەتکارانی خێڵەکی-گوندی و خێڵەکی-شارنشینیدا ڕیشەی لە ناخی ئەوان خۆیاندا داکوتیوە کە بریتییە لە بێشەرمی و درۆزنی – وەک سەرەنجامێکی جیهانبینی و پەروەردەیی. ئێمە خۆمان لێرەدا لە بەردەم پرسێکی ئەخلاقیدا دەبینینەوە، کە دەتوانین گریمانە بکەین هۆی تەنینەوەی وەک جیهانبینی دەگەڕێتەوە بۆ شێخایەتیی تەریقەت، چونکە ئەم شێخایەتییە کە لە سیاسەتدا کارایی خۆی وەرگرتووە، لە کرۆکەوە بە درۆ گەورەکان ژیاوە و دەژی، کەواتە نەوەکانی خۆی بە درۆ گەورەکان خۆشەکردووە. بۆ نموونە گەورەترین درۆی لایەنێکیان ئەوەیە، کە گۆیا شێخە کوردەکانی ئەو نەوەی محمەدی ئارەبن! هەندێکی درۆکانی دیکەی هەموویان بە کاریگەریی ئەخلاقییەوە بریتین لە: گەرچی ئەوان پێکڕا لە دینی محەمەدی لایانداوە، کەچی خۆیان وەک موسڵمان نمایش دەکەن؛ یان دەبێژن کە گۆیا “شێخەکانیان کەرامەتیان هەیە!” یان زاتی پیرۆزن! ئەوە ئیدی تا دەگات بە خورافیاتی ئەوتۆ کە گۆیا گوللە شێخەکانیان نابڕێت، یان گەر لە فڕۆکەوە فڕێ بدرێنە خوارەوە، هیچیان لێنایەت! ئەم چییەتییە درۆزنەی هەموو “شێخایەتییە-کان”ی تەریقەت بەڕێی شێخزادە چالاکەکانی نێو کوردایەتییەوە دەرفەتی بۆ ڕەخسا بەنێو کارەکتەری سیاسەتکارانی کوردایەتیدا وەک ئەدگار بتەنێتەوە. هیچ جێی سووڕمان نییە کاتێک ئێمە ئەمڕۆ بەڕوونی دەبینین، کە چۆن شۆڕەسوارانی کوردایەتی هاوشێوەی شێخە شارلاتانەکانی (Charlatan) تەریقەت هیچیان پێ شەرم نییە: ئەوان درۆزنن، کەچی جەخت لە ڕاستگۆیی خۆیان دەکەن؛ بێنیشتمانن، کەچی دەبێژن نیشتمانپەروەرن؛ دێسپۆتن و بەزۆر زارۆکانی خۆیان دەهێننە نێوەندی دەسەڵاتەوە، کەچی دەبێژن دێمۆکراتن؛ بێدینن، کەچی دەبێژن بەئیمانن؛ دوژمنی کوردن بەوە کە خاکەکەی هێدی هێدی هەڕاج دەکەن، کەچی دەبێژن کوردپەروەرن؛ دەوڵەمەندن، کەچی دەبێژن هەژارن و هتد.
بەڵێ ئێمە بەڕوونی دەبینین، خێڵەکێتی خۆی بە هەموو جۆرەکانییەوە نموونەی بەرجەستەی بەدەستەوە داوە کە ئەو لە کرۆکییەوە توانای دەسەڵاتداریی سیاسیی نەبووە و نییە، بەڵکو خێڵەکێتییە هۆزەکییەکەی، شێخایەتییە تەریقەتییەکەی، هەر لە سەرەتاوە لە بەگەڕخستنی سیاسیدا بووە بە “باندی کریمینێل” (تاقمە عەسابەی ئیجرامی)، بۆیە زۆرینەی لایەنگرانی کەمینەیان لە شار و گوند هێدی هێدی لێیان تەکیونەتەوە، کە ئیدی ئەمڕۆ ئەو خێڵەکییە گوندی و شارنشینانە تەنیا بە پارە و کڕینی خەڵک، بە کوشتن و دیلکردن و فڕاندن، خۆیان لەسەر دەسەڵات پێڕادەگیرێت.

ماویەتی….

(1) پرۆسەکانی مۆدێرنیزەکردن بریتین لە گۆڕینی شێوەی دەسەڵاتداری، خانووی ژیان ( بۆ نموونە لە شەرقییەوە بۆ غەربی)، خۆپۆشین، دروستکردنی شەقامی قیرتاو، خوێندنی فێرگەیی و هتد. بێگومان ئەم شێوە جیایانەی ژیان کاریگەریی لەسەر ناخی تاکەکەس دەنوێننەوە، لێ ئەوپەڕی پێیان دەکرێت کەسێتی هەمواربکەنەوە (مۆدیفیکەیت بکەن). بۆ نموونە ئەندازیارێک، پزیشکێک، پارێزگاری شارێک، خۆیان نوێ دەپۆشن، باسی زانستە مۆدێرنەکان دەکەن، پلانی شار پێشبینی دەکەن، لێ لە کرۆکەوە کەسێتیی خۆرهەڵاتی “سوننەتین” کە شێوەی ژیانی سوننەتی بەرهەمدەهێننەوە، زانستەکان وەک زانیاری (ئینفۆرماسیۆن) دەبین و هەوڵی تەتبیقکردنیان دەدەن، لاسایی ئەم پلان یان ئەو تەلارسازی دەکەنەوە (ئەمڕۆ بەتایبەتی دوبەیی کە خۆیشی بەرجەستەبوونی ئێستێتیکی خۆرئاواییە) و هتد.

کاوە جەلال

mm

Lives in Braunschweig From As Sulaymaniyah, Iraq

Previous
Next
Kurdish