Skip to Content

کتێبی شیعرەکانی پاول سیلان … و: رزگار شێخانی

کتێبی شیعرەکانی پاول سیلان … و: رزگار شێخانی

Closed
by August 2, 2020 Books, General, Literature

پـێـشـەکی
دوو ساڵی ڕێک لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، پاول سیلان، Paul Celan بە پاشناوی Anczel لە ٢٣/١١ -١٩٢٠ لە شاری شێرنیڤتسی، کە ئەودەم شارێکی ڕۆمانیایی بوو و ئێستا شارێکی ئوکراینایە، لە دایکوباوکێکی جووی ئەڵمانیزمان لە دایک بوو. لەدوای شەڕی نێوان ڕووس و تورکدا لە کۆتایی سەتەی هەژدە، نەمسا شارەکەی داگیر کرد. لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانیش شارەکە بوو بە بەشێک لە ڕۆمانیا. لە دوای شەڕی دووەمی جیهانیشەوە بوو بە بەشێک لە یەکێتیی سوڤیێت و هەتا ساڵی ١٩٩١ ئوکراینا سەربەخۆیی ڕاگەیاند و بوو بە بەشێک لەو. لەگەڵ هەر داگیرکردنێکیشدا ناوی شارەکە گۆڕاوە. هەر لە کۆنەوە شێرنیڤتسی شارێکی فرەنەتەوە و فرەکولتوورە. هەتا پێش جەنگی دووەمی جیهانی، هەموویان بێ هیچ کێشەیەکی ئایینی و کولتووریی، بە یەکەوە دەژیان. کە شەڕ هەڵگیرسا هەموو شتێک تێک چوو.
ساڵی ١٩٤١، دوای ئەوەی سوپای ئەڵمانیای نازی و ڕۆمانی شاری شێرنیڤتسی‌ـیان داگیر کرد، گێتۆیەکیان لە شارەکە دروست کرد و تێیدا جووەکانیان کۆ کردەوە. لە حوزەیرانی ١٩٤٢ هەڵمەتێکی زۆر گەورەی گواستنەوەی جووەکان بۆ ئۆردوگای زیندانیی بە کۆمەڵ دەستی پێ کرد. ئەوانەی کە گواسترانەوە، دایکوباوکی پاول سیلان‌ـیشیان تێدا بوو. سیلان توانی خۆی بشارێتەوە، دواتر دەگیرێت و دەیبەنە ئۆردوگایەکی سوغرەکردن. لەوێ بە خواردنی کەم و کاری گرانەوە، ١٩ مانگ سوغرەی پێ دەکەن. لەوێ بوو هەواڵی مەرگی دایکوباوکی پێ گەیشت. دایکیان کوشتبوو و باوکیشی بە نەخۆشی مردبوو. سیلان لە ئوردوگاکە ڕادەکات و دەچێتە ناو سوپای سووری سۆڤیێتی و لەناویدا وەک خزمەتگوزاری تەندروستی کاری کرد. کە ساڵی ١٩٤٤ سوپای سوور شارەکەی ئازاد کرد، سیلان توانی بگەڕێتەوە شارەکەی خۆی و دەست بە خوێندنی بکاتەوە. هاوڕێکانی باسی گۆڕانێکی گەورە و بنەڕەتییان لای سیلان دەکرد؛ پەند و چیرۆکی بە زمانی جیدیش دەگێڕایەوە و باسی جوانیی زمانی عیبری دەکرد، ئەو زمانەی جاران بە لایەوە گرنگ نەبوو. هەر لەو سەردەمیشەوە دەستی بە خوێندنەوەی ئایینی جوو و چاسیدیزم کرد.
کە ساڵی ١٩٤٥ جەنگ کۆتایی هات، سیلان چووە بوخارست، لەوێ لە دەزگەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوە، وەک هەڵسەنگێنەری کتێب و وەرگێڕ خۆی دەژیاند. یەکەم شیعری لە ساڵی ١٩٤٧ لە گۆڤاری (ئەگورە)دا بڵاو کردەوە. لەم یەکەم بڵاوکردنەوەیەدا، پاشناوی خۆی گۆڕی، دوو حەرفی سەرەتای Anczelـی هەڵگرت و لە کۆتایی ناوەکەی دانا، کردی بە Celan و بەمەیش ناوێکی شاعیری بۆ خۆی مسۆگەر کرد. لە ئایاری هەمان ساڵدا، گۆڤارێکی ڕۆمانی، بە تەرجەمەی ڕۆمانی، شیعری (تانگۆی مەرگ)ی بڵاو کردەوە، دواتر ناوی شیعرەکەی گۆڕی بۆ (فوگەی مەرگ)، کە بە بەناوبانگترین شیعری سیلان دادەنرێ. ئەورووپای دوای جەنگ، ئەورووپایەکی وێرانە بوو. ڕاونراوەکان و ئەوانەی لە قڕکردنی بە کۆمەڵ ڕزگاریان بووبوو، بێماڵ و سەرگەردان دەسووڕانەوە. هەر ئەو کاتە بوو، سیلان لە وڵاتی خۆیدا هەستی بە دڵنیایی نەدەکرد و بڕیاری دا پەڕاگەندەی وڵاتان ببێ.
لەنێوان ساڵی ١٩٤٧- ١٩٤٨دا ماوەیەکی کەم لە ڤییەنا بوو. ئەودەم لەوێ یەکەم دیوانی: (لمی گۆزەڵەکان Der Sand aus den Urnen) بڵاو کردەوە. کە چەند هێڵکارییەکی سووریالیشی تێدا بوو. لەوێ یەکەمجار شیعری (فوگەی مەرگ)ی لە پیشانگەیەکی سووریالییەکاندا خوێندەوە. هەر ئەودەمیش پێوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ ئینگێبێرگ باخمان‌ــدا بەست، باخمان لە نەمسا لە دایک بووبوو. باوکی ئەندامێکی چالاکی نازییەکان بوو، سیلان‌ـیش پەناهەندەیەکی جووی ڕوومانیا بوو. باخمان دوای ئەوەی لە چەند زانکۆیەک دەروونناسی و قانوونی خوێندبوو، لە ڤییەنا دەژیا، لەوێ بەشی فەلسەفەی دەخوێند و خەریکی نووسینی دکتۆرانامەکەی بوو لەسەر هایدگەر و هەر لە ڕێگەی ئەویشەوە سیلان ئاشنای فیکری هایدگەر دەبێت، دەست بە خوێندنەوەی بەرهەمانی دەکات و ئاشنای فیکری دەبێ. پاشان سیلان چووە پاریس و لەوێ ژیا، بەڵام بە نامە پێوەندیی لەگەڵ ئینگێبێرگ باخمان هەر هەبوو. هاوکات لەگەڵ کارکردن لە گارگە و وەرگێڕاندا، زمانی ئەڵمانی و زانستی ئەدەبی دەخوێند. پاشان وەک مامۆستای ئەدەب کاری دەکرد. ساڵی ١٩٥٢ لەگەڵ ژنە هونەرمەندی فەرەنسی، گیسێل لێسترانژ بوون بە ژنومێرد و دوو کوڕیان بوو. لە کۆتاییەکانی ساڵانی شەستدا، لەیەکدی جودابوونەوە.
سیلان لە ئابی ١٩٤٨، تازە هاتبووە پاریس. شیعر دەتوانێ چی لەبارەی ئەم دۆخەی زەمەنەوە بڵێ؟ یان چۆن سیلان، وەک ڕزگاربوویەک بتوانێ ئەم ئەزموونە بە هۆی زمانەوە بنووسێتەوە؟ ئەو توانی لە هەشت دیواندا ئەمە بکا. ساڵانی پەنجاکان خۆی لە پاریس و دیوانەکانیشی لە ئەڵمانیا بڵاو دەکرێنەوە. ناوەندە ئەدەبییەکانی ئەڵمانیا وەک شاعیرێکی زۆر گەورە پێشوازی لێ دەکەن و خەڵاتی دەکەن. پێوەندیی دۆستایەتی لەگەڵ هایدگەر دروست دەبێ و لە ماوەی نزیکەی بیست ساڵدا بە نامە پێوەندییەکی گەرمیان لەگەڵ یەکدی دەبێ.
کتێبیان بۆ یەکدی دەنارد و لەبارەی شیعر و فەلسەفەوە گفتوگۆیان دەکرد. وردەوردە ئەم پێوەندییەی سیلان و هایدگەر ساردیی تێکەوت. سیلان بە بەرهەمەکانی ئەو سەرسام بوو، بەڵام پڕ ڕق بوو لە لایەنگریی ئەم بیرمەندە گەورەیەی ئەڵمانی لە نازییەکان. هایدگەر قەت لای سیلان ڕەخنەی لە ڕابووردووی خۆی نەگرت، یان پەشیمانیی خۆی پیشان بدا.
لە ٢٤ تەمووزی ١٩٦٧ لە شاری فریبێرگ گەورەترین بیرمەندی سەردەم پێشوازی لە گەورەترین شاعیری سەردەم دەکات. فەیلەسوفەکە ناوی هایدگەر بوو، شاعیرەکەیش پاول سیلان بوو. هایدگەر ڕابووردوویەکی نازیی هەبوو، مامۆستایەکی نازیی زانکۆ بوو، ١٢ ساڵ ئەندامی حیزبی نازی بوو. سیلان‌ـیش جوویەکی ڕزگاربووی بەردەستی نازییەکان بوو. دایکوباوکی بە دەستی ئەوان کوژرابوون. ئەوان دوو کەسی ڕابووردوو تەواو پێچەوانەی یەکدی بوون، بەڵام تێگەیشتن لە فەلسەفە و شیعر بە یەکەوەی دەبەستنەوە.
سیلان داوەتکراوە لە پاریسەوە بێت و لە هۆلێ زانکۆی فریبێرگ، هەمان زانکۆی تییدا هایدگەر کاری دەکرد، شیعر بخوێنێتەوە. ئەودەم چەند ساڵێک بوو، سیلان باری دەروونی تەواو نەبوو. ئەو کاتیش سیلان لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی لە پاریس بوو و بە مۆڵەت هاتبووە دەرەوە. زێتر لە هەزار کەس هاتوون و هایدگەریش لە ڕیزی پێشەوە دانیشتووە. لەم کۆڕەدابوو دۆخەکە گرژی تێکەوت. سیلان بە شێوەیەکی ڕەق گوتی نامەوێ وێنە لەگەڵ هایدگەر بگرم.
دوای خوێندنەوەی شیعرەکان، هایدگەر ڕووی لە سیلان کرد و گوتی کە حەز دەکات داوەتی خانووی هاوینەی خۆی لە توتناوبێرگ بکا و لەوێ پیاسە بکەن و گفتوگۆ بکەن. سیلان بە داواکەی ڕازی بوو. ڕۆژی دوایی، ٢٥ـی تەمووز بە ئوتومبیل دەچنە ئەوێ. ئەم سەفەرەی ئەوان زۆر گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، زۆر کەس پێیوایە، دوای ئەم سەفەرە سیلان لە هایدگەر هەناسەسارد و بێهوا بووە. ئەوان دەگەنە خانووی هاوینەی هایدگەر لە توتناوبێرگ، کە بیرێکی ئەستێرەیی تێدابوو، ئاوی بیرەکە دەخۆنەوە و دەچنە ژوورەوە. سیلان لە دەفتەری میواناندا دەنووسێ – ”بۆ ناو دەفتەری میوانان بە نیگا لەسەر ئەستێرەی بیرەکە، بە هیوای هاتنی وشەیەک لەناو دڵەوە. ٢٥ـی تەمووزی ١٩٦٧. پاول سیلان.”
ئەوان لەم دەشتودەرە بەدەم پیاسەکردنەوە لەبارەی زۆر شتەوە دەدوێن. سیلان چاوەڕوانی ڕوونکردنەوە بوو لە هایدگەر، کە بۆ لایەنگری سەرسەختی نازییەکان بوو، بەڵام هایدگەر هیچی نەگوت و لەم بارەیەوە نوتقی لێوە نەهات. سیلان زۆر لێی بێهیوا بوو. لە گەڕانەوەیاندا بەرەو فریبێرگ، لەناو ئوتومبیل سیلان ڕوونتر لەگەڵ هایدگەر دەدوێ. لەمبارەیەوە لە نامەیەکدا بۆ گێسل‌ـی ژنی نووسیویەتی – هایدگەر نەیدەتوانی قەڵەم بەدەستەوە بگریت و هۆشیاری لەبارەی نازیزمەوە بدا؟
سیلان لە فریبێرگ‌ــەوە دەگەڕێتەوە نەخۆشخانەی دەروونی لە پاریس. شیعرێکی زۆر کورت بە ناوی (توتناوبێرگ)ـەوە دەنووسێ. ئایا ئەمە بێهیوایی ئەو بوو لە هایدگەر؟ لە شێعرەکەدا ئەو وشانەی کە لە دەفتەری میواناندا نووسی، هەیە: – ”وشەی لە دڵەوە هاتووی بیرمەندێک”.
ئەمە دوا یەکدیبینینیان نەبوو. هاوینی ساڵی دواتر، سیلان دەگەڕێتەوە فریبێرگ و لەگەڵ هایدگەر بەناو دەشت و چیاکاندا بە پێ دەگەڕێن. بەڵام لەبارەی ئەم سەفەرەوە هیچ زانیارییەک نییە. ئەوان دووجاری تریش یەکتریان بینی. کە سەرەتای ساڵی ١٩٧٠ بۆ دواجار یەکتریان بینی، سیلان باری دەروونی تەوا تێک چووبوو، زۆر لە هایدگەر تووڕە بوو و بەسەریدا هاواری کرد. هایدگەر گوتی: ”نەخۆشە – بێچارەیە”.
شیعرەکانی سیلان، پێوەستیی ژیان و ئەو ئەزموونانەی خۆیەتی لە سەردەمی شەڕدا– زیان، ڕاکردن، پەناهەندەیی و تاسەی ئەو کەس و شتانەی نەیبینینەوە، بەڵام باسی عەشقیش دەکەن. ئەندامی ئەکادیمیای سوێدی پرۆفیسۆر ئەندێرس ئولسۆن، کە هەم شیعرەکانی تەرجەمەی سوێدی کردووە، هەم بەردەوامیش لێکوڵینەوەی زانستی لەبارەیانەوە دەنووسێ. ئەو کاتەی بە ئەندامی ئەکادیمیای سوێدی هەڵبژێردرا، لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەوانێکدا گوتی: ”بۆ نموونە زۆر پێم گوناهە خەڵاتی نوبێل نەبەخشرا بە توماس بێرنرهارد. یان پاول سیلان”. ئەو لە پێشەکیی تەرجەمەی (شیعرە ڕۆمانییەکان)دا بۆ سوێدی، نووسیویەتی: ”بێگومان سیلان نەک تەنیا میراتی تازەگەریی بە زماننوێکردنەوەی بوێر گواستووەتەوە، ئەو بە شێوازێکی بێهاوتا شیعری کردووە بە ساختومانێکی شاهێدیی لەبارەی ئەزمووی توندوتیژیی، عەشق و پەناهەندەییەوە لە مێژووی سەتەی بیستی ئەورووپادا”.
سیلان بەهرەی فێربوونی زمانی هەبوو، ئەڵمانی، عیبری، ڕۆمانی، فەرەنسی و ئینگلیزی دەزانی. ئەڵمانی زمانی دایک بوو، هەر زوو لە دایکوباوکییەوە فێر بوو. ئەو هەر بە ئەڵمانیش دەینووسی و دژی جووتزمانی بوو – »تەنیا بە زمانی دایک مرۆڤ دەتوانێت ڕاستیی خۆی دەرببڕێت، بە زمانێکی بێگانە شاعیر درۆ دەکات.« ئەگەرچی ئەڵمانی زمانی جەللاد بوو، بەڵام سیلان باوەڕی وا بوو، کە دەبێ تەنیا بە ئەڵمانی بنووسێ. بەڵام لە بەرهەمەکانیدا ماوەیەک حاڵەتی شاز هەیە. ئەو کاتەی چووە بوخارست و لەوێ ژیا، نزیکەی چل پەخشان و شیعری نووسی، هەندێکیان بە شێوازی سووریالی، شازدە لەم تێکستانەیش بە ڕۆمانی نووسراون و بە شیعرە ڕۆمانییەکانی ئەو ناسراون. پاشان گەڕایەوە سەر زمانی ئەڵمانی. لەوێ لە بوخارست بوو، ناودارترین شیعری ”فوگەی مەرگ” بە ئەڵمانی نووسی، تەرجەمەی ڕۆمانی کرا و لە ئایاری ساڵی ١٩٤٧ لە گۆڤارێک کە لە بوخارست دەردەچوو بە ڕۆمانی، بڵاو کرایەوە.
سیلان هونەرمەندیێکی زمانەوانی بوو و بەوە ناسرابوو، وشەی نوێی دادەهێنا، کە لە زمانی ئاخافتندا نەبوون. ئەو بە ئەڵمانی دەینووسی، ئەگەرچی زمانی نازییە تاوانکارەکانیش بوو. بۆ ئەوەی بتوانێ بە ئەڵمانی شیعر بنووسێ، هەستی کرد پێویستی بە دۆزینەوەی زمانێکی تایبەت بە خۆی لەناو زمانی ئەڵمانیدا هەیە، – زمان لەناو زماندا. بۆ ئەوەی پێیەوە بتوانێ باسی قڕکردنی جووەکان و ئەو هەموو تاوانانەی نازییەکان لە سەردەمی شەڕدا کردیان، بکا.
”فوگەی مەرگ” Todesfuge/Dödsfuga شیعرێکی زۆر ناوداری ”پاول سیلان”ـە. لەنێوان ساڵی ١٩٤٤/١٩٤٥ نووسراوە. یەکەمجار ساڵی ١٩٤٧ تەرجەمەی ڕۆمانی کرا و بە ناوی ”تانگۆی مەرگ” بڵاو کرایەوە. ساڵی دواتر لە یەکەم دیوانیدا، بە ئەڵمانی بڵاو کرایەوە. خاسییەت و پێکهاتەی شیعرەکە وەک سەدا و تەبەقەی جودای مۆسیقا، فرەدەنگییە. فوگە Fuga وشەیەکی لاتینییە و واژەیەکی تیۆری مۆسیقایە، ئاماژەیە بۆ ئەو هەموو دەنگ و سەدا جودایانەی ژێ و ئامێری مۆسیقا، کە دووبارە دەبنەوە. شیعرەکە باسی ڕووداوی واقیعیی قڕکردنی جووەکان دەکات لە سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانیدا. ئەوسا نازییەکان لە زۆر ئۆردوگا، لە کاتی کوشتن و سووتاندنی جووەکاندا ناچاریان دەکردن گۆڕ بۆ خۆیان هەڵبکەنن و هاوکات بەشێکیشیان ناچار دەکران مۆسیقا بژەنن. بەم جۆرە مۆسیقایەیش دەگوترا ”تانگۆی مەرگ”.
لە شیعرەکەیشدا دەنگ و سەدا و بابەت دەگوڕێ. ”ئێمە”ی زیندانی هەیە، کە بەشیکیان مۆسیقا دەژەنن و هاوکاتیش بەشێکیان گۆڕی خۆیان هەڵدەکەن. ”جەللاد”یش هەیە، کە نامە بۆ ”مارگەریتا”ی خۆشەویستی دەنووسێت و فەرمان بە بەندکراوەکان دەکات گۆڕی خۆیان هەڵبکەنن. ”سولامیت”ــیش، ئەو کچەیە کە حەزرەتی سولەیمان ئاشقی بوو و لە ”غەزەلی غەزەلان/ گۆرانیی گۆرانیان”؛دا، بە شیعر عەشقی خۆی بۆ دەربڕیوە. لەوێ لە شیعری ژمارە ٦، کۆپڵەی ١٢ ناوی هاتووە. وەک دەبینین، شیعره‌کانی پاول سیلان له‌ تراژیدیایەکه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاون، که‌ ئاسه‌واری به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی ئه‌ورووپایی دوای شه‌ڕه‌وه‌ هه‌یه‌.
تیۆدۆر ئەدۆرنۆی فەیلەسوف (١٩٠٣ – ١٩٦٩) پێیوابوو – بەربەرییە لەدوای ئاوشویتس شیعر بنووسرێ. ئەمە تێگەیشتنێکی ڕاستە، چونکە سەختە بە هۆی نووسینەوە، یان تەنانەت گێڕانەوەیش، تەواو لە نەهامەتییەکانی شەڕ نزیک ببینەوە. بەڵام ئەم تێگەیشتنەیش ڕاستە کاتێ وەرگری خەڵاتی نوبێل، ئێمرێ کەرتێز (١٩٢٩ – ٢٠١٦) ئەم گوتەیەی ئەوی هەڵگەڕاندەوە و گوتی: – ”لەدوای ئاوشویتس مرۆڤ دەتوانێ شیعر تەنیا لەبارەی ئاوشویتسەوە بنووسێ”.
لێرەدا کە ناوی ”ئاوشویتس” دەهێنێ، مەبەست کات و شوێنێکی دیاریکراو نییە، مەبەست هەموو ئەورووپا و سەردەمی شەڕە، کە تێیدا بە شێوەیەکی سیستێماتیک جووەکانیان قڕ دەکرد. ئایا زمان توانای هەیە وێنەی ڕووداوەکان بکێشێ، وەسفی هەستی کوژراوەکان و بکوژەکان بکا؟ ئەگەر وەڵام نەخێر بێ، ئەدی چۆن بتوانین لە نەهامەتییەکانی ئەو سەردەم تێبگەین؟
بۆ ئەم مەبەستە، سیلان شێوازی تایبەت بە خۆی دۆزییەوە. هەر بەڕاستی وەک دەگوترێ زمانی ئەڵمانی تێکشکاند و زمانێکی تایبەت بە خۆی داهێنا، کە پڕە لە کۆد و وشەی نهێنی، تەنانەت حەرف و خاڵبەندەکانیش ئەرکیان هەیە. ئەم شێوازە زۆر سەختەی سیلانە، وا دەکات تێگەیشتن و تەرجەمەکردنی زۆر سەخت بێ. هەم لێکۆڵەر و هەم وەرگێڕ تووشی شیکردنەوەی هەڵە و وەرگێڕانی هەڵە ببن. باشە هەر لە ئێستاوە ئەوە بڵێم، کە- ئەم وەرگێڕانەی من، هەوڵێکە بۆ نزیکبوونەوە لە جیهانی سیلان، نەک چوونەناو جیهانەکەوە.
ئەوجا بۆ ئەوەی لە مێتودی نووسین و جیهانی سیلان نزیک ببینەوە، هەڵە نییە ئەگەر بە ڕێگەیەکی تردا بڕۆین، بچین مێتودێکی تەواو پێچەوانەی ئەو بدۆزینەوە. مێتودێک کە جیاوازییەکەی وەک جیاوازیی نێوان شەو و ڕۆژ و ڕەش و سپی بێ. ئەم مێتودە جودایەیش، شاعیری ئەمریکایی چارلس ڕیزنیکۆف (١٨٩٤ – ١٩٧٦) لە کۆتایی ژیانیدا دۆزییەوە، کە تەواو پێچەوانەی مێتودی نووسینی سیلانە و ئەو خۆی بە (مێتودی دەستکاریکردن) ناوی دەبا. مێتودێکە دەتوانرێ پێیەوە بە زمانێکی ئاسان، باسی بابەتی ئاڵۆز و سەخت بکرێ و زۆر لێیان نزیک ببێتەوە. ئەو هات بۆ شیعرنووسین و زۆر نزیکبوونەوە لە ڕووداوەکانی قڕکردن، سوودی لە بەڵگەنامە و پرۆتۆکۆلی گوتەی شاهێدەکانی دادگەی نورنبێرگ وەرگرت. هێڵی بەژێر ئەو دێڕ و وشانەدا دەکێشا، کە بۆ شیعر دەگونجێن و هاوکاتیش وێنەیەکی واقیعیی نەهامەتییەکانیان دەکێشا. ئەو هات و ئەم ماتریالانەی کردووە بە شیعر و ساڵی ١٩٧٥ لە دیوانێکدا بە ناوی (قڕکردن/ Holocaust) بڵاوی کردەوە.
مێتودەکەی ئەو خۆی لەم پێنج خاڵەدا چڕ کردووەتەوە:

  1. هەموو ئەو دێڕانەی جوان دیارن بنووسەوە.
  2. ورد سەرنج لە هەموو وشەکان بدە و وشە لاتینییەکان و هی ناپێویست دەربهێنە.
  3. ورد سەرنج لە مانای هەموو ڕستەکان لە ڕیزبەندی دیاریاندا بدە.
  4. ورد سەرنج لە ڕیتمی هەموو دێڕەکان بدە.
  5. پاشان بەوردی دەستکاریی بکە.
    چارلس ڕیزنیکۆف پێیوایە، شاهێدەکانی دادگە ڕووداوەکان وەک خۆیان دەگێڕنەوە و ئەمەیش ماتریالەکە زۆر گونجاو دەکات، چونکە بەم شێوەیە خوێنەر هەتا دەکرێ لە ڕەوتی ڕووداوەکان نزیک دەبێتەوە. ئەم دوو کۆپلە شیعرە، نموونەن لە شیعرەکانی.

”لەناکاو سێیان هەڵبژارد
سێ جووی ڕیشن
کە پیاوی سێیەمیان هەڵبژارد
کوڕەکەی گوتی: لە باوکم گەڕێن
من دێمە شوێنی ئەو
من ببەن!
ئەو س س‌ـەی باوکی ئەوی هەڵبژاردبوو گوتی:
”تۆیش وەرە!”
گوللە بە پشتەملی هەر چواریانەوە نرا:
گوللەکان لە نێواچەوانیانەوە دەرچوون.”

”ئەڵمانییەکەی کە خوشکی ئەوی کوشتبوو
ڕووی لەو کرد و
پرسی: ”لەپێشان کامتان بکوژم؟”
ئەو دەستەکانی کچە بچووکەکەی گرتبوو و وەڵامی نەدایەوە؛
ئەو بینی چۆن ئەڵمانییەکە منداڵەکەی لێ سەند
منداڵەکە قیژاندی و کوژرا.”

لە بەرسێبەری قڕکردنی جووەکاندا، سیلان زمانێکی بۆ ئەو شتانە دۆزییەوە، کە ناوهێنانیان سەختە. میکایل ڤان ڕێیس لە لێکۆڵینەوەکەیدا- دوا شاعیر. گوتارێک لەبارەی خۆڵەمێشی پاول سیلان‌ـەوە، کە بە سوێدی نووسراوە، باسی ئەوە دەکات چۆن سیلان لە شیعرەکانیدا بە وشە و حەرف، وشەی نهێنی بۆ ڕووداوە مێژووییەکان دۆزیوەتەوە. ئەو لە سەرەتای کتێبەکەیدا دەپرسێ ”شیعر چییە؟” و لە کۆتایی کتێبەکەیدا وەڵام دەداتەوە و دەڵێ: -”شیعر، بە دڵنیاییەوە زیاتر ئەوەیە تۆ ناتوانی پێشبینی بکەیت. /…/ شیعر لە دەرەوەی زانینەوە دەپەیڤێ، بەڵام هێندە بەهێز دەدوێ تۆ پەلهاویشتنی ئەوەتە کە هەمیشە بتەوەێ بزانیت”.
پاول سیلان لە شیعرێکدا دەڵێ:
(خۆڵەمێش.
خۆڵەمێش، خۆڵەمێش.
شەو.
شەو-و – شەو. – بڕۆ
لای چاوەکە، لای شێدارەکە.)
خۆڵەمێش، ئەم وشە بۆرە دڵتەنگکەرەیە، (بە ئەڵمانی Asche) کە جار لەدوای جار لێرە و لە زۆر شیعری تردا دووبارە دەبێتەوە، ئاماژەیەکی دیارە بۆ قڕکردنی جووەکان. ئەمە ئەم تاوانە گەورەیەیە، کە زمان توانای دەربڕینی نییە و ناتوانرێ وەسفی بکات.
وشەی خۆڵەمێش بە ئەڵمانی ”Asche” و پاشناوی سیلان‌ــیش Antschel بەر لە جێگۆڕینی هەردوو حەرفی An، لەنێوانیاندا لە ڕووی فۆنێتیکەوە – (ئەشێ – ئەنشێڵ) لەیەکچوونێکی سەیر هەیە. ڕەنگە ئەمە هۆیەک بێ لە جێگۆڕکێی دوو حەرفی پاشناوی.
ئەدی چاسیزم چۆن لە شیعرەکانی ئەم شاعیرەدا دیارە؟ شیکەرەوەی وا هەیە پێیوایە کە سیلان لە هەمان بناغەی چیرۆکی چاسیزمەوە شیعری نووسیوە. هی وایش هەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێمای نەریتی جووی تێدایە. سیلان خۆی لەم بارەیەوە هۆشیاریی لە بەستنەوەی شیعرەکانی بە ئایینی جوو، یان قەدەری جووەکانەوە داوە، هاوکات لەبارەی پێویستیی هەبوونی زانیاریی وردی پێشوەختە لای خوێنەر بۆ تێگەیشتن لە شیعرەکانی، زۆرجار گوتویەتی – زانیاری لەبارەی ئایینی جوو، یان چاسیزم لای خوێنەر گرنگن.
ئەو ناخۆشی و دەمەقاڵییەی لەسەر شیعری (فوگەی مەرگ) لەنێوان پاول سیلان و ئیمانوێل وایسگلاس (١٩٢٠ – ١٩٧٩) دروست بوو و ڕۆژنامەکانیش ڕۆڵی خراپیان لە تەشەنەکردنیدا هەبوو، پاول سیلان‌ــی زۆر دڵتەنگ و خەمبار کرد. ئیمانوێل وایسگلاس، ئەویش وەک سیلان، شاعیرێکی جووی ئەڵمانیزمانی ڕۆمانیا بوو. هاوڕێی قوتابخانە بوون. ئیمانوێل وایسگلاس شیعری (ئەو ER)ی نووسیبوو، بابەت و چەند دێڕێکی شیعری (فوگەی مەرگ)ی سیلان‌ــیش وەک ئەو بوو. دوای ئەوەی کە ئاشکرا بوو، شیعرەکەی ئیمانوێل پێش (فوگەی مەرگ)ی سیلان نووسراوە، زۆر کەس سیلان‌ــیان بەوە تاوانبار کرد، کە لەوی وەرگرتووە. بەڵام ئیمانوێل هەرگیز سیلان‌ــی هاوڕێی دێرینی بەوە تاوانبار نەکرد، بەپێچەوانەوە، ئەو زۆر سەرسام بوو بە توانای سیلان. ڕاستییش ئەوەیە، کە سیلان هەرگیز لەوی وەرنەگرتبوو. هەندێ کەسیش پێیان وایە، خۆکوشتنەکەی سیلان تا ڕادەیەک پێوەندی بەم مەسەلەیەوە هەیە.
سیلان بە شیعرەکانی ئەو بۆچوونەی فەیلەسوفی ئەڵمانی، تیۆدۆر ئادۆرنۆی بەتاڵ کردەوە، کە گوتبووی: – ”بەربەرییە لەدوای ئاوشویتس شیعر بنووسرێ”. ئاوشویتس گەورەترین ئۆردوگای زیندانی و لەناوبردنی جووەکان بوو. ئەو پێیوابوو، تەنانەت شیعریش ئەو توانایەی نییە، باسی مێژووی خوێناویی سەردەمی جەنگ و قڕکردنی جووەکان بکات. پاول سیلان ئەم تێگەیشتنەی پێ هەڵە بوو، ئەو پێیوابوو – لەدوای ئاوشویتس، چۆن شیعر بنووسرێ؟
لەدوای شه‌ڕی دووەمی جیهانیدا، کۆمه‌ڵێک نووسه‌ری جوو، ئه‌و کاره‌ساته‌ی به‌سه‌ریاندا هات، نه‌یانده‌توانی فه‌رامۆشی بکه‌ن. زینده‌خه‌ونێک بوو، له‌ کاتی به‌ئاگاییاندا. ئەوان به‌رگه‌ی ئه‌م ئازاره‌ ده‌روونییه‌یان نه‌گرت و خۆیان کوشت. پاول سیلان‌ــیش وا بوو، نه‌یده‌توانی ڕابوردووی خۆی فه‌رامۆش بکات. تا وای لێ هات باری ده‌روونی شێوا. چەند ساڵێک بەر لە مردنی، بە تەنیا و بێ خێزان و هـاوڕێ دەژیا. باری دەروونی باش نـەبوو، کـەوتبووە ناو حوزن و خـەمۆکییەکی گەورەوە. دوا شیعرەکانیشی لە دۆخێکی وادا نووسیون. لە کۆتاییدا حوزن و خەمۆکی بەسەریدا زاڵ دەبن و ژیانی لێ دەستێننەوە.
شـەوی ٢٠ـی نیسانی ١٩٧٠، لە مـاڵەکەی، لەسـەر شـەقـامی ٦، ئێمیل زۆڵا لە پاریس، دەچێتە دەرەوە. چەند ڕۆژێک پێشتر، دەبوو لەگەڵ ئێریک‌ــی کـوڕە مێرمنداڵەکەی، چـووبان نمایشی شـانۆنـامەی– لە چاوەڕانیی گۆدۆدا-ـی بێکت ببینن، بەڵام نەچووبوون. کاتێک ژنی پێشووی، گیسێـل دەچێتە ماڵەکەی، ئەڵقە و سەعاتی دەستی پاول سیلان لەسەر مێزی ژووری نووستن دەبینێ. ئەمە نیشانەیەکی ڕوونی ماڵئاوایی بوو، کە پێشتر بە ئەوی گوتبوو. سیلان ئەو شەوە خۆی هەڵدابووە ناو ڕووباری سێن و خنکابوو. دوای هەفتەیەک تەرمەکەیان دۆزییەوە.
ئەمڕۆ پاول سیلان بە شاعیرێکی زۆر گرنگی ئەڵمانیزمانی دوای شەڕی دووەمی جیهانی سەرنجی لێ دەدرێ و ئه‌ده‌بناسه‌کان به‌ یه‌کێک له‌ شاعیره‌ گه‌وره‌کانی ئه‌ڵمانیزمانی دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهانی داده‌نێن.

ڕزگار شێخانی
ستۆکهۆلم، تەمووزی ٢٠٢٠

Previous
Next