Skip to Content

سوڵتان لە نێوان قولەی قەڵا و کامێرادا… خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی زۆربای ئێرانی … عەلی مستەفا

سوڵتان لە نێوان قولەی قەڵا و کامێرادا… خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی زۆربای ئێرانی … عەلی مستەفا

Closed
by August 14, 2020 General, Literature



دەریچە:
زۆربای ئێرانی کتێبێکی ترە لە وەڕگێڕانی شەفیقی حاجی خدر، ئەو دەمێکە دەنووسێت و وەردەگێڕێت، لە نێو وەرگێڕانەکانیشیدا هەندێک جار دەست بۆ کتێبەکانی قادر عەبدوڵڵا دەبا و وەریاندەگێڕێت. قادر عەبدوڵڵا بە هۆڵەندی دەنووسێت و بە ڕەگەز فارسە. لە نێو نووسینەکانی ئەم ڕۆماننووسەدا هەموو کات سەرنجت دەکەوێتە سەر کەللتور و فەرهەنگە جوداکانی ئێران، تەنانەت جوگرافیا و داب و نەریتی کۆنی ئێرانیشت بەرچاو دەکەوێت. ئیتر ئەوە شانازییە هەر ئەدیب و نووسەرێک بتوانێت بار و تەواوی دیمەنەکانی نیشتمان و میللەتەکەی بگوازێتەوە نێو کەللتور و نەریتە جوداکانی دونیا و لە ڕێگەی کتێبەکانییەوە ئاشنایەتی بخاتە نێو گەلی خۆی و گەلانی تر.
وەرگێڕ زمان پاراوانە ئاشنایەتی لە نێوان خوێندەواری کورد و ڕۆمانەکان دروست دەکات، گومان هەڵناگرێت کورد و فارس سەر بەیەک کۆمەڵە زمانی ڕۆژهەڵاتی ناوینن، بەڵام خۆ دوو زمان و دوو نەژادی جیاوازن، خاوەنی داب و فەرهەنگی سەربەخۆشن، لە نێو ئەم کۆ جیاوازییانەشدا زۆر شت هەیە گەلانی ئەم ناوچەیە هاوبەش دەکات، ئەمەش ڕووێکی ئاساییە چونکە زۆر ئاهەنگ و هەماهەنگی هەیە، کە دەبێتە هۆی درووست بوونی ئەم هاوبەشییانە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا زۆر شت هەن کە نایان زانین، لەوانەیە پێویست نەبێت کە بیزانین، بەڵام ڕووداویش هەیە لە ڕێگەی سەربووردەکان و گێڕانەوەکانەوە دەبێتە داکەوتەیەکی ئەم زەمینەیەی کە ئێمەی ڕۆژهەڵاتی لێیدەژین و تیایدا چەرمەسەری دەکێشین. ڕووداو و گێڕانەوەکانی نێو ئەم ڕۆمانە ئەگەر بۆ گەلانی ڕۆژئاوا وەک ئاشنایەتییەک گرنگ بێت، بۆ ئێمەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی تەنانەت خودی نەتەوەی فارس پتر لە ئاشنایەتی گرنگە، چونکە ئەم ڕۆمانە لا کردنەوەی کۆمەڵێک باسی گرنگە لە مێژووی ژیانی گەلانی ئێران، ئەم ڕۆمانە لە پێنج کتێبناو کۆ کراوەتەوە و هەر کتێبە و باس لە سەردەمێکی دیاری کراو دەکات، هەموو ئەم گێڕانەوانە لە ژیان و سەردەمی چالاکییەکانی گەنجێک بەرجەستە کراون، واتە لە ڕێگەی ئەم کارەکتەرەوە تەواوی هەژموون و باسەکان گۆ دەکرێن. ئەوەی من گەرەکمە لەم رۆمانە لێیبدوێم، ئەو گۆشە هەستیارەیە کە سوڵتانی کوڕەمامی ئەکرەم جون، یان کوڕی ئەو ژنەی کە ئامۆزای هۆشەنگی یەک باسکە، کە دواجار بە هۆشەنگی باسک ئاسن لە ئەمریکا دەرکەوتەوە، لە ڕێگەی ئەو کوڕیژگەیەی لە قولەی قەڵای ماڵباتەکەیەوە، لە ڕێگەی دووربینەکەیەوە تەماشای دنیای دەرەوەی دەکرد، باسی کۆ نیگاکانی ئەم ڕۆمانە بکەم، دەمەوێ هەستەوەری ئەم ڕۆمانە لە نیگای چاوەکانی سوڵتانەوە ببینم و قۆناغەکانی بە کەنگەشەی شیکارییەوە سواخ بدەم.
ئەم وەرگێڕانە بە زمان و وشەی کوردی دەوڵەمەندە و بەشێکی گرنگە لە پاراستنی فەرهەنگی کوردی، چونکە وەرگێڕ لەگەڵ کاری وەرگێڕانەکەیدا، پەراوێزی خستۆتە نێو کارەکەیەوە، بۆ هەر وشەیەکی کوردی ڕوونکردنەوەی داوە. لە پاڵ ئەمەشدا ئەم کتێبە دەبوایە کاری وردتری لە بارەی خاڵبەندی و هەڵەچنییەوە بۆ بکرایە، چونکە لە کاتی خوێندنەوەدا بەسەر کاری لەنگدا دەهاتی و پیچەک لە خوێندنەوەدا هەست بە لەنگی دەکەیت، بەڵام نەبۆتە هۆی لە دەستدانی پەیامی ڕاستەقینە.

کتێبی یەکەم
سوڵتان و قولەی قەڵا:


ئەم قۆناغە؛ لە کتێبەکەدا بە سەردەمی ئەفسانە ناوی هاتووە، بەڵام خۆ دەکرێت سەردەم و ئاهەنگێکی زێرێنیش بووبێت لە ژیان و ئەزموونی سوڵتاندا. ئەم دیاردەیە لە نێو گەلانی دونیا بە تایبەتی گەلانی ڕۆژهەڵات تا درەنگانێک باوبوو، دەبوایە بەچکە خانەدانەکان هەر لە ستونی پیرۆزی خۆیان بمێننەوە و لە ڕێسا و نەزمی ماڵە گەورە دەرنەچن، ئیتر ئەوە پیرۆزییەک بووە بەر ماڵە گەورە و شکۆدارەکان بڕاوە. ئەم دیاردەیە لە ڕۆژئاوا هەر لە سەدەکانی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی شۆڕشی ڕێنیسانسەوە، دوای لا کردنەوەی دەسەڵاتی کەنیسە و گەل پۆتی شکا و ئیتر بەملاوە کەس بەسەر کەسەوە خاوەن شکۆ نەبوو، هەموو لایەک دەبوایە هەوڵ بدات و تێبکۆشێت. بەڵام گەلانی ڕۆژهەڵات بەشێوەیەکی بەرچاو لە کۆتایی نیوەی یەکەم یاخود تێپەر بوونی سێ چارەگی سەدەی بیستەم بەسەر ئەم داکەوتەیەدا تێپەڕین و پۆتەڵاکی ئەم کەلتوورە بریندار کرا.
بۆ مرۆڤ زۆر گرنگە، لە هەر سەردەم و قۆناغێکی ژیان بتوانێت سوود لە سەردەمەکە و مێژووی سەردەمەکە ببینێت، تەنانەت ئەزموونکردنی دیاردەکانی ژیان لە هەر تافێک دابێت پێویستییەکی ڕاددە نەویستە، چونکە مرۆڤ لەم کەنگەشانەوە سەر دەردەکات و ئاشنایەتی بە چواردەوری خۆیدا درووست دەکات. سوڵتان کوڕی پیاوێکی بێدەنگ و بێزمانە و سەر بە ماڵباتی قەڵایە، دایکیشی ژنێکی شەلەیە، کچی وەرزێرێکی گوندەکانی بنارە، دایکی لەگەڵ ئەوەی شەلە بوو بەڵام جوان و شیک بووە و زمانی باشی لە دەم دابووە، واتە قسە زان و لێنەبڕای بووە، هەر ئەو سەرپەرشتی سوڵتان و کارەکانی کردووە. ماڵبات هیچ کات نەیانویستووە سوڵتان تێکەڵی منداڵانی گەرەک بێت و ئاشنایەتی لەگەڵ دەورووبەر درووستبکات، ئەمەش کاریگەری ناخۆش و نامۆ بەسەر هەست و نەوای سوڵتانی منداڵ دروست دەکات، سوڵتان بۆ ئەوەی ئەم بۆشاییە دەروونییە پڕ بکاتەوە، ڕۆژانە بەسەر قولەی قەڵا هەڵدەگەڕێت و دەیەوێت لە ڕێگەی دووربینەکەیەوە تەماشای سرووست بکات و بزانێت لەم جیهانەدا چی هەیە و چی دەگوزەرێت، بەردەوام سەیری کێڵگەی زافەرانی ماڵباتی کۆشک دەکات، کە باوکی رۆژانە سەرپەرشتی دەکرد و دواجار دایکی سوڵتانیشی هەر لەو کێڵگانە کردە هاوژینی خۆی. ئەم دووربینە دەبێتە خووپێوەگرتنێکی ڕۆژانە و بەردەوام لە ڕێگەی دووربینی قولەکەوە جیهانی دوور و نزیک، ئەوەندی بڕی دەکرد دەپشکنی. ئەمەش بارێکی ئاسایی نابێت هەر دەبێت بە شێوەیەک لە شێوەکان کاریگەری بخاتە سەر هەست و بیرکردنەوەکانی سوڵتانی منداڵ، چونکە ئەم دیمەن و جەنجاڵییەی جیهان لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی سوڵتان گەورەتر و فراژووتر دەبن، دواجار
کۆنترۆل کردنی ئاسان نابێت، ئەمەش یاسای ژیانی هەر تاکێکە کاتێک ئازادی و خواستی لێزەوت بکرێت.

(چیڕۆکەکە دەگێڕمەوە، چیڕۆکەکەی سوڵتان، فیلم دەرهێنەرێکی ئێرانی. چڕۆکەکەش لە قەڵایەک دەستپێدەکا، قەڵایەک، کە لەتافی منداڵی تێیدا ژیاوە) ل٢٦ ئیتر سوڵتان لە هەژموونی کۆن و سانسۆرکردن دەربازی دەبێت و دواجار دەبێتە ناوێکی پڕشنگدار بە ئاسمانی سینەما و فیلمەوە، هەڵبەتە دووربینی قەلا دەبێتە ڕێخۆشکەرێکی جوان و دنیا بینییەکی تەواو بۆ ئەوەی ئەم جیهانەی تێیدا دەژیت، کە قەڵای ماڵبات و گەورەکانی رۆحانییە جێبهێڵێت.
قەڵا تەنها جن و پاراستنی داب و نەریتی وەک ئامۆژگاری پێشکەش بە سوڵتان و دەورووبەر دەکرد، ژیانی قەڵا پەیوەست بوون بوو بەو ڕێکارانەی لە گەورەکانیان بۆیان دەردەچوو، هەمووشیان پیاوانی ئاینی و پەیوەست بوون بە کارە ڕۆحانییەکانیان. دەبایە هەر تاکێکی ئەم ماڵباتە خاوەنی جنێکی تایبەت بەخۆی بایە، بۆ ئەوەی شوونی ماڵبات وێران و بزر نەبێت. بەڵام تا ژیان وەگەڕتر و ئاشنایەتی زیاتر بێتە ناوەوە، دەستە و نەوەی نوێ چیتر بەم ئاوەزەوە بەردەوام بەدەوری قەڵا و جنۆکە و پیاوانی ئاینی ناخولێنەوە، بەڵکو ژیان لە ئاهەنگێکەوە بۆ ئاهەنگێکی تر و لە بارێکەوە بۆ بارێکی تر وەرچەرخان بەخۆیەوە دەبینێت، تەمەنی سوڵتان هەڵدەکشێت، ئیتر جینەکانی ناویشی هەستی گەرمی دەدەنێ، ئاخر تا ئێرە سوڵتان ئاشنایەتی لەگەڵ جەستەی خۆشیدا نییە، ئەمەش پووکاندنەوەی هەستە خۆشەکانی مرۆڤە لە گەیشتندا.
ئەوکاتەی سوڵتان جەستەی دەخشێت لە لەش و مەمکی کچێکی ناسیاوی ئامۆزاکەی هەست بە جیهانێکی تر دەکات، ئەمەش بۆ سوڵتان کەشف بوونی دۆخێکی ترە، یاخود هەستکردنە بەوەی ڕۆژێک دەبێت لەم قەڵایە بەدەر کەوێت. دوای ئەوەی کاغەزی بنێشتەکان کۆ دەکاتەوە و دەکەوێتە سەر خەیاڵی ئەوەی کامێراکە لە کۆمپانایای بنێشت فرۆشتن بباتەوە، پێنج هەزار کاغەزەکە مسۆگەر دەکات و کامێراکە وەردەگرێت، ئیتر چی لەم کامێرایە بکات، خۆ نابێت هەر لە نێو قەڵا بمێنێتەوە و وێنەی جیهانی نائاشنای نەگرێت، دەبێت لەم قەپەنگە گەورەی قەڵا بەدەرکەوێت، یەکەم وێنە و چەندیتریش بۆ تاقیکردنەوەی کامێراکە وێنەی باپیرەی بوو لە کاتی نانخواردندا، کاتێک تەواو دەبێت ئەویتر دەداتە جنۆکەی خۆی کە لەبەرامبەری دانیشتووە.
سەرچڵی و ئینگلیزی زانییەکەی ئەکرەم جون هاوکارێکی تری سوڵتان بوون بۆ ئەوەی ئەم سەدەفە کۆنە پەرپووت بکەن و ئەفسانەی قەڵا تێکبشکێنن. خۆ گەر وانەبا نە ئەکرەم جون دەگەیشتە ئەمریکا و نە سوڵتانیش دەبووە فیلمسازێکی گەورەی ئێران و سی. ئێن. ئێن و بی. بی. سی نەیاندەناسی، دەبوایە ئەو لە قاوغی ئەفسانەدا چارشێو لەسەر بایە و ئەویش شازادەیەکی چکۆڵ دەبوو بۆ کاری قەڵا، بەڵام جنۆکەی دووربین لە قولەی قەڵا ئەم کۆتانەی تێکشکاندن. (ئەو کرێکارانە لەگەڵ گەردەی بەیانی، زوو لەخەو هەڵدەستان و لە ماڵەکانی خۆیان بۆ سەر ئیشوکاریان دەچوون، منداڵەکانیشیان تەواوی ڕۆژەکە هەر لە کوچە و کۆڵانەکان بوون، ئەمە و لە کاتێکدا ژنەکانیش لە خانووە بە قوڕەکان بە کاروباری ماڵەوەیان خەریک بوون. دیوارە بەرزەکانی قەڵاکە کتومت، سنورێک بوو لە نێوان ئەو منداڵانە و مندا، هیچ پەیوەندییەک لە نێوانی یەکدیدا لە ئارادا نەبوو، من هەر تەنیا لەسەر قولەکە و بە دووربین ئەوانم دەبینی، لەویوە سەیری جیهانی دەرەوەی قەڵاکەم دەکرد) لا٣٠ ئەم هەستە لای سوڵتان شەڕێکی نهێنییە لەگەڵ ویست و مەبەست، چونکە ناکرێت زەوق و جوانی منداڵ و تافەکانی تری تەمەنیش بخرێنە ژێر فشاری داب و نەریتەوە، چونکە دواجار ئەم کردەیە ئاکام و دەرەنجامی لێدەکەوێتەوە، ئەوەیە سوڵتان دەبێتە سینەماکار و نەک هەر قەڵا بەڵکو نیشتمانی زێد و ئازیزانیشی جێدەهێڵێت.

کتێبی دووەم
سوڵتان و ستۆدیۆ:


لە بەراییدا باسی دووربینی قولەی قەڵامان کرد، ئەو دووربینەی سوڵتانی گەیاندە تێگەیشتن و بینینێکیتر، سوڵتانی لە تیلاوەتی جنۆکە و پاشخانە کۆنەکان دەرباز کرد و گەیاندییە قولەی کۆشک و تەلاری شابانوو و دواجاریش مەلا جامانە ڕەشەکان. جیهانی ستۆدیۆی سوڵتان لە کامێراکەیەوە کەوتە گەشە، ئەو کاتانەی قەپەنگی قەڵا لە بار دەکات و لەسەر گازەرای پشت جێدەهێڵێت، ئەو کاتانەی ڕوو دەکاتە کۆڵان و شەقامەکانی شار ئاشنایەتی دروست دەکات لەگەڵ هەموو ئەو ئارەزووانەی بە نهێنی و بە خەفە کراوی مابوونەوە، باڵای کچ و بینینی ژنی ڕووت لەدەم سەرشۆرک و حەوزی ئاوەوە، هەستی دەکەوێتە سەر ئەوەی کە ئەگەر کامێراکەی پێبایە ئەم شتە نامۆیەی دەخستە نێو کامێراکەیەوە. تەنانەت وێنە گرتنی ژنی هۆشەنگ لە ژێر چارشێوێکی ڕەش و ژورێکی تاریکدا، تەنانەت هەستکردن بە کۆمەڵێک دیمەن، ئاهەنگی حەز و ئارەزووی دەگایاندە ئاستێکی نێرانە. دواتر کردنەوەی سینەما لەلایەن کابرای ئەرمەنی و چوونی سوڵتان بۆ ئەوێ، خولیای گەورە و ئاسمانی فراوانتری دەبینی، زۆری حەز دەکرد وێنەی لەیلا، ژنی مەلای مزگەوتێ بچرکێنێ و بیخاتە ئەزموونی کارەکانییەوە، ئاخر ئەو لەیلای خۆشویست بوو و دوا جاریش جووتێک قاپقاپەی زەردی بە دەستەکانی خۆی بۆ دروست کردن و لەبەر پێیەکانی دانان.
ناتاشای کریستیان و هاوڕێی ئەکرەم جون کاریگەری زۆری خستە سەر هۆش و دەروونی سوڵتان، چونکە ناتاشا بەسەرنجەوە دەردەکەوت و ژۆپەکەی تا پشت جۆکانی دەهات، ڕانە سپی و تەڕەکانی دەردەخستن، دواجار کە ناتاشا دەبێتە ئەکتەری سینەمایی و مەمکەکانی جوان دەردەکەوتن و لە کۆشکی شاهانەش لای شا و شابانوو بانگهێشت کرا، بووە هۆکارێکی تەواو تا سوڵتان لەم شارە تەسکە و لەم قاوغە تاریکە دەرکەوێت و، بکەوێتە دوای خولیا جوان و گەشەکانی، هەرنا بتوانێت ناتاشا لەوێ لە کۆڕی سینەمایی ببینێتەوە و هیچنا هەر تەنها جارێک باوەشی پێدا بکات و ماچی بکات. سوڵتان بۆ گەیشتن بەمانە، قۆناغەکانی خوێندن تێدەپەڕێنێت و لە زنکۆ وەردەگیرێت، لە بەشی سینەما، ئەمە سەرتای دەربازبوونیەتی لە خێوی تاریکی و گەیشتنە بەو ئامانجەی لە مناڵییەوە هەر لە ڕێگەی دووربینی قولەی قەڵا و کامێراکەیەوە خەونی پێوە دەبینی.
زانکۆ بۆ سوڵتان کردنەوەی دەرگایەک بوو بۆ زۆر شت، تەنانەت بۆ کێشەکانیش، سوڵتان لە ڕێگەی کاری سینەمایی و کامێرامانییەوە ڕووبەڕووی کێشەی گەورە و لە پێگەی گەورە بووەوە، ئەمەش سوڵتانی گەیاندە جیهانێکی تری تەماشا، چونکە لە دوای سینەماکاری گەورەی ئێران، یاخود فیلم سازی گەورەی ئێران (ئیبراهیم بووستان) سوڵتان دەبێتە دیارترین فیلمساز و ناوێکی درەوشاوە، چونکە ئەو چەند کارێکی جوانی فیلمی ساز کردبوو، دواتر لە کۆشک و تەواوی نیشتمان بینرا و دەنگی دایەوە، ئەمە سەرتای کێشمەکێش و ڕووبەڕووبوونەوەی چڕی جیهانی سینەمایە، چونکە تا خواست زۆرتر بێت ئاهەنگی کارکردن و بواردنی دیمەنەکان وەزوحمەتتر دەکەون، تەنانەت تەنیاییش تەنگی پێهەڵچنیبوو، چونکە جیهانی ژن دەبێتە ژوانێکی ئارام بۆ پیاو کاتێک ئارەزوو دەگاتە لووتکەی بیرکردنەوە لە ژن، دوای ئەم بیرکردنەوەیە بۆ باس و شتێکی تر بار وەردەگرێت. (هەینێ زۆر هەستم بە تەنیایی کرد، ئاخر بە تەنیا لە هۆدەکەم دەژیام و هێشتا هیچ ژنێکیش نەهاتبووە نێو ژیانم. هەرچەندە لە ستۆدیۆکەی ئەو هەمیشە دەورووبەرم پڕی کیژۆڵە بوون، بەڵام خۆ هەر تەنیا لە چاوی کامێراوە سەیرم دەکردن و پێیانەوە سەرسام بووم) لا٢٤٧ هێشتان سوڵتان لە نێو ترسی تافی تەمەنەکانی پێشوو و بینینە جوان و سەرنج ڕاکێشەکانی ئێستای دایە، ناتوانێت تەنانەت بۆ ئارەزووش لەم کابووسە دەربازی بێت. سوڵتان لە ستۆدیۆی ئیبراهیم بووستان ژوورێکی هەبوو، بەردەوام بە دوای هونەری جوان و کاری مەزن دەگەڕا، هەموو ئەم گٶڕانکارییە خێرایانە سوڵتانیان گەیاندە دۆخێک، کە ببێتە پێشەنگ لە سەر سینەمای ئێران. ئەمەش بارێکە مەرج نییە خۆشگوزەرانت بکات، بەڵکو زۆر جار هەنگاو هەڵێنانێکە بەرەو نادیاری، یان لێتەوە دیارە و ناچاری بچیتە نێو گرفتارییەکان. بۆیە ماندوو بوون و ئەزموونی قەڵا و تەنیایی باری ژیانییان قورس کردبوو، تەنانەت باری ئارەزووی بۆ ژن دەشاردەوە و شەرمی دەکرد بگاتە لوتکەی حەز و باوەشی ژن.
سوڵتان بەردەوام لە نێو خەیاڵ و بیرکردنەوەی داهێنەرانە و زەینی نوێ دابوو، هەمیشە بیری لەوە دەکردەوە هەموو گۆشە هەستیارەکانی تافی تەمەن لە کتێبی یەکەمیدا، بکاتە مەشهەدی نێو فیلمەکانی، وای بیر دەکردەوە ئەگەر لەم قۆناغانەی ژیانیش نەیتوانیبێت بگاتە مەبەست، خۆ دەتوانێت لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بگاتە جوانترین گێڕانەوەی مێژووی ڕووداو و گۆشە نهێنییەکانی ژیان. (لە فیلمەکەدا لێگەڕام کچە ئەکتەرەکە و کوڕەکە لە کۆڵانێکی تاریکی تەنگەبەری پشت مزگەوتێ ڕابکەن. کوڕە ئەکتەرەکە قاپقاپە زەردەکانی کردنە پێی کیژەکە و کچەکەش خێرا بە نێو کۆڵانەکان غاری دەدا، ئەمەش لەو کاتەی مەلای مێردی لە نێو مزگەوتێ، بۆ نوێژکەران خەریکی پێشنوێژ بوو دابەستن بوو) لا٢٥٣ ئەم گرتە فیلمە، ون نەکردنی ئەو یادەوەرییە جوانەیە، کە سوڵتان لە مزگەوت کاتێک باپیرەی دەگەینێتە مزگەوت و لایلای شۆخ و شەنگی کچی مجێوری مزگەوت دەبینێت و لە یەکەم نیگایدا عاشقی دەبێت، بەڵام مەلای مزگەوت هەر زوو داخوازی دەکات و دەیکاتە ژنی خۆی، بەڵام لەیلا تا درەنگانیش چاوی هەر لە دوای دوڵبەرەکەیە و خۆشی دەوێت، ئیتر ئەمە تا نەبووە فیلم هەر لە خەیاڵ و گۆشەی بیرەوەرییەکانی سوڵتان مایەوە. ئیتر ئەم کارە جوان و هونەرییانە بوونە ئامرازی گەیشتن بە ماڵی شا، گەیشتن بەوەی سوڵتان وەک فیلمسازێکی گەورەی ئێران، دوای مردنی مامۆستاکەی ئیبراهیم بووستان، نان لەگەڵ شابانوو ژنی شای ئێران بخوات. دەبێتە خاوەنی بنیاتی فیلمی دیکۆمێنتاری لەسەر شای ئێران، لەو کاتەی بە ئامادەیی زۆرینەی سەرۆکانی دوونیا تاجی زێڕینی سەرۆکایەتی لە ئاهەنگێکی شکۆداردا دەنێتە سەر.

کتێبی سێیەم
شۆڕش یان سەردمی عەمامە ڕەشەکان:


دوای ئەوەی تەختی شاهەنشای ئێران، تەختی پەهلەوی دەروخێت و مەلاکان، عەمامە ڕەشەکان دێن و دەسەلات وەردەگرن، هەمدیس فیلمساز بۆ کۆماری مەلا ڕیشدارەکە (ئایەتوڵڵا خومەینی) بانگ دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەوەندە تەمەنەی ماویەتی بکرێتە فیلمێکی دیکۆمێنتاری و وەک ئەرشیفی پیاوێکی شکۆدار بمێنێتەوە. فیلمساز ئەم سەردەمەشی دیت و تەنانەت تەواوی جەنگی عێراق و ئێرانی لە نێو کاسێتە ڤیدیۆکاندا کۆ کردەوە و بۆ تەلەڤزیۆنی ڕدێنانی دەناردنەوە. ئیتر فیلمساز بریندار دەبێت و دەکەوێتە ژیان و ئەرکی ناخۆش، دوای ئەوەی تەقە لە شەقامی ماڵی ئایەتوڵڵا دەکرێت و ئەویش بەدەرەوەیە بەسەیارەکەی پیاسە دەکات، بۆ ئەوەی سوڵتان درێژە بە کاری فیلمە دیکۆمێنتارییەکە بدات. دوای ئەوەی سوڵتان سەردەمی شا جێدەهێڵێت و دوای دە ساڵ بەندیخانە بە هۆی شۆڕشەوە ئازاد دەبێت و هەست بە سەربەستییەکەیتر دەکات، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی بڕیار و فرمانی نوێی حکومەتی نوێی تاران بکات. کاتێک دەگاتەوە ستۆدیۆەکەی و دەیەوێت چالاکییەکانی دەستپێبکاتەوە، دوای ئەوەی لە بەرەکانی جەنگ بریندار دەبێت و لە خەستەخانە دەخەوێنرێت، دوای ماوەیەک لە ڕێگەی نوێنەری نووسینگەی ئایەتوڵڵاوە داوای لێدەکرێت کاری دیکۆمێنتاری بۆ ڕابەری شۆڕسی ئیسلامی ئێران بکات، سوڵتان ڕازی دەبێت.
سوڵتان لە گەرمەی بیرکردنەوە و سەر گەرمکردنی بە سینەما و بەرهەمی نوێ هەمیشە تەنیا و تەنیا دەمایەوە، دواجار بیری لە فیلمێک کردەوە لەسەر گەریلاکانی نیشتمان، ئەگەر هەڵە نەبم حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی بوون، کە هەم دژی دیموکراتەکان بوون کاتێک پەهلەوی هاتە سەر تەخت و هەمیش دژی مەلاکان بوون، بەڵام تا ئیستاش ئەم گەریلایانە نەیانتوانی ڕیفۆڕم بکەن و بگەنە دەسەڵات، (کاتێک چوومەوە نێو ستۆدیۆکەم و دەرکەم لەسەر خۆم داخست، تا تیشکۆی هزر بیرم بخەمە سەر فیلمە نوێیەکەم، چەند ئەکتەرێکی گوڵبژێرم لێگرتن تا زیاتر باسی کارەکەیان بۆ بکەم. دوای ئەوەش چووینە دارستانی پارێزگاکەی باکوور تا ئەو شوێنەی فیلمەکەی لێدەگرین، بپشکنین و لێیبکۆڵینەوە، من هێشتان هەر لە ناو دارستانەکەدا بووم، کاتێ ئایەتوڵڵا خومەینی فەتوایەکی دا، سینەما حەڕامە، سینەماکان شوێنی گوناحن) لا٣٤٣ ئەم قۆناغەی فیلمساز زۆر سەخت دەبێت کاتێک تۆ نەتوانیت بە ئارەزووی خۆت فیلم بەرهەم بهێنیت و خەم و دیمەن و ڕەهەندە جوداکان بخەیتە باری فیلمێکی دیکۆمێنتاری و ئەرشیفییەوە، بۆیە ئاسان نابێت، ئەگەر بتەوێت لە نێو سیستەم و دەسەڵاتی ئاینی توند و تاریکبینەوە بە باڵای هونەر و سینەمادا هەڵبگەڕێیت. ئیتر دەبێت بیر لە داهاتوو و ڕێگایەکیتر هەم بۆ هونەر هەم بۆ ژیان بکەیتەوە، چونکە دوای پەنجە ڕاداشتن بۆ ڕابەری سەربەعەمامە ڕەش، هەم زەمینەی هونەری هەم ئاسایشی گیانی دەکەوێتە بارێکی ترسناک و ناچار دەبێت نیشتمان لە دوای خۆی بەجێبهێڵیت.

کتێبی چوارەم
کێڵگەی غەریبی و نیشتمانێک لەدەرەوەی هەست:


(دوای پێنج خولەک لە تەکسییەکە دابەزیم، خێرا خێرا بە دەوری گۆشەکەدا سووڕامەوە، تەکسییەکی دیکەم گرت و پێمگۆت: هەر ڕێک بڕۆ! ڕێک بڕۆ، ئەو ڕێگایەی دوای ئاوارەبوونێکی زۆر و لە ڕێگای پاکستانەوە منی گەیاندە ئەمستەردام) لا٤٠٦ دوای ئەوەی سوڵتان وەک فیلمسازێکی گەورەی ئێرانی ژیان و ئەزموونی سینمایی دەکەوێتە مەترسییەوە و ناچارە ڕابکات. دوای ئەوەی گەریلاکانی سەر بە ڕەوتی کۆمۆنیستی ئێرانی تەقە لە خیابانی ئایەتوڵڵا دەکەن، بەمەبەستی کوشتنی ڕابەری ئیسلامی ئێران، گومان دەکەوێتە سەر سوڵتان، کە دەستی لە هاوکاری کردنی گەریلاکاندا هەبێت، چونکە بە ڕێنمایی سوڵتان ئایەتوڵڵا دەجوڵایەوە بۆ ئەوەی کاری فیلمی دیکۆمێنتاری ڕابەر تەواو بکرێت، ئانی تەقەکردنەکەش، فیلمساز ئاراستەی کردبوون کە ڕابەر بە سەیارەکەی بە خیابەنەکەدا بجوڵێتەوە.
دوای ئەوەی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەکەوێتە ژێر پرسیار و گومانی دەکەوێتە سەر، ناچار ڕوو دەکاتە ئەوروپا و دواجار لە کێڵگەیەکی ئەوروپا دەست بە ژیان دەکاتەوە، ئەم کێڵگەیە، نە نیشتمانە و نە ئاسوودەیی دەبەخشێت، بەڵام ئیتر ئەوە ژیانی پەناهەندەیی و ناچارییە، ئەگەر نا هیچ شوێنێک نابێتە نیشتمان و کاری هونەرییت بۆ نادات. ئەم قۆناغە دەبێتە سەردەمێکی بێ ئەنوا، چونکە هەمیشە لە نێو بیرکردنەوەکانیدایە و هیچ کارێکی بۆ ناڕەخسێت، نازانێت چۆن دەست بکاتەوە بە کاری هونەری و بۆ جارێکیتریش بۆ هونەر تێهەڵچێتەوە، ئیتر سوڵتان لە ناو تەمەندایە و ئاسان نابێت ئەگەر بیەوێت وەک تافی زوو سەرچڵی بکاتەوە و دەسەڵات لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بلەرزێنێت، یان بەلای خۆیانەوە ڕابکێشێت. لەم قۆناغەدا لە بری مەرجان و لەیلا و هۆشەنگ و ئەکرەم جون و باپیری و مام و دواجار دایک و باوکی و…… لەگەڵ کەسانیتر و ئاوەزێکیتر ئاهەنگی ژیان دەگوزەرێنێت، ماینەما و ئاورێلیا و گورگ و خێش و زەردەواڵەکان…. هەموو ئەمانە بوونە هاوڕەوتی نوێی ژیان، کە تا سنوورێک پارێزبەندی کۆمەڵایەتی پێوە دەبیندرا، ئەمەش لە ژیانی سوڵتاندا کارێکی نامۆیە، چونکە ئەو لەسەر زەمینی کۆمەڵایەتییەوە ڕایکردبوو و گەیشتبووە هۆڵەندا، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر ژیان و بیرکردنەوەکانی. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لە نیشتمانێکی غەریب، کە هەتا مردن بۆنی پەناهەندەییت لێنابڕێت، خۆی دیتەوە، ئەها نیشتمانی زێد و نیشتمانی غەریبی، یاخود نیشتمانی ناچاری چەندە لەیەکتر دوورن، هیچ کات نیشتمان لە ئاوارەییدا نابێتە ماڵ، نابێتە پەناگە و ڕەشماڵی نیشتمان، تامردن بۆنی غەریبی بەرتنادات و هەمیشە بە تاسەوە چاوت لە گۆشەی ڕۆژهەڵاتنە.
فیلمساز لەم سەردەمەیدا لە گۆشەی دەرفەتیتر خۆی دیتەوە، ئەویش ئەو کۆڕو سیمنارانە بوون کە لە ئەمریکا بۆی بەستران، ئەمەش تەنها ناساندنێکیتر بوو و وە باسکردن لەسەر فیلمەکانی گۆشەیەک بوو بۆ باسێک لەسەر نیشتمانی زێد و نیشتمانی غەریبی. هەر لەم سەفەرشدا غەریبی، ئەکرەم جون و هۆشەنگی پێئاشنا کردنەوە، ئەمەش دوای سەردەمێکی دوورو درێژ لە ژیان و هەڵکشانی تەمەندا.

کتێبی پێنجەم
کۆتایی هاتنی توانا سینەماییەکان و چەشتنی ناسۆری:


دەستپێکی ئەم قۆناغە، ڕەوتێکی نوێیە لە ژیانی سوڵتان و هێلانی ئاهەنگی ڕابردووە لە نێو شەنگی ئەو هێزانەی جێمان. (منیش هیلاک و کەنفت ببوم، نەمدەتوانی لەوە زیاتر لە ژووری مۆنتاژەکەمدا دابنیشم و کاربکەم. لە ماوەی ئەو ساڵانەی تێپەڕین، زۆر شت گۆڕان، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی ڕابردووەوە هەبوو. هەردووکیان محمەد ڕەزا پەهلەوی و ئایەتوڵڵا خومەینی بوونە بەشێک لە مێژوو. ڕۆژگارە شکۆمەندییەکەی گەریلاکانیش لەسەرتاسەری دنیادا بەسەرچوو. مامم، باوک و دایکیشم کۆچی دواییان کرد و قەڵاکەشمان لە لایەن سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە دەستی بەسەرداگیرا. ئەوێێان کردە بنکەیەکی سربازی) لا٤٧٨ دوای ئەوەی لە سەفەرەکانی ئەمریکا و پاریس بۆ گرتنی ڤیدیۆیی شابانوو گەرایەوە هۆڵەندا، هەست بە نەزمێکیتری تەمەن دەکات، ئیتر ئازار شەنگی لێبڕی و شایی ژیانی کردە ناسۆری، فیلمساز لە باری دەروونی ئاڵۆزدا دەکەوێتە دوڕیانی غەریبی، ئیتر کاتێک سەرنشینانی قەڵا دەمرن و بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان دەکەن، هیچ حەسرەتێک نامێنێتەوە بۆی دابنیشێت، وە چۆن پەهلەوی و خومەینی بوونە مێژوو، ئەویش لە تای ئەواندا بووە مێژوو و هیچ کرتەیەک نییە بۆ پچڕاندنی ئەم ڕایەڵە، چونکە فیلمە بەڵگەییەکانی فیلمساز بوون بە بەشێک لە ئەرشیفی ناوەندە ڕاگەیاندکارەکانی جیهانی.
فیلمساز دوای ئەم هەموو ماندووبوونە ئیتر حەوسەڵەی نێو ستۆدیۆی نامێنێت، ئەمجارەیان بەسەر نووسینەکانیدا دەکەوێت و کەد کەد هێڵەکانی ژیان یاداشت دەکات و دەنووسێتەوە. ئەم قۆناغە هەستیارە، چونکە بە گەڕ خستنی دوا قەتاری تەمەنە، یاداشتکردنی ئەزموونەکانە لە کەناری پیریدا، چڕینی دەنگی غەریبییە بۆ نیشتمان، بۆ زێد و یاران.
لێهەڵێنجێکی زۆر کورت:
لە نێو ئەم ڕۆمانە ڕایەڵێک دەبینرێت، ئەم ڕایەڵە گەیاندنی جەمسەرەکانە بە یەکتری، بەستنەوەی هێزی سینەما و کاری هونەرییە لە نێو کایە سیاسییە جوداکانی ئیران. تۆخکردنەوەی عەقلیەتی پاوانخوازییە لە نێو دەسەڵاتە بەدوای یەکەکانی وڵات و قۆرخ کردنی ئاهەنگی ئازادی تاکە لە کەینوبەینی فەرمانڕەواییدا، دروستکردنی هێزی جادووبازە لە نێو کۆمەڵگە و نەخۆشخستنی جوانییە لە نێو کایەی مرۆڤایەتیدا.
ئەم ڕۆمانە کاری لەسەر زۆر بار و واری وڵات و میللەت کردووە، تەنانەت لە ژیان و پەیوەندییەکانی نێوان شار و گوند، کاری وەرزێری و شارستانیدا خۆی نەبواردووە. ئەمەش لە ڕێگەی کارەکتەرێکەوەیە کە لە گوندەوە دەبێتە شارستانی و دواجار دەبێتە مێژووی فیلم و سینەما لە ئێران. ئەم ڕۆمانە ئاشنایەتییەکی فراوانت دەداتێ لە بە ئاگابوون بە کەلتوور و باری گەلانی ناوچەکە، ئیتر وەرگێڕانەکە پیویستییەکی سەردەمی و گرنگە، بۆیە پێم وایە دەکرێت لە ڕووی جیاوازتر و لە ژێر تیۆریەی جیاوازەوە کاری توێژینەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

Previous
Next