Skip to Content

پرسیارکردن و ماهییەتی پرسیار  لە کورتە چیرۆکی ” نەنکم (کەتان)” ی جەلال قادردا…عەبدوڵا سلێمان (مەشخەڵ)

پرسیارکردن و ماهییەتی پرسیار لە کورتە چیرۆکی ” نەنکم (کەتان)” ی جەلال قادردا…عەبدوڵا سلێمان (مەشخەڵ)

Closed
by ئاب 12, 2020 General, Literature

دەق و لێکۆڵینەوە

دەقی چیرۆکەکە

نەنکم (کەتان)

لەسەرەتای ساڵانی حەفتەکان منداڵێکی بچکۆلانە بووم، لەگەڵ براو خوشکەکانم لە خانوویەکی بە خشت دروستکراو لە گەڕەکێکی هەژارنشینی پڕ لە قوڕوچلپاو دەژیاین . نەنکم ( کەتان )ش کارەکەری ماڵە دەومەڵەکانی دەکرد، بە تەنەکە و خشت وکەرتە بلۆک ژوورێکی لە گۆشەیەکی خانوەکەمان دروست کردبوو.
لە سەردەمی منداڵیم بە پرسیارکردن هەموو کەسێکم بێزار دەکرد ، لەبیرمە نەنکم لە گیرفانی سەڵتەکەی شیرینیەکی دەردەکرد و پێیدەدام ، دەیگوت : دەمت داخە چیتر پرسیار مەکە.
وەک لەبیرم بێت پرسیارەکانم دەربارەی ماڵە دەوڵەمەندەکان بوو . دەمگوت : دەبێ ڕەنگیان چۆن بێت و منداڵەکانیان بەچی یاری کەن ؟ هەمیشەش خەیاڵم لای ئەوە بوو ڕۆژێک لە ڕۆژان نەنکم لەگەڵ خۆی بمبات ، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بۆنی چێشتی ناو مەنجەڵ کەم.
هەموو بەیانیانێک بەدوای نەنکم (کەتان) ڕامدەکرد و دەگریام ، دەمگوت بمبە لەگەڵ خۆت. تا ڕۆژێکیان دڵی نەرمبوو پێکەوە سواری (تێمسەکانی ) شار بووین، چووین بۆ گەڕەکی ( عەرەفە ) کە کەوتۆتە قەراخ بیرە نەوتەکانی شارەکەم .
نەنکم ژنێکی قەڵە و بەخۆ بوو کاتێ ڕێی دەکرد ئەژنۆکانی ئازاریدەدا ، من لەبەردەمی هەڵبەزهەڵبەز ڕامدەکرد و دەمڕوانییە ئەو لقە دارانەی کە سێو و پرتەقاڵەکانیان بەسەر دیواری دەرەوەی ماڵەکان شۆڕ ببوونەوە.
وتم : نەنە ئێرە بەهەشتە ؟

  • ئەی پێنەگەی …پێمنەگوتی چیتر پرسیار مەکە!
  • نەنە دایکم پێیگوتم بەهەشت پڕ لە سێو و پرتەقاڵە!
    نەنکم وەڵامی نەدامەوە ..بەس من و براکانم ئەو خواردنانەی نەنکم بۆ مانی دەهێنایەوە ناومان نابوو (خواردنەکانی بەهەشت) ..چونکە لەماڵی ئێمە بە مانگیش بۆنی گۆشتمان نە دەکرد، بە ساڵیش جل و بەرگی جوانمان نەدەپۆشی. جەژن بەجەژن باوکم لە توانای بوو پارە کۆ بکاتەوە و کراسێکی نوێ بۆ برا و خوشکەکانم بکڕێ. من نەگبەت بووم هەرچی کراسی برا گەورەکەم هەبوو بۆیان هەڵدەگرتم و دەبوایە لەبەری بکەم. خوا خێری نەنکم ( کەتان ) بنووسێ جار جار کراسی ڕەنگینی بۆ دەهێنام .
    لەبەردەم دەرگایەکی مەزن ڕاوەستاین نەنکم شارەزا بوو دەستی بە دوگمەیەکەوە نا دەرگا کرایەوە. یەکەم جارمبوو چاوم بە حەوشە و باخچەیەکی وا فراوان بۆن خۆش بکەوێت. چوار ئەوەندەی ماڵی ئێمە دەبوو وتم : نەنە بۆ دەرگاکەیان ئەوەندە گەورەیە ؟ وتی : کوڕم ئەوە ئۆتۆمبیلی پێ دێتە ژوورێ !
    لە باخچەکەیان جۆلانەیەک دانرابوو بەپەلە ڕامکرد تا سواری جۆلانەکە بم کەچی پێم لە فریزی باخچەکە خزا و بەسەردەم کەوتم . خەریک بوو بگریم، کاتێ نەنکم بینی پەشیمان بوومەوە گوتم گەر بێزاری کەم جارێکیتر نامهێنێتەوە بۆ ئەم بەهەشتە !
    نەنکم وتی : کوڕم پەڵە مەکە ئێمە تا ئێوارە لێرەین .
    ئێمە تەنیا ڕۆژانی جەژن دەچووین بۆ سەیران و سواری جۆلانە دارینەکان دەبووین، کەچی لەم ماڵە هەموو ڕۆژێک سەیرانە. بۆیە گوتم ئەگەر بگەڕێمەوە ماڵ بەدایکم دەڵێم با فێرە نوێژم بکات بەڵکو خوا ئێمەش بنێرێ بۆ بەهەشت. بەو خەیاڵەش نەوەستام دەمگوت منداڵانی گەڕەکیش فێرە نوێژ دەکەم تا ئەوانش کۆشکێکیان هەبێت و تێربن لە خواردن و میوە خۆشەکانی بەهەشت !.
    نەنکم بینی دەستی کرد بە گیرفانی سەڵتەکەی و کلیلێکی بچکۆلانەی زەردی دەرهێنا و دەرگای ژووری ماڵەکەی کردەوە و چووە ژوور ..منیش جۆلانەکەم بەجێهێشت و بەدوای نەنکم خۆم کرد بە ژوورا .
    ناو ماڵەکە هۆلێکی فراوانی لێبوو، لەناوەڕاستیدا مێزێکی دار ساجی درێژ و پان، شەش کورسی بەدەور دانرابوو. بە نەنکم وت : نەنە ئەم ماڵە لێرە دادەنیشن و نان دەخۆن و دەنوون؟
    وتی : نا کوڕم ، لێرە نان دەخۆن ، ژووری نوستنیان جیایە!.
    لە ژێر پەنجەرەی چێشتخانەکە مەخسەلەیەکم بینی چەند پەرداخێکی شووشەیی گوڵداری لەسەر بوو . نەنکم دەستیکرد بە شۆرینی پەرداخەکان ، منیش لە پەنجەرەکەوە دەمتوانی کەپرێک ببینم بە بۆڵە ترێ داپۆشرابوو ، مێزوکورسی قەفەز داری لە ژێرا بوو .
    لە بیرمە دایکم دەچوو بۆ ناو زەڵکاو قامیشەڵەکانی دەم خاسە هەرچی لقە قامیش و حەیزەران هەیە کۆی دەکردەوە. پاشان بە پەنجەکانی پێی دەیچنی و حەسیری لێ دروستدەکرد و لەسەری دادەنشتینن، سەبەتەیەکشی دروستدەکرد بۆ نانە ڕەق .
    نەنکم دەرگای دۆلابێکی کردەوە پڕ بوو لە میوە و شەربەت. ئنجا دۆلکەیەک ئاوی ساردی دەرهێنا و پەرداخێ ئاوی ساردی خواردەوە ..نیوەی پەرداخەکەی پڕ لە ئاو کرد و دایە دەستم .
    منیش ئاوەکەم خواردەوە بەڵام پەرداخەکە بۆنێکی سەیری لێوە دەهات .
    ئێمە لە ماڵی خۆمان بە جامی فافۆن ئاومان دەخواردەوە. لە جیاتی دۆلکە شەربەیەکمان هەبوو!.
    بە نەنکم وت : نەنە ئەم دۆلابە سپییە چییە ؟
  • : کوڕم ئەمە سەلاجەیە ، شت بە ساردی ڕادەگرێ!
    ئێمەش لە ماڵەوە لە ژێر نەردەوانەکەمان کوپەیەکمان هەبوو ئاوی بە فێنکی ڕادەگرت!.
    ئنجا نەنکم هەڕەشەی لێکردم وتی : نابێت دەست لە هیچ شتێ بدەیت ..چیت ویست داوا لە من دەکەی. ئەگەر عاقڵبیت دوو چوکلێتت دەدەمێ .
    دڵی خۆشکردم ..بەچوکلێتێک دەممی شیرین کرد .
    ژوور بە ژوور منی لەگەڵ خۆی گردا ..ژووری خەوی منداڵەکان پڕ لە بوکەلانە و جۆرەها یاری بوو.
  • : نەنە من تا ئێوارە لەم ژوورە یاری دەکەم و نایەمە دەرێ .
  • : نا کوڕم نابێت تۆ دەست لەو یارییانە بدەیت. ئەمانە هەمووی یاری کوڕە گەورەکەیانە ، دایکی بۆ یادگاری بۆی هەڵگرتوون .
    بە دیواری ژوورەکە وێنەی منداڵێکم بینی وتم : ئەوە نییە نەنە منداڵیان هەیە .
    نەنکم وتی : نا کوڕم ئەوە وێنەی منداڵییەتی ..ئێستا ئەم کوڕەیان گەورە بووە .
  • : ئەی نەنە بۆ ئێمە هیچ وێنەیەکمان نییە لە ماڵەوە.
  • : نەمگوت چیتر پرسیار مەکە!
    لە بیرمچوو بەڵێنم دابوو لەم گەشتەم دەمم داخەم. ئاخر چۆن دەکرێت ئەم شتە سەیروسەمەرانە ببینم و پرسیارنەکەم !.
    وێنەکە وەک لەزگە بە قەد دارێکەوە نووسا بوو، کوڕەکە فانیلەیەکی شینی خەت سپی لەبەردابوو . هاتە یادم هەمان کراس بوو براکەم لەبەری کردبوو بۆ ڕۆژی جەژن . پێکەنیم .. بۆم ئاشکرا بوو کە براکەشم کۆنە کراسی ماڵە دەوڵەمەندەکان لەبەر دەکات .
    لە ژوورەکانیتر کۆمەڵێ وێنەی ئەندامانی خێزانەکە هەڵواسرابوو ..یەک وێنە سەرنجی زۆر ڕاکێشام پیاوێک بە دەرپێ قوندەیەکەوە دەستی بەرز کردبووەوە ،لاموابێ خاوەن ماڵەکە بوو. لە نەنکم پرسی : توخوا نەنە بێزار مەبە ..پێمبڵێ ئەم پیاوە لە خوا دە پاڕێتەوە .
    نەنکم وتی : نا کوڕم ..ئەوە مەلەوانی دەکات ..نابینی دەیەوێ زەرگ بهاوێتە ناو حەوزی ئاوەکەوە !.
    بۆم ڕوونبووەوە هەموو لێکدانەوەکانم هەڵەن ، چونکە من لەو ڕۆژەوەی چاوم کردووەتەوە باوکم بینیوە دەست بەرز دەکاتەوە و لە خوا دەپاڕێتەوە !.
    چوومە نهۆمی خوارەوە لە ژووری دانیشتن تەلەفزیۆنێکی شاشە گەورە دانرابوو . ئێمە نەک لە ماڵ بەڵکو لە گەڕەکش کەس تەلەفزیۆنی نەبوو ، دەچووین بۆ چایخانەکان سەیری تەلەفزیۆنمان دەکرد .
    لە پشتی تەلەفزیۆنەکە پەنجەرەیکی شەش چاوەی لێبوو . ڕووانیمە دەرەوە حەوشە و باخچەیەکیترم بینی کەوتبووە پشتی ماڵەکەوە ، ڕامکردە لای نەنکم وتم : نەنە بچمە باخچەکەی پشتەوە ؟
    نەنکم وتی : دەرگای پشتەوەم لەترسی تۆ داخستووە نابێت بچیتە ئەو پشتە !
  • : بۆ ؟
    وتی : لەبەرئەوەی حەوزی مەلاوانەکە لەوێیە، تۆش مەلەوانی نیت و دەخنکێی!
    ڕامکردە ژوورەکانی سەرەوە لە پەنجەرەیەکەوە سەیری حەوشەی پشتەوە م کرد، حەوزی مەلەوانەکە بە درەخت داپۆشرابوو ئاوەکەی نەرمە شەپۆڵێکی دەدا چەند گەڵا و شەکرە سێوو پرتەقاڵێكش وەک بەلەم بە قەراخ ئاوەکەوە لەنگەریان گرتبوو و دەلەریینەوە .
    تا قەدەرێ بە دیار پەنجەرەکەوە وەستام، خەونم بە مەلە کردنی ناو حەوزەکەوە دەبینی .
    لە ناکاو بۆنی خواردنێکی خۆش بەر لوتم کەوت ، خێرا دەرپەڕیم بەرەو چێشتخانەکە، بە تەقلە لێدان لەسەر نەردمانەکە کەوتمە خوارەوە. دەست وپێم ژان گرتی لە ترسی نەنکم فزەم نەکرد. وەک پشیلە بە ئاسپایی لە بۆنەکە نزیک بوومەوە .
    نەنکم دیار نەبوو، منیش بۆم نەبوو دەست لە هیچ بدەم ..لە هۆڵی دانیشتنەکە نەنکم بینی ڕووی لە قیبلە کردووە لەسەر هەمان بەرماڵ نوێژی دایکم، نوێژ دەکات ..دانیشتم تا لە نوێژ کردن بووەوە ..هەر کە ئاوڕی دایەوە وتم : نەنە ئەی ئەم ماڵە بەرماڵ نوێژیان نییە ؟
    وتی : نا کوڕم کەس لەم ماڵە نوێژ ناکات !
    لە دڵی خۆمدا وتم : کەواتە لە سەر ئەم زەوییەش خوا بەهەشتێکی داناوە بەس ئێمە تا ئێستا نەماندۆزییوەتەوە ..ئەگەر بگەڕێمەوە گەڕەک بە هاوڕێکانم دەلێم وەرن با بگوازییەنەوە بۆ گەڕەکەکانی بەهەشت ، چیمان داوە لەم گەڕەکە پڕ لە قوڕوچلپاوە .
    چوومە چێشتخانەکە لەسەر کورسییەک دانیشتم ..نەنکم وتی : چاو برسی ..(قاپێک پڕ لە برنج و قەیسی بۆ دانام ). دەبخۆ!
    نانەکەم لەسەرخۆ دەخوارد بێ ترس لە براو خوشکەکانم ، چونکە هەمووجارێک نەنکم چێشتی بهێنایەوە براکانم خەدریان لێمدەکرد بەشێکی کەمیان بۆ دادەنام ..ئێستا بە ئارەزووی خۆم وەک کوڕی پاشا دانیشتووم و نان دەخۆم .
    نەنکم وتی : خێراکە کوڕم ئێستا خاوەن ماڵ دەگەڕێتەوە .
    نانەکەم تەواو کرد نەنکم دەستی خستە ناو قووتییەکەوە چوکلاتێکی دامێ، وتی : بگرە ئەم شیرینیەش لەبەرئەوەی عاقڵ بوویت ..ئەگەر ئەوانش هاتنەوە هێمن بەو لە شوێن خۆت نەجوولێ و تا پرسیارت لێنەکەن ، دەنگ دەرنەکەیت!.
    گوتم : بەسەر چاو نەنە گیان .
    دەنگی گڕەی ئۆتۆمبیلەکە هات، دەرگای حەوشە کرایەوە ئۆتۆمبیلێکی ڕەشی زەبەلاح هاتە ژوور ڕوخساری ژن و مێردێک بە دیار کەوت .
    سەرەتا زۆر ترسام ..سڵاویان کرد و ژنەکە نزیکم بوەوە لە باوەشی کردم و وتی : تۆ گۆرانی یا سۆرانی؟
    منیش لەشەرما وەڵامیم نەدایەوە .
    نەنکم وتی : ئەمەیان گۆرانە ..سۆران لەم گەورەترە و دەچێتە خوێندن .
    ژنەکە دەستی کردە ناو قووتوە چوکلاتەکە ویستی چوکلێتیکم بداتێ نەنکم وتی : شیرینی مەدەرێ ..لە بەیانییەوە دووجار داومەتێ .
    ژنەکە وتی : لێگەڕی با بخوا .
    مێردی ژنەکە شەبقەکەی سەری لابرد و خستییە بان سەرمەوە و وتی : سەرت بۆ ئەوەندە بچووکە لەناو شەبقەکەم ونبووە…پاشان پێکەنی و گوتی : نا ئەوە سەری منە زۆر زلە .
    منیش پێکەنیم ، ترس و شەرمم لەگەڵیان ڕەوایەوە .. وتم : چەند ماڵێکی باشن .
    ئنجا کابراکە وتی : میم کەتان نانت داوەتە گۆران ..
    نەنکم وەڵامی دایەوە : خەمت نەبێت ئەم منداڵە وەک تۆ نەوسنە و بەشی خۆی خواردووە .
    هەستم کرد نەنکم لەگەڵ خاوەن ماڵەکە وەک دۆست و ئاشنا ڕەفتار دەکات
    لە دیار تەلەفزیۆنەکە دانیشتم و گوێم لە گۆرانییەکان دەگرت، لەزمانی گۆرانی بێژەکە تێنەگەیشتم. دام لە پڕمەی گریان ..گوتیان بۆ دەگری؟ گوتم من لەم گۆرانییە تێناگەم ئەوان بە پێکەنینەوە وتیان : قەینا کوڕم ئەوە بە زمانی تۆ گۆرانی نالێت ! .
    بەو منداڵییەم بیرم دەکردەوە دەمگوت : چیدەبوو ئەگەر هەموو مرۆڤەکانی دونیا یەک زمان ئاخاوتنیان بکردایە.
    کاتێ نان دانرا کوڕە هەرزەکار و کچە کەیان هاتنە ژوور، جانتای مەکتەبیان هەلدایە سەر کورسیەکان و دەستیان شۆری و دانیشتن ، لەگەل دایک و باوکیان بە ئارامی نانیان خوارد .
    لە بیرمە جارێکیان دایکم نیسکەوای لێنابوو، منیش خەزریم و گوتم من ئیلا نیسکەکەی دەستی نەنکم دەخۆم. بە دزی منەوە قاپێک نیسکیان بردە ژووری نەنکم وهێنانەوە .. گوتیان : دە بخۆئەمەش نیسکی نەنە..ئەوەندە جوان خواردم تا ئێستاش خوشک وبراکانم گاڵتەم پێدەکەن .
    پێش ئەوەی ماڵەکە جێبهێلین بینیم نەنکم هەرچی بەرماوەی خواردن هەبوو بە جوانی خستیە ناو قاپە پلاستیکەکەی ئنجا لە ناو بوخچەکەی پێچایەوە .
    لەم کاتە کوڕە هەرزەکارەکەی ماڵەکە تۆپێکی (تۆپی پێی) بە دیاری داپێم ..کە لە ولاتانی دەرەوە باوکی بۆی هێنابوو ..منیش لە خۆشیا تۆپەکەم توند لە باەوش گرت.. دایکی کوڕەکە هات و دووبارە لەباوەشی کردم و چەند دلۆپە فرمێسکێک بە چاوەکانی ڕژانە خوارێ .
    لە ڕێگا لە خۆشیا نەمدەزانی چبکە م ئەوەندە پەلەم بوو بگەمە هاوڕێکانی گەڕەک تا ئەم تۆپە جوانەیان پیشان دەم ..کەمێک دەترسام دەمگوت : زۆر جوانە تۆ بلێی بتەقێ..ئاخر ئێمە بە تۆپی لاستیک یاریمان دەکرد. تەنانەت تیپی گەڕەکش تۆپێکی ئاوا جوانیان نەبوو تا یاری پێبکەن.
    لە نەنکم پرسی : نەنە بۆچی ژنەکە گریا ..
    وتی : لەبەرئەوەی کوڕێکی هاوتەمەنی تۆی هەبوو ( دووربێت خوایە ) لە حەوزی مەلەوانەکە خنکا !.
  • : بەس ئەو ژنە بۆنی دەکردم. ماچی دەکردم خۆ من کوڕی ئەو نیم ؟!
    نەنکم وتی : لەبەرئەوەی ئەو کراسەی بەرت هی کوڕە مردووەکەی بوو!
  • : کەواتە خەڵکی دەوڵەمەندش دڵتەنگ دەبن؟
    نەنکم تووڕە و ماندوو دیار بوو ..وتم : نەنە گیان بەخوا چیتر پرسیار ناکەم …بەس پێم بلێ ئەوە پیاوەی ئەو ماڵە پیشەی چییە ؟
    وتی : کوڕم ئەو هەموو تانکیە مەزن و بۆڕییە نەوتانە دەبینی ..ئەو کابرایە بەڕێوەبەریەتی !
    من بیستبووم لە برا گەورەکەم کە قوتابخانە بەڕێوبەری هەیە، نەمدەزانی ئەو ئاگرە نەوتەی شەوانە شارەکەمی ڕوناک دەکرد… بە ڕۆژیش پیسی دەکرد بەڕێوبەری هەبێت .. بەڵێنمدا بە باوکم بلێم تا ئەویش لە کۆمپانییەی نەوتەکە ئیش بکات، بەڵکو ئێمەش ببینە خاوەن کۆشک و ئۆتۆمبیلێکی سووری جوان !
    کاتێک نزیک ماڵ و گەڕەک بوومەوە تۆپەکەم لەژێر فانیلەکەم شاردەوە. خوا خوام بوو کەس نەیبینێ !
    بە دزییەوە لەگەڵ نەنکم چووینە ماڵەوە. برا و خوشکەکانم بەدوام کەوتن وتیان : دەزانین ئەوە تۆپە لە ژێر فانیلەکەت، دەریخە تا بە زۆر لێمان نەسەندوی .
    منیش بە گریانەوە لێیان دوور کەوتمەوە. لەم کاتە نەنکم بوخچەکەی کردەوە بۆنی چێشتەکە ماڵەوەی پڕ کرد .
    برا و خوشکەکانم لە من دوور کەوتنەوە و وتیان : ئەرەوەڵڵا نەنە خواردنی بەهەشتی لەگەڵ خۆی هێناوە!..
    ئەمجارەیان نەچووم بەلای خواردنەکە چونکە هەموو شتێکم بۆ ئاشکرا بوو ..چێشتەکە بەرماوەی ماڵە دەوڵەمەندەکان وکراسەکانشمان کۆنە جلی مردووەکان بوو!
    تۆپەکەم تووند لە باوەش کرد و چوومە گەڕەک تا لەگەڵ هاوڕێکانم یاری بکەم !. پرسیارکردن و ماهییەتی پرسیار لە کورتە چیرۆکی ” نەنکم (کەتان)” ی جەلال قادردا

چیرۆکی نەنکم (کەتان) حەوتەمین کورتەچیرۆکی نوێترین کۆچیرۆکی چیرۆکنووس جەلال قادرە (١). چیرۆکنووس هەوڵی داوە لە زمانی کارەکتەرێکی منداڵەوە (گۆران) بەسەر پانتایی نۆستالیژیا سەفەرێکی کورت، بەڵام پڕ مانامان پێ بکات بەرەو دوورگەکانی حەقیقەت. بەرەو تێگەیشتن و فێربوون، بەرەو ئەودیو دیوارە پەنهانەکان کە چاوی بینینی ئاسایی نایبینێت. گێڕەرەوە کە کەسی یەکەمی تاکە لە عەوداڵییەتێکی بەرفراواندا دەژێت. کارەکتەری گێڕەرەوە کە تەواو لەلایەن نەنکە(کەتانە)ەوە سەپۆرت دەکرێت، بە پرسیار ئابڵۆقە دراوە. پرسیارەکانی کارەکتەرەکە پرسیارگەلی تایبەتی نین کە بەربەستی بایۆلۆژی و ژینگەیی ڕێگر بن لە گەیشتن بە وەڵامەکانی، بەڵکو پرسیارەکان گشتین، کۆمەڵایەتین، هەمان خەون و خولیای برا و دایک و باوک و کەسوکار و خەڵکی گەڕەک و شار و وڵاتە. بەڵام چیرۆکنووس هاتووە لەزمانی منداڵێکەوە پرسیارەکان دەوروژێنێت کە بایەخی ستاتیکی دەقەکە دەباتە ئاستێکی بەرز کە خوێنەر دەگیری چێژلێوەرگرتن دەکات. هەڵبژاردنی منداڵێکی هەشت نۆ ساڵیی بۆ پرسیارکردن ڕەنگە چەند هۆکارێکی لە پشتەوە بێت .
یەک : لەڕووی بایۆلۆژییەوە (گۆران)ی حیکایەتخوانی چیرۆکەکە نەگەیشتۆتە ئاستی بالقبوون و توانای درککردنی لەئاستی پێویستدا نییە. ئەو هێشتا لە جیهانی منداڵی خۆیدا دەژێت، بۆیە ئازادە چی دەپرسێ و چۆن دەپرسێ، بێئەوەی سانسۆرێکی کۆمەڵایەتی لەسەر بێت. ئەمەش مانای وایە هیچ بەرپرسیارییەتێک لە پرسیارکردنەکانیدا نییە.
دوو : نۆستالیژیای کردۆتە پردێک بۆ خۆ داتەکاندن لە هەر ئینتمایەکی ئایدیۆلۆژیی کە سبەینێ وەک ئایدێندتی دەقەکان و نووسەری پێ بناسرێتەوە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا سێبەری ئایدیۆلۆژیا بەسەر دەقەکەوە دەبینرێت. واتە دەقەکە بێ ئایدیۆلۆژیا نییە. پرسیارە ئاشکرا و شاراوەکانی کارەکتەرە منداڵەکە گەلێ ئاماژەیان تێدایە کە دەتوانین بە ئاماژەی چینایەتی ناوزەدیان بکەین.
سێ : منداڵ هەڵبژاردەیەکی گونجاوە تا ترس و شەرم لە پرسیارەکانی بئاڵێنێت. ڕێگری لێبکرێت و هەندێجاریش لەسەر پرسیارکردن سزا بدرێت کە ئەمە لەگەڵ مرۆڤی پێگەیشتو(بالق)دا ناکرێت.
لەم گۆشەنیگایەوە هەوڵدەدەم شڕۆڤەیەکی ڕەخنەیی بۆ پرسیارەکانی حیکایەتخوان بکەم و مانای پرسیارەکان لە کۆدی ململانێی کۆمەڵایەتی ناو چینەکانی کۆمەڵگەوە بخوێنمەوە.
” لەسەردەمی منداڵیم بە پرسیارکردن هەموو کەسێکم بێزار دەکرد.” (٢) ئەمە ئەو ڕستەیە کە ئەرکی دەروازەی گرتۆتە ئەستۆ. ئەمە هەر خۆناساندنێک نییە، یان ئاشنا کردنی خوێنەر نییە بە ڕابردووی حیکایەتخوان، بەڵکو کێشکردنی هۆشی خوێنەرە بۆ ئامانجە کۆمەڵایەتییەی کە چیرۆکەکەی لەپێناودا خوڵقاوە. کارەکتەری نەنکە(کەتان)یش هەڵبژاردنێکی گونجاوە بۆ ئەو کارە وەک سەپۆرتێکی تەکنیکی لەپێناو گەیشتن بە ناوەڕۆکی مەبەست.
یەکێک لە هونەرەکانی ڕازاندنەوەی ستراکتۆری چیرۆک بریتییە لە هەڵبژاردنی کارەکتەر و ماتریاڵی گونجاو بۆ شوێن و مەبەستی گونجاو. جەلال قادر لەڕێی هەڵبژاردنی تەکنیکی گونجاو باڵادەستی خۆی لە داڕشتنی ساختمانی چیرۆکەکە دەنەخشێنێ. ئەو هەر بەوەشەوە ناوەستێ، بەڵکو دێت کارەکتەرەکەی لە پرسیارکردن هەڵدەکێشێ.

وەک لە بیرم بێت پرسیارەکانم دەربارەی ماڵە دەوڵەمەندەکان بوو. دەمگوت : دەبێ ڕەنگیان چۆن بێت و منداڵەکانیان بە چی یاری کەن؟(٣) ماناکانی پرسیارکردن لە چیرۆکی نەنکم کەتان هەڵگری چەند ئاماژەیەکن، لەوانە مەغزای چینایەتی و ئامانجی کۆمەڵایەتی. ئەم ئاماژە چینایەتییە کۆمەڵایەتییانە زیاد لە جێگایەک و زیاد لە بۆنەیەک لە چیرۆکەکە نیشان دراون. چونکە لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵات بە گشتی و کۆمەڵگەی کوردستان بە تایبەتی پرسیارەکانی منداڵ لەژێر چەپۆکی ” وسبە، بێدەنگ بە، قسە مەکە، پرسیار مەکە، بیبڕەوە، مێشکت بردم” دایە. ئینسانەکانی ڕۆژهەڵات کاتیان بۆ منداڵەکانیان و پەروەردەی تەندروست و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیان نییە.
وتم : نەنە ئێرە بەهەشتە؟
ئەی پێنەگەی..پێمنەگوتی چیتر پرسیار مەکە.(٤)
یان
ئەی نەنە بۆ ئێمە هیچ وێنەیەکمان نییە لە ماڵەوە؟

  • نەمگوت چیتر پرسیار مەکە!(٥)
    سەرکوتکردنی کارەکتەری پرسیارکەر، گەرچی نائومێدییەکی بەرفراوان بۆ منداڵەکە دێنێتە ئاراوە، لەهەمان کاتیشدا لەڕووی دەروون شیکارییەوە منداڵەکە دووچاری توند و تیژی و بێڕێزی و دواییش کائینێکی شەرمن و ترسنۆک و کە گەورەش دەبێ یان مرۆڤێکی بێدەسەڵات یان جەللادی لێدەردەچێ.
    لە چیرۆکی نەنکم (کەتان)دا، ستایڵ یان میتۆدی پرسیارکردن یارمەتیدەرێکی باشە بۆ خۆدزینەوە لە خستنەڕووی زانیاری و چوونە ناو وردکاری هەندێ بابەت و پرسەوە کە چیرۆکنووس دووچاری بەرپرسیارییەتێکی بەرفراوان بکات. نازانرێت چیرۆکنووس چەند ئاگایانە ئەم ستایڵەی بەدەستەوە گرتووە، بەڵام هەرچۆنێک بێت دەست بۆبردنێکی باشە بۆ چنینی ڕووداوەکانی نێو دەقەکە. شانبەشانی پرسیارەکانیش کە سیانزە پرسیاری ئاشکرا و چەند پرسیارێکی نهێنین، هەندێ لە پرسیارە نهێنییەکان بەشێوەی مەزەندە یان (Wonder) خراونەتە ڕوو. سروشتی پرسیارەکان و ماهیەت و ماناکانیان دەکرێ لە چەند خاڵێکدا ڕوون ببێتەوە.
    یەک : ماهیەتی پرسیارەکان ماهیەتێکی کوڕانە یان نێرانەیە. پرسیارەکان کچانە یان مێینە نین. چونکە چارەنووسی ئینسانەکان لە ڕۆژهەڵات بە هەندێ فاکت و کلتوور و ئایین و دابونەریت بەستراوەتەوە. ئەو هەلەی لەژیان بۆ کوڕێك هەڵدەکەوێ لە هەڵسوکەوت، بۆ کچێک نایەتە دی. بۆیە کە (گۆران) دەبێتە کارەکتەر و گێڕەڕەوەی چیرۆکەکە بەم حوکمی واقیعە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بووە نەک بە ئارەزووی نووسەر. ئەگەر لە بری گۆران خوشکێکی گۆران بوایە دیارە ڕێڕەوی پرسیارەکان بە جۆرێکی تر دەبوو و ماهیەتی پرسیارەکانیش ڕەنگە پڕ بوونایە لە بەزەیی و فرمێسک و ئاکتی مێینانە.
    دوو : پرسیارەکان ئاگایانەن و لە نەستەوە هەڵدەقووڵێن. سروشتی پرسیارەکان خٶڕسکیی نین، ئەوەندەی پلان و نەخشەی داڕێژراوی لەپشتەوەیە. ئەمە خاڵی بەهێزی دەقەکەیە کە نووسەر باڵا دەستی خۆی تیا بە خەرج داوە. باکگراوندی نووسەر و بنەماڵەکەیان و جێگاوڕێگای چینایەتی نووسەر لە کۆمەڵگە ئەو دەرفەتەی بۆ نووسەر خوڵقاندووە کە بکەوێتە سۆراغی هەقیقەتە تاڵەکانی ژیان. بۆ ئەم مەبەستەش ئەدەب ئەو مەیدانەیە تا ئەم ئەزموونەی تیا تاقی بکرێتەوە.
    سێ : پرسیارەکان بە دیوارێک لە ترس دەورە دروان. کارەکتەر بە هۆی کەم تەمەنی لەلایەک و تامەزرۆیی لەلایەکی تر ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی قوورس بۆتەوە تا ئەو بەڵێنە بهێنێتە دی کە بە نەنکی داوە. ئەویش پرسیارنەکردن و ئاقڵ بوون و بێعاری نەکردن و بزێو نەبوونە. ئەم بەڵێنە بۆ ئەوەی لە تامی چوونە (بەهەشت)ی نەکا، جۆرە ترسێک و وریابوونێک لە پرسیار کردن و تەنانەت قسەکردنی (گۆران)یش لە ئارادایە کە بۆتە چوارچێوەیەک بۆ ئازادی ئەو کارەکتەرە. ئەم ترسە ترسێکی جوانە چونکە گواستنەوەی واقیعی تاڵی ژیانی منداڵێکە کە خەون بە خۆشی و جوانییەوە دەبینێت.
    چوار : هۆکارێک بۆ زانینی زانین و فێربونی شتە نەزانراوەکان، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی کارەکتەرە سەرەکییەکەی چیرۆکی ( نەنکم کەتان) لەنێو دەریای پرسیارکردندا سەوڵ لێبدات. (گۆران) لەم سەفەرەیدا لەگەڵ نەنکی کەتان تووشی شۆک دەبێت و بە نیمچە ڕاستەوخۆیی ئەو شۆک بوونە نیشان دراوە. سەرسوڕمان و ئەبڵەقبوونی کارەکتەر بەهۆی بینینی شتە غەریب و سەیر و نامەئلوفەکانەوە، بەڵگەی ئەوپەڕی بێئاگایی کارەکتەرە لە جیهانێک کە ئاساییە بۆ چینی بورژوازی و لەلای کارەکتەرە کەمان و هاوچینانیشی بەهەشتە بە هەموو مانای خولیا و ئارەزووەکان.
    بەم پێیە دەبینین پرسیارەکان بە ڕێڕەوێکدا گوزەر دەکەن کە پێویستیان بە هەندێ ئاسانکاریی هەیە تا بگەنە شوێنی مەبەست. بۆ ئەم مەبەستەش نووسەر هاتووە تەواوی تەکنیکی خستۆتە خزمەت ئەو ئامانجەوە. شێوازی حیکایەتخوان و گێڕانەوەی چیرۆکەکە تا بڵێی سادە و ڕاستەوخۆیە. ئەم جۆرە ڕاستەوخۆییە گەرچی لەلای نوخبەی ڕەخنەگران و نووسەرانی بورژوازییەوە بە ئاریش ناو زەد دەکرێ، بەڵام بەپێچەوانەوە لای من هۆکارێکی دواندن و گفتوگۆی نووسەرە لەگەڵ خەڵکانێک کە تا ئێستاش نامۆی بە ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی بەرهەمەکانی نوخبە. ئەم خاڵە نەک خاڵی لاوازی نییە، بەڵکو خاڵی بە هێزی لێوە هەستانی نووسەرە بەرەو تێکشکاندنی ئاستەنگەکانی نوخبەی بورژوازی و گەڕانەوە بۆ لای هاوچینەکانی. ئەم ستایڵە لە گێڕانەوە ستایڵی ڕیالیزمە. دامەزرێنەرانی ئەم مۆدێلە گرەوی سەرکەوتنیان گەڕانەوە بووە بۆ ئینسان. من سەرنجم داوە ستایڵی چیرۆکنووس جەلال قادر بە بێ گەڕانەوە بۆ ڕەگەز و توخمە تەکنیکییەکانی تری ئەدەبی گێڕانەوە، هەر بەوەندە قایل بووە کە ئامانجەکەی بهێنێتە دی، ئەویش گەیاندنی ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی دەقەکەیەتی بە خوێنەر.
    زمانی چیرۆکەکە سادەیە، بێ پێچ و پەنا و بێ گەمەیە. تا ئەندازەیەک لە زمانی سادەی ڕۆژانەی خەڵکەوە نزیکە. ئەمەش یانی نووسەر لە زمانی ئاسایی نووسین لە هەندێ پەرەگرافدا دوور دەکەوێتەوە و پەنا دەباتە بەر شێوازی ئاخافتنی ڕۆژانە و سەرجادە. ئەم جۆرە شیفت گۆڕینەی زمان هەندێجار پێویستن و زۆرجاریش ئاریشەن. چیرۆکنووس ئەگەر هەوڵ نەدات زمانی نووسینی بباتە ئاستێکی بەرز، ئەوا لە ڕێی دەقەکانییەوە ناتوانێ ئەو چێژەی هەیانە ببەخشێت بە خوێنەر. من ئەوەم لا ڕوونە کە زمانی کارەکتەرەکان هەمان زمانی جێوشوێنی کۆمەڵایەتی و ئابوورییانە. بەڵام ئەوەی من باسی دەکەم خەوشێکە بە نووسینی چیرۆکنووسەوە و پێویستە کاژی لاوازی زمان فڕێ بدات و توانای زمانی نووسینی بەرێتە سەر.
    مەغزای چیرۆکەکە هەر بەراوردکردنێکی سادە نییە لە نێوان دوو دونیای جیاوازدا، لە نێوان ئازارستان و بەهەشت، بەڵکو پەنجەخستنە سەر لایەنە شاراوە و جوانییە پەنهانەکانی جیهانێکە کە بۆ حیکایەتخوان وەکو خەوێک وایە و زوو دەبڕێتەوە. ” لە دڵی خۆمدا وتم : کەواتە لەسەر ئەم زەوییەش خوا بەهەشتێکی داناوە بەس ئێمە تا ئێستا نەماندۆزیوەتەوە.”(٦) حیکایەتخوان (گۆران)ی منداڵ کە هەر چیرۆکنووسیشە دەسەڵاتی هەبێ لەو بەهەشتە نایەتە دەرەوە. بەڵام هەم ناچاری و هەم پێویستی دەری دەکەنە دەرەوە و فڕێی دەدەنەوە جیهانە پڕ لە قوڕ چڵپاوەکەی خۆی کە تاموچێژێکی تایبەتی بۆ منداڵ تێدایە. ئەو تاموچێژەی کە بەشێکە لە کۆی جوانی و یادەوەری گێڕەرەوە.

سەبارەت بە کورتەچیرۆکی ” نەنکم (کەتان)” دەتوانم بە کورتی خوێندنەوەی خۆم بە چەند خاڵ نیشان بدەم “
یەک : ستراکتۆری ئەم چیرۆکە لەسەر پرسیارکردن وەستاوە. پرسیار بۆتە پردی گەیشتن بە مەبەست. لەڕێی پرسیارکردنەوە پرۆسەی گەڕان بەدوای زانین و زانیاری و تەقەللای بەدەستهێنانی نهێنییەکانی ژیان دەست پێدەکات. ئەم چیرۆکە هەوڵدانێکە بۆ نیشاندانی جیاوازی چینایەتی کۆمەڵگەی چینایەتی کوردستان و پەنجە خستنە سەر خەون و خولیای مرۆڤە بۆ ژیانێکی باشتر و جوانتر.
دوو ” زمانی چیرۆکەکە سادە و ڕەوان و بێ پێچ و گەمەیە. جگە لەو ئاخاوتنە ڕۆژانەییەی (گۆران)ی منداڵ کە دواتر دەبێتە چیرۆکنووس و نەتوانینی تێپەڕاندنی ئەو شێوە ئاخاوتنە لە نووسینی دەقدا. نووسەر وابەستەیە بە نووسینی ستاندارد، بەڵام لەزۆر جێگادا لە زمانی کارەکتەرەکانەوە ئەو وابەستەیە فەرامۆش دەکات و پەنا دەباتەوە بۆ شێوە ئاخاوتنی ڕۆژانەیی یان بازاڕی کە هەندێجار پێویستن و هەندێجاری تریش پێویست نین و دەبنە بار و خاڵی لاواز بەسەر زمانی نووسین.

سێ ” بەدەستەوە گرتنی ستایڵی گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ پەلکێشکردنی خوێنەر بۆ جیهانی چێژ، گرەنتی دەستڕەنگینی نووسەر نیشان دەدات لە گەیاندنی ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی دەق. ئەمە جگە لە هەڵبژاردنی گونجاو و دەستبردن بۆ مەتریاڵاکانی ڕازاندنەوەی چنینی دەق و بە ڕوون نیشاندانی مەبەستی کۆمەڵایەتی دەق.

چوار : ئینتمای دەق ناکەوێتە دەرەوەی ئینتمای ئایدیۆلۆژیا و هەرچەندە نووسەر ناچار نییە و نەبووە خۆی بە ئایدیۆلۆژییەک ببەستێتەوە. بەڵام تا ئەو جێگەیەی کە خزمەت بە ئینسان دەکات، لەڕێگەی ئاماژەوە دەیتوانی هەندێ ڕۆشنایی بخستایە سەر پەیوەندی ڕێڕەوی بەرەوپێشچوونی ڕووداوەکان. بەڵام کۆتایی هاتنی چیرۆکەکە خۆی وەڵامی یەکێک لە پرسیارە میژوویییە گرنگەکانە.

پێنج : ئامڕازەکانی ڕەخنە و ڕەتکردنەوە لەم چیرۆکەدا بوونیان نییە. بەمەش زیاتر وەکو فۆتۆگرافەرێک کاری کردووە نەک زمانی ئاماژە بکاتە ئەلتەرناتیڤ. مۆتیڤی جووڵەی ڕێڕەوی ڕووداوەکان لەم چیرۆکەدا بە جۆرێکە نووسەر سەربەستی داوەتە کارەکتەرەکان و نەیویستووە کێشیان بکاتە نێو بەرپرسیارێتییەوە. بە بۆچوونی من ئەمە هێڵی جیاکەرەوەی دەق و نووسەرە لە دونیای واقیع. یان بە وشەیەکی تر ئەمە شوێنی ونبوونی ئایدێندتی دەق و نووسەرە.
شەش : ماهییەتی پرسیارەکان کە چنینی ڕووداوەکانی لەسەر بەندە ڕەگەزی نێرینەییان هەیە و بە ترس و شەرم دەورە دراون و لە نەستەوە هەڵدەقووڵێن و ئامانجیش دەستڕاگەیشتنە بە زانین و نهێنییە نەزانراوەکان. ئەمەش دەرخەری باری کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی و هەروەها چینایەتی کارەکتەرە.

دواجار چیرۆکی (نەنکم کەتان) ی جەلال قادر دەکرێ لەچەند لایەن لێی بکۆڵدرێتەوە و لە چەند گۆشەنیگای جیاوازەوە تەماشا بکرێت. دەشێ ڕەخنەگرێک تەنها ناوەڕۆک بخوێنێتەوە و کەسێکی تر تەکنیک هەڵسەنگینێ یان زمانی چیرۆکەکە بداتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. من تەنها پرسیارم هەڵبژرادووە و لایەنەکانی پرسیارکردن و ماهییەتی پرسیارەکانم خوێندۆتەوە. نووسەر لەڕێگەی ئەم چیرۆکەوە ئەوەمان پێدەڵێ کە کۆمەڵگە دوو چینە و شێوازی ژیانی ئەم دوو چینە جیاوازن. کەمینەیەک لە خۆشگوزەرانی دەژێت و زۆرینەی خەڵکیش لە ژیانێکی فەلاکەتبار و مەینەتباردا دەژین. حەز و خولیای خەڵک ئەوەیە ئەو خۆشگوزەرانییەیان بۆ دەستەبەر بکرێ بەڵام نە ئاماژەی پێ دەکا و نە پێمان دەڵێ چۆن؟

حوزەیرانی ٢٠١٧

سەرچاوە و پەراوێزەکان :
١-پشیلەکەی بریژێت جەلال قادر کۆچیرۆک چاپی یەکەم چاپخانەی کارۆ ٢٠١٧ لاپەڕە ٥٦ تا ٦٩.
٢- پشیلەکەی بریژێت جەلال قادر کۆچیرۆک چاپی یەکەم چاپخانەی کارۆ ٢٠١٧ لاپەڕە ٥٦ تا ٦٩.
٣ -هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە
٤-هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە
٥-هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە
٦-هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە

تێبینی : ئەم بابەتە لە گۆڤاری هانا ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١٩ بڵاو بۆتەوە.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish