Skip to Content

رۆشنبیری سوپەر ئایدۆلۆژیست — بەختیار عەلی وەک نموونە – نووسینی: ستیڤان شەمزینی

رۆشنبیری سوپەر ئایدۆلۆژیست — بەختیار عەلی وەک نموونە – نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by July 13, 2020 General, Opinion

بەختیار عەلی لە کتێبی “ئایدۆلۆژیست” لە لاپەڕە “127”دا نووسیوویەتی “ئەو تیرۆریستانەی خۆیان دەتەقێننەوە درێژکراوەی هەمان هێڵی ستایشی مەرگن کە شاعیرانی وەک شێخ نوری، بێکەس و قانع و هتد بە ستایشی مردن بۆ نیشتمان شیعریان دەهۆنییەوە”.

ئەو پەرەگرافە کورتەی سەرەوە، شتی زۆرمان بۆ روون دەکاتەوە و تێرمی بیرکردنەوەی ئەو نووسەرەمان پێ دەناسێنێت. کێشەی ئەم لەوەدا چڕ بۆتەوە زیاتر لە هەر شتێک بێز لە ئایدۆلۆژیا دەکاتەوە و بە شێوەیەیەکی رواڵەتیانە خۆی وەک ئەنتی فاشیست دەخاتە بەرچاو، تراژیدیاکە لەمەدایە خۆی نموونەیەکی باڵا و دۆگمی ئایدۆلۆژییە، ئایدۆلۆژییەکی لێڵ و تاریک کە هیچ ئاسۆیەکی ژیانی لێوە هەڵنایەت، بەدیوێکی تریشدا یەکێکە لە فاشیستەکانی نێو کایەی رۆشنبیریی ئێمە، هەر ئەو هەوڵانەی بۆ سڕینەوەی زەینی و رەمزی ئەو شاعیرانەی دەستەی یەکەمی منەوەرانی سەدەی بیستن و هەموو هەوڵیان بە ئاڕاستەی نیشتمانسازیی و پاککردنەوەی عەقڵی خورافی و بژارکردنی کولتووری کۆمەڵایەتی ئێمە بووە، فاکتێک نیشان دەدەن ئەو نووسەرە روانینی بارگاوییە بە رۆحی فاشیزم، ئەو دەیەوێت ئەم رەمزانە بسڕێتەوە نەک بۆ ئەوەی نەبنە تەوتەمی رۆشنبیریی و بتی ئەدەبی، بەڵکو بۆ ئەوەی خۆی لە جێگەیان دابنێت، راستتر وایە بڵێم هەموو هەوڵێکی لەوەدا خەستر کردۆتەوە هەموو ئەوانەی پێش خۆی بسڕێتەوە لە یادەوەریی نەوەی ئێستادا، ئەمەش بێ پشت بەستن بە میتۆدێکی زانستی و ئەکادیمیی، بەڵکو بۆ ئەم کارە گەڕاوەتەوە بۆ خەیاڵی خۆی، وەک زۆرجار لە زەینی ئێمەدا ئەو وەک بە بوونەوەرێکی خەیاڵیی ئەبستراکت قووت بۆتەوە.
کێشەی سەرەکی بەختیار ئەوەیە، بڕیارێکی ئایدۆلۆژیی پێشوەخت و ئەنگێزەیەکی فاشیانەی هەیە لە خوێندنەوەی دنیا و دیاردە و کەسایەتییەکانی ناو مێژووی کورد چ ئەدەبی بن، چ سیاسیی. نایەوێت بەپێی میتۆد هەڵسەنگاندنیان بۆ بکات، چوونکە ئەو پەیڕەوی هیچ میتۆدێک ناکات، بەڵکو رەچاوی شیعرییەتی تێکست یان گووتارەکەی دەکات، جا ئەمەیان زۆر گرنگ نییە بەلایەوە چەند بەهای زانستیی هەیە یان نییەتی، ئەوەی بە دیدی خۆی پێشنۆرەیە تێکنەدانی ئەو هارمۆنییەتە شیعریی و رەوانبێژییە دەینووسێت یان دەیڵێت، هەر لەبەرئەمەشە نوسراوەکانی کەمترین پەیوەندییان بە واقیعەوە هەیە، هەڵبەتە ئێمە داوای کۆپیکردنی واقیعی لێ ناکەین، وەک ئەو ریالیزمە سۆسیالیستییەی لە سەدەی پێشوودا باڵی بەسەر ئەدەب و رۆشنبیریی کوردیدا کێشابوو، کە بەبڕوای من ئەو ریالیزمە جۆرێک بوو لە ریپۆرتاژی رۆژنامەوانی و دیکۆمێنتکردنی واقیعی رووت، نا بەڵکو قسەمان لەسەر ئەو جیهانە یۆتۆپییەیە بە تۆپزی خوێنەرەکانی پەلکێش دەکات بۆ ناوی، ئەو جیهانە لە هیچ کوێ بوونێکی نییە جگە لە کۆڵانە تەسکەکانی بیرکردنەوەی ئەو، ئەمە مانای وانییە مادام بەختیار عەلی جیهانێکی رەمزی خوڵقاندووە بۆ خوێنەرەکانی کە وەک تونی بابا وایە کاتێک دەچنە ناوی ئیدی ناگەڕێتەوە، ئیدی ئەم نووسەرە نایابە و کارەکانی شاکار و دانسقەن، بەپێچەوانەوە ئەو جیهانە سامناکەی ئەو خوڵقاندوویەتی دەمانترسێنێت.
روونتر ئەم پرسە ورد بکەینەوە، رۆمانەکانی بەختیار، پانتاییەکی فراوانن بۆ قسە لێکردن، هێڵێکی درامی لەناو هەموو رۆمانەکانیدا درێژ بۆتەوە، ئەویش بریتییە لە پووچگەرایی. ئەو نوێنەری جیهانێکی داڕوخاوە وەک پاڵەوانەکانی کە کەسانی خەمۆک و خۆکوژن، زیاد لەهەر شتێک دژی مەرگدۆستی دەدوێت، کەچی لە بیری دەکات خۆی ماکینەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی مرۆڤی مەرگدۆستە، ئەوانەی هەموو پەنجەرەکانی ژیانیان لە خۆیان داخستووە، تا دوا مەرزی کینە رقیان لە بوونی خۆیشیان دەبێتەوە. ئەو نەوەیەی بەختیار بەرهەمی هێناوە نەوەیەکی دیل، کۆیلە، پاسیڤ، خۆیان داوە بەدەست واقیعەوە، نەک لێی یاخی بن و هەوڵی گۆڕینی بدەن، رقیان لە ژیانە نەک رووبەرێک بۆ ممارەسەی ژیان بدۆزنەوە، جۆرێکن لە عارفی مەی خۆر و دەرمانخۆر، نەشەن بەهەموو ئەو تێزە رەشبینانەی بەختیار و پاڵەوانە دۆنکیشۆتییەکانی. وەک جارێکیش لە چاوپێکەوتنێکدا باسم کرد، کۆژیتۆکەی لەتیف هەڵمەت لە بارەی “روانگە” هەڵدەگێڕمەوە. بەوەی هەڵمەت وتی روانگە هێلکەیەکی پیس بوو هیچی هەڵنەهێنا، بەڵام من پێموایە رەهەند و لە لوتکەشدا بەختیار هێلکەکانیان پیس نەبوون، نەوەیەکی هیپی و خەمۆک و داڕوخاو و لۆمپنیان بەرهەمهێناوە، تەسلیمی هەموو تاڵی و کوێرەوەرییەکانی واقیع بوون، لەمە پتریش تنۆکێک رووناکی لە چاوی ئەو نەوەیەدا نابینرێت.
کاتێک ئێمە دەڵێین بەختیار عەلی، هیچ پەیوەندیی بە واقیعەوە نییە، بەو مانایە نییە کاریگەریی لەسەر هۆشمەندیی نەوەیەک نییە لە نێو واقیعە سوێرەکەی کۆمەڵی کوردەوارییدا، روونە مەبەستمان ئەوەیە بەختیار مرۆڤ لە واقیع وەردەگرێتەوە و دەیسپێرێت بە یۆتۆپیا و جیهانێکی خەیاڵی کە مێشکی ئەو خوڵقاندوویەتی. ئەمە کرۆکی هەموو رۆمانەکانی پێکدەهێنێت، لە راستیشدا رۆمان وەک بەرهەمی مودێرینتێ ژانرێکە بۆ باسی کێشەکانی شار، شاریش دەستکردی سەرمایەداریی و دەوڵەت نەتەوەیە، کەچی لەمەشدا دەبینین ئەم نووسەرە باسی هیچ رووداوێک ناکات لەناو شارەکاندا روویاندابێت یان ئەگەری روودانی هەبێت، تەنیا باسی کۆمەڵێک کارەکتەری تەریک و قەبزی ناو ئەندێشەی خۆی دەکات. ئەگەر سەیری بەرهەمەکانی “گۆنتەرگراس” بکەین ناوی پاڵەوان و کارەکتەرەکانی هەمان ئەو ناوە ئاساییانەن لە ئەڵمانیا باون، دۆیستۆیفسکی و مارکیز و بۆرخیس و ئۆرهان پامۆک، هەر بەهەمان شێوە، بەڵام بەختیار تەنانەت ناوی یۆتۆپی بۆ پاڵەوانەکانی هەڵدەبژێرێت، ناوێک نزیک لە رۆحی عەجەم و دوور لە گیانی کوردەواریی. رەنگە ئەمە شتێکی ئەوتۆ نەگەیەنێت بۆ خوێنەری ئاسایی، بەڵام بۆ من مەدلولاتی زۆری هەیە، بەو پێیەی بەختیار هەموو هەوڵێکی خۆی لەوەدا چڕ کردۆتەوە لەرووی تەسمیەشەوە کارەکتەرەکانی بوونەوەری ئاسمانی و خەیاڵی بن، تا وا لە خوێنەرەکانی بگەیەنێت، شوێنی ئەوان لەسەر زەوی نییە.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر پەرەگرافەکەی سەرەتا، دەتوانم ئەوەش ئیزافە بکەم، بەختیار عەلی، بەم هەوڵەی بۆ سڕینەوەی نەوەکانی پێش خۆی، دەیەوێت تێمانبگەیەنێت ئەدەب و رۆشنبیریی کوردیی لەوەوە دەست پێدەکات و رەنگە لەویشدا کۆتایی پێ بێت، ئەگەر ئەمە تەرجەمە بکەینە سەر زمانی سیاسەت هەمیشە ئەم نۆرمە تێفکرینە روئیای فاشی و دیکتاتۆرە هەرە گەورەکانی ناو مێژووی مرۆڤایەتییە. ئێوە دیقەت بدەن تاکو ئێستا بەختیار لای لە بەرهەم و نووسینەکانی “مەسعود محەمەد” نەکردۆتەوە و باسیشی ناکات، لێ مەسعود محەمەد نووسەرێکە هیچ کوردێک ناتوانێت بازی بەسەردا هەڵبدا هەر لەمسەری نەتەوەییەوە تا ئەوپەڕی ئومەمییەکان چ وەک لایەنگریی یان رەخنەگرتن لێی، کەچی دەبینین بەختیار تووشی سڵەمینەوە بووە بەرامبەری، جار و بار هەندێک لە موریدە فیکرییەکانی وەک تیۆریسیۆنی فاشیزمی کوردایەتی بە کینەوە باسی دەکەن! ئەمەش گەورەترین نوکتەیە لە هەموو دنیادا. کەواتە بەختیار بۆ باسی مەسعود محەمەد و پیرەمێرد و گۆران و هتد ناکات، یان کاتێک دێتە سەر باسی ئەو نەوەیە و نەوەی پێشتریش تەنیا بە رقەوە باسی هەموو ئەوانە دەکات یان لە بواری نەتەوەسازییدا کارامە بوون، یان هونەرەکانی ژیانیان فێرکردووین!! بۆچی هەمیشە تاراددەی عاشقبوون سەرسامە بە مەحوی؟ وەڵامەکەی روونە و مەحوی نموونە سوپەرەکەی خۆیەتی لە رەهەندی پاسیفیزم و رقبوونەوە لە ژیان، بەختیاریش هەروەک ئەو دنیا بە سەرابێک تێدەگات، نەک مەساحەیەک بۆ ژیانکردن.
بەدەر لەهەموو ئەمانەش، ئەوەی لە بیر کردووە، ژمارەی خۆتەقێنەرەوە لەناو کورددا هێندە نزمە حیسابی نەبووی بۆ دەکرێت. خۆتەقاندنەوە سەر بە کولتووری کوردیی نییە، چون لە هیچ ماوەیەکی مێژووییدا نەک خۆتەقاندنەوە بەڵکو تیرۆر نەبووەتە شەقلی کولتووریی کۆمەڵگەی ئێمە. ئەو باز دەدات بەسەر ئەو فاکتۆرە ئاینییانەی مۆتیڤی کاریگەرن لە بەرهەمهێنانی کەسایەتی خۆتەقێنەوەدا. ئەو لە بیری دەکات ئەو روانگە سەلەفییە جیهادییەی وەک هێڵێکی درامی لە ئیبن تەیمییە درێژە دەبێتەوە تا دەگات بە سەید قوتب و گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکانی هەنووکە کارگەی بەرهەمهێنانی کەسایەتی خۆتەقێنەرەوەن نەک شیعری ئەو شاعیرانەی ئەو ناوی ریز کردوون. لە کوێدا کەسێک لەبن کاریگەریی شیعرێکی بێکەس خۆی تەقاندۆتەوە؟ ئەی چاوی پڕ خۆڵی ئەو رۆژانە لەرێی تیڤییەکانەوە دیمەنی ئەو خۆکوژانە نابینێت بۆ باوەشی حەفتا و دوو حۆری خۆیان لە هەموو جێگەیەک دەتەقێننەوە؟ بەهەشتی شاعیرانی کورد، حۆری و غولمانی کەی تێدایە، تاکو مرۆڤی خۆکوژ لەسەری پەروەردە بن؟، بەپێچەوانەوە بەهەشتی ئەو شاعیرانە کوردستانێکی ئازادە بۆ هەمووان. من لێرەدا ئەم دێڕانە کۆتایی پێدەهێنم، هەوڵدەدەم ئەم باسە چڕوپڕ تر و ئەکادیمیتر درێژە پێ بدەم، لە نەخۆشخانەوە و لەم کاتە پڕ ئازارەی نەخۆشیدا ئەمەندە با بەس بێت، خوا بۆ بەختیارم بهێڵێت لێی نابمەوە.


10-7-2019
ستۆکهۆڵم – سۆلنا

Previous
Next