Skip to Content

92 Views

سەرشۆِربن یەكێتی و پارتی …. تاهیر عیسا

سەرشۆِربن یەكێتی و پارتی …. تاهیر عیسا

Closed
by July 29, 2020 General

سەرشۆِربن یەكێتی و پارتی ..)
تەنیا یەك داخم هەیە ریسوابوونی ئێوەم نەبینی كە رۆژێك هەر دەهات، بەڵام نازانم كەی..)

ئەمە دوا پەیام و کۆتا خەون و ئاواتیی” کاوە حەمە ئەمینی” زامداریی سیی ودوو ساڵ لەمەوبەریی چەکی کیمیایی ڕژێمی ناسیۆنال فاشیستی بەعس بوو! کە بەهۆی ناڕەحەتیی و تاڵیی وسوێریەکانیی ژیانیی کە بەهۆی زامە کۆنەکانیەوە دەی چەشت و دەیتلاند، نەیتوانی ئیتر درێژە بەژیانە پڕ لەتڕاژیدیەکەی بدات و لەگەڕەکی کانی ئاشقانی هەڵەبجەداو لەناو باغی گشتی شارەکەدا کۆتایی بەژیانیی خۆی دەهێنێت !
ئەو تەنها لەدەست ئازارو ناڕەحەتیی زامداریەکەی کۆتایی بەژیانی خۆی نەهێنا، بەڵکو “کاوە” هەروەکو لەدوا نامەکەیدا کە بەدوای خۆیدا جێی هێشتووە، جگە لە نیشاندانی داخ وپەرێشانیەکەی کە ڕیسوایی و سەرشۆڕیی یەکیەتی وپارتی لەژیاندا نەبینیی، هەروەها جگە لە ئێش وئازارەکەی و لەدەستدانی بینایی چاوەکانیی کە دواجار لەکەناڵێکی تەلەفزیۆنیدا چاوپێکەوتنی لەگەڵدا دەکرێت وخوازیاریی ئەوە بووە دەسەڵات لایەکی لێبکاتەوەو مشووریی چارەسەریەکەی بخوات و بەتەواوی چاوەکانی لەدەست نەدات، غەمی کاریشیی بووە!
کە جگە لەوەی لەم مەملەکەتیی مافیایەدا مافیاکان بۆ چاوساغەکانیش نانیان لەکلکی شێر بەستۆتەوەو بەئاستەم وەگیر دەکەوێت، کەجی کاوە دەبێت بەم هەموو دەردوو ئازارو میحنەتەوە و بەنابینایی نان بۆ خۆیی وخانەوادەکەشی حاسڵ بکات!
لەو دیوی ئەم چیرۆکە تاڵەو هەزاران چیرۆکی دیکەی هاوشێوەشەوە، دیمەنێکی دیکەی تەواو پێچەوانە دەبینیت، کە کۆمەڵێک مافیای قاچاخچی کە بەناوی چارەسەریی کێشەی میللی و ڕزگاریی نیشتمانیدا لەسەرکێوێک لە لاشەو ئێسک وپرووسک ودەریایەک لەخوێنیی ڕژاویی هەزاران قوربانیی وەک کاوەو خانەوادەو هاوچارەنووسەکانیدا، بەعەڕشی دەسەڵاتێکی فیرعەونانەدا گەیشتن و هاوزەمانیش خەون خولیاو ئارەزووی خەڵکی ستەمدیدەو زەحمەتکێشیی کوردستانیش، ڕۆژگارێک لەسایەی زوڵم وزۆریی حیزبی بەعسدا، کۆتایی هاتنیی بەعس وبەدەسەڵاتگەیشتنی دەسەڵاتێکی خۆماڵی بوو، بەڵام ئەم مافیا خۆماڵیانە نموونەیەکی هێندە قێزەونیان بە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان نیشاندا کە هەزار خۆزگە بە کفن دز بخوازن و‌ ڕووی پڕ لەدزێویی بەعسیشیان سەرباریی ئەم هەم و تاوان و جینایەت وکوشت وکوشتارەی دەرحەقیی خەڵکی کوردستان کردیی ، لەچاویی ستەمدیدەکانیەوە تەواو سپی کردۆتەوە !
هەزارانی وەک کاوە و هاوچارەنووسەکانی کە بوون بەپلیکانەی ئەم دەسەڵاتە ناشیرنەی بەتایبەت هەردوو بنەماڵە هەڵاوساوەکەی پارتی ویەکیەتیی، کە ئەمڕۆکە کەم زەویی کوردستان ماوە هەڵی نەکۆڵن و بیرەنەوتێکی لێنەدۆزنەوەو سامانەکەی بۆ خۆیان و ئەندامانی خێزانەکانیان تەخشان وبەخشان نەکەن، سەرباریی مۆنۆپۆڵکردنی بازاڕو پڕۆژەو خاوەندرێتی لەدەیان کۆمپانیای زەبەلاحیی سەرمایەهێن و سەرباریی شاردنەوەی سەتان ملیاردۆلاریی دزراوو گلدراو لە سامان و بوودجەی گشتیدا، کەچی” کاوە” کان لە پەرێشانی و ئازارو غەمی کارو نەبوونیدا، دەبێت کۆتایی بەژیانی خۆیان بهێنن.
تاکە خەونی کاوەی زامدار لەناو ئەو هەموو ئیمکانیەتەی لە کۆمەڵگادا کە بەناحەق لای مافیاکان و چینەکەیان سەرمایەداراندا کۆبۆتەوەو لەناو ئەوپەڕیی تەکنۆلۆجیای پێشکەوتووی پزیشکیی و داوو دەرمانیدا، کە دەتواندرا ژیانی لەپەرێشانیی ونیگەرانیی و دەردو ئازاریی زامداریەکەی ڕزگاربکرێت، بۆیە ئەمڕۆ بەر لە مەرگی ناوادەیدا، ئەوەبووە کە بە ڕیسوایی بیان بینێت، بەڵام ئازارو غەمەکانی هێندە قووڵ بێت ئەگەرچی پێیشی وابێت کە ڕۆژگارێکیش هەر دێت بەڕیسوایی وسەرشۆڕیی دەیانبینێت، بەڵام چیتر بەرگە ناگرێت بەدیار ئاواتێکی لەوجۆرەوە ڕۆژگارەتاڵەکانی بژمێرێت و کۆتایی بەژیانی خۆی دەهێنێت!
پەیامێکە، کە دەسەڵاتدارانی کوردستان لەپاڵ ئەم هەل ومەرجە پڕ لەتڕاژیدیایەی بۆ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشیی کوردستانیان بەوجود هێناوە، هەزاران هەزار کاوەو هاوچارەنووسیی کاوەی وەک گۆڕ هەڵکەنی خۆی بەرهەمهێناوە، کە ئەمڕۆ بێت یان سبەی، حەتمەن سبەینێیەکی زۆر درەنگیش نا، لەڕەوەتیی ڕوو لە پێشیی ڕوداوو ململانێ چینایەتیەکانی ڕۆژانەی خۆیدا، وشیاریی سیاسیی و چینایەتیانەی خۆی بەدەستدەهێنێت و وەک بزووتنەوەیەکی سەرانسەریی لەتەواوی کوردستاندا لە حیزبی سیاسیی چینیەتیانەی خۆیدا، ڕێکخراو دەبێت و کاوەکان لە بێ ئاسۆیی و بێ ئوومێدیدا ئیتر ناچار نابن، بەر لەبەدیهاتنی خەونەکانیان کە ڕیسوابوونیی دەسەتدارانی قازانج پەرستی بۆرژوازییە، کۆتایی بەژیانیان بهێنن و بۆ یەکجاریی سیستەمی سەرمایەداریی و حیزبەکانیان دەخاتە زبڵدانی مێژووەوە.

تیبینی، تەواوی نامەکەی کاوە حەمە ئەمین :–

كۆتایی من ..
ژیانێك كە تۆسقاڵێك ئارامی تیا نەبێت بۆ چیمە..
كە من هەرگیز وە مرۆڤ نەژیاوم و مافی ژیانێكی شاییستەم پێنەدراوە ..
بۆیە ژیان بۆ من هیچ مانایەكی نیە، بێجگە لەخەم و ئازار..
سەرشۆِربن یەكێتی و پارتی ..
تەنیا یەك داخم هەیە ریسوابوونی ئێوەم نەبینی كە رۆژێك هەر دەهات، بەڵام نازانم كەی..
لەكۆتایی تكاتان لێدەكەم ئاگاتان لەمنداڵەكانم بێت و باسەرگەردان نەبن، من ئیتر بەرگەی ژیانێك ناگرم جگە لەئازارو خەم و ئێش و كار هیچ خۆشیەكی نیە
خواتان لەگەڵ
كاوە حەمە ئەمین.

تاهیر عیسا /28.07.2020

Previous
Next