Skip to Content

پرسیاری بچووک لە دیاردەی گەورە کۆتایی داعش یان سەرەتایەکی تر؟ … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

پرسیاری بچووک لە دیاردەی گەورە کۆتایی داعش یان سەرەتایەکی تر؟ … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by August 10, 2020 General, Opinion

رۆشنبیرانی ئێمە نەک دیاردە بچووکەکان نابینن، بەڵکو باز دەدەن بەسەر دەرکەوتە گەورەکانیشدا. داعش دیاردەیەکی نوێ بوو بۆ ناوەڕۆکێکی دێرین. لە هەمان کاتدا فینۆمینێکی پۆلەتیک- ئاینیی گەورە بوو. “من یەکەم نووسەری کورد بووم کتێبێکم لەسەر داعش نووسی و چاپکرد لە بەهاری 2015دا”. بەڵام لەناکاو و بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەری هاوشێوەی فراوانبوونی قەڵەمڕەوەکەی، داعش بوو بە داشێکی سووتاو!!، بەو قەبارە مەترسیدار و تۆقێنەرەی هەیبوو لەبەرچاو ونبوو. بۆ رۆشنبیرانی ئێمە گەشەکردنی بەپەلە و پووکانەوەی تیژتێپەڕی ئەو دەوڵەتە تیرۆریستییە وەک رێکخراوێکی مونسەجیم جێی گوومان و پرسیار نەبوو!. چوونکە رۆشنبیری کورد نەک توانای پرسیاری مەزن و شرۆڤە پێشهاتە گەورەکانی نەماوە، بەڵکو دەست و پێ سیپترە لەوەی پرسیاری بچووک لە دیاردەی گەورە بکا و خوێندنەوەی لاوەکیشی بۆ ئەگەرەکان هەبێت. هەموو پێکڕا قاچ لەو ئاوە لێڵە دەخشێنن میدیا و سیاسییەکان لەسەرەوە دەیڕژن. لە باشترین حاڵەتدا بوونەوەرێکن مێشکیان خاڵییە لە پرسیار و هەگبەیان بەتاڵە لە وەڵام. هەموو پێکڕا بوونەتە شرۆڤەکاری هەواڵ و رووداو، نەک پێش رووداوەکان بکەون و سەرنج و دیدگاکانیان بۆ پێشهاتی ئایندەی نزیک یان دوور بخەنەڕوو.
دیارنەمانی داعش لەسەر شانۆی سیاسیی و کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، زۆر رەهەندی جۆراوجۆری هەیە، ئەگەر بوعدێکی بریتی بێت لە تەواوبوونی رۆڵی ئەو رێکخراوە لە دراما سیاسییەکەدا، ئەوا بەشێکی تری سیناریۆکە بریتییە لە رۆڵدان بە رێکخراوێکی تری هاوشێوە لە داهاتوودا. لێ داعش ئێستاکە رۆڵێکی کۆمبارسانە لەسەر شانۆکە ئەدا دەکات، بەڵام بەم پەلەقاژانە ناتوانێت بگاتە داهاتوو، بەڵکو حەتمییەتی واقیعەکە ئەوە دەردەخات، داعش کۆتایی هات، هەروەک چۆن پێشتر ئەلقاعیدە کۆتایی هات، سەرباری ئەوەی لێرەو لەوێ توانای چالاکی بچووکی تیرۆریستی بۆ چەند ساڵێکیش مابوو. بەڵام ئایا تیرۆریزمی ئیسلامی کۆتایی هاتووە، یان کۆتایی داعش سەرەتایەک نییە بۆ دەرکەوتنی رێکخراوێکی تری تیرۆریستی یونڤرساڵ؟.
وەڵامدانەوە بەو پرسیارە، زەحمەتێکی زۆری پێویست نییە، لە روانگەی ئەوەی هێشتا ئەو زەمینە کولتووریی و ئابووری و سیاسییەی مامانی تیرۆریزمی ئیسلامییە وەک خۆی ماوە و تاکو بەئەمڕۆ دەگات هەمان تێڕوانینی نەقڵی نەک عەقڵی سایەی بەسەر موسڵماناندا کردووە، هەروەک توێژەری فەڕەنسی “گی میلییەر” لە کتێبەکەیدا “کێشەکانی فیکری ئیسلامی” پێداگریی لێدەکات “هێشتاش جیهانی عەرەبی و ئیسلامی مەحکومە بە پێوەرەکانی سەدەکانی ناوەڕاست”. ئەگەرچی تاریکیی سەدەکانی ناوەڕاست تایبەتە بە کۆمەڵگە رۆژئاواییەکان، بەڵام ئەو بەراووردە جۆرێکە لە میتافۆر. ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تر، ئەگەر توندڕەویی ئیبن تەیمییە لەژێر کاریگەریی رووخانی ئیمپراتۆریای ئیسلامیدا بووبێت ئەوە هەمان دیمەنی داڕووخانی کۆمەڵگە عەرەبیی و ئیسلامییەکان فاکتۆرێکی بەهێزن لە پەرەپێدانی هزری توندڕەویی ئیسلامی، بە جیاواز لەو تەمویلە ماددییەی لەلایەن سعودیە و وڵاتانی کەنداوەوە بۆ ئەکتیڤکردنەوەی بیروبۆچوونی وەهابی و سەلەفیزم تەخشان و پەخشان دەکرێت. ئەگەر دیقەت بدەین بە وتەی “کۆرتین وینزەر” تەنیا لە دوو دەیەی نەوەدەکان و دوو هەزارەکاندا، وڵاتێکی وەک سعودیە 87 بلیۆن دۆلاری بۆ تەشەنەپێکردنی هزری وەهابیزم خەرج کردووە، کە ئەم بڕە دوانزە هێندەی خەرجی یەکێتی سۆڤێتی پێشووە لە ماوەی هەفتا و چوار ساڵدا بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای سۆسیالیستی و یارمەتی بزووتنەوە کۆمۆنیستییەکان لەهەر چوار قوڕنەی دنیادا.
جیا لەوانەش وەک دەبینین رۆشنبیریی سەلەفی ئیخوانی و وەهابیستی رۆشنبیریی باڵادەستن لەتەواوی ئەو جیهانەی پێی دەوترێت جیهانی عەرەبی یان ئیسلامی، ئەوەتا لەم چەند مانگەی پێشوودا مردنی بیریاری ریفۆرمیستی ئیسلامی بە رەگەز سووریایی “محەمەد شەحرور” بە بێدەنگی بەناو جیهانی ئیسلامی و عەرەبیدا تێپەڕی، ئەمەش وەک بەڵگەیەک بۆ هەرەسی رەوتی ریفۆرمخوازی ئاینیی کە دەکرێت بڵێین مەرگی شەحرور مەرگی دوا ریفۆرمخوازی ئیسلامی بوو لە دوای مردنی نەسر حامد ئەبوزەید و محەمەد ئەرگۆنەوە. لە کاتێکدا تەنیا کتێبی “الکتاب و القران”ەکەی شەحرور بوومەلەرزەیەکی هێندە بەهێزبوو لە کاتی خۆیدا، لە وەڵامدا پانزە کتێبی تری لێکەوتەوە. لە بەرامبەردا زۆرترین داواکاریی لەسەر ئەو کتێبانە بە دیدێکی سەلەفی و رادیکاڵی ئیسلامیانە نووسراون “وەک لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر زۆرترین فوکۆس لەسەر کتێبە ئیسلامییەکان بوو”.
بۆ رەهەندێکی تری بەرسڤ بەو پرسیارەی لای سەرەوە، ناچار دەبین بگەڕێینەوە بۆ لای کتێبی “ادارە التوحش”. ئەگەرچی ئەو کتێبە بە ناوێکی خواستراوەوە چاپ بووە، ئەمە هیچ لە گرنگییەکەی بۆ سەلەفییە جیهادییەکان کەم ناکاتەوە، بەڵکو لای زۆرێک بە ئینجیلی رێکخراوە جیهادیی و تەکفیرییەکانی لە قەڵەم دەدرێت، بەو پێیەی مانیفیستۆیەکی نوێباوی تیرۆریستییە بۆ چالاککردنەوە و رێکخستنەوەی پاشماوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە بۆتەی رێکخراوێکی نوێتردا. ئیدارە تەوەحوش ئەو کتێبە بوو توانی فۆرمۆڵەی داعش بکاتەوە لەسەر داروپەردووی ئەلقاعیدە و رێکخراوی تەوحید و جیهادی زەرقاوی. هێزی ئەوەی هەبوو داعش بهێنێتە سەر شانۆی سیاسیی و سەربازیی، لێ لەم بوارەدا هاشا لە رۆڵی دەزگا هەواڵگریی چەندان وڵاتی هەرێمی و جیهانی ناکرێت، سا ئەوەش فاکتێکی حاشاهەڵنەگرە بێ ئەو کتێبە مومکین نەبوو ئەو هەموو گەنجە بەو بڕوایەوە لە هەموو لایەکی دنیاوە خۆیان بگەیننە ریزەکانی داعش.
ئەگەرچی کتێبی “ادارە التوحش” تاکە کتێبی عەقیدەیی و بنەمایی نییە لە راستای فیکری گروپە رادیکاڵە جیهادیی و تەکفیرییەکان، بەڵام کتێبەکە ئاستێکی باڵای هەیە و هاوچەرخانە ئەنالیزی دیاردەی توندوتیژیی دەکات و کۆمەڵێک ئارگۆمێنتی تێدایە کە بۆ هەر موسڵمانێک قابیلی نکۆڵیکردن نییە و بۆی هەیە بڕوای پێ بهێنێت. لێ ناوەڕۆکی کتێبەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کوشتن و توندوتیژیی دیاردەیەکی سروشتکرد و خۆڕسکە، وەک هەمووان ئیسلامییەکانیش مافی بەکارهێنانی ئەو توندوتیژییەیان هەیە. لە هەمان کاتدا کتێبەکە وەک تەواوکاری کتێبەکانی “سەید قوتب” بە تایبەت کتێبی “معالم فی الگریق” خۆی دەنوێنێت، روونیشە سەید قوتب نوێنەری ئەو دیدگا ئاینییە ئیسلامییە بوو ئیبن تەیمییە لە حەنبەلیزمەوە پەرەی پێدا و ئەوانیش لە سەرچاوە رەسەنەکانی ئاینی ئیسلامەوە هەڵیانهێنجابوو. ئەگەر “د.شاکر ئەلنابلوسی” پێش دە دوانزە ساڵێک ئەمەی وتبێت “سەید قوتب مەمکی تەڕوبڕی فێندەمینتالیزمی ئیسلامی هاوچەرخە”. ئەوە ئیدارەی تەوەحوش ژیاندنەوەی ئەو مەمکە بوو، بۆ چەندین دەیە و قۆناغی تریش لە مەترسی وشکبوون رزگاری کرد.
بە کورتی ئەم کتێبە تا ئەم ساتەوەختەش قورئانی ئەو بزاوت و کەسایەتییە رادیکاڵ و سەلەفیانەن بڕوایان بە حوکمی “جیهاد” تاکو “رۆژی قیامەت” هەیە. لە سیمای ئەم رۆژانەی ناوچەکەدا ئەوە دەبینرێت، هەموو لایەک بە خۆشحاڵییەوە سەرقاڵی بردنی تابووتی مەرگی داعشن بۆ گۆڕستان، کەچی تارمایی لە دایکبوونەوەی رێکخراوە هاوشێوەکان نابینن!. لەم نێوەندەشدا نوخبەی کورد سەرگەرمی شەڕێکی گەرمی نێوخۆییە تا کاتێک دەزانێت لە بەشی دووەمی دراماکەدا، داعش بە بەرگ و ناوێکی تازەوە وەک رێکخراوێکی مەترسیدار لەبەردەمیدا قووت دەبێتەوە. من لە ئێستاوە بۆنی بارووتی تیرۆریزمی ئیسلامی و خوێنی رژاوی خەڵک کاسی کردووم. پرسیار ئەوەیە سیاسەتمەدار و رۆشنبیری کورد تۆ لە کوێیت و سەرقاڵی چیت؟.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
سوێد – ستۆکهۆڵم

Previous
Next