Skip to Content

لە قوربانییەوە بۆ جەلاد یان چیرۆکی شیعەی عێراق؟ … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

لە قوربانییەوە بۆ جەلاد یان چیرۆکی شیعەی عێراق؟ … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ته‌مموز 31, 2020 General, Opinion

ئاستی وەحشیگەریی مرۆڤ نزمتر نییە لە وەحشیگەریی پڵنگ
شۆپنهاوەر

داستانی عێراق هەر لە ئیمپراتۆریای ئاشوور و ئەکەد و بابلەوە تا ئەم چرکەساتە، مێژووی ستەمکارییەکی بێوێنە بووە، ئێمە ئەگەر رەهەندی جوگرافی لەبەرچاو بگرین نەک ئەو چوارچێوە نوێیەی بەریتانیا- فەڕەنسا، لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە هێنایانە ئارا “دەوڵەتی عێراق”، ئەوە وڵاتی دوو زێ “میزۆپۆتامیا” رووبەرێک بووە بۆ توندوتیژیی بێوێنە و چیرۆکی کوشتن بە هەزارەها رێگەی سەرسوڕهێنەر و شۆکهێنەر. وەک ئەوەی ئەم جوگرافیایە سەرزەمینی نەفرەتێکی ئەزەلی بێت و هەمیشە مەحکوم بێت بە شەڕ و ئاشوب و بەربوونی خوێن. دیقەت بدەن، گەرچی میزۆپۆتامیا ژێدەری هاتنە ئارای شارستانێتی و نووسین و شۆڕشی کشتوکاڵە، ئەمیش مرۆڤی لە ئەشکەوتەکانەوە بەرەو دەشتاییەکان هێنایە خوارەوە، بەڵام هیچ کات ئەم سەرزەمینە ئاگری شەڕ و ماڵوێرانی تێدا خامۆش نەبووە، ئەگەر ئیمپراتۆرییەتەکانی پێش زایین دڕندایەتییەکەیان گەیشتبێتە لوتکە، بە هاتنی عەرەبە موسڵمانەکان لە سەدەی حەوتەمی زاینییەوە، ئەم جوگرافیایە بووە مەڵبەندی ئاشووبی ئاینی و مەزهەبیی. دواتریش لەگەڵ چێکردنی دەوڵەتی دەستکرد و داسەپاوی “عێراق” ئەوە بۆ سەد ساڵ دەچێت، ئەم وڵاتە ساختەیە بە خوێن و ئاگریش نەبووەتە وڵاتێک بۆ هەموو دانیشتوانی، بەڵکو ترسناکترین جۆری سەرکوتی سیاسیی و عیرقی و مەزهەبی و نەتەوەیی تێدا پەیڕەو کراوە. مرۆڤ کاتێک پەڕەی کتێبە مێژووییەکانی لە هەمبەر عێراقی نوێ و میزۆپۆتامیای کۆن هەڵدەداتەوە، مووەکانی گرژ دەبن، پەنجەکانی دەلەرزن، چونکە بۆنی خوێن وەک ناخۆشترین هاڵاو لێیانەوە دێتە دەرەوە.
لە عێراقی پێش ساڵی 2003 وەک “کەنعان مەکیە” بە “کۆماری ترس” ناوزەدی دەکات و لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا “القسوە و الصمت” باسی تراژیدیای کورد و شیعە دەکات بە تایبەت لە سەردەمی فەرمانڕەوایی پارتی بەعسی سۆسیالیستیدا، لەو قۆناغەدا عێراق ببووە جوگرافیایەکی جووت نهۆمی، قاتی ژێرەوە گۆڕی بە کۆمەڵ و نهۆمی سەرەوەشی زیندان بوو. لەم نێوەندەدا دەوڵەتی عێراقی دوو جۆر دیسپۆتیزمی پیادە دەکرد، یەکێکیان ستەمکاریی نەژادیی و نەتەوەیی دژی کورد، ئەویتریشیان ستەمکاریی مەزهەبگەرایی دژی عەرەبی شیعە. بە درێژایی مێژووی عێراقی پێش 2003، کورد و شیعە قوربانی سیاسەتی شۆڤێنیستی و فاناتیزمی رژێمە یەک لە دوای یەکەکان بوون کە زیاتر لەسەر خەسڵەتی بیری عروبەی سووننەگەرا شکڵیان گرتبوو.
ساڵی 2003 لە پرۆسەی رووخاندنی بەعسدا، باڵانسی هێز بەلای شیعەدا شکایەوە، ئەویش بەهۆی سەپاندنی لۆجێکی دیکتاتۆریەتی زۆرینە بەسەر کەمینەدا. هەر ئەو کات ئێمە لە ساڵانی 2003-2004 لە دوو کورتە وتاردا بە ناوەکانی “ئێمەی کورد و برا عەرەبەکانمان” و “ئەنفال لەسەر مێزی ئەنجوومەنی حوکم” تارمایی ستەمکارییەکی نوێمان ناساند، بەوە لە ماوەیەکی پێوانەییدا پرۆسەی گۆڕانی شیعە لە قوربانییەوە بۆ جەلاد دەکەوێتە سەر پێی خۆی!. ئەوسا سیاسییەکانی کورد بە تلیاکی “عێراقی هیوا و ئاشتی” شاگەشگە ببوون، پێیانوابوو ئێمەی نوخبە وەهم دەنووسینەوە، لە یۆتۆپیادا دەژین، دواتر ئەو دیستۆپیایەی ئێمە لە بارەوەی هۆشدارییمان دەدا خۆی لە واقیعی تاڵی عێراقدا دەرخست، ستەمکارییەکی نوێ لە کردەوەی تۆڵەسەندنەوەی کوێرانە و هۆڤانە لە سێگۆشەی سووننەنشین دەستیپێکرد، ئەوساش ئێمە لە چەندان وتاردا هۆشداریی ئەوەمان دا بە سەرکردایەتی کورد، دوای بڕانەوەی جەنگی پاکتاوی سووننە، نۆبەتی بەرتەسککردنەوە و رووبەڕووبوونەوەی پێشکەوتنەکانی کوردە لە عێراقدا، تا دەگاتە سەر هەوڵی نەهێشتنی قەوارەی کوردیی لە باشوور. داخەکەم ئەو ساتەوەختەش گوێمان لێنەگیرا بەو هۆیەی سیاسییەکان کێکی بودجەیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بەش دەکرد. پاشتر لە سەردەمی “مالیکی”یەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات نۆرە هاتە سەر ئەو کارەساتانەی ئێمە لە 2003ەوە تارماییەکانیمان بینیبوو.

لێرەدا نامەوێت سەرنجتان بۆ بلیمەتی خۆم رابکێشم، بەقەدەر ئەوەی مەبەستم بیرهێنانەوەیەکی کورتی ئەو حەڤدە ساڵەی رابردووە. بابەتەکەش جادوو و رمڵ لێدان نییە، ئاخر سیاسەت لەسەر ریتمی فیلمەکان بەپێی سیناریۆیەکی پێشوەخت هەنگاو بە هەنگاو بە دڵی سیناریستەکان ناچێتە پێشەوە، بەڵکو جۆرێکە لە ململانێی هێز و بەرژەوەندییە دژ بەیەکەکان، کێ بڕوای بەوە دەکرد لە ساڵی 2003 و پاش بڕیاری 1514ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە ئەمەریکای لە عێراقدا بە داگیرکەر ناساند، رەوشەکە بەو جێگەیە دەگات هەموو هێلکەکان دەکەونە سەبەتەی ئێرانەوە؟. لێ دوای دوو سێ ساڵ ئاماژەکان رۆڵی کارای ئێرانیان نیشان دەدا لە دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆی عێراقدا، بەڵام بە کشانەوەی سوپای ئەمەریکا لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا، خەونەکە بووە واقیع، ئێران دەستی گرت بەسەر سیاسەت و ئابووری عێراقدا، ئەوەش وەک وتم تەسفیەی سووننە و هەوڵی بچووککردنەوەی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە. هاوکات “دیموکراسییەتەکەی” عێراقی کردە دیکتاتۆرییەتی زۆرینەی شیعە مەزهەب بەسەر هەموو ئەوانیتردا.
ئەوەشی هەنووکە لە رەوشی سیاسیی شارە عێراقییەکاندا دەگوزەرێت، سەردەمێکی تازەیە و مۆدیلێکی ترە لە ستەمکاریی و ململانێی خوێناویی لەو وڵاتەدا، بۆچی مۆدیلێکی تازەیە؟. وەڵامەکە روونە، بەو پێیەی بە دیقەتدان لەوەی لە بەغداد و شارەکانی تر دەگوزەرێت، شەڕ و ناکۆکی و تەسفیەی ناوماڵی شیعە خۆیەتی، راستتر وایە بڵێم دابەشبوونی گووتار و هێزی شیعەی عێراقە بەسەر دوو ئەجیندادا، ئەجیندای یەکەم شیعەی عێراقی پرۆ ئێرانییە، ئەوانەی لە قوم و خامنەئییەوە رادەسپێردرێن بۆ دەستگرتن بەسەر هەڕەمی دەسەڵاتدا لە بەغداد، دووەمیان شیعەی عێراقی خاوەن ئینتیمایە بۆ عێراق، هەندێک لەوانە پرۆ ئەمەریکایی و رۆژئاوایین. ئێمە لەم رۆژانە شاهیدی ئەو ستەمکارییە نوێیەی شیعەین دژ بە شیعە. کە دواجار هەمان دیمەنی هۆڤانەی هەڵواسینی تەرمی بەسەر دارتێلی شەقامەکانەوە هێنایەوە سەر شانۆی عێراقی، ئەم دیاردەیەی هەندێک پێیانوابوو دەمێکە عێراقییەکان ماڵئاواییان لێ کردووە. دیمەنی هەڵواسینی ئەو گەنجە لە مەیدانی تەحریری بەغداد گەر بە راستیش تاوانبار بێت، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت، پرنسیپی خوێن بەرامبەر بە خوێن، کوشتن بەرامبەر بە کوشتن، زیندووترین کولتووری نەک سیاسیی بەڵکو کۆمەڵایەتیشە.
ئێستا کاتی ئەو پرسیارە هاتووە، ئەو سترۆکتۆرە چییە مۆتیڤی بیرکردنەوەی عێراقییەکانە و هەمیشە دنەیان دەدا بە میکانیزمی توندوتیژیی هەژموونخوازیی خۆیان بسەپێنن؟. لەوەڵامدا و بێ هیچ سڵەمینەوەیەک، رەگوڕیشەکە بە پلەی یەکەم بۆ ئەکتیڤیی ئاین دەگەڕێتەوە لە کۆمەڵگەی عێراقیدا. ئیسلام وەک ئاین زۆرینەی عێراقییەکان لە بناغەوە ئاینێکی دەسەڵاتخواز و توندوتیژە. سەیری قورئان بکەن هیچ زاراوەیەک هێندەی وشەی “قتل” دووبارە نەبۆتەوە!!. خودی ئاینەکە پڕیەتی لە لۆژیکی هێز نەک هێزی لۆژیک، پڕیەتی لە دەمارگیریی نەک تۆلێرانس. بۆیە هەردوو مەزهەبە سەرەکییەکە “شیعە و سووننە” رەوایی ستەمکارییان لە دژی یەکتر و دژی کورد، لە نێو قووڵایی ئایەتە قورئانییەکاندا دەدۆزنەوە. هیچ توندوتیژییەکی ئاینیی و مەزهەبی نییە پشت ئەستوور نەبێت بە تێکستێکی قورئانی!. کاری رێکەوت نییە پرۆسەی پاکتاو و جینۆسایدی کورد ناوی ئەنفالە یان لە ژێر دروشمی “یا زەهرا” خۆی دەنوێنێت.
وەک لەسەرەتاشەوە هێمامان بۆ کرد توندوتیژیی خەسڵەتێکی سروشتی کۆمەڵگەی عێراقی بووە، تەنانەت ئەم رووبەرە جوگرافییە لەو کاتەشی بە مێزۆپۆتامیا دەناسرا و پێش ئەوەی دەوڵەتی دەستکردی عێراقیشی لەسەر بنیاد بنرێ، هەمیشە لانکەی خوێنڕێژیی بووە. بۆ نموونە هەر لە حاموڕابییەوە تا سەدام هیچ پادشا و سەرۆکێک لە وڵاتی نێوان دوو رووباردا پەیدا نەبووە بە کوشتن نەڕۆشتبێ. باقر یاسین لە کتێبەکەیدا “التاریخ الدموی العراق” بە فاکتی مێژوویی پانۆرامایەکی لەم چەشنە دەخاتەڕوو. کەواتە کورد چی بکات لە عێراقی داگیرکەردا؟ کورد لەبەردەم دووڕیان و دوو شتدایە، کە نابێت لە هەوڵدان بۆیان سارد بێتەوە، یەکێکیان گونجاندنی هەستی ئاینیی خەڵکە لەگەڵ جیهانی نوێ و سکۆلاریزم، ئەمەیان لە خەونێکی خۆش دەچێت، ئەویتریشیان سووربوونەوە لەسەر خواستی جیابوونەوە لە عێراق. بێ ئەمە هەموو هەنگاوێک خولانەوەیە لەناو بازنەدا. هەمیشەش مەحکوم دەبین بە چەند بارەبوونەوەی ئەو دیرۆکە تراژیدییەی تا هەنووکەش بەردەوامی هەیە و کەم تا زۆر پریشکی بەر ئێمەش کەوتووە.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
سوێد – ستۆکهۆڵم

Previous
Next
Kurdish