Skip to Content

125 Views

خوێندەوەیەک بۆ کتێبفرۆشی سابیر ڕەشید … دڵشاد کاوانی

خوێندەوەیەک بۆ کتێبفرۆشی سابیر ڕەشید … دڵشاد کاوانی

Closed
by July 27, 2020 General, Literature

“کتێبفرۆشی سابیر ڕەشید شۆڕشێک لە ناو شۆڕشدا”


سابیر ڕەشید چیڕۆکنووس و ڕۆماننووس ناوێکی دیاری نێو ئەدەبیاتی کوردی، کە نزیکەی نیوسەدەیە بێ پسانەوە، بەرهەمی جوان و ناوازە دەخاتە نێو خەرمانی ئەدەب و نووسینەوە، کتێبفرۆش دواین کتێبی چاپکراوی نووسەرە کە خۆی لە ڕۆمانێکی ٢٦٢ لاپەڕەی لەنێو بەرگ و نەخشەسازییەکی قەشەنگ و جوان دەبینێتەوە.
کتێبفرۆش بە زمانێکی بەرزی ئەدەبی و سادە لە تێگەیشت و پڕاو پڕ لە وشە و زارەوەی نەبینرا و جوان و نامۆ بە خوێنەر نووسراوەتەوە، ئەوەی بەرهەمەکانی نووسەر و ئەم بەرهەمە لەوانەی تر جیا دەکاتەوە، دەتوانین بڵێین سابیر ڕەشید هەرگیز نەیوستوە تەقینەوەیەک بخاتە نێو ئەدەبیاتی کوردی، هەرچەندە نووسەر پڕە لە باڕووتی وشە و ئیستاتیکای جوانی، وەلێ دوای هەرتەقیەنەوەیەک خامۆشی دێتەکایەوە، بۆیە سابیر ڕەشید لەوە وریاترە و هەمیشە بەوە ناسراوە کە هەنگاو بە هەنگاو سەردەکەوێ، وەک کورد دەڵێ کڕی بن بڕە بە دیدگا جوانەکەیەوە، بەم جۆرە سابیر ڕەشید پێمەلیقەیە و خوێنەرانیشی لەگەڵ ئاستی نووسینەکای بەرز دەکاتەوە.

بۆیە دەتوانین بڵێین هیچ ڕۆمانێکی بەتاڵ نییە لە داهێنان و دابڕاویش نییە لە نووسینەکانی پێشووتر، بەمەش نووسەر خاوەنی ڕێچەکەی تایبەتی خۆیەتی و بۆیە ئاسان نییە، بتوانی و بوێری ئەوە بکەی کە قەڵەم بخەیەتە سەر ئەو ڕۆمانە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەیت، بەڵام ڕەنگە هەر یەکەمان کاتێ کتێبفرۆش دەخوێنێنەوە لە دەڵەوە دەڵێ جەخار کە لەسەری نەنووسیت ئەگەر چی لە ئاستی پێویستیشی دا نەبیت.
کتێبفرۆش سەرەتا بە ناوی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە دەست پێ دەکات، کۆتایشی بە واڵایی بۆ خوێنەر جێ هێشتووە، بەمەش نووسەر گەرەکییەتی هیچ کەسەرێک لە ناخی خوێنەر جێ نەهێڵێ و خۆی خاوەنی بڕیاری ڕووداوەکان بێت، ئەمەش داهێنانێکی نووسەرە و بەر لە ئەو کەسی تر ئەم شێوازەی کۆتایی بە کار نەهێناوە.
ئەوەی دەمەوێ لەسەری بوەستم، ئەو زمانە پاک و پاراوەیە کە سابیر ڕەشید هەیەتی خەریکە تا ئاستی ئیرەیی پێ بردن، کەوتوومەتە ژێر کاریگەری جوانووسی و کوردی زانیی ئەو. دەتوانم بڵێم سابیر ڕەشید هەر خۆی هەمبانەبۆرینەیەکیترە لە ناو ڕۆماندا، کە شارەزایی نەبڕاوەی لە زمانی کوردی و زارەوەی شار و باژێڕەکان هەیە، بگرە گووندە دوورە دەستەکانیشی لە بیر نەچووە. وەلێ حەیفێ کە دەبوایە وەک خۆشی دەڵێ پێوست بوو فەرهەنگۆکێک بۆ ئەو وشە و زاراوە کوردییانەی دابنابوایە کە زۆرینەی خوێنەران پێی ئاشنا نین واتاکانی نازانن، بەتایبەت ئەو ووشانەی وەک بنێس، خۆفۆ، فەدی،خۆفک، نەبان.

ئەو ڕۆمانە لێوان لێوە لە ڕستە و وەسفی جوان، هەروەک لە لاپەڕە ٧ سەبارەت بە منداڵی ئومێد دەڵی: هەرکەسە و پەرێزی خۆی پاکژ دەکردەوە و کەس نەیدەگوت کێ گڕنەی تێهاڵاندووە.
سابیر ڕەشید لەو ڕۆمانە مەبەستییەتی شۆڕشێک لە ناو شۆڕشێکیتردا بکات، ئەمەش بە گەڕانەوە بۆ مێژووی سەردەمی بەعس و نیشان دانی ئازار و چەرمەسەرییەکانی تاکی کورد و گەلانی عێراقە، لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس و خنکانی ئازادییە لە و سەردەمەدا. سابیر ڕەشید لێزانانە دەمانباتەوە بۆ ناو ڕووداوەکانی ڕابردوو، ئەویش لە ڕێگای بیرەوەرییەکان و فلاشباگەکانی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە و نیشاندانی دیمەنی خۆکوژی ئومێدە، کە نووسەر ناوە ناوە دەمانباتەوە سەر ئەوبانەی کە ئومێدی هیوا لێبڕا و دەیەوێ خۆی تێدا هەڵدێرێ. ئەم تەکنیکە هەم تازەیە و هەمیش کلیلی گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەیە. لەم ڕۆمانە هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی نووسەر وەک گێڕەوەی سەرەکی ڕووداوەکان ئامادەگەیی هەیە.
سابیر ڕەشید زۆر بەدیقەت و ووڕدە لە دەستنیشان کردنی ڕووداوەکان و خستنە ڕووی هەموو ووردەکارییەکانی ژیانی ئەو سەردەمە و دەیەوێ بە نەوەی نوێ بڵێ ئەو دەسکەوتانەی ئێستا زادەی مەینتییەکان و قوربانی دانی پاڵەوانانی ڕابردووە. هەروەها ئەوەشی لە بیر نەچووە کە ئەوانەی دوێنێ هەوێنی داهاتوو بوون، هەموویان لەگەڵ شۆڕش ڕاستگۆ نەبوون و یەکڕیزی نیوان خۆیان نەپاڕاستووە، لە ئاست خواستی گەل نەبوون. هەر بۆیەشە لە لاپەڕە ٣٥ دا دەڵێ: ئەوان دەمان وەها بوو هەموو دژەکانی بەعس و ڕژێمەکەی هەر لە شیوعی و مارکسی و حیزبە نەتەوەییەکانی کوردستان و ئیسلامیەکانیش لە خۆپیشاندەکاندا خۆیان لە یەکدی جیا نەدەکردەوە، شان بە شانی کەسانی بێلایەن هەموو پێکەوە بۆ یەک ئامانج دەڕژانە سەر شەقامەکان. یاخود لە لاپەڕە ١١٤ دەڵێ: دواییش ئەو هەڵوێست و خەبات و کارە ترسناکەی ئەوان هەمووی بوو بە بڵقی سەر ئاو. دواتر دەڵێ: پێش ڕاپەڕین قاتی دوو پارچەی ڕەفیق حزبییەکانی بەعسیان دەپۆشی، لە ڕۆژی ڕاپەڕین وێنەی سەرکردەکانی کوردییان بەرزکردەوە، دوایی هەر ئەوانیش بوون بە بەڕێوەبەری گشتی و کەسی لە پێشی دەزگە حزبی و حکومییەکان. بەم جۆرەش خەمی سابیر ڕەشید ناعەدالەتی و نادادپەڕوەری کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندیخوازیی سیاسییە، خەمی نەتەوەیەک لەسەر زاری کتێبفرۆشێک دەخاتە ڕوو.
سەرەڕای زمان زانی و لێهاتووی نووسەر و دەوڵەمەندی ڕۆمانووس لە وشە و زاراوەناسی، بەڵام دەبێ ئەو ڕاستییە بدرکێنم کە نووسەر سەرباری ئەو توانایە لەبن نەهاتووەی نەیوستووە خۆی لە وشە عەرەبییەکان بپاڕێزی ئەمەش بەدیدگای من ڕۆماننوس بە دەستی ئەنقەست هەندێ وشەی عەرەبی بەکاربردوە، لەوانە موبایعە، تەلایع، غابات. دەبێ بگوترێ ئەمە کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر ئەو نەوەیەی کە گەرەکییەتی لەو کەڵە نووسەرانە فێری زمان بێت، چونکە وەک ڕێچەکەیەک سەیر دەکرێن.
ناچارین کە ئەو حەقیقەتەش بخەینەڕوو لە هەندێ شوێن ڕۆمانووس تیرەکانی ئامانجیان نەپێکاوە، یاخود پێچەوەنەبۆتەوە وەک لە لاپەڕە ٣٣ دەڵێ: ئەوان لێنەگەڕان هیچ کەسێک لە سەلاح نزیک بێتەوە، ئەویش هەر پەلی دەکوتا و هاواری فریاکەوتنی دەکرد، دوایی هاواری ئاوی دەکرد هەر هاواری دەکرد: ئاو، ئاو، ئاوم بگەیننێ خنکام. دواتر دەڵێ: ئەمنەکان نەیانهێشت نەکەس لێی نزیک بێتەوە…… نە کەسیش بە قومێک ئاو لێوانی وشکی تەڕ بکات. کە ئەمە پێچەوانەی زانستی پزیشکییە، چونکە دوای هەر خوێن بەربوونێک و برنداربوونێک نابێ ئاو بە بریندار بدرێت، چونکە ئاو دەبێتە هۆی کوشتنی، کەواتە لێرە بەعسییەکان کارێکی باشیان کردووە کە نەیانهێشتوە کەس ئاوی پێ بدات، نەک نەنگی.
هەروەها لە لاپەڕە ٥٢ ئومێد بە خاتوونی ژنی دەڵی: چۆن توانیت خۆشەوستی من زیندەبەچاڵ بکەیت و لەگەڵ گەنجێک ببیتە خۆشەوەیست کە وەک کوڕی تۆیە؟ کە مەبەستی حەزلێکردنی ڕێداری دوکاندارە، لێڕە پرسیارێک ڕووبەڕووی خوێنەر دەبێتەوە ئایە سەرباری ئەوەی ئومێد ڕۆشنبیرە و خاتوونی لە مەلهاکان دەرهێناوە و تعمیدی کردووە، بەڵام هیچ پیاوێکی ڕۆژەهەڵاتی هەرچەند ڕۆشنیبیڕش بێ، ئەم توانەیەی نییە هێندە خوێن سارد بێ کە قبووڵی ئەوە بکات ژنەکەی لە دوای ئەو پەیوەندی لەگەڵ پیاوەکیتر هەبێ و کەچی کاردانەوەیەکی هێندە لاوازی هەبێ و بە زمان گفتووگۆی لەبارەوە بکات.
بە هەمان شێوە لە لاپەرە ١٢٢ گفتووگۆیەکی تێر و تەسەلی ئومێدی گیراو لە گەڵ جەلادەکانی ئەمن، سەبارت بە هەر دوو کتێبی سەرمایەی کارڵ مارکس و خودا لە کوێیە؟ کە ئومێد هەردوو کتێب لە کتێبخانەیەکی فەرمی بەغدا دەکڕێ و دواتر لەسەری دەستگیری دەکەن. ئەو لە جەلادەکان دەپرسێ گەر ئەمانە یاساخن کەوایە بۆچی ئەم کتێبە و چەندین کتێبیتر لە کتێبخانەکانی بەغدا دەفرۆشرێن؟ ئەمنەکەش بەم جۆرە وەڵامی ئومێد دەداتەوە: ئێمە مەبەستی خۆمان هەیە، کە بۆچی لە کتێبخانەکاندا قەدەخەمان نەکردووە، تا بزانین چ کەرێکی وەک تۆ خۆی لە ئێمە ئاشکرا دەکات و دەیانکڕێت. ئەمەش شتێکی لۆژیکی نییە کە بەعس بەم هەموو توند و تیژی و پیلان و سستماتیکەیەوە نهێنییەکی خۆیان بۆ کەسیکی زیندانی وەک ئومێد ئاشکرا بکەن، کە ئەویش بە بۆچوونی ئەوان کادیرێکی سەر بەرێکخستنەکانی شیوعییەت بووبێ.
دواتر لە سەر هەمان بابەت کە ئومێد لەڕێگای کاوە سەرسپی و موسا ئەبوشواڕبی مەفرەزە تایبەتییەکان، دوای ئەم هەموو دەست ماچ کردن و ئازار و مەینتیانەی کە ئومێد لەدەست دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس بە هۆی بوونی دووکتێب لەماڵەکیدا چەشتبێتی، کەچی ئومێد لە کاتی بەربوونیدا داوای هەردوو کتێبەکە دەکاتەوە و دەڵی: ئومێد جارێکی دیکە چاوەکانی بە دنیای دەرەوە هەڵێنایەوە، ئەو داوای هەردوو کتێبەکەی کردەوە، بەڵام نەیاندایەوە بە بیانوی ئەوەی کە دەستی بەسەردا گیراوە.
هەمدیسان لە لاپەڕە ١٣٣ تا ١٣٥ کاتێ چیاد ناسراو بە عەباس لە سەر ڕاسپاردەی دەزگای ئەمنی دەیەوێ لە باخچەی کوران بە دەمانچە ئومێد بکوژێ، سەرلەبەری پیلانی کوشتنەکەی بە ئومێد دەڵێ! هەرچەندە تا ئێستا پەشیمان بوونەوەی لە کوشتنەکەی دەرنەبڕیوە. ئەمەش خاڵێکی لاوازی دەزگاکە دەخاتە ڕوو کەچی لە ڕاستیدا ئەم دەزگایە تۆکمەترین و توندترین دەزگای ئەمنی عێراقی و ناوچەکە بوو بە گشتی. پاشان کە چیاد دەستی دەلەرزی و پەشیمان دەبێتەوە. لە لاپەڕە ١٥٣ و١٥٤ چیاد لە بڕی کوشتنی ئومێد بڕیاری خۆ کوشتن دەدات، لە ترسی ئەوەی نەبادە دەزگای ئەمنی بە هۆی بە جێ نەهێنانی ئەرکەکەی لەناوی بەرن، لە کاتێکدا چەندین هەڵبژاردەیتری هەبوو، لە بڕی خۆکوشتنی چیهاد، جوانتر دەبوو گەر ڕاکردن و چوونی بۆ ئێران، کە خۆی شیعە مەزهەب بوو، یان خزانی بۆ نێو گروپەکانی شاخ و بۆ نێو هێزە بەرهەڵستەکارەکان جوانتر دەبوو، لە پەشیمان بوونەوە لە خراپەکاری یەکسان بکرێ بە خۆ لە ناو بردن. هەرچەندە نووسەر چەندین تێکستی لە بارەی کیشەو گرفتی تاکی ئەمن و پیاوی دەزگا سیخووڕەکان خستۆتە ڕوو، من ئەمە بە پاکانە نازانم بۆ ئەو دەزگایە بەڵکو ڕۆماننووس دەیەوێ بڵێ دواجار کەسانی خراپ لە بنەڕەتدا خراپ نەبوون، بەڵکو ژینگە و بارودۆخ خراپیان دەکات، بەدەریان ناکات لە هەستی مرۆڤ بوون، ئەمەش یەکێکە لە جوانییەکانی ڕۆمانەکە.

بەهەمان شێوە هەڵبژاردەی کوشتن و تیرۆرکردنی ئومێد لە قەرەبالخترین شوێنی باخچەی کوران و ناو جەرگەی شاری هەولێر، ئەمە لە دیدگای شۆڕش دەچێ، نەوەک سەردەستە و دەسڵاتداریەتی بەعس. چونکە هەموومان دەزانین ڕژێمی بەعس هەموو کوشتنێکی بە یاسا دەکرد واتە هەرمەکی نەبوو، بەڵکو یان بەڵگەیەکیان بۆ دروست دەکرد، یان بە زۆر دانپێدانانیان پێ دەکرد. مەبەستمە بڵێم ئاسان بوو، کە بەعس ئومێدی کتێبفرۆش لە سێدارە بدات، هەر تۆمەتێک و بیانوێک بە سەریدا بسەپێنن، هەروەک ڕۆمانووس خۆشی لە لا ١٦٤ دەڵێ: ئەگەر بە دان پێدانانیش نەبێت، دکارن بڕیاری دادگەی ئەمنی بۆ ڕێکبخەن و بێ دانپیانانی خۆی حوکمی بەسەردا بسەپێنن، ئەوسا، یان لەسێدارەی دەدەن.
لە بەشی (٨) و لاپەڕە ٢٢٨ کە دواین ڕێگری لە بەردەم خۆکوژیەکەی ئومێد یادداشتەکانی چیاد دە، کە بەر لە خۆ کوشتنی دابووی بە ئومێد، ئەمەش تەکنیکێکی جوان و تازەیە لە ڕۆمانی کوردیدا. بەمە ڕۆمانێکی فارسی بیرهێنامەوە، بە ناوی (ئاناهیتا کجا است لە نووسنی ئە‌‌‌حمەد ودی) کە بەهەمان شێوە کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە، بە ناوی ئاناهیتا بەر لە خۆفڕێدانی لەسەر چیایەکی دالاهۆی ناوچەی کرماشان یادداشتەکانی بۆ زاهیدی دڵدارەکەی دەنووسێتەوە. بە کەسێک دەسپێڕی کە دوای مردنی خۆی بە زاهید بگەیێنێت. هەر ئەمەش دەبێتە هۆی زیندوومانەوەی زاهید. وەلێ لە کتێبفرۆشدا یادداشتەکانی چیهاد نەبووە هۆی رزگار کردنی گیانی ئومێد، بۆیە لە لاپەرە ٢٥٥ و کۆتایی ڕۆمانەکە دەڵی: لەگەڵ کەوتنی بۆ سەر زەوی، چەپکە گوڵەکەی دەستی خاتوون هەڵوەری و نەیتوانی بۆنی بکات. لە ژێرەوەش سابیر ڕەشیدی ڕۆمانووس بە چەند تێکستێک خوێنەر سەرپشک دەکات، کە چۆن کۆتایی ڕۆمانەکەی پێ خۆشە با وا وێنای بکات. دەنووسێ: تۆی خوێنەریش بەشدارێکی ئەم ڕۆمانەی، بۆیە دەتوانیت بە وستی خۆت کۆتاییەکەی لە هزری خۆتدا بئافرێنی.
بەڵام نووسەر خۆی کۆتایی بە دەرنجامی ڕۆمانەکە هێناوە، واتە هەموو دەرچەیەکی داخستووە، بۆیە بە ڕوانینی من باشتر دەبوو، کە دیمەنی کۆتایی هەر وا جێ هێشتبوایە، کە ئومێد لەسەربان خۆی فڕێنە دابوایە، بەڵکو هەر بە کراوەیی مابایەوە و تەنیا، دەسکە گوڵەکە کەوتە سەر زەوی و چەپکە گوڵەکەی دەستی خاتوون هەڵوەری و نەیتوانی بۆنی بکات.
ئەمە تێگەیشتن و ڕوانینی من بوو، ڕەنگە خەون و تێگەشتنی ڕۆماننووس بە جۆرێکیتر و بینینێکیتر بێ بۆ ڕووداوەکان. ماوەتەوە بڵێم کتێبفرۆش یەکێکە لە شاکارە هەرە جوانەکانی ئەدەبیاتی کوردی ئەو سەردەمە کە من خوێندومەتەوە.

دڵشاد کاوانی

Previous
Next