Skip to Content

306 Views

” ئەزموونم لەگەڵ شاعیرە بێ مەعریفەکانی کورد: ئالان شێرکۆ، بە نموونە” … کامۆ ئاراز

” ئەزموونم لەگەڵ شاعیرە بێ مەعریفەکانی کورد: ئالان شێرکۆ، بە نموونە” … کامۆ ئاراز

Closed

ئێستای وێژەیی کوردی:

وابزانم کاتی مردنی خودای هۆنراوە ئەپۆڵۆ گەلێ لێمان نزیک بۆتەوە بە ئەندازەی تاڵە مویەک. لەسەر هەمان ترادسیۆنی نیچە، پێم وایە بەم نزیکانە بیرمەندێک پەیدا دەبێت کە بڵێ: ئەپۆڵۆ مردووە، و ئێمە کوشتمان. کوردیش خاسیەتێکی سەیری هەیە تا کار لە کار نەترازێت، لە پای ئارێشەکاندا تەقەی سەری دێت. کاتێکیش تیر لە کەوان دەردەچێت و دەیپێکێت، ئینجا دەست دەکات بە نوزە نوز و ڕۆندک ڕشتن. هەڵبەتە ئەم ئاژاوەی شیعرە بە تەنها کوردی نەگرتۆتەوە، بگرە زۆرینەی زۆری ئەو هۆنراوانەشی لە ئێستاییدا بە زمانی ئینگلیزی دەنووسرێن بێ بەهاترین و نزمترین ئاستی وێژەییان هەیە و ساتێک دوای خوێندنەوەیان لە یاد دەکرێن. زۆرینەی زۆری هۆنراوە نوێیەکان لە بە فیڕۆدانی مەرەکەب و پەڕ زیاتر نین، تاکە سوودێک هەیان بێت، بریتییە لە بەکارهێنانی پەڕەکان بۆ گوڵەبەڕۆژە و پاقڵە.

هۆیەک لەو هۆیانەی کە بەم ڕۆژە تاریکە گەشتووین پێموایە ئەوەیە کە مرۆڤی پۆست-مۆدێرنە تاکێکە حەزی لە بیرکردنەوە نییە، بۆیە چی بە زمانیدا گاگۆڵکە بکات نایگەڕێنێتەوە، و دەینووسێت. خوێنەریش لەم کەساستر کە لە ژیانیدا تامی دێڕێک هۆنراوەی جوانی وێژە بڵندی نەکردووە، بە دەقەکە سەرسام دەبێت. بە کورتیەکەی هاوکێشەکە ئەمەیە، نووسەرێکی نابیرکار دڵی خوێنەرێکی نابیرکار خۆش دەکات بەوەی دەقێکی پێشکەشکردووە، خوێنەریش دەبێتە هەواداری و وەهمی مەزنی بە نووسەر دەبەخشێت. پەیوەندی نێوان بەشێکی زۆر لە نووسەران و خوێنەرانیان لەم سەردەمەی ئێستا زۆر لە بیرۆکەی هاوگوزەرانی دەچێت لە زانستی بایۆلۆژیا. سیمبۆسس یاخود بە زمانی کوردی هاوگوزەرانی بریتییە لە کارلێککردنی دوو جۆری جیاوازی زیندەوەر بۆ سوودگەیاندن بە یەکدی تاوەکو لە ژیاندا بمێننەوە، هەر بۆیەشە پێوەندی نێوان بەشێکی زۆری نووسەرانی کورد و خوێنەرەکانیان وەکو پێوەندی نێوان دار و چەشنێکی کەڕوو بە ناوی (مایکۆڕایزایە).

هەر ئەم بەکارنەهێنانەی ژیرییە، لە گەلەرییەکانی هونەردا مۆزێک دەبینین بە تێپێکەوە بە دیواردا چەسپێنراوە و نرخەکەی خەیاڵییە، هەر ئەمە وای کردووە کە هۆنراوە بە ئەندازەی هەوا کێشی سووک بکرێت تاوەکو کێ بیەوێ هەڵی بمژێت و دوانەئۆکسیدی کاربۆن بداتەوە، وەک لەوەی هۆنەر دەبێت دار بێت و چی پیسی هەیە لە هەوادا بکاتە ئۆکسجین. بەهەرحاڵ، هەر ئەم لە کار کەوتنەی ژیراندنی مرۆڤی ئەم سەردەمەیە کە بە ناو هەموو کایەکانی دیکەدا ڕۆچووە ژوانژی: میوزیک، وێنەکێشان، سینەما، ڕۆماننووسین، هتد. تەنانەت لە ڕاپیشدا کۆمەڵێک ڕاپەر پەیدابوون کە لیریکی ڕاپەکانیان هیچ نرخێکی هونەری نییە و لە ئازاردانی مێژووی جوانی ڕاپ هیچی دیکە نییە. وەلێ بێگومان لەگەڵ ئەوەی ئەم خەوشیانەش هەن، چەندان کەسانی بڵند لە بوارەکانیاندا هەوڵی ئەوە دەدەن ئەم مرۆڤی پۆست-مۆدێرنە زۆمبی-ئاسایانە بە هۆش خۆیاندا بهێننەوە و مولولەکانی خوێنیان وەگەڕبخەنەوە تاوەکو خوێن بگاتەوە مێشک. لە بەرامبەر مۆزە بە تێپ چەسپاوەکەی ماوریزۆ کاتێلان، بانکسی هونەرمەندی سەرشەقامی شۆڕشگێڕ هەیە، بەرامبەر لیل زان کە لە ڕاپدا وەکو منداڵ کغە کغەیەتی، ئێمێنێم و ڤینی پاز و ئیمۆڕتاڵ تێکنیک هەن، لە بەرامبەر هۆنەران ڕوپی کۆڕ و هۆنەرە خراپەکانی ئینستگرام، لانگ لیاڤ و ڕ هـ سین هەن.

شتێکی دیکە کە تێبینیم کردووە بریتییە لە تۆقینی نووسەرە نوێیەکانی کورد لە هەمبەر ڕەخنەی ئەدەبی، ئاخر ئەمە هێمایە بۆ بەکارنەخستنی ئەقڵ، وە ئەو وەهمەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆیان درووست بووە، ئاخر بڵندی دەقێکی وێژەیی بە لایک و سەب نییە. هەرچۆنێک بێت، مرۆڤ دەبێت پێش هەمووان خۆڕەخنەوان بێت و ترسی خۆی بشکێنێ لە ڕەخنە، لەبەر ئەوەی ڕەخنە درووستکەرانەیە، بێ ململانێ ژیان واتایەکی نییە و پێشکەوتن نایەتە ئاراوە. نووسەر و هۆنەرە نوێیەکانی کورد لە دەست خۆشی زیاتر شتێکی دیکەیان لە لا پەسەند نییە، ئاخر ئەمە زیان دەگەیەنێت بە وێژەی کوردی. تۆ بنواڕە گوڵێک گەشە ناکات گەر خۆر و باوبۆران پێکەوە کاریگەری نەخەنە سەری، جا زۆرێک لەم نووسەرە نوێیانە پەژموردەن وەک لەوەی گوڵی گەشاوە بن، بۆیە گەر ئامادە نەبیت گوێ لە ڕەخنەکان بگریت کە هاوکاریت دەکەن ببیت بە باشتر ئەوا هەردەم لە شانشینی وەهمدا تەراتێنت دەبێت.

نووسەرە نوێیەکان دەترسن لەوەی ڕەخنەکان بڵاو بکرێنەوە و بخرێنە بەر باس، دەیانەوێ هەردەم لە پشت مێسنجەر و پەردەکانەوە ڕەخنەکان یەکلایی بکەنەوە و جۆرە سوڵحێکی عەشایەری-وێژەییانە بکەن. گومان لەوەدا نییە ئەمە هەڵەیە، چون تۆ پاثۆلۆژیەکی کۆمەڵایەتی دێنیە ناو وێژە لە کاتیکدا دەبوو وێژە چارەسەری ئەو دەردەی کردبا، ئاخر گەر تۆ هەڵەیەکی وێژەیت کردووە، بە بڵاوکردنەوەی هەڵەکەت سوود بە دەیانی دیکەش دەگەیەنرێت، دەبێت دڵخۆش بیت بەوەی کە کەسانێک هەن گرنگی دەدەن بەوەی نووسەریکی چاکت لێ دەربچێت، تەنانەت گەر ڕەخنەکان رووخێنەریش بن، تۆ دەتوانیت بە نووسینێکی جوانتر لە دەقە رەخنەییەکە ناپەسندی خۆت دووپاتبکەیتەوە، ئەوکات توانستی نووسین و زانیاریت دەبێتە سەنگی مەحەک. لە ساڵی ١٩٥٧ سکینەری سایکۆلۆژستی بەناوبانگی ئەمەریکی کتێبێکی بڵاوکردەوە لە ژێر ناوی ‘کردارە زارەکییەکان’ لە بەرامبەریدا چۆمسکی دژی تیۆرەکانی ئەو بوو بۆیە ئەویش ڕیڤیویەکی بۆ کتێبەکە نووسی و دواتریش کتێبێکی دیکەی لە هەمان ساڵدا دژی ئەو بڵاوکردەوە. ئەگەر ئەم کێشمەکێشە بە نووسین نەبوایە و بە ئاشکرا، ئەوا زانستی زمانەوانی و سیکۆلۆژی بە هیچ شێوەیەک گەشەی نەدەکر یاخود کاتێکی زیاتری دەخایاند تا بگەین بەوەی ئێستا بەدەستمان هێناوە لەو بوارانەدا.

ڕەخنەی ئەدەبی چییە؟

ڕەخنەی ئەدەبی: بریتییە لە توێژینەوە، هەڵسەنگاندن و شلۆڤە کردنی دەقی ویژەیی و خستنە بەرباسی تێما و ماناکانی بەرهەمێکی ئەدەبی. ڕەخنەی ئەدەبی دەکرێت لە شێوەی وتارێکدا بێت یانیش کتێب. دەتوانین بڵێین لەو کاتەوەی وێژە هەبووە ڕەخنەی ئەدەبیش لە پاڵیدا بوونی هەبووە، هەر یەکەیان ڕووی لایەکی دراوێکن. ڕەخنە و باسەکانی سەبارەت بە کایەکانی وێژە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمێکی لە مێژینە. ئەڕەستۆ پەڕتووکی “هونەری هۆنراوە poetics”ـــــی نووسیوە کە پەڕتووکێکە لەمەڕ تیۆریی وێژە، لە بەرانبەریشیدا ئەفڵاتوون بەگژ شعریەتدا چۆتەوە. بەهەرحاڵ سنووری نێوان ڕەخنەی ئەدەبی و تیۆری ئەدەب ڕوون نین و مشتومڕ هەیە لەوەی جودان یانیش هاوشانن.

ئەگەر ڕەخنە نەبێت ئەوا پێشکەوتنی ئەدەبی نایەتە کایەوە. ڕەخنە چ درووستکەر بێت یاخود لەناوبەر سوودی خۆی هەیە، بێگومان پێویستە مرۆڤەکان ڕەخنەی ئەکادیمی و دوور لە میزاجی تایبەتی خۆیان بگرن وەلێ ناتوانیت چاوەڕوانی ئەوە نەبیت کە ڕەخنەی لەناوبەر و لەکەدارکەریش دەگیردرێت، هەرچۆنێک بێت نووسەری باش لە نیوان ددانەکانی ئەم ڕەخنانە دەتوانێت دەرچە بدۆزێتەوە و نەبێتە پارو، و مەعریفەی بەم ڕەخنانە دەوڵەمەندتر بکات. نووسەر دەبێت گوێ لە هەموو ڕەخنەیەک بگرێت، مەرج نییە هەموو ڕەخنەیەکش لە جێی خۆیدابێ، نووسەر مەرج نییە هەموو ڕەخنەیەکی لەلا پەسەند بێت، بەڵام پەسەند نەبوونی ڕەخنەیەک واتای ئەوە نییە نووسەر هەڵبشاخێت و وەکوو منداڵ مینگە مینگ بکات، بەڵکو نووسەر دەتوانێت بە ئاڕگیومێنتی جوانتر و باشتر، ئاڕگیومێنتەکانی ڕەخنەگرەکان بشکێنێت، یاخود بەرچاوڕوونی زیاتر بدات دەربارەی بەرهەمەکەی گەر هەڵە تێگەیشتنێک هەبوو.

بێگومان چوونە بەردڵی دەقێک بە تەواوی دەکەوێتە سەر خوێنەر، واتە جوانی سەبژێکتیڤە و تۆ حەزت بە قاوەیە لێ من حەز بە چای سەوز دەکەم، جوانی و چێژ دەکەونە سەر تاکەکان، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا ناتوانین ئەوە ڕەتبکەینەوە کە کۆمەڵێک کاری وێژەیی و هونەری لە هەندێکی دیکە باشترن. ئەوە ئەرکی ڕەخنەگرە لێهاتووەکانە بە گوێرەی ئەزموونیان لەگەڵ زەریایەک لە دەقە ئەدەبییەکان هەڵسەنگاندن بکەن بۆ ئەوەی بزانرێت لە دەقەکان کامانە باشن و کامانەش باش نین، وە لەبەر چ هۆکارێک یان هۆگەلێک مۆری بەرهەمی باش لە مۆری بەرهەمی خراپ جیا دەکرێتەوە. بە میتۆدی جیاواز جیاواز دەتوانین شیکاری بکەین بۆ دەقە وێژەییەکان، چەندان قوتابخانە و مێتۆدی هەمەچەشن هەیە بۆ ئەوەی لە رێگەیانەوە پرسیار و مشتومڕ لەسەر بەرهەمێکی ئەدەبی بجوڵێنین لەوانە: تیۆری ئاڕکەتایپەکان، دەروونشیکاری، مێلاگیری، پۆست-کۆڵیۆنیاڵیزم، هتد.

مەرج نییە بە ڕووت و قووتی یەک تاکە رێگە بەکاربهێنیت و وەکو پۆشاک بیکەیتە بەر دەقێکی ئەدەبی. هەر بۆ وێنە ڕۆمانی وێژەی ئەمەریکی ”گاتسبی مەزن”ی ف. سکۆت فیتزجێراڵد، مەحاڵە تەواوی ڕۆمانەکە تەنها لە ڕووانگەیەکی فێمنستیەوە یاخود ئابووری پۆست-کۆڵیۆنیاڵستیەوە لێی بڕوانین، دەتوانیت بە تێکەڵکردنی ئەم شیکارییە وێژەییە جیاوازانە و دواتریش باسی تەکنیک و هێماگەرییەکان دەتوانین خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەمان بۆ تەواوی ڕۆمانەکە هەبێت. بە کورتی جگە لەوەی ڕەهندێکی فێنمنستی زاڵە لە ڕۆمانەکە مەرج نییە هەرچ تێکستێکی باس لە فێمێنیزم نەکات وەدەری بنێین لە هاوێنەی خوێندنەوە ڕەخنەییەکەمان، یانیش مەرج نییە یەک لایەنی مێژوویی فێمنستی تێدا بخرێتە ژێر هەلسەنگاندن، بۆ نموونە دەتوانرێت ڕاڤەی سایکۆلۆژیانەی فێمنستی بۆ بکرێت.

زمانی شعری و زمانی ئاسایی:
زمانی ڕۆژانە جودایە لە زمانی هۆنراوە و هەردووکیشیان جیاوازن لەو زمانەی کە پەخشانی وێژەیی یاخود پەخشانی ناوێژەیی پێ دەنووسرێت. ناشتوانین بڵێین زمانی شعر پاشکۆ یانیش سەر بە زمانی ستانداردە، بەڵکو هەردووکیان دوو فۆڕمی جودان لە یەکتر، زمانی شعری ڕێزمان و لێکسیکۆن و زمانەوانی تایبەت بەخۆی هەیە، لە هەمووی بەرچاوتر ئەوەیە ئەرکی ئەم دوو فۆڕمە بۆ مەبەستی جیاواز بەکاردەهێنرێن.

ئاخر درووست نییە بە هەمووان بڵێین هۆنەر ئەگەر هێلێکی جیاکەرەوە بوونی نەبووایە لە نێوان زمانی هۆنینەوەی هۆنراوە و ئەو زمانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەردەوام قسەی پێدەکەین. زمانی ئاسایی زمانێکی سادەیە، و لە کۆمەڵگادا بەکاردەهێنرێت بۆ گەیاندنی نامەیەک، قسەکەران تا پێیان دەکرێت دەیانەوێت ڕوون بدوێن لە خەمی گەیاندنی مەبەستەکەیان بۆیەشە زمانەکە خاڵییە لە فۆڕمی تایبەت و کەرەستە ڕەوانبێژییەکان. هەرچی زمانی شعرییە، زمانێکە تێکەڵ بە مێتافۆر و کەرەستە ئەدەبییەکانی دیکە و بە گوێرەی کۆنتێکست و نووسەر سینتاکس یاری پێدەکرێت و هاوشێوەی ڕێزمان و سینتاکسی زمانی ڕۆژانە نییە.

خاڵێکی دیکە لە دیسکۆرسی شعری بریتییە لە فۆڕم. هۆنەرە نوێیەکانی ئێستای کورد یاخود بەزۆرخۆ-کردووە هۆنەرە کوردەکانی وێژەی ئێستایی کوردی قێز لە فۆڕم دەکەنەوە، نازانم ئەمە بۆ وایە، لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بێت کە وا تێبگەن شیعری نوێگەری بە واتای کاولکردنی هەموو جۆرە فۆڕم و کەرەستەیەکی هۆنراوە دێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتنیان لە شیعر. بەهەرحاڵ، فۆڕم لە وشەی لاتینی فۆڕماوە هاتووە، کە مانای جوانی دەگەیەنێت. ت. س. ئیلیۆتی هۆنەر و فەیلەسوفی ئەمەریکی دەڵێت: ”هیچ بەستەیەک ئازاد نییە، بۆ کەسێک کە دەیەوێت کارێکی باش بکات.” سایکۆلۆژی تاکی کورد وەهایە کە تەنها لە ناو بڕوانێت و ناواخن فەرامۆش بکات، ئاخر دەستەواژەی ‘شعری ئازاد’ واتای ئەوە نییە هیچ جۆرە فۆڕمێک نابێت بوونی هەبێت. لادانی هەموو جۆرە فۆڕمێک بە واتای خۆبوون و ئازادی و نوێگەری نایەت، با تاقیکردنەوەیەکی هزری بکەین: خودی زمان بە تەواوی دابماڵە لە هەموو ڕێسا و یاسایەک، ئەوەی دەمێنێتەوە لە گەڕەلاوژە زیاتر نییە.

لەم سەردەمەدا زمانی شعری بە جۆرێک سادە کراوەتەوە کە هیچ جیاوازییەکی نەبێت لەگەڵ زمانی ئاسایی، بگرە تەنانەت زمانی ئاسایی ئێستاتیکیانە جوانترە لەو تێکستانەی بە مەبەستی ئەدەبی دەنووسرێن. با چەند نموونەیەکی شعری ئێستا وەربگرین:
تۆ بێهۆش کەریت،
منیش ئاڵودەت
بوون و نەبونت دەمکوژێ!.
_ئالان شێرکۆ

ئەم دەقەی سەرەوە کارەساتە، جگە لەوەی زمانەکەی زمانێکی ویژەیی نییە، تەنانەت بە زمانێکی ئاساییش نابێت پەسەند بکرێت. دەستپێکی دەقەکە ‘بێهۆش کەریت’ هەڵەیە ‘بێهۆشکەریت’ ڕاستە، ئاخر گەر بە گوێرەی ئالان شێرکۆ بێت ‘تۆ’ی شعرەکە بێهۆشانە کەرە! لەباتی دەربڕینی تاقە وشەی بێهۆشکەر کردوویەتی بە هەردوو وشەی (بێهۆش و کەر). لە ڕووی خاڵبەندیشەوە هەرگیز خاڵ لە پاڵ نیشانەی سەرسوڕمان نایەت، ئەو دووانە دانویان پێکەوە ناکوڵێت، لە بیرمە ئەم نەگوزەرانەی خاڵی کۆتایی و نیشانەی سەرسوڕمان لە پۆلی سێی سەرەتاییەوە خوێندومە لە خوێندنگا.

هەرچەندە لە شعردا ئاساییە ئەگەر هۆنەر یاری بە خاڵبەندی بکات، زمانی شعری بە دووی هیچ یاسایەکی زمانی ڕۆژانە ناکەوێت خاڵبەندیش لەمە بەدەر نییە، بەڵام بە جۆرێک بەکار دەهێنرێن کە مەبەستێک و جوانیەکی زیاتر بە هۆنراوەکە ببەخشێت، بەڵام لەم دەقەدا تەنها هێمایە بۆ نەزانی و کەم توانایی و بێ مەعریفەیی هۆنەر.

وا بڵاوکراوەتەوە:
چەند ڕۆژێک لەمەوپێش؛
قافڵەیەک ،
ڕێی کەوتۆتە وڵاتی بێتاقەتی.
پرسیاریان،
لە پەناهەندەکانی بێتاقەتی کردوە.
کێ لەئێوە،
دەچێتە وڵاتی خۆشبەختی؟
پاساریەکانی بێتاقەتیی،
هاوڕێی قافڵەکەن!
منیش،
خۆم کۆکردۆتەوەو لەگەڵ قافڵەی مەرگ دەڕۆم.
بەرەو وڵاتی خۆش بەختی،
بەم زوانە!

_ئالان شێرکۆ

ئالان لەم دەقەدا چەند وشەیەکی ئەتک کردووە لەوانە: بەم زوانە وشەیەکی بێ مانایە و بەمزووانە درووستە. هەرچۆنێک بێت، ئەوەی دەمەوێت سەرنجی بخەمە سەر ئەوەیە ئەمە لە پەخشانێک زیاتر نییە کەچی وەکو هۆنراوە مامەڵەی لەگەڵ کردووە! چەندان جار کەرەستەی line breakی بەکارهێناوە واتا هێڵێکی بۆ هێڵێکی دیکە شکاندووە بەبێ هیچ هۆیەک تەنها لەبەر ئەوەی ویستویەتی وەکو تێکستێکی هۆنراوە نیشانی بدات، وەلێ ئەمە شیعر نییە، میعرە. ماوەیەکی زۆر نابێت بۆ ئەم هۆنەرانەی وەها دەنووسن، کە بەبێ هیچ هۆیەک و بە هەڕەمەکیانە لە هێڵێکەوە باز دەدەنە هێڵێکی دیکە تەنها لە پێناوی ئەوەی دڵی خۆیان خۆش بکەن هۆنراوە دەنووسن، نووسیبووم:
کاتێک شعر دەنووسی
با ئەوە نەبێ
تەنها قسەکانت لە
هێڵێکەوە بۆ
هێڵێکی دیکە پەرتەوازە
بکەیت و
ناویشی لێ بنێی هۆنراوە
_ س و ص.

ئەم تەنگەژەیەی خراپ نووسیە تەنها کوردی نەگرتۆتەوە، هۆنەرە نوێیەکانی ئێستا زیاتر بازرگان و ماڕکێتەرن و بەرهەمەکانیان بە کاڵا دەکەن وەک لەوەی لە پێناوی وێژەدا بنووسن. تەنانەت لە وێژەی ئینگلیزی نوێش هۆنەرەکانی ئینستاگرام خراپترین دەقی وێژە پێشکەش دەکەن، لێ داخەکەم هۆنەرەکانی کورد بەمان سەرسامن و دەیانەوێت لاسایی ئەمان بکەنەوە.

ئەو هۆنەرەی نازانێت بنووسێت، وە نازانێت بۆچی دەنووسێت:
بەشێکی بەرچاو لە هۆنەرە نوێیەکان هیچ ئاستێکی مەعریفیان نییە لە هیچ بوارێک بەتایبەتی بوارەکەی خۆیان. لەوانەیە ناوەکانی ئەپۆڵینێر و وۆردسۆرس لە دەستەواژەی ئەبرەکەدابرا و افتح یا سم سم زیاتر نەبن بۆیان، هێشتا فێری ئەوە نەبوون ڕەخنە قبوڵ بکەن، لە دەمێکدا دەژین وەڵامی ئەم شاعیرە بێ مەعریفانە بریتییە لە سوکایەتیکردن بە کەسێتی و نزم نیشاندانی توانای رەخنەگر. نموونەی ئەم شاعیرە نوێیانە لە ناو کورد زۆر زۆرن، لێ لای من بێمەعریفەترینیان و ئەوەی ترسوکاییەک هیوای تیا نییە ڕۆژێک لە ڕۆژان ببێتە نووسەر و هۆنەر (ئالان شێرکۆ)یە.

لە یەکێک لە گرووپە مەعریفییەکاندا ئەم ڕەخنەیەم لە پۆستێکی کرد بوو لە ماڵپەڕی فەیسبووک:
کاتێک لایک و سەب بوونە پێوانە بۆ دەقی ئەدەبی، ئەوە ئەو وەختەیە کە ماڵئاوایی لە جوانی بکەین.
ئالان شێرکۆ لە نووسینی ئەم دەقەدا:

کۆرۆنا هاوشێوەی شەیتانە
لە ڕەمەزاندا بەسترابۆوە
لە جەژندا کارا دەبێتەوە
وەزارەتی ئەوقاف

لای وایە ساتیرنووسێکە بە ئەندازەی سێرڤانتسی خاوەنی شاکاری دۆنکیخۆت، لێ نازانێ کە خودی دەقەکەی گاڵتەجاڕانەیە نەک سێرڤانتس بێت و وەکوو هەنگ هەنگوین بەرهەم بهێنێت، هەڵبەتە ئەم دەقە دۆنکیخۆتیی ئەو دەردەخات نەک توانای ساتیری ئەو. ئاخر کوێی دەقەکە هۆنراوەیە یاخود ساتیرێکە هزر بجوڵێنێت، چی پێشکەش کردووە؟ سەدان دەقی وەهای بێ سوود بەرهەم دێت، هەر بۆ نموونە:

تڕەمپی سپی کۆشکی سپی
فەرمانی دا بە پۆمپەیۆ
ئێران تویت باران بکەن
پنتاگۆن

ئەم ڕەخنەیەم دەربارەی ئەم دەقە بێ ئاستەی کە لە یەكێک لە گرووپەکاندا بڵاو کردبۆوە، لە باتی ئەوەی بێت بە گفتوگۆ و ئاڕگیومێنتی ئەکادیمی وەڵامی من بداتەوە، زۆر بەرگریکارانە دەدوا، پێی گوتم کە ئەو دەقەی ئەو بە مەبەستی ئەدەبی نەینووسیوە بۆیەشە ناوی خۆی لەگەڵ دەقەکەدا دانەناوە لە کۆتایی، ئەرێ خوێنەری بەڕێز لەم پەڕلەیە تێدەگەن؟!!

هەرچۆنێک بێت، بۆم ڕوونکردەوە ئەگەر بە مەبەستی وێژەیی نەینووسیوە، بۆچی پێویست بەوە دەکات هێلەکان وا تێکبشکێنیت و line break بەکاربهێنیت، ئەگەر مەبەستت پێدانی فۆڕمێکی شعری نەبوو بێت، لە باتی وەڵامدانەوەی ئەم کاونتەر-ئاڕگیومێنتە ‘شاعیر’ دەست دەبات بۆ بابەتە کەسێتییەکان و باس لەوە دەکات کە من پیشتر ڕەخنەم لە هاوچەشنێکی گرتووە و ئەو تەنها ڕەخنە لە کەسانی شارەزا پەسەند دەکات، وەک بڵێی خۆی دۆناودۆنی نالی و شەیکسپیرە!

بەهەرحاڵ ویستم پێشنیاری کۆرسێکی زانکۆی یەیڵی بۆ بکەم کە نووسەر و شارەزای بەناوبانگی بواری وێژە پڕۆفیسۆر (پۆڵ هـ. فرای) لە زانکۆی یەیڵ پیشکەشی کردووە سەبارەت بە ڕەخنەی ئەدەبی و تیۆری وێژە، لێ لە وەڵامی بۆم بریتیی بوو لە ”دەریا بەدەمی سەگ پیس نابێت” و ”خۆت پێویستت بە کۆرسێکە، تۆ ڕەخنە لە هەموو کەس دەگریت، ئەمە لە زمانی فەلسەفەدا پێی دەگوترێت دەروون نەخۆش.” سەرەتا دەروون نەخۆشیە، دەروون نەخۆش بۆ کەس بەکاردێت. دواتریش ئەم ‘هۆنەرە’ نازانێ جیاکاری بکات لە نێوان فەلسەفە و سایکۆلۆژیا، تەنها دەستەواژەکانی دەروون نەخۆشی و فەلسەفە هاتوون بە گوێیدا و بێ بیر لێکردنەوە بە زمانیدا دەردەپەڕن.

ئالان شێرکۆ هیچ دەربارەی ساتیر نازانێت، کەچی دەیگووت دەقەکەی وەک ساتیرێک نووسیوە دژی حوکمەت، ئاخر زۆر سەیرە لە ساتیر تێنەگەیت و بینووسیت! ئەمە بۆ خۆی گاڵتەجاڕیییە. چەند مانگێک لەمەو پیش ڕەخنەم لە هاوچەشنێکی(پەروێز هوما) گرت کە ئەویش هۆنەرێکی خراپە لێ کەمە ترووسکاییەکی تێدا دەبینم کە لە داهاتوودا بتوانێت شتێک بە شتێک بکات. پەروێز هوما کارەکتەرێکی شعری هەیە بە ناوی ‘یاسەمین’ ئەم کارەکتەرە لە کۆمەڵێک شعری ئاست نزمی وێژەییدا دەردەکەوێت، دەقەکانی هێندە ئاست نزمن، دۆخێکی تراژیکۆمیدیا لە ناخی تاکی کورد درووست دەکەن، ئەمانە کۆمەڵێکن لە دەقەکانی کە کارەکتەری یاسەمینی تێدا بەکار هێناون:

لە مێژووی مندا،
یاسەمین باڵوێزی ئاشتیی جەنگەکانە و
کۆتایی بە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم هێنا.
هەر ئەو بوو بیردۆزی ڕێژەیی کەشف کرد.
**
لە مێژووی مندا،
یاسەمین زوحاکی کوشتووە و
هەر ئەویش ئەمریکای دۆزیەوە!

**
یاسەمین هەموو ئەو شتانەیە،
کە ئێمە پێمانوایە نیە!
**
گەر یاسەمین نەبوایە،
کەس گوڵی نەدەناسی و
کەس نەیدەزانی چارەنووسی نەورەسەکان بە چی دەگات.

ئەم دەقانە بە شێوەیەک ئاست نزمن کە تەنانەت ناتوانیت هەڵیانبسەنگێنیت! ئاخر هەڵسەنگاندن بۆ تێکستێک دەکرێت کە ئەگەر هەر هیچ نەبێت کەمێک مانا و جوانیەکی لێ بچۆڕێ تەنانەت ئەگەر دڵۆپەیەکیش بێت. بەهەرحاڵ، ساتیرە شعرێکم نووسی لە ژیر ناوی ‘یاسەمیننامە’ کە تێیدا لەسەر هەمان ستایلی پەروێز هوما کارەکتەری یاسەمینم بەکارهێنا بوو، بۆ ڕۆناهی خستنە سەر ئەوەی ئەم دەقانەی ئەم هیچ بایەخێکی وێژەییان نییە و پووچن و سەدان دەقی بێ واتای هاوشێوە دێنە بەرهەم، ئەمەی خوارەوە هۆنراوەکە بوو:

”یاسەمیننامە”
(١)
چراکان عاجزن و داناگیرسێن، لەبەر ئەوەیە یاسەمین سوتەمەنی نەماوە
(٢)
دەرەجەم نەهێنا لە وزاری چونکە یاسەمین موڕاقیب نەبوو
(٣)
لە تاو شانازیکرد بە یاسەمین افتح یا سم سم ئەکەم بە افتح یا یاسمین
(٤)
ژیان تامی نەماوە چونکە یاسمین چێشت لێنانێت چیتر
(٥)
یاسەمین چۆنی؟ وەڵامی نەدایەوە بۆیە زمانەوانی دەخوێنم
(٦)
سەیری تیڤی ناکەم چیتر، چونکە ئەو درامایەی یاسەمین بەدڵی بوو گەشتە ئەڵقەی کۆتایی بەڵام بە ئەڵقەی هاوسەرگیریمان درامای ئێمە دەست پێدەکات.

تەنانەت ئەوەی ڕێژەی زیرەکییەکەی لە خوار ئاستی ئاساییشەوە بێت پەی دەبات کە ئەم دەقە ساتیرە و وێژەیەکی گاڵتەجاڕی و توانجە بۆ دەرخستنی کەمایەسییەکانی نووسەری ناوبراو. وەلێ ئالان شێرکۆ بێ ئەوەی هیچ تێگەیشتنێکی هەبێت دەیویست بەهەر نرخێک بوو بێت ڕەخنە بگرێت لێم و ئەم گفتوگۆیە ڕوویدا لە ژێر پۆستەکە:

ئالان شێرکۆ: ئەوە لەکەیەوەیاسەمین بۆتە موڵکی تۆ
من: وا تێگەیشتووی لە پۆستەکە کە کردوومە بە موڵکی خۆم؟
ئالان شێرکۆ: کەرەستە یان ناوێک بەکار هێنا لە شیعردا دەبێتە موڵکی تۆ
من: ئەزیزەکەم تۆ ئەزانی ئەدەبی باڵای ساتیر چییە؟
ئالان شێرکۆ: بەڵێ دهزانین
من: ئەگەر بتزانیایە ئەم پرسیارەت نەدەکرد، چونکە ئەمە بە ئاشکرا دیارە کە پارچەیەکە لە ساتیر، وە ساتیر نە موڵکی تۆ نە موڵکی ئەو کەسە نییە کە باسی دەکەیت. ڕێز و سڵاو.
ئالان شێرکۆ: پێویست ناکات ڕوون کرنەوە بۆتۆ بکەملەسەر حسابی کەس خۆت مەکە بەناو ئەزیزم
من: ڕەخنەکەت پارچەیەکە لە هەڵەی لۆژیکی، گەر ناتوانی ڕەخنە لە ساتیرەکەم بگری، باسی ناوبانگی مەکە، لەلای من ناوبانگی پولێکی قەڵب ناهێنێت. وە دیکتاتۆری لە تۆش قبوڵناکەم ڕێنوێنیم بکا چی بنووسم یان نە نووسم.
ئالان شێرکۆ: ئەتوانی بە زمانێکی شیرین تر قسە بکەی نەک هێندە فەلسەفیانەتۆ ئەتوانی داهێنان بکەی نەک ساتێرەکەو یان تەنزەکەو بەناوێکی دوبارەوە بلکێنی
من: ئەزیزم تۆ لە سەرەتاوە هاتوی بە نەزانانە دەتەوێ ڕەخنە بگری، تۆم خستۆتە سەر چاوم، هیچی توندم پێنەوتوویت، بەڵام گەر تۆ کەمێ بەقەد تۆزقاڵێکیش بزانی شعری پارۆدی و ساتیر چییە یەکەمین کۆمێنتت نە دەکرد. دیارە ڕق لە دڵی یان چی بەو شێوەیە لەگەڵم دەدوێیم دەنا من هێچ ڕقێکم بەرامبەر بە تۆ نییەم ڕەخنەی درووستکەرانە و درووستیشم قبوڵە. بەڵام ڕەخنەی بێ ئامانجی وەکو ئەتەوێت خۆت بەناوبانگ بکەی یان ئەوە موڵکی نازانم کێ یە ئەمە هەر ڕەخنە نین. ڕێز و سڵاو.
ئالان: یەکەم جارمە دەت بینم و کۆمێنتیشت بۆ دەکەم ئیتر ڕق ی چیم لێت بێباشە چاوەکەم من هیچ نازانم و تۆ فەیلەسوفبە باشە ئەزیزم، سەرچاووم
من: ئەوەی تۆ پێی دەدووێیت زمانێکی ژیرانە نییە. هیوام خۆشبەختیتە، کاتێکی خۆش.

پێش ئەوەی شیکارییەک بۆ ئەم گفتوگۆیەی نێوانمان بکەم لە کۆمێنتی ماڵپەڕی فەیسبووکدا کە تێیدا ئالان شێرکۆ وەکوو خانە بە خانەی پێپلیکانەیەک تێیدا بەر دەبێتەوە، دەمەوێت سەرنج بخەمە سەر ئەوەی کە ئالان شێرکۆ بە هیچ شێوەیەک ڕەخنە قبوڵ ناکات تەنانەت ئەم پەسند نەکردنەی ڕەخنە بۆ هاوچەشنەکەی(پەروێز هوما)ـــــش دەکات، ئێمە هاوڕێی فەیسبووک نین بەڵام بە بیستنی ئەوەی ڕەخنە لە پەروێز هوما گیراوە لە کۆمێنتەکاندا خۆی لە من قووت کردبۆوە، ئەوەی سەیرە ئەوەیە لەم ماوەیەدا چآوپێکەوتنێکی لەگەڵدا کراوە لە ڕۆژنامەیەک کە تێیدا باسی بارودۆخی گەنجان دەکات و ڕەخنە لە حوکوومەت دەگرێت، ئاخر گەلێ دیمەنێکی کۆمیدییە، تۆ هیچ ڕەخنەیەکت قبوڵ نییە و نازانیت چۆن گفووگۆیەکی ئەکادیمیانە بەڕێوە ببەیت چۆناهی ڕەخنەی کۆمەڵایەتی دەگریت؟ پەرچەکرداری بەرامبەر بە ڕەخنەکان زۆر منداڵانەیە و ورک دەگرێت و هەتسیانە مامەڵە دەکات و وەکو دیکتاتۆرێک هەڵدەچێت لە ئاست ڕەخنە، سا تۆ هیچ جیاوازییەکت لەگەڵ ئەو حوکمەتەدا نییە کە لە چاوپێکەوتنەکە ڕەخنەبارانت کردووە. ئەوەی لە هەمووی سەیرترە بریتییە لەوەی کە ئەم چاوپیکەوتنەی خۆی بە شانازییەوە ڕۆژێک لە دوای ئەوە بڵاوکردۆتەوە کە پێمی وت: تۆ ڕەخنە دەگریت کەواتە تۆ دەروون نەخۆشیت، من تەنها ڕەخنە لە شارەزاکان قبوڵ دەکەم، پێم بڵێ کورد کەی ڕەخنەگری هەیە، هتد.

ئالان شێرکۆ، لە ئەلف تا دوایین پیت لە ساتیر بێخەبەرە دەنا نەیدەپرسی ‘لە کەیەوە یاسەمین بۆتە موڵکی تۆ؟’ ئەو ناژیرانە وا دەزانێت من سەرسام بووم بە دەق و کارەکتەری پەروێز هوما بۆیە بەکارم هێناوە، هەر دیار بوو زۆر بە شپرزەیی هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەمی دۆزی بووەوە تاوەکوو لە کۆمێنتەکاندا من بوروژێنێت قسەی پێبڵیم، لێ نازانێت مرۆڤی بێ مەعریفە دەستەوانەی ئاویان لە دەستە و ڕوون دیارە لە ناو دەستیاندا چیان حەشارداوە. گەر من دزی ئەدەبی باما و سەرسامی یاسەمینی هوما بام ئەوا لە هۆنراوەیەکی جواندا بەکارمدەهێنا نەک توانجی لێ بدەم، ئاخر کەس هەیە تینەگات ئەم ڕستەیە ” دەرەجەم نەهێنا لە وزاری چونکە یاسەمین موڕاقیب نەبوو” لە پاڵ ئەوانی دی تەنها بۆ هێنانە کایەی ستینی تراجیکۆمیدیا نووسراوە؟

دواتر لە وەڵامدا پێم دەڵێت ”لەسەر حسابی کەس خۆت مەکە بە ناو” ئەم ڕستەیە تەواو پیناسەی مایەپووچی مەعریفی ئالان دەکات. ئەمە پارچەیەکە لە هەڵەی لۆژیکی، لە لۆژیکی نافۆڕماڵدا بەمە دەگوترێت: “ad hominem attack” کە کەسی دواو دەست دەبات بۆ بابەتە کەسییەکان وەک لەوەی دەست ببات بۆ ئەو ئاڕگیومینتەی کە هێناومەتە کایەوە، مەبەستی ئالان لەم هەڵە لۆژیکییە ئەوەیە کە ئیستفزازم بکات و لە بەرامبەردا بابەتەکە بکەم بە بابەتی کەسی، دەیەوێت لە کۆمێنتدا ناشرینم بکات، لێ نازانێت کە من دەمێکە دەستبەرداری ئیگۆ بووم و بەزەییم بە مرۆڤی وەها دێتەوە کە لە بێ مەعریفەییدا وەکو ئەو حوکمەتەی ڕەخنەی لی دەگرێت دەیەوێت مەلەفی شەخصی درووست بکات بۆ ڕەخنەگر وەک لەوەی بێت بە ئاڕگیومینتێکی جوانتر چۆک بە ڕەخنەگردا دابدات. کاتێک وەڵامم دایەوە بە ” ڕەخنەکەت پارچەیەکە لە هەڵەی لۆژیکی، گەر ناتوانی ڕەخنە لە ساتیرەکەم بگری، باسی ناوبانگی مەکە، لەلای من ناوبانگی پولێکی قەڵب ناهێنێت. وە دیکتاتۆری لە تۆش قبوڵناکەم ڕێنوێنیم بکا چی بنووسم یان نە نووسم.” ئەوەی کە مایەی پێکەنینێکی خۆشکراو بە تراژیدیا بوو وەلامی ئەو بوو ” ئەتوانی بە زمانێکی شیرین تر قسە بکەی نەک هێندە فەلسەفیانەتۆ ئەتوانی داهێنان بکەی نەک ساتێرەکەو یان تەنزەکەو بەناوێکی دوبارەوە بلکێنی” . لێرەدا دیسان دەردەکەوێتەوە کە ناوبراو هیچ لە ساتیر نازانێت تەنها دەستەواژەکە بەکار دەهێنێت، وە دواتر من بە زمانێکی سادەی ڕۆژانە دەدوێم بەڵام لەبەر ئەوەی ئاستی مەعریفی هێندە کەمە (کە لە راستیدا گومانم هەیە جۆرێکی ئۆتیزمی هەبێت) وشەکانی: ساتیر، دیکتاتۆری، پولی قەڵب و هەڵەی لۆژیکی بە وشەی تەکنیکی فەلسەفی لە قەڵەم دەدات! ئەمە وەکوو ئەوە وەهایە جالجاڵۆکەیەک نەزانێت ماڵە تۆڕینەکەی درووست بکات.

هەڵبەتە ئالان شیرکۆ و نووسەرانی هاوشێوەی ژەهرن بۆ وێژەی کوردی، لە باتی ئەوەی شەڕی ئەکادیمیانە و هزری بکەن شەڕی ئەلکترۆنی دەرهەق بە خوێنەران و ڕەخنەگرانی دەقەکانیان دەکەن. لە جیهاندا هۆنەرەکان مرۆڤی زۆر تایبەتن و کانیاوی جوانیان لی دەڕژێ و وا لە مرۆڤ دەکەن بیربکەنەوە و ڕەخنەش قبوڵ دەکەن، لە کوردستانیشدا هۆنەرەکان ئەوەندە شارەزای هاک و کۆمپیوتەرن و هێرشی ئەلیکترۆنی دەکەنە سەر ڕەخنەگرەکانیان، بەو ئەندازەیە خۆیان پەروەردە بکردایە ئێستا هۆنەر بوون! بەڕاستی هەندێک جار وا هەست دەکەم کە ئەم هۆنەرانەی کورد هەراسانکردن و هەڵبژاردە ئەلکترۆنییەکان بە کەرەستەی وێژەیی تێبگەن، بۆیە ماوەیەک پێش ئێستا کە بیستم هاوڕێیەکم لە بەر گرتنی ڕەخنە لە پەیجێکی هۆنەرێکدا بلۆک کراوە تەنها لەبەر ئەوەی ڕێنووس ،و خاڵبەندی بۆ ڕاست کردۆتەوە، ئەم پارچە ساتیرەم نووسی:
مامۆستای ویژە: ئەو تەکنیکانە چییە کە فڵان شاعیر بەکاری هێناوە بۆ ئەوەی هۆنراوەکانی گوێگری زۆر بێ و دڵی ڕەخنەکارانیش بەرامبەری نەرم بکات؟
قوتابی جیلی نوێ: ڕەوانبێژی و بەکارهێنانی میتافۆر و وێنەی شعری و بلۆک کردنی ڕەخنەگران و باند کردنیان لە پەیجەکەتا و بە کرێ گرتنی هاککەرێک تاوەکووو هاکیان بکات.

دوایین وتە:
هەڵبەتە من وەکو خوێنەرێک کێشە و ڕەخنەی ئەدەبیم تێکەڵ ناکەم بە ژیانی تایبەتی نووسەران، بۆیەشە من جەنگ بەرامبەر دەقێک بەرپا دەکەم وەلێ دەکرێ لەگەڵ نووسەرەکەی لە قاوەخانەیەک بە خواردنەوەی قاوەیەکەوە قسەی خۆش بکەین و نوکتە بۆ یەکتری بگێڕینەوە، نووسەر دەبێت فێر ببێت کە خوێندنەوەی دەقەکەی بە چاوێک کە چاویلکەی ڕەخنەی لە چاوە کە تاکێکی ڕەخنە و ئەوەی دیکەشی توانج و ساتیرە، نەشڵەژێ.

کاردانەوەی نووسەر بەرامبەر ڕەخنە پێش هەموو شتێک دەبێت هاوڕێیانە بێت و نابێت بە دژیەتیەکی کەسی بیبینێت، دوای ئەوەی ئەمە بەدیهات، مەرج نییە نووسەر بە ڕەخنە قایل بێت بۆیە دەتوانێت بە مەعریفە و توانای لە کاونەتەر-ئاڕگیومێنتەکانی بە لێهاتوویانە وەڵامی ڕەخنەگر بداتەوە نەک بە بازاڕی و منداڵ-ئاسایانە. ئەگەریش بۆی دەرکەوت ڕەخنەکان کە جێی خۆیاندان، دەبێت سوپاسگوزاری ڕەخنەگر بێت و بە نووسینەکانیدا بچێتەوە.

خودی خۆم کە ڕەخنە دەگرم لە کەسێک مەبەستم شکاندنی خاوەنی دەق نییە بەڵکو مەبەستمە دەقەکە بپاڵێوم و خەوشییەکانی لێ بچۆڕم. وەلێ گەر ڕەخنەلێگیراو پەرچەکردارێکی ناهەمووار و خۆکردنە بەزمی هەبوو و هێڵی ڕێز و ئەکادیمیا ببەزێنێت ئەوا ساتیرم لە دژی تیژتر دەبێت و چاوی پێنووسەکەمی لێ سوورتر دەکەمەوە، هەڵبەتە واتای ئەوە نییە لە گفتوگۆی ئەکادیمی بچێتە دەر، کەس نابێت هێڵی بابەتیانە ببەزێنێت. کاتێک “ئەرستۆفانیس” شانۆگەرییە کۆمیدیەکەی نمایش دەکات سیاسەتمەدارێک بە ناوی “کلیۆن” دەیداتە دادگا بەو تاوانەی کە گاڵتەی کردووە بە خەڵکی ئەسینا لە کاتێکدا ئامادەبووانێکیشی لێ بووە خەڵکی ئەسینا نەبوون. هەرچۆنێک بێت، دوو ساڵ دوای ئەو ڕووداوە ئەریستۆفانیسی شانۆنووسی کۆمیدیا نووکی پێنووسەکەی تیژتر دەکات و لە شانۆگەریەکەی کلیۆن دەکاتە پەندی زەمانە.

بەداخەوە لە سەردەمێکی وێژەی کوردی دەژیێین کە دەبێت ڕەخنەکانمان توندتر بن، دەنا وا بڕوات وێژەی کوردی گیان دەدات و لەسەر پێخەفی مەرگ دەیبینینەوە. مەرج نییە هەمووتان رەخنەگر بن لێ ڕەخنەییانە لە دەقەکانی ئەو نووسەر و هۆنەرانە بڕوانن گەر بەڕاستی خۆشتان دەوێن.

Previous
Next