بیرەوەرییەک لەگەڵ مامۆستا شێرکۆ بێکەس … نووسینی: ستیڤان شەمزینی
وا بزانم یەکەم جار مامۆستا “شێرکۆ بێکەس”م ناسی، ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکان بوو. هەرچەندە مامۆستا لە گەنجییەوە ئاشنای باوکم بوو، هەر بەیەکیشەوە نەفی خوارووی عێراق کران، بەڵام ناسینی خۆم لەگەڵیدا وەک وتم لە ناوەڕاستی نەوەدەکان بوو. جیا لەوەی مینا گەنجێک زۆر سەرسام بووم بە توانا شیعرییە لە راددە بەدەرەکەی، هەمیشە هەڵوێستەکانی ئەم پیاوە مەزنە سەرنجی راکێشاوم. بە تایبەت کاتێک دەستی لە وەزارەت هەڵگرت و بە دەنگێکی دلێر وتی “چۆن دەتوانم وەزیری رۆشنبیریی بم و سنگی وشە و رۆژنامە بە قەمە هەڵدڕن”.
هەر لە نەوەدەکاندا کە بەرەو رووبوونەوەی هێزەکان بە تایبەت لایەنگرانی کولتووری باو و کونسەرڤاتیزمەکان و هێزە نوێباوەکان ببووە رووبەڕووبوونەوەیەکی جیددی، شێرکۆ بێکەس هەمیشە لە سەنگەری هەڵوێستدا بوو لە بەرانبەر ئەو رەوتانەی پارێزگارییان لە سەنگەری دواکەوتوویی دەکرد. لەسەر مەسەلەی ژن و عەلمانیەت و ئازادیی بیروڕا و مەدەنیەت و دیموکراسی هەڵوێستی روونی هەبوو، داکۆکی ئەو لەو بەهایانە قابیلی هیچ جۆرە سازشێک نەبوو. ئەمە هەقیقەتێک نییە تەنیا من هەستم پێ کردبێت، بەڵکو راستییەکە وەک ئەڵماس دەدرەوشێتەوە.
بیرم دێتەوە ساڵی 2000 لەو ساتەوەختەی یەکێتی بە سەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا پەلاماری حزبی کۆمۆنیستی دا، من و هاوڕێیەکی ترم کە پەیامنێری رادیۆی حزبی کۆمۆنیست بوو، چووین بۆ لای مامۆستا بۆ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. ویستمان هەڵوێستی بزانین لە بارەی ئەو رووداوە، ئەوەی ئێمە بینیمان مامۆستا لە ئێمە تووڕەتر بوو، لە ئێمە نیگەرانتر بوو، بۆیە رۆڵی سەرەکی بینی لەو پرۆتستۆیەی کە لەلایەن 40 نووسەر و رۆشنبیری شاری سلێمانییەوە دژ بە ئەو پەلامارە دەرچوو، کە دواتر مام جەلال ئەو 40 رۆشنبیرەی بینی و لەوێش مامۆستا بە توندیی رەخنەی لەو هەڵوێستەی یەکێتی گرت. بەڵام مام جەلال بێئاگایی خۆی لە شێوازی ئەو پەلامارە نیشاندا، بێگوومان دوای ئەو سەردانە لەسەر بڕیاری مام جەلال کوشتاری کۆمۆنیستەکان کۆتایی هات.
من ئەم شاهیدییە بۆ مێژوو دەدەم، هەر ئەو کاتەی یەکێتی بڵاوکراوە و ئەدەبیاتی حزبی کۆمۆنیستی قەدەغە کردبوو، من و هاوڕێکەم بەردەوام سەدان رۆژنامەی بۆپێشەوە و بڵاوکراوە و بەیاننامەی حزبمان دەبردە ناو دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و بڵاومان دەکردەوە. جگە لەوەش خودی مامۆستا سپانسۆری رۆژنامە و بڵاوکراوەکانی دەکرد. هەموو مانگێک مامۆستا شێرکۆ بڕی 100 دیناری سویسری “کە بۆ ئەو رۆژگارە کەم نەبوو”، دەدایە دەستی ئێمە بە مەبەستی سپانسۆریکردن بۆ رۆژنامەکانی حزبی کۆمۆنیست، هەر لەناو دەزگای سەردەم هەریەک لە بەڕێزان “کاک ئازاد بەرزنجی، کاک رێبین هەردی، مامۆستا رەئوف بێگەرد، ئاسۆ جەبار” ئەوانیش بە بڕێک پارە سپۆنسەریی رۆژنامەکانیان دەکرد، بەڵام ئەوەش هەمووی بۆ ئازایەتی و چاولێکردنی شێرکۆ بێکەس دەگەڕایەوە.
ئێوارەیەکی پایزی ساڵی 2000 هێشتا سەفەرم نەکردبوو بۆ تورکیا، لە کوردستان بووم، زیاتر لە 100 رۆژنامە و 200 بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستم پێ بوو، هەستم دەکرد لە نزیک گەڕەکی خۆمان چاودێریی دەکرێم، بە خێرایی خۆم فڕێدایە ناو پاسێکی گەڕەکی بەختیاری کە بەرەو بازاڕ دەڕۆیشت، دوو لە ئاسایشەکان بە خێرایی خۆیان هەڵدایە ناو پاسەکەوە، بەڵام چاوەڕوانیان دەکرد، لەگەڵ دابەزینم دەستگیرم بکەن. هەر ئەوەندە گەیشتمە ئاستی فولکەی یەکگرتن، ئافرەتێک لەو مەوقیفە دابەزی و منیش لە جامی کۆستەرەکەوە خۆم هەڵدایە خوارەوە و بەرەو دەزگای سەردەم هەڵهاتم کە 200 مەترێک لێمەوە دوور بوو، بە شەڕەشەق خۆم گەیاندە ناو دەزگای سەردەم و یەکسەر بەرەو ژووری مامۆستا رامکرد، خوا بەوە روحمی کرد خۆی لەوێ بوو، دوو ئاسایشەکەش لە بەردەم دەرگای سەردەم وەستابوون، حاڵ و وەزعەکەم لە مامۆستا گەیاند و ئەویش هاتە دەرەوە و ئاسایشەکانی ئیحراج کرد، یەکێک لە ئاسایشەکان وتی: مامۆستا لەبەر خاتری تۆ پیاویشی کوشتبێت وازی لێ دەهێنین. ئیتر ئەو ئێوارە دەعوەتی مامۆستا بووم و شەوەکەشی پێکەوە خواردمانەوە.
شتێکی تر کە لە بیرم ماوە ئەوەیە، مامۆستا هەمیشە دەیووت ئەم ستیڤانە و هاوڕێ رۆژنامەنووسەکەی وەک سیکۆتین وان پێتەوە دەلکێن تا چاوپێکەوتنت لەگەڵ نەکەن وازت لێناهێنن. چیرۆکی ئەمەش دوای ئەوەبوو ویستمان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەنجام بدەین، بەڵام لەسەر سەفەر بوو، وا بزانم بۆ سوێد، ئێمەش وتمان دەی قەینا دوای سەفەرەکە، دوای دوو مانگێک چووینەوە بۆ لای، وتی ئەی هاوار چۆنتان بیر ماوە، ئەم جارە هەرچی چۆنێک بوو خۆی لە چاوپێکەوتنەکە دزییەوە، رۆژێکی دی چووین میوانێکی زۆری هەبوو، پێموابێت میوانەکان عەرەبی غەیرە عێراقی بوون، هەرچی چۆنێک بوو هەلێکمان قۆستەوە و دیمانەکەمان لەگەڵیدا ئەنجامدا. دوای ئەوەی دیمانەکەش تەواو بوو رووی کردە کاک ئازاد بەرزنجی و بە دەم پێکەنین و نەفەسێک قووڵی جگەرەکەیەوە وتی: کەس نییە لە دەستی ئەم دووانە رزگاری بێت، ئەمانە سیکۆتینن کە پێتەوە لکان هەر دەبێت دیمانەکەیان بۆ بکەیت. دوای ئەوەش دایە قاقای پێکەنین و وتی ئێوەم خۆشدەوێ زۆر دەمێکە دەزانم سەرقاڵن و کۆڵ نادەن.
تێبینی: ئەم وتارە رۆژی 8-8-2013 نووسراوە و پاشتر لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 224-226 چاپ و بڵاوکراوەتەوە