Skip to Content

72 Views

جاران … کارا فاتح

جاران … کارا فاتح

Closed
by July 29, 2020 General, Opinion


ئەگەر نۆستالیژیا (nostalgia) حەسرەت و ئاه بێت بۆ ڕابردوو، بیرکردن و سۆزگەرمی بێت بۆ شوێن و کاتی تێپەڕیو و جێهێڵراو و یادی کەسانێک و شێوە ژیانێک بێت کە لەگەڵیاندا بووین و ئێستا بە جێمان هێشتبن، ئەی دەبێت یاد و بیرکردن و سۆزگەرمی و حەسرەت، کە ببێتە بڕیاری موتڵەق و حوکمی ڕەهای هەموو سەردەمەکان و دووبارەکردنەوەی هەمان شێوە بیرکردنەوە لە هەموو سەردەمەکاندا ناو بنێین چی، ئایا دەکرێت ئەمەیش هەر نۆستالیژیا بێت؟
شەوێکی ساڵی ١٩٨٤ یان ١٩٨٥ـە، بە کۆمەڵ دانیشتووین بە دیار یەکێ لە تەمسیلییەکانی حاجی مەکییەوە، ئەکتەرێکی تێدایە، ناوی شێخ سمایلە، وەک ناڕەزایییەک لە بەرانبەر کچە وریا و سەرکێشەکەی، حیوارێکی هەیە دەڵێ: (جا ئەولای ئەم زەمانە کوا حساب بۆ باوک دەکەن.) ئەکتەرێکی تریشی تێدایە پێم وایە (سەڵاح مەجید)ـی هونەرمەندی گۆرانیبێژە، دەوری کوڕێکی هەژاری هەیە، ناڕەزایی لە دەست ئەو بارودۆخە دەردەبڕێ، کە لەبەر ئەوەی کوڕی پیاوێکی هەژارە، ناتوانێت وەک کوڕێکی ئاسایی، خۆشەویستی بکات و کچێکی دڵخوازی خۆی هەڵببژێرێت، لەم ڕۆژانەیشدا ئەکاونتێکی فەیسبوک (هونەری عەرەبی- Hwnari Arabi) حیوارێکی فیلمی (الهروب) دەهێنێتەوە یادمان، کە بەرهەمی ساڵی ١٩٨٨ـە و (ئەحمەد زەکی) ڕۆڵی سەرەکیی تێدا دەبینێت، حیوارەکە ئەمەیە: )دنیا گۆڕاوە مونتەسیر، ئێستا پارە هەموو شتێکە.( لە سەرەتای ساڵانی نەوەت و تا ئەم چەند ساڵەی دوایییش، کە بەشێکی زۆری شیعری کلاسیکی کورد (نالی و مەحوی و…)ـم، خوێندەوە، تا شاعیرانی نەوەکانی دواتر و تا سەر شێرکۆ بێکەس و هاوشان خوێندینەوەی بەشێکی زۆری شیعر و ئەدەبیاتی عیرفانی بە تایبەت (مەولانا و حافز) لە ناو ئەم ئەدەبیاتەدا ئەوە دەبینی، ئەوەی جاران هەبوو ئێستا نەماوە و ئەوەی پێشتر جوان بوو، ئێستا جوانیی نەماوە، ئێستا هیچ شتێ بەهای نییە، تەنانەت خواداناسییش وەک جاران نەماوە و حوجرە و خانەقاکان گەرموگوڕیی پێشتریان لە دەست داوە و وەک ئەوسا ئاوەدان نیین…
سەرنج دەدەم تەمسیلێکی حاجی مەکی کە ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوو بەرهەم هاتوە، من لە ساڵانی هەشتادا بینیومە، باس لەوە دەکات هیچ شتێک بەهای نەماوە و هەموو شت بوە بە پارە، فیلمێکی میسرییش کە لە کۆتاییی ساڵانی هەشتا بەرهەم هاتوە، دەڵی هەموو شت بوە بە پارە، لە ساڵانی نەوەتی دوای ڕاپەڕینیش کە خوێندکاری ئامادەیی بووم، بیرم ماوە مامۆستایەک دەیگوت، هەموو شتێك ئازادی نییە، ساڵانی هەشتا ئەوەی گرینگ بوو، ئەوە بوو کە ئەخلاق و دۆستایەتی و وەفا هەبوون، بەڵام ئێستا نەماون، لە دوای ساڵانی دووهەزاریش بە هەمان شێوە جەخت لەوە دەکرێتەوە، کە ساڵانی نەوەت، ئەخلاق و دۆستایەتی و وەفا هەبوون، بەڵام ئێستا نەماون. بە کورتی بەهادارکردنی زەمەنێک لە کاتێکدا کە تێیدا ژیاوین، نەک ئەو بەهایەی نەبوە، بگرە بێ بەهایش کراوە، کەچی لە زەمەنێکی تردا دێت بەهای پێ دەداتەوە و ئەم جارە ناشرینییەکانی لە یاد دەکات و دەیکاتە سەرچاوەی جوانی، ئەم دید و بیرکردنەوەیە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا زۆر بەربڵاوە، زۆرن ئەوانەی پێیان وایە پێوەندیی کۆمەڵایەتیی جاران و هەموو مەراسیم و بۆنەکان تامۆبۆی تایبەت و خۆشیان هەبوو، لەززەت و نەشئەیان بە مرۆڤ دەبەخشی، تاکەکانی کۆمەڵ ڕێزیان لە یەک دەگرت و لە ئاست یەکدا فیداکارییان دەنواند، ڕۆحی لێبوردەیی و بەتەنگەوەهاتن و پەرۆشی بۆ یەک و گیانی هاوکاریی لای خەڵك جێگەی ستاییش بوو، ئەم شێوە ڕوانینە درێژ دەبێتەوە و لە هۆشیاریی نووسەر و هونەرمەندانیشدا ڕەنگ دەداتەوە، سەردەمی زێڕینی شانۆی کوردی، قۆناغی درەوشانەوەی ئەدەبی کوردی، مێژووی گەشاوەی گۆرانیی ڕەسەن، سەردەمی زێڕینی چالاکیی خوێندنەوە و کۆڕ و سیمینار، ئەو کۆمەڵە دەستەواژە و دروشمانەن کە هونەرمەندان و نووسەران بێتوانایی و لاوازیی خۆیانیان لە ئێستادا پێ دادەپۆشن.
گومانی تێدا نییە کە سەردەم و شێوەی ژیان و ئەو کەرەستانەی مرۆڤ بە کاریان دەهێنێت، گۆڕاون و تەنانەت زۆر لە پیشە و سەرچاوەکانی داهاتی مرۆڤیش یان وەک خۆیان نەماون، یان هەر نەماون و هیی نوێ پەیدا بوون، بەڵام ئەوەی کە گۆڕانی ئەوتۆی بە سەردا نەهاتوە، ئەو شێوە ڕوانینەی مرۆڤ بە تایبەت مرۆڤی کوردە، گەر چی مێژوو دەخوێنێتەوە یان دەبیستێ پڕ لە جەنگ و شەڕی جۆراوجۆر، بەڵام ئەو سەردەمانە بە ئارام و ئێستا بە ئاشووب و ئاژاوە ناو دەبا، گەر چی لانی کەم دەزانێ ئایینەکەی نەفرەت لە درۆ و دزی و دووڕووی و فتنەیی و ستەم دەکات، ئەوەیش بەڵگەی بوونی هەموو ئەو شتانەیە، کەچی مرۆڤی سەردەمانی پێشتر بە پاک و هیی ئێستا بە ناشیرین و قێزەون دەزانێ، ئەحمەد هەردی زیاتر لە نیو سەدەیە دەڵێ، دڵداری بۆ کوڕی خاوەن تەلار و عانەیە، تەمسیلییەک حاجی مەکییش پێش زیاتر لە ٤٠ ساڵ هەمان پەیامی دەدات، کەچی ئێستا هەزار جار دەبیستین، ئەمڕۆ خۆشەویستیی ڕاستەقینە نەماوە و جاران هەبوو.
دەکرێت کێشەی ئەم جۆرە ڕوانینە بە سەر چەند خاڵێکدا دابەش دەکەین، ئەگەر چی لە ڕاستیدا هەموویان لە یەک خاڵیدا چڕ دەکرێنەوە:

١- ئەم شێوە ڕوانینە تەواو عاتیفییە، بە ئەندازەیەک عاتیفییە کە چوەتە سنووری ناواقیعی و ناعەقڵانیبوونەوە.
٢- هێزی بینینی کورت و لێڵ و ناڕۆشنە، توانای بینینی هەموو ڕەهەندەکانی ڕابردووی نییە و ناتوانێت وەک خۆی کاری لەگەڵدا بکات.
٣- ئەم شێوە ڕوانینە مێژوو وەک هێڵێکی ڕاست کە لە ڕابردوەوە درێژ دەبێتەوە بۆ ئێستا و دواتر داهاتوو بەرهەم دەهێنێت، هەرگیز نابینێت.
٤- کێشەی ئەم دیدە ئەوەیە، گەر بیەوێ سەیری داهاتوو بکات، تەنها مەرگی خۆی دێتە بەرچاو، چونکە هیچ پلان و خەون و ستراتیژێکی نییە، بۆیە ناچارە بەردەوام ئاوڕ بۆ ڕابردوو بداتەوە، ئەویش نەک ئاوڕ بە مانای خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن و بینینی ڕەهەندەکانی ئەو زمەنە، بەڵکوو ئاوڕێک کە هەمووی فرمێسک بێت بۆ زەمەنێک کە لە دەست چوە، بۆ ساتێک کە هەمووی شیرین بوە.
مرۆڤی سەردەم و کوردیش وەک ئەو، گرێدراوە بە کۆمەڵێک کێشەی نوێ و گەمارۆ دراو بە ئامێر و تەکنەلۆژیا، هاوکات تەماع و پێشبڕکێکانی سەرمایەداری تەوقی ئەم مرۆڤەیان داوە، کە بۆ بیرکردنەوە و تێگەییشتن لێی پێویستمان بە فیکر و فەلسەفەی نوێ و مۆدێرن هەیە، ئەوەی کە نامانگەیەنێتە هیچ و دەمانخاتەوە سەر کوێرەڕێیەک، ئاوڕدانەوەی سۆزاوی و فرمێسکاوییە بۆ ئەوەی شوێنەی کە پێی دەڵێن: جاران.

Previous
Next