Skip to Content

بـەیــادی ئیبــۆ شـێـت … بۆتان لەتیف ماویلی

بـەیــادی ئیبــۆ شـێـت … بۆتان لەتیف ماویلی

Closed
by كانونی دووه‌م 7, 2017 General, Poems

ئیبۆ گیان
لەو ڕۆژەی ڕا تۆم دیت
پشتت وەدینگەی مزگەوتێ دابوو
لەو ڕۆژەی ڕا
لەپێش بێرایی مزگەوتێ
لەگەڵ منداڵانی گوندی بەدەورتا هەڵدەپەڕین؛ ئیبۆ شێت!..
دەزانم عەقڵ درۆزنە..
ژیری بێباکە!
ئای ئیبۆ گیان..
ئای لەشێتی وئای لەتۆو
ئای لەو پشتەدەستەی مام کەریم !..
وجود شێت و (کانت) شێت وئیبۆش هەر شێت!..
ئەو نامۆییەی لەدڵت بوو
هەموو جارێ دەبوە وەڵامی پرسیارێ..
ئیبۆ گیان بۆچی شێت بوویت؟!
– شەکرو تۆچا
چی تر؟…
– کچی خاڵم…
پێکەنینی عاقڵەکان !
– دایکت ناوی چیە؟!
بەشەرمەوە سەرت ئەخستە سەر چۆکت و
دەتگوت: گوڵچین!..
هەموو جارێ
کەدەهاتیەوە بۆ ماڵمان
زۆر پێم خۆش بوو دەستت ئەبردەوە باخەڵت و
کۆلن ویلسۆنت دەرئەهێنا بۆ چایە، پەرداخە پلاستیکیەکەت!..
پاشێ دەتگوت:
دایە گوڵچین هەر پێم دەرێ؛
سوقڕات شێت بیت ئەتو شێت نیت!..
گەلەک دڵم شاد ئەبوو گەلەک
وەختی دەهاتیەوە گوندی و دەستی (فرۆید)ت دەگرت
هەموو جارێ وەختی نوێژێ دەتهێنایە ناو مزگەوت و
لەگەڵ ئێمە نوێژپێ دەکرد نوێژ!..
چەند خۆش بوو ئیبۆ گیان!
کەلەکۆڵانی پشت ماڵی مام کەریم و
هەندێ جاریش پێش بێرایی ماڵی ئێمە
دووگوردت ڕادەخست دووگورد
دەتگوت ئەوە بۆ نیەتی (بوزا)یە!..
ئەدی وەختی توڕە بوویت و
نوشتەی وەضعیی ئۆگۆست کۆنتت جڕبەجڕ کرد!؟
کتێبەکەی مارکست سەروابن گرتوو دەتگوت:
وەها ڕاست تر دەخوێنمەوە!..
ئای ئیبۆ گیان! ئیبۆ شێت!
یارمەتیم دە..
با وێڕابگەم؛ گەشتەکانت ومناڵی خۆم بنوسمەوە
ئیبۆ کوی؟
چاکم.
بۆ کوێ؟
ژوانم هەیە لەگەڵ مەلەک، مەلەکی تاووس
ئای.. ئیبۆ شێت!
ئای کە وجود ئاوساوی شێتی وسەرگەردانیە!..
ئیبۆ گیان
ئەو رۆژە زۆر خۆش بوو
کە دەستی (کافکا)ت گرتبوو
لەگەڵ ئێمە هاتنە یاری خوش خوشانە!..
یاری لەگردی ڕواندزێ!!!
ئەها گوتت هاوڕێی (نیتشە) شێتەیە!؟…
ئای کە جوان بوو وەختی (هیگل)ت بەخەبەر هێنایەوە!
جاڕێکیشیان زۆر پێکەنیم کە گوتت:
حاموڕابی نازانێت یاری خەتخەتێن بکات هەتا سەدام لەحوکم بێت!
ئیبۆ گیان..
لەو ساوە دەزانم..
من شێت و
هیگڵ شێت و
کافکا شێت و
کانت شێت و
کۆلن ویلسۆن سەرگەردان و
نیتشە بێ عەقڵ و
بوزا ئاوارەو
ئۆگۆست کۆنت داماوو
سوقڕات شێت و
ئەفلاتون لەخەیاڵ پڵاوو حامورابیش شاگەشکە!!!..
تەنیا تۆی وبەس تەنیا تۆ
بەس تەنیا تۆی ئاقڵ وژیر، ئیبۆ شێت!..

بۆتان لەتیف ماویلی(پایان)
…………………………………………..

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish