Skip to Content

دابینکردنی ژیان و سەلامەتیی هاوڵاتیانی تەنیا بە کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە مومکینە!

دابینکردنی ژیان و سەلامەتیی هاوڵاتیانی تەنیا بە کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە مومکینە!

Closed
by ته‌مموز 31, 2020 General


هەواڵی نەمانی ئۆکسجین بۆ هەناسەدانی دەستکرد بۆ دەیان نەخۆشی تووش بوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر، کە سەرەنجام بووەهۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی بەرچاو نەخۆش، بەتایبەتی ئەوانەی لە بەشی چاودێری چڕ( عنایە مرکز‌ة) بوون، تەنها ڕیسوایی و بێدەربەستی لەڕادەبەدەری دەسەڵاتی کوردایەتی و حکومەتەکەی بەوپەڕی گەیاند. دەسەلاتێك کە لەسەر بلۆکە دۆلاری تاڵانکراوی داهاتی خەڵك ژیانی شاهانەی بۆ بەرپرسە مشەخۆرەکانی دابینکردووە، بەڵام ئامادەنیە ئۆکسجینی پێویست بۆ تووشبوانی پەتای کۆرۆنا دەستبەربکات. ئەم بێدەربەستی و ریسواییەی دەسەڵاتدارنی کوردایەتی ئەوکاتە بە پلەی باڵای خۆی دەگات کە ماوەی چەند هەفتەیەك لەمەوبەریش هەمان ڕوداو لە خەستەخانەی (سەرچنار) لە سلێمانی روویداوەو ئاکامەکەی گیان لەدەستدانی چەند نەخۆشی تووش بوو بە کۆرۆنا بووە!
سەرباری ئەم کارەساتە تەندروستیەی تووشی خەڵکی کوردستانیان کردوە، دەسەڵاتدارانی کوردایەتی لە هەردوو زۆنی سەوزو زەرد دەستبەرداری موزایەدەی حەقیرانەو ڕەزیلانەی سیاسی نابن و لەبەرامبەر ئەوی دیکەدا خۆیان وەکو فریادڕەسی خەڵك نیشان دەدەن! ئەمانە نەك وەکو حکومەتێك کە بەرپرسە بەرامبەر خزمەتگوزاریە گشتی و پزیشکی و شارستانیەکانی هاوڵاتیان، بەڵکو وەکو بازرگانی سیاسی مامەڵەی خۆیان و یەکتری دەکەن و دەیانەوێ لەم بازاڕە لیخن و بۆگەنەدا کە دروستیان کردوە ڕاستی کارەساتەکە لەچاوی خەڵك بشارنەوەو خۆیان پاکانەو بێخەتا دەربکەن! بەڵام خەڵکی هوشیاری کوردستان دەزانن کە دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردو حزبە دەسەڵاتدارە مافیاییەکانی، لەپاڵ پەتای کۆرۆنادا، پەتایەکی کوشندەن و سەرەنجام دەبێ بەرەنگاری ببنەوەو ریشەکێشی بکەن تا کۆمەڵگا لە بەڵاو کارەساتەکانی بپارێزن.
ئێستا کاتی ئەوە هاتوە کە جەماوەر خۆی بیر لە سەلامەتی و لە ژیان و ئایندەی خۆی بکاتەوە. کاتی ئەوە هاتوە کەرتی تەندروستی بەتەواوی بکەوێتە دەستی خەڵکەوەو لەلایەن کرێکاران و کارمەندان و پزیشکانی دڵسۆزو خزمەتکاری خەڵکەوە بەڕێوەببرێ. کاتی ئەوە هاتووە شورا و ئەنجومەنە شۆڕشگێڕەکانی جەماوەری لە ناوەندەکانی تەندروستیدا پێك بێن و خۆیان ئیدارەی خەستەخانەکان بگرنە دەست و خزمەتگوزاریە پزیشکی و دەرمانیەکان پێشکەشی هاوڵاتیان بکەن. کاتی ئەوە هاتووە جەماوەر پێ بنێتە مەیدانەوەو دەوری خۆی بگێڕێ لە کۆنترۆڵکردنی داهاتی کوردستان و تەرخانکردنی بەشێكی بەرچاوی بۆ دابینکردنی پێداویستیە پزیشکی و دەرمانیەکان کە وەڵامدەرەوەی ئەم هەلومەرجە سەختە تەندروستیەی ئێستا بێت. ئێمە لێرەوە بانگەوازی هەموو ئەو دکتۆرو تەندروستکار و خزمەتگوزارو کرێکارانەی نەخۆشخانەکان دەکەین کە دەوری شایستەی خۆیان بگێڕن و لە زووترین کاتدا دەستبەرن بۆ کۆبونەوەو خۆڕێکخستن بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی خەستەخانەکان و فریاکەوتنی هاوڵاتیان و پاراستنی ژیانیان. هەنگاوی یەکەم لەم ئاڕاستەیەدا ڕاگەیاندنی خۆیانە وەکو بەدیلی سیستەمی تەندروستی ئێستا ڕوو بە کۆمەڵگای کوردستان و رێکخراوو ئۆرگانە پزیشکی و تەندروستیە جیهانیەکان بەمەبەستی بەدەستهێنانی ئیمکاناتی پزیشکی و خۆپارێزی و چارەسەر بۆ تووشبوانی کۆرۆنا. کەسوکاری توشبوانی کۆرۆنا پێویستە ببنە بەشێك لەم هەوڵەی تەندروستکاران و پزیشکان و ستافی تەندروستی بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی ئۆکسجین و هۆیەکانی پاراستن و چارەسەری نەخۆشەکان. هاوکات بانگەوازی خەڵکی ناڕازی و تێکۆشەر دەکەین کە پشتیوانی لەم هەنگاوە بکەن و بەکردەوە هاوکارییان بکەن. ئێمە لەحزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەم ئەرکەدا بێدوودڵی و لێبڕاوانەی هاوکار و پشتیوانتان دەبین.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٣١-٧-٢٠٢٠

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish