Skip to Content

ئەفریقانامە، بە تامی شیعر…. پڕۆژەی یەکەم …. پێشەوا کاکەیی

ئەفریقانامە، بە تامی شیعر…. پڕۆژەی یەکەم …. پێشەوا کاکەیی

Closed
by كانونی دووه‌م 7, 2017 General, Poems

-١-
لە هەرێمە کاولکراوەکەی خۆمەوە، دەڕۆم… تاکوو، ئەفریقانامە بنووسمەوە.
بێئەوەی خاک و ئاسمانی عەرەبستانی سعوودی بگرمەوە.
ناشمەوێت: بە لای کوێتی بێدەنگدا تێپەڕم،
وەک ئەو مارەی کیف لەسەر جادە بە جێدێڵێت و دەبریسکێتەوە.
یان، قەتەڕی سەرسووڕهێنەری پلاندانەری ئاژاوەگێڕ، ببینمەوە.
نە بەحرێنی دوو هەوێ و، نە یەمەنی دوو خەسوو و،
نە عومانیش، بە چاوێکی شانشینە بازرگانەکانی ئیماڕات ببینمەوە.
لە پەسابەندەری ئێرانەوە، بە بەلەمێکی بچووکی ئەسغەری هاوڕێم دەپەڕێمەوە.
یەکەم شوێنیش کە بۆی دەچم: جیبۆتی دەبێت و، ماوەیەک لێی دەمێنمەوە.
لەگەڵ منداڵەکانی وێ: بە هەردوو زمانی عەفاریی و سۆماڵی،’١’ ئاخاوتن دەکەمەوە.

-٢-
خۆ هێندە خۆشە، وەکوو ئەو دێهاتییانە، بە جلێکی سوننەتییەوە بگەڕێیت.
لە بری هۆڕنە: گوێت لە هۆقەی گامێش بێت.
شەوێکیش لە ئەسمارا نامێنمەوە.
لە دێهاتێکی نزیک وێ: سەرقاڵ دەبم بە پەمۆ چنینەوە.
بە تیگرینییەکی’٢’ پەتی، بەو کچە لیچ ئەستوورە دەڵێم:
با پێکەوە، قاوەیەک بە تامی وڵاتەکەت بخۆینەوە!.

-٣-
غلۆر بوومەوە بەرەو ئەسیوپیا،
لە دەرگای مرۆڤایەتییم دا:
کە چوومە ژوور، کۆنترین ئێسکوپروسکم تێدا دۆزیەوە.
دەستبەجێ، نامەیەکی مێژوویی، بە ڕێنووسی گەعزم’ ٣’ نووسی و،
بە جێمهێشت، بۆ وەی هەرکەس هات، لە یەکەم شارستانێتیی بکۆڵێتەوە.
ئەو وەختەش کە چوومەوە، هەندێکیان لە ڕقان،
پێیان دەگوتم : کاکی حەبەشە بەخێرێیتەوە!.

-٤-
هیچ خۆشییەک نابینم لەو مۆگادیشۆیە’٤’
چەتەکانی دەریا، وەک ئەوانەی لای خۆمان،
کەرامەتی نیشتمانەکەیان، بە بەرچاوی وڵاتانەوە شکاندووە.
گەر بڕوا ناکەن، سەیری چزدانەکەتان بکەن:
بزانە، لە سایەی نەوت و دەوڵەتەوە، چەندی تێدا ماوە!.

-٥-
لە شوێنی وەستانی شەمەندەفەرەکە بووم، لە مۆمباسا،’٥’
چاوەڕێم دەکرد: ئامینە کینیایی،’٦ ‘ بگەڕێتەوە لە ئۆگەندا.
تاکوو بچینە دامێنی شاخی کلیمانجاڕۆ،’٧’ باسی مۆسیقا بکەین.
کەچی چەکدارێک لە نێویاندا، هەمووی بە دیل گرتبوون.
ویستبووی شۆڕشی مائوو مائوو،’٨’ هەڵگیرسێنێتەوە، بۆ یاخیبووان.
کە ئامینەی بینی بوو، چەکی دانا و دەستیدایە گیتار،
دوای ماوەیەک بوو بە مۆسیقار!.
سێ قۆڵی چووینە ماسای،’٩’ لە بەردەم خەڵکانی وێدا:
بە تەنیا، دەستمکرد بە ژەنینی تار!.

-٦-
وەک زەنگباریی و تانگانیکایی،’١٠’
بە زمانی سەواحیلی، بە یەکدی دەڵێین: دادا و کاکا.’١١’
وەرن با لە تانزانیادا یەکبگرینەوە.
ڕابردوومان، وەک گەڵای تووتن بە شیشەوە دەخەین،
بۆ وەی وشک بێتەوە.
وەک سیگار دەیپێچینەوە و،
بە نۆرە مژی لێ دەدەین و، دوکەڵ بە با دەکەینەوە!.

-٧-
جارێک، چووم بۆ گەشت.
بە دیوانی گۆرانەوە: دیتم، سروشتی نێو چەمەن و بەندەن و دەشت.
بە مەقڵییەکەوە، لای کەناراوەکانی ڤیکتۆریا’١٢’ دانیشتم،
حزوورخواییم بۆ سادق هێنایەوە، بۆ دوو شیشە گۆشت.
دوایی، بە کەشتییەک، چوومە پۆرت لۆئیس،’ ١٣’ لە نێویدا:
شیعرەکانی لۆرکام خوێندەوە…
ڕێک “بەکر عەلی”م بیرکەوتەوە، کە شەهید کرا.
چەند شەوێک، لە ئەنتاناناریڤۆ،’١٤’
چوومەتە سەر گۆڕی ” ژان- ژوزێف”،’١٥’
شیعری “نامەیەک بۆ خوا”ی شێرکۆم بۆ خوێندۆتەوە.
بۆ سبەی دوا ئێوارەکەی، لە مۆرۆنی’١٦’ بووم.
بە یادی زەریای هیندی، ماسییەکم سوورکردبۆوە.
وەک ژەنەڕاڵی پاییز، بە یادی تانجەڕۆ،
قولابم خستبووە نێو ئاوەکەوە.
خۆشتر لەوە، ئەو خێڵەکییانەی وێ…
وایاندەزانی من بازرگانێکی شیرازییم،
هاتبم، بۆستان و گوڵستانی سەعدی، بە خەڵک بفرۆشمەوە.
دوایی زانیان کە من کوردێکم و، بۆ وە هاتووم،
لە گشت وڵاتانی ئەفریقادا:
هەردوو چامەکەی نالی و سالم بخوێنمەوە!.

-٨-
ڕەنگیش، لە جۆردا: پۆزی بە ڕەش و سپییەوە لێ دەدا.
وەک ئەو کوڕە ڕەشپێستەی مۆزامبیق،
کە بە تاقمەیەک ددانی سپییەوە، زاری دەکردەوە:
هەرچی ڕەنگ بوو، بەسەر لێوی ئەستووریدا دەڕژا و،
شینومۆر دەبۆوە، لە پێکەنیندا!.

-٩-
ئەو کچە مالاوییەی، بە شەبقەیەکی ھەسیرییەوە دەرکەوت:
یەکەم لێدوانی ئەوەبوو،
گوتی: ئەو کوڕەی وێنەی منی چرکاندووە:
لە حەمام، سەد دانەی لێ شۆردۆتەوە!.

-١٠-
بە تراکتۆرێکی شڕەوە، ڕۆژ تا ئێوارە:
ئەو دەشتە کشتوکاڵیانەی نێو زامبیام دەکێڵا.
چ جووتیار بوو، گەنمیان پێ دەکرد، تا قاتوقڕی ڕوو نەدا.
لەوان وابوو، من یوسفم و، هاتبم بۆ وەی:
بە تەفسیری خەونێکەوە، وڵاتیان بۆ بوژێنمەوە.
هەتا ڕاوچییەکان، دەست نەگرنەوە بەسەر وڵاتدا.
تاکوو مس و پۆڵا، ئاودیو نەکەنەوە، بەولا و لادا!.

-١١-
بەیانیان، لە تەڕەباری کارم دەکرد: بەس قارچکم دەفرۆشت.
لەوێ، کووزەڵەم، هەر وە چنگ نەدەکەوت.
ئەو ژنە مەمک چرچ و شۆڕانەی دەهاتنە لام:
داوای دوو دەسکە کەوەریان لێ دەکردم،
وەک ئەوەی هیچ دڵۆپە خوێنێک لە لەشیاندا نەبێت.
یەکیان: کچکەی، گوارەی شینی لە گوێدا بوون،
دەترسام، لەوەی وەها تووشم بکات:
تەڕەبارەکەشی بۆ هەڕاج بکەم: بەشی شەوێکی ئەوم نەکات.
لە هەرارێ،’١٧’ بەرگەم نەگرت و، ڕێم لە گابۆرۆن’١٨’ نا.
لەوێ سەرقاڵ بووم بە نیکڵ و پۆڵا.
دوای ماوەیەک، ڕێم کەوتە کیمبیرلی،’١٩’
لە چاڵە گەورەکەدا هەر ئەڵماسم دەردەهێنا.
دەگەڵ پاشای لیسۆتۆ’٢٠’ دانیشتم،
ڕێکەوتم جلوبەرگ و پێڵاوی وێ،
هەناردەی بکەم، بۆ نامیبیا.
کە ڕێشم کەوتە نیشتمانی سوایزلەندە: پاشای سێیەمم بینی،
گوتی، ئەوە بۆ نەهاتبووی، خۆ ژنی چواردەیەمیشم هێنا!.
منیش بە پێکەنینەوە، پێم گوت:
گەر لە کوردستان دەژیای،
دەمێک بوو، ڕەزگیان دەنای!.

-١٢-
بە بێدەنگی، ماوەیەکی زۆر لە کەرتی کابیندا’٢١’ دەژیام.
قووماشی پورتوگالیم لە سائۆتۆمێ’٢٢’ڕا دەهێنا:
ئیشی دوورینم دەکرد.
یەکێ، بە قەوچەقەوچی بنێشتەوە، دەیگوت:
با هی من شێوازی پەڕپەڕی بێت.
یەکێ، بە سەرپایەیەکی دڕاوەوە، دەیگوت:
من لە خێڵکەی ئەوبەرم، با سوننەتی بێت.
کچێکی ڕەشتاڵەش دەهاتە لام، کە کەمەرم دەگرت،
بزانم چەند سانتیمە: ڕێک پاڵ دەکەوت.
وەک ئەوەی من لە نێو هیندییە سوورەکان ڕا هاتبمەوە:
هەمیشە بە دوو پەلکە گەڵا، ستیانی دەبەست.
لە بری قووماش: ڕۆژنەبوو، پەنجەم بەر دەرزی مەکینە نەکەوێت.
لە باتی پشوو: شەونەبوو، چاوم بە مەمکی خڕ نەکەوێت!.

-١٣-
بەیانیان، ڕۆژنامەم دەگێڕا لە کینشاسا.’٢٣’
بە ڕێکەوت، ڕۆماننووسەکانی وێم دیتن، لە قاوەخانەیەکدا.
باسمان لەو ڕۆمانە کوردییە کرد:
کە محەمەدی دڵشووشە،
دەنکە هەناری، ڕژاندۆتە سەر سینیی هەموو ماڵێکی دونیا.
ئینجا لێی پرسیم: وەک بزانیت،
کەی وەڵامی نامەکەی شێرکۆ دەدرێتەوە، لە لایەن خودا؟!.
گوتم: جارێ ماویەتی، ئەوەنییە شەنگال و کۆبانێ،
بوونەتە سەردێڕی گشت ڕۆژنامەکانی دونیا!.

-١٤-
وەک گەلی تووا،’٢٤’هەمیشە من، خوێنم زیاتر لێ دەچۆڕا:
لە چاو، هوتوویی و توتسیییەکان،’٢٥’
کە قەساپەخانەیان دانابوو، لە بۆروندی و ڕواندا.
هەر جارەو یەکیان، بە بیانووی زۆرینەوە:
ئەوی دی دەسڕییەوە، منیش بەردەکەوتم: وەک گەلی تووا!.

-١٥-
لای بانگی شێوان، لە نێو دوورگەی بولاگۆی’٢٦’ زرێچەی ڤیکتۆریا:
چای ئۆگەندیم دەخوادەوە.
خۆشتر کە لەسەر پردە تەختەکە دادەنیشتم،
بە یادی گەمەی منداڵییم، هێندێک جیڕەجیڕم پێ کرد:
قوڵەڕەشێکی وێ، هێندەی پێبکەنێ، خەریکبوو دەپسا!.
دوایی گوتی: ئەها ئەوە ئێوە بوون، ئینگلیستان ناچار کرد:
چەند گەڕیدەیەکی ناردنە کوردستان و،
وشەیەکیان بە ئەو دەنگە دانا!.

-١٦-
بە ڕادیۆیەکی قیساڕەوە،
لە گوندی نگانگالا، خوار جوبا:’٢٧’
چەند سەرێک بزنم وێدرابوو،
بیانلەوەڕێنم، جگە لە مەڕ و مانگا.
هەم شوان و هەمیش گاوان بووم.
هەر خەریکی دۆشینی گوانیان بووم.
ئیدی ئەو ژنانەی وێ، هەموو شەوێ:
حەزیان دەکرد: مەمکیان، بخەنە بەر دەستانم!.

-١٧-
گوڵەبەڕۆژە، هەر خەریکی زیکرە.
بەردەوام بە دوای نوورەوەیە.
کە سێبەریش بدات لێی،
وەک عاریفێک دەچەمێتەوە.
کاهوو، کە حەز بە خرمەخرم دەکات،
بۆ وەی بە نێوی جوینەوە:
تەواف بە نێو ددانەکاندا بکات.
خەیاریش لە ڕقان،
لەسەر کوڵمەی کچان، خۆی قاش قاش دەکات.
وەک ئەو کچە بانگوئییەی،’٢٨’
بە بەرچاوی هەمووانەوە:
خۆی هەڕاج دەکات!.

-١٨-
وای… چەند سەختە بیستن، لە: کۆماری کۆنگۆ.
چەکدارە توندڕەوەکان،
دەستدرێژیان دەکردە سەر ژنان.
ماسیکا،’٢٩’ دەیگێڕایەوە: کیر و گونی پیاویان دەبڕی و،
دواتر دەرخواردی ژنەکانیان دەدران.
زمانم ڵاڵ بوو، مرۆڤبوونم شەرمەزاری نواند،
هێچ شتێكم پێ نەبوو بۆ گوتن:
ئەو ڕۆژە، هەر تفم بەخۆ دەکرد،
لە جیاتی، گشت پیاوە ئاژەڵییەکان!.
حەزم دەکرد؛ تێر بە دڵی خۆی، ئەنجن ئەنجنم بکات،
لە تۆڵەی گشت ناپیاوە زۆردارەکان!.

-١٩-
بەو چرقەی گەرمایە، ڕەشماڵێک هەڵدەدەم لە: گابۆن.
وەک قەرەجەکانی لای خۆمان،
بە زمانی فانگ،’٣٠’ گۆرانی واکا واکای شاکیرا دەڵێمەوە.
هێڵی ئیستوا، بەنێو دڵمدا تێپەڕ بووە.
گەر گۆرانی نەڵێم و تۆزێک خێڵەکییانە هەڵنەپەڕێم:
ئەی ئەو پلە گەرمییەی وێ، چۆن چۆنی دامرکێنمەوە!.

-٢٠-
سواری پاسێکی شین دەبم و، لە باتا’٣١’ دادەبەزم:
ڕێک بەرانبەر زەریا، شیعرەکانی “هیوا قادر” دەخوێنمەوە.
ئەتۆش، دەگەڵ دۆلفینێکدا گەمە بکە،
منیش، لەوبەرەوە: لە بری وێنەت بکێشمەوە،
گمەی کۆتر، دەخەمە نێو ڕستەیەکی شیعرەوە.
وەک دوو باڵی سەروادار، باڵندەکانی وێی، پێ هەڵدەفڕێنمەوە.
بۆ وەی کە لە گەمەکە وەڕەز بوویت،
دەگەڵ مندا، سواری پاسە شینەکە بیتەوە!.

-٢١-
لە نێو قوتابخانەیەکی سەرەتاییی شارۆچکەی مارۆوا’٣٢’ وانەم دەگوتەوە.
لەسەر تەختە ڕەشەکە:
بە تەباشیرێکی سپی، نەخشەی خوێنڕشتنی سوورپێستەکانم دەکێشایەوە.
یەکێ لە قوتابییەکان هەستا و، گوتی:
دەتوانی سەرەتای گشت ڕەنگەکانم بۆ شی بکەیتەوە!.

-٢٢-
کە ئەو کتێبەی “چینوا”م،’٣٣’ خوێندەوە،
ئەوسا زانیم، چ جەنگێکی سیاسیی هەڵگیرساوە.
چەندە ڕۆح لە نێجیریا تێکشکێنراوە.
ئەوەنییە ئێستاش، بۆکۆ حەرام، بە نێوی دیینەوە:
شمشێرێکی گرتۆتە دەست و، دژی هەموو ئایینێک ڕاوەستاوە!.

-٢٣-
بە دوای ئیشێکدا دەگەڕام، بوومە شاگردی دووکانێکی کۆمپیوتەر؛
وەها فێر ببووم، شەوانە دەچوومە سەر خەت، تا بوومە هاککەر.
شەوێکیان کامێرای لاپتۆپەکەی “ئیدریس دێبی”م،’٣٤’ کردەوە:
هەر مینگەمینگی بوو، کە لە دژی دەسەڵاتیی، هاوکاریی یاخیبووانیان داوە.
بەو هۆیەوە زانیم، کە دەگەڵ عومەر بەشیر، پەیوەندی دیپلۆماسییان پچڕاوە!.

-٢٤-
تۆڵەی مەیموون، لەو ئاژەڵە گۆشتخۆرانە دەکەمەوە:
کە لە نێو دارستانەکانی بێنین و بورکینا فاسۆ،’٣٥’
کەڵپیان لێ تیژ کردبوون و، کردبوویانە فلیمی سینەما.
نەیانزانی بوو، کە زەڕافە، ملی هێندە درێژە:
لە نێجەرەوە، سەری قیت کردۆتەوە و، تەماشایان دەکا!.

-٢٥-
هەموو لۆمەی ئەوەیان دەکرد، کە چوومەتە لۆمێ:’٣٦’
یاری گۆڵفم کردووە،
بە گۆچانی یەکێ لە پیاوە پیرەکانی وێ.
منیش بەو نیەتەوە تۆپە پەڕۆکەم،
بۆ دووری سێسەد یارد هەڵدەدا:
تاکوو لەوبەری چاڵەکەی گانا، تۆپەکە بێنمەوە دەرێ!.

-٢٦-
لە: سان پێدرۆ،’٣٧’ هەر خەریکی چنینی زەمبیلە و سەبەتە بووم.
هەندێكیان، بۆ وە دەهاتن، وەها گەورەی دروست بکەم:
ئەناناسی تێ ڕا بێنن.
دوو کورتەباڵاش وە ژوور کەوتن، بە دەنگێکی بۆڕەوە قسەیان کرد:
با ئەوەی مە، قووڵ بێت… لۆکەی تێ دەکەین.
ئەو هەتیوانە، بە دەنگیان ڕا دیاربوو،
شەو و ڕۆژ، هەر خەریکی پەڕین بوون!.

-٢٧-
لە: بووچانان،’٣٨’ لە شیرینی و ساردەمەنییەک کارم کرد:
ئەوانەی دەهاتن، زیاتر داوای شەربەتی مێووژیان دەکرد.
کچۆڵەیەکی باڵابەرزی چاوڕەشیش دەهاتە لام:
وەها مەستی کردوبووم، شەربەتەکەم لە شیرینی چاوی ئەو تێ دەکرد.
موشتەرییەکانیش، گشتیان ساختەچی بوون،
دوای زانیم، بە بێنووی چاوی ئەوەوە: گیرۆدەی شەربەتەکە بووبوون!.

-٢٨-
ئاسمان، هەوری چڕی هەڵبەست بوو،
هەورەبروسکەیەکی وەها هات: وامزانی دای لە تەپڵی سەرم.
کە ئاوڕمدایەوە: لە دارستانەکەی پشت فریتاونی’٣٩’ دابوو.
چووم، لە باتی: ئەڵماس دەرکەوێت، مامزێکی کوشتبوو.
دوای باران بارین، هەتاو، پڕژا…
پەلکەزێڕینە، لەسەر ملی مامزی داماو دەرکەوتبوو!.

-٢٩-
لە چەمەنزارەکەی بۆکێ،’٤٠’ بە دوای پوونگ و نەعنادا دەگەڕام.
تا چاو بڕی کرد، تێر سروشت بووم.
خانۆچکەیەک، لەوبەرەوە هەبوو: بە دار دروستکرابوو.
ئەو ماڵەی وێ: لە نێو تەشتە فافۆنیكدا خۆیان دەشرد.
تەنافیشیان، چەند دار دولکێکی گەورە بوو،
ڕێک هاتەوە یادم، وەختی خۆی، بە دانەیەکی بچووک:
سەری زۆربەی منداڵانی نێو گەڕەکەکەمان، پێ شکاندبوو!.

-٣٠-
بە چەنگێکی ماندایی،’٤١’ لە ناوچە خێڵەکییەکەی کاسەمێنسدا:’٤٢’
ڕۆچووبوومە نێو قووڵایی ڕۆحی مۆسیقا.
بە نێو دارستان و دێهاتی وێدا ڕۆیشتم.
ئەو خەڵکەی وێ: هەمووی نقوم ببوون لە ڕۆحدا.
وەک نەدیوبدییەک، جار جار، پەنجەکانم ماچ دەکردن:
کە چەنگی وێشم، وە ڕۆح هێنا!.

-٣١-
بە دونیابینینێکی دییەوە:
وەک هۆزی بۆزۆ،’٤٣’ چوومە نێو ڕۆحی دیینەوە.
هەندێک جار: وەک ئیسلامێکی سۆفیگەریی و،
هەندێک جاریش: وەک ڕۆحگەرایی دەجوڵامەوە.
جوانتر لەوە: ئەو پەڕەسێلکانەی وێ:
کەنەفتی ڕەنگییان دەکێشایەوە!.

-٣٢-
بۆ ماوەیەک، هاموشۆی نێجەر و چادم دەکرد:
بۆ وەی قوڕی باشم وە چنگ بکەوێت، کاری پەیکەرتاشی بکەم.
دوایی ملم لێنا بەرەو دارفوور، سەرقاڵ بووم بە پەیکەرتاشی و لەوێ گیرسامەوە.
لەو غەریبییەدا، دڵتەنگی وەهای لێ کردبووم:
لە پڕ کچێک، بە بەردەممدا تێپەڕی.
منیش، ئەم گۆرانییەم بە تێکەڵی بەسەر دەممدا هات:
“فاتیمە دوو چاوی مەستیت، پڕ لە غەریبیت، جوانییە.
بەژن و باڵات ئەفریقییە، هیچ فڕی بە سۆدانەوە نییە.” ‘٤٤’
کە گوێی لەم گۆرانییە بوو، گەڕایەوە و گوتی:
منیش ئەو کیژەم، دەک بەخێربێیت، کوڕە ڕۆژهەڵاتییەکە!.

-٣٣-
ناپەڕێمەوە بۆ: شەرم شێخ، جا چی شتێکم لەسەر نەبیستووە.
بەرپرسی کوردی وەهای بۆ چووە، بۆ تەڕە گان هەفتەیەکی پێ چووە.
لە بەردەم هەڕەمەکان، حزوورخوایی دەهێنمەوە.
نە خەونی یوسف دەگێڕمەوە،
نە وەک گەشتیار، بە ڕووباری نیلدا دەسووڕێمەوە.
تەنیا بۆ وە دەچم، هونەری بیناکاریی، بنووسمەوە!.

-٣٤-
بەسەر پشتی وشترێکەوە: ڕۆیشتم بە نێو خاکی لیبیا و توونس و جەزائیردا.
هیچ حیکایەتێکم نەنووسییەوە.
دەمزانی وەک خۆڵی وێ: با دەمبات و نامهێنێتەوە!.

-٣٥-
بە گەرووی جەبەل تاریقدا ناپەڕێمەوە.
لە مەغریبەوە، بە چەشنی مۆدێرنە:
بە بیابانی ڕۆژاوادا’٤٥’ دەسووڕێمەوە.
بە قوڕگێکی وشک و، چاوی ڕۆشنمەوە:
بە تەنیا، لە دەرەوەی یەکێتیی ئەفریقا، دەمێنمەوە!.
یان وەک بەربەرییەک، تاتۆیەک لە نێوان هەردوو برۆمدا دەکەم:
بۆ وەی بە ئاڵای نەتەوەکەم، بمناسنەوە!.

-٣٦-
وەختی بەرەبایانی زوو،
فریزوو، بە ئاونگ دەستنوێژی هەڵگرتبوو.
منیش، چوومە مزگەوتی نەوازیبۆو،’٤٦’ بۆ دوو ڕکات نوێژی بەیانیی،
کە هاتمە دەر، وەک لای خۆمان، جووتە پێڵاوەکەم دزرا بوو!.

-٣٧-
لە دوایین سەفەرمدا، لە: پرایا،’٤٧’ یاپراغم بە ویستی خۆم پێچایەوە.
لە چینی بنەوە: ماسییەکی بەندەریم ڕاخست، کەمێ ترشم پێ کرد.
چینی دووەم: لۆبیا، نەختێك دۆشاوی تەماتەم بەسەردا کرد.
لە بری: گەڵامێو، پەلکەگیای توورم هێنا:
لە جیاتی: برنجیش، ساوەرم بۆ خووساند و دە نێو وێم کرد.
کۆتا چینیش… مێشکی قڕژاڵم، بەسەردا ڕۆکرد.
ئیدی بە تامی خواردنەوە: ماڵاواییم، لە قاڕەی ئەفریقا کرد!.

——————————————————————-
” ١ / ٧ / ٢٠١٦ – ١٥/ ٨ / ٢٠١٦” قەڵادزێ

تێچنین: لە ژوورێکی ٣ بە ٤م، نووسراوە. بۆهیچ وڵاتێکی ئەفریقا نەچووم.

———————————————————————-

فەرهەنگۆک:-
—————————————-
‘١’. عەفاری و سۆماڵی: پێشتر خەڵکی جیبۆتی، بەو دوو زمانە ئاخاوتنیان کردووە، کە ئەم دوو زمانە، سەر بە هەردوو نەتەوەی عەفاریی و سۆماڵیین.
‘٢’. تیگرینی: زمانی نەتەوەی تیگرینیایە و، زمانێکە لە بنەماڵەی زمانە سامییەکان. لە ئێریتریا و ئەسیوپیا، قسەی پێ دەکرێت. یەکێکیشە لە زمانە فەرمییەکانی ئێریتریا.
‘ ٣’. گەعز: ڕێنووسێکی کۆنە و، بۆ زمانەکانی گەعزی و ئەمهەری و تیگرینی وەکار دێت.
‘٤’. مۆگادیشۆ: پایتەختی وڵاتی “سۆماڵیا”یە.
‘٥’. مۆمباسا: دووەمین شاری پڕ دانیشتوانی کینیایە. نێوەندی شاری پیشەسازیی و گەشتیارییە. بەسەر زەریای هینددا دەڕوانێت.
‘٦’. ئامینە کینیایی: پێشکەشکاری بەرنامەیەکی هونەرییە، تایبەت بە گۆرانی و مۆسیقا. لە: کینیا.
‘٧’. کلیمانجاڕۆ: بەرزترین لوتکەی شاخی ئەفریقایە. دەکەوێتە وڵاتی تانزانیا و، ئەو شاخەش، سنووری نێوان وڵاتی کینیا و تانزانیایە. کە بەرزییەکەی دەگاتە: ٥٨٩٥م.
‘٨’. مائوو مائوو: شۆڕشێکی چەکداری بوو، لە نێوان بەریتانیا و کینیا. لە ساڵانی (١٩٥٢-١٩٦٠). لەو شەڕەدا: نزیکەی: ١٢ هەزار کەس کوژرا. لە: ١٢/١٢/ ١٩٦٣ کینیا سەربەخۆیی وەرگرت لە بەریتانیا.
‘٩’. ماسای: ماسای یان ماسایی، دەستەیەکن لە خەڵکی دانیشتووی قاڕەی ئەفریقا، کە لە کینیا و باکووری تانزانیا دەژین. خەڵکی ماسای بە زمانی “ما” قسە دەکەن. لە ئێستادا: ١،٥٠٠،٠٠٠ کەس زیاترن. ماساییەکان زۆرتر بە ھۆی شێوازی تایبەتی جل و بەرگ و چاندەکەیانەوە ناسراون.
‘١٠’. زەنگبار و تانگانیکا: پێشتر، دوو وڵات بوون و، لە سالی ١٩٦٤ یەکیان گرت و، کۆماری تانزانیایان پێکهێنا.
‘١١’. دادا و کاکا: بە زمانی سەواحیلی، کە زمانی فەرمی تانزانیایە. واتە: خوشکێ/ دادە و، کاکە، کە لە زمانە ئێرانییەکانەوە وەرگیراوە.
‘١٢’. ڤیکتۆریا: مەبەست لە پایتەختی وڵاتی “سیشێل”ە. لە باکووری ڕۆژهەلاتی دوورگەی “ماهێ” هەڵکەوتووە، لە نێو زەریای هینددا.
‘١٣’. پۆرت لۆئیس: پایتەختی وڵاتی “مۆریس”ە. لە نێو زەریای هینددا.
‘١٤’. ئەنتانانایریڤۆ: پایتەختی وڵاتی “ماداگاسکار”ە. لە نێو زەریای هینددا.
‘١٥’. ژان-ژوزێف ڕابیاریڤیلۆ: شاعیرێکی ماداگاسکاری بووە. لە: ٤/٣/١٩٠١ لە ئەنتانانایریڤۆ، لەدایکبووە و، لە: ٢٣ /٦/١٩٣٧ ماڵاوایی کردووە و، لە هەمان شار، بە خاک سپێردراوە.
‘١٦’. مۆرۆنی: پایتەختی وڵاتی “دوورگەکانی قەمەڕ”ە، یان “کۆمۆرۆس”.
‘١٧’. هەرارێ: پایتەختی وڵاتی “زیمبابوی”یە.
‘١٨’. گابۆرۆن: پایتەختی وڵاتی “بۆتسوانا”یە.
‘١٩’. کیمبیرلی: ناوچەیەکە، دەکەوێتە وڵاتی ئەفریقای باشوور.
‘٢٠’. لیسۆتۆ/ لیسووتوو: وڵاتێکی شانیشینییە. لە نێو وڵاتی ئەفریقای باشووردایە.
‘٢١’. کابیندا: ناوچەیەکی دابڕاوە و، سەر بە “ئەنگۆلا”یە. لە نێوان: “کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ و کۆماری کۆنگۆ”دایە. بەسەر زەریای ئەتڵەسیدا دەڕوانێت.
‘٢٢’. سائوتۆمێ: پایتەختی وڵاتی “سائۆتۆمێ و پرینسیپی”یە. وڵاتێکی دوو دوورگەییە. کە نێوی وڵاتەکەش ئەو دوو دوورگەیە. لە نیو زەریای ئەتڵەسدایە.
‘٢٣’. کینشاسا. پایتەختی وڵاتی “کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ”یە.
‘٢٤’. تووا: گەلێکی کەمینەن، لە: ئۆگەندا و ڕواندا و بۆروندی، دەژین. قوربانی دەستی هوتوو وتوتسییەکانن.
‘٢٥’. هوتوو و توتسی: دوو گەلی جیاوازن. لە ڕواندا: هوتووەکان، زۆرینەن و، لە ساڵی ١٩٩٤ هەوڵی لە نێوبردنی توتسییەکانیان دا. هەروەها، لە بۆروندی: توتسییەکان، زۆرینەن و، ئەوانیش، لە ساڵی ١٩٧٢ هەوڵی لە نێوبردنی هوتووەکانیان دا.
‘٢٥’. بولاگۆ: دوورگەیەکە، لە نێو زرێچەی ڤیکتۆریا. بەشی وڵاتی ئۆگەندا. کە ئەم زرێچەیە، دەکەوێتە نێوان: تانزانیا و کینیا و ئۆگەندا.
‘٢٧’. نگانگالا: گوندێکە، لە خوار جوبای پایتەختی “سۆدانی باشوور.”
‘٢٨’. بانگوئی: پایتەختی “کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست”ە.
‘٢٩’. ڕیبیکا ماسیکا کاتسوڤا: لە: ٢٦/٥/١٩٦٦ لە کۆماری کۆنگۆ لەدایک بووە و، کە بە دایکە “ماسیکا” ناسراو بوو. ئەو خۆشی یەکێک بووە لە قوربانییەکان. لە: ١٩٨٨ دەستدرێژی کراوەتە سەری و پیاوەکەیان بە بەرچیاوییەوە کوشتووە. لە: ٢/٢/٢٠١٦ ماڵاوایی کردووە.
‘٣٠’. فانگ: زمانێکە سەر بە خێزانی “نێجر- کۆنگۆیی”، لە زمانەکانی بانتۆ. نەتەوەیەکیشن، لە: وڵاتانی: “گابۆن و کۆماری کۆنگۆ و گینێی ئیستوایی و سائۆتۆمێ و پرنیسپی و کامیرۆن” دەژین. زیاتر لە ملیۆنێک کەس، بەو زمانە قسە دەکەن. کە زمانی فەرمی “گینێی ئیستوایی”یە، لە پاڵ ئیسپانی و پورتوگالی. هەروەها، وشەی “واکا واکا”، کە شاکیرا، بە گۆرانی گوتوویەتی: سەر بەو زمانەیە.
‘٣١’. باتا: شارێکی گەشتیاریی وڵاتی “گینێی ئیستوایی”یە، بەسەر زەریای ئەتڵەسدا دەڕوانێ.
‘٣٢’. مارۆوا: شارۆچکەیەکە، لە نێو وڵاتی “کامیروون”دا.
‘٣٣’. چینوا: ئالبێرت چینوالومۆگو ئاچەپێ، شاعیر و ڕۆماننووسی نێجریا و باوکی ئەدەبیاتی ئەفریقا. لە: ١٦/١١/١٩٣٩ لە نێجریا، لە دایکبووە و، لە ٢١/٣/٢٠١٣ لە ئەمریکا، ماڵاوایی کردووە. کتێبەکەی، بە نێوی: “هەموو شتێک لێک دەترازێت” کە ساڵی ١٩٥٨ بە چاپ گەیشتووە.
‘٣٤’. ئیدریس دێبی: لەدایکبووی ١٩٥٢یە. سەرۆک کۆماری وڵاتی “چاد”ە، لە ساڵی ١٩٩٠ تاکوو ئێستا.
‘٣٥’. بێنین و بورکیا فاسۆ و نێجەر: سێ وڵاتی دراوسێن، دەکەونە بەشی ڕۆژاوای ئەفریقا.
‘٣٦’. لۆمێ: پایتەختی وڵاتی “تۆگۆ”یە و، دراوسێی وڵاتی”گانا”یە.
‘٣٧’. سان پێدرۆ: شارۆچکەیەکە، لە وڵاتی “کۆتدیڤوار”، کە بەسەر زەریای ئەتڵەسیدا دەڕوانێت.
‘٣٨’. بووچانان: شارۆچکەیەکە، لە وڵاتی “لیبێریا”، دەکەوێتە سەر زەریای ئەتڵەسی.
‘٣٩’. فریتاون/ فری تاون: پایتەختی وڵاتی “سیڕالیۆن”ە.
‘٤٠’. بۆکێ: شارێکە لە ڕۆژاوای “گینیا”.نەتەوەتەیەکیشن، کە لە ڕۆژاوای گینینا و، هەندێکیشی لە “سێنیگال و گینێ بیساو”دا، دەژین.
‘٤١’. ماندایی: گرووپێکی نەتەوەییە، لە ڕۆژاوای ئەفریقا، نزیکەی ١١ ملیۆن کەسن. کە لەم ولاتانەدا هەن: گامبیا، گینیا، مالی، سیڕالیۆن، کۆتدیڤوار، سێنیگال، بورکینا فاسۆ، لیبێریا، گینێ بیساو، نێجەر و مۆریتانیا.
‘٤٢’. کاسەمێنس: ئەو ناوچەیەیە، کە دەکەوێتە نێوان: ” گامبیا و سێنیگال و گینێ بیساو.”
‘٤٣’. بۆزۆ: گرووپێکی نەتەوەیین. زمانی قسەکردنیان بۆزۆیە. کە زیاتر لە: “٢٣٠ هەزار” کەس، قسەی پێ دەکەن. لە وڵاتی “مالی” دەژین. بەشێکی کەمیش، لە: نێجەر.
‘٤٤’. دوو نیوە دێری شیعری “ست فاتیمە”ی، ‘ئەحمەد هەردی”یە. بە دەستکاری و داڕشتنەوە.
‘٤٥’. بیابانی ڕۆژاوا: وڵاتی “سەحرای ڕۆژاوا”یە.
‘٤٦’. نەوازیبۆو: مزگەوتی شاری “نەوازیبۆو”یە. لە وڵاتی “مۆریتانیا.”
‘٤٧’. پرایا: پایتەختی وڵاتی “کەیپ ڤەرد”ە. لە نێو زەریای ئەتڵەسدایە.

Previous
Next
Kurdish