Skip to Content

کۆدەکانی کۆمەکی مافیایی! … ئاسۆکمال

کۆدەکانی کۆمەکی مافیایی! … ئاسۆکمال

Closed
by ته‌مموز 15, 2020 General, Opinion


کاتێک خەڵکی شاری کەلار، لە بەرامبەر گوێنەدانی حکومەتی هەرێم بە مەرگی هاوڵاتیانی گەرمیان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، بانگەوازیان کرد کە “خۆمان شاری خۆمان ڕزگار دەکەین”، یەکێتی نیشتمانی وەک تاڵانچی ئەم ناوچەیە، ترسی ئەم دەست پێشکەریە جەماوەریەی لێ نێشت کە ببێتە هۆی لەدەست چوونی پێگەی دەسەڵاتدارێتی. هەربۆیە هەرکام لە دوو باڵی هاوسەرۆک و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان کەوتنە خۆ. لاهور شێخ جەنگی بە “بەخشینی موچە”ی ستافی تەواوی نەخۆشخانەی قەڵا بەسەرجەم پزیشكان و كارمەند و فەرمانبەران، وە(دەرباز کۆسرەت رەسوڵ) یش بە دابین کردنی ٤ ئامێری پێوانی ئۆکسجین . هەرچەند ئەم کۆمەکانە لەژێر فشاری دەستبردنی خەڵکە بۆ بەڕیوەبردن و دابینکردنی تەندروستی گشتی خۆیان. بەڵام ئەم جۆرە کارانە و مەبەستی ئەم دەسەڵاتدارانە دەبێ باش بناسین کە بەدوای چیەوەن؟
ئەمە پێی دەوترێ “کۆمەکی مافیایی” کە ئەم دوو باڵە دەسەڵاتدارە “موچە و پێویستیەکانی کەرتی تەندروستی”ی خەڵکی گەرمیان و بەشێکی کوردستانیان دەست بەسەردا گرتوە و کەچی بەناونیشانی خێر و بەخشیین بەشێکی ناچیزی بە خەڵک دەفرۆشنەوە.
پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر حکومەت و بودجە و داهاتی کوردستان هەیە بۆچی ئەم دەسەڵاتدارانە بەناوی شەخسی خۆیانەوە خەریکی دابەشکردنی موچە و پێویستی تەندروستین بۆ نەخۆشخانەیەک؟ بۆچی موچەی هەموو پزیشک و کارمەندی تەندروستی هەموو کوردستان نادەن کە دوو مانگە لە پێشی بەرەی شەڕی کۆرۆنادان ؟ بۆچی ئەو ١٠ ملیار دۆلارەی داهاتی فەرمی کوردستانە ئەمڕۆ ٢٥٪ ناخەنە خزمەت دابینکردنی ئەم پێداویستیە تەندروستیانەی خەڵک و موچەی کارمەندانی تەندروستیەوە؟ بۆچی ٠،٥٪ بودجە بۆ کۆرۆنا دادەنێن و لەکاتێکدا دەزانن کە چ حاڵەتێکی کتوپڕ و ئیمێرجنسی هەیە و هەموو حکومەتەکان ناچارن بودجەی گەورە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم پەتایە دابنێن؟
بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارانە دەبێ لەو سیاسەتەدا بۆی بگەڕێین کە پێی دەڵێن “ئیدارەی مافیایی”. “کۆمەکی مافیایی” بەشێک لەو شێوازە لە بەڕیوەبردنی مافیاییە، کە یەکێتی و پارتی لە سێ دەیەی ڕابردووی دەسەڵاتیاندا پیادەیان کردوە و ئێستا بونەتە شارەزاترین بەڕیوەبەری فەرمی مافیایی، کە هیچیان کەمترنیە لە حکومەتە مافیائاساکانی ئەمریکای لاتین.
دەست بردنی یەکێتی و پارتی بۆ گۆڕینی موچە و دابینکردنی پێویستیەکانی تەندروستی گشتی بە خێر و سەدەقەی سەرۆکە حزبیەکان، خۆی بەشێک لە سیاسەتی نەهێشتنی کەرتی گشتی تەندروستی و تاڵانکردنی لەلایەن کۆمپانیاکانی حزبی و سەرمایەدارە حزبیەکانەوە. ئەوان لەم ڕێگەیەوە دەیانەوێ بەرپرسیاریەتی حکومەتەکەیان لە دابینکردنی موچە و پێویستی تەندروستی لادەن و هاوکاتیش وەلائی حزبی و شەخسی لە ڕێگەی بەخشینی موچە و دابینکردنی چەند ئامێرێک و کۆمەکێکەوە بەدەست بێنن. لێرەوە ئیتر کارمەندانی تەندروستی چیتر چاوەڕێی موچەی فەرمی نابن و ناڕەزایەتی دەرنابڕن ئەگەر موچە نەدرێ، بەڵکو دەبنە چاو لە دەستی مەرحەمەت و بەزەیی هاوسەرۆک و سەرۆکە حزبیەکان.
ئەم دۆخە بێگومان بەم کۆمەکە مافیایانە پینە و پەڕۆ ناکرێ و ڕێگا چارەی بەرگرتن بە مەرگی زیاتر و بێکاری و بێ موچەیی تەنیا لە سەرتاسەری کردنەوەی ئەم جۆرە دەست پێشکەریە هەرەوەزیانەی خەڵک خۆیان و بانگەوازی “خۆمان شاری خۆمان ڕزگار دەکەین” ی شاری کەلار و شارەکانی تری کوردستاندایە. ئەمڕۆ دکتۆر و کارمەندی تەندروستی خەڵک دەبێ بەم چەشنەی کەلار لەدەوری یەکتر کۆببنەوە و دەست بەرن بۆ کاری هەرەوەزی بۆڕوبەڕوبونەوەی گوێ نەدانی حکومەتی هەرێم بە دۆخی مەترسی تەندروستی لە کوردستان و تاڵانکردنی کەرتی حکومی تەندروستی لەلایەن کۆمپانیا حزبی و سەرمایەدارەکانەوە و خۆمان ڕێگاچارەیەک بدۆزینەوە بۆ فریاکەوتنی تەندروستی گشتی هاوڵاتیانی کوردستان.
تەندروستی گشتی مافی هەموو هاوڵاتیانە کە بە خۆڕایی و لە بودجەی گشتی کوردستان دەبێ دابین بکرێ. هەربۆیە پێویستە هەموو خەڵکی کوردستان دژی فرۆشتن و بە تاڵانکردنی کەرتی تەندروستی حکومی ببینەوە بە کۆمپانیا حزبی و سەرمایەدارەکان ، لەبەر ئەوەی ئەمە دزینی بەشی کرێکار و کارمەند و خەڵکی کوردستانە لە داهاتی کاریان و لە داهاتی کۆمەڵگەی کوردستان . پێویستە داواکاربین کە بودجەی کەرتی تەندروستی زیاد بکرێ بۆ ٢٥٪ بە تایبەت لەم کاتی پەتای کۆرۆنا ڤایرۆسەدا(کۆڤی١٩)، تاکو پێویستیەکانی پاراستنی تەندروستی و موچەی تەواوی کارمەندان دابین بکرێ.
ئەوە ٢٨ هەزار کارمەندانی تەندروستین کە داکۆکی لە پاراستنی تەندروستی گشتی دەکەن، لەبەرئەوەی پێویستە ئەوان لە ئیدارەی کەرتی گشتی بەشداربن و ئاگاداربن لە بودجە و داهاتەکەی. وە لەو شوێنانەی حکومەت ناوەندەکانی کەرتی گشتی چۆڵ دەکا ئەم گروپانەی کارمەندانی تەندروستی کاربکەن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە و دروستکردنی ئیدارەیەکی هەرەوەزی لە جێگایدا.
ئەگەر یەکێتی و پارتی و حکومەتی ئەم حزبە بورژوزیانە دەیانەوێ لە پەتای کۆرۆناشدا لە ڕێگەی ئیدارەی مافیاییەوە خەڵکی کوردستان بهێننە سەر چۆک بۆ ناچارکردنیان بەم ڕاهاتن لەگەڵ بێ موچەیی و ڕوبەڕوبونەوەی مەرگی کۆرۆنا بە بێ بوونی پاراستنی تەندروستی ، ئەوا ڕێگە چارەی خەڵکی کرێکار و کارمەند و کەم دەرامەتی کوردستان دروستکردنی تیم و گروپی پاراستنی تەندروستی گشتی خۆیان و ڕزگارکردنی داهات و سەروماڵی تەندروستی گشتی و بودجەی کوردستانە لەدەست ئەم باندە مافیایانەی حکومەت بەسەر خەڵکدا دەکەن. ئەوکات لە دەرگای هەر شارێکی کوردستاندا ئەم دروشمەی کەلار بە بەرزی دەشەکێتەوە، “خۆمان شاری خۆمان ڕزگار دەکەین”.

ئاسۆکمال
١٤ تەموزی ٢٠٢٠

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish