Skip to Content

فەلسەفە چی لە پەتای كۆرۆنا دەوێت؟ زۆر شت -13- … ئازاد حەمە

فەلسەفە چی لە پەتای كۆرۆنا دەوێت؟ زۆر شت -13- … ئازاد حەمە

Closed
by ته‌مموز 9, 2020 General, Opinion, Slider


بەشی سیانزەهەم

پووختە: قەڵەمرەویی شرۆڤەكاریییەكانی فەلسەفە نە شوێنی بایۆلۆجی دەگرنەوە نە كاریان ئاڕاستەكردنی تاقیگە پزیشكی و تەندروستییەكانە. فەلسەفە كە كارگەی بەرهەمهێنانی واتا و شیكاریی ڕەخنەییە تێگەیشتنەكانی لە یەك پانتاییدا قەتیسناكرێن. ئەو كاتەی درمێك دەردەكەوێت فەلسەفە گورج دێتەگەڕ و لێكۆڵینەوە لە مەترسی و لێكەوتە كۆمەڵایەتی، تەندروستی و ژیارییەكانی ئەم درمە دەكات. ئەوكات لەوێندەرێ، لەو شوێنەی درمەكان كاران و نەخۆشیەكان سەغڵەتیەكی زۆر بۆ مرۆڤەكان دێننەسازان، فەلسەفە چرۆدەكات و خۆشی دەخزێنێتەنێو شەڕێكەوە، شەڕی تێگەیشتنە لە چیرۆكە جیاوازەكانی نەخۆشی و نەخۆشبوون، شەڕی دروستكردنی واتا تایبەت بە دیرۆكی درمەكان و ئەو هەستی جودای و ترسەی لە ساتەوەختی درمەكانا بە چركە لەدایكدەبن. بەمە فەلسەفە لەو ترسە دەكۆڵێتەوە دیرۆكی درمەكان لەبارەیانەوە هۆشداریمان دەدەنێ كە مرۆڤایەتی لەبەردەم چ مەترسیێكدایە. هەرچی شەڕی بایۆلۆجیە دەكرێت وڵاتان لەڕێگای ئەزموونگە و كارگەكانی دەرمانەوە بیكەن. ئەمەش بەپێی ئەوەی كە شەڕ لەگەڵ پەتای كۆرۆنا بۆ هەندێك شەڕێكی بایۆلۆجیە، بۆ چەندانی تریش شەڕێكی جەستەییە لەپێناو مانەوە. لەم حاڵەتەدا فەلسەفەی سیاسی جیهانگیریش، كە لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی تەندروستی و ئابووری دژواردایە، شەڕی سیاسییەكان لە شەڕی بازرگانی دەرمان و بەرهەمهێنانی پێداویستییە تەندروستییەکان پووختدەكاتەوە.
لە میانەی ئەم بەشەدا سەرنجدەخەینەسەر ئەوەی، پەتای كۆرۆنا چارەنووسێكی بەدفەڕی هاوبەشی بۆ سازاندین، فڕێیداینە ناو خراپەیەكی چڕەوە، خراپەیەك كرۆكی خۆی لە بێ ڕەهەندیدا دەدۆزێتەوە و وانەی تاریكیمان پێدەڵێتەوە و درزیش دەخاتە “نێوان مردنی سروشتی و نا-سروشتییەوە”، چونكە “بەشێكی زۆر لەوانەی مردن گورج نێژران و فریای ئەوەش نەكەوتن شتێك بڵێن”. بەمە ڕێوڕەسمی ناشتن لەگەڵ كۆڤید -19 گۆڕانێ زۆری هاتەسەر و لێرەوە مرۆڤەكان دەستبەرداری ئەو نەریتە بوون پێشتر بۆ مردووەكانیان دەكرد. بەدڵنیاییەوە ڕوونكردنەوەی ئەو لێڵیەش بەرباسدەخەین كە پەتاكە دەریخست چەند جەستەمان شایانی ئەو هەموو پیرۆزییە نەبوو تێۆرییەكانی جەستە جاڕیان بۆدا.

جیهانێكی بەپەتاكراو

“جیهانێكی بەپەتاكرا “( A pandemized world) پێماندەڵێت، پەتای كۆرۆنا كاری خۆی لەناو جەستەیەك ئەنجامدەدات و دواتر بەرەو جەستە و جێیەكی تر دەڕوات و كاری فەلسەفەش بەدواچوون و تێڕامانە لەوەی پەتاكە كردویەتی. واتە فەلسەفە ئیش لەسەر پاشماوەكانی پەتاکە دەكات. پاشماوەكانیش (ناساغبوون، هەناسەسواری، ئازار، ترس لە مردن، مەرگ) هەمان پاشماوەی پەتاكانی ترە بە نەختێك تایبەتمەندییەوە. كەوابێت، تەقەلای ڕاڤەكاران بۆپەنجەخستنەسەر ستەمی پەتای كۆرۆنا لە بوارە جیاوازەكان كارێكی زۆر و بەردەوامی دەوێت و خستنەڕووی نیگەرانیەكانیشی تا ئەو دەمەی پەتاكە دەچێتە قۆناغی پۆست كۆرۆنا ڤایرۆس(Post-Coronavirus)ەوە، واتە پاش تێپەڕاندنی ئێستای و بوونی بە بەشێك لە یادەوەریەكانمان، هەر لە چوارچێوەی قسەكردنێكی ئێستاییدا دەمێنێتەوە. هەركە پەتاكەش ئێستای خۆی تێپەڕاند ئاخافتن لە جۆری ڕاچڵەكاندنی هزری نوێ و كەم وێنە دێنەكایەوە. یەک لەو پرسیارانەی روناكبیرانی ئەوروپایی لەنێو ئەو نووسینانەی لە ئێستادا تایبەت بەم پەتایە دەینووسن ئەوەیە كە ئایا هاریكاری(Solidarity) بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا چارەسەرە؟ یان گەڕانەوە بۆ هێزە دەرەكییەكان (خوا) ؟ لێرەوە دەبینین جارێکیتر كۆتای مرۆڤایەتی و خراپی مرۆڤ بووەتەوە بە باسی فەلسەفە. پەتای كۆرۆنا تەنیا باسێك نییە بۆ قسەكردن لە قەیرانی تەندروستی، بەڵكو باسێكیشە بۆ قسە لە مرۆڤ كە سەرووی هەموو شتێك نییە و خودی پەتای كۆرۆناش سەلماندی پرسیاری تەندروستی پرسیارێكی نەتەوەییە نەك سەرووی نەتەوەیی یان ئەودیو نەتەوەیی(واتە هەر وڵاتە و سەرقاڵی کەرتی تەندروستی خۆیەتی).وەكیتریش، ئەزموونكردنی ئەم ڤایرۆسە ئەزموونكردنێكی بێوێنەیە. ئەزمونكردنی شتێكە کە پێشتر بەمجۆرە ئەزموونەكراوە. ئەزموونكردنەكە زۆر جیهانییە و پێشماندەڵێت پەتای كۆرۆنا تەماشاكردنی بۆ جەستە، مەرگ و ژیانیش گۆڕی. مەرگ ئێستا لە جاران زۆرتر دەبیسترێت. ژیانیش، لە ترسی پەتاكە كە مانای مەرگی لەخۆیدا بەرجەستەكردووە، لە جاران زێدەتر دلۆڤاندەكرێت. ئیدی لە هەنووكەدا بۆ هەمووان گرنگە بزانین گەڕانەوە بۆ ژیانی پێشوومان شیاوە؟ گەر گەڕاینەوە حورمەت لە كاتەكانمان، لە پێكەوبوون، هاوڕێیەتی و ژیانی كۆمەڵایەتیمان دەگرین؟ ئەدی جۆر(species)ی مرۆڤ لە پاشەكشەدا نییە؟ كاتی ئەوە نەهاتووە باس لە كۆتای مرۆڤ بكرێت، ئەو تێزەی فەلسەفە پێیئاشنایە؟ یان بە پێچەوانەوە پێویستمان بە پاراستنی بوونی مرۆییمانە، بە جۆر و چەشنی مرۆڤ، بە ئاكاری بەردەوامبوون و بەرەنگاربوونەوە؟ لێرە هەر هێندە دەڵێین گەر پەتی ئەم پەتایەش بپسێت بەپێی ئەوەی ژیان بەردەوامە پەتای تر بەڕێوەیە. هەر لێرە جێی خۆیەتی ئاماژە بۆ ئەوەش بكەین، بیرمەندی ئیتالی سێرجیو بێنڤێنوتو(Sergio Benvenuto ) هێما بۆ ئەوە دەكات، بەشێكی زۆر لە سیاستكار، فەیلەسوف، بیریارانی مورال و ڕۆژنامەكاران لە ئیتالیا بۆ ئەوە دەچن “ئەم درمە دەرفەتێكە لەبەردەم باشتركردنی خودیخۆمان!” باشە تۆ بڵێیت ئەوە بێتەدی؟ بڵاوبوونەوەی پەتا قەدەری داهاتوومان نەبێت؟ زوو زوو ئەم جۆرە میوانە خۆی بە ئەستێرەكەمانا نەكات؟ چاترە دانبەوەشدا بهێنین كە خراپی سێستەمی خواردن، بێباكیمان بەرامبەر بە ژینگە، كوشتنی ناوچە سەوزەكان و بەهەدەربردنی وزەكانی ناو سروشت دەستیان لە تێكدانی بەڵانسی گەردوون و سروشت بینی و لەوسەریشەوە كردمانی بە هاوسێی پەتاكان. هاتنی ئەم پەتایە هۆكار بوو بۆ دەرخستنی بێباكییەكانی دەسەڵات لەناو گرنگترین كەرتی خزمەتگوزاری كە تەندروستییە. لێرەوە هەڵدراینە ناو جیهانێكی بەپەتاكراوەوە كە دژە ڕەهەندە و لە جەستە و جێیەكیش ئۆقرەناگرێت.

پەتای كۆرۆنا چی لە فەلسەفە دەوێت؟ هیچ

پەتای كۆرۆنا چی لە فەلسەفە دەوێت؟ ئەڵبەتە هیچ(Nothing) . سەرەتا بابزانین هیچ چی دەگەیێنێت. هیچ لێرە ئامادەنەبوون( Absence) ، نەبوونی شتێك (Something) دەگەیێنێت. لەو جێیگەیەی هیچ هەیە نا-هیچ یان (شتێك) بوونی نییە. كە قسەش بێتەسەر جێگا یان(جێگا و هیچ) كەوابێت هیچ پێویستی بە دۆزینەوەیە. كە هیچ هەبوو نا-هیچ بوونی نییە. بەمە جێگای هیچ بە هیچ پڕدەكرێتەوە كە ئەوەش بۆشایی (بەتاڵی)یە. لەو شوێنەی هیچ هەیە (شتێك) بوونی نییە. پێچەوانەكەشی ڕاستە. واتە كە شتێك هەبوو هیچ نا-ئامادەیە. بوونی شتێك نەبوونی هیچە و بوونی پێوانەشە. پێوانەی ئەوەی كە هەیە، هەیە واتە هیچ نا-ئامادەیە، شتێك لە بوون یان لە ئامادەبوون دایە، لێ بەم واتایە(هیچ و شتێك) لەتەك یەكدا لە ڕووبەڕووبوونەوەدان. چۆن؟ كاتێك لێمان دەپرسن خەریكی چیت؟ دەڵێین هیچ. ئەم هیچە هیچێكی بێ ناواخن نییە، چونكە لەوێدا من ئامادەم. ئامادەبوون دەشێت لەخۆیدا شتێك بێت. خۆ هیچیش دەمانباتەوە ناو گفتوگۆی نەبوون، واتە شتێك بوونی نییە. كە هیچ هەبوو بوونی مانا و بەها دەكەوێتە ژێرپرسیارەوە.
سەرباری ئەوە، هیچ لێرە بە مانای سفر (Zero)یش دێت. لەو جێگایەی هیچ هەیە خاڵێك هەیە، لێ كەس (Nobody) بوونی نییە و ناچیزە و نابودییش زێد بەخۆی دەگرێت و شەڕی نێوان بوون و نەبوون، ئامادەبوون و نا-ئامادەبوونیش هەر لەوێندەرێ دەستپێدەكات. هیچ لێرە لە مێژووی سفر (0) یان (Zero) ، لەو هیچیەتی (Nothingness)یە نزیكماندەكاتەوە پرسیارە لەسەر بەها. لەناو هیچیەتیشدا ترسێك بوونی هەیە کە ترسە لە بەتاڵی (بۆشایی). دژەمانای بەتاڵی كە پڕییە شوێنێكە بۆ دەركەوتنی نا-بۆشایی، بەڵام بیرماننەچێت ئەوە سفر بوو بیركردنەوەی ماتماتیكی بە وشەی “ناكۆتا” گەیاند و سفریشی خستەناو ژمارە ڕاستەقینەكانەوە. ئەی ئەگەر پرسیارەكە قڵپبكەینەوە چی روودەدات؟ واتە كە بمانەوێت بڵێین فەلسەفە چی لە پەتای كۆرۆنا دەوێت؟ ئەڵبەتە دەڵێین زۆرێك(too much) . باشە بۆ فەلسەفە زۆری لە كۆرۆناڤایرۆس دەوێت؟ چونكە ئەو دەمەی فەلسەفە گەڕان لەناو كۆرۆناڤایرۆسدا دەكات زۆرێك شت لەوێ دەدۆزێتەوە: مەرگ، جەستە، ناشتنی لاشەی تووشبوو دوور لە خەڵك، سیاسەت و بایۆلۆژی، بەسیاسەتكردنی پزیشكی، دیستانسی كۆمەڵایەتی كە ئەوەش سۆزی تەوقەكردن یان ویستی سێكسكردن، باوەش و ڕاموسان و….هتد بیردەخاتەوە. بەڵام هەرگیز ئەمە ئەوە ناگەیێنێت پلەی یەكترگیری نێوان كۆرۆناڤایرۆس و فەلسەفە بەهەندوەرنەگرین و كارلێكی نێوانیان بە سەرەتایەك نەزانین بۆ دروستبوونی پرسیاری نوێ و بیركردنەوەی جیاواز. كەوابێت هۆگری نێوان فەلسەفە و پەتای كۆرۆنا سەرچاوەكەی فەلسەفەیە و نائاگای ئەم پەتایەش وا بەدەست فەلسەفەوە. هەرفەلسەفەشە پێمان ئێژێت ئەم پەتایە میوانە، میوانێكی ناوەختی نادلۆڤان کە ڕۆژێک دێت بڕوات، لێ موخابن گەڕانەوەی دواتری هەمان ناو و هەمان كاردانەوەی نابێت. لە گەڕانەوەكەیدا هەمدیس بۆ فەلسەفە خۆی لە پڕكردنەوەی شوێنێك بریتیدەکات کە هیچ نییە،کە شتە، بگرە شتێكی زۆریش.

جیهان پاش پەتاكە هەمانە بە كەمێك خراپترەوە

گەورە ڕۆماننووسی فەرەنسی میشێل وێلبێك (Michel Houellebecq) لە نامەیەكدا بەناوی””جیهان پاش پەتاكە هەمانە بە كەمێك خراپترەوە “”، كە لە 4 ی ئایاری ئەم ساڵ لە سۆسیال میدیای فەرەنسی و هەندێكی زمانی تردا بڵاوبوەوە، هێما بۆ ئەوە دەكات، جیهانێكی نوێ پاش پەتاكە بوونی نییە. جیهانەكە هەمانە وەلی بە نەختێك خراپییەوە. نكوڵی لەوەش ناكات كە پەتاكە بە خەسڵەتە بێزاركەر و ترسناكەكەیەوە توانی لەوەدا سەركەوتن بەدەستبهێنێت كە شوێنێك بۆ خۆی بدۆزێتەوە. ئەمە ڤایرۆسێكی جیهانییە بە هەندێك تایبەتمەندی گومڕاوە. جارجارە بكوژە و جارجارەش نەخێر. خۆشی لە ڤایرۆسە دەردئامێزەكانی تر جیادەكاتەوە و بێ كوالیتیشە. ئەوەی ئەم نووسەرە لەم نامەیە زۆر لەسەری دەوەستێت ئەوە نییە ڕۆژانە زۆرێك لە جیهان بەم ڤایرۆسە دەمرن ، کەچی نەیتوانیوە ببێتە رووداو، بەڵکو ئەوەیە ئایا كەرەنتینكردن پێویستە؟ وتنی ئەمەش دژ بە بەشێك لە هاوڕێكانیەتی كە پێیانوایە كەرەنتین هیچ شتێك ناگۆڕێت. لەڕێگای كەرەنتینەوە ئەم نووسەرە دێتەسەر شەڕێكی كۆنی نێوان فلۆبێر-نیچە. فلۆبێر پێیوایە مرۆڤ بۆئەوەی بیربكاتەوە و بنوسێت پێویستە دانیشێت. هەرچی نیچەیە لە كردەی بیركردنەوەدا گرنگی بە ڕۆشتن (پیاسە)دەدات كە بەهۆیەوە دیزاینی نووسین دادەنێت. کەوابێت بۆمان هەیە بپرسین: دانیشتن و ڕۆشتن چ مانایەكیان بۆ نووسین هەیە؟ كامیان نووسین بەرهەمدەهێنن؟ دانیشتن بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێكانی بیركردنەوە باشە، هەرچی ڕۆشتنە بۆ پلانسازی نووسین و چۆنیەتی نووسین. ئەم ڕۆماننووسە فەرەنسییە دانیشتن لەسەر مێز بە باش دەزانێت بۆ نووسین و پیاسەش دەكارێت ئیش بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێكان بكات.
بەبۆچوونی وێلبێك ئەوەی هەموو شتێك وەك خۆی نامێنێتەوە بە ڕاست نازانێت و پەتاکەش سەلماندی ئەوروپا دەوڵەمەندترین ناوچەی جیهان و پێشكەوتوترینیشی نییە. هەروەها شاردنەوەی مردن و بەدزیەوە ناشتنی مردووەكان دوور لە چاوی خەڵك یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانی كاتی كۆرۆنا. تەمەنی نەخۆشەكان لەم ماوەیە گرنگی بۆ مردنەكان بینی. نەخۆشەكان بەپێی تەمەن چارەسەردەكرێن. ئەمەش نموونەیە لەسەر ئەوەی ژیانی هەمووان هەمان بەهای نییە. ئەمە ئەوەشمان وەبیردێنێتەوە كە مەرگ/ ژیان لەبەرەو پۆلینكردندایە. جیهانی دوای كەرەنتین و نەمانی قەدەغە جیهانێكی نوێ نییە هەمانە بەكەمێك خراپترەوە. لێرە وێلبێك وڕێنەی ئەوانە پووچەڵدەكاتەوە چاوەڕوانی دونیایەكی سەرلەبەر تازەن و ئیدیای بوونی جیهانێكی نوێش، پاش كۆتایهاتنی پەتاكە، بە بێ مانا وێنادەکات. باشە ئەم ڕۆماننووسە فەرەنسییە گەورەیە بۆ وادەلێت؟ خۆ زۆرێك پێیانوابوو پاش ئەم تەنگژە تەندروستییە جیهانییە دێینە سەر خوانی دونیایەكی نوێ. كەچی بۆچوونی وێلبێك پێماندەڵێت ئەمە ڕاست نییە و با بە نیازی گۆڕانە گەورەكان نەبین. بۆیە پێیوانییە كاری ئەدەبی گەورە پاش كۆتایهاتنی پەتاكە بێنەدونیاوە هەروەك چۆن پاش درمی تاعون ڕوویدا. موخابن میشێل وێلبێك ئەو بینینەمان لا بەرجەستەناكات كە تێگەیشتنی مەرگ لە “جیهانێكی بە پەتاكراودا” مەغزای نوێ وەردەگرێت. بەڵێ مەرگ هەر وەك مەرگ دەمێنێتەوە لێ مانای تر، جیا، دەدرێتەپاڵی. كاتێك لە دەستپێكی ئەم باسەپرسیمان: فەلسەفە چی لە كۆرۆناڤایرۆس دەوێت؟ وتمان زۆر شت، لەو زۆر شتە تەقەلاكانی فەلسەفەمان مەبەستبوو بۆ ڕاڤەكردن و خستنەژێرپرسیاری مەرگ، ئازارچەشتن بەدەم مەرگەوە، لەدەستدانی یەكتر، دابڕان لەژێر زەبری قەدەغەی هاتووچۆ. بەدڵنیاییەوە بابەتی مەرگ كاریگەرترین ئاماژەی ناو ئەم پەتایە بوو. هەموو ڕۆژانە ئەوە دەبینین كە، لەناو پەتای كۆرۆنا دا خۆیەكسانكردنێك بە مەرگ هەیە. كۆرۆنا كە ناوە بۆ ڤایرۆسێكی كوشندە لە درمەوە بووە پەتا، پەتایەكی ترسناكی زوو مەرگهێنەر. مەرگهێنەریە كتوپڕییەكەی، ئەوەی لە هەر كوێبین دووچاریدەبین ، وای لەم پەتا سامناكە كردوە جێی باسی هەموان بێت و قسەش لەسەر لێكەوتەكانی لە هەڵكشاندابێت. مەرگ هەر هەیە و هەبووە، كۆرۆناڤایرۆس بەكاربردنی ناوی مەرگی خێراتركرد. كۆرۆنا ناوی ڕاستەوخۆی مەرگی پەردەپۆشكرد و خۆی كردە هۆكاری مەرگەكان. مەرگەكان ،ئەمئێستا، بە تونێلی كۆرۆناڤایرۆس دا تێدەپەڕن. ئەوە كۆرۆناڤایرۆس بوو ترسی هێنا، ترسێكی گەردووناوی، كە ئەوەش لەگەڵ واتای شڵەژان كەوتەگەڕ تا هێشتا دروستکات (ئەوەی هەنووكە نەهاتۆتەسازان). بەمجۆرە كۆرۆناڤایرۆس لەژێر سێبەری مەرگ سیاسەتی ترسی نوێكردەوە و جەستەی مردوو و جەستەی زیندووشی لێكدابڕان. جەستەی مرۆڤێكی مردوو بە كۆرۆناڤایرۆس جەستەیەكی نائازاد، گەمارۆدراو و بە یاسایكراوە. جەستەی مردوو كە كۆرۆنا چووەتە ناویەوە جەستەیەكی بێ لایەن نییە و مەترسیداریشە. هەرچی جەستەی زیندووە جەستەیەكە لە دەرەوەی یاسا. جەستەیەك لە رووداوی ئۆتۆمۆبیل فەوتدەكات (دەمرێت) هەمان ئەو جەستەیە نییە كۆرۆناڤایرۆس فەوتیدەكات. وەكیتر، “ڤایرۆسی ناوبراو گەواهییە لەسەر مردن بەجۆرێكی ناسروشتی. ڤایرۆسەكە دیوارێكی خستۆتە نێوان مەرگی سروشتی و مەرگی ناسروشتییەوە” (Jörn Etzold).

مرۆڤایەتی لەبەردەم تەنیای بووناوی و چەپاندنی مردن دا

فێمینیستی بیرمەند و واتاناسی(semiotician)فەرەنسی ژولیا كریستێڤا (Julia Kristeva)لە لێدوانێك، كە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە ماوەیەك بەر لەئێستا لەتەكیا ئەنجامدراوە، گوزارە لەوەدەکات كاتی هاتووە باس لەوە بکەین ئەوروپا لە هەموو شتێكا بەرەو فەشل ملدەنێت، بەتایبەت لە بواری بایەخپێدانی تەندروستیدا. سەرەتا ڤایرۆسەكە وەك مێتافۆرێك دەستیپێكرد دواتر لەناو ژیانمان خۆی بەرجەستەكرد. بەقەولی ئەم خانمە فەیلەسوفە هەر ئەم دەمووەختە پەتاوییەش هەڵیداینە ناو فێربوونی سێ وانەشەوە: تێكنەلۆژیا توانی تەنیایی بووناوی ڕادیكالمان زیادبكات، پێویستمان بەوەیە هەستی سنورداركردنمان بگەڕێنینەوە، ئەوەش كە چۆن كەوتینە چەپاندنی مردنەكانمان.
ئەم خانمە بیرمەندە ئەوەش ڕووندەكاتەوە كە تێڕامان لە تاك و كۆمەڵگە لە كاتی پەتاكە چرۆیەكی زۆری دەركرد: بیركردنەوە لە ژیانی ئێستای ئەوروپاییەكان، لە خودی بیركردنەوە كە چەند ئەوروپاییەكان لە بیركردنەوە سەركەوتوون. بۆ ئەم بیرمەندە ئەم پەتایە ئەوەشی نیشاندا ئەوروپا نەك تەنیا دیدگای سیاسی ڕوون و توانای بیركردنەوەی لە كولتوورە مەزنەكەی خۆی نییە بگرە لە بواری بایەخپێدانی تەندروستیشدا شكستخواردووە. ئەوروپا لە مێتافۆری ڤایرۆسەوە چووە قۆناغی ڤایرۆسێكی ڕاستەقینەی گومانلێنەكراو. بۆ كریستێڤا ئەمە كێشەیە. بەلاشیەوە مەبەستە لەوە حاڵیبین مرۆڤی ئێستای ئەوروپای، كە مرۆڤێكی بەجیهانیكراوە، تایبەتمەندییەكانی لە سێ لایەندا خۆیچڕدەکاتەوە: تەنیایی وەك تەنیایی ئەزمووندەكات، تەحەمولی سنورداركردنەكان ناگرێت، كارلەسەر چەپاندنی مردنەكان دەكات. بەواتایەكی تر، لاوازی مرۆڤی هاوچەرخ لەبەردەم تەنیایی، كە لەكاتی كەرەنتینكردنەكە دەركەوت، جێگای پرسیارە و پەتاكەش وایلێكردین جگەلە تەنیایی ڕووبەڕووی دوو كێشەی تر ببینەوە: سنورداركردن و مردنەكان. بۆ هەمووان ڕوونە كە مەرگ بەشێكە لە ژیانمان، لەناومانایە، لێ نزیكبوونەوە لەمەرگهێنەر شتێكی تۆقێنەر و بێزاركەرە (لێرە دەشێت ڤایرۆسەكە بێت). باشە بابزانین پەتاكە لە تێگەیشتنی ئەم فێمینیستە بەڕەچەڵەك بولگارییە بۆچوونمان بۆ شتەكان دەگۆڕێت؟ پێیوایە بەڵێ دەیگۆڕێت. پەیوەندی خێزانی دەگۆڕێت، كە بریتییە لە پەیوەندی نێوان باوك و دایك و مناڵەكان. تەنانەت بۆچوونمان بۆ بەرخۆری (consumerism) یش(زێدەڕۆی لە بەكاربردن) دەگۆرێت. بەلایەوە گرنگە بكارێت بیركردنەوەمان بۆ چێژ و سێكسیش بگۆڕێت. لە ئەزموونی خودی خۆشیەوە بۆ ئەوە دەچێت كە سێ جەنگ لە ژیانا ژیاوە(جەنگی جیهان دوو، جەنگ سارد، جەنگی ڤایرۆس) كە هەمووشیان فێری خۆڕاگریان كردووە. ئەم خۆڕاگرییە توانجیشە لە لاوازی هەندێك كەس لەبەردەم كەرەنتین و ئەو تەنیاییەی كەرەنتین دروستیدەكات. لای ئەم كەرەنتین شتێكی ئاشكراكرد كە پێشتر هەبوو ئەوەش تەنیاییە كە هیچ شتێك پڕیناكاتەوە بەو شاشانەش كە لەبەردەستماندایە.
گەر تەماشای دیوێكی تری بینینەكانی كریستێڤا بكەین دەبینین گۆڕینی ڕەوش(دۆخ) بە یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی پەتای كۆرۆنا دەناسێنێت كە ڕەوشی ژیان، نەریتی پێكەوەبوون، سێكسكردن، هاوڕێیەتی و ئاهەنگەكانمان دەگرێتەوە. هەریەك لەوانەش كە ناواخنی خۆیانیان هەیە دەكارن لە ڕەوشێكی نۆرمالەوە ببنە ڕەوشێكی نانۆرمال. ئەمەش وایكرد لە ئاكامی گۆڕانی ڕەوشەكانەوە لە بارێكی سروشتیەوە بەرەو بارێكی ڕیزپەڕ هەنگاوبنێین. گەر ئەمەش پەسەندكراوە یان نەخێر هەر ئەوەیە کە ئێستایا بوونی هەیە. ئەمەش بەبۆچوونی ئێمە پەیوەندی بەوەوەیە کە شار شاری جاران نییە. كەسەكانی ناو شار و شوێنە گشتییەكان ترسنۆكن. بوێری لەبەردەم ترسنۆكیدا بە مەرگ كۆتای دێت. بوێر لە مەرگەوە نزیكە و هەرچی ترسنۆكە لە مانەوە لە ژیانەوە. بوێر دەچێتە دەرەوە و ترسنۆك لە ماڵەوە دەبێت، لێ بوێر لە كەناری مەرگە و ترسنۆكیش لەناو دڵی ژیانە. كۆڤید -19 جۆرە سەیركردنێكی لەناو خەڵك گشتیكرد كە گشت ئەم ڕێكاریی و ڕێنوماییانەی قەدەغە بۆ ئەوەیە تەندروست بین. تەندروستبوون بە قەدەغەبوونەوە بەسترایەوە. لەم بارەدا قەدەغە ژیان دێنێت نەك ئازادی. ژیانی بێ ئازادی، كە ژیانێكی تەندروستە، ژیانی سەردەمی پەتای كۆرۆنایە. قەدەغە وشە قێزەوەنەكە لەگەڵ پەتای كۆرۆنا شیرین بوو.
سەرباری وتنەكانی كریستێڤا ئەوەش دەڵێین، دوژمنەكەمان، ئاگامبێن وتەنی، نادیارە. نادیارییەكەی زۆربەی شتەكانی تریشی لە ژیانمانا نادیاركرد، كاتی ئاشتی و كاتی شەڕی بەیەکترتێكەڵکرد. دیستانسە كۆمەڵایەتیكە ژیانمانی بێ بەهاكرد، خۆی وەك جێگرەوەی سۆز، هاوڕێیەتی ، ئاهەنگ و خۆشیەكان نیشاندەدات و خستیشمانیە ناو پارادۆكسی نوێوە. نازانین چی لە تەنیایمان بكەین، چۆن هاوڕێیەتیەكانمان ئاڕاستەبكەین، بەپێی ئەوەی كاتەكانمان بریتین لە زۆركاتی نازانین چۆن چێژ لە كاتی زیاد وەربگرین. كات زۆرە، لێ فێربوون و پەروەردە بەرەو سواوی دەچێت. پرسی جێندەر دادەتەپێت و فێمینیزمیش چاوپۆشی لە بێدادییە جێندەرییەكانی ساتەوەختی كەرەنتین دەكات. ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی چالاكیە كولتوورییەكان دڵیان لە لێدانوەستاوە، یەكتربینین ئاوا بووە و پێكەوەبوون چرۆدەرناكات. ئاڤیتال رۆنێل (Avital Ronell ) وتەنی: سڵاوی ئەمڕۆ ئێوارە لە پەنجەرەوە لەیەکتری دەکەین.

ڕەوشی ناشتن لە سەردەمی كۆرۆنا دا

شرۆڤەی ڕەوشی ناشتنی مردووان بە پەتای كۆرۆنا لە داهاتوو هەوێنی چەندین چیرۆك و فیلمی سینەمای دەبێت. تاكە پاساو بۆ ڕەوشەكە ترسناكی پەتاكەیە، لێكەوتە دەروونی و ڕۆحییەكانی ناشتنەكەش هەر ئەو چیرۆك و فیلمانە دەكارن لە زەینماندا بیسازێنن كە زیندووەكانی پاش دەمی كۆرۆنا ڕۆڵی تیادەگێڕن. ڕەوشی ناشتنەكە شكۆداری جەستەی لەكەداركرد. تێۆرییەكانی جەستە پێویستە لەبەر ڕۆشنای پەتای كۆرۆنا و گێڕانەوەكانی مردنی سەردەمی كۆرۆنا بەخۆیانا بچنەوە. مەینەتی مردنەكان و جۆری ناشتنیان بەپێی جوگرافیاكانی بڵاوبوونەوە و كاریگەرییەكانی پەتاكە جیاوازن. جەستەكان، لەو وڵاتانەی مردوو بە كۆرۆنایان زۆربوو، پێش ئاوابوونیان فریای زۆر شت نەكەوتن مەگەر تەنیا سڵاوێكی دیگیتاڵانە نەبێت. جەستەم، ئەم گوزارشتە پاش تێپەڕاندنی كۆرۆناڤایرۆس، هەڵوێستی تێۆری جیا بەرهەمدێنێت. جەستە كە هەنووكە كەوتۆتە بندەستی قەڵەمرەوی پەتای كۆرۆناوە نەریتی ناشتن و خەمخواردن بۆ مردووانی سەرلەبەر گۆڕی. لە ساتەوەختی پەتاكەش ئاگامبێن پێیوتین چەند بە شێوازێكی ناشرین مامەڵە لەتەك تەرمی مردووەكان دەكرێت و دوور لە ئازیزانیان بێباكانە دەنێژرێن. ئەم مامەڵەیەی ئێستا لەتەك جەستەدا دەكرێت لە ئەنتیگۆن (Antigone )ەوە، لە یۆنانی كۆنەوە، بەو جۆرە نەكراوە. پاش ژاك لاكانیش بەشێكی زۆر لە پزیشكە دەروونییەكان شیكاریان بۆ دیاردەی ئەنتیگۆن لە شارستانی ڕۆژئاوا كرد، بەڵام ئەنتیگۆن لە دەمی كۆرۆنادا بووە بابەت. نەریتی ناشتنی مردووان بە پەتای كۆرۆنا گفتوگۆی لەسەر ئەنتیگۆن نوێكردەوە. پەتاكە وایكرد لەبەر بەرژەوەندی تەندروستی گشتی نەریتی مردوو ناشتن سەرلەبەربگۆڕێت. ئەمە بەرەو جۆرە شێوازێك لە پرسیاری هزرییمان دەبات كە بەمشێوەیەیە: ئەنتیگۆن بەردەوامە؟ شارستانی پۆست مۆدێرن لەسەر دەستی پەتای كۆرۆنا نەریتی ناشتن لەسەر ڕەوتی ئەنتیگۆن پیادەدەكات؟ لە ڕێگای ئەم پرسیارانەوە بەوەش دەگەین كە مردن لە سەدەی 21 وەك مردن نییە لە پێشتر. ئەنتیگۆنی ئەمڕۆ، سەردەمی كۆرۆنا، ئەنتیگۆنێكی پۆستمۆدێرنانەیە. دۆزی مردن و ناشتنی مردووەكان لە كاتی پەتای كۆرۆنا خەماویین. كەمترین كەس بۆی هەیە لە ڕێوڕەسمی ناشتنەكە بەشداربێت، ئەوانیتر دەتوانن لەڕێگای سۆسیال میدیاوە بەشداری لە ناشتنەكە بكەن و كەسیش بۆی نییە دەستكاری كەلوپەل و پێویستییەكانی مردووەكە بكات.
شرۆڤەی ڕەوشی ناشتن گفتوگۆی كۆرۆنا و مردن زەقدەكاتەوە. ڕەنگە نووسەرێكی وەك نێستۆر براونشتاین (Néstor Braunstein) چاكتر گوزارەی لێكردبێت كاتێك دەپرسێت لە كاتی پەتادا چی لە جەستەی مردووەكان بكەین؟ ئایا ئەم جەستانە ترسناكن هەروەك ئەو شتەی نەخۆشخەرە(ئەو شتەی دەردی كوشندە دروستدەكات)؟ چەندێك كات پێویستە لەنێوان مردن و ناشتن و یان سوتاندندا تێپەڕێت؟ ئەی چی لە كەل و پەل و شتی تایبەتی ئەو كەسانە بكەین؟ براونشتاین ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە بەهۆكاری سامناكی پەتاكە و ترسیش لە تەشەنەسەندن وایلێهات ناشتن بەجۆرێكی نۆرمال پشتگوێخرێت و سندوقی تایبەت بە ناشتنی مردووەكانیش بەكارنەبرێت. گشت ئەم پرۆسەیەش، لەژێر كاریگەری تێگەیشتنێكی ژۆرژ باتای (Georges Bataille)، ناودەنێت “قێزەوەنكردنی مەرگ بەناوی ژیانەوە”.
لەم بارەیەشەوە دەچینە سەر لێدوانێكی بیرمەندی كامێرۆنی ئاشیل مبێمبی (Achille Mbembe) تایبەت بە توانای ئەم پەتایە لە “دێمۆكراتیزەكردنی هێزی كوشتن” یان مراندن. ناوبراو وایدەبینێت گۆشەگیری كۆمەڵایەتی، تەنیایی یان كەرەنتین، تاڕادەیەك دەكارێت لە مەرگ دوورمانبخاتەوە یان مەرگ دوابخات، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە پەتای كۆرۆنا هێزی كوشتنی دێمۆكراتیزەكرد. پێشیوایە پەتاكە فۆڕمی ئەو بیركردنەوەیەی گۆڕی كە چۆن لەبارەی جەستەی خۆمان و ئایندەمان بیربكەینەوە. پەتاکە ئەو تێگەیشتنەشی تیابەرجەستەکردین كە لە ماڵەكانمان دەچینەدەرەوە خۆمان تووشی ڤایرۆسەكە دەكەین یان خەڵك تووشدەكەین. بۆیە ئێستا جەستەی هەمووان دەسەڵاتی كوشتنی هەیە. هەر ئەم پەتایە ئەوەشمان پێدەڵێت كە تەنیای و نەچوونە دەرەوە تاكە فۆڕمی ڕێكخستنی ئەم دەسەڵاتەن. بەپێی تێۆری(necropolitics)ی ئەم بیرمەندە بێت ڤایرۆسەكە بە یەكسانی هەموو دووچارناكات. لاوان لە ڤایرۆسەكە دەربازدەكرێن و لێدەگەڕێن بەساڵاچووان بمرن. ئەوەی لێرە بڕیاردەرە ئابووری یان سیاسەتێكی ئابوورییە كە بڕیار لە ژیان و مەرگی تاكەكان دەدات. ئەمەش لەبەرئەوەی، سێستەمی سەرمایەداری خۆی لەسەر دابەشكردنی ناهاوتایانەی مەرگ و ژیان بونیاددەنێت. ئەم لۆژیكی قووربانیدانەش شوێنەكەی وا لەناو دڵی نیولێبرالیزم دا. هەر ئەم ڕوناكبیرە كامێرۆنیە لە بابەتێكی تر بەناوی””مافی گەردوونای هەناسەدان””پێیوایە زۆرترین كاریگەریی ئەم ڤایرۆسە لەسەر هەناسەدانمانە نەك شوێنێكی تر. ئەم كێشەیە بۆ حكومەتەكانیش جێیباسە كە كێ توانای هەناسەدانی باشترە ئەو كەسە بپارێزرێت. بەواتایەكیتر، گشت پەتاكان، بە كۆڤید -19 شەوە، شەڕیانە لەسەر ئەوەی چۆن هەناسە بەرن. ئەو دەمەش هەناسە دەبرێت ناشتن دێت، ناشتنی سەردەمی پەتای کۆرۆنا، کە ناشتنێکی بێباکانە و ئەنتیگۆنانەیە.

—————————————————–

ژێردەر: بۆ بابەتەكانی: یەكەم: براونشتاین “گەڕانەوە بۆ ئەنتیگۆن: ڕێوڕەسمی ناشتن لەكانی پەتاكەدا” بڕوانە http://www.journal-psychoanalysis.eu/the-return-of-antigone-burial-rites-in-pandemic-times/، دووەم: كریستێڤا” مرۆڤایەتی و سەرلەنوێدۆزینەوەی تەنیایی بووناوی و نەمریی” بڕوانەhttp://www.journal-psychoanalysis.eu/humanity-is-rediscovering-existential-solitude-the-meaning-of-limits-and-mortality/، سێهەم: مبێمەبی”پەتاكە هێزی كوشتنی دێمۆكراتیزەكرد’ http://www.journal-psychoanalysis.eu/the-pandemic-democratizes-the-power-to-kill-an-intyerview/، چوارەم: وێلبێك “جیهان پاش پەتاكە هەمانە بە كەمێك خراپترەوە’ https://tass.ru/obschestvo/8405773 https://www.franceinter.fr/emissions/lettres-d-interieur/lettres-d-interieur-04-mai-2020
-تیۆری (necropolitics) كاركردەی هزری ئاشیل مبێمبیە. بەپێی ئەم تێۆرییەیە دەسەڵاتی سیاسی و كۆمەڵایەتی بڕیار لەسەر (ژیان و مەرگ)ی خەڵك دەدات. ناوبراو لێرە لەژێركاریگەری “تێۆری بایۆپۆلیتیك” و “مافی شمشێر”ی فوكۆدایە.

ماویەتی…………

Previous
Next
Kurdish