Skip to Content

لە وەتی تۆم ناسیوە … قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

لە وەتی تۆم ناسیوە … قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ته‌مموز 23, 2020 General, Poems

لەوەتی تۆم ناسیوە
هەناسەکانم گووڵ دەگرن
رۆحم بە ئاوی عەشقت پیرۆز بووە
چاوەکانم بوون بە تیشکی رووناکی و
شەوەزەنگیان کردووم بە چراخان
لەوەتی تۆم ناسیوە
ژاوەژاوەکەی ناو رۆحم ئارام بۆتەوە
کانی شیعرم تەقیوە و
باڵام هەر رۆژەی چەپکە نێرگزێک دەگرێ
زمانم تەڕ و پاراوتر بووە
جەستەم بە ئاوی لەززەت تەعمید بووە
لەوەتی تۆم ناسیوە
دڵم بووە بە مەملەکەتی شادی
وتەکانم بوون بە گوڵاوی باڵای تۆ
هەستەکانم ئاورینگیان لێ دەبارێ
باڵم گرتووە بەرەو قووڵایی چارەنووست
لەوەتی تۆم ناسیوە
نقومی مەستی و شەراب بووم
مەستم بە نیگای سپی باوت و
مەستم بە شەرابی چاوت
مەستم بە زەردەخەنەی نەرمت
مەستم بە شەرابی لەشت
لەوەتی تۆم ناسیوە
خۆر لێم ئاوا نابێت
مانگ هەمیشە یاوەرمە
خەون بە لەززەتی شیعرێکەوە ئەبینم
کە مەمک و سنگی تۆی تیا باس کرابێ
لەوەتی تۆم ناسیوە
گەرمایی لەشت جەستەی ساردمی گرتۆتەوە
گەرمایی ئەشقت سەهۆڵبەندانی رۆحمی تواندەوە
نیگای جادووییت دەمخاتە سەر لێواری خۆشی
رۆژانی تەنهاییم لێدەکاتە خەونێکی دوور
لەوەتی تۆم ناسیوە
بۆ کوێ بڕۆم رۆحی پەروانەت لەگەڵمایە
بۆ کوێ بێم جوانی تۆ هەر بەتەنیشتمەوەیە
وەک کۆترێکی سپی دێیتە ناو ماڵی بێکەسیمەوە
وەک کوکوختییەک هێلانە لە بەرزایی رۆحما چێ دەکەی
لەوەتی تۆم ناسیوە
بە ئاوی چێژ و شەرابی لێوت خۆم دەشۆم
لە چاوەکانتا وەک پاپۆڕێکی تێکشکاو لەنگەر دەگرم
وەک سەدەفێک لە دەریای حەزەکانتا نغرۆ بووم
بە هەوای هەناسەت نەفەسی ژیان دەدەم
لەوەتی تۆم ناسیوە
وەک ونبوویەک خۆم لە تۆدا دۆزییەوە
وەک چرۆیەک لە باخی تۆدا شین بوومەوە
بە چەشنی پەروانە بەرەو رووناکی تۆ دێم
بەو سووتانە دەژیم لە ئەشقی تۆوە چنگم دەکەوێ
لەوەتی تۆم ناسیوە
خوێنم بووە بە تۆ و رەنگی تۆی گرتووە
ئاشنای ماڵی پاسارییەکان و
رەنگی سەوزی ژیان بووم
لەوەتی تۆم ناسیوە
من هیچم نەماوەتەوە بۆ خۆم
هەموو شتێکم بووە بە هی تۆ
تەنانەت ناوی خۆم لێ ون بووە
سەرلەنوێ ناوم بنێرەوە
لەوەتی تۆم ناسیوە
هەموو شتێکم بووە بە تۆ
تۆش بووی بە هەموو شتێکی من
لەوەتی تۆم ناسیوە…..

Previous
Next
Kurdish