Skip to Content

103 Views

چەمانەوەی پەکەکە لەبەردەم شێخی کەسنەزانی کۆنە موستەشاری ئەنفالدا! … ئاسۆ کمال

چەمانەوەی پەکەکە لەبەردەم شێخی کەسنەزانی کۆنە موستەشاری ئەنفالدا! … ئاسۆ کمال

Closed
by July 27, 2020 General, Opinion


پەکەکە خەریکی پێش بڕکێیە لەگەڵ یەکێتی و پارتیدا لە چەمانەوە بەرامبەر بە کەلتوری کۆنەپەرستی و ڕەمزی کۆنە موستەشارە بەعسی و تاوانبارانی ئەنفالدا. لە نامەیەکدا “کەجەکە” بە بۆنەی مەرگی ئەم تاوانبارەی ئەنفال کە ناوی لای ( دادگای باڵای تاوانه‌كانی عیراق ) تۆمارکراوە، دەڵێ؛
“شێخ محەمەد عەبدولکەریم کەسنەزانی زانایەک بوو، خزمەتکارێکی رێگای باوەڕەکەى بوو و تاوەکو کۆتایی ژیانی و سەرباری هەموو زۆر و زەحمەتییەکان هەوڵی دەدا درێژە بەو نەریتە بدات. کەسایەتییەکى بێ هاوتا بوو، کە نوێنەرایەتیی بەها ئایینی و نەتەوەییەکانى دەکرد.
یەکێک لە هەوڵە بنەڕەتییەکانى تەریقەت ئەوەیە، کە ئیسلامی محەمەدی بە پاکی بە موسوڵمانان بناسێنێت.بەم بۆنەیەوە ئێمە زۆر بە کۆچی دوایی خەمناک و ناڕەحەت بووین و ئێمە لەو بڕوایەداین هەموو شوێنکەوتوان و دەروێشە دڵسۆزەکانی کە یادی دەکەنەوە، ئەم نەریتە ئیسلامییە کوردییە درێژە پێبدەن، کە شێخ محەمەد عەبدولکەریم کەسنەزانی هەوڵی دەدا نوێنەرایەتیی بکات. “
ئەم هەموو ستایشەی پەکەکە بۆ ئەم کۆنە موستەشارە لە پای چی یە؟
بێگومان پەکەکە و هەموو حزبە ناسیونالیستە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بەهای ئەم کۆنە موستەشارە لەو لەشکرە لە دەروێش و خەڵکی هەژاردا دەبینن کە شێخ لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی کەلتور و خورافیاتی دینیەوە توانیویەتی بیانکاتە سەربازی بێ کرێ و هەرزانی خۆی کە بەکاریان بهێنێ. ئەگەر تا دوێنێ ئەم موستەشارە ” رێزداری شێخ هەوڵی دەدا نوێنەرایەتیی بکات ئەو پێوەرانە بوو ” لە خزمەتی ئەنفال و بەعسدا دژ بە خەڵکی کوردستان ئەم هێزەی بەکار دەهێنا، ئەوا ئێستا یەکێتی و پارتی بۆ ئەوەی سوود لەم خزمەتەی ئەم کەلتور و فەرهەنگە ئیسلامیە وەرگرن کە خەڵکی کوردستان زیاتر نوقمی دواکەوتوویی و بێ مافی بکەن لە خزمەتی شێخی نوێدان تاکو پەیوەندیەکی توندوتۆڵتر لەگەڵ ئەم جێگرەوە سیاسی و سەرمایەدار و سی ئای ئەیەی شێخدا گرێ بدەن.
بەڵام چەمانەوەی پەکەکە لەبەردەم شێخدا مانایەکی قوڵتری ئایدیۆلۆژیشی هەیە. ئەم هێزە هەر دەرگایەک بە ڕووی کەلتوری خێڵەکی و “ئیسلامی پاکی محمدی”دا بکرێتەوە یەکەم پێشوازیکاری دەبێ، چونکە کەلتور و فەرهەنگی دواکەوتوانەی دژی مۆدێرنێتەی لەم چەشنە تەنیا دەتوانێ خەڵکی کوردستان لەسایەی ئایدیۆلۆژیەکی پۆپۆلیستیدا ڕابگرێ کە لە جەژنی ڕەمەزان و قوربان و سەرفترەوە تا ئیمام عەلی و بەرەی شیعە و سەرۆکی نەتەوەیی و “سەرۆک بارزانی و تاڵەبانی” و هەموو موستەشارێکی وەک شێخی کەسنەزانیشی پێویستە.
ئەم ئاوە ئیسلامیەی پەکەکە لە سەرچاوەکەیەوە لێڵە.
ئۆجەلان وەک ڕابەری پەکەکە هەر هەمان ئەو نەریتە ئیسلامییە کوردییە درێژە دەدا، “کە شێخ محەمەد عەبدولکەریم کەسنەزانی هەوڵی دەدا نوێنەرایەتیی بکات. با نمونەیەک لەم “ئیسلامی پاکی محمدی” پەکەکە لای ئۆجەلان بهێنینەوە تا بزانین چیە؟
ئۆجەلان لە -کتێبی(خەڵک و ڕێبەری) دا لە لاپەڕە ١٢٥- دا کۆیلایەتی ژنان لە ئیسلامدا بە شۆڕش ناودەبا و دەڵێ؛
“(محمد)لە میانەی پەیوەندی لەگەڵ خەدیجە شۆڕشی ژن..ئەنجام دەدرێت.” .”چەمکی حەزرەتی محەمەد سەبارەت بە ئەشقیش سەرسوڕهێنەرە.لە پەنجاساڵیدا ئەڤینداریەکەی لەگەڵ عائیشەی نۆساڵی، ئاستی بەرزی پەیوەنداربونی حەزرەتی محەمەد بەژن نیشان دەدات.” .
لە ئوجەلان پرسیار دەکرێت ، ڕای تۆ چیە؟، “محمد پێغەمبەری ئیسلام ١٣ ژنی بەعقد (مارەبڕی) هەبووە.
ڕابەر ئاپۆ: ئەزانم هەیبووە، من ئەم کارەی محمد بە دروست ئەزانم و بە کارێکی گرنک لێکی ئەدەمەوە. هەن کەسانێک کە ئەڵێن: بۆچی محمد ئەم هەموو ژنەی مارە کردوە؟ من ئەڵێم کە کارێکی باشی کردوە. تەنانەت ئەگەر چەند ژنێکی دیکەشی مارە کردبا، کارێکی هەڵە نەبوو. چون دەتوانین بە یەکێک لە عاشقانی گەورە لە قەڵەمی بدەین. محمد لەگەڵ ژنان هەر وەک مناڵان ڕەفیق و یار بوو، کەساێەتیەکی دێموکرات بوو. من ئەم کارەی محمد بە بەزر دەنرخێنم. ” “محمد١٣ژنی مارەکردوە.هەروەک ئاشکرایە بەخواست و هەڵبژاردەی خۆیان زەواجیان کردوە،نەک بەزۆر و بەفشار و بەبێ ئارەزوی خۆیان.ئەمە خاڵێکی گرنگە.”
لێرەدا بە ئاشکرا و بێ پەردە فرەژنی و زەواجی مناڵی نۆساڵان پیرۆزکراوە و بە عەشقی سەرسوڕهێنەر و عاشقانی گەورە ناوبراوە. ناوەرۆکی عەشقی “ئەفلاتونی” ئۆجەلان لێرەدا دەرکەوتوە. عەشقی ١٣ ژن و عەشقی مناڵی ٩ ساڵانی کچ. ئایا ژنۆلۆژی ئەگەر پێوەری بەرز و گەورەی عەشقی پێ سێکسکردن لەگەڵ ١٣ ژن و مناڵی ٩ ساڵان بێت چۆن باسی ئازادی و ڕزگاری ژن دەکا؟
ئەمە چ دەبڵ مۆرالیەکە دژی مۆدێرنیتە بیت لەبەرئەوەی “گەورەترین سەرکەوتنی مۆدێرنیتە لەوەدایە:تێڕوانینی کولتوریمانی ڕوخاندوە کە لەمیانەی پانزدە هەزار ساڵ ئاواکراوە” و بەڵام مۆرالی سەدەکانی پێش سەرمایەداریت بەلاوە پێرۆز و سەرسوڕهێنەربێ و وە پاساوی بکەی وبڵێیت کە لەو کاتانەدا هیچ فشار و زۆرێک لەسەر ١٣ ژن بۆ پیاوێک و زەواجی مناڵێکی ٩ ساڵان وجودی نەبوە؟
لێرەوە دەردەکەوێ کە ژنۆلۆژی ئۆجەلان مامەڵەیەکی سیاسی لەگەڵ ئیسلام و محمدا دەکا و پشتیوانی لە ڕەوشتی دینی ئیسلام سەبارەت بە سێکس و عەشق و ژن دەکات. بەڵام کاتێک ئەم بزوتنەوەیە لەبەرانبەر داعشدا لە سوریادا شەڕ دەکا بەشێک لە پرەنسیپەکانی ئەم شەریعەتە لادەبا لە یاسای باری کەسێتیدا، لەوانە چەند ژنە و دابەشکردنی میرات . ئەم بزوتنەوەیە لێرەدا ناچارە ڕووی مۆرالە ئینسانیەکە بخاتەڕوو و بەبی ئەوەی ڕەخنە لەو وتانەی سەرەوەی ئاپۆ بگرێ. ئەمەش خەسڵەتی بزوتنەوەیەکی پۆپۆلیستیە کە پرەنسیپەکانی بەپێی بەرژەوەندیە سیاسیەکانی دەگۆڕێ تا هێزی جەماوەری لەدەست نەچێ.
کاتێک تێزی ژنۆلۆژی دەڵێ؛ “گەورەترین سەرکەوتنی مۆدێرنیتە لەوەدایە:تێڕوانینی کولتوریمانی ڕوخاندوە”، دەبێ بپرسین مۆدێرنێتە چ کلتورێکی ڕوخاندوە؟
ئۆجەلان دەڵێ”پێشنیاری من بۆ هەرکەسێک ئەوەیە دوای نەهێشتنی قاڵبەکانی مۆدێرنیتە، سەرلەنوێ تەماشای پەیوەندیەکانیان لەگەڵ دایک و باوکیان بکەنەوە.خوازیارم بەهەمان ڕوانگە تەماشای تەواوی “پەیوەندییەکانی گوند”یش بکەن، کە لە چاخی بەردینی نوێوە(نیولتیکەوە)ماونەتەوە.”
ئەگەر باسی کلتوری “گوند -خێڵ”ی فرەژنی و زەواجی مناڵانە ئەوە ڕوخاندنی ئەم کلتورە گەورەترین پێشکەوتن بوە. کلتوری مۆدیرنێتەی سەرمایەداری ئەم کلتورە دواکەوتوانەیەی لە ڕۆژئاوادا ڕوخاندوە و ئێستا جگە لە دەوڵەتانی ئیسلامی و لای ناسیونالیزمی کورد لە هیچ شوێنێک ئەم کەلتورە کۆنەپەستانە نەماوە.
پاراستنی ئەم کەلتورە ئیسلامیە لای ئۆجەلان و ڕێبازی پەکەکە بنەمایەکی ئایدیۆلۆژی هەیە. کلتوری ئیسلام و کۆمەڵگەی خێڵەکی پێش سەرمایەداری، کە تائێستاش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەموو بزوتنەوە ناسیونالیستی و ئیسلامیەکان زیندوو ڕایدەگرن پایەی هەژمونی دەسەڵاتی فکری و سەربازی ئەم حزبانەیە بەسەر کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و کەم دەرامەتی کوردستاندا . هەربۆیە دەبینین کە لە هەر پەنجەرەیەک کە بەسەر کرانەوەی ئەم کەلتورە خێڵەکی و دواکەوتوانەی کۆمەڵگەی کوردستاندا دەکرێتەوە پەکەکە لە بەردەمیدا سەری ڕیز دادەنەوێنێ ، تەنانەت ئەگەر ئەمە کۆنە موستەشارێکی تاوانباری ئەنفالیش بوبێ لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقدا.

Previous
Next