Skip to Content

مانیفێستی عەشق-9-… تێکست: ستیڤان شەمزینی

مانیفێستی عەشق-9-… تێکست: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ته‌مموز 9, 2020 General, Poems


بەشی نۆیەم..

تێکست: ستیڤان شەمزینی

چاوەڕوان بە لە منەوە نامەیەکت پێ بگات
تێیدا نووسرابێت من بووم بە خودی تۆ


سپێدان خۆر بە ئیزنی تۆوە لە کەلەوە هەڵدێ
ئەستێرەکانیش بە فەرمانی تۆ پرشنگ لەیەک دەگرن


تۆ باڵندەیەکی رووح سووکی بەرزەفڕی کۆچەریت
منیش ئاسمانێکی قووڵ و ساماڵی بەردەمت


دەزانی زۆر سەرسامم بە جوانی و تووڕەیی دەریا
چوون خۆمم بیر دەخاتەوە کە شەپۆلی ئەوینت دەمبا؟


بیانوو بە هەموو شەقامەکانی شار دەگرم
کە هیچیان بۆ یەکجاریش من و تۆ بەیەک ناگەیەنن


تۆ لەوسەری دنیاوە دڵخۆشی و پێدەکەنی
من لەمسەری جیهانەوە نەشئەی خۆشی دەمگرێ


لە چاپی چوارەمی ئینجیلی عەشقدا نوسراوە
بە خاچی خۆشەویستی تۆوە هەڵدەواسرێم


تۆوی ئەوین لە کێڵگەی بە پیتی رۆحتا بچێنە
منێک لە وەرزی یەکەمی عەشقدا بدوورەوە


من کوڕە قەرەجێکی بێ ناسنامە و ناونیشانم
تۆش نیشتمانێکی زۆر کەساس و زۆریش تەنها


لە گۆزەی دەمتا شەرابی شیرینی ژیان دەخۆمەوە
لە باوەشی گەرمیشتا هەنگوینی لەززەت


رستەیەکی نهێنی بخەرە دڵتەوە و چاو بنووقێنە
تاکو پێت بڵێم کە دەڵێی بۆ ئەبەد خۆشم دەوێی!!


لە یەک شت ئێجگار ئێجگار پەشیمانم
زۆر زۆر درەنگ تۆم دۆزییەوە


لە تەمەنی خۆمدا هەر تەنیا یەک جار تۆم ناسی
کەچی هەزاران شەو هاتوویتە خەونەکانمەوە


زۆر بە ئاوازی دەنگی من سەرسامیت
بێ ئەوەی بزانی موزیکی ئەوینتە لە قوڕگما

****

ستۆکهۆڵم – ڤێسبی

Previous
Next
Kurdish