Skip to Content

بەڵێ ئێستەیش کورد بەردەبازن! … ژیڤان بەکر

بەڵێ ئێستەیش کورد بەردەبازن! … ژیڤان بەکر

Closed
by July 13, 2020 General, Opinion


کتێبی (ئەرێ کورد بوونە بەردەباز؟!)ی “ڕۆبەرت گیبسن”، لە بنەچەدا وەک کەرستەی ئەکادیمی پێشکەش کراوە و بڕوانامەی دکتۆرای پێ دەسگیر بووە. ئەم تۆژینەوەیە لە لایەن “شەفیقی حاجی خدر” کراوەتە کوردی، تۆڕی هەواڵی ژیان ئەرکی لە چاپدانی کتێبەکەی لە ئەستۆ گرتووە. پێش من، چەندان خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن لە لایەن نووسەرانەوە بۆ ئەم کتێبە کراوە، هەر نووسەرێکیش بە پێی پاشخانی بنەماکانی فیکری و مەعریفی خۆی لە کتێبەکە دواوە، ئەز دەمەوێ لەبارەی زوانەوانییە بۆچوونی خۆمی لەسەر بنووسم، جگە لەوەی پسپۆڕییەکەم لە زوان و ئەدەبدایە، سەرەداوێکی وەرگێڕانیشم لە دەستە، مێژووی کۆن و نوێی “کورد”م خوێندووەتەوە و بە گشتیش ئاگام لە مێژووی مرۆڤ و جیهانە.

مەبەستمە زێتر قسە لەبارەی زوانی وەرگێڕانی کتێبەکەوە بکەم، کورد گوتەنێ: “دوو شووتی هەڵناگیرێ بە دەستێ!” واتا لایەنە مێژوویییەکەی لەبۆ کەسانی شارەزا بەجێ دەهێڵم، چەندی ڕاستە و چەندی هەڵەیە. تەنێ بەکورتی چەند دێڕێک تێگەیشتنی خۆم بۆ مێژووی نوێی کورد و ئێستەی ڕۆژگاری کورد دەنووسم. ئەگەر باسی ئەوە بکەین بۆچی کورد بەردەبازە، وەڵامەکەی بە پێی تێگەیشتنی من دەبێتە ئەمە: کوردانی باشوور، “پێش هەموو شتێ” ئەو هەموو ڕەنگە ناهێڵێ بگاتە هیچ ئامانجێک، مەبەستم ڕەنگەکانی حیزب و ئایدۆلۆجیاکانی ترە، چونکی دەبنە هۆی پەرتەوازەیی و نەبوونی متمانە، نەبوونی متمانەیش هۆکاری ئەوەیە یەکگرتوو نەبن، ناچار لە ترسی زەبری یەکدی، پشت بە نەیار و دژمنی خۆیان دەبەستن. ژبەرهەندێ هەردەم یەکدی بە ناپاک و جاشی ئێران و تورکیا و عارەبستان دەناسێنن. تا متمانە و یەکگرتوویی نەگەڕێتەوە ناو هەموو پارچەکان، کورد هەر بەردەبازە، بێگومان بە پلان و بەرنامە ئاراستە دەکرێ و ناحەسێتەوە، هەموو هەوڵێک بۆ یەکخستنی بیری نەتەوەییمان، هەوڵێکی نەزۆکە…

لە ڕووی زمانەوانییەوە، زانستی لێکسێکۆلۆجی ڕەگوڕیشەی وشەکانمان لەبۆ ڕوون دەکاتەوە. لە ناونیشانی کتێبەکەدا (ئەرێ کورد بوونە بەردەباز؟!) وشەی “بەردەباز” جێی سەرنجە، لە ڕووی وشەسازییەوە: پەیڤێکی لێکدراوە، لە واچەکانی (بەرد+ە+باز)دا چێ بووە، واتا لە (ناو+ناوبەند/بەستەر+ڕەگی کار) پێک هاتووە. لە ڕووی واتاسازییەوە: ڕستەکە پڕاگماتیکە، پەیڤی “بەردەباز” بە واتای ئەو بەردانە دێت، کە بۆ پەڕینەوە لە ڕۆخی زێ یان ڕووبارەکاندا، دێنە بە کار هێنان، بەڵام ئەوە واتا فەرهەنگییەکەیە، واتا پڕاگماتیکییەکەی چەندان واتا هەڵدەگرێت، لەوانە: دەپرسێ کورد بۆچی بەرژەوەندی خۆیان نازانن؟ بۆچی بە کار دەهێنرێن؟ بۆچی ناگەنە کیان و دەڵەوت؟ بۆچی ژێردەستەن؟ بۆچی داردەستن؟ بۆچی پردی خۆشگوزەرانین بۆ بیانی و بۆ خۆشتان هیچ؟ چەندان پرسی تر!

بە شێوەیەکی گشتی، زوانی وەرگێڕانەکەی زوانێکی زانستی و چڕە، ئەو زوانەی وەرگێڕ لە وەرگێڕانەکانی دیکەیدا بە کاری هێناون، ئەو زوانە ئەدەبییە نییە. ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ زانستیی بوونی بابەتەکە، واتا ڕۆمانێک نییە تا بە دڵی خۆی بتوانێ بە فرەوانی ئیشی تێدا بکات، سنووری بابەتەکە وا دەخوازێ بە زوانێکی زانستی و چڕ کاری تێدا بکرێت. ئاخەر وەرگێڕانی زانستییش خۆی لە ئەوانی دیکە سەختترە، هێندە مەودا بۆ وەرگێڕ ناهێڵێتەوە تا بتوانێ بە دڵی خۆی شاقاو لەناو کووچە و کۆڵانەکانی دەقی زوانی یەکەم باوێت، زۆر جار وەرگێڕی بێحەوسەڵە دەست لە دەقەکە هەڵدەگرێ، ئاخەر کۆتوبەندی زوان و سپاردەی زانستی بێزاری دەکەن. بێگومان ئەو بۆچوونەیان وەرگێڕی ئەم کتێبە ناگرێتەوە، چونکی خوێندنەوەی کتێبەکە حەوسەڵەی دەوێ، ئێجا بەدیار پاچەڤەی ئەو هەموو لاپەڕەوە دانیشیت!
لەبارەی ڕێنووسی کتێبەکەوە، چونکە زۆرینەمان پێڕەوی ڕێنووسی ئەکادیمیای کوردی ناکەین، کە دەتوانین تا ڕادەیەک بڵێین: ڕێنووسی ئەکادیمیای کوردی بە پاڵپشتی نامیلکە و بۆچوونەکانی پێش خۆی، توانیویەتی خۆی میناکی نیچمە ستانداردێک پیشان بدات. بۆیە ڕێنووسی هەر کتێبێک لە کوردستان یان دەرەوەی کوردستاندا چاپ بکرێت، بایی ئەوە هەڵەی تێ دەکەوێت، ڕەنگە بۆچوونی تایبەتیی نووسەر بێ یان ڕاهاتنی نووسەر و دەزگە بێت. کتێبی بەردەبازیش هێندێ هەڵەی ڕێنووسی تێدایە، دەکرێ لە چاپەکانی ئاییندەدا چاک بکرێنەوە. بۆ نموونە لە ناوەرۆکی کتێبەکەدا، چەندان جار نێوی (نووری ئەلسەعید) نووسراوە، بە پێی ڕێنووسی کوردی، لە ڕێنووسی زوانەکانی دیکەی دنیایشدا ڕوونە، هەموو وشەیەکی بیانی گەرەکە بخرێتە سەر ڕێنووسی ئەو زوانەی، کە دەیهێنیتە ناوی، بۆیە ئەم ئەلیف و لامەی پەیڤی “ئەلسەعید” زیادە و لە زوانی کوردیدا نە دەنووسرێ، نە دەخوێنرێتەوە، دروستەکەی “نووری سەعید”ە. لە هێندێ شوێنی دیکەیش لە بابەتی کرداردا هەردوو بەشی وشەکانی پێکەوە لکاندووە و نووسیوە، بێگومان پێویستە لێک جیا بکرێنەوە. وردە بابەتی دیکەی ڕێنووس هەن، پێویست ناکات هێندە درێژەی بدەمێ.
هاوکات دەیان وشەی جوان و لەجێی خۆیدا بە کار هێناون، کە ئەم پەیڤانە وەرگێڕانەکەیان شیرینتر و ڕەوانتر کردوون، هەر کەسێک سەلیقەی زوانەوانی هەبێت، یەکسەر دەزانێ وەرگێڕی ئەم شاکارە دانسقەیە، چەند بە بابەتەیلی مێژوویی و دیرۆکی هەن، بە زوانێکی پاراو و ڕەوان وەری گێڕاون، هێندێ ڕستەی جوانم خوێندنەوە، پێی شاگەشکە بووم. بەڵام لەگەڵ گێڕانەوە و خوێندنەوەی ئەم مێژووە تاڵوتفتەی کورد، نیگەران بووم، لە هێندێ شوێندا گریانم دەهات. لە بەرەبەیانی مێژوودا کورد ناپاکی تێدایە و ناپاکیی لێ دەکرێت، ئەوەی جێی سەرنجی من بوو، پرسیارێک بوو، کە بۆچی تا ئێستە ناپاکانی کورد (خیانەتکاران) لەسەر ناپاکییەکەیان سزا نەدراون؟ پرسێکە، پێویستە بیری لێ بکەینەوە! بۆیە پێم وایە، بەڵێ ئێستەیش کورد بەردەبازن!

ژیڤان بەکر

Previous
Next