Skip to Content

ئایا داعش کۆتایى هاتووە؟ … نوسينى: م. ڕاستى ڕه‌سول

ئایا داعش کۆتایى هاتووە؟ … نوسينى: م. ڕاستى ڕه‌سول

Closed
by ته‌مموز 23, 2020 General, Opinion

داعش یەکێک لە مەترسیدارترین گروپە توندڕەوەکانی سەدەی بیست و یەکە، ئەم گروپە لەسەر بنچینەی تێکەڵەیەک لە بیرۆکە توندەکانی ئاینی ئیسلام، هەروەها ڕەگەزپەرستی کۆنی عەرەبی ناتەندروستى بيابان بونیاد نرا، کە هاوشێوەی لەمێژوو و لە ئێستاشدا کەم بوو، سەرەتای دروستبوونی گروپە تووندڕەوە ئیسلامیەکان دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی وەهابیەکان لە سعودیە بە سەرکردایەتی محمد کوڕی عەبدولوەهاب (1700-1792)ز، و هەروەها دروستبوونی ئیخوان لە میسر بەسەرکردایەتی حەسەن بەنا و سەید قوتب، هەر لەسەرەتای دروستبوونی ئیخوان چەندین کەسایەتی لە میسر تیرۆر کران، وەکو سەرۆکی میسر ئەنوەر سادات(کە بە پیاوى ئاشتى نێوان ئيسرائيل و عەرەب ناودەبرا)، و چەندین کەسایەتى تريش، کە ئەمەش بووە سەرەتایەکی بەهێز و مەترسیدار بۆ گرووپە ئایینیە توندڕەوەکان، دواتر ئەم گروپانە هاوشێوەیان هەم لە نیوەدورگەی عەرەبی و هەم لە ووڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی زیاد بوون، کە بووە هۆی گەشەکردنى بیرۆکەی توندڕەوی ئايينى، و ئارەزووی گرتنە دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی لەو ووڵاتانە، بەجۆرێک تاکو ئێستاش بەشێک لەم ووڵاتانە بەدەست ئەم هەژموونە توندڕەویەوە گیرۆدەبوون، و ناتوانن ئەو گروپە توندڕەوە ئاینیانە لەناو ببەن.
(جاک شیراک) سەرۆکی پێشووتری فەڕەنسا پێی وابوو دیارترین هۆکاری سەرهەڵدان و گەشەکردنی گروپە توندڕەوەكان هەژارى یە، و چەندین هۆکاری تریش هەیە لە ووڵاتە ئيسلاميەکان وەکو دواکەوتوویی و نەخوێندەواری و بێکاری و پێنەگەیشتنی ئەقڵی ئاینی، ئەگینا تێکەڵکردنی بەها ئاینیە پیرۆزەکان لەگەڵ ئارەزووی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی دوو بنەمای لێک جیاوازن، چونکە بەها ئاینییە پیرۆزەکان، و بەکارهێنانیان وەکو ئامراز بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازى کارێکی نەگونجاوە، تەنانەت لە لایەن خودى ئاینە ئاسمانیەکانيش بەکارێکى شیاو هەژمار ناکرێت، چونکە ئاین پەیوەندى یەکى گیانیە نەک مادى و بەرجەستە.
ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە شام و عێڕاق(داعش) سەرەتای دروستبوونیان دەگەڕێتەوە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری عێڕاق – سەدام حوسێن – لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە لە ساڵى ٢٠٠٣، و دوای لە ناوبردنی حیزبی بەعس کە سەدام سەرکردایەتی دەکرد لە عێڕاق، بەشێکی زۆر لە بەعسیە سیاسی و سەربازی و کارگێڕیەکانیان چوونە ناو ئەو گرووپە ئیسلامیە توندڕەوانەوە، کە لەدژی ئەمریکا و هەوپەیمانەکانیان دروست بوون، و دەجەنگان، سەرەتا بەناوی گروپی – تەوحید و جیهاد – بەسەرکردایەتی – ئەبوموسعەب زەڕقاوی – لە عێڕاق دروست بوون، کە لقێکی ڕێکخراوی قاعیدە بوون، و دواتر ناوی لێنرا قاعیدەی جیهاد لە ووڵاتی ڕافیدەین، کە ئەبومەسعەب تاکو کوشتنی لە ساڵی ۲۰۰٦ لە لایەن ئەمریکاوە سەرکردایەتی دەکرد، و چەندین شەڕ و تەقینەوەیان دژی ئەمریکیەکان و خەڵکی سیڤیل ئەنجامدا، کە بەشێکی زۆری سەرکردە کۆنەکانی بەعس چوونە ناو ئەم ڕێکخراوە وەکو پێشتر ئاماژەمان پێکرد.
دواتر داعش لە سەرەتاى ساڵى ٢٠١٤ دامەزرا بەسەرکردایەتى – ئەبوبەکر بەغدادى – و پاڵپشتى مادى و سەربازى کرا لە لایەن هەندێک لە ووڵاتە عەرەبیەکانى وەکو قەتەر، و ووڵاتانى ئیسلامى وەکو تورکیا، و کارئاسانیان بۆ کرا بۆ ئەوەى بچنە ناو سوریا لە تورکیاوە، بە تایبەتى ئەو جیهادیانەى کە لە ئەوروپا دەگەڕانەوە بۆ سوریا، سەرەتا داعش توانى چەندین ناوچە لە سوریا داگیر بکات، و پاشان موسڵ و ئەنبار و تکریتیشى لە عێڕاق داگیر کرد و لە بەغدادیش نزیک بوونەوە، دواتر هێرشیان کردە سەر باشورى کوردستان، و هێرشێکى توندیان کردە سەر شەنگال و کەرکوک و خانەقین وهەولێر پایتەختى هەرێمى کوردستان، داعش لە کوردستان ڕووبەڕووى بەرگرییەکى کەم وێنە بووەوە، سەرەتا توانیان چەند ناوچەیەک داگیر بکەن، وەکو شەنگال کە کوردە یەزیدیەکانى لێ دەژیان، و ئەوەى گیرا لە یەزیدیەکان، پیاو و گەنجەکانیان گولەباران کران، و کچ و ژنەکانیشان كردن بە کەنیزە و کۆیلەى خۆیان، تەنانەت و کڕین و فرۆشتنيشیان پێوە کردن، تاکو ئێستاش بەشێکیان بێسەر و شوێنن، بەڵام دواتر هێزى پێشمەرگەى کوردستان بە هاوکارى فڕۆکەكانى هێزەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بە سەرکردایەتى ئەمریکا ڕووبەڕووى داعش بوونەوە، و توانیان تێکى بشکێنن، لەم شەڕانەدا نزیکەى ١٥٠٠ پێشمەرگە شەهید بوون، و بەشێکى زۆرتريشیان بریندار و کەم ئەندام بوون، و هەندێکیشیان وەکو دیل کەوتنە دەست داعش، کە بەشێکیان بەداخەوە سەربڕدران، هەروەها لە رۆژئاواى کوردستان هێزەکانى سوریاى دیموکرات بە هاوکارى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەسەرکردایەتى ئەمریکا توانیان زۆرینەى ناوچەکانى داگیرکراوى داعش ئازاد بکەن، بە پایتەختەکەشیانەوە کە ڕەقە بوو، و هەموو جیهان بۆى دەرکەوت کە ئەگەر هێزە کوردیەکان نەبوونایە لە سوریا و لە عێڕاق داعش بەو ئاسانییە لە ناو نەدەچوو، بەڵام دواتر ئەمریکا هێزەکانى لە سوریا بۆ ماوەیەک کێشایەوە، و ئەمەش تورکیاى هاندا تاکو هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوا، و تڕەمپ سەرۆکى ئەمریکا لە ئۆکتۆبەرى ساڵى ٢٠١٩ ڕایگەیاند کە – ئەبوبەکر بەغدادى – سەرکردەى داعشیان لە گوندێکى سوریا لە نزیک توركیا بەهاوکارى هەواڵگرى کوردەکان کوشتووە، دواتر لە پەڕەى تایبەتى خۆى سەبارەت بە جێگرەوەى بەغدادى ڕایگەیاند کە داعش سەکردەیەکى نوێى دیاریکردووە، و ئێمە بەووردى دەزانین کێیە، پێشتر تڕەمپ ساڵى ٢٠١٨ ڕایگەیاندبوو کە ئەرکى ئەوان لە سوریا کۆتایى هاتووە، و هێزەکانیان لە سوریا دەکشێننەوە، بەڵام بە هۆى فشارى ئیدارەکەى ناچار بوو هێزەکانى بهێڵێتەوە، کە زۆربەى چاودێران پێیان وابوو تڕەمپ لەگەڵ ئەردۆغان ڕیکەووتووە بکشێتەوە، تاکو تورکیا هێرش بکاتە سەر کوردەکان لە باکورى سوریا.
بەڵام ڕاگەیاندنى لەناوبردنى داعش نەبووە هۆى بە تەواوەتى لەناوچوونى، بەڵکو دواتر داعش سەرى هەڵدایەوە، و لە عێراق لە نزیک کەرکوک و ڕیزە چیاى حەمرین دەرکەوتنەوە، ئەو ڕاگەیاندنەى تڕەمپ تەنها بۆ ڕازیکردنى ئیدارەکەى بوو لە لایەک، تاکو قایلیان بکات هێزەکانى لە سوریا بکشێنیتەوە، لە لایەکى تریشەوە تا ئەردۆغان لە خۆى ڕازى بکات و دەستکراوەى بکات هێرش بکاتە سەر کوردەکان لە سوریا، بەڵام دواتر بە فشارى ئیدارەکەى تڕەمپ ئەمریکا هێزەکانى لە سوریا هێشتەوە.
لەم دوایانەدا چەندین جار داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان هێرشى کردۆتە سەر گوندە کوردەکان، و چەندین هاوڵاتى بێتاوانى ئەو ناوچانەیان شەهید کردووە، بۆ ئەم هێرشانە داعش پشتى بەستووە بەو کەسانەى پێشتر بەعسى بوون، یاخود لایەنگر و دۆستیان بوون لە سەردەمى داعش، ئێستاش خۆیان خزاندۆتە ناو هێزە چەکدارەکانى حەشدى شەعبى، و هەروەها بەشێکیشیان ئەو چەکدارانەن کە لە سوریا گەڕاونەتەوە، هەر ئەم گروپانە چەندین کردەوەى کوشتن و تەقینەوەیان لە ناوچە عەرەبنشینەکانیش ئەنجامداوە، تاکو ئێستاش هەڕەشەى داعش لە ناونەچووە.

نوسينى/ م.ڕاستى ڕه‌سول / ڕانیه‌

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish