Skip to Content

261 Views

مەولانا لە “نەی نامە” دەیوێت چیمان پێ بڵێت؟ … هەڵمەت عوسمان

مەولانا لە “نەی نامە” دەیوێت چیمان پێ بڵێت؟ … هەڵمەت عوسمان

Closed
by July 17, 2020 General, Literature
                            

پێشەکی وەرگێڕ:
تێگەیشتن لە مانای ناوەوەی دەقەکانی مەولانا، کارێکی هەروا سانا نییە و ئاسان خۆی نادات بە دەستەوە، سەرەڕای ئەوەی ئێمەش بەم کەمە پاشخانە مەعریفییەی هەمانە، ئەوە هەر هیچ! بەڵام دەکرێ ئەوە وەک هەوڵێکی سەرەتایی سەیر بکرێ و بتوانرێ بۆ داهاتوو؛ ڕوونتر و وردتر لەسەری بدوێین. ئێمە لە زۆر شوێن لە پێناو ئەوەی خوێنەری ئەو دەقانە، باشتر پەی بە ناوەڕۆکی دێڕە شیعرەکان ببەن، هەوڵمان داوە؛ وەرگێرانێکی سادە و لەهەمان کاتیش قوڵی بۆ بکەین، بۆ ئەوەی جوانی مانای دەقەکان نەشێوێن. وەرگێڕانەکەشمان لە ژێر ڕۆشنایی لێکدانەوە و شیکردنەوەی “د.کەریم زەمانی”یە، کە یەکێکە لە مولانا ناسە بەناوبانگەکانی ئێران.
شیعری “نەی نامە” کە لە هەناوی عیرفانی و گەڕانەوە بۆ زاتی حەق(خودا)؛ سەرچاوەی گرتووە، یەکێکە لە شیعرە ناسک و چێژبەخشەکانی مەولانا و هەندێک لە شیکەرەوانی ئەو شیعرە، بە لوتکەی شیعری مەولانای دادەنێن و دەڵێن: مەولانا بەو شیعرەی، نیشانیداوە گەیشتووە بە پلەیەکی زۆر بەرزی مەعریفی و خوداناسی.
خوێندنەوەی شیعرەکانی مەولانا، سەرەڕای ئەوەی چێژێکی ڕۆحی هەیە و بە خوێندنەوەیان ئارام دەبیتەوە و لەم دونیای پڕ لە کێشمەکێشە؛ تاوێک دووردەکەوینەوە و خۆمان ڕادەستی ساتە عیرفانییەکانی دەکەین. هەروەها لەلایەکی دیکەش؛ دەتوانرێت سود لە پەند و ئامۆژگارییەکانیشی وەربگرین و لە ژیانی ڕۆژانەمان و لە مامەڵەمان لەگەڵ دەوروبەر؛ کاری پێ بکەین.
دیارە دونیای عیرفان بۆخۆی؛ دونیایەکی تەواو سەربەخۆ و پڕ زەمزەمەیە و بۆن و بەرامەیەکی تایبەتی هەیە، تەنها ئەوانە دەتوانن بەشی خۆیانی لێ ببەن، کە خاوەنی ڕۆح و بیرکردنەوەی عیرفانین و ئامادەیی ئەوەیان تێدایە؛ ڕۆبچنە ناخی خۆیان و لەگەڵ دنیا ناسکەکەی “بێدەنگیی” ئاوێزان ببن.
“نەی نامە” چیڕۆکی دووریی و جیابوونەوی مرۆڤە؛ لە بنەڕەت و یەکەمین شوێنگەی ژیانی خۆی. مرۆڤ؛ هەر ناڕەحەتییەک بچێژێ؛ لەم دوورکەوتنەوەیە سەرچاوەی گرتووە. هاتنی مرۆڤ لە دونیایەکی کراوە و تەواو پڕ لە خۆشی و ئازادییەکی بە مانای وشە ڕەها، بۆ دونیایەک دەست بۆ هەر شتێک دەبەیت و هەنگاو بۆ هەر شووێنێک هەڵدێنیت، سنورێکی بەدەوردا کێشراوە، خۆی لە خۆیدا، توشی خۆخواردنەوە و خەم و ڕەنجکێشانت دەکات. دونیایەکی ماددی، کە هەموو شتێک سەرەتا دەبێت تاقیبکرێتەوە؛ ئینجا بەرەوڕووی بڕۆیت؛ جگە لە ترس و گومان هیچی دیکەی لێ سەوزنابێت… تۆ سەیرکە؛ لەم سەرزەمینە مادییەی تێیداین، کاتێ لە شوێنگەی خۆمان هەڵمان دەکەنن و ناچارمان دەکەن بڕۆین بۆ شوێنگەیەکی دیکە، تا ساتی گەڕانەوەمان، هەمیشە خەون بە شوێنی لەدایکبوون و ژیانی یەکەممان دەبینین و ئامادەی هەر کارێکین تا بگەڕێینەوە. ئەمە نمونەیەکی سادەی دنیایی بوو…. بەڵام تۆ وەرە ئەم نمونەیە بگشتێنە بە سەر هەڵکەندنی مرۆڤ؛ لە دنیای بەهەشتیی؛ بۆ دنیای زەمینیی! ئاخۆ لەوەها دۆخێکدا؛ ئەگەر تاوێک بیری لێبکەینەوە، چ ئاواتگەلێکمان تیا چەکەرە دەکات و چ خەمێک دەرونمان داگیردەکات؟!
بۆیە بەوپێیەی شوێنگەی یەکەمینی مرۆڤ؛ دنیایەکی دیکە بووە و زۆر خۆشتربووە لەم دنیایەی ئێستا تیای دەژین، ئەوە هۆکارە؛ کە مرۆڤ هەمیشە لە ناڕەحەتی دەژی و تا گەڕانەوەی هەست بە ئارامیی ناکات.
مەولانا؛ بۆئەوەی ئەم دیمەنەمان لەبەرچاو ڕوونتر بکاتەوە، هاتووە چیڕۆکێكی واقیعیی و نزیک لە مرۆڤی داتاشیوە، ئەویش؛ هەڵبڕینی قامیشە، کاتێ تۆ پارچە قامیشێک دەبڕیت و لە قامیشەڵانی جیادەکەیتەوە، سەیردەکەیت هەرکات فوو بە قامیشەکەدا دەکەیت، ئاوازێکی غەمگین و دڵسۆزی لێ پەیدا دەبێت. مەولانا هاتووە. ئەم ئاوازەی بە تاسەی مرۆڤ چواندووە بۆ گەڕانەوەی بە شوێنگەی خۆی؛ بە جۆرێ هی نەی قامیشەڵانە و هی مرۆڤ؛ ئەو بەهەشتەیە کە لێوەی هاتووە.

      ١_ بشنو این نی چون حکایت می کند                  از جدایی ها شکایت می کند

گوێ لەنەی) بگرە؛ چۆن باس لە دووریی دەکات و سکاڵا دەکات لە دەست لێکجیابوونەوە و ڕۆژانی لێکدابڕان.[ نەی: وێنای کەسێکی تەواو و پێگەیشتوو و ڕەسەنە. ئەوەی کە ‘نەی’ هێمایەکە لە بونی مرۆڤ، بۆچونێک هەیە پێش لە مەولاناش؛ لە لای سۆفییان بەکارهێنراوە. ئەو ڕستەیە شێخ ئەحمەدی غەزالی لە (رسالە بوراق)؛ لە شوێنێک بەرانبەر ‘نەی’ ئاماژەی بە(=قصب : دارێکی باریک، ناواخنەکەی بۆشبێت و کلۆربێت. لولەکی باریکی ناوبۆش)کردووە، ئەوەش بە هێمای جەوهەر و نیهادی مرۆڤ داناوە. شیکەرەوانی مەسنەوی دەڵێن: ناکرێ دوودڵ بین کە ‘نەی’ بە شێوەیەکی گشتی بە’ڕۆح’ی وەلی یا مرۆڤی پێگەیشتوو ناودەنرێت، کە بە هۆکاری دابڕان لە “قامیش”، واتا ئەو جیهانە ڕۆحانییەی لە پێش جیهانی ماددی بوونی هەبووە و ئەوێ نیشتمانی ڕەسەنی بووە. واتا ئەو دەنگە پڕ سۆز و ناخ هەژێنەی لە نەی دەبیسترێ، بە هۆکاری دابڕانییەتی لە ئەسڵ و نیشتمانی خۆی. بە واتایەکی دی؛ شاعیر ‘نەی’ وەک ڕەمزێک بەکارهێناوە، تا بڵێ ئەو ناڵەناڵ و ئاگرەی ناخی من، تاسەی گەڕانەوەمە بۆ دیار و نیشتمانی حەقیقییم، کە جیهانی ئەودیوە و گەیشتنە بە زاتی حەق، کە مەبەست لە خودایە، چیڕۆکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوساتەی باوکە ئادەم لەوێ دەرکرا و هێنرایە جیهانی ماددی ئەم دونیایە]

        ٢_ کز نَیستـان تا مرا بُبـریـدەانـــد                      در نفیرم مـــــرد و زن نالیـدەاند

لەو ڕۆژەوەی کە منیان لە سەرچاوەکەمەوە(قامیش) دابڕی، ژن و پیاو لە تاو ئازاری ناڵەناڵی من؛ لە ناڵەی ڕۆح ئەنگێوی خۆیان، سەر بادەدەن، هاوشێوەی من دەناڵێنن بۆ دەردی دابڕان. [ لەگەڵ ئەوەی مانای بەیتەکە سادەیە، بەڵام کۆمەڵێک لە شیکەرەوانی مەسنەوی، وای دەبینن مانای ئەو بەیتە زۆر قوڵترە لەوەی ئاوا لێی بڕوانرێ، ئەوان بە خاکێکی بەردەڵانیی دادەنێن. لەوە دوورە کە مەولانا خۆی هەروا بەو شێوە سادە و بێدەنگییە لێی ڕوانیبێ. مەبەستی بەیتەکە: لە کاتێکدا ڕۆحی پاکی ئادەم، لە پلەی باڵای لای خودا؛ بۆ ئەم جیهانە ماددییە ڕاگوێزرا، هەردەم خەمبارە و تاسەی گەڕانەوە بۆ بونی ئەسڵی خۆی دەکات]

        ٣_ سینە خواهم شَرْحە شَرْحە از فِراق               تـا بگــویم شــرحِ دردِ اشتـــــــیاق

دڵێکم دەوێ کە لە ئەنجامی ئازار و سۆزی دابڕان، لەت لەت و ئەنجن ئەنجن بووبێ. تا باسی دەردی تاسەباری خۆمی بۆ بکەم. [ چونکە هەمیشە هاودەرد و هاوخەمەکان لێک تێدەنگ]

        ٤_ هر کسی کو دور ماند از اصل خویش             بازجویـــد روزگار وصل خویش

هەرکەسێ لە بنەچە و بەنەڕەتی خۆی دوور بکرێتەوە، لە کۆتاییدا دەکەوێتەخۆ و پەلوپۆکردن، هەمیشە باسی ڕۆژانی بەیەکگیشتنەوەی خۆیانی لەسەرزارە و دەیڵێتەوە، تا دەگاتەوە بەو. [ ئەو بەیتە بە تەواوی باس لە هەموو بوونەوەرەکان دەکات، بە تایبەت مرۆڤ. مەولانا لە یەکێک لە بەرهەمەکانیدا دەڵێت: … عەجەب سەختی و دژواریی و غەریبی ئەوەیە؛ دڵۆپێک لە بیابان یا لە دەشت یا لە ناو ئەشکەوتێ تەنیابێت، لە کاتێکدا توخمی دەریا ئەو دڵۆپە ئاوەیە. ئەو دڵۆپە؛ بێ دەست و پێ؛ بێ پێ و پێڵاو، دەستی بێ دەست کێش… یار لە شەوقی دەریا هەدا نادا و غلۆر دەبێتەوە و بیابان تەی دەکات و بە شەوقەوە بەرەو دەریا و بەرەو تێکەڵبوون بە بونی خۆی پەلدەکوتێ.
گەڕانەوە بۆ سەرەتا و بنەڕەت دوو جۆرە: یەکێک گەڕانەوەی سەربەست و “بە مەیلی” ، ئەوەی دی گەڕانەوەی زۆرەکی “بەزۆر” . گەڕانەوەی سەربەست ئەوەیە دەروێش هاوڕێ لەگەڵ ڕێنوێن –شێخ- ڕێگای پاککردنەوەی نەفس دەگرێتە بەر و دەگات بەو ئاستەی نەفسی خۆی پاکدەکاتەوە و لە ڕووە مەعنەوییەکە بەزاتی حەق دەگات و حەقیقەتی بۆ ڕووندەبێتەوە. گەڕانەوەی زۆرەکی؛ ئەوەیە تەنها بە مەرگی ڕاستەقینە دەگەڕێتەوە بۆ لای خوداوەند]

٥_من بە هر جمعیّتی نالان شدم جُفْتِ بِدْحالان و خوش حالان شدم
من بۆ ئەوەی هاودەمێک بدۆزمەوە و لە لای ئەو باسی حاڵی خۆم و دەردی دابڕانی بۆ بکەم، ڕووم لە هەموو کۆڕ و کۆبونەوەیەک کرد و ناڵاندم. هەم لەگەڵ ئەوانەی ئاستی تێگەیشتنیان کەم و لە ئاستێکی نزمدایە، هەم لەگەڵ ئەوانەش کە تێگەیشتوون و درک بە شتەکان و ڕووداوەکان دەکەن، حاڵی خۆمم بۆ ڕوونکردنەوە.
[ دەبێ لەم دێڕە شیعرە ئاماژە بە هەر دوو چەمکی (خوش حال) و ( بدحال) بکەین، ئەویش بە خوێندنەوەی دێڕی دوای ئەم دێڕە، بۆمان ڕووندەبێتەوە، کە مەبەست لەم دوو چەمکە چییە، چونکە خوێنەر کاتێ ئەم دێڕە شیعرە دەخوێنێتە، وا هەست دەکا، کە مەبەست لە (خوش حال) کەسێکە کە هەمیشە کەیفی سازە و لە باروگوزەرانێکی باش دەژی و کەمو کوڕییەکانی ژیانی کەمە، بە پێچەوانەشەوە(بدحال) کەسێکە کە باروگوزەرانی ناجۆرە و هەمیشە غەمبار و ناتەندروستە. بەڵکو وانییە و بەم مانایەی خوارەوەیە: “و.”
خوشحال: لێرەدا بەمانای کەسێک دێت، لەگەڵ بیستنی هەر دەنگ یا ئاوازێک، دەرگای مەعریفەتی ناخی دەکرێتەوە و هەستی دەجوڵێ، لەگەڵ بینینی هەر ناڕێکییەک، هەڵوێست وەردەگرێ.
بدحال: مەبەست لە کەسێکە، کە هەمیشە ئامادەباشی تێدایە بۆ کاری خراپ و بەدکرداری، چونکە لە ناخی دا، کۆمەڵێک سیفاتی دژ بە ژیان و ژیان دۆستی هەڵگرتووە.

           ٦_هر کسی از ‌ظنِّ خود شد یارِ من                          از درونِ من نجست اسرارِ من

هەرکەسێک بە پێی تێگەیشت و گومانی ناخی خۆی بووە هاوڕێ و هاودەم و هاوڕای من، کەسیان لەگەڵ نهێنی دەرون و ناخی من هاوڕا نەبوو. [ یەکێک لە عاریفان دەڵێت: لە گوماندا؛ خەیاڵ لەدایک دەبێت و یەقین بە ڕووماندا دەکرێتەوە. دکتۆر “فروزانفەر” لە دوو ڕووەوە ئەو بەیتەمان بۆ لێکدەداتەوە و دەڵێت: یەکەم ئەوەیە کە ‘نەی’ گوستنەوە بە ڕووکەشی دەکات: دەکرێ شکایەتی نەی؛ وا دابنێین لەو لایەنەوەی کە هەر گوێگرێک دەیوێت نەوای ‘نەی’، بە پێی حەز و ئارەزووی ئەو بێت و لەگەڵ حاڵی ئەو بێتەوە کە تێیدایەتی، بەڵام تا ئەو ئاستە هاوشان نەبێت و ئامانج نەپێکێ، لە کاتێکدا دەکرێ لەوە باشتربێ کە دەژەنرێ.
ڕووی دووەم: ئەوەیە؛ ‘نەی’ مانایەکی خواستراوی هەیە بۆ خودی مەولانا خۆی، بەوەی کە ئەگەر وا دابنێین شکایەتی مەولانا دروستە و لە جێی خۆیەتی، چونکە مولانا خەڵکی ڕۆژگاری خۆی بەباشی نەناسیوە. دووڕووان و دڵ داخراوەکان ڕەخنەی لێ دەگرن و نووسراو و بەڵگەی بەڕوودا دەدەنەوە و ناوی دەزڕێنن؛ بەوەی کە نەی و حاڵگرتن و جەزبە بە زیادکراوی دینی دەزانن، چونکە هاوڕێ و دۆستە نزیکەکانی لەو ئاستەنەبوون؛ ئاستی پلە و پایەی مەعنەوی ئەو درک بکەن، حەقیقەتی پێگەی مەولانا تەنها شەمسی تەبرێزی و صلاح الدین و حسام الدین، کە لە یارانی نزیکی ئەو بوون، درک پێ دەکەن.
حکیم سەبزەواری لە مانای ئەو بەیتەدا، تێڕوانینێکی قوڵتری هەیە، ئەو دڵنیایە لەوەی هەر کەسەو بەپێی ئاستی ئەو توانا و هێزەی هەیەتی لە ناسینی خودا سودمەند و بەهرەمەند دەبێ، لەبەرئەوە مرۆڤی کامڵ لەو ڕووەوە کە ئاوێنە نمای خودایە؛ درەوشانەوەیەکی تەواوی ناو و سیفاتەکانی خودای تیا دەبێت. وە خودا لە ڕۆژی فەسڵان، خودا نوور و درەوشانەوەی خۆی بەسەر هەموو خەڵکیدا پەخش دەکات، ئەو درەوشانەوەیەش بە پێی ئاستی ناسین و نزیکی بەندە لە زاتی خودا، بەهێزیی و لاوازی هەیە.]

٧_ سرِّ من از نالۀ من دور نیست لیک چشم و گوش را آن نور نیست
هەرچەند ڕازەکانی دەرونم لە ناڵەناڵەکانم؛ شاراوەنییە و لێک جیا نین و دەگاتە گوێی هەموو کەسێک، بەڵام نە چاوی بینینیان هەیە و نە گوێشیان توانای بیستن، تا پەی بە نهێنییە شاراوەکانی من ببەن. [ ئەو بەیتە وەڵامی پرسیارێکی سەختی داوەتەوە. وەک ئەوەی کەسێک پرسیبێتی: ئەی حەزرەتی مەولانا؛ بۆ گەیشتن بە نهێنی دەرونی پیاوانی خودا و عاریفان؛ ئەگەر ڕێگایەکی سادە نەدۆزرێتەوە، کەواتا ڕێگای گەیشتن بە خەزێنەی نهێنییەکانی و چاوگەی نورەکان، لە کوێوەیە؟! وەڵام: نهێنی دەرونی من لە قسەکانم جیا نین، چونکە قسە هاوشێوەی ئاوێنەیە و نهێنی دڵ ئاشکرا دەکات، بەڵام چاو و دڵی خەڵکە سادەکە، نوری مەعریفەتی نییە، تا بتوانن لە ڕێگای قسەی ئەولیایان، پەی بە حاڵیان ببەن.]

٨_ تن ز جان و جان، ز تن مستور نیست لیک کس را دیدِ جان دستور نیست
بەو ناونیشانەی کە جەستە و ڕۆح پەیوەستن بە یەکەوە و هیچ یەکێکیشیان ئەوی دیکەیانی دانەپۆشیوە و نەیشاردوەتەوە، بەڵام هیچ کەسێک مۆڵەتی ئەوەی نییە کە ڕۆح ببینێ، واتا ئەوانەی کە دیلی لاشەن و لە جەستەدا، هەموو شتێک دەبینن، ناتوانن ڕۆحی پاک و خاوێن درک بکەن. [ ئەنقەرەوی باوەڕی وایە مرۆڤە کامڵەکان، کە درەوشاوەی خودان، دەڵێن: نهێنی دەرونی ئێمە، لە قسەکانمان دوورنین و لێک جیانین، ڕێک وەک جەستە و ڕۆح، کە یەکدیان دانەپۆشیوە، بەڵام هیچ کەسێک ناتوانێت ڕۆح ببینێ.
ئەکبەرئابادی دەڵێ: ئەو بەیتە؛ ڕەنگدانەوە و تەواوکەری بەیتی پێش خۆیەتی. کەواتا ‘ناڵەی نەی’ وەک جەستەیە و نرخی جەستەی بۆ دادەنرێ، ‘سڕی ناڵەی نەی’ش مانای ڕۆح دەگەیەنێت. کەواتا لەبەرئەوەی ڕۆح بە هیچ کام لە هەستەکان، هەستی پێ ناکرێ ودرک ناکرێ، کەواتا سڕی ناڵەکەشی بەهەمان شێوە هەستی پێ ناکرێ.
دکتۆر فروزەنفەریش دەڵێت: ئەم بەیتە وەک بەڵگەیەک وایە بۆ بەیتی پێشوو، کە سڕ و ڕازی دڵ؛ لە ناڵەناڵەکەیەوە بە دیاردەکەوێت. لەو ڕووەوە “ناڵە” وەک جەستە و “ڕاز” وەک ڕۆحە، کە هەم جوڵێنەری ناڵەیە و هەم ئاشکراکەری ئەوە، بەڵام هیچ چاو و گوێچکەیەک؛ لە سڕی دڵ سەر دەرنابەن. لەبەرئەوەی کە ڕۆح؛ جوڵێنەری جەستەیەم و جەستە دەرکەوتەی ڕەفتارەکانی ئەوە.
نیکلسون دەڵێت: بەو شێوەیەی کە ڕۆح لە جەستە شارداروەتەوە، ڕازی دەرونی ئەولیای خواش، لەلای خەڵکی ئاسایی شاردراوەتەوە.]

٩_ آتش است این بانگِ نای و نیست باد هر کە این آتش نَدارد نیست باد
ئەو دەنگەی لە نەی دێت؛ لە ڕاستیدا ئاگرە. واتا وتەی گەرم و ئاگرینی ئەولیای خودایە، بە گشتی با و ئارەزوو گەلێکی نەفسانی نین. وە هەر کەسێک ئەو ئاگرەی نەبێت، بوونی نەبووە. [ زۆرێک لە شیکەرەوان؛ وای دادەنێن کە مەبەست لە “بانگِ نای” خوازەیە بۆ جەزبە و حاڵ… “نیست باد” لە نیوە دێڕی یەکەم و دووەم ڕەگەزدۆزی تەواوە، چونکە لە دەربڕین و ژمارە و شوێنی پیتەکان؛ وەک یەکن، بەڵام لە مانادا جیان. هەروەها زۆرێک لە شیکەرەوان؛ لەوانە ئەنقەرەوی و بەتیع و نیکلسون؛ بۆ “نیست باد” لە نیوەدێڕی دووم، شێوەیەکی دیکەی هەیە، لەوەی کە مانای لەعنەت و نەفرین ناگەیەنێت. بەڵکو مەولانا دوعا دەکات؛ کە لوتفی ئیلاهی، کەسانێک کە گوێ لە وتەکانی ئەو دەگرن، توانای ئەوەیان هەبێت بە مەبەستی باڵای ڕێگای ئەولیای خودا بگەن.]

١٠_ آتش عشق است کاندر نَی فتاد جوشش عشق است کاندر مَی فتاد
ئەگەر نەی؛ دەکەوێتە ناڵە ی پڕ سۆزی هەڵقرچاویی، بە هۆکاری ئاگری عیشقە؛ کە لەناویدا بڵێسەی سەندووە و بوونی ئەو دەنگە غەمگینەش هی ئەوەیە. وە ئەگەر بادەشی تێدا دێتە کوڵ و هەڵچوون، هەر لەبەر ئەو جۆش و هەڵچوونی عیشقەیە. [ئەو بەیتەی سەرەوە لەسەر باوەڕ و بناغەی ئەفڵاتوونی بیناکراوە، کە عیشق بۆ هەموو دروستکراوان ڕەوێن و دەردە. بەو مانایەی هەر یەکێک لە دروستکراوان، ئارەزووی گەیشتن بە پلە و پایەی بەرزتر لە خۆی دەکات، وە بوونی جوڵە و پەلوپۆکردنی بوونەوەران، گەیشتنە بە کەمال. “عِشْق لە عَشْق”ەوە هاتووە، واتا پێکەوەنووسان یا تێکئاڵان. لەبەرئەوەش بەو گیایانەی لەوانە “لاولاو”؛ پێیان دەوترێ”عَشَق”، بۆ؟ چونکە بە قەدی ئەو درەختانەدا هەڵدەگەڕێن و دەچنە سەرەوە؛ کە لە نزیکیانەوەن. بەڵام سەرەڕای ئەوەش “عشق” نە لە قورئان و نە لە کتێبە مەزهەبییەکان نەهاتووە. هەرچەندە لە هەندێ دانراو و نووسراوی دیکەی لێکۆڵەرەوانی دینی باسکراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەهاتنی وشەی “عشق” لە دانراوە مەزهەبییەکان، بەڵگە نییە لەسەر خراپی “عشق”، بۆ؟ چونکە ئەو وشەیە لە بەیتەکانی سەردەمی جاهیلیی عەرەبیش بەرچاو ناکەوێت نووسرابێت. لێرەدا ئەفلاتون دڵنیایە عیشق پردی پەیوەندی نێوان خودا و مرۆڤەکانە و ئەو بۆشاییە پڕ دەکاتەوە. نامەی شەشەمی ‘اخوان صفا’ لە بەشی ‘عیشق’ کۆکراوەتەوە تێیدا هاتووە: لێرەدا دەبینرێ قسەی دانا و عارفان، لە بارەی پێگە و گرنگی عیشق]

١١_نی حریفِ هر کە از یاری بُرید پَردەهایش پردەهایِ ما دَرید
مرۆڤی پێگەیشتوو لە هەموو لایەنێکەوە، هاوشێوەی ‘نەی’، نەوای ئیللاهی دەچڕێت و هاودەم و هاوڕێی ئەو کەسانەش دەکات، کە خۆیان بە تەواوی لە دونیا دابڕیوە. ئەو سۆز و ئاوازەی لە نەی دەبیسترێ؛ دەبێتە هۆکاری خاوێنکردنەوەی نەفس و پەردەی ئارەزووە دنیاییەکان دادەدڕێنێ و لایان دەدات.

١٢_ همچو نَی زهریّ و تِرياقی کە دید؟ همچو نَی دمساز و مشتاقی کە دید؟
کەسێک تا ئێستا شتێکی بینیوە، لە هەمان کات ژەهریش بێت و دژە ژەهریش بێت هاوشێوەی ‘نەی’؟ ڕوونە کە نەبینراوە. وە ئایە کەسێک شتێکی بینوە هاودەم بێت و موشتاقیشی بیت؛ هاوشێوەی نەی؟ دیسان ڕوونە کە نەبینراوە. [ هەر بەو شێوەیەی زاتی خودا بە سیفەتەکانی توڕەیی و نەرم و نیانی وەسفکراوە و یەکێکن لە ناوەکانی خوداش. بە هەمان شێوە مرۆڤی پێگەیشتوو ئەو دوو سیفەتەی تێدایە. بەرانبەر خەڵکانێكی گەندەڵ و خراپەکار؛ ژەهرە و بۆ ئەوانەشی ئەهلی چاکەکاریین، دژە ژەهرە. هەڵبەت بۆ دەستەی یەکەم، دەکرێ هەم ژەهربێت، هەم دژەژەهر، بۆ ئەوانەی بەیانی لێکدابڕان دەدەن؛ ژەهربێت، بەوەش مژدەی گەیشتن بە یەک و لێک نزیکبوونەوەیان پێ دەدات، دەبێتە دژەژەهر.]

١٣_ نی حدیثِ راهِ پُر خون می کند قصّەهایِ عشقِ مجنون می کند
‘نەی’ لە بارەی ڕێگای پڕ خوێنەوە قسە دەکات. واتا مرۆڤی پێگەیشتوو قسە لەبارەی ڕێگای پڕ مەترسی و کشە و سەر بەگۆبەندی عیشقی ڕەببانی دەدوێت. وە بەسەرهاتی عاشقە گیانپاک و مەجنون ئاساکان دەگێڕیتەوە. [ ” ڕێگای پڕ خوێن” خوازەیە بۆ مەرگی سەربەست… دەتوانی بۆ تێگەیشتنی زیاتر بگەڕێیتەوە بۆ بەیتی ژمارە چوارەم]

١٤_مَحرِم این هوش جز بی هوش نیست مَر، زبان را مشتری جز گوش نیست
ئەو ئاگاییە، هاوڕازەکانیان کەسانێکن کە لە هۆکارەکانی ژیان بێ ئاگان. واتا نهێنییەکانی حەقیقەت؛ تەنها کەسانێک پێی دەزانن؛ کە جگە لە حەق؛ لە هەموو شتێکی دیکە بێ ئاگان و توانای درک کردنیان نییە. ناکەسان و حاشاکەران لە بەرنبەر ئەو نهێنییە شاراوانە، بێ دەنگ و کەڕن.

١٥_در غــمِ مــا روزهــا بــیگــاه شــد ڕوزهــا بــا ســوزهــا هــمــرا شـــد
لە ئەنجامی درێژە کێشانی ‌غەمی ئێمە، ڕۆژگارمان ڕەشبوو و بوو بە شەو. وە ڕۆژ و کاتەکانمان هەمیشە بە گرییە و سۆز و ناڵینەوە تێپەڕی. واتا دەردی داوای عاشقان و ئارەزووی گەیشتن بە یەک؛ هەمیشەییە و ساتەکانی بێ کۆتایین.

  ١٦_ روزها گر رفت. گُو: رَوْ، باک نیست            تو بمان ای آنکە چون تو پاک نیست

ئەگەر ڕۆژانی پڕ لە ناڵە و سۆز کۆتایی هات و تێپەڕی؛ بڵێ: ئەی تەمەن تێپەڕە؛ کە لە تێپەڕبوونی تۆ هیچ باکێکم نییە. بەڵام تۆ ئەی حەزرەتی مەعشوق لە سەرنجدان و پاکی و بێ گەردییەکانت هەمیشە ئاگات لێمان بێت و نیگات لێمان مەبڕە، کە کەسێک نییە هێندەی تۆ پاک و بێ لەکە بێت.[ مەبەست لەو بەیتە گرنگی و ژیان دەردەخات لە ڕوانگەی عاشقێکی عارفی وابەستە بە مەعشوق. ژیانێک داماڵرابێت لە حەقیقەت لە ڕونگەی ئەو عاشقەوە، هیچ گرنگییەکی نییە.]

١٧_هر کە جز ماهی، ز آبش سیر شد هر کە بی روزی است، روزآ دیر شد
جگە لە ماسی، هەموو کەسێک دواجار لە ئاو بێزار دەبێت، چونکە ژیانی ماسی وابەستەیە بە ئاوەوە. بەو شێوەیەش عاشقی ڕاستەقینەش دوور لە مەعشوقەکەی ناتوانێت بژیت. کەواتا مایەی ژیانی عاشق؛ عەشقە. هەرکەس لە ئاوی عیشق و عیرفانییەت بێ بەهربێت، ژیانی پەرپوت و بێ نرخە. واتا هەرکەس هەستی کرد دڵێکی بێزاری هەیە لە ژیان، با بزانێ ئەو دڵە خاڵییە لە عیشق، بۆیە ئاوایە.

١٨_ در نیابد حال پخته هیچ خام پس سخن کوتاه باید؛ وَالسَّلام
کەسانی بێ ئەزموون؛ ناتوان تێبگەن لە کەسانێک کە ئەزموونیان هەیە لە ژیان. چونکە ناتوانێت تەنها بە قسە و ئاماژە لە حاڵیان تێبگات. کەواتا بەکورتی پێویستە کۆتایی بە قسەکانیان بهێنن و دەمی خۆیان ببەستن.

١٩_ بند، بُگْسَل. باش آزاد ای پسر چند باشی بندِ سیم و بندِ زر؟
ئەم بەیتە وەڵامی پرسیارێکی پێشبینیکراوە. گوایە یەکێک دەپرسێت: ئەی حەزرەتی مەولانا؛ ئەوانەی خاوەن ئەزموون و پێگەیشتوویین لە بارەی حەقیقەتی مەعریفەت؛ چۆن بزانین ئەوانە چۆن گەیشتوون بەو پلە باڵایە؟ یا چۆن بتوانین حاڵی ئەزموندارەکان درک بکەین؟ وەڵام: ئەی کوڕی (مەعنەوی)م، پەردەی کۆت و بەند و ئارەزووە دنیاییەکان بدڕێنە و ونجڕونجڕی بکە و خۆت لە زنجیری ئارەزووە نەفسییەکانت ڕزگاربکە. ئاخر تاکەی گرفتاری زێڕ و تاڵی زیو دەبیت؟ [وشەی “ای پسر” لە نێوان شێخ و دەروێش، یاخود مورید و مراد دەوترێ. وەک چۆن باوک بانگی کوڕەکەی دەکات، ئاواش شێخ دەتوانێت بانگی دەروێش و موریدەکانی بکات. بەڵام بابەتی باوکایەتی و نەوە، لە تەریقەتی عاریفان ڕێژەیەکی مەعنەوی هەیە. ئازادی و سەربەستی شێوەیەکی مەعنەوییە، کە بەندە دڵ بە هیچ شتێک ناسپێرێت؛ تەنها زاتی حەق(خودا) نەبێت. کەواتا مەرجی ئەزموونداری و پێگەیشتوویی کەماڵی ڕۆحی، پچرانی هەوساری خۆشویستنی ماڵی دنیایە.]

٢٠_ گر بریزی بحر را در کوزەای چند گنجد؟ قسمتِ یک روزەای
بۆ نمونە؛ ئەگەر ئاوی دەریا بڕژێنیتە گۆزەیەکەوە، چەند لە ئاوی دەریا لە گۆزەکە جێی دەبێتەوە؟ هەڵبەتە بە ئەندازە و قەبارەی گۆزەکە بێ گومان بە ئەندازەی دەستکەوتنی بەهرەی یەک ڕۆژ. [ ئەو بەڵگە هێنانەوەیە؛ ڕونکردنەوەیە بۆ ئارەزووپەرستان و چڵێسەکانە. چونکە ئارەزووپەرستیی، مرۆڤ بەرەو هەڵدێر و پەرێشانی و لەناوچوون ڕادەکێشێت.]

٢١_کوزهء چشمِ حریصان پُر نشد تا صدف قانع نشد پُرْ دُر نشد
چاوی ئارەزوو پەرستان، سەرەڕای هەبوونی ئەو سنوردارییەی هەیەتی، تێرنابێت. هەرچەند زێڕ و زیوی زیاتر بە دەست بهێنن، پەرێشانن و بیرکردنەوەیان کۆتایی نایەت. بەڵکو هەر ڕۆژ ئاگری چڵێسیی و ئارەزووەکانیان بە تینتر دەبێت. بۆ نمونە سەدەف هەرگیز قانیع نابێت بە چەند دڵۆپە بارنێک و ناوەوەی پڕ لە مرواری نابێت. [ زۆرێک لە بیروباوەڕە کۆنکان باس لەوە دەکەن، بوونی مرواری لە ناو سەدەف، لە بارینی بارانەوەیە، کاتێ بان دەبارێت سەدەف زاری لێک دەکاتەوە و دڵۆپە باران دەچێتە ناوییەوە. لە ناوەوەی سەدەفیش جیناتی تایبەت هەیە کە بە کارلێکی لەگەڵ بارانەکە، مرواری دروست دەبێت. هەر بۆیە مەولانا ئەو باوەڕە کۆنەی خەڵکی کردووە بە نمونە.]

٢٢_ هر کە را جامە ز عشقی چاک شد او ز حرص و جملە عیبی پاک شد
هەر کەس پۆشاکی خۆویستی و خۆبەگەورەزانینی؛ لەبەر بوونی عیشقی مەعشوق بدڕێنێ و پارچەپارچەی بکات، ئەو لە چڵێسی و هەر جۆرە نەنگییەکی دیکە پاک دەبێتەوە. [ عیشق ئەگەر عیشقی خوایی بێت یا رەگەزی بەرانبەر، هۆکاری گۆڕینی ڕەوشتە. ئێمە بینیومانە کەسێک پێش ئەوەی عاشق بێت، خاوەنی گەلێک خوی ناپەسندبووە، وەک: بەرچاوتەنگ و پارەدۆست و دڵڕەق و ترسنۆک بووە، بەڵام دوای ئەوەی عاشق دەبێت، سەری کیسەی پارەکانی دەکاتەوە، یا ئاساییە ڕێگای ترسناک تاقیبکاتەوە، یا دەبینین بۆ مەرگی چۆلەکەیەک دەگری! ئەوەی وتمان سەبارەت بە عیشقی ڕەگەزیی بوو، خۆ هەمان نمونە دەتوانین بۆ عیشقی خوداییش بهێنینەوە.]

٢٣_شاد باش ای عشقِ خوشْ سودایِ ما ای طبـیـبِ جـملە عـلّت هایِ ما
ئەی عیشقی خۆش خەیاڵاویی ئێمە، واتا ئەی عیشقێک کە دەبیتە هۆکاری هەیەجان و شڵەژانی ڕۆحی؛ ئەی پزیشکی دەرد و نەخۆشییەکانی ئێمە، هەمیشە ئاوا پڕ چالاکی و لەسەر حاڵ بە و زەوق بکە. [ لێرەدا یەکێک لە شیکەرەوانی شیعری مەولانا، کە ‘نیکلسون’ە، باوەڕی وایە مانای ‘سودا’ هاوواتای ‘بیر’ە. حاڵی و شڵەژانی ڕۆحی ئەگەر لە عیشقی ڕوخساریی یا ڕەگەزی بەرانبەر سەرچاوەی گرتبێت، ناپەسندە، بەڵام ئەگەر سەرچاوەکەی عیشقی حەقیقی”خوداوەندی”بێت، پەسندە و خۆش سەودایە.]

٢٤_ ای دوایِ نَخْوَت و ناموسِ ما ای تو افلاطـون و جالیـنـوسِ ما
ئەی عیشق؛ تۆ ئەی دەوای خۆبینی ئێمە، وە ئەی عیشق! تۆ ئەی پزیشکی ڕۆح و خەستەی ئێمە. [ “عیشق” لێردا لە زۆربەی شیعرەکانی مەولانا؛ خواستراوە بۆ “مەعشوق”. ئەفلاتون زانایەکی ناسراوی یۆنانی کۆن بووە، لە ساڵی ٤٢٧ پێش زایین لەدایک بووە. نزیکەی هەشتا ساڵ ژیاوە و خەڵکی شاری “ئاتن”بووە. هەم زانابووە و هەم پزیشک، ئەستێرەناس و لە زانستی سروشتی دانابووە. ئەویان بە گەورەی زانایانی ئیشراقی _ ئەو زانایانە دەگرێتەوە، باوەڕیان بە دۆزینەوە و تێگەیشتنی ڕاستی هەبووە، بە یارمەتی هیز و بیر و چێژی دەرونییەوە_ لەبەرئەوەی ڕێگای گەیشتن بە ڕاستییان بە پاکبوونەوەی دەرون و ئاشکراکردنی نەفسەوە دەزانی، لەم ڕوەوە ئەو بەیتە خوازەیە بۆ پزیشکیی ڕۆحیی.
بەڵام جالینوس ناودارترین پزیشکی یۆنانی کۆن بووە، کاری ئەو تەنها وەک گەڕیدەیەک بووە بەو هۆیەوە زۆرێک لە شارەکانی ئەو سەردەمی بینیوە. ئەو لە تەمەنی هەڤدە ساڵی، لە زانستەکانی پزیشکی و فەلسەفە و بیرکاری؛ بە پلەی باڵا گەیشتووە و لە تەمەنی بیست و چوار ساڵی توانیویەتی ڕای خۆی هەبێت. کاتێ بەدەرکەوت کە زانستی پزیشکی لەسەر دەستی سۆفییەکان لەناوچووبوو. بۆیە هەوڵیدا لە شوێنێک کلینکێک دابمەزرێنێت و پشتگیری لە زانستی پزیشکیی ” ئەبقڕات” بکات، کە پێش ئەوەی لەناوبچێت یەکێک بوو لە زانستە پێشکەوتووەکانی پزیشکیی لەسەر دەستی پزیشکی بە توانا “ئەبقرات”. وە پەرتوک گەلێکی زۆری لەوبارەیەوە دانا. توانی ڕاستییە شاراوەکانی پزیشکی ئاشکرا بکات. لەم ڕووەوە ناوی جالینوس خوازەیە بۆ پزیشکی جەستەیی]

٢٥_ جسم خاک از عشق، بر افلاک شد کوە، در رقص آمد و چالاک شد
جەستەیەک کە لە خاکە، بە کاریگەریی عیشقی ئیلاهی چووە بەرزترین ئاسمانەکان و کێوی هێنایە سەما. [ ئەو بەیتە ئاماژەیە بە شەوڕۆیی پێغەمبەر محمد(د.خ) و هەروەها چوونی پێغەمبەر موسا( سەلامی خوای لێبێ) بۆ سەر کێوی تور… بۆ بەیتی دووەم دەتوانی بگەڕێیتەوە بۆ ئایەتی ١٤٣ سوڕەتی اعراف.]

٢٦_ عشق، جانِ طور آمد، عاشقا! طور، مست و خَرَّ موسى صاعِقا
ئەی عیشق! ئەوەی ڕۆحی بە کێوی ‘تور’ بەخشی و گیانی هێنایەوەبەر؛ عیشق بوو. بە بەرەکەتی عیشق بوو؛ کێوی تور مەست بو و موسا(خوالێی ڕازی بێت) مات و حەیران بوو و لە هۆش چوو و کەتە زەوی.

٢٧_ با لبِ دمسازِ خود گر جُفْتَمی همچو نَی من گُفْتَمی ها گُفْتَمی
ئەو بەیتەش لە وەڵامی پرسیارێکی پێشبینیکراوە، گوایە کەسێک لە حەزرەتی مەلانا دەپرسێ: ئەی حەزرەت ئایە ئەو عیشقە چییە، لە توانای دایە شەوڕەوی بە جەستەیەکی لە خاک دروستکراو بکات و لەولاشاوە کێوی تور بهێنێتە لەرزین و سەما و موسای پێغەمبەر بێهۆش بکات و بیدات لە زەویدا؟ ئەگەر دەکرێ، نهێنی ئەو عیشقە بۆ ئێمەش باس بکە. وەڵام: ئەگەر لێوی یارم کە لەگەڵ زمانی حاڵی من هاودەمە؛ نزیک ببێتەوە، وەک ‘نەی’ قسەگەلێکی وام دەوت، بە جۆرێ باسی نهێنییەکانی عیشقم دەکرد. _ ئەگەر سەرنج بدەین؛ ‘نەی’ کاتێ ئاوازی خۆشی لێ دەردەچی، کە لێوی ژەنیاری لێ نزیک ببێتەوە و فوی پێدا بکات. (و.)_. [ بەڵام لێرەدا شاعیرە مەبەسی ئەوەیە بڵێت: بەداخەوە هاەدەمێکم نییە تا بتوانم نهێنییەکانی عیشقی لا باس بکەم و دەرگای دڵمی بۆ بکەمەوە.]

٢٨_ هر کە او از همزبانی شد جدا بی زبان شد، گر چە دارد صد نوا
هەر کەسێک لە هاوزمان و هاونەژادەکانی خۆی جیا بکرێتەوە، ئەگەریش سەدان جۆری ئاواز و گۆرانی بزانێ، چونکە هاوزمانێکی لێ نزیک نییە، دیسانیش هاوشێوەی لاڵ و بێ زمانێک وایە. [ لێرە دیسان باسی دابڕانی ‘نەی’ لە قامیش؛ دێتەوە بەرباس. ‘نەی’ چونکە دابڕێنراوە لە ڕەچەڵ و هاونەژادەکانی خۆی کە قامیشە، هەرچەند دەتوانێ دەیان جۆری ئاواز دەرببڕێ، دیسانیش خۆی پێ غەریبە و بێ کەسە و هەستی نامۆیی دەچێژێ… مرۆڤیش بە هەمان شێوە، تا نەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەهەشتەی لێیەوە هاتووە، خۆی بە نامۆ دەزانێ لەم سەر زەوییە، هەرچەند دەتوانێ بە چەندان زمان بدوێ و زەوی بۆ ڕاخراوە تا بە خواستی خۆی لەسەری بگەڕێ (و.)]

٢٩_چونکە گُل رفت و گلستان درگذشت نشنوی زان پس ز بلبل سرگذشت
کاتێ وەرزی گوڵ کۆتایی دێت و تەمەنی گوڵستان تێدەپەڕێت، ئیتر دەنگێ لە بولبول نایەت و ئاوازێکمان گوێ لێ نابێت. [دەتوانین هەر تەنها ئەو نمونەیە بهێنینەوە بۆ تێگەیشتنی تەواوەتی لەو بەیتە. ئیمامی عەلی (سەلامی خوای لێبێت) دەڵێت: دەردی کوشندەی من ئەوەیە، هەستەم خوا زانستێکی زۆری پێداوم، بەڵام کەسێک شک نابەم باسی ئەو زانستانەی لابکەم و لێم تێبگات.]

٣٠_ جملە معشوق است و عاشق پَردەای زندە معشوق است و عاشق مُردەای
هەرچی هەیە مەعشوقە و عاشق؛ پەردەیەک زیاتر نییە. وە ئەوەی کە زیندووی حەقیقییە؛ تەنها مەعشوقە و عاشق بێ مەعشوق لە جەستەیەکی بێ گیان زیاتر نییە. [ ئگەر مەبەست لە ‘پەردە’ هەمان ئەو پەردەیەبێت کە لەپێش دەرگە و پەنجەردا هەڵدەواسرێ، ئەوا نیوە بەیتی یەکەم نواندنی جوانی ئەو نمونەیەیە. چونکە بەو پێیەبێت عاشق نمونەی پەردەکەیە و جوڵە و شڵەژانەکانی لە خۆوە و خۆکردنییە، هۆکارەکەی لە مەعشوقەوەیە، وەک چۆن جوڵەی ‘پەردە’ش هۆکاری تینی ئەو ‘با’یەیە کە لێی دەدات. وە ئەگەر مەبەست لە ‘پەردە’ حیجابی ژیانی مرۆڤایەتی و ئاشکرایی عاشق بێت، مەبەست ئەوەیە کە بوونی گوماناوی مرۆڤایەتی عاشق؛ حیجابە؛ کە ئەو لە حەزرەتی مەعشوق دادەبڕێنێ. ئەم دێڕە ئاماژەیە بە ئایەتی ٨٨ سوڕڕەتی “قصص” و هەروەها ئایەتی ٢٤ و ٢٧ی سوڕڕەتی “رحمن”.]

٣١_ چون نباشد عشق را پروایِ او او چو مرغی مانْد بی پَر، وایِ او!
ئەو دێڕە تەواوکەری دێڕە شیعری پێشترە، واتا: ئەگەر عشق لایەک لە عاشق نەکاتەوە و ئاوڕی لێ نەداتەوە، ئەوسا عاشق بەچەشنی باڵندەی بێ پەڕ و باڵە و وای بە حاڵی. [ عشقی حەق لە حەقەوە سەرچاوەی گرتووە و ئیلهامی پاکیی لەوەوە وەردەگرێت. کاتێ خودا بە عاشقانی خۆی نیگا ناکات و ئاوڕیان لێ ناداتەوە و بێ پەروا دەبێت بەرانبەریان، لە ئەنجامدا مەعشوق’بەندە’ ناتوانێت بگاتە پلەی تەواوەتی و بەرەو دیداری عشق؛ بفڕێت. هەر دوو وشەی (پروای او) و (پر، وای او) ڕەگەزدۆز لێکدراوی تەواون.)

٣٢_من چگونە هوش دارم پیش و پَس چون نباشد نورِ یارم پیش و پَس؟
ئەگەر جیلوەدەری ڕوناکی ناخ و ناوەوەی حەزرەتی مەعشوق؛ پشت و پێش چاوم ڕوناک نەکاتەوە، من چۆن بتوانم بەم کەمە عەقڵە و درککردنە سنوردارەی هەمە، ڕێگای خۆم بدۆزمەوە و تێیدا خەریکی دەروێشی بم؟ [ ئەو بەیتە ئاماژەیە بە ئایەتی ١٢ سوڕڕەتی حدید و ئایەتی ٨ سوڕڕەتی تحریم. مەبەستی دێڕە شیعرەکەش ئەوەیە: سەرچاوەی هەموو زانستەکانی ڕۆحی و درککردنە مەعنەوییەکان، تیشکی ناوەوە و شاراوەی حەزرەی مەعشوقە.]

٣٣_عشق خواهد کین سخن بیرون بُوَد آیــنە، غمّاز نبــود چـــون بُوَد
پێویستە عیشق واتا و نهێنییەکانی ئاشکرا بکات، چونکە چۆن دەکرێ کە ئاوێنەی ڕوون و ساف و بریقەدار، وێنەی کەرەستەکان نیشان نەدات؟ [ ئەگەر عیشق کاریگەریی دروست بکات لەسەر کەسانی شەڕانی و دڵ ڕەق، کەواتا دەتوانرێ بوترێ عیشق هاوشێوەی ئەو ئاوێنەیە وایە؛ کە وێنەی کەرەستەکان نیشان دەداتەوە. هەر بەو شێوەیەش ئاوێنەی عیشقیش حاڵی عاشق ئاشکرا دەکات. کەواتا عیشق دەرخەری ویژدانە.]

٣٤_ آینەات، دانی چرا غمّاز نیست؟ زآنکە زنگار از رُخَش ممتاز نیست
ئایە دەزانی بۆچی ئاوێنەی دڵ و ڕۆحت؛ نهێنی و حەقیقەتەکان نیشان نادات؟ لەبەر ئەوەیە ژەنگی هەوا و هەوەست لە ڕوویدا پاک نەکردووەتەوە و نەتسڕیوەتەوە. [مەبەست لەوەیە، ئەگەر دڵ ساف و ڕۆشنبێت، نهێنی عیرفانی و حەقیقەتی خواوەندی تێدا وێنا دەداتەوە. مادام ئەو کەسە دڵی لە ژەنگی هەوا و هەوەسی دنیایی پاک نەکردووەتەوە، با چاوەڕێی ئەوە نەکات، جیلوەی خوداوەندی تێدا بداتەوە.]

هەڵمەت عوسمان _ کۆیە

Previous
Next