Skip to Content

ئەوانەی ئازاریان زۆرە مرۆڤی جوانن… بەشی شەشەم … خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

ئەوانەی ئازاریان زۆرە مرۆڤی جوانن… بەشی شەشەم … خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ته‌مموز 17, 2020 General

ستیڤان: رەوشتی مرۆڤانە لەسەر زەوی باری کردووە، دەستم بدەرێ با بڕۆین هەسارەیەکی تر ئاوەدان بکەینەوە!.
لیزا: چ زەمانێکە!!؟ وا لە خونچە دەکەن دڕ دەربدات!! وا لە بێدەنگی دەکەن هاوار بکات!! وا لە خەندە دەکەن ئەسرین دەر بدات.! ئای لەم چەرخە!!.
ستیڤان: لە ناو ئەم چەرخە لنگەوقووچەدا هۆشمەندەکان وەک شێت خۆ دەنوێنن، کەم ئاوەزەکانیش وەک هۆشمەند لێیان دەڕوانرێت. ئەمەش قسەکەی نیتشتە نییە کە وتی “لە ناو حیکمەتدا بڕێک لە شێتی و لەناو شێتیدا بڕێک لە حیکمەت هەیە”. نەخێر ئەوەی ژیرانە لەم دنیا پووچە بڕوانێت، کۆتاییەکەی خۆکوشتن یان شێتبوونە.
لیزا: هەر ئەوەشە خەمی ئێمەی لە هەمووان پتر کردووە. ئەم گەردوونە زۆر لەوە بچووکترە رەشبینی و خەمەکانمانی تێدا جێ بێتەوە. ئەم گەردوونە زۆر تەنگە و جێی ئەو هەموو پەژارەیەی تێدا نابێتەوە.
ستیڤان: ئەوانەی ئازاریان زۆرە مرۆڤی جوانن، ئەوانەی پتر ئازار دەچێژن زۆرتر مرۆڤن. من کە بۆ شکانەوەی لقی درەختێک دڵم دادەخورپێت، بۆ سووتانی باڵی پەروانەی دەوری شەمعێک کزە لە جەرگمەوە دێت، بۆ زڕانی خەونی منداڵێکی هەژار لە شاری یاریدا رۆحم ئاگر دەگرێ، بێگوومان ئازارم لەو خەڵکانە زیاترە، ئەو خەڵکەی بە گریانی من و تۆ پێکەنین دەیانگرێت، فرمێسکی من و تۆ تەلاری شادییەکانی ئەوان هەڵدەچنێت.
لیزا: هەیە یەک شت ئازاری دەدات، هەیە هەموو شتێک ئازاری دەدات، من لەو مرۆڤانەم هەموو شت ئازارە بۆم.
ستیڤان: چەند خۆشە کەس لە ئازاری کەسی تر حاڵی نییە، ئەگینا هەموو مرۆڤەکان لە دۆخی تۆقیندا دەژیان.
لیزا: هەندێک ئازار هەیە خۆشییەکانی ژیانت لە بیر ناباتەوە، بەڵام ترسناکترین ئازار ئەو ژانەیە نەهێڵێت هیچ کات لەززەت لە ژیان وەربگریت، من ئەم ژانە نەبڕاوەیە یەخەی گرتووم.
ستیڤان: ئازار هەیە زوو بەرۆکت بەردەدا، ئەمە وەهات لێ دەکات نرخی ساتە بەختیارەکان بگریت، ئازاریش هەیە ئەبەدییە و ناهێڵێت هیچ ساتێکی کامەران بەخۆتەوە ببینی. من ئەو ئازارە هەمیشەییەم هەیە.
لیزا: هەندێک مرۆڤ ئازارە بچووکەکانی خۆیان بە گەورە دەبینن، ئەمە لە راستیدا مانای مەزنیی ئازارەکەیان نییە، بەڵکو هۆکارەکە ئەوەیە سەرنجی ئەم مرۆڤانەیان نەداوە بە ئازاری گەورە گەورەوە دەتلێنەوە.
ستیڤان: ناهەموارییەکە ئەوەیە ئازار بە قسە شەرح ناکرێت، بۆیە زۆربەی جار مرۆڤ ژان و ئازاری ئەویتر بە مەسەلەیەکی بێ بایەخ تەماشا دەکات.
لیزا: ئەگەر ئازارەکان قسەیان بکردایە، دڵنیام ئەم گەردوونە پڕ پڕ دەبوو لە هاوار و ناڵە، ئاخر ئازار ئەو بێدەنگی و کشوماتییەی جوانە!!.
ستیڤان: مرۆڤەکان هەمیشە لە دەرەوە ئازاریان بۆ دێت و پێ دەگات، بەڵام لە ناوەوە هەستی پێ دەکەن، بەم هۆیەوە ئازاردەران ناتوانن لە قووڵی ژانەکە تێبگەن بەو پێیەی خۆیان هەستی پێ ناکەن.
لیزا: ئازار دیاردەیەک نییە قەدەغەی بکەین، کەچی بەربڵاوترین شتە ژیانی مرۆڤی هەراسان کردووە. زۆرجار لە هەوڵی کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی خۆتدا مرۆڤی تر دەخەیتە نێو ژان و چەرمەرسەرییەوە، ئەمە ترسناکترین جۆری رووبەڕووبوونەوەی ئازارە.
ستیڤان: ناڕەحەتترین ئازار دەربڕینی هاوخەمی و لاواندنەوەی درۆینە و رووکەشانەی خەڵکە بۆت لەو کاتەی تۆ ئازار دەکێشیت!. گەورەترین درۆش لەم گەردوونەدا ئەوەیە یەکێک پێت بڵێت دەمەوێت ئازارەکانت لەگەڵمدا بەش بکەیت!!.
لیزا: من کچی شەرعی ئازارم، ئەو شەوەی ئازار بوو بە بووکی غەم و لە حەوشەی بێهودەییدا جووت بوون، دایکە ئازار بە منەوە دوو گیان بوو!!.
ستیڤان: هیچم لە دەست نایەت!!. راستییەکە ئەوەیە درۆ لەگەڵ خۆم دەکەم، بەڵام هەرچی بەتۆم وتووە راستییە. من بێ تاقەتم، بەڵام درۆ بۆ خۆم دەکەم تاکو هەقیقەت نەمکوژێت، هەقیقەتیش ئەوەیە دنیا بە دڵی ئێمە نییە و هیچیشمان لەدەست نایێ تا لەگەڵ خۆمان بیگونجێنین، دەبێت ئێمە لەگەڵ تاڵییەکانی بگونجێین و بە خەندەیەکی نمایشکارانەوە بڵێین ژیان جوانە!!.
لیزا: هەموو بە درۆ رۆژەکانمان دەگوزەرێنین، من چەند بێ چارەم، دڵم بێ ئۆقرە ژانی سەفەرێکی ئەبەدیی بێ گەڕانەوە گرتوویەتی. رۆحم زۆر کۆنە و لە زەمەنی فریشتەکانەوە جێماوە، لە چاخی حوکمی جندۆکەدا هەلا هەلا بووە.
ستیڤان: بڕوام بەوە نییە هیچ رۆژگارێک ئەم زەوییە کەوتبێتە دەست فریشتەـ، لەوەتی هەیە جنۆکە و رەشمار فەرمانڕەوایی دەکەن. تۆ دەبێت لە ئەستێرەیەکی ترەوە بە رێکەوت رێگەت هەڵە کردبێت و هاتبیتە سەر زەوی!.

——————————————————

تێبینی:
ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون

Previous
Next
Kurdish