Skip to Content

پێنج تابلۆ شیعر … کاوە عوسمان عومەر

پێنج تابلۆ شیعر … کاوە عوسمان عومەر

Closed
by ته‌مموز 23, 2020 General, Poems

تابلۆ شیعری یەکەم
( فڕۆکە وونەکانی شەو )

فڕۆکەکان مرۆڤی تەرەن،،
پەرشو و بڵاون،،،
لە نێو ئاسمان،،
لەسەر زەمین…
کاتیش نەشەوە و نە ڕۆژ،
تێکەڵیکە لە هەردوکیان،
تۆزێکیش….
نمە ی دوەم پایزی ئەمساڵ،،،
شەماڵیکی تەزیو…
وەک نووکە دەرزی…
ئەچێتە نێو مولوولەی خوێن،،،
ڕێبوارە نامۆکان،،
دەموچاوە بێزارەکان،،،
ماسکە مرۆڤە خەمگینەکان،،،
فڕۆکەکان نەهەنگی مەزنن،،
کەوتوون لە مەیدانی پان و بەرین،،
وەک تاشە بەرد، وەک مەلی پیر،،
باڵی ماندوو، لاشە شەکەت،،
لەولاش ڕێرەوی تاریک،،
دەروازەی دوور،،
ڕیزێک مرۆڤی هەمیشە ماندوو،،
وەک کۆچەرانی ڕێڕەوی دۆزەخ ،،
زۆرێک ڕێبواری بێ لانەو حاڵ،،
پەلەیانە بۆ گەشتن،،
بە شاری دوور،،
بۆ چوونەوە..
بۆ خانووی سارد،،،
بۆ ژووری بەتاڵ،،
جێهێشتنی دڵی ماندوو،،
لەو دیو سنوور،،
هەندێک ڕێبوار ..
تاقەتیان چوو ،،،
لە هاتن و چوون ،،
لە نێوان بوون و نەبوون،،
لە بڕینی سەدان زەریاو…
ڕاکێشانی هێڵ بە جەستە،،
بە ئاسمانێکی چۆڵ و…
سامناک و مردوو،،
ڕێبوارە زۆرەکانی تەرمیناڵ،،،
سەرمابردوو….
دێن و ئەڕۆن،،،
بە ناچاری هانا دێنن …
بۆ کچە کارگەری داروازەیەک ،،،
چاوانی کز،،
ڕوخساری کاڵ،،،
وەک زەردەی پایز…
لە هەست بەتاڵ،،
ڕێبوارەکان بەڕیز وەستان،،
جانتای شانیان…
پڕ کردوە لە خەمی قووڵ،،،
لە یادەوەری…
ڕۆژانێکی زوو تێپەڕبوو ،،،
شادیەکی کەمیش …
بۆ ڕۆشتنێک ،،،
بۆ جێ هێشتنی شوێنێکی کۆنبوو،،
بەرەو ماڵێ لە ڕابردوو،،،
بۆ کۆچێک بەرەو…
شوێنێکی نەناسراو…
وەک شاگەشکەی..
منداڵی هەڵخەڵەتاو…
بۆ تۆزێک ڕوناکی خەفەبوو،،،
یان خەونێکی کورتی ئێوارانە…
بە فیردەوسێکی پەیماندراوی…
هەرگیز بەدی نەهاتوو،،
ڕێبوارە زۆرە خەواڵوەکان…
وەک هێڵێکی دوورلە مێروو ،،،
لە دەروازەی فڕۆکەکان،،،
نە سەریان دیارە،،،
نە هەنگاوە تێکەڵ و پێکەڵەکان…
جەستەیان بوەتە..
ڕێگای پپێچاو پێچێ…
لە نێو تۆپەڵە دەزووی تێکپژاو،،،
هەر ڕێبوارێک بێ چارەیە،،
لە خودی خۆی، لە خودی ئەو،،،
لە ژیان ،لە کاتی بەسەرچوو،،،
لە ئەڤینێک…
ئەمرۆ یان سبەی،،
بە کۆتایی ئەچێ،،،
هەر ڕێبوارێ…
بەرەو شارێک..
لە خەم ئەڕوا،،،
فڕۆکەکانیش هاکا…
لە چەند ڕۆحێک پڕ کرا،،،
برانە نێو ئەو هەورانەی..
لە دوورەوە،،
لە ڕاست ئەچێ،،،
بەڵام وەک خەو دێن و ئەچێ..

تابلۆ شیعری دوەم
( نغرۆبوونی شارێک )

لە هەر شارێکا،،،
ئەمبینیتەوە،،
هەمان برین ،،
هەمان ڕۆحپژان،،،
هەمان وونبوون…
هەمان گووڵی ڕەشی…
بیرەوەری ئەو هاوڕێیانەی …
زۆر بەهێمنی،،
لەگەڵ تۆفانی جەنگەکانا،،،
ڕوخسارمان لێ ونبوون،،،
دەزانم هەموان خەوتوون،،
وەک خەوی خاڵخاڵۆکەیەک،،
دوای باران،،،
یان خەوی..
ئەو چنارانەی….
لە بیرکردنی هاتنی مانگا…
چەمێک سزای..
نەبەخشینی چۆڕێ ئاوی دان.

تابلۆ شیعری سێیەم
( پەڕتووکی شەوەکان )

شەوەکانیش بوونە چەند بەش،،،
لە پەرتوکێک،،
هەبوو هەرزوو،،
جەستەی خۆی کردە…
چارۆکەی کەشتیەکی ئاڵتوونین،،
تا منداڵە بێ چاوەکانی وڵات ،،
لەم بەری ئافات…
بۆ ئەوبەری بەرائەت ..
بەرنەوە،،
هەندێک شەوی تر، ،،
ڕەنگە درەنگ ، یان زووتر،،
ئەمانخەنە سەر گالیسکەی مەرگ،،
بێ بینەوەی تەنها…
شەونمێکی فیردەوسی…
ئەوسای ئەڤین.

تابلۆ شیعری چوارەم
( تاسەی نەبینینەوەت )

کە ڕۆشتم وەک ڕاسپاردە،،
هەموو شەقام و کۆڵانەکان،،
لەسەر دەستی نهێنی تۆ دائەنێم،،،
بە لقی دارە وشکبوەکان،،،
ئەنوسم، مێژووی بەردبوونی…
نیگای پەنجەرەیەکی شکاو،،
ئەکێشم، بە فڵچەی چاو،،
پۆرترەیتی گۆزەیەک…
لە حەزی جێماو ،،
ویستێکی بینینەوەش،،
ئەکەمە شاکاری کۆچی ..
پۆلە کۆتری سپی ئەو.

تابلۆ شیعری پێنجەم
( نامەکان بە زریانی تۆدا ئەنێرم )

بۆ هەر نەهاتنێکت،،،
هەر نەبینینێکت،،،
لە پەنجەرەکەوە نامەیەک …
لە نێو شوشەیەکی شین،،،
ئەخەمە ئەودیو باخچە تینوەکە،،،
بە نمە بارانت،،
باش ئەزانم ،،
لە ساڵانی وووشک و قاتو قڕیدا…
نە شەپۆلی زەریا هەیە،،
نە کڕێوەی ئۆقیانوس..
تا نامەی نێو بوتڵە شینەکان،،
لە شەوێکی ئەنگوستەچاو،،،
بهێنێتە لات …
بەڵام خۆ تۆ خۆت لافاوی،،،
دوای بەهارێکی…
ووشک وزڕی بێئاو،،
کە هاژەت کرد،،،
بوتڵە نامە شینەکانیش…
لێرەوە ئەبەی،،،
نامە نەکراوەکان،،،
یەک لەدوای یەک،،،
هدی هێدی ،،،،
بە سەر هەموو دورخە…
دوورەکانی ژوان،،،
ئەبارێنی.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish